ڕۆمانی (وا إسلاماه) چ ڕۆڵێک به کورد ڕه‌واده‌بینێت؟
وا إسلاماه، ڕۆمانێکی مێژوویییه، له لایه‌ن (علي أحمد باکثیر 1910_1969)ه‌وه نووسراوه. باس له سه‌رده‌مێک ده‌کات، وڵاتانی ئیسلام، له ڕۆخی ڕووباری سنده‌وه بۆ ڕۆخی ڕووباری نیل، ناحه‌زانی ئیسلام ته‌راتێنی تێدا ده‌که‌ن. له ڕۆژهه‌ڵاته‌وه ته‌تار، به فه‌رمانده‌ی جه‌نگیزخان و دواتر هۆلاکۆ، له ڕۆژئاواشه‌وه خاچپه‌رستان، بکوژ و ببڕن و شمشێریان تێ ناوه.
له هه‌لومه‌رجێکی وه‌ها دژوار و ئاخۆران و بخۆراندا، سوڵتان جه‌لاله‌دینی کوڕی خواڕه‌زم شا، که له شاری غه‌زنه فه‌رمانڕه‌وایه، پێمل نابێت و به‌نیازه له‌شکر بکات، بجمێت و پێش به‌م شاڵاوه‌ی ته‌تار بگرێت. هه‌ر له‌م کاته‌دا میر مه‌مدوود، که سه‌رکرده‌یه‌کی لێوه‌شاوه‌ی سوپایه و ده‌سته‌ڕاستی سوڵتانه، هه‌م ئامۆزایه‌تی و هه‌میش خوشکی سوڵتانی له باخه‌ڵدایه، کوڕێکی ده‌بێت ناوی لێ ده‌نێت مه‌حموود و سوڵتان جه‌لاله‌دینیش کچێکی ده‌بێت ناوی لێ ده‌نێت جیهاد. پاشان ئه‌م دوانه، ده‌بنه قاره‌مانی سه‌ره‌کیی ئه‌م ڕۆمانه مێژووییه و دوای کێشمانه‌کێش و ملانێیه‌کی دوورودرێژ ئه‌وجا ده‌توانن، له میسره‌وه خۆیان کۆبکه‌نه‌وه و جیهانی ئیسلامی له ته‌تار پاک بکه‌نه‌وه. له سه‌ره‌تای ڕۆمانه‌که‌دا له‌شکری ته‌تار شاری مه‌رو داگیرده‌کات؛ پاشان نه‌یساپوور ده‌گرێت و به‌ره‌و هه‌ڕات به‌ڕێوه‌یه. سوڵتان جه‌لاله‌دینیش هێشتا هه‌ر له غه‌زنه‌یه و چاودێریی دۆخه‌که ده‌کات.
جه‌لاله‌دین به‌گژ سوپای به‌هێزی ته‌تاردا ده‌چێته‌وه، به‌ڵام دوای چه‌ند جه‌نگێک په‌کی ده‌که‌وێت و ده‌رۆستیان نایه‌ت. ده‌شکێت و ده‌کشێته‌وه. به پاشماوه‌ی سوپا شکستخواردووه‌که‌یه‌وه له (لاهور) خۆی ده‌گرێته‌وه. له تافی کشانه‌وه‌دا سه‌ریان له‌دوو ناوه، بۆیه به‌ناچاری مێینه‌کانی خێزانی خۆی به‌ده‌م ڕووباره‌وه ده‌دات، نه‌بادا به‌دیلی بکه‌ونه ده‌ست ته‌تار و ئه‌وه‌ی نه‌شێت پێیان بکه‌ن. له لاهوور، دیسان ده‌بووژێنه‌وه و ده‌وڵه‌تۆکه‌یه‌ک بنیات ده‌نێت و له نوێ سوپا چێ ده‌که‌نه‌وه و گه‌شه‌ده‌که‌ن. ئه‌م ڕۆمانه گله‌یی و بناشتی زۆریشی له فه‌رمانڕاوه‌یانی ئه‌و چاخه، به عه‌ره‌ب و ناعه‌ره‌بیانه‌وه هه‌یه، چونکه وه‌ک پێویست بۆ غه‌زای ته‌تار وه‌خۆیان نه‌که‌وتوون و نه‌هاتوونه‌ته ده‌ست.
هونه‌رێکی ئه‌وتۆ به‌م ڕۆمانه‌وه دیار نییه. گێڕانه‌وه‌یه‌کی ڕووته. نووسه‌ر گێڕانه‌وه‌ی ته‌واوی ڕۆمانه‌که‌ی به که‌سی سێیه‌می هه‌مووشتزان (Omniscient Narrator) سپاردووه. تارمایی خۆی به‌ئاشکرا له پشت حیکایه‌تبێژه‌وه دیاره. بیر و ئایدیای خۆی به‌سه‌ردا سه‌پاندووه. واته نووسه‌ر خۆی له‌جێی ئه‌وان بیرده‌کاته‌وه و ده‌یانجووڵێنێت. ناوبه‌بناو شیعریشی تێ ده‌که‌وێت. بێ ئه‌وه‌ی ئه‌م شیعره ستوونییانه، بتوانن شتێک له ئاستی هونه‌ریی به‌رز بکه‌نه‌وه. له‌و جۆره ڕۆمانانه‌یه، ئه‌گه‌ر به شاره‌زاییه‌وه ئاماده بکرێت بۆ سینه‌ما له‌باره.
ڕۆمانی مێژویی واته هه‌ڵکردنی ئه‌ده‌ب و مێژوو پێکه‌وه، یان به ئه‌ده‌بکردنی مێژوو. له گێڕانه‌وه‌ی مێژوویی‌دا یه‌ک ده‌نگی دلێر و ئاشکرا له گۆڕێیه؛ ئه‌ویش ده‌نگی ئه‌و مێژوونووسه‌یه، که کۆرنۆلۆجییانه ڕووداوه‌کانمان به شوێن یه‌کدا بۆ ده‌گێڕێته‌وه. وه‌لێ له سه‌متی ڕۆماندا کۆمه‌ڵێک ده‌نگی ناکۆک و دژبه یه‌کیش هه‌ن، ئه‌و ده‌نگانه له تافی مامه‌ڵه‌کردنیاندا به‌ریه‌ک ده‌که‌ون. ملانێ ده‌خولقێنن و هاوکات به‌سه‌رهاته‌کانیش بۆ خوێنه‌ر ده‌گێڕنه‌وه.
له سه‌متی ڕۆماندا، به‌ده‌ر له ڕاستی و فاکته‌کان، حه‌قیقه‌تێکی دیکه‌یش له‌گۆڕێیه، ئه‌ویش هونه‌ر و ئه‌ستاتیکا و زمانی شیعره. هه‌روه‌ک ده‌شێ ڕۆمانی مێژووییش وه‌ک ڕۆمانه‌کانی دیکه‌ی کریمیناڵیتی و خۆشه‌ویستی و… تاد چه‌ند حیکایه‌تبێژێک (Narrator)، هه‌ر یه‌که له گۆشه‌نیگای خۆیه‌وه ڕووداوه‌کان بگێڕێته‌وه، یان ده‌شێ قاره‌مانه‌کان خۆیان ببنه حیکایه‌تخوان ڕووداوه‌کان بیگێڕنه‌وه.
نووسه‌ر تاکێکی ده‌ستڕه‌نگین و هونه‌رمه‌نده، ئه‌گه‌ر مێژووی سه‌رده‌مێکیش بگێڕێته‌وه، یاخود مێژوو ناوه‌خنی هونه‌ری گێڕانه‌وه بکات، ئه‌وا به هه‌ست و سۆزی مرۆڤانه‌ی خۆی ده‌ینووسێته‌وه، نه‌ک به‌پێی ویست و مگێزی سوپایه‌کی لوتبه‌رزی له جه‌نگدا سه‌رکه‌وتوو، یان هه‌ر هێز و لایه‌نێکی ده‌ستڕۆیشتوو.
سوڵتان جه‌لاله‌دین جارێکی تر به سوپایه‌کی پێنج هه‌زار سه‌ربازییه‌وه له لاهوره‌وه، بۆ جه‌نگی ته‌تار ده‌جمێت. جووته میری چکۆله مه‌حموود و جیهادیش له‌ته‌ک خۆیدا ده‌هێنێت. ئه‌م جووته میره، ئیتر هۆگری یه‌کن و ده‌بنه دڵدار و دڵخوازیش. میر مه‌حموودی منداڵ خه‌ون به‌وه‌وه ده‌بینێت ڕۆژێک له ڕۆژان بچێته جه‌نگی ته‌تار و تۆڵه‌ی بابیان لێ بکاته‌وه، که له جه‌نگی ئه‌واندا کوژرابوو.
جا چونکه ته‌تار زوڵمێکی زۆر له هاووڵاتییان ده‌که‌ن و به شوێن تاڵان و بڕۆوه‌ن، خه‌ڵکه‌که لێیان پڕن، بۆیه سوپای جه‌لاله‌دین به‌بێ جه‌نگ کابول ده‌گرێت. سوپای ته‌تاریش داوای یارمه‌تی له جه‌نگیزخان ده‌که‌ن. وه‌لێ جه‌لاله‌دین کرمان ده‌گرێت و له‌وێوه به‌ره‌و ئازربیجان پێشڕه‌وی ده‌کات. مه‌حموودی خوشکه‌زای و جیهانی کچیشی له‌گه‌ڵدان. له‌م ده‌مه‌دا جه‌نگیزخان، یه‌کێک له کوڕه‌کانی به سوپایه‌کی چل هه‌زارییه‌وه ده‌نێرێته به‌ره‌کانی جه‌نگ.
له لاپه‌ڕه په‌نجای ئه‌م ڕۆمانه‌دا هاتووه: ((جه‌لاله‌دین فه‌رمانی دا هه‌موو دیله‌کان بکوژن، له نێویاندا سه‌رکرده‌که‌یان، که کوڕی جه‌نگیزخانه. فه‌رمانی دا بیهێنن تاکو به‌ده‌ستی خۆی بیکوژێت. به‌ڵام مه‌حموود، که هێشتا منداڵه، وتی: خاڵه تۆ ته‌نیا جه‌نگیزخان بکوژه. با منیش کوڕه‌که‌ی بکوژم، که شایانی شمشێری تۆ نییه.. جه‌لاله‌دین پێکه‌نی وتی: ڕاستت گوت مه‌حموود. بیکوژه به‌مه‌رجێک سێ شمشێر زیاتری لێ نه‌ده‌یت. مه‌حموود له میره ته‌تارییه‌که هاته پێش، که به‌زنجیر به زه‌وییه‌وه به‌سترابوو. دوو جاران شمشێری له هه‌وادا سووڕاند. ئه‌مجا له ملی دا‌و سه‌ری په‌ڕاند. ئاماده‌بوان له سه‌دای ئه‌ڵڵاهوئه‌کبه‌ریان دا، خۆشحاڵ و سه‌رسام بوون به هێزی ئه‌میری گچکه. مه‌حموود ئاوڕی له خاڵی دایه‌وه وتی: له یه‌ک شمشێر زیاترم لێ نه‌دا. جه‌لاله‌دین هه‌ڵساو ده‌ستی کرده ملی و وتی: باره‌که‌ڵا ئه‌ی قاره‌مان!.. ل. 50)) واته له‌م ڕۆمانه‌دا دیل کوشتن به زنجیرکراوی و له‌لایه‌ن منداڵێکه‌وه به قاره‌مانێتی حیساب کراوه. وێڕای تێوه‌گلانی منداڵ له تاوانی کوشتندا.
دوای ئه‌م ڕووداوه، به‌نیازی تۆڵه سه‌ندنه‌وه، جه‌نگیزخان خۆی به سوپایه‌کی ته‌یاره‌وه ده‌که‌وێته ڕێ. ئیدی به‌دوای ئه‌م شاڵاوه‌دا کاولکاری، گرانی و هه‌ژاری باڵ به‌سه‌ر ناوچه‌که‌دا ده‌کێشن و جه‌لاله‌دین ناچارده‌بێت داوای یارمه‌تی له دار الخلافه و پادشاکانیان له وڵاتانی میسر و شام بکات، به حیساب ئه‌وان ده‌وڵه‌مه‌ندن، ده‌کارن له‌شکر چێ بکه‌ن و به‌ڕووی دوژمنانی ئیسلامدا بوه‌ستنه‌وه. به‌ڵام ئه‌وان گوێی لێ ناگرن. وه‌لێ ئه‌و بێهووده نامه بۆ خه‌لیفه‌ی به‌غداد ده‌نووسێت. ته‌نانه‌ت به‌شێک له پادشا موسوڵمانه‌کان ده‌که‌ونه ته‌ک ته‌تار ((یه‌کێک له پادشاکانی به‌نی ئه‌یووب، که چووبووه پاڵ له‌شکری ته‌تار، به دیلی ده‌که‌وێته ده‌ست سوپای جه‌لاله‌دین. سوڵتان له سزای ئه‌وه‌دا، که خیانه‌تی کردووه به ده‌ستی خۆی ده‌یکوژێت… ل. 201))
ده‌شێ بڵێم حیکایه‌تبێژ نه‌یتوانیوه بێلایه‌ن بێت و له یه‌ک دوورییه‌وه بۆ هه‌موو قاره‌مانه‌کان بڕوانێت، حیکایه‌تبێژ هه‌موو ئاکاره جوانه‌کانی داوه‌ته پاڵ جووته قاره‌مانی موسوڵمان (مه‌حموود و جیهان). ئاکاره ناجۆره‌کانیشی داوه‌ته پاڵ ئه‌وانی دیکه‌ی ته‌تار و غه‌یری ته‌تار. لێبورده‌یی قاره‌مانی سه‌ره‌کی به‌ڕاده‌یه‌که، کاتێک له لوتکه‌ی سه‌رکه‌وتنیدا ڕوکنه‌دین بێبرس، (مه‌حموود)ی پادشا ده‌کوژێت، ئه‌و داوای تۆڵه ناکات. به‌ڵکو به‌ده‌م گیانه‌ڵاوه له خوێنی خۆی خۆش ده‌بێت و هه‌ر له‌وێشدا بکوژه‌که‌ی خۆی ده‌کات به‌پادشای وڵات. داوا له یارانی خۆیشی ده‌کات ڕوکنه‌دین بێبرس وه‌ک پادشای خۆیان قه‌بووڵ بکه‌ن.. که‌سێک به ناوی مووساوه له دیمه‌شق هه‌یه، هه‌میشه تاڵاوی به‌گه‌روی خۆی و جیهاددا کردووه. به‌ڵام کاتێک به‌سه‌رکه‌وتوویی ده‌چێته شامه‌وه، هه‌واڵی ده‌پرسێت و فرمان ده‌دات مووچه‌ی بۆ ببڕنه‌وه.
وه‌ک چۆن ڕۆمان به‌گشتی ژانرێکه له ڕۆژئاواوه سه‌ریهه‌ڵداوه، ڕۆمانی مێژووییش دیسان له‌وێوه داکه‌وتووه و گه‌یشتووه‌ته لای ئێمه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی. جۆرج لۆکاش پێی وایه: ((په‌یدابوونی ڕۆمانی مێژوویی. له ئه‌وروپادا، بۆ سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م ده‌گه‌ڕێته‌وه. بۆ ئه‌و زه‌مانه‌ی، که ناپلیۆن هه‌ره‌سی هێنا. هه‌ر له‌و سه‌روکڵاوه‌دا بوو ڕۆمانه‌که‌ی واڵته‌ر سکۆت 1771_1832 به ناوی (ویڤرلی) له 1814دا بڵاوبووه‌وه… الڕوایة التأریخیة، ص، 11))
تایبه‌تمه‌ندیی ڕۆمانی مێژوویی له‌وه‌دایه، لێره‌دا کات و شوێن ڕیاڵانه له‌سه‌ر زه‌مینه‌ی واقیع هه‌ن و خه‌یاڵی نین، ئه‌وه‌نده هه‌یه نووسه‌ر خه‌یاڵی خۆی ئامێته‌ی ڕۆمانه‌که ده‌کات. واته بۆ خۆیان به قاره‌مانه‌کانیشه‌وه، یان هیچ نه‌بێت قاره‌مانه سه‌ره‌کییه‌کان به‌شێک له ڕابردوو پێکده‌هێنن و نووسه‌ر له ڕابردووی ئه‌وساوه بۆ حاڵی حازر هێناونی و درێژی کردوونه‌ته‌وه. وه‌لێ نووسه‌ر وه‌ک مێژوونووس سه‌ریری ڕووداوه‌کان ناکات، به‌ڵکو ئه‌و وه‌ک هونه‌رمه‌ند مامه‌ڵه‌یان له‌ته‌کدا ده‌کات.
ڕۆمانی (وا إسلاماه) نزیکه‌ی نێوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی بیسته‌م نووسراوه. به‌پێی ئینسایکلۆپیدیای ویکیپێدیا (علي أحمد باکثیر 1910_1969) وێڕای شیعر، حه‌وت ڕۆمان و سی و نۆ ده‌قی شانۆیی نووسیوه. وه‌لێ ئه‌و یه‌که‌م نووسه‌ری عاره‌ب نییه له بواری ڕۆمانی مێژوویی‌دا کارا بووبێت؛ به‌ڵکو پێش ده‌رکه‌وتنی ئه‌و، هه‌ره دیارترینیان له‌م به‌ستێنه‌دا (جۆرجی زه‌یدان بوو 1861_1914)، که ژماره‌یه‌کی به‌رچاو ڕۆمانی مێژوویی نووسیوه؛ وه‌ك: غادة کربلاء، الحجاج بن یوسف، أبو مسلم الخراساني و صلاح ا‌لدین الأیوبي و زۆری تریش.
ڕۆمان گرنگییه‌کی زۆر به ورده‌کاری ده‌دات. له جلوبوه‌رگی قاره‌مانه‌کانه‌وه تا هه‌سته‌کانی مرۆڤ و بیرکردنه‌وه‌ی و درێژه‌دان به وه‌سفی شوین و کات و به‌ستنه‌وه‌یان به ڕووداوه‌کانه‌وه. دووباره ڕێکخستنه‌وه‌ی ڕووداوه‌کان وه‌ک کارێکی هونه‌ریی بۆ جوانتر به‌رجه‌سته‌کردنی. له کاتێکدا مێژوو گرنگییه‌که‌ی ئه‌وتۆ به ورده‌کارییه‌کانی کات و شوێنی ڕووداو نادات. له‌لای مێژوونوس گرینگ ئه‌وه‌یه کام لایه‌ن جه‌نگه‌که ده‌باته‌وه و ئه‌نجامه‌کانی جه‌نگه‌که چی و چی بوون. وه‌لێ ڕۆمان له‌وانه‌ی تێده‌په‌ڕێنێت. ئه‌و دۆخی جۆشان و ورووژاندنی هه‌ست و هه‌ڵچوونه‌ی مێژوو به‌لایاندا نه‌چووه، ئه‌م به‌سه‌ریانده‌کاته‌وه. مێژوو ئه‌گه‌ر زنجیره ڕووداوی ئه‌بستره‌کت بێت، ئه‌وا ڕۆمانی مێژوویی سوود له‌و حه‌قیقه‌تانه وه‌رده‌گرێت و گیانیان به‌به‌ردا ده‌کات.
مێژوو سه‌رچاوه‌ی ڕۆمانی مێژوویییه، یان ده‌شێ وردتر بڵێین: ڕووداوی مێژوویی سه‌رچاوه‌ی ڕووداوی ئه‌ده‌بییه. واته له‌م به‌ستێنه‌دا ئه‌ده‌ب و مێژوو ئاوێزانی یه‌ک ده‌بن. به‌لاته‌وه سه‌یر نه‌بێت ئه‌گه‌ر بڵێم: نووسه‌رانی شیعر و دراما و چیرۆک و ڕۆمان، خه‌یاڵ و فانتاسیا ده‌نووسن، وه‌لێ به‌و نیازه ده‌ینووسن خوێنه‌ر به واقیعی لێیان وه‌ربگرن. که‌چی لێره‌دا نووسه‌ر واقیعی مێژوویی ده‌هێنێت و له‌لای خۆیه‌وه به‌خه‌یاڵی ده‌کات، یان خه‌یاڵی ئامێته ده‌کات. زۆریشن ئه‌وانه‌ی خولیای خوێندنه‌وه‌ی کتێبی مێژوویان نییه، که‌چی وه‌ختایێ له ڕۆماندا، یان له درامادا هه‌مان مێژوو به‌خه‌یاڵ ده‌بێت؛ به گه‌رمی به پیرییه‌وه ده‌چن و به‌دیارییه‌وه ئه‌وق ده‌بن. پاڵنه‌ره‌که‌یش له دۆخی دووه‌مدا ئه‌وه‌یه، که ئه‌و مێژووه وشکه، هونه‌ر و خه‌یاڵی ئاماێته بووه. وێڕای گه‌لێک کاریگه‌ری و ئه‌له‌مێنتی دیکه‌ی وه‌ک: وێنه‌ی شیعریی، دایه‌لۆگ و مۆنۆلۆگ و هونه‌ری سینه‌ما و حیکایه‌تخوانی و چنین و تیمه و وتاری مرۆڤانه‌ی وه‌ک خۆشه‌یستی و تێکه‌ڵبوونی ڕه‌گه‌زی مێ به ته‌واوی کاریگه‌ریی خۆیه‌وه، که له وتاری مێژوویی‌دا جێی نابێته‌وه و ده‌توانین بڵێین به‌جارێک بزره.
خۆ ڕۆمان وه‌ک مێژوو ته‌نیا گێڕانه‌وه‌یی تاکلایه‌نه‌ی وشکوبرینگ نییه، له هه‌ندێک ئانجامگری و ساڵ و مانگ و ناوی چه‌ند سه‌رکرده‌یه‌کی دره‌وشاوه‌دا قه‌تیس بمێنێت. به‌ڵکو ڕۆمان زیندووتر و به‌رجه‌سته‌تر ڕابردوو به‌به‌رگی نوێوه بۆ ئێستا ده‌هێنێت. ده‌شێ بڵێم: مێژوو ڕابردوویه‌کی سڕ‌و بێ ئاگایه، وه‌لێ ڕۆمانی مێژوویی، ڕابردووه به زیندوویی و ئاماده‌کرای بۆ ئێستامان هێناوه و به‌دیاری پێشکه‌ش به خوێنه‌رمان کردووه.
د. عبدالله إبراهیم، له لێکۆڵینه‌وه‌که‌یدا (من الروایة التأریخیة الی التخیل التأریخي: له ڕۆمانی مێژوویییه‌وه بۆ خه‌یاڵی مێژوویی) ده‌بێژێت: ((کاتی ئه‌وه هاتووه زاراوه‌ی خه‌یاڵی مێژوویی له‌بری ڕۆمانی مێژوویی به‌کاربه‌رین. ئه‌م گۆڕینه پاڵ به‌نووسینی گێڕانه‌وه‌ی مێژووییه‌وه ده‌نێت، کێشه‌ی سنووری نێوان ژانره ئه‌ده‌بییه‌کان و ئه‌رکه‌کانیان تێپه‌ڕێنێت، دوای ئه‌وه‌یش دوانه‌ی مێژوو و ڕۆمان له‌به‌ریه‌ک هه‌ڵده‌وه‌شێنێت و له شوناسێکی (سه‌ردیی) نوێ‌دا له یه‌کیان ده‌داته‌وه، به‌لای هیچ کامیشیاندا دایناشکێنێت.))
ڕۆڵی کورد له‌م ڕۆمانه‌دا
جه‌لاله‌دین گله‌یی زۆری له پاشاکانی ئه‌و سه‌رده‌مه هه‌یه، چونکه ئه‌وان وه‌ک پێویست به‌ده‌نگییه‌وه نه‌چوون و هاریکارییان نه‌کردووه. دوژمنی دینه‌که‌یان و مرۆڤایه‌تی به شمشێری هه‌ڵکێشراوه‌وه به‌رده‌رگه‌ی پێ گرتوون و ئه‌وان نه‌جووڵاون، وه‌لێ ئه‌وانه له خراپترین پێناسه‌دا که‌مته‌رخه‌م و بێ ده‌ربه‌ستن، به‌ڵام هه‌رچی (کورد)ه، له‌م ڕۆمانه مێژوویییه‌دا ناپاکی و ڕاووڕووتی دراوه‌ته پاڵ.
جه‌لاله‌دین شا، به حیساب که‌سێکی موجاهیده. ئه‌و له‌بری ته‌واوی موسوڵمانانی جیهان شمشێری جیهادی لێ کێشاوه و داکۆکیی له ئاین و مه‌فته‌نیان ده‌کات. له دۆخی وه‌هاشدا گه‌ره‌که ته‌واوی سه‌رکرده ئیسلامه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه هاوئاوزه‌نگیی ئه‌و بن. بێ مه‌ڵامه‌تیش نییه کیژه‌که‌ی خۆی ناوناوه (جهاد)، که واتا و ده‌لاله‌تی خۆی هه‌یه. ئه‌گه‌ر له‌ته‌ک ناوی خوشکه‌زاکه‌یدا، که جێنشینێتی لێکیان بده‌یین ئه‌وا ده‌کاته (جهاد محمود). ئه‌مه‌یش به واتای په‌سندانی پرۆسه‌ری جیهاد دێت.
له کاتێکدا له‌شکری ته‌تار بێ به‌زه‌ییانه وه‌ربوونه‌ته ڕۆژهه‌ڵاتی ئیسلامی و ته‌رو وشک پێکه‌وه ده‌سووتێنن، وه‌ها له کوردی موسوڵمان چاوه‌ڕوان ده‌کرێت، هاوکار و پشتیوانی جه‌لاله‌دین شا بێت. وه‌لێ هه‌ڵویستی کورد ته‌واو پێچه‌وانه‌یه. کورد له پشته‌وه خه‌نجه‌ری ژه‌هراوی ده‌وه‌شێنێت. له لاپه‌ڕه 52 دا هاتووه: ((له‌و ده‌مه‌دا، که سوڵتان جه‌لاله‌دین به وڵاتی کوردان‌دا بۆ نیشتمانی خۆی ده‌گه‌ڕایه‌وه، کاتێکی زانی مه‌حموود و جیهاد به مه‌یته‌ر و خزمه‌تکاره‌وه دیارنه‌ماون. بۆ ڕۆژی دواتر لاشه‌ی مه‌یته‌ره‌که‌یان به قه‌دپالێکه‌وه دۆزییه‌وه، سینگی به خه‌نجه‌ر بێژرابوو و سه‌ریشی به به‌رد پان کرابووه‌وه و له چیاکه‌وه هه‌ڵیاندێرابوو.)) هه‌ر له‌م سه‌روکڵاوه‌دا جه‌نگیزخان بوخارا ده‌گرێت و خراپ تۆڵه ده‌کاته‌وه.
له لاپه‌ڕه 62_ 63 دا هاتووه، مه‌حموود و جیهان له‌ته‌ک سوپادا به‌ڕێوه‌بوون، له‌پڕ که‌روێشکێکی کێوی له نێو گیادا ده‌رده‌په‌ڕێت. مه‌حموود شوێنی ده‌که‌وێت و جیهادیش به‌شوێنیدا. له پێچی چیایه‌کدا له سوپا ون ده‌بن و که‌سێک گوێیان پێ نادات، چونکه سیرون و شێخ سه‌لامه‌یان له‌ته‌کدایه. له‌و ده‌مه‌دا حه‌وت کورد ئاگایان لێیانه و چاودێرییان ده‌که‌ن، له پێچی چیا‌که‌دا پێشیان پێ ده‌گرن. له وڵاخ پیاده‌یان ده‌که‌ن و ده‌میان ده‌به‌ستن و به‌خێرایی له‌و جێیه دووریان ده‌خه‌نه‌وه. هه‌ڕه‌شه له سیرون و شێخ سه‌لامه ده‌که‌ن ئه‌گه‌ر هاوار بکه‌ن، یان هه‌ڵبێن ده‌یانکوژن. جه‌رده کورده‌کان ناوه عه‌ره‌بییه‌که‌ی ئه‌وان بۆ عه‌جه‌می به (قطز و گوڵنار) ده‌گۆڕن، تاکو نه‌ناسرێنه‌وه. له‌و ده‌مه‌دا، که سیرون به‌نیازه له ده‌ستیان هه‌ڵبێت، ڕمێک ده‌چه‌قێننه جه‌رگی؛ ده‌یکوژن و له چیاکه‌وه هه‌ڵیده‌دێرن. سه‌لامه‌یش ئامۆژگاریی به‌نرخ به جووته میری منداڵ ده‌دات. وه‌لێ دواتر له داخ و خه‌فه‌تدا ده‌مرێت. ئه‌و ئاگای له کۆتایی تراجیدییانه‌ی جه‌لاله‌دین نییه، که دوای چه‌ند ڕۆژێک ئه‌ویش به هه‌مان چیایه‌دا سه‌رده‌که‌وێت، که ئه‌مان پێشتر گرتیانه‌به‌ر و په‌نای بۆ ده‌هێنێت، کاتێک تاتار سه‌ریان له‌دوو ناوه. له‌وێ به‌ده‌ستی کورده تاوانباره‌که ده‌کوژرێت و به‌دووریی به‌رد هاوێژێک له گۆڕه‌که‌ی ئه‌مه‌وه گۆڕغه‌ریب ده‌نێژرێت. به‌م شێوه‌یه قطز ساڵانێک وه‌ک (مملوک) له نێو پیلانگێڕیی پادشاکاندا به‌سه‌ر ده‌بات و دڵیشی هه‌ر له لای گوڵناره، که بووه به که‌نیزه و که‌وتووه‌ته لای شاژن (شجر الدر).
جه‌لاله‌دین له سۆراخی مه‌حموود و جیهاددا په‌رێشانه و سه‌رده‌کاته مه‌ی نۆشین. خه‌و و خۆراکی لێ هه‌ڵده‌گیرێت. وه‌ک له ڕۆمانه‌که‌دا هاتووه: ((ئاوا جه‌لاله‌دین ڕۆژه ڕه‌شه‌کانی خۆی له وڵاتی کوردان‌دا به‌ڕێ ده‌کرد.)) جێی باسه له‌بری ناوی کوردستان، (وڵاتی کوردان) به‌کارهاتووه. جه‌لاله‌دین داخی دڵی خۆی و سه‌رکه‌وتنه‌کانی جه‌نگیزخان به وڵاتانی ئیسلام ده‌ڕێژێت و ده‌که‌وێته تاڵان و بڕۆ و کاولکاری و ده‌ست ناپارێزێت.
له ڕۆمانه‌کدا هاتووه: ((سوڵتان جووته خۆشه‌ویسته‌که‌ی، واته مه‌حموود و جیهادی له‌ده‌ست چوون، کاتێک ئه‌وان به وڵاتی کوردان‌دا ڕه‌ت ده‌بوون، ئه‌و دنیای به‌شوێندا شه‌نگ و سووژن دا و به‌هه‌ر نرخ و شێوه‌یه‌ک بوایه له سۆراخی په‌یداکردنه‌وه‌یاندا بوو. وه‌ک ئه‌وه‌ی زه‌وی قووتی دابن، به خۆیان و سه‌لامه‌ی هیندی و سیرونی مه‌یته‌ره‌وه، ئه‌و جووته پیاوه‌ی، ئێشکگرتن و خزمه‌تکردنی ئه‌وانیان پێ سپێڕدرابوو دیارنه‌مان… ل. 52))
جه‌لاله‌دین ده‌شکێت و ناچارده‌بێت به‌ره‌و (ئامه‌د) هه‌ڵبێت. له‌وێ له چیایه‌ک ده‌گیرسێته‌وه کوردی لێ نیشته‌جێن و به (چیای کوردان) ناوی هاتووه. له‌وێ خۆی به کوردێک ده‌ناسێنێت و پێی ده‌ڵێت: ((من جه‌لاله‌دینم، بمشاره‌وه و داڵده‌م بده. دوژمن سه‌ری له‌دوو ناوم. ده‌تکه‌مه پادشا. کورده‌که‌یش بردییه ماڵی خۆی و به‌ژنه‌که‌ی وت: ژنه‌که ئاگات لێی بێت… ل. 58)) به‌ڵام کوردێکی دیکه‌ی گومان لێکراو، جه‌لاله‌دینی بینی و ناسییه‌وه. کاتێک پیاوی خاوه‌نماڵ پشت پێی هه‌ڵکرد، ئه‌م به‌قه‌مه‌یه‌که‌وه خۆی لێ به‌ژووردا کرد و به ژ‌نه‌ی خاوه‌نماڵی وت: ((بۆچی ئه‌م خواڕه‌زمییه ناکوژن؟)) ژنه‌که وتی: ((نایکوژین، چونکه پیاوه‌که‌م په‌نای داوه.))
کورده قه‌مه به‌ده‌سته‌که وتی: ((ئه‌م پیاوه په‌نا نادرێت. ئه‌مه سوڵتانه و برایه‌کی منی کوشتووه.)) له‌و ده‌مه‌دا جه‌لاله‌دین په‌لاماری ده‌دات و قه‌مه‌که‌ی لێ ده‌سێنێت و پێی ده‌ڵێت: ((هه‌ر ئێستا ده‌تکوژم و تۆش هه‌واڵه‌ی لای براکه‌ت ده‌که‌م!)) ئه‌وجا کورده‌که ده‌ڵێت: ((من هه‌ردوو جگه‌رگۆشه‌که‌تم فڕاندووه!)) سوڵتان ده‌ڵێت: ((چیت لێ کردوون ئه‌ی کابرای کورد؟)) کورده‌که له ترسی گیانی خۆی ده‌ڵێت: ((له لای منن، به‌ڵام ناتانده‌مه‌وه هه‌تا ژیانم نه‌پارێزیت.)) جه‌لاله‌دین پێی ده‌ڵێت: ((ئه‌وا ژیانم پاراستی. بڕۆ بیانهێنه، هه‌رکاتێکیش توانیم خه‌ڵاتت ده‌که‌م.)) وه‌لێ کورده‌که کاتێک گه‌یشته لای ده‌رگه‌که و له مه‌ترسیی جه‌لاله‌دین دوورکه‌وته‌وه وتی: ((ئه‌ی سه‌رلێ شێواو ڕزگارم بوو له ده‌ستت. منداڵه‌کانتم ناردوون بۆ بازرگانی کۆیله‌کان له شام. ئه‌وان هه‌رگیز ناگه‌ڕێنه‌وه بۆ لای تۆ!)) ئیدی جه‌لاله‌دین له حه‌شمه‌تا ده‌بوورێته‌وه و کورده‌که‌یش هه‌ڵده‌کاته سه‌ری و به قه‌مه ده‌یکوژێت… بڕوانه ل. 59_60.
کاتێک سه‌رانی ده‌وڵه‌تۆکه ئیسلامییه‌کان، به عه‌ره‌ب و ناعه‌ره‌بیانه‌وه ئاماده‌ی به‌ره‌وڕووبوونه‌وه‌ی ته‌تار نه‌بوون و هه‌ر یه‌که ده‌ستی به‌کڵاو‌ه‌که‌ی خۆیه‌وه گرتبوو با نه‌یبات، ئه‌م جۆره هه‌ڵوێست وه‌رگرتنه وه‌ها ده‌خوێنرێته‌وه، که ئه‌وان ئاماده‌ییان بۆ چێ کردنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی تێدا نه‌بووه. یان هزری خه‌ڵک بۆ چێ بوونی ئه‌م جۆره ده‌وڵه‌ته هێشتا ئاماده نییه‌و پێنه‌گه‌یشتووه.
له پاژی چواره‌می ئه‌م ڕۆمانه‌دا هاتووه: ((له‌م چیایه‌دا خێڵه کوردێک ده‌ژیان، ڕاووڕووتکه‌ر بوون و ڕێیان به کاروان ده‌گرت، تاڵانیان ده‌کرد، ڕێبواره‌کانیان ده‌کوشت، ژن و منداڵه‌کانیشیان ده‌فڕاند و ده‌یانفرۆشتن به‌و بازرگانانه‌ی، کۆیله‌یان ده‌كڕی و ئاشنای خۆیان بوون. ئه‌و بازرگانانه‌یش هه‌ر به‌م نیازه گڵاوه هامشۆی ئه‌م چیایه‌یان ده‌کرد. ئه‌وان کۆیله‌کانیان بارده‌کردن و بۆ بازاڕه‌کانی عیراق و میسر و شامیان ڕه‌وانه‌ده‌کردن… ل. 62))
به‌پێی ده‌قی ڕۆمانه‌که، ڕێگره کورده‌کان هه‌ر یه‌که له مه‌حموود و جیهاد به سه‌د دینار به بازرگانی کۆیله ده‌فرۆشن. هه‌ر له‌وێشدا ناوی مه‌حموود بۆ (قطز) و ناوی جیهاد بۆ (گوڵنار) ده‌گۆڕن. بازرگانه‌کان هه‌ردووکیان ده‌به‌نه ماڵێک له حه‌ڵه‌ب و دواتر له دیمه‌شق ده‌گیرسێنه‌وه. له گوتوبێژێکدا مه‌حموود ده‌ڵێت: ((من کوڕی جیهان خاتوونی خوشکی جه‌لاله‌دینم. باوکم میر مه‌مدووده و ئامۆزایه‌تی، خۆم ناوم مه‌حمووده. ئه‌و جه‌ردانه‌ی منیان فڕاند و فرۆشتمیان ناویان ناوم قطز.. ل. 87)) به‌م پێیه چه‌ندین جار باسی جه‌رده‌ی کورد و چیای کوردان پاته‌بووه‌ته‌وه..
ده‌توانم بڵێم وێڕای ئه‌و غه‌دره‌شی، که له میلله‌تی کوردی کردووه، هێشتا ئه‌م ڕۆمانه مێژوویییه، ڕاستگۆیانه دۆخی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئاستی ژیاریی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی خوێندووه‌ته‌وه و به‌رجه‌سته‌ی کردووه. شه‌ڕ له سه‌ر کورسی، خیانه‌ت و بێ وه‌فایی له نێوان سه‌رکرده‌کاندا. خه‌نجه‌ر وه‌شاندن له پشته‌وه. پاشقول گرتن و خۆپه‌رستی و ئاگره سووره له خۆم دووره و کۆکردنه‌وه‌ی زێڕوزه‌مبه‌ر له‌سه‌ر حیسابی ڕه‌شه‌خه‌ڵکه‌که و به‌رچاوته‌نگیی سه‌رکرده‌کان، هه‌موو ئه‌مانه، ئاکاره زاڵه‌کانی ئه‌و چاخه‌ی حوکمڕانه‌کانی ناوچه‌که بوون. وه‌لێ له‌جه‌نگه‌ی ئه‌م دۆخه ناجۆره‌دا، ده‌رکه‌وتنی قاره‌مانی میژووی و که‌سیه‌تیی کارێزما پێویستییه‌کی مێژووییه و به‌خێرهاتنی لێ ده‌کرێت. ئه‌و قاره‌مانه‌شه، که سنوورێک بۆ ئه‌م ی به‌ره‌ڵایی و پاشاگه‌ردانییه داده‌نێت له هه‌ڕه‌تی سه‌ڵته‌نه‌تی خۆیدا ده‌ناسرێت.
به‌فیلم بوونی ڕۆمانه‌که
جێی باسه ئه‌م ڕۆمانه‌ی علي أحمد باکثیر، وه‌ک به‌رهه‌می هاوبه‌شی ئیتالیا و میسر به فیلم کراوه. فیله‌مه‌که ڕه‌نگاوڕه‌نگه و باشترین ئه‌کته‌ری ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی وڵاتی میسر و ئیتالیا ڕۆڵیان تێدا بینیوه. فیلمه‌که ساڵی 1961 به‌رهه‌م هاتووه. ڕۆبه‌رت ئه‌ندروز سیناریۆی بۆ نووسیوه. یوسف السباعی گوتوبێژ (دایه‌لۆگ). ئه‌حمه‌د مه‌زهه‌ر ڕۆڵی مه‌حموود ده‌بینێت و خانمخاس (لوبنا عه‌بدولعه‌زیز) ڕۆڵی جیهاد. ئه‌م ئه‌کته‌رانه‌یش ڕۆڵه گرینگه‌کانی دیکه ده‌بینن: فه‌رید شه‌وقی، ڕوشدی ئه‌بازه، حسێن ڕیاز، عیماد حه‌مدی، مه‌حموود ئه‌لملیجی. له ئیتالییه‌کانیش فولکو لوللی و سیلڤانا پامپانینی. (ئه‌ندرۆ مارتۆن)یش ئه‌رکی ده‌رهێنانی فیلمه‌که‌ی گرتووه‌ته ئه‌ستۆ.
وه‌لێ له فیلمه‌که‌دا مالیجه‌یه‌کی زیره‌کانه بۆ کێشه‌کان دۆزراوه‌ته‌وه و ساڵانی(633_ 658)ی کۆچیی بۆ مێژووی ڕووداوه‌کان دیاری کردووه. فیلمه‌که له کوژرانی سوڵتان جه‌لاله‌دینه‌وه ده‌ست پێ ده‌کات . لێره‌دا (حسێن ڕیاز)، که یه‌کێکه له ڕابه‌رانی شانۆ و سینه‌مای میسر، ڕۆڵی شێخ سه‌لامه ده‌بینێت. له فیلمه‌که‌دا شێخ سه‌لامه وا زوو نامرێت. خۆیه‌تی، که مۆری سوڵتانی له شانی مه‌حموود و جیهاد ده‌دات، به‌و نیازه‌ی ئه‌گه‌ر ئه‌م دوانه له یه‌کتری دابڕان، له داهاتوودا به ئاسانی و به‌به‌ڵگه‌وه یه‌کودوو بناسنه‌وه و له لایه‌ن خه‌ڵکیشه‌وه گه‌واهییان بۆ بدرێت، که ئه‌م دوانه، له نه‌وه‌ی سوڵتان جه‌لاله‌دینی خواڕه‌زمین و بۆ سه‌رکرادیه‌تی و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی مافی زه‌وتکراوی جه‌ماوه‌ر له هه‌موان له‌پێشترن.
واته هه‌ر شێخ سه‌لامه خۆی ئه‌م جووته منداڵه له ده‌ست ته‌تار ڕزگار ده‌کات و به‌ناچاری له بازاڕی کۆیله‌کاندا ده‌یانفرۆشێت. وه‌لێ نرخه‌که‌یان ناخاته ته‌نکه‌ی باخه‌ڵی، به‌ڵکو به‌خه‌ڵکی ڕه‌شوڕووتی ده‌به‌خشێت. دواتر هه‌ر خۆی وڵات به وڵات و شار به شار به‌شوێنیاندا ده‌گه‌ڕێت و ده‌یاندۆزێته‌وه.
زۆر جارانیش ڕۆمانه بێ پێزه‌کان له ڕووی ته‌کنیک و هزره‌وه، له‌بارترن بۆ به فیلم کردن؛ تا ڕۆمانه به‌هێزه‌کان له ڕووی فیکر و ته‌کنیکه‌وه. که به‌ئاسانی بۆ شانۆ و سینه‌ما ئاماده ناکرێن؛ چونکه لڤلڤینی که‌متریان تێدایه و ئه‌مرۆیش له چێ کردنی فیلم‌دا ئه‌کشن زیاتر ڕه‌چاو ده‌کرێت. وه‌لێ فیکر هه‌روا به‌ئاسانی له سینه‌مادا گیانی به‌به‌ردا ناکرێت.
له‌م ڕۆمانه‌دا چه‌ندین پارچه شیعری ستوونی هه‌ن، هیچ کامیشیان له فیلمه‌که‌دا دووباره نه‌بوونه‌ته‌وه.
له سه‌متی فیلمه‌که‌دا فۆکۆس نه‌خراوه‌ته سه‌ر کورد. به‌ڵکو ئه‌و پاژه‌ی ڕۆمانه‌که، که به‌کورده‌وه وابه‌سته‌یه وه‌لا نراوه. حیکایه‌تی فیلمه‌که‌یش له به‌سه‌رهاتی مه‌حموود و جیهاده‌وه ده‌ست پێ ده‌کات و شوێن چاره‌نووسی ئه‌وان ده‌که‌وێت، کاتێک ئه‌وان له نازوجیازی خۆیان ده‌که‌ون و بێ سه‌رپه‌رشت ده‌مێننه‌وه. جێی ئاماژه‌پێدانه، ماڵپه‌ڕی ((الفن السابع)) ی عه‌ره‌بی، فیلمی ((وا إسلاماه))ی ده‌رهێنه‌ر ئه‌ندریه مارتۆنی له ڕیزی باشترین سه‌د فیلمی عه‌ره‌بیدا پۆلێن کردووه. فیلمه‌که ته‌واوی جه‌نگه‌کانی جه‌لاله‌دینی پشتگوێ خستووه. ڕۆمانه‌که که له‌مسه‌ره‌وه بۆ ئه‌و سه‌ری جه‌نگ و کوشتارو له‌شکرکێشییه، لێره‌دا جه‌نگ و کاولکاریی ئه‌و گرینگییه‌ی نه‌ماوه.
باکثیر ئه‌م ڕۆمانه‌ی له پای چی نووسیوه و چ خولیایه‌ک پاڵنه‌ری بووه؟
پێم وایه مه‌به‌ستی سه‌ره‌کیی نووسه‌ر له نووسینی ئه‌م ڕۆمانه ئه‌وه‌یه، شکۆمه‌ندییه‌کانی ئیسلام و عه‌ره‌ب زیندوو بکاته‌وه و بیانخاته پێش چاوی نه‌وه‌ی نوێ، تاکو وه‌ک پێشه‌نگی خۆیان بۆیان بڕوانن و ده‌رس و ئه‌زموون له سه‌رکه‌وتن و شکسته‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه، بۆ خوێندنه‌وه‌ی ئێستا وه‌ربگرن. به‌ڵام پشکێکی زۆری ئه‌و شکۆمه‌ندییه بۆ کورد و نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ی به ئیسلام بوو ده‌گه‌ڕێته‌وه. وه‌ک ئه‌و ڕۆڵه گرینگه‌ی کورد له‌ژێر ئاڵای ناسر سه‌لاحه‌دیندا و ده‌رکردنی خاچپه‌رسته‌کان. سوڵتان جه‌لاله‌دین و خواڕه‌زم شای بابیشی خه‌ڵکی ئه‌فغانستان بوون و پایته‌خته‌که‌یان شاری غه‌زنه بووه. به‌ڵام مادام نووسه‌ر به زمانی عاره‌بی ڕۆمانه‌که‌ی نووسیوه، وه‌ک ئه‌وه‌یه ته‌واوی شکۆمه‌ندییه‌کانی ئه‌و نه‌ته‌وانه‌شی هه‌ر به نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب ڕه‌وا بینیبێت.
بۆ زیندووکردنه‌وه‌ی گیانی نیشتمانی و به‌ره‌وڕووبوونه‌وه‌ی داگیرکه‌ری ناموسوڵمانی کافر به‌قسه‌ی خۆیان، که چه‌ند جاریک له‌سه‌ر زاری قاره‌مانی سه‌ره‌کیی ڕۆمانه‌که‌وه (مه‌حموود: قطز) باس ده‌کرێت و بۆ ده‌مه‌زه‌رد کردنه‌وه‌ی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی و ئاینییه پێکه‌وه. به تایبه‌تی له‌و سه‌روبه‌نده‌ی باکثیر تێیدا ژیاوه سێ جه‌نگی گه‌وره له ناوچه‌که‌دا به‌رپابووه، جه‌نگی 1948 که له‌وێوه ئیسرائیل چی بوو. پاشان جه‌نگی 1956ی به‌سه‌ردا هات، که میسر ناوی لی نا (العدوان الثلاثي) و دوترایش جه‌نگی حوزه‌یرانی 1967 که پاشتر به‌جه‌نگی شه‌ش ڕۆژه ناسرا. ڕۆمانه‌کانی باکثیر به (وا إسلاماه)شه‌وه هه‌ر له‌و سه‌روبه‌نده‌دا نووسراون. تاکو نه‌وه‌کان په‌ندی لێ وه‌ربگرن و ده‌رسی لێ هه‌ڵێنجن. ڕێی پیاوچاکان بگرنه به‌ر. واته به پاڵنه‌ری ئاینی و نه‌ته‌وایه‌تی نووسیوێتی.
ئه‌گه‌ر جۆرجی زه‌یدان له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌مدا ڕۆمانی مێژوویی به مه‌به‌ستی پێشکه‌ش کردنی جیهانبینیی نوێ نووسیبیت، یه‌ک له باری باکثیر: ((له لای باکثیر و هاوه‌ڵه‌کانی دید ڕوون و ئامانج دیاریکراو بوو، ئه‌ویش به ئاراسته‌ی فیکری عه‌ره‌بی و ئیسلامی بوو له ڕێی لاکردنه‌وه به‌لای مێژووی ئیسلام یان مێژووی ئه‌وانی تر.. بڕوانه: د. محمد أبوبکر حمید، هل إنتهت مرحلة الروایة التأریخیة؟)) جێی باسه ئه‌م توێژه‌ره (د. محمد أبوبکر)، نزیکه‌ی چاره‌که سه‌ده‌یه‌ک له ته‌مه‌نی خۆی بۆ لێکۆڵینه‌وه و ساغکردنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی باکثیر له شیعر و شانۆ و ڕۆمان ته‌رخان کرد.
ده‌توانم جه‌ختی له‌سه‌ر بکه‌م، که باکثیر گه‌ره‌کی بووه هه‌رچی فه‌زڵی میلله‌تانی دیکه‌یش هه‌بووه له‌سه‌ر ئیسلام، یان هه‌رجی ڕه‌نجێک، که ئه‌وان داویانه به‌کرده‌وکۆشش، یان به فه‌زڵی نه‌ته‌وه‌ی عاره‌ب له قه‌ڵه‌می بدات. ده‌نا به‌هۆی چه‌ند کوردێکی ڕاووڕووتکه‌ره‌وه، ڕه‌نجی سه‌لاحه‌دینی ئه‌یوبی و گه‌لی کوردی له‌م به‌ستێنه‌دا فه‌رامۆش نه‌ده‌کرد.
سه‌باره‌ت به باکثیر. د. محمد أبوبکر حمید ده‌ڵێت: ((باکثیر دیدی ئیسلامیی بۆ نه‌ته‌وه و شارستانه‌ته کۆنه‌کان له‌لا شکڵگیر بووبوو، کاتێک ئه‌و له کتێبی (هونه‌ری شانۆ له ڕێی ئه‌زموونه تایبه‌تییه‌کانی خۆمه‌وه) وه‌های دانابوو، که جیاوازیی له نێوان شارستانه‌تی فیرعه‌ونی و بابلی و فینقیدا نییه. گه‌ره‌که هه‌موو ئه‌مانه بدرێنه پاڵ ده‌ستمایه‌ی شارستانه‌تی عه‌ره‌بی، که میراتگری هه‌موو ئه‌م شارستانه‌تانه‌یه و میراتگری ئه‌و خاکه‌شه، که هه‌موو ئه‌م شارستانه‌تانه‌ی له‌سه‌ر په‌یدابووه.. بڕوانه وتاری: هل إنتهت مرحلة الروایة التأریخیة العربیة؟))
له و پێشه‌کییه کورته‌دا که نووسه‌ر بۆ ڕۆمانه‌کی خۆی نووسیوه هاتووه: ((میسر ئاڵای ئه‌م جیهاده هه‌ڵده‌گرێت)) له کاتێدا سه‌رکرده‌ی ئه‌م جیهاده له هه‌ردوو که‌ڕه‌تدا خواره‌زمییه. یه‌که‌م جار جه‌لاله‌دین و دووه‌م جار (الملک المظفر)ه، که ده‌کاته قطز، یان مه‌حموود. ئه‌ویش خوشکه‌زای جه‌لاله‌ینه و خواره‌زمییه. جێی وتنه کاتێک ئه‌م دوانه به‌منداڵی به کۆیله ده‌کرێن، عاره‌بی نازانن و به‌فارسی قسان ده‌که‌ن. ڕۆمانه‌که خۆشی ئاوا سوڵتان ده‌ناسینێت: جه‌لاله‌دینی کوڕی خواڕه‌زم شا، پادشای هیند و ئێران و خۆراسان و پشتی ڕووبا.
وه‌ک ده‌بینیت نووسه‌ری گۆرین مێژووی ته‌تار و خواره‌زمییه‌کان به کورد و بلووج و فارس و ئازه‌ر و عه‌ره‌ب و نه‌ته‌وه‌ی دیکه‌شه‌وه به‌سه‌رده‌کاته‌وه. غه‌زنه به قاهیره‌وه ده‌به‌ستێته‌وه و ڕۆمانێکی عه‌ره‌بی له‌م مێژووه به‌یه‌کدا چووه چێ ده‌کات. یان ده‌کرێت بڵێین له‌سه‌ر دوو هێڵی هاوشان ده‌ڕوات، پاشان مێژووی عه‌ره‌ب و ئیسلام پێکه‌وه گرێ ده‌دات. ئه‌مه‌یش بێگومان به‌چاکه‌ی نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب ده‌شکێته‌وه.
نووسه‌ر وتاری مێژوویی پێملی وتاری ئه‌ده‌بیی ئیستاتیکی کردووه. به‌و واتایه‌ی کاتێک تۆی خوێنه‌ر کتێبی مێژوو ده‌خوێنیته‌وه، له‌و ده‌مه‌دا واقیعی ڕابردوو ده‌خوێنیته‌وه. به‌ڵام کاتێک تۆ ڕۆمانی مێژوویی ده‌خوێنیته‌وه، مامه‌ڵه له‌ته‌ک خه‌یاڵدا ده‌که‌یت.
حه‌مه‌فه‌ریق حه‌سه‌ن
سه‌رچاوه:
الروایة التاریخیة، جورج لوکاش، ترجمة: د. صالح جواد الکاظم، بغداد، وزارة الثقافة الإعلام، الطبعة الثانیة، 1986.
من الروایة التأریخیة الی التخیل التأریخي. د. عبدالله إبراهیم، صحیفة العرب القطریة، 28 نیسان 2010.
وا إسلاماه، علي أحمد باکثیر، دار مصر للطباعة، القاهرة، سنة (؟)
هل إنتهت مرحلة الروایة التأریخیة العربیة؟ د. محمد أبوبکر حمید، بڕوانه ماڵپه‌ڕی (Lahaonline.com)