
بێده‌نگی بۆ من ئاوه‌دانیبوو
من هێزێك جادووی لێ كردووم،
بۆیه پڕم له‌پرسیاری پێچاوپێچ
ئه‌ما گه‌ره‌كمه به‌قه‌دی وه‌ڵامێكا ههڵكشێم
كه‌چی ناگه‌مه ترۆپكی هیچاو هیچ
ئه‌م نادیارییه ده‌گاته كوێ و
بهپلیكانهی چ تیشكێكا سه‌ركه‌وم،
تا بگه‌مه ناخی ژووره تاریكه‌كه‌ی خۆم
له‌كۆڵانی چ بایهكدا پێیه‌كانی ویقارێك هه‌ڵده‌قوڵێ،
هه‌تا بڵێم بوه‌سته هاوڕێ
به‌چ شه‌وێكی شین بگه‌م،
دڵ چاوه‌ڕوان نه‌بێ له‌تونێلی به‌ردێكا
له‌چ پرسیارێكی مه‌لوول مه‌لولدا،
حه‌قیقه‌ت ده‌گاته وه‌سوه‌سه‌ی وه‌ڵامێك
خودایه من ماندووم.. ماندووبوون،
به‌سه‌ر شه‌پۆلی شعورمهوه نیشتۆته‌وه،
من هێزێك جادووی لێكردوم
بۆیه ته‌سلیم بووم بهموناجات و تێفكرین
كتێبی ئه‌م هه‌موو گه‌ڕان و چوونه بۆ نه‌گه‌شته،
ره‌فه‌ی ئارشیفێك..
تۆ سه‌یركه به‌فه‌رمووده‌ی ئیمامێك
دالی ئه‌م هه‌موو عیشقه دائه‌گیرسێ،
كه‌چی من مه‌دلوولی شكسته،
بهدهستهكانمهوه خوڕه‌ی دێ
قامچی ئه‌م هه‌موو هه‌وره،
ئێسكی چرپاكهم رووت ده‌كاته‌وه
كه‌چی قیژه‌ی بارانێك له‌گریان ناگا..
په‌ڕۆی ئه‌م هه‌موو گومانه سه‌رم ده‌پێچێ،
كه‌چی به‌پووچی یه‌قینه‌وه،
ده‌چمه‌وه سه‌ر نایلۆنترین نزا
من ئه‌وه‌نده گومانم لێ رژا،
تا هه‌موو كراسه‌كه‌ی به‌رم خوساو
چڵ، چڵ دوگمه‌ی سنگم بووه هێلانه‌و
ده‌زوویه‌ك باڵ لهشهقژنهوه نه‌هاته‌وه،
ده‌نووكی نه‌ڕژا..!
ئێمه هه‌ر وابووین له‌ئه‌زه‌له‌وه هه‌روا بووین
سوهراب ئاسا چاومان نه‌شۆرد
چوون جریوه‌ی نائومێدیهكمان به‌ده‌سته‌وه نه‌گرت و
بڕۆینه‌وه ئه‌وبه‌ری چۆله‌كه‌یه‌ك و بڵێین:
مه‌رحه‌با فڕین
ژیان جریوهیهكه له‌عیشق
به‌ناو لێوی جاده‌یه‌كدا پیاسهكمان چنیو
ده‌رفه‌ت نه‌بوو برۆینه‌وه ئه‌وبه‌ری ماچێكی په‌ژمورده‌و بڵێین:
خه‌می خهونهكان مه‌شكێنه،
عیشق هه‌رده‌م كوێرای مه‌رگه
ساده دڵ خه‌یاڵ زهدهبووین و
نیگامان تێكه‌ڵ بهخڵتهی گێڵێتی،
پردی په‌ڕینه‌وه‌یه‌ك نه‌بوو بۆ،
په‌رداخێك حیكمه‌ت و
بڵێین زه‌مه‌ن چرایه‌ك ناكوژێنێته‌وه،
گه‌ر دڵۆپه تیشكه‌كانی له‌عیشق بێ
من، تۆ، ئێمه هه‌روا بووین
له‌ئه‌زه‌له‌وه هه‌روا بووین
من به‌دڵێكی گه‌رم و سه‌رێكی سه‌ر بهخهیاڵاتهوه هاتم،
خودایه چۆن ئه‌م ته‌نهاییه تهریوهم بهێنمه‌وه
هه‌تا بگه‌مه تۆ‌و عیشق ئاشتبكهمهوه..
من رۆژانه ئه‌ستێره له‌ناو دڵما ده‌خه‌وێ،
به‌تاریكی دایئهپۆشم كه بوومه تیشكدان
شه‌وانه شه‌وه‌زه‌نگ له‌سه‌ر به‌رماڵی جه‌سته‌م
نوێژ دهكاو به‌رووناكی ده‌یشێلم تاریكستان
كه‌چی من هه‌ر ناگه‌مه ته‌ریقه‌تی تهجهللایهك!!
رۆژانه من ده‌رۆم تا موتله‌ق، تا سێبه‌ر، تا دوورییه‌كان
تا چوار گۆشه‌ی چوار شه‌ممه‌یه‌ك،
له‌ئاستانه‌ی مه‌زارێك
تا شه‌پۆلدانی هه‌ینیه‌ك،
له‌به‌ر قاچی مزگه‌وتێك
تا ده‌ست له‌دیواری قریوه‌ی مێرووله‌یه‌ك،
بۆ له‌تێك ژیان
تا باڵقبوونی باڵی چه‌ترێك،
به‌واژۆی باران
كه‌چی من هه‌ر ناگه‌مه حه‌قیقه‌تی مهنسورێك..!!
* * *
من له‌م سه‌ری ته‌نیایه‌وه ده‌گه‌مه ئه‌وسه‌ری ته‌نهایی
ئیتر باسی چیبكه‌م؟!
ئا ئه‌وه‌تا له‌ناو جانتاكهمدا شتگه‌لێك هه‌ن پوچ گه‌را
گوڵ له‌ناویا پێئه‌كه‌نێ و سوپای نه‌سیم نایه
جۆگه سه‌ما دهكاو فه‌رته‌نه‌ی ئاو قوڵپی نایه
تریفه نه‌زیفی ده‌رواو چڵی تاریكی له‌ره‌ی نایه
باران بهبههانهیهو سڵاوی چه‌مێك نایه
باسی چی بكه‌م ده‌ست بۆ هه‌ر خه‌یاڵێك ده‌به‌م،
(1)مردنی لێ ده‌چۆڕێ -وه‌ك مناڵانی گوێ چه‌م بهگرهوی گه‌مه‌وه، به‌رد ده‌گرنه بۆقه‌كان
كه‌چی له‌ولاتره‌وه مردن ده‌پژمێ..
بهدارلاستیكی گۆرانیه‌وه باڵی ریشۆڵه‌یه‌ك ده‌كه‌نه بێژنگ،
كه‌چی له‌ولاتره‌وه مردن جگه‌ره ده‌كێشێ..
ده‌ست له‌به‌رگی كتێبی ئاو ئه‌ده‌م، كه‌هه‌ناسه ئه‌دا
كه‌چی له‌ولاتره‌وه په‌ڕه، په‌ڕه وشكاییه مردن
تۆ پێت وتم: له‌گه‌ڵ شتێكا ته‌بابه مردن بكوژێ
من وتم: هه‌رچه‌نده ئارایشتی تفه‌نگ بكه‌م،
له‌فه‌نتازیا ههڵیكێشم
هه‌ر مردن له‌ده‌م و لێویه‌وه ده‌بارێ
هه‌رچه‌نده خۆم نزیك بكه‌مه‌وه،
له‌خه‌می چه‌قۆ
هه‌ر سه‌بڕین دێته‌گۆ
هه‌رچه‌نده ته‌با بم له‌گه‌ڵ كه‌مه‌ری خه‌نجه‌رێك
هه‌ر بۆ مه‌نه‌لۆژی كوشتن ده‌گه‌ڕێ..!
تۆ وتت ئه‌م هه‌موو مردنه چ واتایه‌ك ده‌به‌خشێ
من وتم: مردن شتێكه كۆن،
به‌ڵام هه‌میشه تازه
مردن پێكه پهرۆشهكهی خه‌ییامه،
كهكۆكردنهوهی به‌هه‌ده‌رچوو
بۆیه لهقههرا بۆ یاداشت،
رژانی شه‌رابی كرده كفر..!
مردن له‌سوچی سێوێكی سووره،
لهزهمبیلهی له‌زه‌تا چۆن ئارام ده‌خه‌وێ،
كه‌شه‌ڕی ده‌مودان چووه‌ته ئه‌وپه‌ڕی هه‌ناسه‌بڕكێ
مردن كامڵبوونی ههنارێكه،
بهخهتمی دواهه‌مین تشرین،
كهههنارستان له‌تاو زوڵمه‌تی ده‌ست و په‌نجه‌ی به‌ربه‌ری،
چووه‌ته ئه‌وپه‌ڕی خهجاڵهتگیری..!!
من وتم ته‌بابوون له‌گه‌ڵ مردن،
چ مهخسهرهیهكه
تهبابوونیش له‌گه‌ڵ ژیاندا چه‌ند درۆیه‌كه گه‌وره
تۆ سهریكه ئه‌زیزم تۆ سه‌یركه
ژیان چ درۆیه‌كی گه‌وره‌مان پێده‌فرۆشێ
هه‌ڵۆ به‌و هه‌موو چه‌نه‌بازییه‌ی چاوه‌وه،
رۆژێك دێ پایته‌ختی لوتكه نه‌بینێ
په‌پووله به‌و هه‌موو ئایه‌ته رهنگینانهوه،
كه باڵی ئه‌زبه‌ری ده‌كا،
رۆژێك دێ له‌مه‌حشه‌ری گوڵ نه‌گا
كۆتر به‌هه‌موو مناره‌كانی فڕینه‌وه،
كه‌ده‌چێته ترۆپكی ئاسمان،
رۆژێك دێ فڕین ئیكمال بێ له‌بورجی مناره‌دا
كه‌ناری به‌و هه‌موو په‌لكه ره‌نگینه‌ی ده‌نگی،
رۆژێك دێ نغرۆ له‌بێده‌نگی..!
چه‌ند بێشه‌رمه ژیان
ئه‌م نوتفه پووچانه‌ی من ده‌بێت چیبێ؟!
كه‌ده‌چێته‌وه سه‌ر ژوانگه‌ی ژنێك،
ته‌زیو به‌ته‌نهایی،
له‌به‌ر قاقای سمێڵ و خێڵ
باوه‌ڕ به‌عاتیفه‌ی ئاگر ده‌كا..!
كه‌ده‌چێته‌وه سه‌ر نه‌سلی باڵنده‌یه‌ك،
ته‌زیو بهتراویلكه،؟
له‌به‌ر قاقڕبوونی ئاسمان،
قه‌فه‌س بۆ خۆی چێده‌كا..!
كه ده‌چێته‌وه سه‌ر زه‌ینی دره‌ختێك،
ته‌زیو به‌ته‌م و مژ،
له‌به‌ر ده‌مه‌وه‌ری باخچه
قولانجێك رێگا رۆناكا..!!
چه‌نده بێشه‌رمه ژیان
دواجار هه‌موو چۆله‌كه‌كان ده‌مرن و
دڵی پاسارێك حوزن هه‌ڵناگرێ،
هێلانه‌یه‌ك فێری فڕین ناكا..
دواجار هه‌موو ماسیه‌كان ده‌مرن و
شه‌بقه‌ی رووبارێك نووچ نادا،
تیمساحانه چاوی پڕ له‌گریان ناكا
دواجار هه‌موو گوڵه‌كان ده‌مرن و
ده‌می ئینجانه‌یه‌ك ئۆفێك ناكێشێ،
ده‌ست ناكاته واوه‌یلا
دواجار هه‌موو ههرمێیهكان ده‌مرن و
باخچه یه‌خه‌ی دانادڕێ،
خۆی ره‌شپۆش ناكا
دواجار منیش و یادهوهریهكانیش ده‌مرین و
كرمێك له‌خاكی دڵم ناپرسێ،
ئه‌رێ تۆی عاشق سه‌ر به‌نه‌ته‌وه‌ی،
چ ریشی چڵه گیایه‌كی؟!
ئه‌فسوس له‌م هه‌موو سه‌فه‌ری ژیانه،
كه‌دوا سه‌فه‌ر پێچی كۆڵانێكه مردن
له‌وێ له‌كۆڵانی مردن
نهپێیهكان پێڵاو ده‌ناسن و
نهڕێگاكان ئاشنا به‌پێڵاو
ئه‌فسوس من چیم داوه له‌م سه‌فه‌ری ژیان و مردنه
من ئه‌وه‌م له‌بیرچوو، هێزی جادوویه‌ك فێریكردم
بێده‌نگی بۆ من ئاوه‌دانییه
به‌بێده‌نگیش ده‌ڵێم: چه‌ند گه‌مژه‌یه پرسیاركردنی كرمستان و
چه‌ند كورته‌باڵایه ژیان و
چه‌ند مهخسهرهیه مردن و
چه‌ند فڕینێكی ره‌ها، ره‌هایه
هه‌ر حیكایه‌ته‌كانی عیشق و عیشق
(1) ئاماژه‌یه بۆ دێڕه شیعرێكی شاعیری ئه‌ڵمانی ئه‌ریش فریدریك
ڕۆژ هه‌له‌بجه‌یی