
هه‌موو هاتووین ….. لوقمان مسته‌فا
هه‌موو هاتووین گه‌وره و بچووک، نێر ومێ، هه‌موو هاتووین ده‌سته ده‌سته ڕیز وه‌ستاوین تا دوا فرمێسک و دوا هه‌نسک، ماڵ ئاوای یه‌کجاریت لێ بکه‌ین، ئه‌ی ده‌نگی زوڵاڵ، ئه‌ی پێشمه‌رگه‌ی گۆرانی ڕاپه‌ڕین و کۆڵنه‌دان، ئه‌ی حه‌مه جوانه‌که‌ی هونه‌ری ناو دڵی هه‌موومان.
هه‌موو هاتووین ئه‌وانه‌ی دوێنێ له شادیه‌کاندا له خۆشیه‌کاندا گۆرانیت ده‌ووت بۆیان، هه‌موو هاتووین ئه‌و قه‌رزه گه‌وره‌یه‌ت بده‌ینه‌وه که‌لامانه، هه‌موو قه‌رزاری ده‌نگی تۆین ئاشقان و پێشمه‌رگه و دایکی شه‌هید، هه‌موومان قه‌رزارین و ده‌مانه‌وێت قه‌رزه‌که‌ت بده‌ینه‌وه، قه‌رزه‌که‌ی تۆ به‌ماڵ و پاره و سامان نادرێته‌وه، قه‌رزی تۆ ، قه‌رزی ڕۆحه، قه‌رزی هه‌سته ناسکه‌کانه، قه‌رزی گه‌وره‌ی هونه‌ری تۆیه، ده‌نگی تۆیه، هه‌موومان هاتووین بۆت ڕاوه‌ستاوین به‌پێوه.
هه‌موومان هاتووین، پڕ بهخۆشهویستیمان، پڕ به یادگاری و بیره‌وه‌ریه‌کانمان، دوو دوو ، سێ سێ ڕاوه‌ستاوین، چاو به‌فرمێسک بۆ مه‌رگی تۆ، دڵخۆش به ئاواز و به هونه‌ر و به هه‌ڵوێستت هۆ حه‌مه جوانه‌که‌ی هونه‌ر، هه‌موومان خاوه‌ن ماته‌مینین، که‌س به‌ته‌نها خاوه‌ن ماڵ و خاوه‌ن کۆستی تۆ نیه، هه‌موو به‌پێوه وه‌ستاوین چاومان ته‌ڕه‌و سڵاو ده‌که‌ین و وه‌ڵامی سڵاو ده‌ده‌ینه‌وه، میوان زۆره‌و خاوه‌ن ماڵیش له کۆچی تۆدا بێشوماره.
کێ بێ ئیتر خوشکه له‌یلا بلاوێنێ؟ کێ بێ ئیتر شێرکۆی هه‌تیوو بخه‌وێنێ؟ ئاخر دوای تۆ (هێمن)ی مه‌زن کێ ناڵه‌ی جودایهکهی بکات به گۆرانی؟ ئه‌مجاره‌یان ناڵهکهمان پڕ که‌سه‌ره، پڕ فرمێسکه، پڕ له‌بزه‌ی میهربانی و شۆڕوشه‌وقی دواماڵئاوی ته‌مه‌نته.
ئه‌مڕۆ هه‌موو شار خرۆشا، له هه‌موو کوچه‌و کۆڵانێکی هه‌ر جێگایه‌ک ده‌نگی تۆی پێگه‌شتبێت فرمێسک ڕژا، بۆ حه‌مه جوانه‌که‌ی هونه‌ر، بۆ ده‌نگه زوڵاڵه‌که‌ی خۆشی و شادی، ئه‌مڕۆ هه‌موومان هاتین، سه‌وز و سور و زه‌رد و شین، تۆ کوڕی هه‌موو ڕه‌نگه‌کان و هه‌موو ده‌نگه‌کان و هه‌موو چینه‌کان بووی، تۆ ئاوازی هه‌موو گه‌رووه‌کان بووی، تۆ خه‌م خۆر و خه‌م لابه‌ری هه‌موو ویژدانه‌کان بووی.
هه‌موو هاتووین، ده‌سته‌وئه‌ژنۆ، له‌به‌رده‌م کۆڕی پڕ خرۆشی مۆسیقای کوردی‌دا چاو به‌فرمێسک ڕاوه‌ستاوین، هه‌موو ڕاوه‌ستاوین ئه‌وه‌ی ساڵانێکه تۆ بۆت ووتووین ئێمه‌ش بۆ تۆی ئه‌ڵێینه‌وه، هه‌موو هاتووین، هه‌موو هاتووین.
لوقمان مسته‌فا
دانیمارک