جەلا دوقوربانى و دەستی دەرەكی
وەك قوربانییەكی زیندوی دەستی ئەو زنجیرە توندوتیژییەی لەو ماوەیەدا لە شاری سلێمانی و دەوروبەری بەرامبەر هاوڵاتیان كراوە ، بەمافی خۆمی دەزانم سەرنج و تێبینی خۆم بنوسم دەربارەی ڕاگەیاندراوێك كە ڕێك باسی ئەو حاڵەتانە دەكات كە منیش یەكێكم لەو كەسانەی كە ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە .
وەك لە ڕاگەیاندنەكانەوە بۆ هەموو لایەك دەركەوت لە ئێوارەی 26/9/2010 دا خانووە گوندییەكەم لە گوندی شیوی قازی – قەزای قەرەداغ بۆ جاری دووەم سوتێنرا یەوە ، بە جۆریك كە بێجگە لەوەی سەرجەم كەلوپەلەكانی سوتێنران ، خانووەكەش زیانی گەورەی بەركەوتووە . ڕێك دوو هەفتە دوای ئەو ڕوداوە ئاژانسی پاراستنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاندراوێك بڵاودەكاتەوە ، بۆیە سەرنج و تێبینییەكانم بەم جۆرە ڕووندەكەمەوە و سەرەتا بە پرسیار دەست پێدەكەم :
پرسیاری یەكەم : بۆچی سەرجەم تاوانەكان لە سلێمانی ڕوودەدەن كە لە ژێر ئیدارەی ” ی.ن.ك ” دایە و ناوچەی ژێر ئیدارەی پارتی ئارام و سەلامەتە .
پرسیاری دووەم : كاتێك كە خاوەنی ڕاگەیاندراوەكە دەستی دەرەكی تاوانبار دەكات . بۆچی هیچ ڕونكرنەوەیەكی نییە دەربارەی ئەو بەڵگە و سەرەداوانەی كە نیشانەی بوونی دەستی دەرەكین .
پرسیاری سێیەم : ئەو تاوانانە لە سنوری ئاسایشی یەكێتیدا ڕویداوە . بۆچی ئەمان”ب.گ.ئاسایشی سلێمانی ” هیچ لێدوان و هیچ زانیارییەكیان نییە دەربارەی بكەری ئەو تاوانانە . بەتایبەتی خۆم یەكێكم كە وەك قوربانییەك سەردانم كردوون بەمەبەستی لێكۆڵینەوە و دۆزینەوەی تاوانباران .
دەستی دەرەكی یان دەستی ناوەكی ؟
بێجگە لەوەی هیچ بەڵگەیەك لەو ئاژنسەوە بۆ هاوڵاتیان ڕوون نەكراوەتەوە كە بیسەلمێنێت دەستی دەرەكی لەپشت ئەو كارە دزێوانەوەیە . كاتێك كە بە ووردی سەرنج لە جۆری تاوانەكان دەدەین دەردەكەوێت جۆری تاوانەكان لە ئاستێكی زۆر نزمدان . بۆنمونە ڕژاندنی تێزاب بە بۆدی ئۆتۆمبێلێكی جۆری ڤۆڵڤۆی مۆدیلی كۆن ” 1982 ” كە خاوەنەكەی پۆلیسێكی خانەنیشن بێت . ئایا كام لۆژیك ڕێگەمان پێدەدات باوەڕبكەین كە دەوڵەتەكانی دراوسێمان ” ئەگەر ناحەزی هەرێم و پێشكەوتنەكانیشی بن” خۆیان تەكلیف بكەن و مجازەفە بە ئەندام و لایەنگرانی خۆیان بدەن بۆ كارێكی لەو جۆرە . ئەمە لە كاتێكدا خاوەنی ئەو ئۆتۆمبێلە لە هیچ چالاكییەكدا نەبووە دژی دەوڵەتەكانی دراوسێ . بەڵكو لە هەمان ڕۆژی ئەو ڕودااوەدا هاوبەشی كەمپینی” بێدەنگ نابین ” ی كردووە لە شاری سلێمانی .
لە لایەكی ترەوە كاتێك لە گوندێكی دوورەدەستی ناوچەی قەرەداغ خانوویەك دەسوتێنرێت و دەڵێن دەستی دەرەكییە . ئازادن ئەوانەی ڕاگەیاندراوی لەو جۆرە دەردەكەن ئەوانەش ئازادن كە باوەڕ بەم ڕاگەیاندراوە دەكەن . بەڵام زۆر زۆرن ئەوانەی كە باوەڕیان بە ڕاگەیاندنێكی لەو جۆرە نییە، ئەمە بێجگە لەوەی خۆ ئەگەر دەستی دەرەكی بگاتە ئەو ئاستەی بەسەر شار وقەزا و ناحییەكانی كوردستاندا بگوزەرێ و بگاتە گوندێكی چەپەك و خانوویەكی چۆڵ بسوتێنێت كەواتە مانای وایە بە سیخوڕی بێگانە تەنراوین و بە خۆمان نەزانیوە .
كەمبونەوەی متمانە و زۆربوونی گومان
هەموومان ، ئێمەی هاوڵاتی كە قوربانی دەستی ئەو توندوتیژییەن و ئەوانی دەسەڵات كە خاوەنی ڕاگەیاندراوەكەن كۆكین لەسەر ئەوەی كە لە پشتی ئەو كارانەوە دەستێكی سیاسی تێكدەر هەیە . بە مانایەكی تر دەستێكی نەخشە بۆ داڕێژراوە و بەرنامەی لایەنێكی سیاسییە
بۆ پشێوی ئەو ڕەوشەی ئێستای كوردستان . بەڵام دوو جیاوازیمان هەیە .
جیاوازی یەكەم : ئەوان جەخت لەوەدەكەنەوە كە دەستی دەرەكی لە پشت ئەو كارانەوەیە .بەڵام ئەوەندەی پەیوەندی بە ئێمەی قوربانییەوە هەبێت ناتوانین باوەڕ بەو ڕاگەیاندراوە بكەین و ڕامان وایە ئەو دەستە ناوەكییە نەك دەرەكی .
جیاوازی دووەم : لە ڕاگەیاندراوەكەدا وا هاتوە كە : پیلانگێڕی بۆ تێكدانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان زیادی كردووە . بەڵام ڕای ئێمە تەواو جیاوزەو قسەی ئێمە لەسەر ئەو واقیعەیە كە دەیبینین و پیلانەكە بۆ سەرجەم هەرێمی كوردستان نییە و پیلانەكە تەنیا لە ناوچەی سەوزدا بەڕێوە دەچێت .ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت كە خاوەنی دەسەڵات لە ناوچەی سەوز كە یەكێكە لەو دوو دەسەڵاتەی كە هەرێمی كوردستانیان بەش كردووە و هەر ئەو دوو دەسەڵاتەش خاوەنی دەزگا و دامەزراوەی لەو جۆرەن كە پێشتر تۆمەتبار كراون بە كاری تری لەو جۆرە . بەڵام كاتێك كە لە سنوری سەوزدا ئەو جۆرە كارانە ڕوودەدەن ، ئەوا گومانی تۆمەتباركردن لە دەسەڵاتی سەوز دوور دەكەوێتەوە ، لەبەر هیچنا بەڵكو لەبەرئەوەی كە لۆژیك ئەوە پەسەند ناكات لایەنێك بەدەستی خۆی پشێوی بۆ ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی دروست بكات . بە تایبەتی كە زۆربەی قوربانییەكان لە لایەنگیرانی گۆڕان بن . ئەمە لە كاتێكدا پەیوەندی گۆڕان و حیزبی خاوەن دەسەڵاتی ناوچەی سەوز ئەو ئاستەی تێپەڕاندبێت .
ماوە بڵێین كاتێك بەرپرسیارێتی شەهیدكردنی ڕۆژنامەنوس “سەردەشت ” دەخرێتە سەر حیزبی خاوەن دەسەڵاتی ناوچەی زەرد و فشاری زۆریان دەخرێتە سەر دواجار ئەوان بۆ دوور خستنەوەی گومان لە خۆیان دێن بە ڕاگەیاندراوێك سەردەشتی قوربانی دەكەن بە جەلاد .
كاتێكیش بەڕاگەیاندراوێكی ڕەسمی بێ بەڵگە و بێ بنەما تۆمەتی جەلادەكانی تاوانەكانی ئەم دواییە بەسەر دەستی دەرەكیدا دەبەخشنەوە ، ئەوا هێندەی تر گومانەكان لە سەر خۆیان نزیك دەكەنەوە .
دیارە داهاتویش هەمو ڕاستییەكان دەردەخات و هەموومان دەیبینین گەر توشی چارەنوسی سەردەشت نەبین .