گه‌ڕانه‌وه‌ی کچه ئه‌نفالکراوه‌کان
خوێندنه‌وه‌یه‌کی خێرای ڕۆمانی گوڵچیای ڕۆحه‌کان له نووسینی ڕیواس ئه‌حمه‌د.
دیاره خوێندنه‌وه‌ی هه‌ر کارێکی ئه‌ده‌بی جا ڕۆمان، نۆڤێل یان چیرۆک بێت بۆ خۆی دیدی جیاواز لای هه‌ر خوێنه‌رێک دێنێته ئاراوه، ئه‌مه‌ش مه‌رج نییه دیده‌کان چه‌ند له‌یه‌ک دووربن له‌کاریگه‌ری نووسینه‌که که‌مبکاته‌وه، به‌ڵکو به پێجه‌وانه‌وه ده‌قه‌که زیاتر به زیندووێنتی ده‌هێڵێته‌وه، به‌رای من ده‌قێک هیچ قسه‌یه‌ک به باش وخراپه‌وه هه‌ڵنه‌گرێت ده‌قێکی مردووه، ئه‌م ده‌قه‌ش یه‌کێکه له‌و ده‌قانه‌ی ناکرێت له هه‌ندێک خاڵدا هه‌ڵویسته‌ی له‌سه‌ر نه‌کرێت، ئه‌گه‌رچی بۆخۆم له‌هه‌ردوو ڕۆمانی پرته‌وی لێکترازان و ژن ی نووسه‌ردا هه‌مان تێبینیم لادرووست بووبوو به‌ڵام له‌م کاره‌دا به‌ته‌واوه‌تی زه‌قبۆته‌وه، که نه‌ده‌بوو بگاته ئه‌م ئاسته‌و نابێت منیش به بێده‌نگی بمێنمه‌وه، چونکه هه‌موو ده‌قێک وه‌ک تابلۆیه‌ک وایه ده‌شێت فڵچه‌یه‌کی ناڕێک جوانی و پارسه‌نگی تابلۆکه بشێوێنێت.
هێڵه گشتییه‌کانی ئه‌م ڕۆمانه یان باشتره به نۆڤێل ناوی ببه‌م سۆراخی ئه‌و کچه ئهنفالکراوانهیه، ڕۆژانه له میدیاکانه‌وه باسیان لێوه‌ده‌کرێت، که فرۆشراون به ووڵاته عه‌ره‌بییه‌کان، ئه‌مه‌ش له ده‌قێکی ئه‌ده‌بیدا جێگای ده‌ستخۆشییه‌و هیوادارم له‌داهاتوودا نووسه‌ری زۆر په‌یدابن کار له‌سه‌ر ئه‌م تاوانه دژ به مرۆڤایه‌تییه بکه‌ن بۆ زیاتر ناساندنی به جیهان، وه‌ک چۆن تا ئێستا به‌رده‌وام جوله‌که‌کان کار له‌سه‌ر هۆلۆکۆست ده‌که‌ن.
ئه‌نفال تا ئێستا لای ئێمه هێنده‌ی مه‌سه‌له‌یه‌کی سیاسییه، سیاسی به‌و مانایه‌ی کراوه‌ته ده‌زگایه‌کی سواڵکردنی سۆز‌و به‌زه‌یی ووڵاتان به‌لای سیاسهتمهدارهکانماندا نه‌بووه به مه‌سه‌له‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی،ئه‌خلاقی و ئینسانی بۆکارکردنی جدی له‌سه‌ر ئه‌و تاوانه گه‌وره، ئه‌مه‌ش یه‌کێکه له‌و هۆکارانه‌ی ئه‌نفال له ئه‌ده‌بی ئێمه‌دا به ته‌واوه‌تی غایبه.
هه‌ر بستێکی ئه‌و نیشتیمانه‌ی ئێمه خاوه‌نی سه‌دان چیرۆک و به‌سه‌رهاتی گه‌وره‌یه، له باکوره‌وه بۆ باشور له خۆرهه‌ڵاته‌وه بۆ خۆرئاوا پڕن له حیکایه‌تی خنکاو، له داستانی تراژیدی گه‌وره‌و ئینسانی، هه‌ر گوندێک له گونده‌کانی کوردستان به‌ده‌یان ڕۆمان نانووسرێنه‌وه، ئه‌م ڕۆمانه ده‌ستپێشخه‌رییه‌کی باشه به زمان و دیدێکی ژنانه‌وه له ڕێگای دوو کاره‌کته‌ر “له‌یلا”و”سه‌لوا”وه ده‌یه‌وێت مه‌سه‌له‌ی كچه فرۆشراوه‌کانی ئه‌نفال بگه‌ڕێنێته‌وه بۆ کوردستان و له‌گه‌ڵ ژیان ئاشتیان بکاته‌وه، به‌ڵام ئه‌و کوردستانه‌ی ئه‌وان خه‌ون به گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌بینن ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی نوقمی یهکترکوشتنن وه‌ک لالۆ بۆیان ده‌گێڕێته‌وه.
خاڵی لاوازی ئه‌م ڕۆمانه ئه‌وه‌یه، هه‌رکه‌سێک بیخوێنێته‌وه ده‌زانێت نووسه‌ره‌که‌ی ژنه‌و له دیدێکی فیمینیستانهوه ده‌یه‌وێت خه‌می کچانی ئه‌نفالکراو وه‌ک کاره‌ساتێکی مرۆیی گه‌وره نیشانی خوێنه‌ر بدات، به‌ڵام نه‌ده‌بوو له‌سه‌ر شانی پیاو ئه‌م خه‌مه ساغ بکاته‌وه، چونکه له‌و کاره‌ساته گه‌ورانه‌دا پیاوانیش وه‌ک ژنان قوربانین، ئازار‌و ئه‌شکه‌نجه‌کانی پیاو که‌متر نین له هی ژنان، ئه‌گه‌ر ئێمه سه‌رنجی ئه‌نفالکردنی به‌رزانییه‌کان بده‌ین ده‌بینین کۆی قوربانییه‌کان پیاوانن. ڕاسته بکه‌ری ئه‌م تاوانه گه‌ورانه له پیاوان پێک دێن به‌ڵام ئه‌م پیاوانه سومبول و نوێنه‌ری پیاوان نین ئه‌وه‌نده‌ی خزمه‌تکاری ئه‌و ڕژێمانه‌ن خوازیارن له‌سه‌ر ئێسکی ناحه‌زانیان کۆشکهنیان به‌رز بکه‌نه‌وه. ڕاسته هیتله‌ر و سه‌دام دوو پیاون به‌ڵام ده‌کرێت له چاوی ئه‌وانه‌وه سه‌یری هه‌موو پیاوه‌کانی دونیا بکه‌ین؟.
نیتشه ده‌ڵێت: “پیاو بۆ جه‌نگ په‌روه‌رده ده‌کرێت، ژنیش بۆ به‌رهه‌مهێنانی جه‌نگاوه‌ر، هه‌ر باسێکی تر گه‌مژه‌ییه” له‌م هاوکێشه‌دا ژن ده‌سه‌ڵاته سرووستییهکهی خۆی ده‌سه‌پێنێت، که دایکایه‌تییه، ئه‌مه‌ش به دیده کلاسیکییه‌که‌ی ڕۆژئاوا به جێهێنانی ئه‌و ئه‌رکه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌یه هێزی ژنی تیا ده‌رده‌که‌وێت. ئه‌ی ده‌سه‌ڵاتی پیاو له‌م هاوکێشه‌دا له کوێدایه کاتێک وه‌ک که‌ره‌سته‌یه‌کی سوتان بۆ جه‌نگ ئاماده ده‌کرێت!. دیاره ئه‌م کێشه هه‌م ئاڵۆز‌و هه‌م پێویستی به لێکۆڵینه‌وه‌ی ورتر هه‌یه، ته‌نها ده‌مه‌وێت ئاماژه به‌و خاڵه بکه‌م ده‌قێک ده‌یه‌وێت له‌سه‌ری ڕاوه‌ستێت و له ڕیگای چه‌ندین ڕووداو و کاره‌کته‌ره‌وه نهێنییه شاراوه‌کان بدۆزێته‌وه، به‌دوای ئه‌و هێزه نهێنییهیانهدا بگه‌ڕێت، کۆی ڕووداوه‌که پێک ده‌هێنن.
نووسه‌ری ئیرله‌ندی جۆن بۆین له ڕۆمانی (ئه‌و گه‌نجه‌ی له بیجامه‌ی خه‌ت خه‌تدا) که له 2006 نووسیویه‌تی و تائێستا بۆ 32 زمان وه‌رگێڕدراوه، له ڕێگای کاره‌کته‌رێکی مناڵی وه‌ک “شمول”ه‌وه به‌شێک له مێژووی ئاوشڤیتس، که گه‌وره‌ترین لاگهری نازییهکانهو نزیکه‌ی یه‌ک ملیۆن و نیو جوله‌که‌ی تیا له‌ناوبراوه ده‌گێڕێته‌وه، ئه‌گه‌رچی ئه‌م ڕۆمانه ڕووبه‌ڕووی ڕه‌خنه‌ی زۆر بوویه‌وه، به‌هۆی کاره‌کته‌ری دووه‌م، که مناڵێکه کوڕی به‌رپرسی ئێس ئێس (SS)ه به‌ناوی بورنۆ، له‌پشتی ته‌لبه‌ندی لاگهرهکهوه ده‌بێته هاوڕێی شمول و پاشان داوا له شمول ده‌کات بیجامه‌یه‌کی خه‌ت خه‌تی بۆ په‌یدا بکات تا پێکه‌وه به دوای باوکی شمولدا بگه‌ڕێن و بیدۆزنه‌وه، به‌ڵام ئه‌ویش له‌گه‌ڵ هه‌موو قوربانییه‌کانی تردا به‌گازی ژه‌هراوی به فرمانی باوکی ده‌خنکێندرێت، به‌ڵام باوکی ئاگای له‌وه نییه کوڕه‌که‌ی ئه‌و ڕۆژه خۆی ئاودیوی تهلبهنهکه کردووه، به کورتییه‌که‌ی نووسه‌ر ده‌یه‌وێت به‌رگرییه‌کی مرۆڤانه بکات له نێوان مناڵی قوربانی و مناڵی جه‌لاددا، که هه‌موویان قوربانین، دایکی جه‌رگ سوتاویش تا ئه‌وکاته ئاگای لێ نییه پیاوه‌که‌ی به‌رپرسی له‌ناوبردن و سوتاندنی ملیۆنان که‌سه!. بۆیه ده‌ڵێم: ئێمه ئه‌گه‌رچی له‌بواری ڕۆماندا هه‌رزۆر هه‌ژارین به‌تایبه‌تیش ڕۆمانی ژنانه، ئه‌وه‌شی تا ئێستا هه‌مانه جگه لهسهرگوزهشتهیهکی ژنانه من بۆ خۆم ناتوانم بڵێم: خاوه‌ن ئه‌ده‌بێکی ژنانه‌ین، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی ژنانه‌ش پێویستی بهقوڵبوونهوهی گه‌وره هه‌یه بۆ دۆزینه‌وه‌ی خود، که به‌ڕاستی ژن ده‌یه‌وێت بڵێت چی؟.
ژنه نووسه‌ری ئه‌ڵمانی هیرا لیند له دووه‌م ڕۆمانیدا به‌ناوی سوپه‌ر مێ (Das Superweib) توانی ببێته ده‌نگێکی ژنانه له‌ئه‌ده‌بی ئه‌ڵمانیدا، به‌ڵام بۆ من وه‌ک پیاوێک ڕه‌نگه له‌گه‌ڵ بۆچونه‌کانی نه‌بم، دڵنیام زۆر ژنیش دژین، به‌ڵام پێم خۆش بێت یا نا ئه‌وه ده‌نگی ژنێکه ده‌یه‌وێت چوارچیوه‌ی که‌سایه‌تی ژن له‌و فۆرمه‌ی خۆی ده‌یبینێت درووست بکات، له ڕێگای خه‌ونه‌کانییه‌وه، ئه‌و پێی وایه ژنیش وه‌ک پیاو ده‌توانێت به ئامانجه‌کانی بگات ئه‌گه‌ر هه‌وڵی بۆ بدات، به‌ڵام پرسیاره‌که ئه‌وه‌یه ژن ده‌یه‌وێت به‌ڕاستی هه‌وڵ بۆ ئامانجه‌کانی بدات…؟.
ڕوویه‌کی تری ئه‌م ڕۆمانه وه‌ک له‌سه‌ره‌وه گووتم، ههنگاوێکی زۆر باشه‌و ده‌ستپێشخه‌رییه‌کی باشیشه، له‌ڕێگای ئه‌و کاراکته‌رانه‌وه بوونه‌ته قوربانی بتوانین، قسه له زۆر لایه‌نی شاراوه‌ی ئه‌نفال بکه‌ین، ته‌نها ئه‌وه نه‌بێت ڕووداوه‌کان وه‌ک ئه‌وه‌ی دیومانه بگێڕێنه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین ئه‌نفال بکه‌ینه هه‌وێنی چه‌ندین کاری ئه‌ده‌بی به‌رز وجوان و به دونیای ده‌ره‌وه‌ی خۆمانی بناسێنین، ئه‌وه‌ی کارێکی جوانه له‌م ڕۆمانه‌دا ئه‌وه‌یه، ئه‌و دوو کچه ئه‌نفالکراوه فرۆشراوه چه‌ند خه‌ون به نیشتیمان و که‌سه خۆشه‌ویسته‌کانیانه‌وه ده‌بینن، خه‌ون به گوند و یادگاره‌کانی مناڵییانهوه ده‌بینن، ئه‌گه‌رچی دوژمن نه‌ماوه، به‌ڵام جوانی نیشتیمان ته‌نها له‌خه‌ونه‌کانی ئه‌واندا ماوه‌و نیشتیمان بووه به وێرانه‌و یه‌کتر کوشتن، بۆیه لالۆ پێیان ده‌ڵێت: هێشتا کاتی گه‌ڕانه‌وه نییه، ئه‌گه‌رچی ئه‌وان هه‌ر سورن له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه، بۆیه بڕیار ده‌ده‌ن له‌سه‌ر به‌رماڵه‌که‌ی له‌یلا بگه‌ڕێنه‌وه، کاتێک ده‌گه‌نه ئاست گونده‌که‌ی خۆیان ده‌بینن، له‌جێی خانووه‌کانیان کۆشکی به‌رز به‌رز درووستکراون، ئه‌م کۆشکانه هی کێن!، کێن ئه‌م هه‌موو خانووه به‌رزه‌یان درووستکردووه! کاتێک به دووربینکهی لالۆ سه‌یری خواره‌وه ده‌که‌ن، ئه‌و کۆشکانه هی ئه‌و سه‌رۆک جاشانه‌ن پێش سه‌ربازه‌کانی سه‌دام که‌وتبوون!. ئه‌م دیمه‌نه ئه‌و دێڕه شیعره‌ی بیر هێنامه‌وه،(قه‌ل له جێی بازدا ده‌بینم بۆته سه‌ردارو ڕه‌ئیس). بۆیه نائومێدی ته‌واو خه‌ونه‌کانیان ده‌شێوێنێت، ئه‌گه‌رچی زۆر ڕووداوی تر هه‌ن به‌تایبه‌تی سه‌لوا، که‌ناوی ڕاستی که‌ژێ یه‌و ده‌یه‌وێت بگاته‌وه به دلاوه‌ری خۆشه‌ویستی، که‌چی به‌داخه‌وه ئه‌ویش به چیرۆکێکی دڵته‌زین کۆتایی دێت، بۆیه له‌کۆتایی ئه‌م ڕۆمانه‌دا کۆمه‌ڵێک پرسیاری قورس بۆ ئێمه جێده‌مێنێت، ئایا سه‌لوا و له‌یلا به‌و فڕینه فانتازیه به‌سه‌ر گوند‌و نیشتیمانه‌که‌یاندا چیتر چۆن له نیشتیمان و گونده‌که‌یان ده‌ڕوانن؟ ئایا هه‌مان دیدو بۆچوونیان جارێکی تر بۆ گه‌ڕانه‌وه هه‌یه یان ده‌یانه‌وێت بۆ هه‌میشه‌یی له‌ناو یادگاره‌کانی نیشتیمان‌دا بژین، وه‌لامی ئه‌م پرسیارانه لای خوێنه‌ره…!.
یاسین بانیخێڵانی