
سه‌عیدی گوڵَفرۆش
چیرۆك
رێك له‌كات و ساتی خۆیدا بێ ئه‌وه‌ی ته‌نانه‌ت یه‌ك چركه‌ش دوابكه‌وم، بێ ئه‌وه‌ی ته‌نانه‌ت یه‌ك چركه‌ش به‌ڵێنه‌كه‌ی خۆم نه‌به‌مه سه‌ر پێتان گه‌شتمه‌وه. ئه‌مه هه‌رچه‌نده خویه‌كی سه‌یره به‌ڵام چه‌ند ساڵێكه وازم لێناهێنێت و ده‌بێت له‌كات و ساتی خۆیدا ئه‌نجامی بده‌م، ره‌نگه ئێوه ئه‌مه چه‌نده‌مین جاربێت گوێتان له‌م قسه قۆڕانه‌ی من گرتبێت، گوێتان لێ بوبێت و تێرتێر به‌ده‌م ئاسكرێم خواردنی ئه‌م هاوینه‌وه پێكهنیبێتن، به‌ڵام من هه‌میشه باكم نیه و شه‌رم داینهگرتوم و جارێكی دیكه بۆ ئه‌وانه‌ی تازه گوێیان لێمه خۆمتان پێدهناسێنمهوه.
من سه‌عیدم سه‌عیدی گوڵ‌فرۆش، ته‌مه‌نم چل وپێنج ساڵانه، هه‌رچه‌نده نازناوی گوڵفرۆشیم هه‌ڵگرتوه به‌ڵام ناوی هیچ گوڵێكم له‌به‌ر نیه،لای ئێمه وه‌هایه هه‌میشه ئه‌وانه‌ی كه نازناوێكیان هه‌ڵگرتوه فڕێیان به‌سه‌ریه‌وه نیه.
من ده‌رچوی كۆلیژی كشتوكاڵم، به‌ڵام لاتان سه‌یرنه‌بێت تاوه‌كو چوار ساڵه‌كه‌ی زانكۆشم ته‌واوكرد ئهلف و بێی كشتوكاڵی فێرنه‌بووم، سه‌ره‌ڕای داواكارییه به‌رده‌وامه‌كانی دایكیشم كه‌چی نه‌متوانی له‌حه‌وشه‌كه‌ی خۆشمان‌دا باخچه‌یه‌كی بچكۆلانه دروستبكه‌م.
ئه‌و رۆژه‌ی له‌و كۆلیژه وه‌رگیرام رقی دونیا‌م له كشتوكاڵ بوو، ئاخر من هه‌ر له‌مناڵیه‌وه حه‌زێكی سه‌یرم بۆ كاره‌با هه‌بوو، به‌و مناڵی خۆمه‌وه هه‌موو ئیشێكی كاره‌بایی ماڵه دراوسێكانی گهڕهكیشم ده‌كرد.كه شه‌وانیش ده‌نوستم دهڕنهفیزێكی فه‌حسم ده‌خسته گیرفانمه‌وه، هه‌رچه‌نده چه‌ندین جار باوكم ده‌یوت رۆژێك كاره‌با ده‌تكوژێت به‌ڵام كاره‌با نه‌یكوشتم، ئێستاش كه بیر له‌و قسه‌یه‌ی باوكم ده‌كه‌مه‌وه به‌ڕه‌حمه‌ت بێت پێكه‌نین دامده‌گرێت چونكه نهبرسێتی گرانییه‌كه و نه‌شه‌ڕی ناوخۆ و نه‌بێ وه‌فایی ئه‌م زه‌مانه هێشتا نهیكوشتوم.
مامۆستا مۆنهكانی زانكۆ به‌خۆیان مهلزهمهكانی ده‌ستیانه‌وه هیچیان فێرنهكردم، نه‌ك هه‌رئه‌وه‌نده‌ش به‌ڵكو نازناوێكی وه‌هایان به‌ناومه‌وه لكاند كه هه‌ركه‌سێك به‌و ناوه بانگمده‌كات خه‌مێكی قوڵ دامده‌گرێت.
چیرۆكی ئه‌و نازناوه‌ش خۆی بۆخۆی چیرۆكێكی دیكه‌ی منه، له‌قۆناغی دوهه‌می زانكۆدا كچێكی به‌شی بایۆلۆژی بو به خۆشه‌ویستم، ئه‌م كچه لوتێكی باریكی جوان، دوچاوی گه‌وره و ده‌موچاوێكی سپی هه‌بوو، هه‌رچه‌نده تۆزێك باڵای كورت بوو به‌ڵام عه‌شقێكی گه‌وره‌ی له‌ناخیدا هه‌ڵگرتبوو، ئه‌و كاته‌ی پێكه‌وه ده‌بوین من هیچ كه‌سێكی دیكه‌م نه‌ده‌بینی، نه‌شمده‌زانی دونیا كه‌سێكی دیكه‌ی تیادایه جگه له ئه‌و، تاوه‌كو وای لێهات هێند خومان گرتبوو به‌یه‌كه‌وه رۆژانه چه‌ندین موحازه‌ره‌مان ده‌رۆشت، ئه‌و عاشقێكی سه‌یری گوڵ بوو، ناوی هه‌رچی گوڵی دونیا بوو له‌به‌ری بوو، ده‌شیوت من بۆیه هێنده عاشقی تۆم چونكه رۆژانه ژیان له‌گه‌ڵ گوڵدا ده‌به‌یته سه‌ر.
رۆژێكیان من كه نه‌شئه‌ی عه‌شق گرتبومی له‌پڕ له‌ناو ناوه‌ڕاستی كافتریادا باڵیم گرت و پێم وت كه تۆم هێنا دوكانێكی گوڵفرۆشیت بۆ داده‌نێم، ئیدی ئه‌م قسه‌یه‌ی به‌ڕاست وه‌رگرت و ههموجارێك له‌سه‌ر ده‌فته‌ره‌كه‌ی ده‌نوسیم: بۆ هه‌ناسه‌كانم سه‌عیدی گوڵ‌فرۆش…خۆشم ده‌وێی…
جارێك له‌جاره‌كان هاوڕێیه‌كی ساخته‌چیم كه ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ده فتهرهكهم خوێنده‌وه به‌ناو هاوڕێكانمادا بڵاویكرده‌وه و ئیدی له‌و ساته‌وه بومه‌ته سه‌عیدی گوڵ‌فرۆش.
ساڵان رۆشتن و زه‌مان هێنده به‌خێرایی گۆڕانی به‌سه‌ردا هات نه‌من كچم هێنا و نهدوكانی گوڵفرۆشیش بوه نسیبم، به‌ڵكو چونكه دامه‌زراندن نه‌بوو، به‌یانیه‌ك زوو هه‌ستام چوم بومه پۆلیس.
ئه‌و كاتانه ته‌نها پۆلیس دامه‌زراندنی هه‌بوو،منیش بۆ ئه‌وه‌ی بژێوی دایكه پیروپهككهوتهكهم دابینبكه‌م به ئه‌فسه‌ری بنكهكهم وت من ده‌رچوی كۆلیژی كشتوكاڵم پێم خۆشه به پۆلیس لای خۆتان وه‌رمبگرن، ئه‌فسه‌ره‌كه كه سێ ئه‌ستێره‌ی به‌سه‌ر شانه‌وه بوو سه‌رێكی به‌رزكرده‌وه و پاش ئه‌وه‌ی به‌چاكی لێم وردبویهوه ده‌ستێكی بهجهرهسدا ناو پۆلیسێك به‌توندی پێ كێشا به ئه‌رزدا، پێی وت (ناوی ئه‌م براده‌ره بنوسه، خوێنه‌واره بیخه‌نه شوێنێكی چاك).
به‌هه‌موو ته‌مه‌نم پۆلیسم خۆشنهدهویست، ئه‌و رۆژه‌شی كه بۆیه‌كه‌مجار جله سهوزهكانم كرده‌به‌ر له‌ژوره‌كه‌دا به‌ته‌نها ده‌ستمكرد به‌گریان.
ئه‌فسه‌ره‌كه كه دواتر پیاوێكی بێده‌نگ و ته‌نها ده‌رچوو، تاڕاده‌یه‌ك خوێنه‌واری هه‌بوو، هه‌میشه ناڕه‌زا له‌به‌ختی خۆی و توندوتیژبوو له‌جێبه‌جێكردندا یاسادا.
رۆژێكیان بانگی كردم و پێمی وت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌رچوی كشتوكاڵم ده‌مكات به‌لێپرسراوی هه‌موو پۆلیسه‌كانی باخچه‌كانی شار، ویستم بڵێم گه‌وره‌م من هیچ فڕم به‌سه‌ر باخچه‌وه نیه به‌ڵام هیچم نه‌وت و به‌توندی سڵاوێكی سه‌ربازیم بۆ كرد.
لێپرسراوی 6 پۆلیس بووم، هه‌موو به‌یانیه‌ك زوو به ئۆتۆمبیلێكی شڕه‌وه ده‌چومه ئه‌و سێ باخچه بچكۆله‌یه‌ی كه له‌شاردا هه‌بون،ئیشی ئێمه ئه‌وه‌بوو نه‌هێڵین خه‌ڵكی داره‌كان ببڕنه‌وه، گوڵه‌كان لێنه‌كه‌نه‌وه، چیمهنهكان بپلیشێنه‌وه.
تاوه‌كو تاریك داده‌هات باخچه‌كانمان جێنهدههێڵا، كه‌چی رۆژی دواتر ده‌چوینه‌وه ده‌مانبینی شه‌و گه‌نجه‌كان هاتون لقی داره‌كانیان شكاندۆتهوهو گوڵیان لێكردۆته‌وه وسه‌ر چیمهنهكهشیان به‌پاشماوه‌ی قوتوه بیره و گوڵه به‌ڕۆژه پیسكردووه.
هه‌ندێ جاریش له ئیره‌یدا چاودێری ئه‌و گهنجانهشمان ده‌كرد كه جاروبار ده‌ستی خۆشه‌ویسته‌كانیان ده‌گرت و ده‌هاتن له‌بن دارێكا خه‌م و خه‌فه‌تی خۆیان ده‌گۆڕییه‌وه.
من ئه‌و ماوه‌ی پۆلیسی باخچه‌كان بوم تێگه‌شتم خه‌ڵكی ئێمه چه‌نده دژی سه‌وزاین، تێگه‌شتم هه‌مویان وه‌كو من گوڵیان خۆشناوێت، وه‌كو من حه‌زیان له‌بۆن و به‌رامه‌ی گوڵه‌كان نیه، حه‌زیان له‌سێبه‌ری گه‌ڵای دره‌خته‌كان نیه.
هاوڕێ پۆلیسه‌كانم هێنده تانه‌یان لهنازناوهكهم دا تاوه‌كو رۆژێك بڕیارمدا وازی لێبهێنم و هاتمه‌وه ماڵه‌وه.
كتوپڕ به‌یانیه‌كی زستان دایكم وه‌ك ئه‌وه‌ی شه‌و چۆن خه‌وتبوو هه‌ربه‌وشێوه‌یه‌ش بردمان بۆ گۆڕستان، ئیدی من ته‌نها كه‌وتم.
جانتایه‌كم پێچایه‌وه وبه‌و بڕه پاره‌یه‌ی كه كۆمكردبویهوه پاسپۆرتێكی ساخته‌م كڕی و شارم له‌دوای خۆم به‌جێهێشت.
ته‌مه‌نم چل وپێنج ساڵانه و تاوه‌كو ئێستا شتێكم نه‌كردووه به ئاره‌زوی خۆم بێت، ئارهزوییهكم نه‌بوه بێته‌دی، به‌ئاسانی ده‌ستی كچێكم نه‌گرتوه پیاسه‌ی له‌گه‌ڵدا بكه‌م.
ته‌مه‌نم چل و پێنج ساڵانه خاوه‌نی خانوی خۆم نیم، سه‌یاره‌یه‌كم نه‌كڕیوه، هه‌رچه‌نده پێم ده‌ڵێن گۆڵفرۆش به‌ڵام ناوی هیچ گوڵێك نازانم.
هێنده رقم له‌وڵاتی خۆمه بڕیارمداوه جارێكی دیكه سه‌ری پیادانهكهمهوه، ژنی لێ نه‌هێنم، وه‌چه‌ی تیانهخهمهوه.
من له‌وه‌ته‌ی هاتوم بۆ ئێره گوڵم خۆشده‌وێت، كه ئه‌و هه‌موو سه‌وزایی و گوڵه‌م بینی خه‌ریكبوو شێت ببم، خوای گه‌وره ئه‌و هه‌موو گوڵه‌ت چۆن باراندووه، ئه‌و هه‌موو سهوزاییهت چۆن دروستكردووه.
له‌وانه‌یه به‌یانی بڕۆمه كلاسێكی خوێندنی گوڵه‌وه و سه‌رله‌نوێ له‌سفره‌وه ده‌ستپێبكه‌مه‌وه، له‌وانه‌شه په‌شیمان ببمه‌وه و سبه‌ی شه‌ویش رێك له‌كات و ساتی خۆیدا، بێ ئه‌وه‌ی چركه‌یه‌ك دوابكه‌وم، بێ ئه‌وه‌ی به‌ڵێنه‌كه‌م نه‌به‌مه سه‌ر، بێمه‌وه ژوره‌كانی پاڵتاك و جارێكی دیكه و به‌شێوه‌یه‌كی دیكه خۆمتان پێ بناسێنمه‌وه، بۆ ئه‌وانه‌شی كه ده‌یانه‌وێت نهێنی زیاتر له‌سه‌ر ژیانی من بزانن و ئه‌وانه‌شی حه‌زده‌كه‌ن وێنه‌كه‌م ببینن تكاده‌كه‌م له گۆگڵ دا سێرچێكی سه‌عیدی گوڵ‌فرۆش بكه‌ن و خه‌می هیچیان نه‌بێت..
Hemnm1979@yahoo.com
به‌هاری 2010
ده‌ربه‌ندیخان
*له‌ژماره‌ی رۆژی 7-10-2010ی ئه‌ده‌ب وهونه‌ری كوردستانی نوێ دا بڵاوكراوه‌ته‌وه