Skip to Content

Tuesday, October 8th, 2024
كامیان راست ئەكات…. گۆران فەتحی

كامیان راست ئەكات…. گۆران فەتحی

Closed
by February 29, 2008 گشتی

 سوپاى توركیا ئەمجارەش هاتەوەو بەقورسی بوردومانی ناوچە سنوریەكانى هەرێمى كوردستانی كردو لەشەڕەكانیشیدا هەموو چەكی خۆی خستەگەڕ دژ بە پارتى كرێكارانى كوردستان، توركیا ئەمجارەش هاتو هێزى خۆى تاقیكردەوە، بێگومان هاتنەكەشى ئەمجارەش دواجار نابێت.
  توركیا بۆ هەڵمەتى ئەمجارە بە(10) هەزار سەربازی پیادە بەشدار دەبێتو چەندین جۆرو چەكو تەقەمەنی نوێی پەیمانى ناتۆ بەكار دەهێنێت بەپاڵپشتى خودی ئەمریكاو ئیسرائیل.
 گومان لەوەدا ناكرێت هێزى توركیاو هێزى چەكدارانی پەكەكە لەرووى چەكەو ئامرازی جەنگەوە بەراورد ناكرێت، بەڵام شوێنگەو شارەزایى لەشاخو دۆڵەكانى كوردستانو هەروەها ورەى بەرزو پۆڵایین زیاتر لەبەرژەوەندی پەكەكەدایە.
 بازۆر لەناونیشانى بابەتەكە دور نەكەومەوەو مەبەستى خۆم بڵێم،  دیارە لەهەموو جەنگو شەڕێكدا ئیتر ئایە لەنێوان دوو دەوڵەتو یان  زیاتردا بێت، یان لەنێوان دەوڵەتو ئۆپۆزسیۆن بێت  راگەیاندنو شەڕى نەفسی رۆڵى گەورەى دەبێت لەورە بەرزكردنەوەى چەكدار و سەربازەكانیاندا.
 هەر ئەوەش وایكردووە هەردوو لایەنى بەشەرهاتوو ئەنجامی شەڕەكانو ژمارەى كوژراوو بریندارەكانى دوژمن گەورە بكەنو شسكتی خۆیان بەدرۆ بخەنەوەو ژمارەى كوژراوو بریندارەكانیان كەم كەنەوە.
 هەر ئەو شێوە مامەڵەیشمان لەسەردەمی رژێمی بەعسدا بینی ئیتر ئایە لەشەڕ دژى ئێرانو هەروەها كوێتو دواتریش شكستى عێراق بەرامبەر بەهێزەكانى هاوپەیمان لەهەردوو شەڕى كەنداوو روخانى رژێمی بەعس.
 هەمان مامەڵەش رژێمی بەعس لەهێرشو هەڵمەتەكانیدا بەرامبەر پێشمەرگەو خەڵكى كوردستان بەكاری دەهێناو شكستەكانى بەرامبەر بەپێشمەرگە دەكردە سەركەوتنو بۆمبارانى خەڵكی بێتاوانی گوندو لادێًكانی كوردی دەشاردەوە.
 لەم هێرشە نوێیەی سوپاى توركیا كەبەبوردومان دەستی پێكردو لانی كەم فرۆكەكانى (12) پردی زۆر پێویستى ناوچەكەیان تەفرو تونا كرد،  دواتریش بەهێزى پیادە هاتنە ناو قوڵایی هەرێمەكەوەو لەماوەى چەند رۆژى پێشودا لەچەندین شەڕداو لەچەند قۆڵێكەوە تووشی شەڕى قورس بوونەوە لەگەڵ چەكدارانى پەكەكە كەئامادەی باشییان بۆ هێرشەكە كردبوو.
 پەكەكە توانیان بەمەفرەزەى بچوك بچوكو كەمین دەیان سەربازى تورك بكوژن لەوە دچێت لەگەڵ بەردەوامی شەڕەكانیشدا قوربانی زیاتر لەنێو خەڵكى مەدەنی هەروەها دەیانو رەنگە سەدان كەسیش لەهەردوولا واتە پەكەكەو سەربازانی توركیش بكوژرێن.
 لەكۆتاییدا جیاوازى ژمارەى كوژراوو بریندارو دیلی راگەیاندراوی هەردوولا لەماوەى سێ رۆژى سەرەتاى شەڕ گوزارشتە لەسەر شەڕی نەفسیى نیوان هەردوولا بەرامبەر بەیەك، لەوێنەى راگەیاندنى دوو رۆژ سەرەتای شەڕ سوپاى توركیا ژمارەى كوژراوانى پەكەكەى بە (79) كەس ئەژمار كردو كوژراوانى سوپاى توركیش بە (5) سەرباز، لەبەرامبەردا پەكەكە خستنى هەلیكۆپتەرێكی جۆرى كۆبرای رایگەیاند لەپاڵ كوشتنى (47) سەربازی توركیاو كوژرانی (5) چەكدارى پەكەكە، بۆیە نازانرێت كێ راست دەڵێتو بەتایبەت دەستكەوتنى زانیاری لەنێو گۆڕەپانی شەڕ مەحاڵە.
 
goranfathe@yahoo.co.uk
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.