Skip to Content

Tuesday, October 8th, 2024
با مه‌سه‌له‌ گرنگه‌کانمان له‌ياد نه‌چن..!

با مه‌سه‌له‌ گرنگه‌کانمان له‌ياد نه‌چن..!

Closed
by October 11, 2010 گشتی

                                                                                     
                                                                                                      
 
پێتان سه‌ير نه‌بێت هه‌ندێک لايه‌ن وده‌سته‌و کۆمه‌ڵ و که‌سانی وا هه‌ن، چ له‌ عيراقداو، يان له‌ کوردستانداو، ياخود له‌ هه‌رێمه‌که‌دا، به‌جۆرێک ده‌جوڵێنه‌وه‌و کۆشش ده‌که‌ن تا گه‌لی کوردستان و هێزو حيزبه‌ ره‌سه‌نه‌کانی مه‌سه‌له‌ گرنه‌کانی ئه‌مڕۆی گه‌له‌که‌مانيان له‌ياد بچن فه‌رامۆشيان بکه‌ن.
بۆيه ده‌بێ هه‌ر‌ده‌م جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ گرنگانه‌ بکه‌ينه‌وه‌و، به‌هه‌موو رێوشوێنێکی تێکۆشان هه‌وڵ بده‌ين له‌بيرنه‌کرێن. بێگومان ئه‌مانه‌ ته‌واوی ئامانجه‌کانی خه‌باتماننين و ئامانجی قۆناغێکن، چونکه‌ ئامانجی له‌وانيش گرنگتر هه‌ن و بارودۆخه‌که‌ ده‌يانخاته‌ پله‌ی يه‌که‌م. هه‌روا ئه‌مانه‌ ته‌نيا به‌شێکن له‌ مه‌سه‌له‌ گرنگه‌کان و پێموايه‌ به‌کورتی ئه‌مانه‌ن:
يه‌که‌م: جه‌ختکردنه‌وه‌ له‌سه‌ر په‌يڕه‌وکردنی ده‌ستور، هه‌رچه‌نده‌ که‌م وکوڕی و ناته‌واوييه‌کانيشی زۆرن، به‌ڵام به‌شێوه‌ی گشتی له‌به‌رژه‌وه‌نديی گه‌له‌که‌مانه‌ که‌ له‌م قۆناغه‌دا ده‌ستکاری نه‌کرێت و په‌يڕه‌وبکرێت، چونکه‌ هه‌ندێ لا‌يه‌ن ده‌يانه‌وێ به‌بارێکی خراپ ده‌ستکاريی بکرێت.
دووه‌م: به‌ندی ژماره‌ 140 له‌ ده‌ستور که‌ له‌سه‌ر که‌رکوک و ناوچه‌ دابڕاوه‌کانی کوردستانه‌ که‌ په‌يڕه‌وکردنی له‌ به‌رژه‌وه‌نديی گه‌لی کوردستانه‌. ئه‌م بڕياره‌ هه‌رچه‌نده‌ هه‌ندێ لايه‌نی نێگاتيڤی تێدايه‌، وه‌ک بابه‌تی راپرسی و سه‌رژمێری، چونکه‌ هێزه‌ شۆڤێنيه‌کان ده‌يانه‌وێ به‌ خراپ سووديان لێوه‌ربگرن و، شتێکی ئاشکرايه‌ که‌ ئه‌گه‌رچی به‌هۆی سياسه‌تی ته‌عريب و راگوێزانه‌وه‌ ويستراوه‌ ژماره‌ی کوردو تورکمان که‌م بکرێته‌وه‌، به‌ڵام که‌رکوک به‌هه‌موو پێوانه‌يه‌کی مێژويی و جوگرافی هه‌ر کوردستانه‌و، گه‌لی کوردستان ده‌ستبه‌رداری نابێت. ئه‌وه‌ته‌ دووباره‌ لايه‌نه‌ شۆڤێنيه‌کان که‌ هه‌ندێکيان ديسان فه‌رمانڕه‌وان، يان به‌ره‌و فه‌رمانڕه‌وايی ته‌واوی ده‌چن، ده‌يانه‌وێ ده‌ستبه‌رداری سياسه‌تی ته‌عريب و کۆچبه‌ری و راگوێزان نه‌بن وبه‌ هه‌زارو يه‌ک فڕوفێڵ ده‌يانه‌وێ ژماره‌ی کوردان که‌م و ژماره‌ی عه‌ره‌بی هاورده‌ زيادبکه‌ن. ته‌نانه‌ت ئه‌و عه‌ره‌به‌ هاوردانه‌ی چه‌ندان مليۆن دينار قه‌ره‌بووشيان وه‌رگرتووه‌و هه‌ندێکيان له‌ ناوچه‌کانی خۆشيان زه‌وييان وه‌رگرتووه‌،‌ هه‌ر ده‌يانهێڵنه‌وه‌، يان ده‌يانگێڕنه‌وه‌ بۆ که‌رکوک و ناوچه‌کانی کوردستان. بۆيه‌ ئه‌مه‌ش به‌هيچ جۆرێک شايانی پاشه‌کشه‌وقه‌بوڵکردن نيه‌.
به‌په‌يوه‌ندی له‌گه‌ڵ کێشه‌ی که‌رکوکدا، کێشه‌ی ناوچه‌ دابڕاوه‌کان زۆر گرنگه‌و ده‌بێ هه‌موو لايه‌ک به‌ يه‌ک هه‌ڵوێست له‌ کۆششدابن بۆ گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و ناوچه‌ دابڕاوانه‌ بۆ سه‌ر کوردستان. ئه‌مه‌ش مه‌سه‌له‌يه‌که‌ نابێ پشتگوێ بخرێت و باشه‌ خزمه‌تی خه‌ڵکی ئه‌و ناوچانه‌ بکرێت له‌لايه‌ک و باوه‌ڕو متمانه‌يان به‌هێزتربکرێت به‌جۆرێک که‌ بزاڤێکی خۆشيان په‌ره‌پێبدرێ بۆ داوای گێڕانه‌وه‌ی ناوچه‌کانيان بۆ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان.
به‌په‌يوه‌نديش له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌دا، مه‌سه‌له‌يه‌کی زۆر گرنگ دياريکردنی سنووری هه‌رێمی کوردستانه، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی کوردستان له‌هه‌موو بواره‌کاندا سنووری ده‌سه‌ڵاته‌کانی دياربێت و بتوانی له‌ بواره‌کانی ئابوری و رۆشنبيری و په‌روه‌رده‌و ته‌ندروستی و ئاوه‌دانکردنه‌وه‌و، هه‌موو بواره‌کانی تردا ئه‌رکی ده‌ستوريی خۆی به‌جێبگه‌يه‌نێت. ‌
سێيه‌م: سامانه‌کانی نه‌وته‌که‌ی کوردستان که‌ له‌بواری مێژوييه‌وه‌ بۆته‌ سه‌رچاوه‌ی مه‌ينه‌ت بۆ گه‌لی کوردستان و گۆران گوته‌نی به‌شه‌که‌مان له‌و سامانه‌ زۆره‌ی گه‌له‌که‌مان هه‌ر “داخ و ئاخ” بووه‌!. بۆيه‌ پێويسته‌ به‌هيچ جۆرێک له‌و مافه‌ ده‌ست به‌رنه‌درێ که‌ هه‌رێمی کورستان خۆی نه‌وته‌که‌ی به‌رهه‌م بێنێت و له‌ هه‌موو روويه‌که‌وه‌ خاوه‌نی بێت. به‌تايبه‌تی که‌ هه‌موان ده‌زانن عێراق له‌ريزی پێشه‌وه‌ی وڵاتانی نه‌وتدارو به‌رهه‌مهێنه‌ره‌‌و، گه‌وره‌ترين يه‌ده‌گی نه‌وت نزيکه‌ی12%ی    يه‌ده‌گی هه‌موو جيهان له‌ کێڵگه‌ نه‌وتيه‌کانی ره‌مێله‌و ناوچه‌کانی ديکه‌ی عێڕاقه‌. له‌ سه‌رده‌می رژێمه‌کانی پێشووی عێراقدا خه‌باتی گه‌ل و هێزه‌ نيشتيمانپه‌روه‌ره‌کانی له‌دژی کۆمپانيا مۆنۆپۆله‌کانی نه‌وت و رێکه‌وتنی نابه‌رانبه‌رو کۆيلايه‌تی ئاڕاسته‌بوو. راسته‌ ئێستا بارودۆخه‌که‌ گۆڕدرانی به‌سه‌ردا هاتووه‌ به‌ڵام ده‌بێ له‌هه‌موو کۆنتراکته‌کاندا له‌گه‌ڵ کۆمپانياکانی وڵاتان به‌رژه‌وه‌نه‌ديی باڵای گه‌ل و نيشتيمان له‌به‌رچاوبگيرێت و رێگه‌نه‌درێ وڵاته‌ يه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مريکا يان به‌ريتانيا به‌ته‌نياباڵ ده‌سه‌ڵاتيان به‌سه‌ر سامانی نه‌وته‌که‌ماندا بسه‌پێنن، بۆئه‌مه‌ش باشه‌ هه‌ندێ رێکه‌وتن له‌ بواری نه‌وتدا له‌گه‌ڵ کۆماری چينی ميللی رێکبخرێت.
بۆيه‌ نابێ نه‌وت له‌هيچ لايه‌نێکه‌وه‌ به‌قاچاغ بفرۆشرێت، نابێ سه‌ربه‌خۆيی و سه‌روه‌ريی نيشتيمانی و به‌رژه‌وه‌نديی گه‌له‌که‌مان له‌ رێکه‌وتنه‌ نه‌وتييه‌کاندا فه‌رامۆشبکرێت و ده‌بێ له‌ کۆنتراکته‌کاندا رێگه‌ی پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی هه‌ريم له‌به‌رچاو بگيرێت و بايه‌خێکی فره‌ زۆرتر به‌ پاڵاوته‌کان و هه‌موو ده‌رهاتووه‌کانی نه‌وت وپيشه‌سازيی نه‌وت بدرێت.‌
سێيه‌م: باری گوزه‌ران و ژيانی خه‌ڵک: بايه‌خدان به‌ باری گوزه‌ران و ژيانی خه‌ڵک يه‌کێکه‌ له‌ مه‌سه‌له‌ هه‌ره گرنگه‌کان که‌ ده‌بێ بايه‌خيان پێبدرێ‌.  دابينکردنی کاره‌بای فول بۆ ماوی 24 سه‌عات بۆ هاونيشتيمانيان، هه‌روا  ئاو، ئاوه‌ڕۆ، رێگاوبان چاکردنی شه‌قام و کۆڵانه‌کان. به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی ژيان، چاوگێڕانه‌وه‌ به‌ هه‌موو موچه‌کاندا به‌تايبه‌تی موچه‌ی خانه‌نشينه‌کان. دانانی سنوورێک بۆ به‌رزکردنه‌وه‌ی نرخ له‌ بازاردا. پاراستنی که‌رتی گشتی و، دوورکه‌وتنه‌وه‌ له‌وه‌ی که‌رتی خزمه‌ته‌ گشتييه‌کان بدرێته‌ که‌رتی گشتی، به‌تايبه‌تی وه‌ک په‌روه‌رده‌و ته‌ندروستی وپۆست.
چواره‌م: پۆسته‌ سيادييه‌کان: ده‌بێ له‌پۆسته‌ سيادييه‌کانداو له‌ به‌شداريی نوێنه‌ری گه‌لی کوردستاندا، که‌ ئێستا هه‌ر روو له‌دياريکردنی پۆستی سه‌رکۆماره‌، ده‌بێ له‌و گۆشه‌ نيگايه‌وه‌ سه‌رنج بدرێ که‌ ئه‌و پۆسته‌ ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوی خۆی بدرێتێ و هه‌ر پۆستێکی “ته‌شريفاتی” نه‌بێت. ئه‌گه‌ر وانه‌بێ ئه‌وا پێويست ناکات هه‌موو ته‌قه‌لايه‌کمان بۆ وه‌رگرتنی ئه‌و پۆسته‌ بێ ده‌سه‌ڵاته‌بێ.
پێنجه‌م: دياری کردنی بوجه‌ی پێويست و هه‌نگاونانی جۆربه‌جۆر بۆ دامه‌زراندنی کارگه‌و فابريکه‌ی ناوه‌ڕاست و گه‌وره‌ بۆ به‌رهه‌مهێنانی کاڵای جۆربه‌جۆرو، سووککردنی بێکاری له‌ناو چين و توێژه‌ جۆربه‌جۆره‌کانی گه‌لدا.
شه‌شه‌م: به‌ هێزکردنی يه‌کێتيی ريزه‌کانی گه‌ل و حيزب و هێزه‌ نيشتيمانپه‌روه‌ره‌کانی. رێزگرتنی ئۆپۆزيسيۆن و پياده‌کردنی ديموکراسيی راسته‌قينه‌و ئازاديه‌ ره‌هاکان‌. گوێگرتن و به‌هه‌ند وه‌رگرتن وسه‌رنجدانی هه‌موو ره‌خنه‌کانی هاونيشتيمانان و به‌تايبه‌تی رۆژنامه‌نووسان ونووسه‌ران و رۆشنبيران.
  پێموايه‌ ئه‌م چه‌ند خاڵه‌ گرنگی ته‌واوی خۆيان هه‌يه‌و بێگومان زۆر خاڵی گرنگيتريش هه‌ن‌ که‌ نا‌بێ له‌ بير بکرێن. ئه‌ی خوێنه‌ری به‌ڕێز تۆ ده‌ڵێی چێ؟

                                                                     10/10/2010

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.