Skip to Content

Tuesday, October 8th, 2024
باخچه‌ وێرانه‌كانی زستان

باخچه‌ وێرانه‌كانی زستان

Closed

 

 

 

هۆنراوه‌ی : عه‌لی سدیق
به‌ده‌نگی: هه‌رێم به‌هائه‌دین
كاری موسیك: رێباز ره‌حیم

ده‌مێ رۆچوون به‌نێو ده‌ریا
ده‌مێك تیشكدانه‌وه‌
له‌ خۆر ده‌چم!
له‌ نێوانی خۆر و خۆڵدا
به‌ درزی خاكدا رۆده‌چم!
له‌ رۆحی ئاو نوقم ده‌بم!
له‌و دیوی بێ هوده‌ییه‌وه‌
له‌خودی خۆمدا وون ده‌بم!

دڵم هێنده‌ پڕه‌ له‌ نزا،
چاوه‌ێكم نه‌دیوه‌ وا فه‌نابوو بوو بێت له‌ چه‌قی خۆی!
رۆحیشم هێنده‌ پڕه‌ له‌ قه‌ده‌ر،
حه‌ز به‌سه‌فه‌ری بۆشایی ئاسمان ده‌كه‌م،
 تا له‌وێ چاره‌نووس به‌تاڵَكه‌مه‌وه‌‌!
ده‌مه‌وێ بڕۆم
له‌گه‌ڵ نزا بۆ باوه‌شی ئاده‌م
له‌وێ،
سوره‌تی به‌خته‌وه‌ریی له‌ نوێژی منداڵی بخوێنم و
ته‌مه‌نم بده‌م به‌ مه‌سیح..!

ده‌ڕۆم تا له‌ درزێك وون ده‌بم!
له‌ كه‌لێنی خاك و خۆمدا
به‌ ئازاره‌كانی ئاو مه‌ست ده‌بم!
ئاو، ئاوی حه‌یات!
ده‌مویست بۆ ئاسوده‌یی ئاهه‌كانت نه‌مرم !
ئه‌گینا وشه‌یه‌كم نه‌ماوه‌ بۆ ژیان و
هه‌ناسه‌یه‌ك شك نابه‌م سیگارێكی پێ هه‌لكێشم!
به‌چوارده‌ورمه‌وه‌ دیوارێك، سه‌یركه‌!
ژووره‌كه‌م له‌ بیماری كه‌لاوه‌ییه‌وه‌ ده‌نالێ
ئه‌و، برینداره‌ له‌ كه‌سه‌ری ئه‌وین و
هێنده‌ پڕ بووه‌ له‌من،
دلۆپ دلۆپ تاریكی لێ ده‌ڕژێ!
هه‌ر له‌وێ،
له‌نزیك ده‌رگا هه‌میشه‌ داخراوه‌كه‌ی
پێنووسێك به‌ریشی كاغه‌زه‌ سپیه‌كانی دادێنم و
وێنه‌ی گه‌نجیه‌تی دایكم ده‌كێشم
كه‌ سه‌رده‌مێك بۆ بیرچوونه‌وه‌مان له‌ برسیه‌تی،
هه‌ر له‌و ژووره‌،
به‌ پشتی په‌نجه‌ره‌ی شكاوه‌وه‌
درۆی بۆ ده‌كردین!
كه‌چی درۆی تۆی نه‌دی و، جێی هێشتین!

ده‌مویست دوعایه‌ك بۆ به‌خته‌وه‌ری لای خودا بخوێنم
فریا نه‌كه‌وتم، دوعایان كوشت
ئێستا،
عیشق لێوان لێوه‌ له‌ ته‌نیایی!
ساقیش له‌شه‌رابی مه‌رگ باده‌ بۆ پیاوه‌ شێته‌كان تێده‌كات!
نازانم شێتی من سزای چییه‌؟!
تێناگه‌م دایكم بۆ لێخۆشبوونی كێ پێم ده‌ڵێ نوێژ بكه‌
له‌و دیوی باغه‌كانیشه‌وه‌
له‌ سێبه‌ری سێوه‌ سوره‌كان
دڕنده‌یه‌ك وانه‌ی ویژدان فێری گوڵ ده‌كات!
كێ هه‌یه‌ وشه‌یه‌ك له‌ زمانی من تێبگا؟

منداڵه‌كانیش ده‌مرن
به‌دیار كاته‌كانی ئێستاوه‌، شیوه‌ن ده‌كه‌ن!
ده‌مرن و ره‌نگه‌ له‌وێ بنێژرێن!
له‌ نێوانی به‌هه‌شت و جه‌هه‌نه‌م
تكایه‌ بمانده‌نه‌وه‌ به‌رائه‌تی خۆڵ و
له‌ لێواری كه‌وشه‌كه‌ی ئاده‌م‌ نیشتمانێكمان بۆ به‌كرێ بگرن!
نیشتمانێك هه‌راج نه‌كرا بێت
تا له‌ مردن گوێمان به‌ شه‌ڕی فریشته‌كان ئاشنا بێت و
كه‌مێك ئاسوده‌ بین به‌ پێكه‌نینی خودا!
لێره‌،
عه‌شق مردنی خودایه‌ له‌ وجود و
زیندووبوونه‌وه‌ش، ته‌نیایه‌كی دیكه‌ له‌ ژیان!
لێره‌ هه‌موومان تاوانبارین به‌ خیانه‌ت له‌ فریشته‌كان!

با ئازاردانی رۆحی من تا زیندووبوونه‌وه‌ی زه‌وی له‌ خه‌یاڵت بنوێ
قه‌له‌می شیعری تۆش بۆ خوێندكاره‌كانی مه‌سیح ووشه‌ بگرێ
ره‌نگه‌ بیرت نه‌مابێ منیش ده‌رچووی قوتابخانه‌كه‌ت بووم
ره‌نگه‌ نه‌زانی رۆحی خۆته‌ ئیلهامی وه‌فا له‌ دڵی من ده‌چنێ
ئه‌ی ده‌نگه‌ كزه‌كه‌ی نێو ئه‌وینی سواوی من
گه‌ر وشه‌یه‌كی تێنووم ویستی رۆحت بمژێ،
بیخه‌ ده‌ریای ئاهه‌كانی خۆمه‌وه‌
با بمرم له‌ نیگای وشه‌یه‌كت،
ئه‌و وشانه‌ی بوون به‌ “ده‌ق”و،
تا ئه‌به‌د زیندوویه‌تیت پێیان به‌خشی!
ده‌ڕۆم و ته‌نیام!
ده‌ڕوانم و ته‌نیام!
ده‌مرم و ته‌نیام!
ته‌نیایش مرد!
سۆراغی به‌خته‌وه‌ری له‌ كه‌ناری كام سه‌فه‌ر بپرسم؟
ماڵی نیگاكانی تۆ له‌ ئاسمانی كام شیعردا ببیستم!

دره‌نگان عیشق خاڵیم ده‌كاته‌وه‌ له‌ رق
ده‌تبه‌خشم گه‌ر ئازارت دام!
نیگای هه‌ر ئه‌وینێك و قوولی هه‌ر برینێكم له‌تۆن
مه‌ستی شكاندنی په‌نچه‌ره‌كانم هی تۆن!
له‌تۆن و مردن بۆ لای تۆ ده‌مهێنێته‌وه‌!
وه‌ك هاوین له‌ ئاسمانی سه‌رته‌وه‌ ده‌ڕوانم
جار جار ده‌بینم فریشته‌ ده‌بارێ!
ده‌مه‌وێ تا كۆتایی نامه‌ی مانه‌وه‌ی خۆمت بۆ بنێرم
تا له‌ ئاوابوونی ئێواره‌كانی من نه‌مریت
بمبوره‌ ئه‌گه‌ر به‌خته‌وه‌ری رووی تێنه‌كردیه‌وه‌
هێنده‌ پیربووم له‌ تۆ
به‌ ئاسته‌م هه‌ست به‌ بینینی وێنه‌یه‌ك ده‌كه‌م
له‌ كراسی بیره‌وه‌ریه‌كتدا ده‌ڵه‌رێته‌وه‌ و
ره‌نگی دلێكی لێ جێماوه‌،
تا هه‌نوكه‌ش حه‌سره‌تی ماچێكی لێ ده‌بارێ
لێوێك ده‌بینم، موشتاقی ته‌ڕبوونه‌
ته‌ڕبوون به‌ ئاوی كه‌وسه‌ر!
لێره‌ نابم،
چیم ماوه‌ له‌سه‌فه‌ری خودێكی بێ ئه‌وین،
مردنێكی شیرین نه‌بێ!

 

 

با خواكه‌ی تۆ شاهید بێت، جگه‌ له‌ تۆ
كه‌سی دیكه‌م نه‌بینیوه‌ هێنده‌ تاڵ بێ
كه‌چی تۆ په‌یامی منت سوتاند!
تا پڕ ده‌بم له‌ بۆنی ئارامیت، ناچمه‌وه‌ لای ئه‌وان
با شاهێد بێت له‌ حزووریدا چه‌ند داوای تۆم كرد
هیچتان به‌ ده‌نگمه‌وه‌ نه‌هاتن
خه‌وتن له‌ باخچه‌كانی ئارامی و نه‌تانزانی!
كێ ئومێده‌كانی منی سوتاند
كێ بۆ ئه‌به‌د خه‌ونه‌كانی منی له‌ عیشقی ئاودا تۆراند
كێ “گوڵه‌ مه‌ریه‌می” له‌ باخچه‌ی بیره‌وه‌ریه‌كانی من وه‌راند
كێ مه‌غریبه‌كانی عیشقی منی كوژانده‌وه‌و
كێ ئاخرین چرپه‌ی رۆحی ماندوومی بزواند؟

باوه‌ڕم به‌ خواكه‌ی تۆ به‌هێزه‌، ئه‌ی قه‌ده‌ر!
دایكم فێری كردم قیسمه‌ت ئه‌مانباته‌وه‌ گۆرستان
باوكیشم هه‌موو جار ده‌یگوت:
“مه‌رج نییه‌ به‌ختی باش به‌خته‌وه‌ری بێت”
ئه‌و،
تا مردنی به‌ “نان و ئاو” به‌خته‌وه‌ر بوو
ده‌یگوت:
؛ بیخۆن رزقی ئێمه‌یه‌؛
ده‌شێ رزقی من و تۆش وا بێت
به‌خته‌وه‌ری بمباته‌وه‌ گۆرستان!
ئه‌ی نیشتمان تۆ چۆن غه‌درت بیر ده‌چێته‌وه‌
كه‌ نوێژه‌كانت بۆ بیرچوونه‌وه‌ی كوشتنی من ته‌واو كرد
بیرت نه‌چێت بۆ مه‌رگیشم بلێ:
“انا لله‌ وانا الیه‌ راجعون”.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.