
حه‌سه‌نی به‌نناو ڤۆڵتێرمان زۆرن، كه یاسا سه‌روه‌ر نه‌بوو.. كێ به‌خته‌وه‌ره؟
یه‌كێك له هاوڕێ رووناكبیره‌كانم كه له هه‌نده‌رانه‌وه به سه‌ردان، گه‌ڕایه‌وه بۆ شاری سلێمانی یه‌كه‌مین قسه‌و كۆمێنتی ئه‌وه‌بوو، كه مه‌لایه‌ك یان مامۆستایه‌كی مزگه‌وت باشترین و زۆرترین هه‌وادارو گوێگری هه‌یه سه‌دانجار زیاتر له ڕووناكبیرێك كه هێنده‌ی قژی سه‌ری كتێبی خوێندۆته‌وه.
ئه‌مه كۆمێنتێك و تانه‌یه‌كی گه‌وره‌یه له ڕۆڵی ڕووناكبیرو رۆشنبیرانی كورد له‌م ده‌موه‌خته هه‌ستیاره‌دا كه قه‌یرانه‌كان و ئاڵوگۆڕییه‌كان له هه‌موو بوارێكی ژیانماندا، شێواز‌و ستایلی گوزه‌رانی رۆژانه‌یان پێ گۆڕیووین.. له‌ڕاستیدا ئه‌و ڕۆڵه ده‌بوایه لای خۆمان بۆ ڕووناكبیرێك بوایه و ئه‌و پشكی شێری به‌ركه‌وتایه‌و ڕۆڵی هه‌بوایه له به‌ره‌و پێشچوونی هۆشیاری و هزری تاكه‌كان و دواجار كۆمه‌ڵگای كوردیدا. وه‌كو چۆن ڕووناكبیرێكی وه‌كو سه‌لامه مو‌سا یان نه‌جیب مه‌حفوز یان عه‌زیز نه‌سین یان پیره‌مێردی نه‌مرو حسێن حوزنی موكریانی و زۆری دیكه گێڕاوییانه له ده‌ورو زه‌مانی خۆیاندا، ئێستاكه‌ش رۆشنبیران و ڕووناكبیره عه‌لمانییه هاوچه‌رخه‌كان هه‌یانبووایه‌و گه‌نج و پیری كوردستانیان له خۆیان كۆ بكردایه‌ته‌وه.
به‌ڵام ئه‌وه پرسیارێكی گرنگه‌و ده‌بێت ئاڕاسته‌ی هه‌مووان بكرێت: بۆچی مامۆستایه‌كی ئایینی و مه‌لای مزگه‌وتێك زۆرترین و به‌رفراوانترین هه‌وادارو ده‌روێش و گوێگریان هه‌یه له كوردستان، یان له ئێران یان له میسر یان له سعودییه‌دا؟؟
ئه‌مڕۆ، گۆڕانكارییه‌كی زۆر به‌سه‌ر دونیادا هاتووه، ڕۆشنبیران وه‌كو كاریگه‌ری و هه‌بوونی كات و گووتار‌و په‌یام خوێندنه‌وه‌و ناردنیان بۆ كۆمه‌ڵگا له پاشه‌كشه‌دان، دابه‌شبوون به‌سه‌ر گروپ و كۆمه‌ڵ و ستاف و حزبه‌كاندا.. زۆربه‌یان بارگاویكراون به سیاسه‌ته‌وه‌و له‌ژێر سایه‌ی حزبێكدان.. یان كۆمه‌ڵ و گروپێكدان و خه‌ریكی بژێو په‌یدا كردنن.. زۆربه‌یان ڕۆڵی به‌رژه‌وه‌ندیخوازیان بینیووه‌و هه‌ڵپه‌یان بووه بۆ تێركردنی شه‌هوات و ئاره‌زووه‌كانی خودی خۆیاندا..
ئامرازه‌كان و كه‌ره‌سته‌كانی ئیغراكردن و خه‌ڵه‌تاندن ئه‌وه‌نده قورس و تاقه‌تپڕوكێنن بۆ زۆرێك له‌و جۆره ڕۆشنبیرانه كه وه‌رگرتنی پارچه‌یه‌ك زه‌وی یان خانووییه‌ك یان پاره‌و سه‌یاره وه‌رگرتندا خۆیان پێڕاناگیرێت و هزرو مه‌عریفه‌و رۆشنبیرییان ته‌نیا بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان به‌كاردێنن، خه‌ڵكیش له‌گه‌ڵ ئه‌و ئه‌زموونه تاڵه‌و نموونه زۆره‌دا ده‌ستوپه‌نجه‌یان نه‌رم بووه‌و بڕوای ته‌واویان به ڕووناكبیرو ڕۆشنبیر نه‌ماوه.
به‌داخه‌وه، ئه‌و تۆزه ڕووناكبیرو ڕۆشنبیرانه‌ی كه ڕۆڵیان و هه‌ڵوێستیان و هزرو ڕه‌فتاریان شایانی خوێندنه‌وه‌و گۆلێگرتنن، هێنده كه‌م بۆته‌وه كه به نیسبه‌ت زۆرینه‌وه پاشه‌كشه‌ی كردووه.
خه‌ڵكی ئه‌مڕۆ له سه‌راپای جیهاندا، هیلاك و ماندوون، ئاره‌زووه‌كانی زۆر‌و بێسه‌روبه‌ره‌و بێكۆتان.. ئیشكردن و كاركردنیشی له سبه‌ینێوه تاكو نیوه‌ی شه‌وه، كه‌سانێك هه‌ن ڕۆژی سێ كار ده‌كه‌ن، چونكه (وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن: پاره‌كه‌یان بێنرخه‌و هیچ ناكات، كرێچییه‌و یه‌ك مووچه‌ی بۆ ئه‌وه ده‌ڕوات، شتومه‌ك و خۆراك و كاڵاش ئه‌وه‌نده گرانن ئاگر ده‌كه‌نه‌وه!!)..
كه‌واته ئه‌م هه‌ناسه‌سارده ئه‌گه‌ر ژن و ماڵیشی هه‌بێت ئه‌وا داخوازیی زۆری ژن و منداڵه‌كانیشی ئه‌چێته سه‌رو هه‌ر ڕائه‌كات و نایگاتێ.. كه‌واته ئه‌م مرۆڤه ماندووه‌و خه‌م و ده‌رده‌سه‌ری زۆره، فشاری جه‌سته‌یی و ڕه‌نگه ده‌روونی و ڕۆحی زۆری له‌سه‌ره، بچێته لای ڕۆشنبیرێك و نووسه‌رێك ڕه‌نگه هیچی وای چنگ نه‌كه‌وێت وه‌كو مه‌رهه‌م و هه‌تووان بۆ ده‌ردو ئاریشه‌و كێشه‌كانی جه‌نجاڵی ژیان و گوزه‌رانیی رۆژانه‌ی خۆی، برینه‌كانی ناخی پێ تیمار بكات.
نووسه‌رو رۆشنبیر، مرۆڤێكی ساده نین و ڕه‌نگه ئه‌وه‌نده‌ی دیكه جه‌نجاڵترو ماندووتری بكات، چونكه ئه‌و زیاتر زمانی ڕه‌خنه‌و بێزاری و خه‌مۆكی (سترێس) ی هه‌ڵگرتووه، ئه‌و ڕه‌نگه بێئومێد‌و ڕه‌شنبین و عه‌به‌سی بێت و ئه‌وه‌نده‌ی دیكه ژیانی لێ تاڵترو ڕه‌شتر بكات..
كه‌واته مرۆڤی ئه‌م سه‌رده‌مه به‌ره‌و لای كێ بچێت، بۆ لای به‌رپرس و مه‌سئوله‌كان، كه دوێنێ بانگه‌شه‌ی میلله‌ت و نیشتمان و چه‌وساوه‌و هه‌ژارانیان ده‌كرد بۆ خه‌باتكردن و شۆڕشه‌كه‌مان، به‌ڵام ئه‌مڕۆ ته‌نیا به ڕێكه‌وت له‌ناو سه‌یاره مۆدێل به‌رزه جام ڕه‌شه‌كانه‌وه ده‌یانبینێت، یان له سكرینی ته‌له‌فزیۆنه‌كانه‌وه، وه‌كیتر ده‌ستی پێیان ناگات و ئه‌گه‌ر گه‌یشتیش هیچی ئه‌وتۆی بۆ ناكات، چونكه ئه‌م مرۆڤه داوای یارمه‌تی و هاریكاریی ماددی و مه‌عنه‌وی ده‌كات، ئه‌وانیش لایان وه‌ده‌ست ناكه‌وێت، وه‌كو عه‌ره‌ب وته‌نی: ( فقد الشی لا یعگی ).. په‌یمانی زۆریان هه‌یه‌و نیوه‌ی ئه‌و گفتانه جێبه‌جێناكه‌ن.
كه‌واته مرۆڤی ئه‌مڕۆ به تایبه‌تی گه‌نجه‌كان ده‌چنه لای یه‌كێك كه بڕوایان پێی هه‌یه، زانایه‌كی ئایینیه‌و زانیاری و مه‌عریفه‌ی ئاینی هه‌یه، كه‌سێكی پاكوخاوێنه، قومارچی و ئاره‌قخۆرو ده‌ستبڕو داوێن پیس و گه‌نده‌ڵ و دزو درۆزن و خۆفرۆش و بوغراو لووتبه‌رز نییه، ئاڵۆز‌و موعه‌قه‌دو ڕه‌شبین و خاوه‌نی قسه‌ی زل و كرده‌وه‌ی نابه‌جێ و ناوازه نییه..
ئه‌و به زۆرینه‌ی هه‌وادارو ده‌روێش و گوێگره‌كانی خۆی ده‌ڵێت، باش ڕه‌فتار بكه‌ن و باش مامه‌ڵه‌ی براو خوشك و باوك و دایكتان بكه‌ن، ڕێز له پیرو ئافره‌ت و منداڵان بگرن، دزی مه‌كه‌ن، درۆ مه‌كه‌ن، گه‌نده‌ڵ مه‌بن، داوێن پیسی مه‌كه‌ن، چاوچنۆك و پیسكه‌و پاره‌په‌رست مه‌بن، خێر‌و چاكه‌تان زۆرتر بێت له خراپه‌كاری، ژیانتان بكه‌ن به به‌هه‌شت و به‌خته‌وه‌ری، ساده‌و خاكی و مرۆڤدۆست بن، شه‌ڕ مه‌كه‌ن و كه‌س مه‌كوژن، چاوتان له نامووسی كه‌س نه‌بێت و…….تاد.
خه‌ڵكی ئێمه پێویستی به‌و گووتارانه‌یه كه ڕۆح و ده‌روونی پاك و خاوێن ده‌كاته‌وه، ده‌مارو مێشكی هێمنتر ده‌كاته‌وه. له بێزاری و خه‌مباری و دڵته‌نگی دووری ده‌خاته‌وه، ویژدان و ناخی ده‌هه‌ژێنێت ئاوێكی ساردی پیادا ده‌كرێت و خۆی پێ پاكده‌كاته‌وه.
بۆیه له‌م ڕۆژگاره‌داو له كوردستاندا، حه‌سه‌نی به‌نناو مرۆڤدۆست و ئازادیخواو چاكه‌خوازێكی وه‌كو ده‌لایلاما ( كه وه‌رگری خه‌ڵاتی بۆبڵی ئاشتییه) ژماره‌یان به‌ره‌و زۆربوون هه‌ڵده‌كشێ و هه‌وادارو گوێگریان زۆربووه. له‌ولاشه‌وه ڕووناكبیرێكی وه‌كو ڤۆڵتێرمان لا ده‌ستده‌كه‌وێت و قاتی نه‌بووه، به‌ڵام داخی‌گرانم دابه‌شبوون و دوای به‌رژه‌وه‌ندی و ئاره‌زووه زۆره‌كانی خودی خۆیان و ژیانی هایلایڤ كه‌وتوون، بۆیه له پاشه‌كشه‌دان..
به‌ڵام له هه‌موو ئه‌وانه گرنگتر ئه‌وه‌یه كه ئه‌گه‌ر یاسا سه‌ره‌وه‌ر نه‌بوو، نه‌یتوانی ده‌سه‌ڵاتدارو هاووڵاتی له‌به‌رده‌م دادگادا وه‌كو یه‌ك و وه‌كو دوو هاووڵاتی ڕابگرێت و له‌سه‌ر تاوانكردنیان وه‌كو یه‌ك سزایان بدات، ئه‌گه‌ر یاسایه‌ك نه‌یتوانی دزو درۆزن و چه‌ته‌و گه‌نده‌ڵ و بكوژ‌و تاوانكارو لاده‌ر به یاسایه‌كی سه‌روه‌رو دوور له واسیته سزا بدات، ئه‌وا قسه‌و ڕاوێژ‌و په‌ندو حیكمه‌ته‌كانیش هه‌ر وه‌كو قسه‌و مه‌ره‌كه‌بی سه‌ر كاغه‌ز ده‌مێننه‌وه‌و ژیانی تاكی كورد له‌م كوردستانه هه‌ناسه‌سارده‌دا به‌خته‌وه‌رو هێمن و ساده نابێت و مرۆڤیش ئاسووده نابێت و ماندووتر ده‌بێت به‌دوای فریادڕه‌س و مرۆڤدۆستی و خۆشبه‌ختیهێندا وێڵ ده‌بێت.
.. حه‌مه‌ی ئه‌حمه‌د ڕه‌سوڵ