Skip to Content

Monday, October 14th, 2024
ئێستا کاتی شه‌ڕ نییه‌‌!…. نووسینی: ئیسماعیل ڕواندزی

ئێستا کاتی شه‌ڕ نییه‌‌!…. نووسینی: ئیسماعیل ڕواندزی

Closed
by February 29, 2008 گشتی

گه‌رچی تورکیای که‌مالیزم ده‌مێکه‌ حکومه‌ت‌و ده‌سه‌ڵاتی باشووری کوردستانی لێبۆته‌ کێشه‌و ترسێکی گه‌وره‌، به‌ڵام قه‌یرانی بنچینه‌یی‌و ئه‌سڵی تورکیا له‌ پێناسه‌و سیسته‌مه‌ که‌مالیستییه‌که‌ی‌ خۆیدایه‌. به‌داخه‌وه‌ تا ئێستا سیاسه‌تمه‌داران‌و ناوه‌نده‌ سیاسییه‌کانی تورکیا نایانه‌وێ ئاماژه‌ به‌ ئه‌سڵی کێشه‌و قه‌یرانی خۆیان بکه‌ن، به‌ڵام باوه‌ڕ ناکه‌م تازه‌ له‌که‌س شاره‌وه‌ بێت که‌ تورکیا به‌ده‌ستی ته‌نگژه‌یه‌کی ناسنامه‌یی قووڵ ده‌ناڵێنێ. ته‌نانه‌ت هه‌ر ئه‌م قه‌یرانه‌شه‌ وای له‌ تورکیا کردووه‌ نه‌توانێ وه‌ک ده‌وڵه‌تانی‌تری ناوچه‌که‌ به‌ عه‌قلانییه‌تێکی زیاتر ڕه‌فتار له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی باشووری کوردستاندا بکا.
 ‌زۆر که‌س ئێستا ئه‌و پرسیاره‌یان لا دروست بووه‌ که‌ ئایا مه‌به‌ستی تورکیا له‌م ئۆپراسیؤنه‌ سه‌ربازییه‌ی ئێستایدا چییه‌؟ ئایا ڕاسته‌ ئامانجه‌که‌ لێدانی په‌که‌که‌یه‌؟
ڕاستییه‌که‌ی که‌م نین ئه‌و لایه‌نانه‌ی که‌ پێیانوایه‌ مه‌به‌ستی ئه‌سڵی تورکیا لێدانی په‌که‌که‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وانه‌ ئه‌وه‌ له‌بیرخۆ ده‌به‌نه‌وه‌ که‌ وڵامی ئه‌و پرسیاره‌ بده‌نه‌وه‌ که‌ ئایا په‌که‌که‌ له‌ باشووره‌ تا تورکیا هێڕشی بکاته‌ سه‌ر؟ بێگومان نه‌خێر، په‌که‌که‌‌ هیچ بوونێکی فه‌رمی له‌ باشووردا نییه‌، ئه‌گه‌ر بوونێکیشی هه‌بێ ئه‌وا له‌ ناوچه‌ سنوورییه‌کانه‌‌و ناتوانرێ ئه‌م بوونه‌شی کۆنتڕۆڵ بکرێ. بۆیه‌ زۆر هه‌ڵه‌یه‌ که‌ پێمانوابێ مه‌به‌ستی ئه‌سڵی تورکیا له‌م هێرشه‌ی په‌که‌که‌یه‌، ڕه‌نگه‌ یه‌کێک له‌ مه‌به‌سته‌کان په‌که‌که‌ بێت، وه‌لی گومان له‌وه‌دا نییه‌ که‌ مه‌به‌ستی بنچینه‌یی تورکیا په‌راوێزخستنی کورده‌ له‌ پرۆسه‌ی سیاسی ئێراق‌و ڕێگرتنه‌ له‌ بوونی کورد به‌ به‌شێک له‌ نه‌خشه‌ی سیاسی و ئیستراتیژی ناوچه‌که‌‌و تێکدانی ئاسایش‌و بنه‌مای ده‌سه‌ڵاتی کورد له‌ کوردستانه‌. ئێمه وه‌ک کورد نابێ فریو به‌ ته‌بلیغاتی ژه‌هراوی تورکیا بخۆین به‌وه‌ی که‌ باشوور یارمه‌تی په‌که‌که‌ ده‌داو ئاسایشی تورکیاشی خستۆته‌ مه‌ترسیه‌وه‌. دیاره‌ لێره‌دایه‌ که‌ نابێ به‌شێوه‌ی عاتیفی بڕواننینه‌ ئه‌م ته‌نگژه‌یه‌و وه‌زعیه‌تێک بۆ باشووری کوردستان بخولقێنین که‌ تورکیا شه‌ڕێک به‌‌سه‌ر باشووری کوردستان بسه‌پێنێ، که‌ نه‌ بۆ ئه‌م شه‌ڕه‌ ئاماده‌یه‌‌و نه‌ له‌ قازانجیشیه‌تی. له‌وانه‌یه‌، ده‌ڵێم له‌وانه‌یه‌‌، شه‌ڕی تورکیا له‌ داهاتوودا به‌رۆکمان بگرێ، به‌ تایبه‌تی ئه‌گه‌ر باشووری کوردستان له‌ سه‌ربه‌خۆیی خۆی نزیک بێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مڕۆ باشووری کوردستان به‌هیچ شێوه‌یه‌ک بۆ ئه‌م شه‌ڕپێفرۆشتنه‌ی ئێستای تورکیاو ئه‌و بیانوانه‌‌ی له‌پشت ئه‌م شه‌ڕپێفرۆشتنه‌ وه‌ستاون ئاماده‌یی ته‌واوی نییه‌‌و له‌ قازانجیشی‌ نیه‌. من مه‌به‌ستم لێره‌دا ئه‌وه‌ نییه‌ که‌ ئه‌گه‌ر تورکیا هێڕشی کرده‌ سه‌ر هاووڵاتیانی باشوور ئێمه‌ به‌رگری نه‌که‌ین به‌ڵکو کورد له‌ باشوور ده‌بێ زۆر به‌ توندی به‌رپه‌چی هه‌ر‌ هێڕشێکی تورکیا بۆ ‌سه‌ر گیان‌و ماڵی هاووڵاتیانی باشوور بداته‌وه‌و به‌رگری له‌خۆی بکا، به‌لام له‌مه‌ زیاترو له‌ده‌ره‌وه‌ی به‌رگریکردن له‌خۆ تێکه‌ڵاوبوونی باشووری کوردستان له‌م شه‌ڕه‌ نه‌ دروسته‌و نه‌ له‌ قازانجیشمانه‌، به‌ تایبه‌تی که‌ کورد تا ئێستا له‌ باری سیاسی‌و ئابووری‌و دیبلۆماسییه‌وه‌ ئاماده‌ نییه‌. به‌داخه‌وه‌ ئێمه‌ خاوه‌نی میدیایه‌کی باش نیین ئه‌گینا له‌جیاتی ئه‌و هه‌ڵسوکه‌وته‌ ئیحساساتییه‌ی ئێستای میدیای کوردی‌و ئه‌و عه‌نته‌ریات نواندنه‌ی‌ ده‌بوایه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ خۆمان وه‌ک قوربانی و مه‌زلوم ده‌رخستایه‌و ئه‌م هات‌و هاواره‌ی تورکیامان گه‌وره‌ بکردایه‌ته‌وه‌‌و سه‌رنج‌و لایه‌نگیری ئه‌وڕوپاو ئه‌مریکاو زۆربه‌ی ڕای کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیمان بۆلای خۆمان ڕاکێشایه‌و ئینجا ئه‌گه‌ر پێویست بوو شه‌ڕیش بکه‌ین ئه‌وا له‌پشت ئه‌وان ئه‌م شه‌ڕه‌ بکه‌ین‌. ئێمه‌ پێش ئه‌وه‌ی بچینه‌ شه‌ری تورکیا ده‌بێ به‌لایه‌نی که‌مییه‌وه‌ به ‌ئه‌وڕوپاو ئه‌مه‌ریکا بسه‌لمێنین که‌ ئه‌وه‌ کورد نییه‌ ئاسایشی تورکیای خستۆته‌ مه‌ترسییه‌وه‌ به‌ڵکو ته‌واو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌وه‌ تورکیایه‌ که‌ سه‌د ساڵه‌ ئاسایشی کوردی تێکداوه‌و ته‌نانه‌ت بوونی نه‌ته‌وه‌ی کوردیشی خستۆته‌ مه‌ترسییه‌وه‌. به‌ڵام ده‌بێ ئه‌مه‌ بزانیین که‌ گۆڕینی ئه‌م هاوسه‌نگییه‌ به‌شه‌ڕی چه‌کداری ناکرێ، به‌ڵکو دروستکردنی ئه‌م هاوسه‌نگییه‌ به‌ سیاسه‌ت ده‌کرێ. شه‌ڕه‌که‌ی تورکیا له‌گه‌ڵ ئێمه‌ ته‌نها سه‌ربازی نییه‌ به‌ڵکو لایه‌نی سیاسی‌، مه‌عنه‌وی، دیبلۆماسی‌و ئابوریشی له‌خۆ گرتووه‌، هه‌ربۆیه‌ یه‌کجار ترسناکه‌ پێمانوابێ که‌ شه‌ڕی تورکیا له‌گه‌ڵ کورد ته‌نها سه‌ربازییه‌. چونکه‌ شه‌ڕی تورکیا ته‌نها به‌ ئیحساسات‌و قاره‌مانی له‌ به‌ره‌کانی جه‌نگدا ناکرێ به‌ڵکو  له‌گه‌ڵ قاره‌مانییه‌تی به‌ره‌کانی جه‌نگیش ده‌بێ فکرێکیش له‌ لایه‌نه‌ ئابووری‌، سیاسی‌، دیبلۆماسی‌و مه‌عنه‌وی ئه‌م شه‌ڕه‌ بکه‌ینه‌وه‌.
به‌ڕاستی ئه‌م شه‌ڕه‌ی ئێستا شه‌ڕی ئێمه‌ نییه‌‌، بۆیه‌ ده‌سه‌ڵاتی باشوور نابێ خۆی تێکه‌ڵاوی ئه‌م شه‌ڕه‌ بکا. کورد له‌ باشووری کوردستان ده‌بێ به‌دوای چه‌سپاندنی مافه‌کانی بێت له‌ چوارچێوه‌ی پرۆسه‌ی سیاسی ئێراق‌و به‌رده‌وامیش بێت له‌ سازکردنێکی کیانی سیاسی خۆی بێئه‌وه‌ی بکه‌وێته سه‌نگه‌ری دژایه‌تی ئه‌مریکا. ئه‌و لایه‌نانه‌ش که نامه‌سئولانه‌‌ شیعار ده‌ده‌ن و عه‌نته‌ریات ده‌نوێنن بچوکترین بیریان له‌وه‌ نه‌کردۆته‌وه‌ که‌ ئه‌مه‌ خۆ گه‌مه‌ی منداڵان نییه،‌ به‌ڵکو قسه‌ لێره‌ له‌سه‌ر چاره‌نووسی هه‌فت ملیۆن که‌سه‌ له‌ باشووری کوردستان بۆیه‌ سه‌رکردایه‌تی کوردستان ده‌بێ زۆر گوێ به‌ ڕه‌خنه‌ی ڕه‌وته‌ پۆپۆلیسته‌کانی کوردستان نه‌دات، به‌ڵکو ئه‌مرؤ ئه‌رک‌و مه‌سئولیه‌تی مێژوویی سه‌رکردایه‌تی سیاسی باشووری کوردستان ئه‌وه‌یه‌ تا پێی ده‌کرێ خۆی له‌م شه‌ڕه‌ بدزێته‌وه‌. سه‌رکردایه‌تی سیاسی باشووری کوردستان، تا ئه‌و کاته‌ی یه‌کگرتوویه‌کی نه‌ته‌وه‌یی له‌هه‌ر چوار پارچه‌که‌ بوونی نییه‌، ئه‌رکی سه‌ره‌کی ئه‌وه‌یه‌ کیان‌و ده‌سه‌ڵاتی خۆی‌و ژیانی خه‌ڵکی باشوور بپارێزێ نه‌ک خۆی تێکه‌ڵاو بکات له‌گه‌ڵ شه‌ڕێک که‌ له‌ هیچ ڕوویه‌که‌وه‌ کوردی باشوور بۆی ئاماده‌ نییه‌.
                                                                 
ismail_rwandzi@yahoo.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.