Skip to Content

Monday, October 14th, 2024
فاشییه‌ت له‌ رێیی‌ یاساوه …… ‌ نه‌به‌ز گۆران

فاشییه‌ت له‌ رێیی‌ یاساوه …… ‌ نه‌به‌ز گۆران

Closed
by October 4, 2010 گشتی

 

 

  هیچ هێزێكی‌ فاشی‌ نییه‌ یاسا نه‌كاته‌ پردێك بۆ به‌ده‌ستهێنانی‌ خه‌ونه‌كانی‌ خۆی‌، هه‌میشه‌ تاقه‌ ده‌رگایه‌ك فاشییه‌ت ویستبێتی‌ لێیه‌وه‌ بێته‌ ژورێ‌ بۆ كپكردنه‌وه‌ی‌ كۆمه‌ڵگه‌و ده‌نگه‌كان، یاسا بووه‌. یاسا زۆر شت بۆ فاشییه‌ت‌و سته‌مكار ده‌كات، له‌ هه‌مان كاتیشدا زۆر شتیان لـێ‌ ده‌سێنێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر یاسا نه‌بێته‌ تیرێك بۆ كوشتنی‌ سته‌مكارو فاشییه‌ت، خه‌نجه‌رێكه‌ بۆ پارچه‌پارچه‌كردنی‌ ئازادی‌و مه‌ده‌نییه‌ت. مه‌ترسیدارترین كوته‌ك بۆسه‌ر ئازادی‌ به‌كارهێنانی‌ یاسایه‌ به‌ دیوه‌ خراپه‌كه‌یدا، له‌ هه‌مان كاتدا به‌ دیوه‌ باشه‌كه‌یدا باشترین په‌نجه‌ره‌یه‌ بتوانیت لێیه‌وه‌ بڕوانیت بۆ دروستكردنی‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی‌ ته‌ندروست.
 تێگه‌یشتن له‌ فاشییه‌ت تێگه‌یشتنه‌ له‌و یاساییه‌ی‌ فاشییه‌ت به‌رهه‌می‌ ده‌هێنێت، فاشییه‌ت له‌ هیچ سه‌رده‌م و شوێنێكدا به‌بێ‌ یاسا هه‌رگیز دروست نه‌بووه‌، ئه‌وه‌ یاسا بوو ده‌سه‌ڵاتی‌ ئیتاڵیای‌ كرده‌ فاشی‌، یان باشتر بڵێین ئه‌وه‌ ئه‌و هێزه‌ فاشیه‌یه‌ یاسا ده‌كاته‌ تاقه‌ شوێنی‌ خۆی‌ بۆ كۆنتڕۆڵكردنی‌ پنته‌كانی‌ ژیان، هه‌ر یاسا بوو مانای‌ به‌ هیتله‌رو هێزه‌ سته‌مكاره‌كانی‌ تری‌ ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌ دا، به‌ڵام كام یاسا؟ ئه‌و یاسایه‌ی‌ فاشییه‌ت خۆی‌ دروستی‌ ده‌كات و مانا به‌ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی‌ ده‌دات، هه‌ڵه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ ده‌كه‌ین ئه‌گه‌ر پێمان وا بێت حزبێكی‌ باڵاده‌ست یان ده‌سه‌ڵاتێك بۆ مانابه‌خشین به‌ ئازادی‌ په‌نا بۆ یاسا ده‌بات.
 ئه‌وه‌ی‌ پارتی‌ ده‌رهه‌ق به‌ رۆژنامه‌و نووسه‌ره‌كان كردی‌ له‌م ماوه‌یه‌دا حورمه‌تگرتنی‌ یاسا و ئازادی‌ نه‌بوو، هێنده‌ی‌ ئه‌وه‌نده‌ی‌ ویستی‌ یاسا بكاته‌ هۆیه‌ك بۆ گه‌یشتن به‌ مه‌رامه‌كه‌ی‌. ئه‌م سه‌رده‌مه‌ كه‌ سه‌رده‌می‌ ئازادی‌ و رۆژنامه‌گه‌ریی‌ ئازاده‌، ئه‌وه‌ش مه‌ترسیه‌كی‌ گه‌وره‌یه‌ بۆ فه‌نابوونی‌ فاشییه‌ت، هێزێكیش نه‌توانێت له‌ رێگه‌ی‌ لوله‌ی‌ تفه‌نگه‌كان و هه‌ڕه‌شه‌كانیه‌وه‌ ئه‌م مه‌ترسیه‌ له‌سه‌ر خۆی‌ بسڕێته‌وه‌، ئه‌وا په‌نا ده‌باته‌ به‌ر ئه‌و رێگاچارانه‌ی‌ پێشتر هێزه‌كانی‌ دی‌ تاقیان كردۆته‌وه‌. بۆیه‌ ئه‌توانین بڵێن بازدانی‌ پارتی‌ به‌سه‌ر یاسای‌ كاری‌ رۆژنامه‌نووسی‌ ژماره‌ 35 دا بازدانێكی‌ بێئاگایی‌ نییه‌، به‌ڵكو لاكردنه‌وه‌یه‌ بۆ ئه‌و یاسایانه‌ی‌ پێشووتر كه‌ له‌ رێگه‌یانه‌وه‌ سته‌مكارو هێزی‌ فاشی‌ دروست بووه‌، هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ی‌ مانایه‌كیش به‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ خۆی بدات و وێنه‌یه‌كیش لای‌ ده‌ره‌وه‌و ناوه‌ پیشان بدات كه‌ ئه‌و باوه‌ڕی به‌ یاسا هه‌یه‌، ده‌بێت ده‌رگایه‌ك بدۆزێته‌وه‌ كه‌ زۆرترین به‌رژه‌وه‌ندیی بۆ خه‌ونه‌كه‌ی دابین بكات، ئه‌و ده‌رگایه‌ش كامه‌یه‌؟ ده‌رگای‌ یاسا كۆنه‌كانی‌ سه‌رده‌می‌ رابردوو ئه‌و خه‌ونانه‌ی‌ تیادایه‌ كه‌ ده‌مانگێڕێته‌وه‌ بۆ دواوه‌، پارتی‌ ده‌رهه‌ق به‌ رۆژنامه‌و رۆژنامه‌نووسان له‌م چركه‌ساته‌دا ئه‌و گه‌مه‌یه‌ ده‌كات، له‌ رێگه‌ی‌ ئه‌و بڕگه‌ یاسایانه‌وه‌ كه‌ پێشووتر هێزێكی‌ فاشی‌ نووسیونی‌ و به‌رهه‌می‌ هێناون ئه‌مڕۆ ئازادیی‌ پێ‌ سه‌ركوت ده‌كات.
هێرشی‌ داواتۆماركردنی‌ پارتی‌ له‌سه‌ر ده‌نگه‌ به‌رزه‌كان هێرشی‌ وێنه‌ی‌ هێزێكی‌ فاشیه‌ بۆسه‌ر ئازادی‌، ئه‌مه‌ش پێمان ده‌ڵێت سه‌رده‌می‌ هه‌ڕه‌شه‌و كوشتن و په‌لاماردان كۆتایی‌ نه‌هاتووه‌، به‌ڵكه‌ خه‌وێنراوه‌، له‌ كاتی‌ پێویستدا له‌ خه‌و راده‌په‌ڕێنرێت بۆ كپكردنه‌وه‌ی‌ ئازادی‌. ئه‌گه‌ر یاساكانی‌ هه‌رێم سه‌رجه‌میان یاسای‌ نوێ‌ و مه‌ده‌نی‌ بونایه‌ ده‌بوو یاسایه‌كیش هه‌بوایه‌ رێگه‌ به‌ كه‌س نه‌دات یاسا كۆنه‌كان زیندوو بكه‌نه‌وه‌. به‌ڵام زیندوكردنه‌وه‌ی‌ یاسا كۆنه‌كه‌ له‌ چركه‌ساتێكدا ئه‌وه‌مان پێ‌ ده‌ڵێت كه‌ یاسایاكانی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ ناتوانن زه‌مانه‌تی‌ ئازادی‌ له‌م هه‌رێمه‌دا مسۆگه‌ر بكه‌ن، ئێستا خه‌ڵك هه‌قیه‌تی‌ له‌ پارتی‌ بپرسیت بۆچی‌ ئه‌م داوایانه‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای‌ یاسای‌ كاری‌ رۆژنامه‌نووسی‌ سه‌رده‌می‌ به‌عس تۆمار كردوه‌؟ ئاخۆ پارتی‌ متمانه‌ی‌ به‌ یاسایه‌ك نییه‌ كه‌ به‌رهه‌می‌ هه‌وڵ‌و تێكۆشانی‌ خه‌ڵكه‌و په‌نا ده‌باته‌ به‌ر یاسایه‌ك كه‌ فاشییه‌تی‌ به‌رهه‌م هێنا؟ ئاخۆ پارتی‌ له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ نایه‌وێت ده‌نگی‌ ئازاد هه‌بێت! یان مانادان به‌وه‌ی‌ كه‌ باشتره‌ داوا تۆمار بكات له‌ په‌نابردنه‌ به‌ر شتی‌ تر؛ هه‌ڵه‌یه‌كی‌ زۆر گه‌وره‌یه‌ رۆژنامه‌نووسان ده‌یكه‌ن، چونكه‌ كوشتنی‌ یه‌كێك له‌ ئێمه‌ باشتره‌ له‌وه‌ی‌ له‌ رێگه‌ی‌ یاسایه‌كی‌ فاشییانه‌وه‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك سه‌ركوت بكه‌یت.
ئه‌م هه‌ڵمه‌تی‌ تۆماركردنی‌ داوایانه‌ی‌ پارتی‌ بۆسه‌ر رۆژنامه‌نووسان له‌ رێگه‌ی‌ ئه‌و یاسایه‌وه‌ له‌وه‌ خه‌ته‌رتره‌ رۆژنامه‌نووسێك هه‌ڕه‌شه‌ی‌ لـێ‌ بكرێت یان له‌ناو ببرێت، چونكه‌ له‌ناوبردن و هه‌ڕه‌شه‌كه‌ راسته‌وخۆیه‌و به‌ره‌و رووی‌ په‌رچه‌كردار ده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام قۆرغكردنی‌ ئازادی‌ له‌ رێگه‌ی‌ یاساوه‌ ناڕاسته‌وخۆیه‌و گشتگیر ده‌بێته‌وه‌‌و بۆ هه‌مووانه‌، فاشییه‌تیش ئا لێره‌وه‌ سه‌رهه‌ڵ‌ ده‌دات كه‌ تۆ بێیت له‌ رێگه‌ی‌ ئه‌و یاسایانه‌وه‌ رێگه‌ به‌ بوونی‌ جیاوازی‌ نه‌ده‌یت و ئازادیه‌كانی‌ ئه‌وانی‌ تر قۆرغ بكه‌یت. به‌ شێوه‌یه‌كی‌ تر هه‌وڵ بده‌یت له‌ رێگه‌ی‌ یاساگه‌لێكه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئازادیه‌كان بكه‌یت كه‌ به‌گشتی‌‌و له‌ بنه‌ڕه‌تدا بۆ كوشتنی‌ ئازادی‌ نووسراون، شه‌ڕی‌ ئێسته‌ی‌ رۆژنامه‌ی‌ سه‌ربه‌خۆ‌و ئازادیخوازه‌كانیش ئه‌وه‌یه‌ باز نه‌ده‌ن به‌سه‌ر ئه‌و حاڵه‌ته‌داو هه‌ڵوێست وه‌ربگرن و مانا بۆ یاسای‌ كاری‌ رۆژنامه‌نووسی‌ ژماره‌ 35 بگه‌ڕێننه‌وه‌، چونكه‌ یاسای‌ دادگاییكردنی‌ ئێمه‌ ئه‌و یاسایه‌یه‌ كه‌ په‌رله‌مانی‌ هه‌رێم ده‌نگی پێ‌ داوه‌، نه‌ك یاسایه‌ك كه‌ به‌رهه‌می‌ فاشییه‌ت بووه‌، بۆیه‌ ملدان به‌ هه‌ر یاسایه‌كی‌ تر جگه‌ له‌م یاسایه‌ ملدانه‌ به‌و فاشییه‌ته‌ی‌ كه‌ ده‌یه‌وێت له‌ رێگه‌ی‌ یاسا كۆنه‌كانی‌ سه‌رده‌می‌ به‌عسه‌وه‌ بێته‌ ناو ماڵه‌كانمان‌و ناو وشه‌كانمانه‌وه‌.

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.