Skip to Content

Sunday, September 8th, 2024
نه‌مانتوانی مامه‌ڵه‌یه‌کی ته‌ندروستانه‌ به‌ نه‌وته‌وه‌ بکه‌ین!!

نه‌مانتوانی مامه‌ڵه‌یه‌کی ته‌ندروستانه‌ به‌ نه‌وته‌وه‌ بکه‌ین!!

Closed
by October 4, 2010 گشتی

 

له‌ دوای ڕوخانی ڕژێمی سه‌دامه‌وه‌ به‌ هۆی ئه‌و بێسه‌رو به‌ریه‌ی که‌ دروست بوو له‌ ڕوی ڕه‌وشی ئه‌منیه‌وه‌ له‌ زۆر لای عێراقه‌وه‌ ده‌ستکرا به‌ کاری قاچاخی و قۆرخکردن و بازرگانی نا یاسایی و کۆنترۆلکردنی بازاری به‌ ناو ئازاد و پاوانکردنی هه‌موو جومگه‌کانی په‌یداکردنی بژێوی ئیتر هه‌ر له‌ که‌مترین داهاته‌وه‌ هه‌تا ده‌گات به‌ گه‌وره‌ترین بواری بازرگانی، چونکه‌ ئه‌وه‌ی پێیده‌وترا یاساو بنه‌مای کارکردنی بازرگانی و لێپرسینه‌وه‌ی به‌رپرسان که‌ پێشتر له‌ لایه‌ن ڕژێمێکی دیکتاتۆره‌وه بوو ئه‌ویش نه‌ما، له‌ غیابی لێپرسینه‌وه‌ی سه‌روترو دروست بوونی چه‌ندین باڵ و ده‌سته‌ و تاقم زه‌مینه‌ی گه‌نده‌ڵی و به‌ هه‌ده‌ردانی سامانی نیشتمانی به‌ شێوه‌یه‌کی خه‌یالی بۆ به‌رپرسه‌ عێراقیه‌کان سازبوو، هه‌ر حیزب و تاقمێک و له‌ سنوری حکومڕانی خۆیدا ده‌ستی گرت به‌ سه‌ر ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی که‌ له‌ ڕووی جوگرافیه‌وه‌ هه‌لکه‌وته‌ی ناوچه‌ی ده‌سه‌لاتداریه‌که‌ی بوو، هه‌رچه‌نده‌ هاتنی جایگارنه‌ر و پاشان بریمه‌ر و پاشان ده‌ستووری کاتی و ده‌ستووری هه‌میشه‌یی و پاشان هه‌لبژاردن و دووباره‌ دروستکردنه‌وه‌ی حکومه‌تی یه‌کێتی نیشتمانی بنکه‌ فراوان که‌ هه‌موو لایه‌نه‌کان کردویانه‌ به‌ گوتافی خۆیان که‌مێک بارودۆخه‌که‌ی هێور کرده‌وه‌ به‌ڵام بنبری نه‌کرد، هه‌موو ئه‌م گۆڕانکاریانه‌ نه‌یاتوانی ببنه‌ فریادره‌سێکی راسته‌قینه‌ی عێراق و ده‌سه‌ڵات دووباره‌ بگێرنه‌وه‌ شوێنه‌ ڕاسته‌قینه‌که‌ی خۆی که‌ حکومه‌ت و په‌رله‌مانه‌ ، هه‌رچه‌نده‌ به‌ شێوه‌ی ڕوکه‌شی ئه‌وه‌باسده‌کرێت که‌ گۆڕانکاری به‌رچاوکراوه‌ به‌ڵام بڵاو بونه‌وه‌ی ئه‌و و نهێنه‌یه‌ی که‌ لێره‌ و له‌وێ له‌ سه‌ر سه‌رکرده‌ و تاقمه‌ عێراقیه‌کان بڵاو ده‌بنه‌وه‌ و هه‌ر جاره‌ و فه‌زیحه‌و گه‌نده‌ڵیه‌کیان ئاشکرا ده‌بێت هه‌موو ئاواتی عێراقیه‌کان ده‌کاته‌وه‌ به‌ بڵقی سه‌ر ئاو، وه‌ک ئاشکراشه‌ به‌شێکی گرنگی خاکی عێراق هه‌رێمی کوردستانه‌ که‌ له‌ لایه‌ن دوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتداری پارتی و یه‌کێتی به‌رێوه‌ ده‌برێت ، هه‌لسه‌نگاندی گۆرانکاری و پێشکه‌وتن و پاشکه‌وتن و هه‌رشتێکی تری هه‌رێم ئه‌گه‌ر له‌ دوای ڕاپه‌رینه‌وه‌ قۆناغیک بوبێت ئه‌وه‌ بێگومان دوای ئازادکردنی عێراق له‌ لایه‌ن ئه‌مه‌ریکاوه‌ پێ ده‌نێته‌ هه‌نگاوێکی تره‌وه‌ ، چونکه‌ کوردستانیش دوای هاتنی ئه‌مه‌ریکا و روخانی ڕژێمی به‌عس کۆمه‌ڵێک گۆرانکاری بنچینه‌یی به‌ سه‌ردا هات و هه‌نگاوی به‌رچاوی له‌ زۆر لایه‌وه‌نه‌ نا، ئه‌وه‌تا دوای پرۆسه‌ی ئازادی عێراق هه‌رێم بوو به‌ بنکه‌یه‌کی فراوانی بازرگانی و سه‌رچاوه‌ی ئابوری هه‌ندێک وڵاتانی ده‌روبه‌ر ئیتر هه‌ر له‌ هاتنی کۆمپانیای زه‌به‌لاحی ده‌رهێنانی نه‌وت بیگره‌ تا ده‌گات به‌ کرێکاره‌کانی کۆمپانیای خالید شینکی هه‌موویان میوانی دوای ئه‌و پرۆسه‌یه‌ن، هه‌رچه‌نده‌ هه‌رێم به‌م کرانه‌وه‌یه‌ له‌ زۆر ڕوه‌وه‌ قازانجی باشی کردو ئه‌زمونی تازه‌ی په‌یداکرد له‌ ڕووی بازرگانی و به‌رهه‌مهێنان و کرانه‌وه‌ به‌ ڕووی ده‌ره‌وه‌دا به‌ڵام ڕاستیه‌کی حاشا هه‌ڵنه‌گره‌‌ که‌ له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ڵه‌ی مێژووی و جه‌رگ بڕی کرد، هه‌ڵه‌گه‌لێک که‌ سه‌رکرده‌کانی ئه‌مڕۆ به‌ تێپه‌ربوونی کات و رۆژ له‌وانه‌یه‌ ویژدانی خۆیان به‌شێک بێت له‌ دادوه‌ری لێپرسینه‌وه‌یان ، چونکه‌ زۆر به‌ ئاشکرایی ئه‌و خاڵه‌یان دا به‌ ده‌سته‌وه‌ که‌ نه‌یانتوانیه‌وه‌ خۆیان بۆ ئه‌م پرۆسه‌ گه‌وره‌ و گرانه‌ که‌ بازرگانی و کرانه‌وه‌ی پێده‌وترێت ئاماده‌ بکه‌ن ، له‌ لایه‌کی تره‌وه‌به‌ هۆی تێوه‌گلان له‌‌ گه‌نده‌ڵی و په‌له‌ کردن بۆ زوتر کۆکردنه‌وه‌ی پاره‌ی تاکه‌که‌سی خۆیان یان حیزبه‌که‌یان نه‌یانتوانی ئه‌و پرۆسه‌ بخه‌نه‌ خزمه‌تی دانیشتوانی هه‌رێمه‌که‌، به‌ڵکو به‌ نزیکه‌یی هه‌مو شێوه‌ی ناوچه‌کانی خواروو له‌ هه‌رێمیشدا دابه‌شبوون بۆ ده‌سته‌ گه‌ری و تاقمکاری له‌ بازرگانی کردن به‌ به‌رهه‌مه‌کانی ناوخۆو ساغکردنه‌وه‌یان به‌ شێوه‌ی نا یاسایی سه‌ری هه‌لدا،،!  ئه‌گه‌ر شێوازی مامه‌ڵه‌کردن به‌ یه‌کێک له‌ سامانه‌ نیشتمانیه‌کانی ئه‌م هه‌رێمه‌ که‌ دوای پرۆسه‌ی ئازادی کورد خاوه‌ندارێتی کرد به‌ نمونه‌ بهێنینه‌وه‌ به‌سه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ین به‌ ئه‌نجام که‌ ئه‌ویش نه‌وته‌، نه‌وت ئه‌گه‌ر کورد له‌ سه‌رده‌ می خه‌لافه‌تی عوسمانیشه‌وه‌ خانه‌خوێی  بوبێت گومان له‌وه‌دا نیه‌ خاوه‌ندارێتی به‌شێکی که‌می ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دوای ساڵانی ڕوخانیڕژێمی به‌عس، ئه‌ویش به‌ هۆی هاتنی کۆمپانیای بیانی و پرۆژه‌ی ده‌رهێنان و پاڵاوتنی نه‌وت و پاشان ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی، که‌ ئه‌مه‌ یه‌که‌م ئه‌زموونی ده‌سه‌ڵاتی کوردی بوو له‌ میژوودا که‌ بوبێت به‌ خاوه‌نی به‌رهمێکی گرانبه‌های خۆمالێ وه‌ک نه‌وت و مامه‌له‌ی پێوه‌ بکات،به‌ڵام هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ده‌سه‌ڵاتی کوردی و حکومه‌ته‌که‌ی دووچاری جه‌ندین کێشه‌ی دیار و روون بویه‌وه‌ که‌ چاره‌سه‌رکردنی وشیاریی سیاسی و سه‌رکرده‌ی تاقه‌تبه‌زێنی ئه‌ویست ،! هه‌ر له‌ بیانوه‌کانی حکومه‌تی ناوه‌ندی تا ده‌گات به‌ مه‌رجی ئه‌و کۆمپانیانه‌ی که‌ ئه‌رکی ده‌رهێنانه‌که‌یان له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرت وپاشان حه‌ساسێته‌کانی ده‌وڵه‌تانی دراوسێ به‌م هه‌نگاوه‌ی حکومه‌‌تی کوردی به‌ تایبه‌تی تورکیا که‌ به‌شێکی دیاری دانیشتوانه‌که‌ی کورده‌، پاشان ئه‌وه‌ی زۆر گرنگ بوو بۆ کورد چۆنێتی ساغکردنه‌وه‌ی ئه‌م به‌رهه‌مه‌ بوو، چۆن نه‌وتی خۆماڵی ده‌فرۆشێت؟ داهاته‌که‌ی بۆ کێیه‌؟ ده‌یفرۆشێت به‌ کێ؟ ئه‌مانه‌ هه‌موو ئه‌و پرسیارانه‌ بوون که‌ خۆیان قوت کرده‌وه‌ له‌ دوای ده‌رهێنانی نه‌وت بێ ئه‌وه‌ی حکومه‌تی کوردی به‌ پێی پلانێکی تۆکمه‌ وه‌ڵامه‌کانی ئاماده‌کردبێت، به‌لکو له‌ بری ئه‌مانه‌دا هات و به‌ په‌له ده‌ستی کرد به‌ ده‌رهێنان و پاڵاوته‌کردن و له‌ مه‌راسیمێکدابه‌ ئاگاداری هه‌موو دانیشتوانی سه‌ر ڕووی زه‌مین ئه‌م پرۆژه‌ گه‌وره‌یه‌ی کرده‌وه‌، به‌ڵام دوای ده‌رهێنانی چی رویدا؟ نه‌وت ئه‌و په‌ریه‌ چل باڵه‌ بوو که‌ به‌ تاکی کوردیان ده‌ناساند؟ ئابووریی کوردستانی گه‌یانده‌ قه‌شقه‌لانی فه‌له‌ک؟ داهات و ده‌ستکه‌وته‌که‌ی هاته‌وه‌ سه‌ر بوجه‌ی گشتی هه‌رێم و خه‌رجکرایه‌وه‌ له‌ پرۆژه‌و موچه‌ و خزمه‌تگوزاریه‌کاندا؟ نه‌خێر،! به‌ دلنیاییه‌وه‌ نه‌خێر! چونکه‌ جگه‌ له‌وه‌ی که‌ دوای ده‌رهێنانی به‌ زه‌ختی حکومه‌تی ناوه‌ندی خرایه‌ سه‌ر بۆریه‌ نه‌وته‌ فه‌رمیه‌کانی عێراق و بوجه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ خه‌زێنه‌ی ناوه‌ند نه‌ک هه‌رێم هیچ سودێکی به‌رچاوی به‌ تاکی کوردیش نه‌گه‌یاند ، بوجه‌ی سالێک و مانگێک و رۆژێکی کوردستانی دوای ده‌رهێنانی نه‌وت داهاتی نه‌وتی تیا نه‌بوو!به‌ڵام ئه‌وه‌ی لیره‌دا زه‌ره‌رۆمه‌ند بوو تاکی کورد بوو نه‌ک به‌رپرسان و ده‌سه‌ڵاتداران ، پشت ئه‌ستور به‌ راپۆرته‌که‌ی نیۆرک تایمز ده‌سه‌لاتدارانی کورد ئه‌مجا له‌ ڕێگه‌ی تانکه‌ر سودیان له‌ داهاتی ئه‌م سامانه‌ نیشتمانیه‌ وه‌رگرت، ئه‌وه‌تا رۆژنامه‌یه‌کی گه‌وه‌ره‌ی وه‌ک نیۆرک تایمز ئه‌م تاوانه‌ ده‌کاته‌ گه‌ردنی ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد، تۆمه‌تباریان دکات به‌ بازرگانیکردن به‌ نه‌وته‌وه‌،سنوره‌کانی هه‌رێمی به‌ مه‌زادی ساغکردنه‌وه‌ی به‌شێک له‌ نه‌وتی عێراق چواندووه‌، ئه‌وه‌ی له‌ هه‌مووی سه‌یر تره‌ په‌رچه‌کرداری به‌رپرسه‌کوردیه‌کان بوو له‌ هه‌مبه‌ر ئه‌م راپۆرته‌دا .چونکه‌ بۆ دورخستنه‌وه‌ی هه‌له‌ ئیداری و گه‌نده‌لیه‌که‌ له‌ خۆیان شتگه‌لی وه‌هایان وت ئه‌گه‌ر پرسه‌که‌ی قورستر نه‌کردبێت سوکتری نه‌کردووه‌ له‌ سه‌ر شانی حکومه‌تی هه‌رێم ، له‌ لایه‌که‌وه‌ بیانووی خاوی و ڕه‌شیی نه‌وتیان هێنایه‌وه‌ ‌ ، وه‌ک کابرای کورده‌ ده‌ڵێت (گۆشته‌که‌ی نیه‌ گۆشتاوه‌که‌یه‌تی ) به‌ڵام نه‌وتیش هه‌ر نه‌وته‌وبازرگانی قاچخ هه‌ر قاچاخه‌ جا بازرگانی خوری بێت یان زێر ، له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ به‌س له‌وه‌کرا که‌ ئه‌مه‌ نه‌وتی هه‌رێم نیه‌ و له‌ ناوچه‌کانی خواره‌وه‌‌ دێت و لێره‌وه‌ تێپه‌ڕ ده‌بیت ، ئه‌م لێدوانه‌یان ساویلکه‌ ترین لێدوانه‌ چونکه‌ ئه‌وپه‌ڕی ساده‌یی حکومه‌تێک ده‌رده‌خات که‌ ڕێگه‌ بدات به‌ نه‌وتی قاچاخی شوێنێکی تر و به‌ ناو خاکه‌که‌یدا و له‌ سنوره‌کانی ئه‌مه‌وه‌ ئاودیو بکرێت،،! جگه‌ له‌ مه‌ش ئه‌وه‌ی لێره‌دا خۆی قوتده‌کاته‌وه‌ پرسیارێکه‌، ئایا عێراق هیچ سنورێکی تری نیه‌ له‌ گه‌ڵ ئێراندا جگه‌ له‌ سنوره‌کانی خاکی هه‌رێم؟ چی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کی نیشتمانیه‌ وای له‌ حکومه‌تی کوردی کردوه‌‌ له‌ پێناویدا خۆی عه‌یبدار بکات و ڕێگه‌ به‌ سامانی دزراوی گه‌لێک بدات به‌ ناو خاکه‌که‌یدا ئاودیو بکریت؟ له‌ لایه‌کی تریشه‌وه‌ ئه‌گه‌ر نه‌وته‌که‌ هه‌ر جۆرێکی بێت بازرگانیه‌که‌ قاچاخ بێت یان یاسایی هێشتا حکومه‌تی هه‌رێم ڕوبه‌ڕوی پرسیارێکی تری ده‌وله‌تێکی زلهێزی وه‌ک ئه‌مریکدا ده‌بێته‌وه‌  که‌ بۆچی بازرگانی له‌ گه‌ڵ ولاتێکدا ده‌کات که‌ سزای ئابوری له‌ سه‌ره‌ به‌ تایبه‌ت له‌ ڕوی وزه‌وه‌ که‌ نه‌وت به‌شێکی گرنگێتی؟ ئایا بازرگانی له‌ گه‌ڵ ئێراندا ئه‌وه‌ ده‌هێنێت که‌ هه‌رێم ده‌وڵه‌تێکی ئیمپریالیزمی وه‌ک ئه‌مریکای له‌ خۆی بۆ بخاته‌ گومانه‌وه‌؟ ئه‌مانه‌ و چه‌ندین پرسیار و شڕۆڤه‌ی تر له‌ که‌یسی نه‌وتدا خۆیان زه‌ق ده‌که‌نه‌وه‌ ، که‌ هه‌ڵه‌ گه‌لی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانن و ده‌بێت پێداچونه‌وه‌ی بۆ بکات ئه‌گینا له‌ یه‌که م‌ هه‌نگاودا توشی هه‌له‌ ده‌بێت ،،! ئه‌گه‌ر نه‌بوبێت ،،!!

 

ئه‌م وتاره‌ له‌ ژماره‌ (236)ی ڕۆژنامه‌ی ئاوێنه‌دا بڵاوکراوه‌ته‌وه‌

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.