
جیاوازیی نێوان خێڵی عاره‌ب و خێڵی کورد، له ڕووی سیاسییه‌وه
خێڵی عاره‌ب و خێڵی کورد له ڕووی ژیانی ڕۆژانه، شه‌ڕوشۆڕی نێوان خێڵه‌کان، گوێڕایه‌ڵی بۆ سه‌رخێڵ و ڕوانینیان بۆ دۆزی ژن و ترشوتاڵانی، به ڕاده‌یه‌کی زۆر چونیه‌کن. به‌ڵام له ڕووی سیاسییه‌وه جیاوازیی زۆریان له نێواندا هه‌یه. وه‌لێ به هاتنی ئایینی ئیسلام، وه‌رچه‌رخانی میژوویی و بنه‌ڕه‌تی له ئه‌رکی خێڵه‌کانی عاره‌بدا هاته ئاراوه. ئه‌وی ڕاستی بێت، ئه‌وه خێڵه چۆڵگهردهکانی (به‌دو) بیابان نشین بوون، که نزیکه‌ی پانزه سه‌ده‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر ئایینی ئیسلامیان گه‌یانده ئه‌م کوردستانه و ئێمه‌یشیان پێمل کرد. هه‌مان ئه‌و خێڵانهیش بوون، به هێزی ئه‌سپی خۆشبه‌ز و شمشێره باریکه‌کانیان ئیسلامیان گه‌یانده ئاسیای گچکه و ئێران و دواتر، دوورتر به‌ره‌و ڕۆژئاوایان برد، تاکو گه‌یاندیانه ئه‌وپه‌ڕی باکووری ئه‌فریقایش. ئه‌و خێڵه چۆڵگهردانه تاکو پێش سه‌رهه‌ڵدانی ئایینی ئیسلام، له په‌راوێزی مێژوودا بوون. وه‌لێ دواترێ، هه‌ر ئه‌وان بوون ئایینه‌که‌یان له باکووری ئهفریقایشهوه په‌ڕانده‌وه به‌ری ئه‌وروپا و له ئیسپانیادا جێگیر بوون. نووسه‌ری دانیمارکی (پۆلسن) له کتێبه‌که‌ی خۆیدا به ناوی (به‌دوه‌کان) ده‌ڵێ:
((له ساڵی 632 زایین به‌دواوه، ئیسلام به‌ره‌و خۆرئاوای نیمچه‌دورگه‌ی عاره‌ب کشاو (به‌دو) ی عاره‌ب توانییان خێڵه (به‌ربه‌ر)ه ڕه‌وه‌نده‌کان له جێی خۆیان، واته له بیابانه‌کانی ئه‌فریقا، هه‌ڵبکه‌نن و خۆیان جێیان بگرنه‌وه… بڕوانه: به‌دوه‌کان، فلیمینگ مادسن پۆلسن.. ل/ 5))
له‌پای چی و به چ نیازێک خێڵه‌کانی عاره‌ب، پشتیان کرده بتپه‌رستی و چوونه خزمه‌تی ئه‌م ئایینه نوێیه‌وه؟ پۆڵسن که‌م و زۆر به‌لای وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره‌دا نه‌چووه، یان هه‌ر نه‌یویستووه باسی بکات. ڕاستییه‌که‌ی ئه‌وه‌یه: وه‌ک چۆن ئایینی ئیسلام به مه‌به‌ستی به خێرایی په‌لهاویشتن و بڵاوکردنه‌وه‌ی به دنیادا، سوودی له سروشتی خێڵ بینی، خێڵیش دووجا سوودی له‌م ئایینه نوێیه بینی. چونکه ئه‌م ئاییینه نوێیه به به‌رفراوانی ده‌روازه‌ی (غه‌زو) ی به ڕووی جیهاندا بۆ خستنه سه‌رپشت و بۆیشی حه‌ڵاڵ کردن. ئاشکرایه خێڵی ده‌مارگیر هه‌میشه توندوتیژی به‌رهه‌مدێنێت، وه‌لێ ئیسلام به‌وه‌ی خێڵی خسته ژێر ڕکێفی خۆیه‌وه، ئیدی ئه‌م توندوتیژییه‌ی له فۆرمێکی نوێ‌دا و به سوودی خۆی هه‌نارده‌ی ده‌رێی نیمچه‌دورگه‌ی عاره‌ب کرد و هه‌تا ماوه‌یه‌کیش له قه‌ڵه‌مڕه‌وی خۆی دووریخسته‌وه.
به‌رله هاتنی ئیسلام، خیڵی عاره‌ب پڕکێشی ئه‌وه‌ی نه‌کردووه له قه‌ڵه‌مڕه‌وی فارس و کورد و ڕۆم و… هتد ڕاووڕووت و تاڵانی بکات و ژن وکچیشیان به تاڵان (سبي) ببات. به‌ڵکو ئه‌وان ته‌نیا ڕێیان به کاروانه‌کانی نێو خودی نیمچه‌دورگه‌ی عاره‌ب ده‌گرت. خێڵه عاره‌به‌کان ته‌نیا هه‌ڵیانده‌کوتایه سه‌ر یه‌کتری و غه‌زوی یهکودوویان ده‌کرد. به‌م پێیه، ئه‌و ده‌مه ده‌ستکه‌وتی (غنیمة) که‌م و سنوورداریشیان هه‌بوو. چونکه هه‌ڵکه‌وته‌ی خودی نیمچه‌دورگه‌ی عاره‌ب کڕێن و قاقڕه. جیاوازیه‌کی زۆری له‌گه‌ڵ سه‌رزه‌مینی وڵاتی فارس و کورد و ڕۆمی خاوه‌ن ساماندا هه‌یه.
به‌رله هاتنی ئایینی ئیسلام، جه‌نگاوه‌ری خێڵ، بۆی هه‌بوو کیژ و ژنه عاره‌بی له غهزوودا به‌دیل گیراو (سبي)، بکاته که‌نیزه (جاریة) ی خۆی. وه‌لێ به هاتنی ئیسلام، ئیدی به سه‌دان خێڵی عاره‌ب که پێشتر شیر و تیریان له یه‌ک ده‌سوو، شمشێره باریک و ئه‌سپه خۆشبهزهکانیان خسته پاڵ یه‌ک و له ژێر ناونیشانی پیرۆز و شکۆداری ئایینی ئیسلامدا، ڕوویان له ده‌رێی نیمچه‌دورگه‌ی عاره‌ب کرد. توانییان غه‌زوی وڵاتان و گه‌لانی دووره‌ده‌ست بکه‌ن و هه‌ر له‌م ڕێگه‌یه‌یشه‌وه ژێرخانی ئابووری خۆیان چه‌ندین جار به‌هێزتر و ده‌وڵه‌مه‌ندتر بکه‌ن. هه‌روه‌ک ژێرخانی ئابووریی ده‌وڵه‌تی خه‌لافه‌تیشیان ده‌وڵه‌مه‌ند کرد.
ئه‌وان توانییان له ده‌رێی ڕێوڕه‌سمی ماره‌بڕین و هاوسه‌رگیرییه‌وه، ده‌یان کیژۆڵه‌ی کورد و فارس و قیبتی و… تاد به که‌نیزه بکه‌ن. له بازاری کۆیله‌دا ده‌یانفرۆشتن و بازرگانیشیان پێوه‌ده‌کردن. له‌و مێژووه به دواوه ئیدی به ده‌یانهه‌زار کیژی، ده‌یان نه‌ته‌وه‌ی دیکه‌یش بوونه که‌نیزه و نیچیری ڕاویان. ئه‌وه‌ی له خۆشیان زیادبوایه، به تایبه‌تی له باکووری ئه‌فریقاوه به کاروان، له‌پاڵ ماڵ و سامانی دیکه‌دا به‌ره‌و بیابانی نیمچه‌دورگه‌ی عاره‌ب، وه‌ک ده‌ستکه‌وتی جه‌نگ، به‌ڕێیان ده‌کرد.
الجابری، پێی وایه: ((ده‌وڵه‌تی عاره‌بی له‌سه‌ر دوو بناغه‌ی ناکۆک دامه‌زراوه: ئایین، که خه‌ڵکی یه‌کده‌خات، ده‌مارگیری، که دووبه‌ره‌کی ده‌نێته‌وه.. ئایین ئه‌و ڕۆژه دهمارگییریهکانی یه‌کخست، کاتێک به هۆی (فتوحات) ه‌وه ده‌ستکه‌وتی زۆری جه‌نگی هه‌بوو. دهمارگیرییهکانیش ئه‌و ڕۆژه دووبه‌ره‌کییان نایه‌وه، کاتێک که هه‌ڵمه‌ته‌کانی (فتوحات) وه‌ستان… یه‌کێتیی دین و ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ر بناغه‌ی ئابووریی غه‌زو چێ بووبوو، که پشتی به غه‌زوی به‌رفراوان و ده‌ستکه‌وتی زۆر و زه‌به‌نده ده‌به‌ست، که هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ژێرخانگهل و سهرخانگهلی نوێی پێکه‌وه خولقاند… بڕوانه: محمد عابد الجابري، البادیة مرکز الثقل في التأریخ العربي کله! 2008-12-9))
لێره‌دا به‌نده له‌گه‌ڵ ڕای ئهلجابیریدا نیم. کاتێک ئه‌و ته‌واوی ئه‌و جه‌نگانه به (فتوحات) ناوده‌بات. ده‌شێ ئه‌لجابیری بۆ گه‌لێکی بتپه‌رست ئه‌م زاراوه‌یه به‌کاربه‌رێت. وه‌لێ یه‌ک له باری گه‌لی کورد، ئه‌م زاراوه‌یه ناجۆر و ناڕهوایشه، چونکه پێش هاتنی ئیسلام کورد گه‌لێکی بتپه‌رست نه‌بوو. به‌ڵکو خاوه‌نی ئایینی پیرۆزی خۆی بووه و خواپه‌رست و یه‌کتاپه‌رست بووه. لێره‌دا جێی وتنه دوکتۆر محه‌ممه‌د عابید ئه‌لجابری بۆ خۆێشی، وه‌ک نه‌ته‌وه، سه‌ربه گه‌لی به‌ربه‌ره که خاوه‌نی ڕاسته‌قینه‌ی باکووری ئه‌فریقایه. ئهمازیغهکانیش پێش هاتنی ئایینی ئیسلام، کریستیان بوون، نه‌ک بتپه‌رست!
سه‌باره‌ت ڕۆڵی خه‌ته‌رناکی خێڵه عاره‌ب، ئه‌لجابیری له هه‌مان وتاردا نووسیوێتی: ((کاتێکیش فتوحات وه‌ستا. واته کاتێک ده‌ستکه‌وته‌کانی جه‌نگ (غنائم) وه‌ستان و باج و خه‌راج چکیان کرد، ئیدی غه‌زوی ده‌ره‌کی (جیهاد) هه‌ڵگه‌ڕایه‌وه بۆ غه‌زوی ناوه‌کی. ئیدی ملانێیهکه بووه ملانێی ده‌مارگیری/ ئابووری…))
پێشتریش که‌سوکاری په‌یامبه‌ری ئیسلام، (محه‌ممه‌د)ی منداڵیان ڕه‌وانه‌ی نێو خێڵه‌کانی بیابان کردبوو، تاکو له‌وێ، له نزیکه‌وه ئاشنایه‌تی له کولتووری خێڵدا په‌یدا بکات. دواتریش له سه‌رده‌می فتوحاتدا هه‌ر خێڵه‌کانی (به‌دو) بوون، که ئیسلامیان گه‌یانده بنی دنیا.. هه‌ر به‌دوه‌کان بوون دواتر، به‌کرده‌وه چه‌ندین ده‌وڵه‌تیان دروست کرد.
ئیسلام، سه‌ره‌تا وه‌ک ئاینێک بۆ ته‌واوی مرۆڤایه‌تی به‌دیارکه‌وت. جیاوازیی له نێوان خێڵ و نه‌ته‌وه‌کاندا نه‌ده‌کرد. له ژێر دروشمی (ئومه‌تی ئیسلام) دا، به یه‌ک چاو سه‌یری هه‌موویانی ده‌کرد. توانی هه‌تا ماوه‌یه‌ک، ده‌مارگیریی (تعصب) خێڵ لغاو بکات، به‌ڵام ئایینی ئیسلام نه‌یتوانی خێڵ و سیستمی خێڵایه‌تی بسڕێته‌وه. یارانی محه‌ممه‌د (صحابه) که به سه‌دان کادیری شاره‌زا و قه‌درگران بوون، وڵاتیان به شێوه‌یه‌کی یه‌کسان و دادپه‌روه‌رانه به‌ڕێوه‌ده‌برد.
هه‌ر ئه‌وانیش بربڕه‌ی پشتی فه‌رمانڕه‌وایی ده‌ورانی (خه‌لیفه‌کانی ڕاشدین) بوون. وه‌لێ به ونبوونی ئه‌و نه‌وه‌یه، له نوێ ماکی ده‌مارگیری و ناکۆکی خه‌فه‌کراوی نێوان خێڵ و به‌ره‌بابه نه‌یاره‌کان، وه‌ک تیراوێ جارێکی دی سه‌ری هه‌ڵدایه‌وه. ئه‌و ناکۆکییانه گه‌لێک جه‌نگی خوێناویشیان لێ که‌وته‌وه. دواتر چه‌ندین ده‌وڵه‌تی خێڵ و به‌ره‌باب له‌و قهڵهمڕهوهدا چێ بوون و گه‌لێک تایه‌فه‌ی ئایینییش له‌سه‌ر حسابی ئیسلام سه‌ریان هه‌ڵدا. جارێکی دیکه خێڵ، به‌وپه‌ڕی هێزه‌وه، هاته‌وه نێو جه‌نگه‌ی کایه و ملانێکان و سه‌ری مه‌یدانی گرته‌وه.
د. عمادالدین خلیل، له کتێبه‌که‌یدا ده‌ڵێ :((له نێو جه‌نگه‌ی ڕووداوه‌کاندا، له تافی به‌ره‌نگاریی سه‌ختی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی‌دا له به‌رامبه‌ر ئیمپراتۆریا گه‌وره‌کانی هاوچه‌رخی خۆیدا له وڵاتانی فارس و ڕۆم، خێڵی (ئه‌عراب)، که له زۆمهکانیاندا له بیابان نوقمی جه‌هاله‌ت و ده‌مارگیری بوون، بواریان بۆ ڕه‌خسا به فراوانی بێنه نێو ڕیزه‌کانی سوپای (فتوحات) ه‌وه که له ته‌ک به‌رته‌سکبوونه‌وه‌ی ڕۆڵی یارانی محه‌ممه‌ددا، به هۆی چوونه نێو ته‌مه‌ن و شه‌هید بوونیانه به ژماره‌ی زۆر هاوکات بوو… بڕوانه: مدخل الی الحضارة الإسلامیة، ص/164))
به گه‌ڕانه‌وه‌ی ڕۆڵی خێڵه‌کانی (ئه‌عراب) ی بیاباننشین که نه‌خوێنده‌وار و ده‌مارگیربوون، گوزه‌رانیشیان له سه‌ر داهاتی غه‌زو به‌ڕێوه ده‌چوو، (وه‌ک مێژوونووسه‌کانی عاره‌ب خۆیان ناویان لێناون و باسیان ده‌که‌ن) ئیدی توانییان چه‌ندین ده‌وڵه‌ت چێ بکه‌ن که پڕانی ئه‌وان ناوی خێڵ و بنه‌ماڵه‌کانیان هه‌ڵگرتبوو له بری ناوی ئیسلام.
د. عمادالدین خلیل ده‌ڵێ: ((… له‌به‌ر ئه‌م هۆیانه، هه‌ر ده‌بێت فیتنه به‌رپا ببێت و خه‌لافه‌ت بڕووخێت و له جێگه‌ی وی دهستڵاتی خێڵ و ده‌مارگیری و خۆپه‌رستی و بێدادی بێته ئاراوه.. مدخل الی الحضارة الإسلامیة، ص/165))
(ئال سعود) بنه‌ماڵه‌یه‌کی ده‌ستڕۆیشتووی نیشته‌جێی بیابانی (نه‌جد) بوون. به هاوکاریی خیڵه به‌دووه‌کانی ئه‌و بیابانه و شانبه‌شانی ڕێبازی وه‌هابی توانییان به‌شێکی پان و به‌رینی (نیمچه دورگه‌ی عاره‌ب) له قه‌باره‌یه‌کی سیاسی‌دا یه‌کبخه‌ن و بیخه‌نه ژێر باڵی خۆیانه‌وه و ده‌وڵه‌تی خێڵ له‌وێ چێ بکه‌ن. وه‌ک ده‌بینن، ئه‌مڕۆ ئه‌و شانشینه به حوکمی پێگه ئایینییه‌که‌ی به لایه‌ک و ئابووریی به‌هێزی به لایه‌کی دیکه، چ له نێو عه‌ره‌ب خۆیاندا و چ له سه‌ر ئاستی نێودهڵهتیشدا، ئۆرتێکی به‌رچاوی هه‌یه.
به‌ڵێ، ئه‌و شانشینه خاوه‌ن ئۆرته‌ی که سه‌رپه‌رشتی پیرۆزترین مه‌ڵبه‌ند له لای موسوڵمانانی جیهان ده‌کات، ده‌ستکردی خێڵه(به‌دو) ی عاره‌به. ئه‌گه‌رچی ئه‌و هه‌رێمه له ڕاستیدا ناوی وڵاتی عه‌ره‌ب، یان نیشتمانی عاره‌بی هه‌ڵگرتبوو، به‌ڵام (ئال سعود) هاتن ناوی بنه‌ماڵه‌که‌ی خۆیانیان پێوه لکاند و کردوویانه به (شانشینی عه‌ره‌بی سعودی).
سه‌رنج له ئالیکاریی نێوان ڕێبازی (محه‌ممه‌د بن عه‌بدولوه‌هاب)ی ڕابه‌ری ئاینی و خێڵی (ئال سعوود) بده، بزانه چلۆن ئاین بۆته پاڵپشتی خێڵ، بۆ چێ کردن و بته‌و داڕشتنی بناغه‌ی ده‌وڵه‌ت! (پۆلسن) وه‌هابییه‌ت به ئایدیۆلۆژیای ئه‌و شانشینه ده‌زانێ، که خێڵی به‌دو دایانمه‌زراندووه و له دنیایشدا هه‌ر به ناوی شانشینی (ئال سعود) ه‌وه ناوبانگی ڕۆیشتووه.
هه‌ر ئه‌م خێڵه بیابان گهردانهیش بوون که میرنشینه‌کانی عاره‌بی وه‌ک: ((رأس الخیمة، أم القیوین، عجمان، الفجیرة، شارقة، دبي، أبوظبي)) یان چێ کرد.. دواتر، له حه‌فتایه‌کانی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا، میرێکی دووربین و دنیادیوهیان به ناوی (شێخ زاید بن سلطان آل نه‌یان) که به نازناوه‌که‌یدا، واته (آل نه‌یان)، دیاره سه‌ر به به‌ره‌بابێکی دیاریکراوه، توانی ته‌واوی ئه‌م میرنشینه گچکه و پهرتوبڵاوانه له یه‌ک قه‌باره‌ی سیاسی‌دا به ناوی (میرنشینه‌کانی عه‌ربی یه‌کگرتوو) کۆ بکاته‌وه و ببێته ئه‌و سه‌نته‌ره بازرگانی و گه‌شتوگوزارییه گرینگه‌ی که ئه‌مرۆ له نێوچه‌کدا بێ وێنه‌یه. تۆ هه‌روا سه‌رنج له ئالیکاریی نێوان خێڵ و سهرخێڵهکانی عاره‌ب بده، بزانه چۆن توانیویانه فیدراسیۆنی نێوان خێڵه‌کان چێ بکه‌ن!
جه‌نگی جیهانیی یه‌که‌م به که‌وتنی ئیمپراتۆریای ئالی عوسمان کۆتایی هات. له‌م ڕووداوه مهزنهیشدا دیسان، خێڵه عاره‌به‌کان ڕۆڵی گرینگ‌یان له ده‌رکردنی پاشماوه‌کانی سوپای عوسمانی و بنیاتنانی چه‌ند شانشینێکی عه‌ره‌بیدا بینی. ئه‌فسه‌رێکی ئینگلیز، به ناوی (تۆماس ئیدوارد لۆرانس 1888_1935) که له سوپای به‌ریتانیادا پله‌ی (لهفتینانت کۆلۆنێل/ موقه‌دده‌م) ی هه‌بوو، دواتر به (لۆرانسی عاره‌ب) ناسرا، ڕۆڵێکی گرینگی له سه‌رکردایه‌تی و هه‌ڵخڕاندنی ئه‌و هێزه عارهبییانهدا بینی که له ساڵی 1916 دا، شۆڕشی عه‌ره‌بییان دژ به ده‌سته‌ڵاتی عوسمانی به‌رپاکرد. لۆرانس توانی خۆی له ته‌ک ئه‌و هێزانه‌دا که پڕانی وان له کوڕانی (به‌دو) بوون، بگونجێنێت و به چاکه‌ی به‌ریتانیا و میره عه‌ره‌به‌کان، به هه‌زاران به‌دوو ساز و جۆش بدات.
نووسه‌ری دانیمارکی (پۆڵسن) زیره‌کانه ئاماژه‌ی پێ ده‌دات، که هه‌ر خێڵی عه‌ره‌بیش بوون. له بیابانه‌وه شوێن بنه‌ماڵه‌ی (هاشمی) که‌وتن، و له (خۆرهه‌ڵاتی ڕوباری ئوردون) دا، (شانشینی ئوردونی هاشمی)یان چێ کرد. سه‌رنج بده، ئه‌وانیش شانشینه‌که‌ی خۆیان به ناوی خێڵ، یان به ناوی بنه‌ماڵه‌که‌ی خۆیانه‌وه چێکرد و ناوی (هاشمی) یان لێنا.. بۆیه‌کا زۆرێک له‌و فهرمانڕهواییانهی، که له مێژوودا خێڵ دروستی کردوون ناوی هه‌مان بهربابیان هه‌ڵگرتووه، وه‌ک: ((دهولة بني أمیة/ ده‌وڵه‌تی کوڕانی ئومه‌ییه))
(پۆڵسن) ئاماژه‌ی پێ ده‌دات و ده‌ڵێت: ئێستایشی له‌گه‌ڵدا بێت، ئه‌وه خێڵی (به‌دو) وه که ئه‌و شانشینه ده‌پارێزن. ته‌نانه‌ت خودی (بۆدیگارد)ه‌کانی (شا حسێن)ی کۆچکردوویش (به‌دوو) بوون. واته جێی متمانه‌ی خودی پادشا بوون. ئه‌وان هه‌ر به جلکی میللیی بهدووهوه، واته به جامه‌دانی سووره‌وه، خودی پادشا و کۆشکی شاهانه‌یان ده‌پاراست. ئه‌وه‌نده هه‌یه، له‌سه‌ر جامه‌دانییه سووره‌که‌وه هێمای (تاج) ی پاشایه‌تییان دانابوو.
دیاره هه‌ر ئه‌م خێڵانهیش بوون زمان و کولتووری عه‌ربیان گه‌یانده ئه‌م هه‌رێمانه و کردیان به کولتووری زۆرێک له گه‌لانی به ئیسلام بوو. هه‌ر ئه‌م خێڵانهیش بوونه مایه‌ی ئه‌وه‌ی زمانی عاره‌بی، که زمانی قورئان و فه‌رمووده‌کانه ببێته زمانێکی بڵاوی جیهانی، که پێشتر زمانی خێڵێکی گچکه‌ی گۆشه‌گیری نێو نیمچه‌دورگه‌ی عاره‌ب بوو. دواتر به تێپه‌ڕینی زه‌مان، توانییان ڕووبه‌رێکی به‌رفراوانی کیشوه‌ری ئه‌فریقا بعارهبێنن.
ئایا ئه‌م ڕۆڵه گرینگه‌ی خێڵی عاره‌ب، به‌و هه‌موو ده‌مارگیری و نه‌خوێنده‌وارییه‌وه، ئه‌م هه‌موو چالاکییه‌یان له گه‌مه سیاسییه‌کاندا، هه‌ر له ده‌ستپێکی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئایینی ئیسلامه‌وه هه‌تا ده‌گاته ئێستا، له‌گه‌ڵ ڕۆڵی نه‌رێنیی خێڵه کوردی نه‌خوێنده‌ار و ده‌مارگیردا به‌راورد ده‌کرێت؟ ئێمه پێشر، له کتێبی (مێنته‌لێتیی خێڵ)دا، به درێژی ڕوونمان کردووه‌ته‌وه، ڕۆڵی خێڵهکورد له ئاستی چێ کردنی شانشین یان هه‌ر قه‌واره‌یه‌کی دیکه‌ی ده‌وڵه‌تدا چۆن بووه و چه‌ند ناجۆر مامه‌ڵه‌ی کردووه. بۆیه لێره‌دا پێویست به به‌ڵگه هێنانه‌وه و لێدوانی پتر ناکات.
به سه‌رێکی دیکه به‌شداری پێکردنی ئه‌و سه‌دان خێڵه (جاهیله) بیابان گه‌رده، له (فتوحات)دا، له نوێ داننانهوهیه به زه‌رووره‌تی بوونی خێڵدا و گرنگی ڕۆڵی خێڵ ده‌رده‌خات. به‌ردوام بوونی ڕۆڵی ئه‌وان به ته‌واوی ئاکار و بونیاد و کولتووری خۆیانه‌وه پێشان ده‌دات، که ڕاووڕووت پایه‌یه‌کی پێشچاوێتی. به‌م شێویه، دیسانه‌که خێڵ بوو به به‌شێک له پێکهاته‌ی ئایینی ئیسلامیش.
یه‌کێک له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی خێڵ ئه‌وه‌یه، که ئه‌و ده‌زگه‌یه‌کی (لامل)ه، به‌و ئاسانییه ملکه‌چی ڕێسا و یاساکان نابێت، ئه‌گه‌رچی پیرۆز بن و له ئاسمانیشڕا داباریبن، هه‌روه‌ها پابه‌ندی بیروباوه‌ڕی نوێ نابێت. له‌سه‌ر گوێڕایه‌ڵی بۆ خێڵی خۆی مکۆمه و هه‌تا سه‌رخێڵ و کولتووری کۆنینه‌ی خۆی وه‌ستابێت، مل به هیچ (مه‌ڕجه‌عییه‌ت) ێکی دیکه نادات. چاوی هه‌ر له‌سه‌ر تاڵانیی ماڵ و تاڵانیی مێینه‌کانی دوژمنه. له زه‌ین و ئاوه‌زی خێڵدا زه‌مه‌ن هێشتا هه‌ر له جێی خۆیه‌تی و گۆڕانی به سه‌ردا نایه‌ت.
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌م فاکتانهیشدا ده‌بینی خێڵی عاره‌ب به درێژایی مێژووی دوای سه‌رهه‌ڵدانی ئیسلام چ ڕۆڵێکی سیاسیی گرینگ‌یان گێڕاوه، به پێچه‌وانه‌ی خێڵی کورده‌وه که نه هیچ ستاتێکی سه‌ربه‌خۆیان پێکهێناوه و نه توانیویشیانه فیدراسیۆنی خێڵه‌کان چێ بکه‌ن، به‌ڵکو له هه‌ر ده‌ڤه‌رێکدا ئه‌گه‌ر سه‌رخێڵێکی نیشتمانی هه‌ڵکه‌وتبێت و به ڕووی داگیرکه‌ردا ڕاسابێت، له پێشدا خێڵه‌کانی دراوسێی خۆی به‌ره‌وڕووی بوونه‌ته‌وه و داویانه‌ته پاڵ داگیرکه‌ر.
ئێستایش، له‌م هه‌لومه‌رجه نوێیه‌ی دوای ڕووخانی ڕژێمی به‌عس دا، ئه‌وه‌تا خێڵه عاره‌به‌کان، به تایبه‌تی له قه‌ڵه‌مڕه‌وی سوننهنشیندا، ڕۆڵێکی گرنگ ده‌بینن. ئه‌وان توانیویانه نزیکه‌ی سه‌دهه‌زار جه‌نگاوه‌ری خێڵ جۆش بده‌ن و به‌م هێزه ته‌یاره، له‌نگه‌ری ئارامیی له نێوچه‌که‌ی خۆیاندا ڕابگرن. ئه‌وان له هه‌ر کێشه‌یه‌کی سیاسی‌دا، که سه‌رهه‌ڵبدات، ڕای خۆیان هه‌یه و گوێیان لێ ده‌گیرێت. هه‌ر له سه‌رۆکوه‌زیرانه‌وه هه‌تا ته‌واوی حیزبه‌کان، حسابیان بۆ ده‌که‌ن و داوای ئالیکاری و به‌ستنی هاوپه‌یمانییان لێ ده‌که‌ن. ته‌نانه‌ت سه‌رۆکی ئه‌مریکا (جۆرج بوش)ی کوڕ، له نۆره سه‌رۆکایه‌تیی خۆیدا، وه‌ک لایه‌نێک له پێکهاته‌ی سیاسی عیراق حسابی بۆ کردن و سه‌ردانی ئه‌میری خێڵه‌کانی ئه‌نباری کورد. ئه‌وان به زه‌برده‌ستی و مانۆڕی سیاسی خۆیان سه‌لماندوویانه، که پاژێکی گرنگن له هاوکێشه‌ی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیی عیراق.
وه‌لێ یه‌ک له باری خۆمان، ژماره‌یه‌ک خێڵه کورد، یان پاژێک له‌و خێڵه کوردانه هه‌ن، ڕژێم له سه‌نته‌ر هه‌رچۆنێک بێت، ئه‌وان بێ ئه‌وه‌ی له ماهییه‌تی بپرسن، یان به‌لایانه‌وه گرینگ بێت، ئاماده‌ن بچه‌نه خزمه‌تییه‌وه و چه‌کیشی بۆ هه‌ڵبگرن. وێڕای ئه‌وه، ئاماده‌ن دژ به خاک و میلله‌تی خۆیان بجه‌نگن، هه‌رکه‌سێک ڕابه‌ر بێت و هه‌ر حزبێکی کوردی باڵاده‌ست بێت.. ڕژێمی به‌عس له (2003)وه ڕووخاوه، که‌چی هه‌یانه ئاوات به گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌خوازێت. هه‌ر نه‌بێت کام ده‌سته‌و تاقمه‌ی له هزری به‌عسه‌وه نزیک بێت، ده‌چن له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یاندا کلک گرێ ده‌ده‌ن. ئاوایه جیاوازیی نێوان خێڵی عاره‌ب و خێڵی کورد له ڕووی سیاسییه‌وه. جیاوازییان ئاسمان و ڕێسمانه.
سه‌رچاوه:
(1) Kurdere, Truede Folk, Flemming Madsen Poulsen, Munksgaard, 1993. s.15.
(2) الدکتور عمادالدین خلیل، مدخل الی الحضارة الإسلامیة، المرکز الثقافي العربي، ط (1) بیروت، 2005.