كورته‌چیرۆك: من‌و ته‌رمه‌که‌ی ته‌نیشتم! نووسینی به زمانی ئاڵمانی: مه‌سعوود عه‌تایی
وه‌رگێڕانی: كـهریـم تـاقـانــه (سوید)….
تێبینی:
خوێنه‌ری ده‌لال..!
ئه‌م چیرۆكه‌ی له خواره‌وه ده‌یخوێنیته‌وه، دوكتۆر مه‌سعوود عه‌تایی ، نووسه‌ری ناسراوی ئێرانی، به زمانی ئه‌ڵمانیایی نووسیویهتیو "شه‌هلا حه‌مزاوی" كردوویه به فارسی. ئه‌منیش له وه‌رگێرانه‌كه‌ی "شه‌هلا"وه كردوومه‌ته كوردی.. هه‌ڵبه‌ت پاش چه‌ند ساڵێك، دوكتۆر مه‌سعوود عه‌تایی، خۆی چیرۆكه‌كه‌ی به فارسی بڵاو كرده‌وه، یان ڕاستتر بڵێم، كردی به فارسی. شایانی باسه كه من پاشان ده‌قی كوردییه‌كه‌م له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی نووسه‌ر خۆی دا به‌راورد كرد‌و جیاوازییه‌كم له وه‌رگێڕانه‌كه‌ی "شه‌هلا" دا نه‌بینی..
دوكتۆر مه‌سعوود عه‌تایی، كه نیشته‌جێی وڵاتی ئه‌ڵمانیایه، له‌م چیرۆكه‌دا به‌شێوه‌یه‌كی جوان‌و سه‌رنجڕاكێش باس له غهریبیو ئێش‌و ئازاری تاراوگه‌نشینی ده‌كا.. به‌شێوه‌یه‌ك كه ده‌یهه‌وێ تێمان بگه‌یه‌نێ‌و ئیمانمان پێ بێنێ كه "به‌رد له‌جێی خۆی سه‌نگینه"!
ئه‌م چیرۆكه هه‌ڵده‌گرێ چه‌ندین جاربخوێنرێتهوه.. فه‌رموون:-
دوای ئه‌وه‌ی که دوایین ڕه‌شپۆشه شینگێڕه‌کان له گۆڕه‌که‌م دوور که‌وتنه‌وه، ئاهێکی خه‌ماوی، به‌ڵام له‌سه‌رخۆم هه‌ڵکێشاو له تابووته‌که‌دا خۆم وه‌رسووڕاند.
ناڵه‌و گریانی خهڵکو وتارخوێندنه‌وه‌ی سه‌ر گڵکۆ ناڕاحهتو خه‌مباری کردبوومو هه‌ستم به ته‌وژمێکی دژوار ده‌کرد. ئێستا، خۆشحاڵ له‌وه‌ی که سه‌ره‌نجام تامی حه‌سانه‌وه‌ی
((نه‌بوونی بوون)) له گۆڕه‌پانی ژیاندا ده‌چێژم، له خه‌ڵوه‌تی خۆمدا ئارامم گرتبوو. به‌ڵام ئه‌م حه‌سانه‌وه‌یه کاتی بوو. له‌پڕ، ده‌نگێکی لهرزۆکو جاڕسکه‌ر هه‌ودای خه‌یاڵی بڕیم. سه‌ره‌تا وام بیر کرده‌وه یه‌کێک له تازیه‌باره‌کان گه‌ڕاوه‌ته‌وه تا ئه‌وه‌ی له‌باره‌مه‌وه بیری کردبۆوه، بێپه‌رده بیڵێ‌و ڕزگاری بێ. به‌ڵام ده‌نگه‌که له ژوور سه‌رمه‌وه نه‌بوو، به‌ڵکوو له ژێر خاکه‌وه بوو، ڕاستترم گوتبێ، له‌لای چه‌پمه‌وه ده‌هات!
ده‌نگی پیاوێک بوو به ئه‌ڵمانی قسه‌ی ده‌کرد. دیسان خۆمم خسته‌وه سه‌ر پشت‌و به سه‌ر ئانیشکی ده‌ستی چه‌پمدا نه‌ختێ ڕاست بوومه‌وه‌و گوێم دایه قسه‌کانی.
ده‌یگوت:
_ " ئه‌مه چ کڵۆڵییه‌که؟! له ژێر چه‌ندین خه‌رواره خاکیشدا مرۆڤ له‌شه‌ڕی بیانییه‌کان ئامان‌و ئارامی نییه. سی ساڵی دوایی ده‌بوایه له ژیانمدا له‌به‌ر ئه‌مانه داخ‌و که‌سه‌ر بخۆم‌و ئێستاش ڕه‌نگه سێ سه‌د ساڵیدیکهش له قۆناغه‌کانی نه‌بوونی بکێشم. "
بهپهشۆکاویو ترسه‌وه هاوارم کرد:
_ " کێ له‌وێیه؟! "
وه‌ڵامی دایه‌وه:
_ " ئه‌م ماوه دوور‌و درێژه له‌نێو مه‌مله‌که‌تی ئێمه‌دا ژیاوی، به‌ڵام هێشتا ڕسته‌یه‌کی دروست‌و به‌جێ فێر نه‌بووی… مرۆڤ ده‌ڵێ: تکایه! که‌سێ له‌وێیه؟ "
وه‌ک قوتابییه‌کی منداڵ ملم بۆ دا‌و ڕسته‌که‌م دووپات کرده‌وه: "تکایه، که‌سێ له‌وێیه؟!. "
دیسانه‌وه به‌توندی گوتی:
_ " ئیستا ناوی من هیچ پێوه‌ندییه‌کی له‌گه‌ڵ ئێوه نییه. ئه‌من له مڵکی خۆمدا گۆڕ کراوم، نه‌ک وه‌ک به‌ڕێزتان له غوربه‌تدا. "
له وه‌ڵامدا گوتم:
_ " بابه، ئێستا ئیدی ده‌بێ بۆ ئێوه جیاوازی نه‌بێ که ئه‌ڵمانی لێره نیژراوه، یاخود بیانی. "
ته‌رمه‌که‌ی ته‌نیشتم له‌م کاته‌دا قسه‌که‌ی پێبڕیمو گوتی:
_ " چۆن جیاوازی نییه؟!. له ته‌واوی ئه‌م که‌مبوونه‌ی شوێن بۆ گۆڕستاندا بیانییه‌کان ڕۆڵێکی به‌رچاویان هه‌یه. له‌مه‌ش تێپه‌ڕێ، کوڕه‌که‌ی من ده‌بێ دوو به‌رابه‌ری کرێی ئه‌و گۆڕه بدا که من بۆ باوکم دام. پاشانیش ئه‌م بۆنه پیسه‌ی سیر‌و پیازو برنجی "باسماتی"ی ئێوه ڕۆژهه‌ڵاتییه‌کان دڵم تێک‌و پێک ده‌دا. "
به‌تووڕه‌یییه‌وه گوتم:
_ " باشه پێت وایه بۆنی سووسیسو چه‌وریی گۆشتی به‌رازو بیره‌ی بۆگه‌نی ئێوه باشتره؟ "
دراوسێکه‌م درێژه‌ی دا:
_ " ده باشه، کێ ئێوه‌ی ناچار کردبوو له‌نێو گۆڕستانی ئێمه‌دا بتانخهنه چاڵ؟ ئێوه ده‌بوایه له‌نێو خاکی خۆتان‌و له ته‌نیشتی حیزبوڵڵا توندڕه‌وه‌کاندا بخرابانه چاڵ. "
وه‌ڵامم دایه‌وه:
_ " ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن به من بوایه که له وڵاتی خۆمدا، ته‌نانه‌ت له باوه‌شی ئه‌و حیزبوڵڵا توندڕه‌وانه‌دا گۆڕ کرابام، له ته‌نیشت ئێوه ئه‌ڵمانییه بێههستو دڵڕهقهکانم پێباشتر ده‌بوو. مخابن ههڵگرتنو بردنه‌وه‌ی ته‌رمه‌که‌م بۆ ئێـران، گه‌لـێ گران بۆ هاوسه‌ره‌که‌م ته‌واو ده‌بوو. "
هه‌میسان وه‌ڵامی دایه‌وه:
_ " تا ئه‌و جێگایه‌ی ئه‌من ده‌زانم، ئێوه له ئه‌ڵماندا وه‌ک دوکتۆر کارتان ده‌کردو پاره‌ی باشتان وه‌رده‌گرت. سه‌ره‌تا، جێی گه‌نجه‌کانی ئێمه‌تان له زانستگادا تێک‌و پێک دا، به خه‌رجی ئێمه ده‌رسه‌کانتان خوێند، پاشانیش شوێنی دوکتۆره‌کانی ئێمه‌تان گرت‌و مهتهبتان کرده‌وه‌و پاره‌تان هه‌ڵلووشی. "
تووڕه بووم‌و گوتم:
_ "وا دیاره ده‌بێ دیسان چه‌ند شتێ ده تۆی گه‌مژه‌ی ناحاڵی گه‌یه‌نم. ئه‌من له قۆناغی خوێندکاریمدا تۆزقاڵێ پاره‌م له ئێوه وه‌رنه‌گرتووه، به‌ڵکوو به پاره‌ی باوکه بێچاره‌که‌م خه‌رجیی ماڵ، خۆراک‌و پێویستییه تایبه‌تییه‌کانی خۆمم مسۆگه‌ر ده‌کرد. سه‌باره‌ت به شوێنی دوکتۆره‌کانیش ده‌ڵێم، دوکتۆره بیانییه‌کان به‌شێوه‌یه‌کی گشتی، ناچار بوون له‌و نه‌خۆشخانانه‌دا کار بکه‌ن که له شوێنه بێبه‌شه‌کان هه‌ڵکه‌وتبوون، یان له‌و شوێنانه‌ی له ئاستی ئه‌ڵمانییه‌کاندا نه‌بوون. ته‌نانه‌ت دوکتۆره بیانییه‌کان ده‌بوایه لانیکه‌م دوو به‌رابه‌ری دوکتۆره‌کانی ئێوه چاکتر بن تا بۆ وێنه، نیوه‌یان وه‌ربگیردرێن. "
ته‌رمه‌که‌ی دراوسێم هاواری کرد:
_ " لێت ناگه‌ڕێم تۆیه‌کی پیسی ڕۆژهه‌ڵاتیی حوشترلهوهڕێن ڕیسوام بکه‌ی. ڕاستییه‌که‌ی ئه‌وه‌یه که به هاتنی ئێوه بیانییه‌کان، شه‌پۆلی ئیعتیاد، دزی‌و خراپه‌کاری گشت شوێنێکی سه‌رزه‌ویی باب‌و باپیری ئێمه‌ی گرته‌وه. "
گوتم:
_ " یه‌که‌م، زۆربه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی له تاوانکاریدا ده‌ستیان هه‌یه، هێشتا ئه‌ڵمانییه‌کان، یاخود ئه‌ڵمانی ڕه‌گه‌زه‌کانی ئورووپای ڕۆژهه‌ڵاتن. دووه‌م، نابێ ئه‌و ئیمتیازانه له بیر بکرێن که له بیانییه‌کانه‌وه بوون به هی ئه‌ڵمانییه‌کان. ئێوه بۆ ئه‌و شتانه‌ی فێری بوون، ده‌بێ سوپاسی بیانییه نهفرهتلـێکراوهکان بکه‌ن. ئه‌م په‌نابه‌رانه بوون سه‌رو ڕوویه‌کی خۆشیان به کۆمه‌ڵگا وشک‌و بێڕه‌نگ‌و بۆو کۆنه‌پارێزه‌که‌ی ئێوه دا‌و کردیان به کۆمه‌ڵگایه‌کی چهندفهرههنگیو… به‌م جۆره ده‌روازه‌کانی دنیای به ڕووی خۆیدا کرده‌وه. "
وه‌ڵامـی دامه‌وه:
_ " به‌ڵـێ، به‌ڵام ئه‌م ئیمتیازانه بۆ ئێمه گه‌لـێ گران ته‌واو بوون: په‌نابه‌ره ئابوورییه‌کان، بۆمبدانانهوهکان، تێرۆریسم… "
گــوتم:
_ " چاڵکهن، بنی چاڵ جێیه، تێرۆریسمێک که بیانی ده‌ستی تێدا هه‌یه، هۆی تایبه‌تیی خۆشی هه‌یه؛ ئه‌و هۆیانه‌ی له سیاسه‌تی خۆپهسهندانهو بێشه‌رمانه‌ی کۆمه‌ڵگا سه‌رمایه‌دارییه‌کاندا حه‌شار دراون.
له‌باره‌ی په‌نابه‌ره به ناو ئابوورییه‌کانه‌وه، ده‌بێ بگوترێ ئه‌م کڵۆڵانه ته‌نیاو ته‌نیا به‌شێکی بێکه‌ڵک له‌و سه‌رمایه‌یه ده‌به‌ن که ئێوه به‌درێژاییی ئه‌م سه‌ده‌ی دوایییه لێتان دزیون! "
له‌پڕ ده‌نگی مستکوتان له دیواری گۆڕه‌که، گه‌یشته گوێم. به‌و نه‌ڕاندنه که تابووته‌که‌ی وه‌له‌رزه ده‌هێنا، هاواری کرد:
_ " ده‌مت داخه ئه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتیی گه‌مژه‌ی بێشارستانهتی، ئه‌گینا… "
منیش به‌هه‌مان هێز له تابووته‌که‌م دا‌و هاوارم کرد:
_ " ئه‌گینا چـی؟! قسه بکه، به‌رازی ڕه‌گه‌زپه‌رست.. له چیم ده‌ترسێنی؟ ده‌ته‌وێ به‌شێوازه ئه‌ڵمانییه‌که‌ت خێرا پۆلیس ئاگادار بکه‌ی؟ یان بڕۆی سکاڵام له دژی بکه‌ی؟ یان ده‌ته‌وێ پارێزه‌ر بگری‌و ڕاکێشم بکه‌یه دادگا؟ یاخود کارێ بکه‌ی پێش به مانه‌وه‌م بگرن‌و له ئه‌ڵمان ده‌رم بکه‌ن؟ ده‌زانی چییه… ؟ ئه‌وکاتانه که له سه‌ر خاکیش بووم، له‌م هه‌ڕه‌شه‌و گوڕه‌شانه نه‌ده‌ترسام… ئێره شوێنێکیدیکهیه. له‌ژێر ئه‌م هه‌موو خۆڵ‌و خاکه‌دا بۆ هه‌وه‌ڵینجار ئیدی ئهڵمانیو بیانی مافیان یه‌کسانه! "
له‌پڕ گوێم له هاواری " ئــاخ… " بوو. پاشان گشت شوێنێ بێده‌نگ بوو. دوای چه‌ند ساتێ پرسیم:
_ " چـت لـێ هات؟ "
وه‌ڵامی دایه‌وه:
_ " هه‌میسان قسه‌ی هه‌ڵه‌ت کرد. ڕاستییه‌که‌ی ده‌بێته: ببووره شتێ رووی دا؟ "
گوتم:
_ " زۆر باشه ، ببووره شتێ رووی دا؟ "
به‌ده‌نگێکی گیراوه‌وه گوتی:
_ " به‌قسه‌کردنی به‌ڕێزتان به جۆرێ هۆشم لای خۆ نه‌ما، له بیرم چوو له کوێدام. ڕاسته‌وخۆ ڕاست بوومه‌وه‌و به‌توندی سه‌رم به تابووته‌که‌دا دا. "
له حاڵێکدا هه‌وڵم ده‌دا پێکه‌نینه‌که‌م بخۆمه‌وه، گوتم:
_ " ئازارتان زۆر پێگه‌یشت؟ ده‌توانم زامهکهتان ببینم؟ "
ئه‌و گوتی:
_ " ئێوه دوکتۆری ژنانن‌و شاره‌زای ئه‌م شتانه نین. "
له وه‌ڵامیدا گوتم:
_ " نه بابه…! دوکتۆری ژنانبوون به‌و مانایه نییه که قه‌ت کار‌و باری سه‌ره‌وه‌ی ناوکه تێنه‌گه‌م. ئاخر ئێمه‌ش ده‌بێ بتوانین زامه‌کان ساڕ‌ێژ بکه‌ین. "
به ده‌نگێکی له‌سه‌ره‌خۆتر گوتی:
_ " زۆر سوپاس، به‌ڵام ده‌مه‌وێ ئۆرژانسی مردووه‌کان ئاگادار بکه‌م. ئاخر لێره خزمه‌تی دوکتۆری باشتر ئه‌نجام دهدرێو هیچ هه‌واڵـێ له لـێپرسینهوهکانی سه‌ره‌وه‌ش نییه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش، به پێی یاسای کفنو دفنی ڕێکه‌وتی 5ی سێپتامبری 1977- په‌ره‌گرافـی 2، به‌ندی 4، مردوو پێش چله‌ی خۆی مافـی نییه تابووت به‌جێبهێڵێ. "
به‌سه‌رسوڕمانه‌وه پرسیم:
_ " ئـــه‌ی ئه‌مه بــۆ؟! "
وه‌ڵامی دایه‌وه:
_ " چووزانم ، یاسا، یاسایه!. به‌ڵام له هه‌مان کاتدا پاش ئه‌م ماوه‌ی تاقیکردنه‌وه‌یه، ئه‌گه‌ر بتانه‌وێ، من ده‌توانم بتانبه‌مه مه‌ڵبه‌ندی سهرهوهترو ئهشرافیتر. بۆ نموونه، بتانبه‌مه ئه‌نجوومه‌نی دوکتۆره ناسراوه‌کان، دادوه‌ره‌کان، سیاسه‌تمه‌داره پلهبهرزهکانو ڕێبه‌رانی کلێسا، یاخود بتانبه‌مه کۆمه‌ڵی ملیۆنه‌ره‌کان، یاخود هونه‌رمه‌نده به‌ناوبانگه‌کان. ئاخر من خۆمیش ئه‌ندازیاری خانووبه‌ره بووم. "
به‌سه‌رسوڕمانه‌وه پرسیم:
_ " چما لێره‌ش مه‌ڵبه‌ندی ئهشرافـیو غهیرهئهشرافـی هه‌یه؟ ئه‌من وام ده‌زانی ئیدی مردووه‌کان یه‌کسانن. "
به‌شێوه‌یه‌ک ده‌ستی کرده پێکه‌نین ده‌نگی سامناکی لێکدانی ددانه‌کانی به‌رز بۆوه. پێکه‌نینه‌که‌ی بووه هۆی ئه‌وه مردووهکانیدیکهی ده‌ورو به‌ریش، بکه‌ونه پێکهنینو پێکه‌وه به‌شێوه‌یه‌کی به‌رز له قاقای پێکه‌نین بده‌ن. کاتێ پێکه‌نینه‌که‌یان ته‌واو بوو، ته‌رمه‌که‌ی ته‌نیشتم به‌م شێوه‌یه درێژه‌ی دا:
_ " لێره له‌ژێر خاکیشدا ، هه‌رهه‌مان یاسای سهرخاکـه. ده‌سه‌ڵاتداران، به‌ده‌سه‌ڵاتن؛ بێده‌سه‌ڵاته‌کانیش، بێده‌سه‌ڵات. سه‌رمایه‌داره‌کان هه‌موو شتێکیان له ده‌ست دێ‌و هه‌ژاره‌کانیش چۆن بوون، هه‌ر به‌و شێوه‌یه ده‌ستیان بهتــاڵه. ((تجسم))ی ڕاستی، یه‌کسانی، بهههشتو دۆزه‌خ، پاداش‌و سزا، ئه‌فسانه زیاتر نین. لێره‌ش شتێ نه‌گۆڕاوه. "
بهقووڵـی که‌وتمه بیرکردنه‌وه، پاشان پرسیم:
_ "شوێنێ شک نابه‌ی پاتۆقی نووسه‌ره ناکامه‌کان، شاعیره نیوهسهرکهوتووهکان، هونه‌رمه‌نده گومناوه‌کان و قوماربازه پیشه‌یییه‌کان بێ؟ چونکه من زیاتر له نێو ئه‌و کۆمه‌ڵه‌دا کڕیارم هه‌یه!"
ته‌رمه‌که‌ی ته‌نیشتم وه‌ڵامی دایه‌وه:
_ " مه‌گه‌ر نه‌مگوت شتێ نه‌گۆڕاوه؟ ئێوه‌ش چۆن بوون، هه‌ر ئاوان. "
دیسان ده‌ستی به پێکه‌نین کرده‌وه. هه‌راو هوریای پێکه‌نین له‌نێو مردووهکانیدیکهشدا ده‌نگی دایه‌وه، به‌شێوه‌یه‌ک ئه‌م قاقا مهرگئاسایه گۆڕستانه‌که‌ی هێنایه له‌رزه…
گۆڤاری " آرش " ، ژماره 55 ، ئاوریلو مای 1996 ل. 55-56 .