چێ گوارا، ئوستوره‌ی مرۆڤایه‌تی له پێناو به‌دیهێنانی ئازادی و به‌رابه‌ری دا
“ده‌سته‌كانم بۆنی گوڵیان لێده‌هات، منیان به تۆمه‌تی لێكردنه‌وه‌ی گوڵ تاوان بار كرد، به‌ڵام هیچ كه‌سێك بیری له‌وه نه‌كرده‌وه كه له‌وانه‌یه گولێكم چاندبێ.
” چێ گوارا
له‌سه‌ر دیوار و پلاكاردی زانكۆكانی ته‌واوی دنیا ئێستاكانهش هه‌ر ده‌نوسرێ:” چێ هێشتاش هه‌ر زیندووه!” ئه‌و ئێستاش نه‌مادی رادیكالیسم و خه‌باتی یه‌كسانی خوازانه‌یه. ئێستاش لاوانی دنیا ئه‌و به پێشه‌نگی خۆیان له خه‌بات دا ده‌زانن. چ شتێك ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی كه سنوره نه‌ژادیه‌كان تێپه‌ر بكرێن و ئه‌مرۆ دوای تێپه‌ر بوونی ده‌یان ساڵ له ساڵیادی گولله باران كردنی چریكی رێگای ئازادی (( ئه‌رنه‌ستۆ چێ گوارا )) هێشتاش یادی ده‌كه‌ین و فێر كراوه‌كانی ئه‌كه‌ینه تێشووی رێگامان. چێ گواراش مرۆڤ بوو، به‌ڵام جیاوازی له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی مرۆڤه‌كان “ئارمانه” بێ هاوتاكه‌ی بوو، ئارمانێكی ئینسانی، كه له رێگای ئارمانهكهی دا تا ئاخر هه‌ناسه خه‌باتی كرد. ئارمانێك له رێگای یه‌كسانی مرۆڤه‌كان، ئارمانێك بۆ به‌دیهێنانی سۆسیالیزم.
چێ گوارای ئه‌رژه‌نتینی نه‌ته‌نیا به‌قه‌ده‌ر فیدل كاسترۆی رێبه‌ری بزوتنه‌وه‌ی كۆمۆنیستی 26ی جولای خۆشه‌ویست بوو به‌ڵكو شێوه‌ی هه‌ڵسوكه‌وتی ئه‌و دوای سه‌ركه‌وتنیش هه‌ر ئه‌و ژیانه ساده و چریكیه و هه‌ڵسوكه‌وته شۆرشگێرانه‌یه بوو ئه‌وی كرده ڕووخسار و كه‌سایه‌تیه‌كی خۆشه‌ویست، روخسارێك كه به وێنه‌یه‌ك له كوردوای وێنه‌گری شۆرشی كوبا و مردنی ئوستوره‌ی خۆی بوو به وێنه‌ی سه‌ده‌ی ئێمه.
ئه‌رنه‌ستۆ رافائیل گوارا دێلاسێرنا كه چریكه‌كان پێیان ده‌وت چێ، له چارده‌ی ژوئه‌نی 1928 له ناوچه‌ی رۆساریۆی ئه‌رژه‌نتین له دهایك بوو. ئه‌و یه‌كه‌مین مناڵی بنه‌ماڵه‌یه‌ك بوو كه رێشه‌ی له ئسپانیا و ئیرله‌ندا هه‌بوو. به‌م شێوه‌یه خۆشه‌ویستی شۆرشی له هه‌ر دوو وڵاتی باوانیه‌وه به میرات وه‌رگرتبوو. باوكی وتبووی: یه‌كه‌مین ناسه‌ره‌وه‌ی كوره‌كه‌م ئه‌وه بوو كه له ڕه‌گه‌كانی دا خوێنی شۆرشگێری ئیرله‌ندی و سه‌ركه‌وتن خوازی ئیسپانیایی و خۆشه‌ویستی وڵاتی ئه‌رژه‌نتینی تیایه. شتێك له زاتی دا بوو كه ئه‌وی به‌ره و خه‌ته‌ر و شۆرش كێش ئه‌كرد.
چێی لاو له بنه‌ماڵه‌یه‌كی چه‌پ دا گه‌وره بوو، باوكی لایه‌نگری خوان پرۆن و سۆسیالیسته‌كان بوو وه هه‌ر له مناڵیه‌وه ئه‌رنه‌ستۆ پێ به پێی باوكی له مه‌راسیم و كۆبوونه‌وه سیاسیه‌كان دا به‌شدار بوو. له مێر منداڵی دا له‌گه‌ڵ بوونی نه‌خۆشی و ئاسم له جموجۆله وه‌رزشیه‌كان دووری نه‌ده‌كرد و له یاری ڕاگبی دا یه‌كێ له ئه‌ستێره‌كان به‌هه‌ژمار ده‌هات و هه‌روه‌ها له شه‌تره‌نج دا له نێوان خوێندكاران دا بوو به قاره‌مان.
هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌دا شێعر و ئه‌ده‌بیات بوون به به‌شێك له ژیانی و عاشقی شاعیرانی چه‌پگه‌رایی ئامریكای لاتین له‌وانه پابلۆنرۆدا و نوسه‌رانێكی وه‌ك فدریكۆ گارسیا لۆركا بوو، چێ ته‌نانه‌ت له ناو جه‌رگه‌ی شه‌ڕ و له دارستانه‌كانی كوبا دا به‌رده‌وام كتێبی شێعر و چیرۆكه‌كانی پێ بوو وه له هه‌ر مه‌جالێك دا خه‌ریكی خوێندنه‌وه‌یان بوو.
له ساڵی 1948 چێ گوارا بۆ درێژه‌دان به خوێندن له به‌شی پزشكی چوو بۆ زانكۆی بۆینس ئایرس. به‌ڵام له كاتی خوێندنی دا ساڵێك ئیزنی وه‌رگرت بۆ ئه‌وه‌ی وڵاتانی ئامریكای لاتین بگه‌رێ. له‌م سه‌فه‌ره‌دا هاورێیه‌كی به ناوی ئالبێرتا گرانادۆی له‌گه‌ڵ بوو وه به ماتۆرێك وڵاتانی ئامریكای لاتین گه‌ڕان. هه‌ر له‌م سه‌فه‌ره‌دا بوو كه ئیده شۆرشگێرانهكانی گه‌شه‌ی كرد و له چاو ڕابردوو شێوه‌یه‌كی تری به‌خۆ گرت. بینینی هه‌ل و مه‌رج و ژیانی خه‌ڵكی بێ ده‌سه‌ڵات و فه‌قیر ئه‌وی زیاتر ڕادیكاڵ كرد و به‌و باوه‌ڕه‌ی گه‌یاند كه ته‌نیا رێگای گه‌یشتن به یه‌كسانی شۆرشێكی چه‌كداریه. ئه‌و له بیره‌وه‌ریه‌كانی خۆی دا كه ناوی نابوو “بیره‌وه‌ریه‌كانی ماتۆر سیكلێت”باسی له هه‌ل و مه‌رج و ژیانی خه‌ڵكی ئه‌و وڵاتانه كرد. ئه‌و بیرهوهریانی دوای چوار ده‌یه له مردنی له ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كان پڕ فرۆشترین كتێبی ساڵ بوو وه هه‌ر له‌م بیره‌وه‌ریانه فلیمێك ساز كرا هه‌ر به‌م ناوه. دوای ئه‌م سه‌فه‌ره دوور‌و درێژه گه‌ڕایه‌وه بۆ زانكۆ و له ساڵی 1953 خوێندنی ته‌واو كرد.
ئه‌و له رێگای یه‌كسانی خوازی دا وه‌كو چرێك له كێوه‌كانی”سیراماسترا” (( وه‌كو پزشكێك له خزمه‌ت ده‌رمان كردنی ڕه‌نجبه‌ران و زه‌حمه‌تكێشان دابوو له‌گه‌ڵ رێنوێنی و خه‌بات دا. )) وه هه‌روه‌ك خۆی ده‌ڵێ: “له‌وانه‌یه به‌لاتانه‌وه سه‌یر بێ، به‌ڵام رێگه‌م بده‌ن دانی پێدابنێم كه شۆرشی ڕاسته‌قینه به عه‌شق و خۆشه‌ویستیه‌وه به‌ره‌و پیشَ ئه‌چێ و به ئاكام ده‌گا. عه‌شق و خۆشه‌ویستی به‌رامبه‌ر به زوڵم لێكراوان و خه‌ڵكی به‌ش مه‌ینه‌ت. نامومكینه كه شۆرشگێڕه ڕاسته‌قینه‌كان به‌ده‌ربن له‌م تایبه‌تمه‌ندیه.” ئه‌م به هاوسه‌ر و مناڵه‌كانی وت كه ده‌بێ له رێگای خزمه‌ت به خه‌ڵك و شۆرش دا هه‌نگاو هه‌ڵبگرن. ئه‌و وتانه ته‌نیا شوعار نه‌بوو به‌ڵكو له كرده‌وه‌ش دا بۆخۆی هه‌ر به‌م شێوه‌یه جوڵاوه. هه‌ر له‌م ڕووه‌وه‌یه كه چێ گوارا بوو به ئوستوره، ئوستورهیهكی هه‌میشه زیندوو.
چێ له ژیانی دا له‌گه‌ڵ هه‌موو شتێك دا خه‌باتی كرد. له‌گه‌ڵ تاڵی و كێشه‌كانی ژیان دا. له ئاسم و هه‌ناسه سواریهكهیهوه بگره هه‌تا خه‌بات كردنێكی به‌ر بڵاو له دژی ئه‌مپریالیزم.
چێ گوارا باوه‌ڕی وابوو كه چریكێك ته‌نیا به شێوه‌یه‌ك ده‌توانێ كێشه‌كانی ژیان و شه‌ڕی چریكی ته‌حه‌مول بكا كه ئاڕمانێكی به‌هێز و پته‌وی هه‌بێ. ئاڕمانهكهی بریتی بوو له ئینسانیه‌ت و سۆسیالیزم. ئارمانێك كه له ژێر بینایه‌كی پته‌و به‌هره‌مه‌ند بوو، ژێر بینایه‌ك كه وای كرد ئه‌و له رێگای ئاڕمانه‌كانی دا گیانی له ده‌ست بدا. ئاڕمانێكی ڕاسته‌قینه كه دووره له خه‌یاڵ و خه‌باتكار بۆ شوێنێكی تر حه‌واڵه ناكا! به‌ڵكو بۆ ئه‌و هه‌ست پێكراوه، ئاڕمانێك كه خه‌باتكار له پێناوی دا بۆ دنیایه‌كی باشتر هه‌ر له‌م جیهانه‌دا خه‌بات داكا.
ئاڕمانی چێ گوارا رۆژێكه كه ته‌واوی دنیا ده‌بێته یه‌ك وڵات و ئیتر هیچ سنورێك له نێوان وڵاتان دا بوونی نیه. وه ئه‌و رۆژه مرۆڤه‌كان به حه‌سره‌ته‌وه ئه‌ڵێن: (( بریا له ڕابردووش‌دا وه‌ك ئه‌مرۆ جیهان وڵاتی من بویایه. )) چێ گوارا سه‌رچاوه‌ی هیوایه‌كه كه پێویستی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی ئاڕمانه سۆسیالیستیه‌كان له ناو دڵی لاوان، ژنان و كرێكاران زیندوو ده‌كاته‌وه. چێ ئوستورهیهك له مه‌یدانی تئۆری و كرده‌وه‌ی ماركسیستیه كه له مێژووی سه‌رده‌م دا كه‌سێكی تری وه‌ك ئه‌و بوونی نه‌بوو. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌یه كه “گابریێل گارسیا ماركێز” له‌باره‌ی چێ وه ده‌ڵێ: بۆ نووسینی ژیان نامه‌ی چێ گوارا پێویستیم به هه‌زاران ساڵ و یه‌ك ملیۆن په‌ڕه هه‌یه.
چێ گوارا دوای به سه‌ركه‌وتن گه‌یاندنی شۆرش له كوبا بۆ چه‌ند وڵاتێكی تر سه‌فه‌ری كرد و یارمه‌تی گروپه شۆرشگێره‌كانی ئه‌و وڵاتانه‌ی ئه‌دا. دوا وڵاتێك كه چێ چوو بوو بولیڤیا بوو. رێبه‌ری و ئاموزهكانی چێ له سه‌ره‌تا دا سه‌ركه‌وتن گه‌لێكی زۆری بۆ شۆرشگێرانی بولیڤیای به‌ده‌ست هێنا. به‌ڵام له سێبتامبری هه‌ر ئه‌و ساڵه‌دا سوپا توانی چه‌ند گورزێكی كاریگه‌ر له چریكه‌كان بدا وه ده‌وترێ كه چێ گوارا له‌گه‌ڵ گروپێكی بچوك له یاوه‌رانی بلاو بوونه‌وه.CIA تیمێكی تایبه‌تی له هێزه‌كانی سوپای ئامریكای بۆ كوشتنی چێ نارده ناوچه‌كه كه ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ سوپای بولیڤیا به‌شدار بوون و رێبه‌ری جموجۆڵهكهیان كرد. له 7 ئۆكتۆبه‌ری 1967، فلیكس رۆدریگز ئه‌فسه‌ری CIA عه‌مه‌لیاتی گه‌مارۆدانی چێ ی رێبه‌ری كرد كه بووه هۆی تێك هه‌ڵچوون له‌گه‌ڵ چێ و چه‌ند هاورێیه‌كی. چێ دوای ئه‌وه‌ی بریندار بوو ده‌ست گیر كرا، به‌ستیانه‌وه و بردیانه خوێندنگه‌یه‌كی نزیك ئه‌و ناوچه‌یه و رۆژێكی ته‌واو له حاڵێك دا كه خه‌ریكی ده‌ست و په‌نجه نه‌رم كردن له‌گه‌ڵ مه‌رگ بوو لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ كرا به‌ڵام چێ بێده‌ن بوو. شاهیدان ئه‌ڵێن له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه بریندار بوو، چێ ڕاسته‌وخۆ چاوی له چاوی لێكۆڵه‌ره‌وان ده‌كرد و سه‌ری به‌رز ڕاده‌گرت و داوای جگه‌ره‌ی ده‌كرد. له 9ی ئۆكتۆبه‌ر دا سه‌رۆك كۆماری بولیڤیا فه‌رمانی ئێعدامی چێ ی ده‌ركرد. سه‌ربازه‌كان بۆ كوشتنی چێ له نێوان خۆیان دا هه‌ڵبژاردنیان كرد و له كۆتای دا سه‌رجوخه ماریۆ تران بردیه‌وه. فرمانیان پێ كرد به جۆرێك چێ بكوژێ كه‌وا ده‌ر بكه‌وێ له شه‌ڕ دا كوژراوه. چه‌ند ساتێ پێش كوشتنی چێ سه‌ربازه‌كان لێیان پرسی بیر له جاودانی خۆت ئه‌كه‌یه‌وه، وتی نا بیر له جاودانی شۆرش ئه‌كه‌مه‌وه. كاتێك كه سه‌رجوخه تران لێی نزیك بۆوه، چێ هاواری كرد: من ئه‌زانم كه هاتووی من بكوژی، كه‌واته مه‌ترسه تۆ ته‌نیا خه‌ریكی پیاوێك ئه‌كوژی. تران سه‌ره‌تا ته‌قه‌ی له قاچ و ده‌ستی چێ گوارا كرد و دواتر 9 فیشه‌كی له سینگی دا، دواتر رووی چه‌كه‌كه‌ی له گه‌روی چێ كرد و ته‌قه‌ی لێ‌كرد. له كۆتای دا چێ سه‌عات یه‌ك و ده خوله‌كی نیوه‌رۆ گیانی ئازیزی به‌خت كرد.
ئێستا دوای تێپه‌ر بوونی 44 ساڵ به‌سه‌ر مه‌رگی ئه‌و رێبه‌ر و ماركسیسته شۆرشگێرهدا بۆچوون و بیر‌و ڕا ئینسانیه‌كانی هێشتاش له سه‌رانسه‌ری دنیا دا بڵاو ئه‌بێته‌وه. یاد و بیره‌وه‌ری چێ له دڵ و زه‌ینی هه‌موو مرۆڤه شۆرشگێڕ و ئازادی خوازه‌كانی دنیادا زیندووه.