سروودێك لە بناری قەندیلەوە … ناڵە حەسەن
هەر لێرەوە
لە بناری ئەم چیایە سەركەشەوە
لە نێو چاوەكانی بەفر و
هەناسەكانی هەور و
سەماكانی خۆرەتاوەوە
دوور دوور
بڵند بڵند
وورد وورد .. بڕوانن
هەر لێرەوە
لە بناری ئەم چیایە سەركەشەوە
لە نێو نیگاكانی بەفر و
ڕۆحە بێگەردەكانی باڵندەوە
سروودێكم دێتە گوێ و پێم دەڵێ
لێرە مەرگ باوەشی بۆ ژیان كردۆتەوە
لێرە ژیان باوەشی بۆ ئایندە كردۆتەوە
لێرە ئایندە باوەشی بۆ ئازادی كردۆتەوە
هەر لێرەوە
لە بناری ئەم چیایە سەركەشەوە
لە نێو چاوەكانی بەفر و
لە نێو نیگا گەرمەكانی خۆرەتاوەوە
نیشتیمانێك دەبینم
سەوزتر لە باخچەكانی بەهەشت و
ڕەنگینتر لە بەهەشتەكانی خودا و
بەرینتر لە ئۆقیانووسەكانی خەون
هەر لێرەوە
لە بناری ئەم نیشتیمانە سەوزەوە
مەرگ گۆرانی بۆ ژیان دەڵێ
ژیان گۆرانی بۆ ئایندە دەڵێ
ئایندە گۆرانی بۆ ئازادی دەڵێ
هەر لێرەوە
لە بناری ئەم چیایە سەركەشەوە
پەڵكەزێڕینەی ئاسمانەكانی خۆرەتاو
لەسەر پشتی شەپۆڵەكانی ئومێدەوە
ڕەشەباكانی مەرگ و
برووسكەكانی تاریكی ڕاودەنێن
لە دووری دوورەوە ,
بەدەم ڕەهێڵەی باران و تۆفانەوە
سروودێكم دێتە گوێ و پێم دەڵێ
ئێرە نیشتیمانی
خەونە سپیەكانی پەپوولەیە
ئێرە نیشتیمانی
باران و گیا و گەڵا و گوڵ و وەنەوشەیە
ئێرە نیشتیمانی
زەردەخەنە و ڕازەكانی ئەستێرەیە
لێرە بەفر سەما بۆ خۆرەتاو دەكا
لێرە خۆرەتاو عەشق لەگەڵ ژیان دەكا
لێرە ژیان باخچەكانی ئایندە ئاو دەدا
لێرە ئایندە گۆناكانی ئازادی ماچ دەكا
هەر لێرەوە
لە بناری ئەم چیایە سەركەشەوە
لە نێو كەڤاڵەكانی ,
مردن و لە دایك بوون و بەرخودانەوە
پێنج هەزار باڵندەی باڵنەخشین و
سەدوهەشتاودوو هەزار پەپوولەی سپی و
پەنجا ملیۆن مرۆڤی بێ نیشتیمان
لە نێو سروودەكانی
خاك و بەفر
هەموو تێكڕا هاواردەكەن و دەڵێن
هەرلێرەوە
لە بناری ئەم چیایە سەركەشەوە
لە باوەشی ئەم نیشتیمانە سەوزەوە
یان ( هەموومان بەیەكەوە دەمرین )
یان هەموومان بەیەكەوە
لەنێو نیگای خەونە سپیەكانمانەوە
گۆرانی ,
بۆ ژیان و بۆ ئایندە و
بۆ خۆرەتاوی ئازادی دەڵێینەوە … !
كەنەدا : 29 ی فێبروەری 2008
Nala_hassan@yahoo.ca