![سۆسیالیزم و به‌رتیل….. ئه‌مجه‌د شاکه‌لی سۆسیالیزم و به‌رتیل….. ئه‌مجه‌د شاکه‌لی](https://dengekan.ca/wp-content/uploads/gcMigration/amjadShakali3_887134385.jpg)
سۆسیالیزم و به‌رتیل….. ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
له‌و گه‌شته‌ی سۆڤیێتمدا له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوڕێیهک، ساڵی 1986، چه‌ند ڕۆژێکی له یهرهڤانی پێته‌ختی ئه‌رمه‌نستان بووین. ڕۆژێکی تووشی له‌رز و تایه‌کی زۆر ناحه‌ز هاتم و له هوتێله‌که لێیکهوتم و توانستی ئه‌وه‌م نه‌بوو له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵه‌کانمدا بچمه سه‌ردانی ئه‌ملاو ئه‌ولا و جێگه دێرین و شوێنه‌واران. هه‌ڤاڵانم بۆخۆیان چوون و ئه‌منیان به ته‌نێ له ژووری هوتێلی جێهێشت. کاک تیمووری خه‌لیل،کوردێکی ئه‌وێنده‌رێ بوو، زانیبووی من نه‌خۆشم و له ژووره‌وه جێماوم، ده‌وروبه‌ری نیوه‌ڕۆ په‌یدا بوو و گوتی:”ڕابه، کوڕۆ ڕابه، زوو کنجێ خۆ ل به‌ر خۆ که، ئه‌ز ته ببه‌م جه‌م دختۆری”. ئه‌منیش، هه‌رچه‌ندی فره بێهێز و که‌نه‌فت بووم، لێ وه‌ک شاگردێکی گوێڕایه‌ڵ به قسه‌یم کرد و خۆم له‌به‌رکرد و وه‌دووی که‌وتم. که له هوتێل وه‌ده‌رکه‌وتین، سواری ماشێنه‌که‌ی بووین و به‌ره‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌کی ئاژۆت. ده‌رکه‌ی ده‌ره‌وه و حه‌وشه‌ی نه‌خۆشخانه، که ده‌رکه‌یه‌کی ئاسنینی قه‌به و زه‌لام بوو، هه‌ر له ده‌رکه‌ی زیندان و گرتنگه و ئۆردوگا و کامپ و ئه‌و جۆره شتانه ده‌چوو و زه‌به‌لاحێکی ده‌رکه‌وان له‌وێ ڕاوه‌ستابوو و ده‌بووایه ئه‌و ده‌رکه‌مان بۆ بکاته‌وه، بۆ وه‌ی وهژوورکهوین، به‌ڵام نه‌یکرده‌وه تا له‌ته‌ک کاک تیمووردا هه‌ندێکیان به ڕووسی قسان کرد و ئیدی ده‌رکه‌ی بۆ کردینه‌وه و به ماشینه‌وه وه‌ژوورکه‌وتین. له ژوورێکی چاوه‌ڕوانکردندا من دانیشتم و کاک تیمووریش هه‌ر ده‌چووه کن ئه‌م و له‌گه‌ڵ ئه‌وی دیکه‌دا قسه‌ی ده‌کرد. ئه‌و چاوه‌ڕوانی و قسه‌کردنانه پتر له نیو سه‌عاتێکی پێ چوو. پاشان کاک تیموور گازی کردم و وێکڕا چووینه ژوورێکه‌وه. بژیشکێکی ژنی لێ دانیشتبوو و ئێمه‌ش هه‌ریه‌که‌و له‌سه‌ر کورسییه‌ک دانیشتین. من که زمانم نه‌ده‌زانی کاک تیموور ده‌بوو نۆره‌ی وه‌رگێڕی کوردی و ڕووسی له‌نێوانماندا بگێڕێ. دوای هه‌ندێ پرسیار و باسکردنی ڕه‌وشی خۆم، دوکتۆر، که به سه‌روسه‌کوت و قسه و ههڵسوکهتێدا هیچی وای له پۆلیس جودا نه‌بوو، دوو دانه حه‌بی بۆرڕهنگی، خسته ناو کاغه‌زێکی له حه‌به‌کان بۆرترهوه و دایه ده‌ستمه‌وه و به جۆرێکی فهرمانئامێز، گوتی هه‌ر ئێستا ئه‌وانه بخۆ، ئیدی چاک ده‌بییه‌وه. منیش گوتم کاک تیموور ئه‌وه چییه! گوتی:”ما چ دخازی ل ڤر هه‌ر ئه‌ڤ هه‌یه و ل ڤێ ژی باشتر تونه و ئه‌ڤ ژی ده‌رمانا گش نه‌خۆشی و ده‌ردانه کو ل دنیایێ هه‌نه”. گوتم جا خۆ من بۆ خۆم حه‌بی ئالڤێدۆن (Alvedon) ی سوێدیم پێیه، هه‌ر زۆر له‌وه‌ی چاکتر و به‌هێزتر و جێباوهڕتره. کاک تیموور گوتی:”ئه‌گه‌ر تو حه‌بێ وه‌لاتی خۆ باشتر دبینی ئیدی چما ئه‌م هاتین ڤر!”. سواری ماشینه‌که بووین و ده‌بوو جارێکی دیکه کابرای ده‌رکه‌وان ده‌رکه‌مان بۆ بکاته‌وه بۆ وه‌ی وه‌ده‌رکه‌وین. که وه‌ده‌رکه‌وتین کاک تیموور ماشینه‌که‌ی ڕاگرت و دابه‌زی و ده‌ستی کرد به باخه‌ڵیدا و شتێکی ده‌رهێنا و چووه کن کابرای ده‌رکه‌وان و شته‌که‌ی نێو ده‌ستی خۆی خسته نێو له‌پی ده‌رکه‌وان و گه‌ڕایه‌وه و سواری ماشێنه‌که بووه‌وه و ئاژۆتی. منیش لێم پرسی، که ئه‌وه چی بوو دای به‌و کابرایه. گوتی هیچ. گوتم نا به ڕاستی. گوتی:” هه‌ند په‌ره بوو”. گوتم چما. گوتی:”وه‌ی باڤۆ تو چه‌ند دپرسی، ئه‌گه‌ر ئه‌ز په‌ره نه‌ددا وی، زلام ده‌ری ژی ژ مه ڕه ڤه نه‌دکر و ئه‌م نکاری بوو بچین هوندر”. گوتم بۆ مه‌گه‌ر ئه‌و کاری دهرکهکردنهوه و ده‌رکه‌داخستن نییه و مه‌گه‌ر ئێره نه‌خۆشخانه‌ی گشتی نییه! گوتی به‌لێ. گوتم ده‌ی ئیتر چی. گوتی “کوڕۆ تو چ دبێژی، ما ل وه‌لاتێ وه تشتی و‌سا نینه؟”. گوتم نا به‌خوا شتی ولۆ نییه، ئه‌وه به‌رتیله به‌رتیل. گوتی”ها هووو ما تو نزانی هوون ل وه‌لاتێ که‌پیتالیست دمینن و ئه‌م ژی ل وه‌لاتێ سۆسیالستن، ما تو نزانی هوون پاشدا مانه پاش، هوون گه‌لکی پاشدا مانه!”.
له دوا ڕۆژهکانمدا له سۆڤیێت، له مۆسکۆ بووم. ئێوارانێکی هه‌ڤاڵێکی کوردی باشووری کوردستان، که له‌مێژ بوو له‌وێ ده‌ژیا، یارمه‌تی دام له کڕینی هه‌ندێ دیاری و ورده شت‌دا(قۆری، سه‌ماوه‌ر، بۆکهڵه، شه‌تره‌نج، شووشه و…)و پێکه‌وه‌ش هاتینه‌وه هوتێله‌که‌ی، که منی لێبووم. کۆمه‌ڵێک کتێبی کوردیی ئه‌و وڵاته‌شم له نووسه‌ره‌کانیانه‌وه ده‌ستکه‌وتبوو. ئه‌و کوردانه‌ی سۆڤیێتی جاران، ماشاڵڵایان لێ بێ، نووسه‌ر و قهڵهمبهدهستیان گه‌ڵێک زۆر بوون و هه‌مووشیان کتێبی چاپکراویان هه‌بوون. ده‌بوو ئه‌و شتانه‌م بپێچمه‌وه و له پاکه‌ت و کارتۆنیان نێم، بۆ وه‌ی نه‌شکێن و نه‌دڕێن. له یه‌کێک له‌و کارگه‌رانه‌ی نێو هوتێله‌که پرسیارمان کرد، ئه‌گه‌ر کارتۆن و پاکه‌تی لا په‌یدا ده‌بێ! گوتی بۆتان په‌یدا ده‌که‌م. چوو و دوای ماوه‌یه‌ک هاته‌وه و یه‌ک دوو کارتۆنی خواروخێچ و گچکه‌ی هێنا و له پێشمان داینا و له‌پی پانکرده‌وه. هاوڕێیه‌که‌م گوتی ئه‌وه پاره‌ی ده‌وێ. منیش هه‌ندێک پاره‌م دایه. کارتۆنه‌کان به‌شی هێچیان نه‌ده‌کرد، به‌ڵام چار نه‌بوو. پاشان ده‌بوو، ئه‌و کارتۆنانه داخه‌ین و به چه‌سپ یا به‌ن و په‌ت بڕێک سفت بپێچرێنه‌وه. ئه‌وجا نه چه‌سپ و نه په‌تیش هه‌ن. دیسان په‌نامان بۆ کابرای له‌مه‌ڕ خۆمان برده‌وه و داوای چه‌سپ و بهنمان لێکرد. چوو و دواتر هاته‌وه دوو تاڵه به‌نی گوشی له‌گه‌ڵ ده‌ستیدا هێنا داینێ و دیسان له‌پی پانکرده‌وه. له هاوڕێیهکهمم پرسی مه‌گه‌ر پاره‌مان نه‌دایه خۆ ئه‌م پهتهش به‌شێکه له پاکه‌ت و پێچانه‌وه‌که و ده‌بوو له‌گه‌ڵ کارتۆنه‌کاندا ئه‌م پهتانهشی بهێنایه!. گوتی:”به‌ڵێ، به‌ڵام ئه‌و وا بیر ناکاته‌وه و بۆ ئه‌وه‌ی پاره‌ی ده‌ستکه‌وێ هه‌ر جارێ شتێک بهێنێت پاره‌یه‌کت لێ وه‌رده‌گرێ”. هه‌ر جاره‌ش که پاره‌که‌ی لێ وه‌رده‌گرتم، ده‌رکه‌ی ژووره‌که‌ی داده‌خست و زۆر به بێده‌نگی و ئه‌سپایی وه‌ریده‌گرت و له به‌رکی خۆی ده‌نا و ژووره‌که‌ی جێده‌هێشت. ئه‌و کارتۆن و پهتانهش، که به منی دهفرۆشتنهوه، کارتۆن و په‌تی فڕێدراو و بێکه‌ڵک بوو، که ده‌بوو له‌گه‌ڵ گسکداندا تووڕ بدرێن.
چه‌ند ساڵێک دوای ئه‌وه کاک تیموور و ئه‌و هاوڕێیه‌ی دیکه و زۆری دیکه‌ش له‌و کوردانه‌ی سۆڤیێت و کوردانی کوردستان، بۆ خۆیان هاتن بۆ سوێد و وڵاتانی دیکه‌ی ڕۆژاوای ئه‌وروپا و بوون به هاووڵاتی وڵاتگه‌لێکی که‌پیتالیست. گه‌نده‌ڵیی ته‌نێ سۆڤیێت و وڵاتانی سه‌ر به سۆڤیێتی نه‌گرتبووه و ته‌نێ فه‌رمانڕه‌وا و سه‌رانی ده‌سه‌ڵاتیش ناگرێته‌وه و هه‌ر ئه‌وان نین گه‌نده‌ڵن، گه‌نده‌ڵیی هه‌ڵسوکه‌وت، بارهێنان، په‌روه‌رده، دید، گیان، هزر و فه‌رهه‌نگیشه و تاکه‌کانی خواره‌وه‌ی جڤاکیش ده‌گرێته‌وه و ئه‌وانیش له کرده‌ی گه‌نده‌ڵیی به‌ده‌ر نین. ئه‌گه‌ر سۆسیالیزم خه‌ونی ڕزگارکردنی مرۆڤ بێت له چه‌وساندنه‌وه و پردی په‌ڕینه‌وه‌ی مرۆڤ بێت بۆ یه‌کسانی و ئاسووده‌یی و خۆشگوزه‌رانی و داد، ئه‌وا، ئه‌و سۆسیالیزمه‌ی سۆڤیێت، نه‌ک هه‌ر ئه‌و خه‌ون و پرده نه‌بوو، به‌ڵکه کوژه‌ری ئه‌و خه‌ونه و ئازادی و هیوای مرۆڤ بوو. چهوتوچێڵی و خواروخێچی و لارولوێری و ناته‌واوی و سه‌قه‌تی و گه‌نده‌ڵیی و بێفه‌ڕی ئه‌و سۆسیالیزمه‌ی سۆڤیێت، که‌پیتالیزمی له‌به‌رچاو خه‌ڵک شیرین کرد، ده‌نا که‌پیتالیزم هه‌رگیز به قازانجی مرۆڤ نه‌بووه و نییه و ناشبێ.
7 – 10 – 2010