Skip to Content

Wednesday, September 18th, 2024
ئازادی له‌هه‌واری نێوان دوو ڕووبارا

ئازادی له‌هه‌واری نێوان دوو ڕووبارا

Closed
by October 8, 2010 هۆنراوە

 

-1-
ته‌رمێکه‌ قورسه‌و به‌کۆڵی
ڕیش سپیه‌کانی هه‌واره‌وه‌
کۆڵان ، کۆڵان .. جاده‌ ، جاده‌
ده‌یگێڕن و
ئه‌وه‌نده‌ش ئازیزه‌ لایان
دیده‌یان به‌رایی نایه‌
دواجار ، به‌خاکی بسپێرن

-2-
به‌سته‌یه‌کی داواکراوی دووباره‌یه‌و
هه‌موو سوبحێ
له‌ڕادیۆی پاسه‌ سیخناخه‌کانی شارا
ده‌یبیستین و باوه‌جو که‌دائه‌به‌زین
گیانمان شه‌ڵای ئاره‌قه‌و
که‌سمان دڵنیا نین له‌وه‌ی
له‌شه‌رمانه‌ یان له‌گه‌رمان

-3-
سه‌رخه‌وێکی په‌شمه‌کییه‌و
هه‌ر چاوڕێین
په‌رییه‌کی ژێر سنگ سپیی باڵ په‌مه‌یی
بمانداتێ و .. وه‌لێ حه‌یفێ
ناگاته کازیوه‌ی سبه‌ی
تا هه‌ڵئه‌سین
له‌بن زارا ئه‌توێته‌وه‌

 

-4-
سێوێکی خڕوخه‌پانی
بریقه‌دارو به‌تامه‌
له‌دارستانه‌که‌ی والیا
زۆر دووره‌ ده‌ست
به‌دره‌ختێکی به‌رزه‌وه‌ هه‌ڵواسراوه‌
ڕه‌ونه‌ق و بۆن و به‌رامی
 نیگاکارانی مه‌ست ئه‌کاو
وه‌لێ به‌خه‌تێکی کوفیش
له‌ته‌نیشتیه‌وه‌ نووسراوه‌
هه‌ر به‌ته‌نیا بۆ بینینه‌و
له‌ڕۆژانی ئاده‌مه‌وه‌
ده‌ست تێوه‌ردانی حه‌رامه‌

-5-
بنێشتێکی خۆماڵیه‌
له‌ژێر دانی فه‌یله‌سوفه‌کانی هه‌وار
ئه‌وانه‌ی که‌ژماره‌یان
له‌مێرووله‌کان زیاد تره‌و
هه‌ر یه‌که‌شیان و به‌ڕه‌نگێ
بۆیاخی حه‌قیقه‌ت ئه‌که‌ن
به‌مه‌رجێ له‌گه‌ڵ مه‌زاجی
فیله‌کانیشا بگونجێ

-6-
تابلۆیاکی گران به‌های
دانسقه‌یه‌و له‌یه‌ک ساتا
له‌هه‌موو گه‌له‌ریه‌کانی شارا
دانراوه‌و هه‌ر کتومت مناڵدوانه‌ی
مۆنالیزای داڤینشیه‌و
ئه‌وه‌نده‌ی دڵگیرو ڕه‌نده‌
هێنده‌ سه‌یره‌ ، بزه‌ی لێوی

-7-
ڕۆمانێکه‌و له‌جوانیا
له‌چۆله‌که‌ی به‌هه‌شت ئه‌چێ
وه‌لێ هه‌ر له‌فڕیندایه‌و
له‌سه‌ر چڵێکی دره‌ختی
به‌ختی ئێمه‌ هه‌ڵناکوڕمێ

-8-
 ئاسکه‌مێیه‌کی به‌نازه‌و
نه‌رم .. نه‌رم
له‌ده‌شت و ده‌ر
به‌به‌ر چاوی شێره‌کانی هه‌واره‌وه‌
دێت و ده‌چێ و
چاوه‌ڕێی میهره له‌قه‌ده‌ر

-9-
ئازادیه‌که‌ی له‌مه‌ڕ ئێمه‌
شیڕه‌ی زوڕنایه‌کی کۆن و
گرمه‌ی ده‌هۆلێکی بۆشه
چه‌ند بیژه‌نن ، چه‌ند بیکوتن
سه‌دای ده‌نگیان
له‌دوور خۆشه‌

 

  2010

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.