
سینه‌مای کوردی و نسکۆی ره‌خنه‌ی سینه‌مایی
سینه‌مای کوردی و نسکۆی ره‌خنه‌ی سینه‌مایی
به بیانووی ئاڤاتاره‌که‌ی “رێبوار ره‌شید”ــه‌وه
خه‌لیلی غه‌زه‌ڵی
تێبینی نووسه‌ر: ئه‌م بابه‌ته ته‌نیا بۆچوونێکه و نووسه‌ر هیچ ئیدیعایه‌کی له‌مه‌ڕ شاره‌زایی له کاری سینه‌ما نییه.
دوور بێ له ئێمه‌ی کوردی بێ کیان، ئه‌وه بۆ چه‌ند ده‌یه ده‌چی که سینه‌ما به‌شێکه له ژیانی ئینسانی سه‌رده‌م. هه‌ر به‌و پێه‌ش، هه‌ر گه‌ل و نه‌ته‌وه و وڵاتێک خاوه‌ن سینه‌مای خۆیانن(به‌بێ هه‌ڵسه‌نگاندنی باش یا خراپ) و هاوکات خاوه‌ن دیارده‌ی ره‌خنه و لێکۆڵینه‌وه‌ن له‌م بواره(سینه‌ما)دا.
.هه‌ر له‌وکاته‌وه که سینه‌ما له بیدایه‌تی خۆیه‌وه که‌وته بازاڕی پێشبڕکی و پاشان بوه بوارێک بۆ سه‌رگه‌رمی و هاوکات بۆ راکێشانی سهرنجئ کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک و، پیشه‌یه‌ک بۆ داهات، به‌هۆی ئه‌وه که‌له جیهانی سه‌رمایه‌داریدا سه‌ری هه‌ڵدا بوو، ده‌سبه‌جێ که‌وته بازاڕی سات و سه‌ودا و پێشبڕکییهوه.ئه‌وه بوو که ماوه‌یه‌کی زۆر له داهێنانی ئه‌م پیشه‌سازی(سه‌نعه‌ت)ـه تێنه‌په‌ریبوو که خۆی له پێشکه‌ش کردنی فیلم بۆ جاولێکردن و پارهدهرهێناندا دیته‌وه. ئه‌گه‌رچی سه‌ره‌تاکان سینه‌مای کومێرشێل به فیلمی سامت(بێ ده‌نگ) ده‌ستی پێ‌کرد، به‌ڵام زۆری نه‌خایاند که پێشوازیی کۆمه‌ڵگه‌و پاشتر ره‌قابه‌ت(پێشبڕکێ)ی ناوه‌نده‌کانی به‌رهه‌مهێنان، بوه هۆی پێشکه‌وتنی گورجی ئه‌م پیشه‌سازییه. تا ئه‌و جیگایه که مه‌ودای سه‌رهه‌ڵدانی سینه‌مای سه‌ره‌تایی و تا دیتنه‌وه‌ی سینه‌مای ده‌نگدار و پاشان سینه‌مای ره‌نگی و پاشان سینه‌مای “سکۆپ” و پاشتر سینه‌مای ستریو و سینهراما و سپه‌یس ڤیژن و دری(3) دایمهیشن و… 50 ساڵ ناخایه‌نێ. هه‌موو ئه‌مانه نیشنادهری ئه‌و پێشوازیهن که جه‌ماوه‌ر له‌م پیشه سازیه نوێیه کردی.
پاش شه‌ڕی دووه‌می جیهانی سینه‌ما ده‌بێته پیشه سازییه‌کی جیدی بۆ ولاتانی سه‌رمایه‌داری، له‌م نێوانه‌دا هالیوود (ئامریکا) ده‌وری بنه‌ڕه‌تی ده‌گێرێ، دیاره هاوکات له فه‌رانسه، ئیتالیا و بریتانیا و ته‌نانه‌ت وڵاتانی په‌رواێزخراو(له ئاستێکی نزمتردا)،سهنعتهتی فیلمسازی دێته ئاراوه(دواتر هیندوستان –بالی وود). به‌ڵام هیچیان توانای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هالیوودیان نابێ. ئه‌ڵبه‌ت ته‌نیا له سه‌رده‌مێکی کورت دا(سه‌ره‌تای 60ـه‌کان تا 70کانی چه‌رخی پێشوو) ئیتالیا به به‌رهه‌م هێنانی فیلمی هه‌رزان(چ له باری به‌رهه‌م هێنان و چ له‌باری ناوه‌رۆک و بازاڕه‌وه) توانی له‌گه‌ڵ هالیوود پێشبڕکێ بکات که ئه‌ویش پێک هێنانی شارێکی تایبه‌تی سینه‌مایی بوو به ناوی “چینه چیتا” که تایبه‌ت بوو به به‌رهه‌مهێنانی فیلم. به‌ڵام پاش تێپه‌ڕ بوونی زه‌مانێکی کورت و گۆڕانی فه‌زای سینه‌ما(ئه‌و سه‌رده‌م فه‌زای به‌رهه‌م هێنانی فیلمی مێژوویی و پاشان وێسڕن-کاوبۆی-بوو) چینه چیتا و هاوکات سینه‌مای فه‌رانسه و بریتانیا له‌به‌رابه‌ر تواناییه‌کانی سینه‌مای ئامریکا(هالیوود)ده‌ستیان به‌ردایه‌وه ، تاوای لێهات که ئه‌وه چه‌ند ده‌یه‌یه که هالیوود مەیدان داری سینه‌مای جیهانه. ئه‌ڵبه‌ت سینه‌مای وڵاتانی دیکه‌ش هێشتا سووکه به‌رهه‌مێکیان هه‌یه، به‌ڵام کاتێک شانسی بڵاوبوونه‌وه له ئاستی جیهانی په‌یدا ده‌که‌ن که له‌لایه‌ن یه‌کێک له ناوه‌نده‌کانی فێلم بڵاوکردنه‌وه‌ی ئامریکاییه‌وه(وه‌ک کولومبیا، یونایتدئارتیست،فوکسی چه‌رخی بیسته‌م، پارامونت،مێترۆ کوڵدین مهیر و…) بڵاوکردنه‌وه‌ی وه‌ئه‌ستۆ بگیردرێت. واته جیهانی به‌رینی هالیوود ئه‌گه‌رچی به‌دیلێک لهبهرابهی خۆیدا نابینێ، به‌ڵام مه‌ودای پێشبڕکی بۆ به‌رهه‌مهێنه‌ران ئاواڵه هێشتوه‌ته‌وه . هه‌ر ئه‌و فه‌زا کراوه‌ش بوه‌ته هۆی ئه‌وه تا هاتوه بواری سینه‌ما چ له‌باری هونه‌ری و چ له‌باری تێکنیکییه‌وه پێشکه‌وتنی به‌ده‌ست هێناوه.
ئه‌ڵبه‌ت نابێ ئیشاره‌ش به‌وه نه‌کرێ ، به‌هۆی ئه‌و کاریگه‌رییه‌ی که سینه‌ما له ژیانی کۆمه‌ڵگه‌دا به‌ده‌ستی هینا، ده‌سه‌ڵاتدارانیش چ به ئاشکرا و چ به‌شێوه‌ی نادیار، که‌وتنه پێشبردنی رێباز و ئامانجه‌کانی خۆیان له‌م رێگه‌وه. به‌و شێوه که به هه‌زینه‌کردنی پاره‌یه‌کی زۆر(ڕاسته‌وخۆ یا ناراسته‌وخۆ ) فیلمی وا به‌رهه‌م ده‌هێنن که بانگه‌شه‌ی سیاسه‌ته‌کانی ئه‌وان ده‌کات. له‌مبواره‌دا سنهمای ئامریکا نموونه‌یه‌کی دیاره. بۆنموونه کاتێک ئامریکا ریبازێک(ده‌ره‌کی یا ناوخۆیی) دهگرێتهپێس، ئیمه پێش و پاش ئه‌و رێبازه، شاهیدی هاتنه بازاڕی فیلم گه‌لێکین که به چه‌شنێک ئه‌و سیاسه‌ته‌ی ئامریکا ره‌چاو ده‌که‌ن. بوارێکی دیکه ئه‌وه‌یه که هالیود به به‌رهه‌مهێنانی فیلمی پڕ له شهر و شووڕ، له ده‌رونناسیی میرمنداڵ و لاوان و فانتازیاکانیان که‌لک وه‌رده‌گرێ تا ئاماده‌یان بکات له داهاتوودا به‌ئاسانی ده‌سته‌مۆی سیاسه‌ته‌کانی ده‌سه‌ڵاتداران بن لە فراوانخوازیەکانیان و سیاسەتە شەڕخوازانەە و …. کانیاندا.
هاوکات له‌گه‌ڵ پێشچوونی سینه‌ما له ههمووبارهکانهوه، به‌هۆی کاریگه‌ریی(سینه‌ما) له سه‌ر کۆمه‌لگه چ به باش و چ به خراپ و به‌تایبه‌ت شوێن دانانی ئه‌م بواره له ژیانی ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تیی کۆمه‌ڵگه‌دا، بوارێکی دیکه‌ش له لایه‌ن کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و رووناکبیری ئازاده و بۆ ئه‌م بواره کرایه‌وه که ئه‌ویش بواری ره‌خنه،چ به باشه و چ به شیکردنه‌وه‌ی لایه‌نه جۆربه‌جۆره‌کانی واتا سه‌لبی و ئیجابی سینه‌ما(فیلم) بوو. ئه‌م لایه‌نه(ره‌خنه) له پڕۆسه‌ی خۆیدا فیستواڵه جۆربه‌جۆره سینه‌ماییه‌کانی خوڵقاند، که کۆی هه‌موو ئه‌و بوارانه‌ی باسم کرد، وه‌ک ده‌ستکه‌وتێکی مرۆڤ و کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی، تا ئه‌مڕۆ، به‌شێکه له ژیانی مرۆڤ. بۆیه ده‌ڵێم تا ئه‌مڕۆ که به‌هۆی هاتنه ئارای تێکنۆلۆژیی نۆێ، واتا ئینتێرنێت و گه‌شه‌ی گورجی جیهانی مه‌جازی، تا دێت ده‌وری سینه‌ما له ژیانی کۆمه‌ڵگه‌دا که‌م ده‌کاته‌وه. ئه‌ڵبه‌ت هاوکات به‌رهه‌مهێنه‌رانی سینه‌ماش بۆ به‌ربه‌ره‌کانیی ئه‌و تێکنولۆژییه به‌رده‌وام خه‌ریکی دیتنه‌وه‌ی رێگه و تیکنیکی نوێن تا نه‌هێڵن سالونهکانی سینه‌ما به چۆڵی بمێننه‌وه.
گه‌رچی باسی سه‌رهه‌ڵدان(گه‌شه) و دابه‌زینی(دامرکان)ی بواری سینه‌مام کرد، به‌ڵام جێگه‌ی خۆیه که ئاماژه به‌وه‌ش بکه‌م ئێمه‌ی کورد ،به‌هۆی نه‌بوونی کیانی سه‌ربه‌خۆ، له‌م رهوهندها هیچ ده‌ور و کاریگه‌رییه‌کمان نه‌بوه. ته‌نیا ئه‌وه‌ی نه‌بێ که له‌م دوایانه‌دا چه‌ند سینه‌ماکاری هاونیشتمانیمان به‌ناوی ئه‌و وڵاتانه‌ی که به‌شێکی کوردستانیان پێ ىراوه، توانیویانه چه‌ند به‌رهه‌مێکی جێ ڕامان بخوڵقێنن . که به‌رچاوترینیان به‌همه‌نی قوبادی ده‌رهێنه‌ری دیاری رۆژهه‌ڵاتی کوردستانه. ئه‌ڵبه‌ت 3 ده‌یه پێشتر “یولماز گونای” به تێکۆشان و له‌خۆبوردووی خۆی ريچکهی بۆ بههمهنهکان شکاندبوو.
به‌خته‌وه‌رانه جیهانی گلوباڵی سه‌رده‌م و هاسانیی پێوه‌ندیی، جیا له زۆر بواری دیکه که به فریای ئیمه‌ی کوردهویشهوه هاتوون، له‌باری سینه‌ماشدا یارمه‌تیده‌رمان بوه. به‌شێوه‌یه‌ک ئێستا لانی که‌م له سێ به‌شی کوردستان و تا ڕاده‌یه‌ک هونه‌رمه‌ندانی ده‌روه‌ی وه‌ڵاتدا بواری سینه‌مای کوردی پێشکه‌وتنی باشی به‌خۆوه دیتوه و ئه‌وه چه‌ند ساڵه فیستیڤاڵه جۆربه‌جۆره‌کانی جیهانی شاهێدی نمایش دانی فیلمی کوردین(چ له به‌شی پێشبڕکێدا و چ له به‌شی ناساندندا). که تا ئێستا چه‌ندین خه‌ڵاتی جیهانیش حاسڵی کار و زەحمەت و هونەری هونه‌رمه‌ندانی ده‌رهێنه‌ر و به‌رهه‌مهێنه‌ر و … بوون ،ئه‌مانه خۆی له خۆیاندا ده‌وری باش و پڕبایه‌خیان له ناساندنی نه‌ته‌وه‌که‌مان و دۆزه ره‌واکه‌ی به خه‌لکانی ده‌روه و بیروڕای گشتی و کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نیی زۆر وڵاتان هه‌بووه.
ئه‌گه‌رچی له‌م ساڵانه‌دا بواری سینه‌مای کوردی گه‌شه‌یه‌کی باش و جێ ئافه‌رینی به‌خۆیه‌وه دیتوه، به‌داخه‌وه شانبه‌شانی ئه‌و گه‌شه‌یه ئێمه له بواری ره‌خنه‌ی سینه‌مایی هیچ حه‌ره‌که‌ت و جووڵه‌یه‌کی جێگه‌ی باس نابینین. ئه‌وه له‌کاتێکدایه شاره‌زایانی بواری سینه‌ما له‌و باوه‌ڕه‌دان که هه‌ر سینه‌مایه‌کی جیدی، بۆ ناسینی کهموکووریهکان و لاوازی و خاڵه به‌هێزه‌کانی خۆی پێویستیی به ره‌خنه‌ی جیدی و ره‌خنه‌گری وردبین و پروفیشناڵ (شاره‌زا له بواره‌که‌یدا) هه‌یه.
ئاشکرایه گه‌وره‌ترین هۆکاری ئه‌و که‌مایه‌سییه نه‌بوونی کیانی کوردی و سینه‌مای کومێرشێل و جێکه‌وتوه. به‌ڵام من له‌و براویهدام که له‌م سه‌رده‌مه‌دا، کاتێک سینه‌مای کوردی ده‌توانێ به‌بێ بوونی کیانێکی سه‌ربه‌خۆی کوردی، به‌ره به‌ره بوونی خۆی ڕابگه‌یه‌نێت، بۆ ناکڕێ شانبه‌شانی ئه‌و سینه‌مایه، بواری ره‌خنه‌ی سینه‌مای کوردیش سه‌رهه‌ڵبدا؟ به‌تایبه‌ت ئێسته که کیانێکی نیوه چڵمان هه‌یه(باشووری کوردستان) و له‌وێ هه‌م فێلمی سینه‌مایی به‌رهه‌م ده‌هێنرێت و هه‌م چه‌ندین کاناڵی ته‌له‌فزیونی هه‌ن که ساڵانه له‌باری به‌رهه‌مهێنانی فیلم، رهنجیرهی ته‌له‌فزیونی، داکیومێنت و … چالاکن. بێگومان ئه‌گه‌ر شانبه‌شانی ئه‌و هه‌موو چالاکیه، بواری ره‌خنه‌ش گه‌شه‌ی کردبای، ئێمه شاهێدی ئه‌و هه‌موو به‌رهه‌مه بێ ناوه‌رۆک و عه‌وام خڵتێنانهی که زۆرتر لاساکهروهی زه‌نجیره قۆڕ و بێ بایه‌خه‌کانی میسری و تورکین، نه‌ده‌بوین. یا لانی که‌م ده‌مانتوانی باش و خراپ لێک جودا بکه‌ینه‌وه و بوارێک بۆ پۆلین کردنی به‌رهه باش و خراپەکانی سینه‌مایی و ته‌له‌فزیونیه‌کان بخوڵقێنین.
ئه‌لبه‌ت من ناڵیم له‌مباره‌وه هیچ نه‌کراوه، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی من سه‌رنجم داوه،و ئه‌وه‌ی من وه‌ک ره‌خنه‌ی سینه‌مایی یا ره‌خنه له زه‌نجیره‌ی ته‌له‌فزیونی دیتومه، زۆرتر لێکۆڵینه‌وه‌ی نا پروفشناڵ بوه که ده‌ربری هه‌ستی بینه‌ره‌که بون، واتا له‌باری تواناییه‌کانی ده‌رهێنه‌ر و ئاکتۆر و ئاکتۆریسهکان، کامێرامه‌ن و دێکۆر و مونتاز و تیتراز و تیشک و جلوبه‌رگ و ده‌قدانی فه‌زا ،له‌گه‌ڵ سناریو و به‌تایبه‌ت لایه‌نی به‌هێز یا لاوازی سناریو و بانگه‌شه‌ی مه‌زهه‌ب و قه‌ناعه‌ت هێنانی خه‌ڵک به نه‌داری و هاوکات نیشاندانی ژیانی خه‌یاڵیی که هیچکه‌س به‌خه‌ونیش نایبینێ و…، نەم نه‌مدیتوه که ره‌خنه‌یان لێ بگیرێت. یا به‌چاوی ره‌خنه‌گرانه هه‌ڵیان سەنگاندبێت.
له‌م بواره‌دا ماوه‌یه‌ک پێش من ره‌خنه‌یه‌کی سینه‌مایی به‌رێز رێبوار رهشێدم له سه‌ر فیلمی به‌ناوبانگی “ئاڤاتار” لە ده‌رهێنه‌ری دیاری ئامریکایی جیمز کامێرون خوێنده‌وه، که له‌سه‌ر دوو ماڵپه‌ڕی ده‌نگه‌کان و ماڵپه‌ڕی هه‌ڵوێست بڵاو ببوه‌وه. ده‌توانم بڵێم ئه‌وه یه‌که‌مین ره‌خنه‌ی سینه‌مایی بوو که تا راده‌یه‌ک توانیبووی بچیته بواری ره‌خنه‌ی پروفشناڵهوه. له‌به‌ر ئه‌وه ده‌ڵێم تا راده‌یه‌ک ، چوونکه ره‌خنه‌گر بابه‌ته‌که‌ی به ئامانخی سیاسییه‌وه(نه‌ک هونه‌ری و ره‌خنه‌ی سینه‌مایی) نوسیبوو. بۆ وێنه به که‌ڵکوه‌رگرتن له هه‌ستی ته‌تبیقی، به‌جوانی توانیبووی سناریوی ئاواتار(په‌لامار بۆ داگیرکردن و دیفاعی ره‌وای خه‌ڵکێک بۆ ده‌رکردنی داگیرکا‌ر)له‌گه‌ڵ پرسی نه‌ته‌وه‌ی کورد پێکه‌وه هه‌ڵسه‌نگێنێ و خووی داگیرکا‌ر به‌باشی شی بکاته‌وه. ئه‌ڵبه‌ت هاوکات به‌دروستی ئاماژه به تواناییه‌کانی ده‌رهێنه‌ری فیلمه‌که(جیمز کامرون) ده‌کات که چۆن به باشی توانیویه به که‌ڵک وه‌رگرتن له تێکنیکی سینه‌ما، ئیشک و باش یاری وه‌رگرتن له ئاکتور و ئاکتریسهکان و وێنه‌گر، سه‌رنجی بینه‌ر وه‌ها بباته ناخی فیلمه‌که‌وه که هه‌ست بکات خۆی به‌شێک له جیرۆکی فیلمه‌که‌یه و هه‌ستی هاو خه‌می و هاوده‌ردیی له ئاست “پاندۆرا” و خه‌ڵکی “پاندۆرا” هه‌بێت.
ره‌خنه‌ی سینه‌ماییه‌که‌ی رێبوار ره‌شید به‌راستی بۆ ئێمه‌ی کورد که خاوه‌ن میژوویه‌کی دووردرێزی خه‌باتی رزگاریخوازین و هێشتاش به ئامجی سه‌ره‌کیمان(مافی بریاردانی سه‌ربه‌ستانه‌ی چاره‌نووسمان) نه‌گه‌یشتووین، ده‌ق و به‌رهه‌مێکی بایه‌خدار و به‌نرخه. من وێرای ده‌سخۆشی له‌و به‌رێزه، هیوادارم که‌سانی ئاشنا به بواری سینه‌ما و که‌سانی دڵسۆز،له بواری ره‌خنه‌ی سینه‌مایی، قه‌ڵه‌م بگرنه ده‌ست و ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی که شیاوی باسکردن(ره‌خنه) ده‌بینن، بده‌نه به‌ر باس و لێکۆڵینه‌وه و تێگه‌یشتنی خۆیان. له‌به‌ر ئه‌وه ئێمه گه‌ر بمانه‌وێت سینه‌مامان گه‌شه بکات ، ده‌بێ بواری ره‌خنه‌ی سینه‌ماش(وه‌ک ئاوێنه‌ی نیشانده‌ری لاوازی و به‌هێزیی )ىخووڵقینین و چالاک ڕایگرین. تا ئه‌و ڕاده‌یه که هیوادارم گه‌شه‌ی ره‌خنه‌ی سینه‌مایی بگاته ئاستێک که لانی که‌م له میدیای کوردی‌دا ستوونێکی سه‌ربه‌خۆ بۆ خۆی ته‌رخان بکات.