Skip to Content

Monday, December 2nd, 2024
بۆ ئه‌و كچه‌ی به‌ ده‌نگی ئاسوده‌م

بۆ ئه‌و كچه‌ی به‌ ده‌نگی ئاسوده‌م

Closed
by October 24, 2010 گشتی

نامه‌ی یه‌كه‌م

 له‌ به‌یانییه‌كی ئه‌م پایزه‌دا چاوم لێیه‌ چۆن گه‌ڵاكان له‌ به‌رۆك و لق پۆی  داره‌كان ده‌بنه‌وه‌و به‌ ده‌م سه‌ماكردنه‌وه‌ بۆ ماچێكی زه‌وی رۆحی خۆیان قوربانی ده‌كه‌ن و تا ئه‌به‌د یه‌كدی له‌ ئامێز ده‌گرن. به‌یانیه‌و منیش له‌مدیو په‌نجه‌ره‌ی ژورێكی ئاپارتمانه‌ باڵا به‌رزه‌كه‌وه‌ به‌ده‌م گوێكرتن له‌ فه‌یروز و مژ لێدانی جگه‌ره‌كه‌ی ده‌ستمه‌وه‌  بیر له‌ تۆ ده‌كه‌مه‌وه‌.. به‌قه‌د ئه‌و خه‌یاڵه‌ی قوڵه‌ی ده‌نگی له‌ خانه‌كانی مێشكمدا ئۆقره‌ی لێبڕیوم و به‌ ده‌ریایه‌كی پڕ له‌ وه‌همی سپاردوم.. ده‌نگی تۆ هه‌میشه‌ له‌ گۆیچكه‌مدا شه‌پۆله‌كانی بیستنم راده‌ژه‌نێ‌ و هۆش وهه‌ستم له‌ باوه‌شی غوربه‌ت ده‌ردێنێ‌.. ده‌نگی ناسكی تۆ ده‌بێته‌وه‌ لای لایه‌كه‌ی دایكم و له‌ ئاسمانی خۆشه‌ویستیدا په‌ڵه‌ هه‌وره‌كانم بۆ ده‌كاته‌ پێخه‌ف و هێواش هێواش ده‌مخه‌وێنێ‌.
  كی هه‌یه‌ ده‌نگی هینده‌ی تۆ لێوان لێوبێت له‌ میهره‌بانی. پڕتربێت له‌ سۆز. كه‌ ئه‌دوێت وا هه‌ستده‌كه‌م گۆرانیه‌ك بۆ ته‌نهاییم ده‌لێیت و ترپه‌ی دڵم له‌گه‌ڵ ده‌نگی تۆدا خۆشترین ئاوازی زیندوبونه‌وه‌م پێده‌به‌خشێت. ئه‌ی كچه‌ ده‌نگ خۆشه‌كه‌ من نامه‌وێ‌ بتبینم ته‌نها بیستنی ده‌نگی تۆم به‌سه‌. لێ‌ ده‌مه‌وێت به‌ گوێی هه‌موو عاشقاندا بچرپێنم و گه‌ره‌كمه‌ به‌ هه‌موو مه‌عشوقه‌كان بلێم كه‌وا ته‌نها چاو نیه‌ خۆشه‌ویستی بینیات ده‌نێ‌، ته‌نها لێو نیه‌ پێبكه‌نێ‌ و رازی خۆی ده‌ربڕێ‌، ته‌نها باڵا نیه‌ سه‌رنجه‌كانت بۆلای خۆی په‌لكێش بكات، ئه‌ی خۆ ئه‌برۆكانیش هێزیان نیه‌ و ناتوانن هێنده‌ی ده‌نگ ببنه‌ تیرێك و دڵه‌ عاشقان بپێكن. نا، نا، ئه‌وه‌ ته‌نها ده‌نگه‌ له‌ شێوه‌ی ده‌نگی ئه‌و كچه‌ی من ناسیومه‌ شه‌پۆله‌كانی خۆیان ده‌ ئاخننه‌ هۆشمه‌وه‌و له‌وێوه‌ به‌ شاده‌ماره‌كاندا شۆڕ ده‌بنه‌وه‌ نه‌ك هه‌ر دڵم هه‌موو جه‌سته‌م داگیرده‌كات.
    ئه‌ی ئه‌و كیژه‌ی ده‌خوازم له‌ رێگه‌ی ده‌نگه‌وه‌ پێت بڵێم من و تۆ هێنده‌ی به‌سته‌ڵه‌كی باكورو جاده‌ی مه‌وله‌وی لێك دوورین و هێنده‌ی چرپه‌یه‌ك لێك نزیكین.

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.