شانۆ: (ئه‌وێ)یه‌ک لێره، (ئه‌ودیو)ێک له‌مدیو
ئه‌کته‌ر کێیه‌و کێ ئه‌کته‌ره؟
خۆشبه‌ختانه، به‌ختم هێناویه‌تی، یان ڕێکه‌وته‌کانی ژیانم له شانۆدا وایان کردووه، که له‌گه‌ڵ ئه‌کته‌ری وڵات و میلله‌تانی جیاواز‌و جۆراوجۆردا خۆم ببینمه‌وه‌و کار بکه‌م.
ئه‌وه‌ی سه‌رنجم دابێت، هه‌ر ئه‌کته‌ره کۆمه‌ڵێک ده‌وڵه‌مه‌ندی و هه‌ژاری به خۆیه‌وه هێناوه له وڵاته‌که‌یه‌وه. به‌ده‌ر له ئاستی شانۆ‌و هونه‌رو بواره‌کانی تر، که له وڵاتێکه‌وه بۆ وڵاتێکی تر ده‌گۆڕێ، تایبه‌تمه‌ندیه ڕۆشنبیری و مێژویی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌رونیه‌کانی میلله‌ته‌کان، له بیر‌و جه‌سته‌ی ئه‌کته‌ره‌کاندا تۆمارکراون.
مرۆڤێکی ژاپۆنی و یه‌کێکی چینی و یه‌کێکی که‌نه‌دایی و یه‌کێکی ئه‌فریقایی، به‌ده‌ر له ڕواڵه‌تیان، جوڵه‌و بیرکردنه‌وه‌شیان جیاوازه. له ناو ئه‌فریقیادا که‌سێکی خه‌ڵکی کامێرون جیاوازه له که‌سێکی گینێ. له ناو خودی وڵاتێک‌دا، زمان و بیرکردنه‌وه‌ی مرۆڤ له شارێکه‌وه بۆ شارێکی تر ده‌گۆڕێن. یه‌کێک له شاردا ژیابێ، جیاوازه له که‌سێکی لادێ. له‌ناو خودی خێزانێکدا، ئه‌ندامه‌کانی جیاوازن له یه‌ک. که‌چی به‌ده‌ر له جیاوازیه که‌ڵچه‌ریه‌کان، چینایه‌تیه‌کان، سایکۆلۆژیه‌کان و سۆسیۆلۆژیهکان، به هه‌مویان ده‌ڵێین مرۆڤ.
چی وا ده‌کات ئه‌کته‌ر له هه‌ر شوێنێک بێت، بتوانین پێی بڵێین ئه‌کته‌ر؟ ئه‌ی چی وا ده‌کات که دوو شانۆ، له هه‌مان وڵات‌دا، هێنده جیاوازبن و تایبه‌تمه‌ندیه‌کی وایان هه‌بێ، ئه‌کته‌ری یه‌کێکیان نه‌توانێ له‌ناو یه‌کێکی تریاندا کار بکات؟ ته‌نانه‌ت وه‌ک پیشه‌یه‌کی جیاواز له‌پیشه‌که‌ی خۆی بیانبینێ؟
بڵێین ئه‌وه شتێکی سروشتیه، ته‌نانه‌ت له‌ناو ئه‌ندامانی یه‌ک خێزانیشدا سایکۆلۆژیه‌ت و که‌سایه‌تی جیاواز هه‌بن، وه له نێوان دوو میلله‌تی دوور له یه‌کدا نه‌ریت و ڕواڵه‌ت و دیارده‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌یه‌کچوو هه‌بن. به‌ڵام له نێوان ئه‌کته‌ری دوو کۆمه‌ڵگادا، که له‌یه‌ک ده‌چن، له‌یه‌کچوون زۆرتره وه‌ک له نێوان ئه‌کته‌ری دوو کۆمه‌ڵگای جیاوازدا. به شیوه‌یه‌کی تر بڵێم، چی وا ده‌کات ئه‌کته‌رێکی ئیسرائیلی زۆرتر له ئه‌کته‌ری وڵاتێکی دووری وه‌ک که‌نه‌دا بچێت، له‌وه‌ی له ئه‌کته‌رێکی سوریایی بچێت، که وڵاته‌کانیان هاوسنوری یه‌کن؟
ئایا ئه‌گه‌ر دوو خوێندنگای شانۆ له هه‌مان کاتدا له ئه‌ڤگانستان و له ئه‌مریکا بکرێنه‌وه، هه‌مان پرۆگرامی خوێندن و هه‌مان مامۆستا‌و هه‌مان به‌ڕێوه‌به‌ریان هه‌بێ، ئه‌و ئه‌کته‌رانه‌ی له‌و خوێندنگایانه ده‌رده‌چن هه‌مان شێوه‌ی نواندن و هه‌مان جۆری شانۆ به‌رهه‌م ده‌هێنن؟ ئایا ئه‌کته‌ر تا چ ڕاده‌یه‌ک کۆمه‌ڵگاکه‌ی په‌روه‌رده‌ی ده‌کات و تا چ ڕاده‌یه‌ک شانۆکه‌ی؟
ئه‌کته‌ر له نێوان جیهانیبوون و خۆماڵیبووندا
ئه‌گه‌ر له وڵاتێک‌دا ئازادیه‌کی تاڕاده‌یه‌ک ڕه‌ها له هه‌موو بواره‌کانی ژیاندا نه‌بوو، ئه‌وا تاک دروست نابێ، چونکه ژینگه‌ی تاک ئازادیه. ئه‌گه‌ر تاک نه‌بوو، داهێنان نابێ، چونکه ژینگه‌ی داهێنان تاکه. به پێی وته‌که‌ی پۆل ئێلوار “ئه‌گه‌ر خودا تاکوته‌نها نه‌بوایه، نه‌یده‌توانی گه‌ردون دروست بکات” ئه‌وا کۆمه‌ڵگای به‌و جۆره، داهێنه‌ر به‌رهه‌م ناهێنێ (به‌ده‌ر له باوه‌ڕی هه‌رکه‌سێک، مه‌به‌ست له‌م دێڕه‌ی پۆل ئێلوار ئه‌وه نیه ئایا کێ گه‌ردونی دروسکردووه)، ئێلوار داهێنان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ تاک و بۆ تاک له ته‌نهاییدا. چه‌نده کاریگه‌ری کۆمه‌ڵێک شتی بۆماوه، دابونه‌ریت، ئاین، یاساکانی کۆمه‌ڵگا، شێوازی ژیان… هتد، به‌سه‌ر بیرکردنه‌وه‌و ژیانی ئه‌کته‌ردا زاڵ‌بن، هێنده ئه‌کته‌ر دروسکراوی وڵاته‌که‌ی خۆی ده‌بێت نه‌ک شانۆکه‌ی، ئازادیه‌کی ڕاسته‌قینه‌ی نابێ له جووڵه‌و شێوازی نواندنا.
بێگومان به هه‌مان شێوه له کۆمه‌ڵگایه‌کی ئازاد‌دا، ئه‌کته‌ر ئازاده، بگره وه‌ک سارتر ده‌ڵێ (مه‌حکومه به ئازادی).
به بۆچونی من، لێره‌دا پێویستی خوێندنی شانۆ دێته ئاراوه. خوێندن پیشانمان ده‌دات چ شتێک تیاماندا تایبه‌تمه‌ندی تاکه‌که‌سی خۆمانه، وه چ شتێک له شێوه‌ی ژیان و دابونه‌ریت و ئایین و خێزان.. هتد بۆمان ماوه‌ته‌وه. ناسین و کارکردن له‌سه‌ر ئه‌م شتانه ئه‌کته‌ر ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌کات، له‌هه‌مان کاتدا له کۆمه‌ڵێ کۆتوپێوهند ڕزگاری ده‌کات و ئازادیه‌کی زۆرتری ده‌داتێ. چه‌نده ئه‌کته‌ریش له ڕه‌وشته بۆماوه‌کان ئازادبێ، هێنده بواری هه‌ڵبژاردنی زۆرتره. ئه‌مه مانای ئه‌وه نیه هه‌موو مۆرکێکی تایبه‌تمه‌ندی خێزان، چین، نه‌ته‌وه، سایکۆلۆژی لای ئه‌کته‌ر بسڕیته‌وه‌و ببێته ئامێرێکی بێ هه‌ست و بێ گیان و بێ ڕه‌نگوبۆ، به‌ڵکو له ده‌ربڕینی ناوچه‌گه‌ری و چینایه‌تی و ناوخۆیی ڕزگاربێ و ده‌ربڕینێک به‌ده‌ست بهێنێ، که خه‌ڵکی هه‌موو وڵاتێک و چین و توێژێک بتواننن خۆیانی تیا ببیننه‌وه. هه‌ر ئه‌مه‌شه وا ده‌کات، که هه‌ندێ ئه‌کته‌ر هونه‌ره‌که‌یان هه‌موو سنوره‌کان ده‌بڕێت و له هه‌موو شوێنێک په‌سه‌ند ده‌کرێن.
به‌ڵام لێره‌دا مه‌به‌ست له خوێندنێک نیه تاکه‌کان له‌سه‌ر مۆدێلی کۆمه‌ڵگا په‌روه‌رده بکات، ئه‌کته‌ر بۆ ته‌واوکاری ئه‌و کۆشکه به‌رزه‌ی دابونه‌ریتی باو، بۆ ملکه‌چی و بۆ ئه‌وه‌ی ببێته باشترین سوته‌مه‌نی کۆمه‌ڵگا گه‌وره‌بکات. مه‌به‌ست له خویندنێکه له هه‌موو ئاسته‌کانیدا ئامانجی گۆڕینی ڕه‌وش و ڕه‌وشتی کۆمه‌ڵگایه، ئامانجی دروسکردنی مرۆڤی ڕوخێنه‌ری شته بۆماوه‌کانه.
ئه‌م خوێندنه‌ی ئه‌کته‌ر ئه‌بێ به دوو ئاڕاسته‌ی پێچه‌وانه‌دا بڕوات، ئاراسته‌ی جیهانیبوون و مرۆڤبوون له‌لایه‌ک، ئاراسته‌ی تایبه‌تمه‌ندبوون و نه‌ته‌وه‌ییبوون له‌لایه‌کی تر.
ئه‌گه‌ر نمونه‌ی ئه‌کته‌ری ئینگلیزی چارلی چاپلین بهێنینه‌وه که له ته‌واوی جیهاندا ناسراوه، چ له لادێیه‌کی ئه‌فریقا، چ له ئه‌سکیمۆ، چ له تێبێت و چین، ده‌بینین ئه‌م ئه‌کته‌ره که‌ڵچه‌ری خۆی زۆر باش ده‌ناسێ، کاری له‌سه‌ر کۆمه‌ڵێ سه‌مبۆل و کاراکته‌ری که‌ڵچه‌ره‌که‌ی خۆی کردووه، وه ئه‌گه‌ر هه‌موو که‌س ده‌توانێ ته‌ماشای بکات، هی ئه‌وه‌یه که له له‌هه‌مان کاتدا کاری به کۆمه‌ڵێ کاره‌کته‌رو سهمبۆڵی جیهانی کردووه. واته له دوو ئاراسته‌دا کاری کردووه، ئاراسته‌ی گه‌ردوونی و جیهانی، ئاراسته‌ی نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌یی. ده‌ربڕین له ناو ناخی خۆی و کهڵچهرهکهیدا هه‌ڵهێنجاوه و ئاراسته‌ی جیهانی کردووه، نه‌ک به پێچه‌وانه‌وه، له‌ڕێی شته باو‌و دروسکراوه‌کانی جیهانه‌وه ویستبێتی ده‌ربڕین له خۆی بکات. بۆیه ئه‌و ته‌واو ئینگلیزیه‌و له هه‌مان کاتیش‌دا ته‌واو جیهانی و گه‌ردونیه.
بێگومان له ئه‌مڕۆدا، که‌ڵچه‌رێکی باڵاده‌ست هه‌یه که که‌ڵچه‌ری ڕۆژئاوایه. شێوازی کارکردن و بیرکردنه‌وه‌ی تا ڕاده‌یه‌ک سه‌پێنراوه به‌سه‌ر هه‌موو به‌شه‌کانی تری زه‌ویدا. بۆیه ئه‌کته‌رێکیش بیه‌وێت جیهانی بێت، ناچاره که‌ڵچه‌ری میلله‌تانی باڵاده‌ست شاره‌زابێ. بۆ نمونه، ئه‌کته‌رێکی کورد بێجگه له هه‌ڵپه‌ڕکێکه‌ی خۆی پێویسته تانگۆ و سالساو ڕۆکان ڕۆڵ و کۆمه‌ڵێک سهمایتر بناسێ، له کاتێکدا ئه‌کته‌رێکی ڕۆژئاوایی ناچار نیه هه‌ڵپه‌ڕکێی کوردی بناسێ، زۆر نمونه‌ی تریش.
سێگۆشه‌ی ئه‌کته‌ر
ئه‌کته‌ر پێکهاتوه له: ژیان، ته‌کنیک، ڕۆشنبیری. ته‌کنیکێکی باڵا له هونه‌ری نواندندا، ڕۆشنبیریه‌کی گستی و شانۆیی به‌رفراوان، ژیانێکی ده‌وڵه‌مه‌ند له تاقیکردنه‌وه.
یه‌که‌م: تاقیکردنه‌وه‌ی ژیان، واته: سه‌فه‌ر، کارکردن، نه‌خۆشی، هه‌ژاری، سه‌ربازی، وه‌رزش، چێشتلێنان. چالاکیه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی وه‌ک، ژیانی قوتابیه‌تی، کاری هه‌ره‌وه‌زی، هه‌ڵپه‌ڕکێ و شایی، شیوه‌ن و ماته‌مینی، خۆپیشاندان و چالاکی سیاسی. چالاکیه ئایینیه‌کانی وه‌ک، نوێژ‌و ڕۆژوو زیکرو حاڵ..هتد.
دووه‌م: ڕۆشنبیری ئه‌کته‌ر، واته: سینه‌ما، گوێگرتن له ڕادیۆ، چوون بۆ مۆزه‌خانه، گوێگرتن له مۆسیقا، ناسینی هونه‌ری نیگارکێشان، ئهرشیتهکتورو بیناسازی، ناسینی دینه‌کان، خوێندنه‌وه له‌سه‌ر هه‌موو زانسته‌کان و بواره‌کانی بیری مرۆڤایه‌تی، ڕۆمان، شیعر، فه‌لسه‌فه، کۆمه‌ڵناسی، ده‌رونناسی، مێژوو، سیاسه‌ت..هتد
سێهه‌م: ته‌کنیکی ئه‌کته‌ر، واته ناسین و ڕاهێنان له‌سه‌ر شێوازه جیاجیاکانی نواندن: شانۆی سه‌مائامێز (میوزیک هۆل)، شانۆی ده‌مامک (ماسک)ی کۆمێدیا دیل ئارتێ و بالینی و ژاپۆنی، شێوازی میم، نواندنی لێبوکئاسا (کلاون)، شێوازی کۆمێدی، شانۆی تێکست، سه‌مای هه‌ڵپه‌ڕکێ، سالسا، چاچاچا، تانگۆ، ڤالس، ڕۆکانڕۆڵ، کلاسیک، بۆتو..هتد، گۆرانی شاد، خاو، جاز، ڕێگێ، ڕاپ، کۆراڵ، ئۆپێرا…هتد، شه‌ڕه‌شیر، ئه‌کرۆباسی، سێرک، وه‌رزش…هتد.
ئه‌م سێ سه‌رچاوه‌یه پێکه‌وه ئه‌کته‌ر پیک ده‌هێنن. که ئه‌کته‌رێک ده‌چێته سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ، هه‌موو ژیانی و ڕۆشنبیری و ته‌کنیکی ده‌چنه سه‌ر شانۆ. ئه‌م سێ سه‌رچاوه‌یه هه‌میشه ده‌بێ له یه‌ک ئاستدابن. ئه‌کته‌ر ده‌ژی، وه خۆی ڕۆشنبیر ده‌کات بۆ ئه‌وه‌ی له ژیانی خۆی باشتر تێبگات، ته‌کنیکیش ڕێی پێ ده‌دات ده‌ربڕین بکات له‌سه‌ر هه‌رشتێک که بیه‌وێت. به نه‌بوونی یاخود لاوازی یه‌کێک له‌م لایه‌نانه، ته‌گه‌ره ده‌که‌وێته کاری ئه‌کته‌ره‌وه. ئه‌کته‌ره باشه‌کان له‌م سێ بواره‌دا ده‌وڵه‌مه‌ندن بۆیه باشن.
ئه‌گه‌ر ئه‌کته‌ر ژیانێکی ده‌وله‌مه‌ندی پڕ له تاقیکردنه‌وه‌ی نه‌بوو، نواندنێکی کاڵوکرچ و هه‌ژاری ده‌بێ، ناتوانێ بگاته زۆرینه‌ی خه‌ڵک، زۆرینه‌ی خه‌ڵک خۆیان له کاره‌کانیدا نابیننه‌وه‌و هه‌ست ناکه‌ن به ته‌ماشاکردنی ئه‌و ئه‌کته‌ره، ده‌چنه شوێنانێک له ژیانی شاراوه‌و داپۆشراوو تاریکی خۆیان، بگره ته‌نانه‌ت گومانیشیان لا دروس ناکات له بوونی ئه‌و شوێنه شاراوانه. بۆیه ده‌وترێ ئه‌کته‌ر ڕوناکیه‌و ژیانی بینه‌ر ڕۆشن ده‌کاته‌وه‌و یارمه‌تی ده‌دات باشتر بژی و خۆشبهختتربێ.
ئه‌گه‌ر ئه‌کته‌ر ڕۆشنبیری نه‌بوو ناتوانێ له ژیانی خۆی تێبگات، چونکه ژیانی خۆی سه‌رچاوه‌کانی جوراوجۆرن، ته‌نها به گوزه‌رانکردن ناتوانێ هه‌موویان بناسێ. ژیانی ئه‌و ژیانی کۆمه‌ڵگاکه‌یه‌تی، ژیانی کۆمه‌ڵگاش پێکهاتووه له: مێژوی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه، زمان و ئه‌ده‌بی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه، هونه‌ر و دابونه‌ریت و فۆلکلۆرو سیاسه‌ت و خوێندن و ئابوری… ئه‌و کۆمه‌ڵگایه. بۆیه ته‌نها به گوزه‌ران له ناو کۆمه‌ڵگایه‌کدا، ناتوانێ په‌ی به قوڵاییه‌کانی ژیانی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه ببات. بێجگه له تێگه‌یشتنی کۆمه‌ڵگا، ڕۆشنبیری ئه‌کته‌ر له‌وه‌دا پێویسته جیهانبینیه‌ک بۆ خۆی دروسکات، گۆشه‌نیگایه‌کی به‌رفراوانی هه‌بێ بۆ ژیان و گه‌ردون، بیرکردنه‌وه‌یه‌کی به‌رزی هه‌بێ و خوێندنه‌وه‌یه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ندی هه‌بێ بۆ دیارده‌کان. هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ی ئاگای له ڕه‌وتی جیهان و بیری مرۆڤایه‌تی بێ، بۆ ئه‌وه‌ی بزانێ تایبه‌تمه‌ندیه‌کانی هه‌موو مرۆڤه‌کان ده‌به‌ستنه‌وه به یه‌که‌وه کامانه‌ن، ئه‌وانه‌ی له‌یه‌کیان جوداده‌که‌نه‌وه کامانه‌ن. وه بۆ تێگه‌یشتن له هه‌موو ئه‌و یاسایانه‌ی هونه‌ره‌که‌ی به‌ڕێوه ده‌به‌ن.
ئه‌گه‌ر ئه‌کته‌ر ته‌کنیکی نه‌بێت، هه‌موو زانین و تاقیکردنه‌وه‌ی ژیان بێسووده بۆی، چونکه ناتوانێ کاریان پێ بکات، ناتوانێ به‌کاریان بهێنێ بۆ دروستکردنی هونه‌ره‌که‌ی، دواجار ناتوانی بیانگه‌یه‌نێ. ته‌کنیک وه‌ک شاره‌زایی له هه‌ر بوارێکی پیشه‌یی یان هونه‌ریدا، ڕێگا به کارگه‌ر ده‌دات فراوانترین ئاسۆ بۆ کاری خۆی دابین بکات، گه‌وره‌ترین بواری هه‌ڵبژاردنی له‌به‌رده‌ستابێ. ئه‌کته‌رێک تاقیکردنه‌وه‌ی ژیان و ڕۆشنبیریه‌کی چه‌نده فراوانیشی هه‌بێ، ئه‌گه‌ر ته‌کنیکی نه‌بێ، وه‌ک زه‌ویه‌کی ده‌وڵامه‌نده له نه‌وت و کانزاو هه‌موو شتیک‌دا، به‌ڵام ئامێر‌و ته‌کنه‌لۆژیایه‌ک نیه ده‌ریان بهێنێت و خه‌ڵک سوودیان لێ ببینێ.
کرێکارێک یان جوتیارێک هه‌تا ئامێره‌کانی زۆرتر‌و باشتر بن، کاره‌که‌ی زووتر پێش ده‌چێت و گه‌وره‌تر ده‌بێ. ئێمه هه‌موو ده‌زانین زه‌وی کێڵان به تراکتۆر جیاوازه وه‌ک له‌وه‌ی به گاسن بیکێڵیت، چ بۆ ئه‌و کاته‌ی پێویسته، چ بۆ ئه‌و ڕووبه‌ره‌ی دهیکێڵیتک، تراکتۆرێک سه‌د به‌رابه‌ری گاسنێکه له به‌ره‌وپێشچوونی کاره‌که‌تدا. ته‌کنیکی ئه‌کته‌ر پێویستیه‌که ئه‌سته‌مه کارکردن به بێ ئه‌و، ته‌کنیک کۆمه‌ڵێک ئامێرت ده‌خاته به‌رده‌ست، به‌بێ ئه‌م ئامێرانه، نا‌توانیت ڕووبه‌ری ده‌قێکی شانۆیی بخوێنیته‌وه. که تۆ کلیلێکت نه‌بوو نا‌توانیت بڕغویه‌ک بکه‌یته‌وه، هه‌ندێ شوێنیش له کاری ئه‌کته‌ردا وه‌ک گرێ و بڕغوو بزمار وان له مهکینهیهکدا، به بێ ئامێر، ته‌نانه‌ت به‌بێ ئامێری گونجاو، کردنه‌وه‌یان ئه‌سته‌مه.
ئه‌گه‌ر ئه‌کته‌ر ژیانێکی ده‌وڵه‌مه‌ندو ته‌کنیکێکی باشی هه‌بێ به‌ڵام ڕۆشنبیری نه‌بێ، نواندنی، بێ ئامانج و بێ سه‌روبه‌رو هه‌ژار ده‌بێ.
ئه‌گه‌ر ئه‌کته‌ر ژیانێکی ده‌وڵه‌مه‌ندو ڕۆشنبیریه‌کی باشی هه‌بێ، به‌ڵام ته‌کنیکی نه‌بێ، ئه‌وا نواندنی تاریک و قورس و ناشیرین ده‌بێ.
ئه‌گه‌ر ئه‌کته‌ر ته‌کنیکێکی باش و ڕۆشنبیریه‌کی باشی هه‌بێ به‌ڵام تاقیکردنه‌وه‌ی ژیانی نه‌بێ، ئه‌وا نواندنی پوچ و به‌تاڵ ده‌بێ، به‌ر بینه‌ر ناکه‌وێ.
بۆیه به بۆچوونی من ئه‌کته‌ر پێویستی به‌م سێ بواره وه‌ک یه‌ک هه‌یه، وه هه‌میشه ده‌بێ هه‌رسێکیان له یه‌ک ئاستدا ڕاگرێ، وه نه‌هێڵێ یه‌کێکیان زۆرتر له‌وانیتر پێش بکه‌وێ یان یه‌کێکیان زۆرتر له‌وانیتر دوابکه‌وێ.
کێ ئه‌کته‌ره
ئه‌و بنه‌مایانه کامانه‌ن ده‌توانین به‌هۆیانه‌وه ئه‌کته‌ر له که‌سێکی نائه‌کته‌ر جیا بکه‌ینه‌وه؟ هه‌رچه‌نده که وشه‌ی نائه‌کته‌ر دروست نیه، چونکه یه‌که‌م تانه ئامێزه، دووه‌م هه‌موو ئه‌و خه‌ڵکانه ده‌گرێته‌وه کاری شانۆ ناکه‌ن، به‌ڵام لێره مه‌به‌ست له ئه‌کته‌ری ئاماده‌نه‌کراوه، یاخود ئه‌کته‌رێک چهکدارنیه بۆ چونه مه‌یدانی ته‌خته‌ی شانۆ‌و به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی بینه‌ر. له شانۆی کابوکی ژاپۆنیدا، ئه‌م جیاکردنه‌وه‌یه زۆر ڕوون و ئاشکرایه، ته‌نانه‌ت بڕوانامه‌یه‌کی تایبه‌ت بۆ ئه‌کته‌ر هه‌یه، وه له ڕۆژی به‌خشینیدا، بۆنه‌یه‌ک ساز ده‌کرێ. ئه‌و ڕۆژه ئه‌کته‌ری کابوکی، ئاستی فێربوونی، له ئه‌نجامی ساڵه‌های ڕاهێنان، به هه‌ندێ جووڵه پیشان ئوستاده‌که‌ی ده‌دا، ئه‌ویش له‌سه‌ر بنه‌مای چۆنێتی نواندنه‌که‌ی بڕیارده‌دا، ئایا بڕوانامه‌ی ئه‌کته‌ری پێ ده‌به‌خشێ یان نا.
له لای ئێمه نه ئه‌میانه‌و نه ئه‌ویانه. واته نه وه‌ک ڕۆژئاوایه، بژێوی ژیانت له‌سه‌ر ئه‌و موچه مانگانهیهبێ له شانۆدا وه‌ریده‌گری، به‌و پێیه تۆ ئه‌کته‌ربی. نه وه‌ک ڕۆژهه‌ڵاته، ئاستی فێربوونت له کوێدایه، له‌سه‌ر ئه‌وه ئوستادهکهت بڕیاربدا تۆ ئه‌کته‌ری. که‌واته وه‌ک هه‌موو شته‌کانی تر، بۆ وه‌ڵامی پرسیاره‌کان ده‌بێ بڵێین، خودا ده‌زانێ، مه‌گه‌ر هه‌ر خودا خۆی بزانێ کێ ئه‌کته‌ره‌و کێ ئه‌کته‌ر نیه له وڵاتی ئێمه‌دا.
ئه‌م پرسیاره بۆ هه‌موو پیشه‌و بواره‌کانی تری ژیان نیه به‌وشێوه‌یه‌ی بۆ شانۆ هه‌یه، بۆ نمونه ئێمه هه‌رگیز ناڵێین کێ دکتۆره‌و کێ نیه، یاخود کێ جوتیاره‌و کێ نیه. له‌و پیشانه‌دا زۆرتر پرسیاره‌که ئه‌وه‌یه، کێ دکتۆری باشه‌و کێ خراپه، چونکه پزیشکێک تا زانسگا ته‌واو نه‌کات نابێته پزیشک، بۆیه به‌ڵگه‌نامه‌که‌ی خۆی له‌خۆیدا ناوه، به‌ڵام ئایا که‌سێک زانسگای هونه‌ر به‌شی شانۆ‌و نواندنی خوێند ئه‌کته‌ره؟
له هه‌ندێ وڵات له لایه‌نێکه‌وه وه‌ڵامه‌که‌ی زۆر ساده‌یه، ئه‌و که‌سه ئه‌کته‌ره به نواندن بژێوی ژیانی دابین ده‌کات. به‌ڵام له وڵاتێک‌دا شانۆ دامه‌زراو نیه و نواندنیش پیشه نیه، ناتوانین ئه‌م وه‌ڵامه‌مان هه‌بێ.
ئه‌ی له‌باره‌ی هونه‌ره‌کانی تره‌وه ئه‌م پرسیاره چۆن ده‌کرێ؟ کێ مۆزیکژه‌نه؟
مۆزیککارێک به پێنج خوله‌ک ده‌توانێ بزانێ ئه‌و که‌سه‌ی له‌به‌رده‌میدایه مۆزیکژه‌نه یان نا. سه‌ره‌تاییترین شت بۆ مۆزیکژه‌نێکی ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌وه‌یه ده‌زگاو مه‌قامه‌کان بناسێ، بۆ ڕۆژئاواییێک ئه‌وه‌یه ماهلێر له ڕهخمانینۆف و کلۆد دێبوسی و ڤاگنه‌ر جیابکاته‌وه. یان ئه‌گه‌ر مۆزیکی گۆرانی کاریه‌تی، بتوانێ به ئامێره‌که‌ی کۆمه‌ڵێ گۆرانی به‌رجه‌سته بکات. ئه‌مه‌ش بۆ ناسینی ئه‌کته‌رێک بهکارنایه.
به بۆچوونی من هه‌رکه‌سێک خۆی به ئه‌کته‌ر ناوبرد، ئه‌کته‌ره. واته که‌سێک خۆی بڕیار ده‌دات ئایا ئه‌و ئه‌کته‌ره یان نا، نه‌ک خه‌ڵکی بڕیار بده‌ن له‌سه‌ری. چونکه ئه‌گه‌ر بڕیاره‌که له‌ده‌ست ئهوانیتردابێ، ئه‌وانیتر کێن؟ کێشه‌که لێره‌دایه. به‌ڵام کێ ئه‌کته‌رێکی سه‌رکه‌وتووه، کێ ئه‌کته‌رێکی هونه‌رمه‌نده، ئه‌وه بینه‌ر و ڕۆژگار بڕیاری له‌سه‌ر ده‌ده‌ن. ئه‌گه‌ر هه‌ندێ جاریش بینه‌ر دادپه‌روه‌ر و ڕه‌وا نه‌بێ له بڕیاره‌که‌یدا، ئه‌وا ڕۆژگار هه‌رگیز بڕیاری هه‌ڵه نادات.
ئاستی ڕۆشنبیری و چێژی جوانی له بینه‌رێکه‌وه بۆ بینه‌رێکی تر ده‌گۆڕێ، به‌ڵام ده‌کرێ که‌سێک به‌پێی که‌ڵچه‌ری وڵاتێک پێی بوترێ ئه‌کته‌ر له وڵاتێکی تردا نا، چونکه هه‌ندێ شانۆ هه‌یه به شانۆ ناونابرێن له هه‌موو که‌ڵچه‌ره‌کاندا، وه ئه‌وانه‌شی ڕۆڵ ده‌بینن تێیاندا به ئه‌کته‌ر ناونابرێن. ته‌نانه‌ت جۆره‌ها چالاکی شانۆئاسا هه‌یه له هۆڵی شانۆدا و له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆیه‌ک ئه‌نجام نادرێن، له هه‌مان کاتدا به پێی بنه‌ماکانی شانۆ‌و نواندن، شانۆن و ئه‌وانه‌شی ئه‌نجامیان ده‌ده‌ن ئه‌کته‌رن. له هه‌مان کاتدا ئه‌کته‌رێک ئه‌گه‌ر هونه‌رمه‌ندبێ و سه‌رکه‌وتوبێ، له‌و شوێنانه‌ش که شانۆ ناناسن، پێشی نه‌ڵێن ئه‌کته‌ر ئه‌وا ده‌ڵێن هونه‌رمه‌نده ئه‌و که‌سه، چونکه هونه‌ر له هه‌موو شوێنێک ده‌ناسرێته‌وه.
به‌ڵام ئێمه بۆ ناسینه‌وه‌ی ئه‌کته‌ر، زۆرتر له‌سه‌ر ئه‌و مۆدێله بڕیار ده‌ده‌ین که ڕۆژئاوا سه‌پاندویه‌تی به‌سه‌ر هه‌موو جیهاندا، جا ئه‌مه ڕه‌وایه یان ڕه‌وا نیه، ئه‌وه باسێکی جیاوازه و زۆرتر ده‌چێته بواری مرۆڤناسی (ئه‌نسرۆپۆلۆژیا) و سیاسه‌تی کولتووره‌وه.
پێناسه‌ی شانۆ
پێناسه‌کان هه‌میشه بێسودیش نه‌بن، زۆرجار زیانبه‌خشن. به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر بکرێن به یاسا‌و په‌یڕه‌و. بۆیه مرۆڤ ده‌بێ ئاگاداربێ کاتێ پێناسه‌ی شته‌کان ده‌کات. پێناسه‌کردنی شتێک ئه‌گه‌ر زۆرجار ئامانجی ناساندنی بێ، ئه‌وا زۆر جاری تر سه‌پاندنی بۆچونێکی تایبه‌ته به‌سه‌ر ئه‌و شته‌دا. نمونه‌مان له مێژودا زۆره، ساڵه‌ها مرۆڤایه‌تی چه‌واشه بووه یاخود زۆرداری دنیای دیوه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌سێک پێناسه‌ی شتێکی کردووه، بووه به ئایدۆلۆژیه‌تێک و که‌سانێک به‌کاریان هێناوه بۆ چه‌وساندنه‌وه‌ی که‌سانی تر. که کارل مارکس پێناسه‌ی فه‌لسه‌فه ده‌کات، که ماکیاڤێلی پێناسه‌ی ده‌سه‌ڵاتدار ده‌کات، که ئه‌فلاتۆن پێناسه‌ی کۆمار ده‌کات، که پێغه‌مبه‌ره‌کان پێناسه‌ی خودا ده‌که‌ن، که ئه‌تاتورک پێناسه‌ی تورکیا ده‌کات، که فیرعه‌ونه‌کان پێناسه‌ی مردنیان ده‌کرد…هتد، ئێمه ده‌بینین ئه‌م پێناسانه چ وێرانکاری و به‌دبه‌ختیه‌کیان بۆ مرۆڤ هێناوه، بێ ئه‌وه‌ی نکۆڵی له‌وه بکه‌ین چ زانیاریه‌ک و چاوکرانه‌وه‌و گۆڕانێکیان داوه به بیری مرۆڤ.
ئه‌وه ئێمه‌ین دره‌خت به دره‌خت ناو ده‌به‌ین ئه‌گینا هیچ په‌یوه‌ندیه‌ک نیه له نیوان دره‌خت و وشه‌ی دره‌ختدا. من هه‌ندی جار ده‌ڵێم، ئاخۆ شته‌کان خۆیان به‌چی ناو ده‌نێن، یا ئایا ناو له خۆیان ده‌نێن؟
من زۆرتر له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دام شته‌کان خۆیان پێناسه‌ی خۆیان بکه‌ن، نه‌ک مرۆڤ. یا ئه‌گه‌ر هه‌ر پێویسته پیناسه بکرێن بۆچی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته ته‌نها بگه‌ڕێته‌وه بۆ مرۆڤ. مرۆڤه‌کان، بێجگه له‌وه‌ی بیرکردنه‌وه‌ی زوربه‌یان زاده‌ی که‌ڵچه‌رو کۆمه‌ڵگاکه‌یانه، پێناسه‌کانیان ئه‌گه‌ر گه‌ردونیش بن مرۆیین. پڵنگێک، دره‌ختێک، ڕوبارێک، شه‌مه‌نده‌فه‌رێک، فڕۆکه‌یه‌ک پێناسه‌ی چیه بۆ شانۆ؟ نیه‌تی. به‌ڵام ئه‌مانه زۆر ڕواڵه‌ت، ته‌نانه‌ت زۆر چالاکیان هه‌یه شانۆن، وه ئه‌کته‌ره‌کان له زۆر ڕاهێناندا سودیان لێ وه‌رگرتوون. باشتر وایه شته‌کان بهێنینه ئاراوه له‌جێی ئه‌وه‌ی پێناسه‌یان بۆ بکه‌ین، وه داهێنانی شتێک باشترین پێناسه‌یه بۆ ئه‌و شته.
ئه‌کته‌ر له نێوان فیزیک و مێتافیزیکدا
وشه‌ی مێتافیزیک هه‌موو ده‌زانین وشه‌یه‌کی یۆنانیه، پێک هاتووه له دوو به‌ش، مێتا واته پشت یاخود ئه‌ودیو، فیزیک واته ته‌ن، به‌مانای هه‌ستپێکراو. په‌یوه‌ندی به ئه‌کته‌ره‌وه له‌وه‌دایه کاری ئه‌کته‌ر فیزیکه. فیزیک به دوو ماناکه‌ی، جه‌سته، ته‌ن. به هۆی جه‌سته‌یه‌وه ئه‌کته‌ر کاری به هه‌موو یاساکانی فیزیا هه‌یه، ئه‌و یاسایانه‌ی ته‌نه‌کان په‌یڕه‌وی ده‌که‌ن، کێشی زه‌وی، هاوسه‌نگی، ساردیوگهرمی، شه‌پۆلی ده‌نگ، ڕوناکی و تاریکی…هتد. بۆیه له لایه‌نێکه‌وه به پێی کاره‌که‌ی، ئه‌کته‌ر دژی مێتافیزیکه، به‌و پێیه‌ی هه‌موو ئه‌و یاسایانه‌ی کاریان پێ ده‌کات یاسای فیزیایین و شیکردنه‌وه‌ی زانستیان هه‌یه.
به‌ڵام له‌لایه‌کی تره‌وه ده‌توانین بڵێین کاری ئه‌کته‌ر ته‌واو به پێچه‌وانه‌وه، دژی فیزیکه. چونکه هه‌میشه له دروسکردنی ئهفسووندایه، هه‌میشه خۆی فێری یاسا فیزیکیه‌کان ده‌کات، نه‌ک بۆ ئه‌وه‌ی په‌یڕه‌ویان بێ، به‌ڵکو بۆ به‌ره‌نگاری کردنیان، بۆ دژایه‌تی کردنیان، بۆ تێکشکاندنیان. لێره‌وه ئه‌کته‌ر به بینه‌ر ده‌ڵێ، له پشت فیزیکه‌وه جیهانێکی تر هه‌یه، له هه‌مان کاتدا له ته‌نیشت ئه‌م جیهانه‌مانه‌وه، هاوته‌ریبه به‌م جیهانه‌مان، له زۆر شوێندا تێکهڵیهتی. جیهانێکه یاساکانی جیاوازن، شته‌کان نه‌گۆڕ نین تێیدا، وه‌ک جیهانه‌که‌ی ئه‌فلاتۆن له ئه‌زه‌له‌وه بڕیار نه‌دراوه له‌سه‌ریان ئه‌بێ چۆن بن، به‌ڵکو هه‌رکه‌س ئازاده یاساکان بۆ خۆی دروست بکات و که‌ی ویستی بیانگۆڕێ، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئاره‌زوی کرد به‌بێ یاساکان بژی.
له کوێدا ئه‌کته‌ر زۆرتر پشت به خه‌یاڵ ده‌به‌ستێ و کار له‌سه‌ر مێتافیزیک ده‌کات؟ له کوێدا پشت به جه‌سته‌ی خۆی و کار به یاساکانی فیزیک ده‌کات؟ کاری سه‌ره‌کی مامۆستای شانۆ ئه‌مه‌یه. له‌و کۆمه‌ڵگایانه‌دا که بیرکردنه‌وه بوونی نیه، هێنده‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌ندێشه‌یه‌کی مێتافیزیکی له‌جێی بیرکردنه‌وه هه‌یه، وه‌ک کۆمه‌ڵگای ئێمه، ئه‌کته‌ر زۆرتر پێویستی به ناسین و کارکردن هه‌یه به له‌شی خۆی. له ئه‌وروپادا کێشه‌که پێچه‌وانه‌یه، کۆمه‌ڵگاکانی ئێستای ئه‌وروپا بیرکردنه‌وه‌و ژیانێکی تا ڕاده‌یه‌کی زۆر مادی و فیزیکیان هه‌یه، بۆیه ئه‌کته‌ره‌کانی پێوێستان زۆرتر به لایه‌نی ڕۆحی و عیرفانی و شاعیریه‌ت و مێتافیزیکه.
ئه‌کته‌ری ئێمه له کۆمه‌ڵگایه‌کدا ده‌ژی له زانست‌دا زۆر له دوایه، بۆیه وه‌ک کۆمه‌ڵگاکه‌ی هه‌میشه بیرکردنه‌وه‌یه‌کی ئه‌بستراکت و ناواقیعی هه‌یه. چونکه واقیعیه‌ت بێ زانست، بێ له ئه‌فسوونی ته‌نه‌کان و یاسا فیزیکیه‌کان بێ تامه و سه‌رنج ڕاناکێشێ، بۆیه هونه‌رمه‌ندی ئێمه هێنده نه‌فره‌تی هه‌یه به‌رامبه‌ر به واقیعیه‌ت و هه‌میشه تهمومژو ته‌جریدی پێ په‌سه‌ندتره. چونکه ژیانی ئه‌و واقیعی نیه، ئه‌و ناژی ئه‌و به ئه‌ندێشه ژیان ده‌کات. ئه‌گه‌ر ژیانیشی له واقع نزیک بێته‌وه (له ڕاستیدا ژیانی کۆمه‌ڵگای ئێمه ته‌نها له کاتی کاره‌سات و ڕووداوه گه‌وره‌کاندا له واقیع نزیک ده‌بێته‌وه‌و واقعیه، بۆیه ئێمه له نه‌ستی به کۆمه‌ڵ یاخود له هه‌ستی شاراوهماندا، واقع واته کاره‌سات، ڕووداوی گه‌وره)، ئه‌وا زانست و ڕۆشنبیری له ئاستی شیکردنه‌وه‌و باکارهێنانی ئه‌و واقیعه‌دا نین.
واقعیه‌ت وه‌ک ڕیالیزم و وه‌ک ئۆبژێکتیڤیزم
کاره‌ساتێکی تر لای ئه‌کته‌رو هونه‌رمه‌ندی ئێمه به گشتی ئه‌وه‌یه، واقعیه‌ت (ڕیالیزم) وه‌ک ڕێبازی ئه‌ده‌بی و هونه‌ری و واقعیه‌ت (بابه‌تیبوون، ئۆبژێکتیڤیزم) وه‌ک بنه‌مایه‌کی زانستی بۆ هه‌موو کارێک تێکه‌ڵ به یه‌ک ده‌کات، بگره یه‌ک شتن لای.
که من ده‌ڵێم واقعی به‌و مانایه ده‌ڵێم، کارێک په‌یڕه‌وی کۆمه‌ڵێک یاسای فیزیکی ده‌کات له به‌رهه‌مهێنانی هونه‌ردا. واته به‌و پێیه‌ی که بێکێت و دالی و جۆیس و ئاراگۆن و ئارتۆ واقعین، بگره ئه‌وان دروسکه‌ری جۆرێک له واقعیه‌تن به مانا فه‌لسه‌فیه‌که‌ی. دالی وێنه‌ی واقعی خه‌ونه‌کانی خۆی ده‌کێشا، ئارتۆ هه‌موو کارێکی شانۆ‌و نوسینی ده‌ربڕینه له‌و ئازارانه‌ی به‌هۆی نه‌خۆشیه واقعیهکهیهوه ده‌یچه‌شت، تا ئه‌مڕۆش که به‌ناو پاریس‌دا تێده‌په‌ڕیت، هه‌موو کاره‌کته‌ره‌کانی بێکێت دێنه سر ڕێگات و ده‌بینیت، ته‌نانه‌ت هه‌ست ئه‌که‌یت بێکێت چۆن بینیونی هه‌ر ئاواش وێنه‌ی کێشاون…هتد. واقعیه‌ت به‌م مانایه واته تێگه‌یشتن له‌و یاسایانه‌ی جیهان و ژیان به‌ڕێوه ده‌به‌ن و شیکردنه‌وه‌ی ژیان و کۆمه‌ڵگاو هونه‌ره‌که‌ت له‌ژیر ڕوناکی ئه‌م یاسایانه‌وه، دواتر کارکردن له‌سه‌ریان. وه کارکردن به پێی یاسا. به‌ڵام که‌سێک له کۆميڵگایهکدا گه‌وره‌بوبێت یاساکان بونیان نه‌بێت تێیدا، باشتره لای له ته‌مومژدا بدوێت وکاربکات بۆ ئه‌وه‌ی که‌میه‌کانی نه‌بینرێن.
بیرکردنه‌وه و ئه‌ندێشه‌کردن
که زینده‌وه‌رزانێک له زینده‌وه‌رێک ورد ده‌بێته‌وه، بیر ده‌کاته‌وه، وه پێویستی به زانسته، بۆ ئه‌وه‌ی ڕوانین و هه‌ڵسه‌نگاندنێکی بابه‌تی (ئۆبژێکتیڤ)ی بۆ ئه‌و زینده‌وه‌ره هه‌بێت. که شاعیرێک له زیده‌وه‌رێک ورد ده‌بێته‌وه، ئه‌ندێشه ده‌کات، وه پێویستی به زانست نیه بۆ ئه‌وه‌ی ڕوانین و هه‌ڵسه‌نگاندنێکی خودی (سه‌بژێکتیڤ)ی بۆ ئه‌و زینده‌وه‌ره هه‌بێت. چونکه ئه‌وه‌ی له زانای زینده‌وه‌رزان چاوه‌ڕوان ده‌کرێت، ده‌ربڕینی هه‌ستونه‌ستی خۆی نیه به‌رامبه‌ر به‌و زینده‌وه‌ره، ئه‌و باس له زینده‌وه‌رێکی دیاریکراو ده‌کات، به‌هۆی ئه‌و یاسا زانستیانه‌ی زینده‌ور شیده‌که‌نه‌وه به گشتی. ئه‌وه‌شی له شاعیر چاوه‌ڕوان ده‌کرێ، کۆمه‌ڵێک زانیاری زانستیانه نیه له‌سه‌ر ئه‌و زینده‌وه‌ره، ئه‌و ده‌بێ باس له زینده‌وه‌ر بکات به گشتی، له ڕوانگه‌ی ئه‌و زینده‌وه‌ره تایبه‌تیه بێ هاوتایه‌ی له ناخی خۆیدا هه‌یه. کاری هونه‌رمه‌ند ته‌واو له نێوان ئه‌م دوو شێوه ههڵسوکهوتهدایه. له‌لایه‌ک پێویستی به زانین و ناسینی ئه‌و بابه‌ته‌یه که کاری له‌سه‌ر ده‌کات، له لایه‌کی تریشه‌وه، پێویسته هه‌ستونه‌ست و بیرکردنه‌وه‌ی تایبه‌تی خۆی هه‌بێت و ده‌ربڕێت به‌رامبه‌ر به‌و بابه‌ته.
ته‌نها له کۆمه‌ڵگایه‌کدا تاکه‌کان ده‌توانن بابه‌تی(ئۆبژێکتیڤ)بن که بیرکردنه‌وه به‌رهه‌مده‌هێنێت و پیاده ده‌کات، وه ته‌نها له کۆمه‌ڵگایه‌کدا مرۆڤه‌کان ده‌توانن خودی (سه‌بژێکتیڤ)بن که ئازادی هه‌بێت و پانتایی گه‌شه‌کردنی تاک فه‌راهه‌مبێ. وه ئامانجی خوێندن تێیدا فێربوونی سیستمه‌کانی بیرکردنه‌وه‌یه، نه‌ک ئامانجی فێربوون تێیدا ئه‌ندێشه‌کردن و ئه‌وه‌بێ قوتابی به کۆڵێک زانیاری باربکرێ. وه‌ک چۆن له خوێندنگای پیشه‌سازیدا له ڕشته‌ی مێکانیک، خوێندکار فێری ناوی هه‌موو پارچه‌کان و هه‌موو مارکه‌کانی ئۆتۆمۆبیل بووه، به‌ڵام فێری سیستمی دروسکردنی ئۆتۆمۆبێل نه‌کراوه. زانیاری زانست و زانین نیه، ئێمه به زانین ده‌گه‌ینه زانست نه‌ک به کۆمه‌ڵێ زانیاری له‌سه‌ر شتێک. وهبیرکردنهوهش ڕاهێنانێکه هه‌ر له منداڵیه‌وه پێی گۆش ده‌کرێیت. که وا نه‌بوو، تۆ بیرناکه‌یته‌وه، تۆ خهیاڵوئهندێشه ده‌که‌یت، چونکه مێشکی مرۆڤ ڕازی نابێت بێ چالاکی دابنیشێ.
ئه‌گه‌ر ئێمه سه‌رنجی جوانی سروشت یاخود ئامێرێکی ئاڵۆزی ده‌سکردی مرۆڤ هێنده کارمان تێده‌کات، هی ئه‌وه‌یه ئه‌مانه کۆمه‌ڵێک یاسا به‌ڕێوه‌یان ده‌بات، وه ئه‌و ئه‌فسوونه‌ی یاسا فیزیکیه‌کان له‌سه‌ر ئێمه هه‌یانه ئه‌فسوونێکی ڕاسته‌قینه‌یه. تاقیگایه‌کی فیزیا یان ژوورێکی دروسکردنی نه‌خشه‌ی ئۆتۆمۆبێل یان پرۆگرامێکی کۆمپیوته‌ر، ده‌توانن هێنده‌ی دیوانێکی مه‌حوی ئه‌فسوونمان لا دروست بکه‌ن. به‌ڵام ئێمه که ته‌نها شیعرمان هه‌بوو وه‌ک سه‌رچاوه‌ی ئه‌فسوون، وا ده‌زانین ته‌نها مێتافیزیک و ئه‌بستراکت توانای ئه‌فسوونیان هه‌یه.
که کۆمه‌ڵگاکه‌ی کار به هیچ یاسایه‌کی فیزیکی نه‌کات و بیرکردنه‌وه‌ی فیزیک به‌رهه‌م نه‌هێنێ، ئه‌کته‌ر ناچاره په‌نا بباته به‌ر هه‌ستونه‌ست و شیعر‌و عیرفان. به‌ڵام شیعر‌و ئه‌ندێشه‌ی ئه‌بستراکت ئه‌کته‌ر دروست ناکه‌ن، ئه‌وه خۆههڵخڵهتاندنه. به‌رهه‌می ئه‌مانه، ده‌کرێ هه‌ندێ جار سۆزمان بجوڵێنێ، به‌ڵام هه‌ڵمێکه ده‌ڕه‌وێته‌وه، هیچی له‌سه‌ر بنیاد نانرێ. به شێوه‌یه‌کی تر بڵێم، ئه‌گه‌ر ئه‌کته‌ر گوڵێک بێ، گوڵێک هیچ کاری به ڕه‌نگ و جوانی و لێوی یارو شیعره‌وه نیه، ئه‌و له دروسبونیدا کار له‌سه‌ر شاعیریه‌تی خۆی ناکا، ئه‌و په‌یڕه‌وی کۆمه‌ڵێک یاسای بیۆلۆژی ده‌کا، ئه‌وه ئێمه‌ین هه‌موو ئه‌م شتانه له گوڵدا ده‌بینین، باشتر، کێشه نیه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر گوڵ ئه‌م شێوه بیرانه‌ی هه‌بێ بۆ خۆی، که ئه‌مه مه‌حاڵه، ئه‌وکاته ده‌که‌وێته کێشه.
ئه‌کته‌ری ئێمه‌ش گوڵێکه واقعیه‌تی زه‌وی و سروشت به هه‌موو هێزی خۆی ڕه‌ت ده‌کاته‌وه، زۆرتر پێی باشتره بیر له شتی ئه‌بستراکتی وه‌ک، لێوی یارو کوڵمی ئاڵ و دال و مه‌دلول و مۆدیرنیزم و فێنۆمێنالیزم و پۆست مۆدیرنه…هتد بکاته‌وه. ئه‌مانه ئه‌بێ بینه‌ر له‌ودا بیانبینێ، به‌ڵام ئه‌و خۆی کاری ته‌نها فێربوون و په‌یڕه‌وکردنی یاساکانی هونه‌ره‌که‌یه‌تی.
پرسیارکردنی ئه‌کته‌ری خوێندکار
من ده‌ڵێم هه‌موو پرسیارێک له هه‌موو قۆناغێکدا به‌سوود نیه بۆ قوتابیه‌کی شانۆ، هه‌ر پرسیارێ له قۆناغی خۆیدا ده‌کرێ، وه هه‌ر قۆناغێکی فێربوون پرسیاری خۆی هه‌یه. شانۆ زانستێکی ته‌نها تیۆری نیه، بۆ نمونه وه‌ک فه‌لسه‌فه، ئه‌گه‌ر بتوانین ناوی بنێین زانست. بگره لایه‌نه پیشه‌ییه‌کان ئاماده‌بونیان زیاتره له شانۆدا له ئه‌ده‌بی تیۆری. بۆیه پرسیارکردن بۆ قوتابیه‌کی شانۆ وه‌ک پرسیارکردنی قوتابیه‌کی ئه‌ندازیاری یان ڕشته‌ی پزیشکی وایه. به پێچه‌وانه‌ی قوتابی زانستگای فه‌لسه‌فه‌وه زانسته تیۆریه‌کانی تر، له قوتابخانه‌ی شانۆدا گرنگ پرسیار نیه، گرنگ وه‌ڵامه، وه‌ک له خوێندنی زانسته ته‌واوه‌کان و پراکتیسیهکان(ئه‌رشیتێکتور، ته‌ندروستی، بیۆلۆژی، کیمیا..هتد).
جیاوازیکردن له نێوان پرسیاری مێتافیزیکی و فه‌لسه‌فی له‌گه‌ڵ پرسیاری پیشه‌یی و بابه‌تی (ئۆبژێکتیڤ)دا، گرنگترین ڕۆڵی مامۆستای شانۆیه. خوێندنگای شانۆ وه‌ک هه‌موو خوێندنگایه‌ک که فێری پیشه‌یه‌ک ده‌بی تێیدا، کاری وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره پیشه‌ییه‌کان و بابهتیهکانه. پرسیاره فه‌لسه‌فی و مێتافیزیکیه‌کان دواتر له‌لای هونه‌رمه‌ندی شانۆ دروست ده‌بن، له دوای ئه‌وه‌ی ڕێگایه‌کی دووری بڕیبێ له ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی بینهرهکهیداو له پراکتیزه‌کردنی پیشه‌که‌یدا.
فێربوونیش وه‌کو سه‌رکه‌وتنه به‌سه‌ر په‌یژه‌یه‌کدا. بێسووده بگره زیانبه‌خشه بۆ قوتابیه‌کی نواندن، به پرسیاره‌کانی له پله‌ی پێنجی فێربونه‌وه ده‌ست پێ‌بکات و له‌وێوه دابه‌زێته پله‌ی دوو، له‌وێوه بچێت بۆ پله‌ی هه‌شته‌م (که ناتوانێت)، له‌وێشه‌وه بۆ چوار. کاری مامۆستای شانۆش ڕێکخستنه‌وه‌ی پرسیاره‌کانه له سه‌ر بنه‌مای زانستێکی فراوان که قۆناغه‌کانی فێربوون ڕوونتر بکاته‌وه بۆ قوتابی، نه‌ک تێکه‌ڵتری بکات، یان هه‌مویان به جۆرێ له‌یه‌ک بچن قوتابی هه‌ست به‌وه بکات له بازنه‌یه‌کدا ده‌خولێته‌وه‌و بێزاربێ که ده‌بینێ لای مامۆستاکه‌ی هیچ په‌یژه‌یه‌ک له ئارادانیه. به‌م شێوه‌یه سه‌ریشی لێده‌شێوێت و ئه‌گه‌ر هه‌ستی به بوونی پهیژهیهکیش کرد، هه‌رگیز ئه‌و په‌یژه‌یه نایگه‌یه‌نێته هیچ بانێک. هه‌ندێ جاریش بۆ ئه‌کته‌رێکی لاو فێربوونی هه‌ندێ شت زیانبه‌خشن، ئه‌گه‌ر ئه‌و شتانه‌ش خۆی له خۆیدا زۆر سوودبه‌خشیش بن. کاری سیستێم یاخود مێتۆدی خوێندن، سه‌رخستنی قوتابیه پله به پله، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و خوێندکاره‌ی شانۆ هێنده زیره‌ک بوو بتوانێ دوو دوو پله‌کان ببڕێت، بۆ نا. به‌شی دووه‌م ته‌واو. درێژه‌ی هه‌یه..