Skip to Content

Monday, October 14th, 2024
ئیسرائیل و ئیخمان، كوردو قاسم ئاغای كۆیه‌

ئیسرائیل و ئیخمان، كوردو قاسم ئاغای كۆیه‌

Closed
by October 8, 2010 گشتی

ئه‌دلۆف ئیخمان سه‌ركرده‌یه‌كی نازی ئه‌ڵمانییه‌كان بوو له‌ جه‌نگی جیهانی دووه‌مدا، دوای كۆتاییهاتنی جه‌نگ و شكستهێنانی نازییه‌كان، ئیخمان توانی له‌ده‌ستی یاساو دادگا هه‌ڵبێت و به‌ پاسه‌پۆرتی ساخته‌و ناوێكی دیكه‌وه‌ له‌ ئه‌ڵمانیاوه‌ خۆی بگه‌ێنێته‌ ئه‌مریكای لاتین، ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل هه‌موو هه‌وڵێكی خسته‌گڕ بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئیخمان، ئه‌وه‌بوو دوای هه‌وڵدانێكی بێوچان، توانیان شوێن پێی هه‌ڵبگرن و له‌ وڵاتی ئه‌رجه‌نتین ئه‌و سه‌ركرده‌ نازییه‌ بدۆزنه‌وه‌، ئیخمانی هه‌ڵهاتوو، توانی بۆ ماوه‌ی 15 ساڵ  له‌ده‌ستی سزاو دادگا خۆی بپارێزێت، به‌ڵام ئیسرائیلییه‌كان شه‌وو رۆژیان خسته‌سه‌ر یه‌ك و رێگه‌یان نه‌دا به‌ئاسووده‌یی بژێت، تا سه‌رنجام و له‌ساڵی 1960دا، ده‌زگای هه‌واڵگری ئیسرائیل (موساد)، توانی ئه‌دلۆف ئیخمان له‌ ئه‌رچه‌نتینه‌وه‌ برفێنێت بۆ ئیسرائیل، ئه‌وه‌بوو له‌ ئیسرائیل دادگایی ده‌كه‌ن و 15 تومه‌تی رووبه‌روو ده‌كه‌نه‌وه‌، له‌وانه‌ به‌شداریكردن له‌ جینۆسایدی جووله‌كه‌كان و تاوانی دژه‌ مرۆیی، تا له‌ ساڵی 1962دا به‌هۆی تاوانه‌كانییه‌وه‌، دادگا بڕیاری له‌سێداره‌ دانیئه‌داو له‌ته‌لئه‌بیب له‌سێداره‌ئه‌درێت.
قاسم ئاغای كۆیه‌یش، یه‌كێكه‌ له‌ كورده‌ خۆفرۆشه‌كانی ئه‌م وڵاته‌، كه‌ به‌شداریكردووه‌ له‌ ئه‌نفالكردنی هاوزمانه‌كانی خۆی و ئه‌نجامدانی چه‌ندین تاوانی دیكه‌و كوشتنی چه‌ندین پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، ئه‌و ئه‌نفالچییه‌، دوای راپه‌رینی 1991 بۆ جارێكی دیكه‌ چووه‌ باوه‌شی به‌عس و سه‌نگه‌ری خیانه‌تی هه‌ڵبژارد، ته‌نانه‌ت داوای له‌ به‌عس كردبوو كه‌ به‌چه‌كی كیمیاوی  له‌ كورد بدات، دوای پرۆسه‌ی ئازادی و روخانی به‌عس، ئه‌م قاسم ئاغایه‌ له‌چاوان ونبوو، ده‌ڵێن رۆژێك له‌ سوریا بووه‌و رۆژێك له‌ میسرو رۆژێك له‌ موسڵ، تادواجار خۆی كرد به‌هه‌رێمی كوردستاندا، ئه‌و هه‌رێمه‌ی كه‌ قاسم ئاغا به‌شداربووه‌ له‌ كوشت و بڕی خه‌ڵكه‌كه‌یدا، ئه‌وه‌ی تووشی شۆكی كردین، هاتنه‌وه‌ی ئه‌م ئه‌نفالچییه‌بوو، ئه‌وه‌ی زیاتر هه‌راسانی كردین، ونبوون و دیارنه‌مانی بوو، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی هه‌ندێ له‌كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوه‌كان و رێكخراوی چاك لێیان كرد به‌هه‌ڵا..
بۆیه‌ هه‌قمانه‌ بپرسین: ئه‌م ئاغایه‌ چۆن هاته‌وه‌؟ كێ هێنایه‌وه‌؟ به‌ئه‌مری كێ پێی خسته‌وه‌ كوردستان؟ ئه‌ی كه‌هاته‌وه‌و لێیكرا به‌هه‌ڵا، كێ شاردییه‌وه‌؟، چۆن ونبوو؟، یان باشتر بڵێن كێ به‌رگری لێده‌كات و ناهێڵێ به‌سزای تاوانه‌كانی بگات؟ ده‌ڵێن له‌رێگه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێره‌وه‌ ده‌ربازی بووه‌، به‌ڵێ، فرۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر، ئه‌و فڕۆكه‌خانه‌یه‌ی كه‌ سه‌دان ئاسایش و پۆلیس و چه‌ندین بازگه‌و شوێنی پشكنینی لێیه‌، به‌ڵام قاسم ئاغایان بۆ نه‌گیرا! به‌ڵێ بۆیان نه‌گیرا!
به‌خوا سه‌یره‌، ئیسرائیلییه‌كان به‌دووری هه‌زاران میلله‌وه‌، بكوژانی میلله‌ته‌كه‌یان ده‌رفێنن و ده‌هێننه‌وه‌ له‌ناو ته‌لئه‌بیبدا له‌سێداره‌ی ئه‌ده‌ن و به‌سزای تاوانه‌كانی ده‌گه‌ێنن، كه‌چی كورد له‌ناو ماڵی خۆیدا، ناتوانێ تاوانبارێكی وه‌كو (قاسم ئاغا) ده‌ستگیربكات؟ یان كورد وته‌نی ئه‌م ماسته‌ نه‌ك موو، به‌ڵكو شێلمانێكی تێدایه‌.. زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆ حوكمڕانی ئه‌م وڵاته‌ ئه‌كه‌ن، گه‌ر كاتی خۆی ده‌ستی (قاسم ئاغا) بكه‌وتایه‌ن، ئه‌وا ده‌كرانه‌ دیاری بۆ به‌عس و به‌عسیش هه‌مومان ده‌زانین چ لێده‌كردن، ئه‌گه‌ر وانه‌بێت، دیاره‌ ئه‌م ماسته‌یش له‌ شێلمانه‌كه‌ گه‌وره‌تری تێدایه‌.
مرۆڤ كه‌ روداوی وه‌ها ده‌بینێ‌، ده‌گاته‌ ئه‌و بڕوایه‌ی كه‌كورد شایه‌نی هیچ شتێك نییه‌، شایه‌نی ئه‌وه‌ نیه‌ نه‌ك ده‌وڵه‌ت و قه‌واره‌ی سه‌ربه‌خۆی هه‌بێ، به‌ڵكو شایه‌نی ئه‌وه‌ی نییه‌ مودیر ناحیه‌یه‌كیشی پێڕه‌واببینرێت، ئاخر عه‌یب و شووره‌ییی نییه‌ له‌نێو ماڵی خۆماندا، بكوژانی ژن و منداڵی ئه‌م وڵاته‌مان بۆ ده‌ستگیرنه‌كرێت؟ هه‌موومان به‌ خه‌ڵك و حكومه‌ته‌وه‌، پێشتر زانیاریمان هه‌بووه‌ كه‌ ئه‌و تاوانباره‌ هاتووه‌ته‌وه‌ كوردستان، باشه‌ له‌پای چی پیلانی ده‌ستگیركردنی دانه‌نراوه‌؟ ئه‌ی ناڵێن چه‌ندین فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی هه‌بووه‌؟ ئیتر ئیشی ده‌زگاكانی ئاسایش و پۆلیس چییه‌؟ كابرایه‌كی قوربه‌سه‌ر، حه‌ماڵێك، كاسبێك هه‌ڵه‌یه‌ك بكات وه‌كو پڵنگ هه‌ڵده‌كوتنه‌ سه‌ری و قۆڵبه‌ستی ئه‌كه‌ن، ئه‌ی خێره‌ كه‌سێكی وه‌كو قاسم ئاغاتان بۆ ده‌ستگیرناكرێ!؟ به‌خوا سه‌یره‌، ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی ئێمه‌ ده‌چن له‌ موسڵ و به‌غدا باندی تیرۆریستی و رفاندن ده‌ستگیرده‌كه‌ن و رفێنراوانیش ئازاد ده‌كه‌ن، ئه‌ی خێره‌ له‌ ماڵی خۆتاندا قاسم ئاغاتان لێعاسی ده‌بێت!؟؟
 ئافه‌ریم بۆ خۆتان گه‌لی جووله‌كه‌، ئافه‌ریم بۆخۆتان ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل، ئێوه‌ میلله‌تێكن شایه‌نی زۆر له‌وه‌ زیاترن كه‌ ئێستا هه‌تانه‌، شایه‌نی نه‌ك ده‌وڵه‌تێك، به‌ڵكو شایه‌نی ده‌ ده‌وڵه‌تیشن، كوردیش هه‌ر شایه‌نی ئه‌وه‌یه‌ بچه‌وسێنرێته‌وه‌!! شایه‌نی ئه‌وه‌یه‌ خاكه‌كه‌ی نه‌ك چوار پارچه‌، به‌ڵكو سه‌د پارچه‌ بكرێت!! شایه‌نی ئه‌وه‌یه‌ حوكمه‌ زاتییه‌كیشی پێڕه‌وانه‌بینرێت! رۆژ له‌دوای رۆژ زیاتر ئه‌و راستییه‌م بۆ روونده‌بێته‌وه‌، كه‌ كورد بۆیه‌ خاوه‌ن ده‌وڵه‌ت و قه‌واره‌ی خۆی نه‌بووه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خۆی هیچ نه‌بووه‌، هیچی له‌باردا نه‌بووه‌، نه‌یتوانیه‌وه‌ وه‌كو نه‌ته‌وه‌و گه‌لانی دیكه‌ی جیهان تێكۆشان و خه‌بات و سیاسه‌ت و حوكمڕانی بكات..نه‌ك هه‌ر نه‌یتوانیه‌وه‌ كه‌سه‌ خائین و خۆفرۆشه‌كانی بهێنێته‌ به‌رده‌م دادگاو به‌سزای تاوانه‌كانیانی بگه‌یه‌نێت، به‌ڵكو زۆرجار ئه‌و كه‌سه‌ خائین و خۆفرۆشانه‌ پاداشتكراوون و گه‌ر تروسكایه‌ك هیواو ده‌رفتی گرتنیشیان هه‌بووبێت، ئه‌وا ده‌ربازكراوون.

 

سه‌لاح گه‌رمیانی
salahgarmiani@maktoob.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.