
به‌شی سێهه‌م: شانۆ بێ شانۆنامه‌کان
سه‌رکاو هادی گۆرانی
شانۆ: (ئه‌وێ)یه‌ک لێره، (ئه‌ودیو)ێک له مدیو
به‌شی سێهه‌م: شانۆ بێ شانۆنامه‌کان
شانۆی میللی، شانۆی نواندنی ئازاد، شانۆی داهێنان
ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستمان ده‌قی نوسراوبێ، هه‌موو شانۆیه‌ک ده‌قی نیه. نمونه: هه‌ندێ شانۆی سوننه‌تی، که مێژویه‌کی دورودرێژیان هه‌یه، وه‌ک شانۆی دورگه‌ی (بالی) له ڕۆژهه‌ڵات و شانۆی کۆمێدیا دێل ئارتێ له ڕۆژئاوا، که هه‌ردوکیان به ده‌مامک (ماسک) کار ده‌که‌ن، هه‌ندێ شانۆی مۆدێرنی وه‌ک، شانۆی داهێنان (کریه‌یشن)، شانۆی نواندنی کراوه (ئیمپرۆڤیزه‌یشنی ئازاد). وه زۆر چالاکی تریش که جۆرێکن له شانۆ وه‌ک، ئاهه‌نگه ئایینیه‌کان، ئاهه‌نگه جادوبازیهکان، ئاهه‌نگه کۆمه‌لایه‌تیه جۆراوجۆره‌کان. به‌ڵام هیچ شانۆیه‌ک یان چالاکیه‌کی شانۆئامێزو شانۆئاسا نیه ده‌قێکی ئه‌ندێشه‌یی نه‌بێ، چونکه هیچ کردار‌و گێڕانه‌وه‌یه‌ک نیه نه‌خشه‌ی کاری نه‌بێ. ئه‌م نه‌خشه‌ی کاره وه‌ک هێڵێکی ڕێبه‌ر وایه که به‌بێ ئه‌و ڕێکردن ئه‌سته‌مه. نه‌خشه‌کاری نمایشێکی شانۆ له توخمه‌کان پێک هاتوه: زمان، دراما، سه‌ره‌تا، کۆتایی، دیمه‌ن، بینراو، چیرۆک، دیالۆگ، مۆنۆلۆگ، کاره‌کته‌ر، ڕوداو، ده‌نگ، ڕوناکی، وێنه، هێڵ، تابلۆ..هتد. ئه‌مانه‌ش هه‌رگیز به‌بێ ئاراسته‌و بنه‌ماو ڕێکخستن به‌رجه‌سته نابن، ئه‌گه‌ر بشبن ئه‌وا به شێوه‌یه‌کی پهرشوبڵاوو بێ گرێدانهوهن، مانا دروست ناکه‌ن.
شانۆی سوننه‌تی بێ شانۆنامه له ڕۆژهه‌ڵاتی دوور
له‌و شانۆ ڕۆژهه‌ڵاتیانه‌ی تێکستی نوسراویان نیه، ئه‌کته‌ره‌کان چیرۆکه‌کانیان له مناڵیه‌وه له‌به‌رن. نواندن شێوه‌یه‌که له سه‌ما، جوڵه‌کانی شێوه‌یه‌کن له کۆد، هه‌موو دیاریکراون و به سانتیمه‌تر ئه‌ندازه کێشراون و ئه‌کته‌ره‌کان یه‌ک به یه‌ک له مناڵیه‌وه له‌به‌ریان کردوون. ته‌نانه‌ت له‌شیان ئه‌وه‌نده جوڵه‌کانی تۆمار کردووه به چاو داخرانیش ده‌توانن ئه‌نجامیان بده‌ن. دیالۆگ و مۆنۆلۆگه‌کان له‌شێوه‌ی گۆرانیدان و له هه‌ندێ شانۆدا له لایه‌ن ئه‌کته‌ره‌کانه‌وه ناوترێن، له‌لایه‌ن کۆمه‌ڵێ ده‌نگبێژی مۆزیکژهنهوه ده‌وترێن. ده‌نگه‌کانیش له‌سه‌ر تۆنه‌کان وا دابه‌شکراون جێبه‌جێ به تۆنێک نه‌کرێ. کاره‌کته‌ره‌کان له‌م شانۆ ڕۆژهه‌ڵاتیانه‌دا ناسراون، هه‌ریه‌ک جلوبه‌رگی تایبه‌تی خۆی هه‌یه. هه‌ر ئه‌کته‌رێک ڕۆڵی کاره‌کته‌رێکی بینی، ئه‌بێ جلوبه‌رگی تایبه‌تی ئه‌و کاره‌کته‌ره له‌به‌ربکات، ده‌مامک (ماسک)ی له سه‌ربکات، ئه‌وانه‌شی ده‌مامکیان نیه، ئه‌کته‌ره‌کانی ماکیاژێکی ورد‌و تایبه‌ت ده‌که‌ن بۆ هه‌ر کاره‌کته‌رێک. ئه‌مانه هه‌موو به‌شێکن له تێکستی نمایش، واته ده‌ق له‌م شانۆیانه‌دا گرنگتره وه‌ک له شانۆی شێوه کلاسیکیداو پهیڕهویکردنیشی سه‌ختتره.
شانۆی سوننه‌تی بێ شانۆنامه له ڕۆژئاوا
له ڕۆژئاوا، شانۆی کۆمێدیا دێل ئارتێ ده‌قی نوسراوی نیه، به پێچه‌وانه‌ی شانۆ ڕۆژهه‌ڵاتیه‌کانه‌وه، ئه‌کته‌ره‌کانی کۆمێدیا دیل ئارتێ له جوڵه‌و دیالۆگدا ته‌واو ئازادن، ته‌نانه‌ت هیچ ڕۆژێکی نمایش له ڕۆژی پێشوو یان دواتر ناچێت. ئه‌ویش وه‌ک شانۆی ڕۆژهه‌ڵات، کاره‌کته‌ره‌کانی ناسراون، واته ئه‌کته‌ر له بنجوبناوانه‌وه کاره‌کته‌ره‌که‌ی خۆی دروست ناکات، به‌ڵکو کاره‌کته‌ره‌که چه‌ند سه‌ده‌یه‌ک پێشتر دروسکراوه، هه‌ر ئه‌کته‌ره‌ش تایبه‌تمه‌ندی له یه‌کێک له کاره‌کته‌ره‌کاندا وه‌رده‌گرێ. کاره‌کته‌ره‌کان هه‌ریه‌ک ته‌مه‌ن و سروشت و شێوه‌ی دوان و شێوه‌ی جوڵانی دیاریکراویان هه‌یه، بۆ نمونه: ئهرلوکینۆ هه‌رزه‌کارێکی شێتۆکه‌ی وریایه، پانته‌لۆنێ پیره‌مێردێکی پاره‌په‌رسته، ماتامۆر کابرایه‌کی فشه‌که‌رو ترسنۆکه…هتد. ئه‌م شانۆیه به کۆمه‌ڵێک چیرۆک و یاری کار ده‌کات پێیان ده‌ڵێن (کانڤا). کانڤا بارودۆخێکه کاره‌کته‌ری تێده‌که‌وێ، بۆ نمونه، ئهرلۆکینۆ برسیه‌تی، له برسا هێنده‌ی نه‌ماوه بمرێ، له پڕ مێشێکی قه‌ڵه‌وی لێ په‌یدا ده‌بێ، هه‌وڵی گرتنی ده‌دا بۆ ئه‌وه‌ی بیخوات. یان پانته‌لۆنێ به‌سه‌ر سندوقه پاره‌که‌یه‌وه نوستووه، ئهرلوکینۆش ئه‌یه‌وێ پاره‌ی لێ بدزێ بێ ئه‌وه‌ی خه‌به‌ری بکاته‌وه…هتد. به ڕاهێنان و ئه‌نجامدان ئه‌کته‌ر فێری ئه‌م کانڤایانه ده‌بێ. هه‌تا ئه‌کته‌ر نواندن و ڕاهێنانی زۆرتربێ کانڤای زۆرتر ده‌زانێ. کانڤاکان هه‌ندێکیان ئه‌کته‌ر له مامۆستاکانیه‌وه فێر ده‌بێ، دواتر به سه‌رنجدانی ژیانی خه‌ڵکی کانڤا بۆ خۆی داده‌هێنێ، هه‌ندێ جاریش له چێرۆکهکاندا کانڤا ده‌رده‌هێنێ.
کاری زۆرینه‌ی ئه‌کته‌ره کۆمێدیه گه‌وره‌کانی وه‌ک بۆسته‌ر کهیتۆن، چارلی چاپلین، مارکس بره‌زه‌رس، وه کارتۆنه‌کانی واڵت دیزنێ، سه‌رچاوه‌که‌ی ئه‌م شێوه کاره‌ی کۆمێدیا دیل ئارتێیه. له ڕۆژهه‌لاتیش زوربه‌ی ئه‌کته‌ره‌کانی بۆڵیوود به شێوه‌شانۆی هیندی په‌روه‌رده‌کراون، وه‌ک له چین ئه‌کته‌ره‌کانی له ئۆپێرای پکینهوه هاتون، وه له ژاپۆنیش ئه‌کته‌ره‌کانی میسوگۆچی و کیرۆساواو میسومی له‌و شانۆیانه فێری نواندن بوون.
مه‌به‌ستیش له زانین له‌م شانۆیانه‌دا، وه‌ک له شانۆدا به گشتی، زانینی ئه‌نجامدانه نه‌ک زانینی تیۆری و ته‌نها به سه‌ر شته‌کان بزانی. واته ئه‌کته‌ر ته‌نها له‌و کاته‌دا ده‌ڵێ شتێک ده‌زانم، که ده‌توانێ ئه‌و شته ئه‌نجام بدا. ئه‌و شته‌ی به تیۆری ده‌یزانێ ئه‌وه زانیاریه زانین نیه، له‌سه‌ر شانۆش ئه‌وه‌ی بێسوده زانیاریه.
شانۆی داهێنان (خۆکرد)
نمایش له شانۆنهی داهێناندا (کریه‌یشن)، هه‌روه‌ک له شانۆی ئازاد‌دا، له‌سه‌ر بنه‌مای کاری خۆکرده، واته ئه‌کته‌رو ده‌رهێنه‌ر خۆیان نمایش دروست ده‌که‌ن. ئه‌کته‌ر به‌هۆی نواندنی ئازاده‌وه، ده‌رهێنه‌ریش به‌هۆی کارکردنی سهربهخۆو ڕاسته‌وخۆ له هۆڵه‌که‌دا. ئه‌م شانۆیه له‌وه‌دا ته‌واو جیاوازه له نمایشی ئازاد، که شته‌کان په‌یتا په‌یتا جێگیر ده‌کرێن، تا ده‌گاته شێوه‌ی کۆتایی نمایش. ئیتر ئه‌کته‌ره‌کان وه‌ک هه‌ر نمایشێکی تر، به پرۆڤه‌کردن دووباره‌و چه‌ندباره‌ی ده‌که‌نه‌وه تا شوێنی گۆڕانکاری تێدا نامێنێت و ته‌واو له‌به‌ری ده‌که‌ن. واته جوڵه‌و دیالۆگ و مۆنۆلۆگ و جلوبه‌رگ و هه‌موو پێکهاته‌کانی تریش که به درێژایی ماوه‌ی داهێنان ئاماده‌کراون جێگیر ده‌کرێن، وه‌ک چۆن سه‌مفۆنیایه‌ک نۆته‌یه‌ک تێیدا جێبه‌جێ ناکرێت، به‌و شێوه‌یه پێشکه‌شی ده‌که‌ن.
پێش داهێنان
سه‌ره‌تا ده‌رهێنه‌ر بیرۆکه‌یه‌ک یان وێنه‌یه‌کی ته‌مومژاوی پێیه، ئه‌م وێنه‌یه ده‌بێته بنه‌مای دروسکردنی نمایشه‌که. ئه‌کته‌رو ده‌رهێنه‌رو دیکۆریست و جلوبه‌رگ و هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌شداری کاره‌که‌ن، هه‌وڵ ده‌ده‌ن زۆرترین زانیاری و چیرۆک و بیره‌وه‌ری له‌سه‌ر ئه‌و بیرۆکه‌یه کۆبکه‌نه‌وه، واته گه‌نجینه‌یه‌کی زانیاری بۆ کارکردن دروست ئه‌که‌ن. ئه‌م گه‌نجینه‌یه وه‌ک ژووری سوته‌مه‌نی وایه، هه‌رجار ئه‌کته‌ره‌کان وێنه و بیرۆکه‌کانیان ڕوو له کزی بوو، ده‌چن له‌وێ خۆیان بارگاوی ده‌که‌نه‌وه. ئه‌مه‌ش سودی ئه‌وه‌ی هه‌یه ئه‌کته‌ره‌کان دیمه‌نه‌کانیان جیاوازبن و هه‌ر یه‌ک پانتاییه‌کی فراوانی کارکردنی له‌به‌رده‌مدا بێت. چونکه ئه‌گه‌ر ئه‌و گه‌نجینه‌یه، ئه‌و زانیاریه زۆره له‌سه‌ر بیرۆکه‌ی نمایشه‌که نه‌بێ، ئه‌کته‌ره‌کان زوو بێزار ده‌بن و هه‌ست ئه‌که‌ن تازه‌کاری ڕونادات و شته‌کان تا دێ به‌ره‌و هه‌ژاربوون ده‌ڕۆن، له جێی ئه‌وه‌ی ڕۆژبه‌ڕۆژ کاره‌که دهوڵهمهندتربێ. بۆیه ده‌رهێنه‌ر چه‌نده پێویستی به زانیاریه له‌سه‌ر بیرۆکه‌که‌ی خۆی، به‌هه‌مان شێوه‌ش ئه‌کته‌ره‌کان ده‌بێ خۆیان ڕۆشنبیرکهن له‌سه‌ری. به شێوه‌یه‌ک، ئه‌م بیرۆکه‌یه ته‌واو ببێته موڵکی هه‌موو ئه‌ندامه‌کان، نه‌ک ته‌نها ده‌رهێنه‌ر. ڕۆژانه ئه‌کته‌ره‌کان به نواندنی ئازاد (ئیمپرۆڤیزایشن)، کۆمه‌ڵێک دیمه‌ن پێشکه‌ش ده‌که‌ن، ئه‌م دیمه‌نانه په‌یوه‌ندیان به بیرۆکه سه‌ره‌تاییه‌که‌وه هه‌یه. کاری ده‌رهێنه‌ریش ئاراسته‌کردنی پڕۆڤهکهیه به‌ره‌و ئه‌وه‌ی ببێته نمایشێکی گرێدراوو یه‌کپارچه.
کاری ده‌رهێنه‌ر
ده‌رهێنه‌ر له شانۆی داهێناندا ڕۆڵی سه‌رۆک ئۆرکسترایه‌ک ده‌بینێ که له ڕێی شوڵکهکهیهوه سه‌رپه‌رشتی و ڕێبه‌ری مۆزیکژه‌نه‌کان ده‌کات. به جیاوازی ئه‌وه‌ی که ئه‌ویش وه‌ک ئه‌کته‌ره‌کان له سه‌ره‌تاوه نمایشه‌که ناناسێت و نه‌یدیوه، بۆیه وه‌ک ئه‌وان له داهێناندایه و له ئاڵوگۆڕێکی به‌رده‌وامدایه له‌گه‌ڵیاندا. ڕاسته سه‌رۆک ئۆرکێسترا ده‌فته‌ری نۆته‌که‌ی ده‌ناسێت، بگره لهبهریشیهتی، به‌ڵام ده‌رهێنه‌ر له‌وه‌دا کاره‌که‌ی له‌و ده‌چێت که ڕیتمی نمایشه‌که‌و درێژوکورتی دیمه‌نه‌کان و هێڵی چنینی بینراوه‌که ڕێک ده‌خات. ناهێڵێ کارکردنی ئه‌کته‌ره‌کان، هه‌ندێ جار چه‌نده بێ سودیش بێ، بفه‌وتێت و ئه‌کته‌ر هه‌ست بکات گوێی لێ ناگیرێت و زیره‌کانه ته‌ماشا ناکرێت و ته‌نها ئامانجی ده‌رهێنه‌ر سه‌پاندنی ڕوانگه تایبه‌تیه‌که‌ی خۆیه‌تی. چونکه ئه‌و ڕێگایه‌ی نمایشی پێدا ده‌ڕوات، جارێ ئه‌کته‌ر نه‌خشه‌ی کێشاوه‌و جارێ ده‌رهێنه‌ر. بۆیه ڕه‌وتی به‌ره‌و پێش چوون له‌م کاره‌دا وه‌ک سه‌رکه‌وتنه به‌سه‌ر په‌یژه‌یه‌کدا، ده‌رهێنه‌ر به سه‌رنجه‌کانی پله‌یه‌ک ده‌ڕوات و ئه‌کته‌ر به نواندن پله‌یه‌ک، هیچیان زۆر پێشی ئه‌ویتر ناکه‌وێت و هیچیان ئه‌ویتر بۆ ماوه‌یه‌کی زۆر جێ ناهێڵێ به ته‌نیا له پێشه‌وه ڕێ بکات. ئه‌م جۆره کارکردنه پێویستی به په‌یوه‌ندیه‌کی زۆر به‌هێز هه‌یه به تایبه‌ت له نێوان ئه‌کته‌رو ده‌رهێنه‌ردا، ده‌بێ بۆ له یه‌ک گه‌یشتن پێویست به قسه‌کردن نه‌بێ. به‌تایبه‌ت له کاتی پڕۆڤه‌دا، ئه‌کته‌ر نواندن ده‌کات و ده‌رهێنه‌ر ده‌دوێ.
نواندن له شانۆی داهێناندا
ئه‌کته‌ر له‌م شانۆیه‌دا ئه‌بێ وه‌ک ئه‌کته‌ری نواندنی ئازاد بتوانێ بێ ئاماده‌کردن نواندن بکات، له هه‌مان کاتدا وه‌ک ئه‌کته‌ری شانۆی تێکست یان کلاسیک، بتوانێ شته‌کان دوباره بکاته‌وه، چونکه کارکردنی ئه‌م شانۆیه به هه‌ردوو قۆناغه‌که‌دا ده‌ڕوات. له قۆناغی یه‌که‌مدا هیچ شتێک ئاماده‌و زانراو نیه، ئه‌کته‌ر چ له دروسکردنی دیمه‌ندا، چ له چیرۆکدا، چ له جلوبه‌رگ و ماکیاژ..هتد، ده‌بێ داهێنان بکات و هه‌موو جار به‌ره‌و نادیار بڕوات. له قۆناغی دووه‌مدا، ده‌بێ ئه‌کته‌ر بتوانێ هه‌موو ئه‌و دیمه‌نانه‌ی یه‌که‌مجار دایهێناون و دوایی ده‌رهێنه‌ر جێگیری کردوون، به هه‌موو پێکهاته‌کانه‌وه، دیالۆگ، جلوبه‌رگ، مۆنۆلۆگ…هتد، ئه‌مانه وه‌ک جاری یه‌که‌م و بێ ده‌سکاری دوباره‌و چه‌ندباره بکاته‌وه.
نمونه‌ی به ناوبانگترین ئه‌و ده‌رهێنه‌رانه‌ی به‌م شێوه‌یه کار ده‌که‌ن ئاریان منوشکین، ئه‌ناتۆلی ڤاسیلیێڤ. به‌ڵام شێوازی کارکردن و سه‌رچاوه‌ی شانۆکه‌یان هێنده‌ی ئاو‌و ئاگر له یه‌که‌وه دوورن.
ئه‌ناتۆلی ڤاسیلیێڤ
قوتابی (ماریا کنێبل)ه له قوتابخانه‌ی هونه‌ری مۆسکۆ شانۆی خوێندووه. سه‌رچاوه‌ی کارکردنی مێتۆدی (ڕاڤه‌ی کردار) یاخود (شیکاری کردار)ی ستانسڵاڤسکییه. ئه‌م مێتۆده ستانسڵاڤسکی له کۆتاییه‌کانی ژیانیدا دایهێنا. به‌پێی ئه‌م مێتۆده، ئه‌کته‌ر به نواندنی ئازاد ده‌گاته تێکستی نوسه‌ر، که‌واته له کۆتاییدا نمایش له‌سه‌ر تێکستی نوسه‌رێک ده‌کرێ، به‌ڵام قۆناغی یه‌که‌م ئه‌کته‌ره‌کان ته‌نها کار به مانای دیمه‌نه‌کان ده‌که‌ن، تێکست له‌به‌ر ناکه‌ن. که له ڕێی نواندنی ئازاده‌وه گه‌یشتنه شیکردنه‌وه‌ی ته‌واوی کرداره‌کان له تێکسته‌که‌دا، ئینجا شانۆگه‌ریه‌که جێگیر ده‌که‌ن.
ئاریان منوشکین
ئاریان منوشکین قوتابی (ژاک لکۆک)ه، شێوازی کارکردنی لکۆک، کۆمێدیا دێل ئارتێیه، وه‌ک ده‌رهێنه‌ری گه‌وره‌ی ئیتالی (شترێلهر). بۆیه ئاریان منوشکین له‌و شانۆگه‌ریانه‌دا تێکستی نیه به شێوازێکی زۆر نزیک له کۆمێدیا دێل ئارتێوه کار ده‌کات. ئه‌مه‌ش ته‌واو پێچه‌وانه‌ی مێتۆدی ستانسڵاڤسکیه. ئه‌کته‌ر له سفره‌وه هه‌موو شتێک داده‌هێنێ و له کۆتاییدا تێکستی خۆیه‌تی جێگیر ده‌کرێ بۆ نمایش. ئاریان منوشکین له هه‌موو شانۆگه‌ریه‌کاندا به‌م شێوه‌یه کار ناکات، ته‌نها له‌وانه‌دا که تێکستی نوسراوی نیه.
شانۆی نواندنی ئازاد
ئه‌م شانۆیه شانۆی ئه‌کته‌ره و ده‌رهێنه‌رو نوسه‌ری نیه. ئه‌کته‌ر له هه‌مان کاتدا نوسه‌ریشه‌و ده‌رهێنه‌ریشه. نمایشه‌که‌ش به به‌رچاوی بینه‌ره‌وه دروست ده‌بێ، بگره زۆرجار ئه‌کته‌ره‌کان داوا له بینه‌ر ده‌که‌ن بابه‌تێک هه‌ڵبژێرن، یا ته‌نها کۆمه‌ڵێک وشه بڵێن، ئیتر ئه‌مان له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و وشانه نمایشێک پێشکه‌ش ده‌که‌ن.
وتراوه که شێوه‌ی نواندنی ئازاد (ئیمپرۆڤیزایشنی ئازاد)، به تایبه‌ت له شانۆی نواندنی ئازاد‌دا، زۆر له نواندنی تێکست و کلاسیک گرانتره. چونکه ئه‌کته‌ر ده‌بێت ساڵانێکی زۆر کاری کردبێت و خۆی ڕاهێنابێت که بتوانێ له کاتی نواندندا سات له دوای سات نمایشێکی شانۆیی گرێ‌دراو به هه‌موو پێکهاته‌کانیه‌وه به‌رهه‌مبێنێ. ئه‌بێ ده‌ربڕینی ڕهوانبێ و زۆر ده‌وڵه‌مه‌ندبێ. هه‌ر له زمانی ئه‌ده‌بی و زانستیه‌وه تا زمانی خه‌ڵکی ساده و زمانی بازاڕی بزانێ. بتوانێ به شێوه ئاخاوتن و دیالێکتی جیاواز بدوێ. ته‌نانه‌ت که لاسایی زمانێک ده‌کاته‌وه نایزانێ، ئه‌بێ وا هه‌ست بکه‌ین زمانی دایکیه‌تی . وه له‌شێکی وا وه‌رزشی و ڕاهێنراوی هه‌بێ بۆ هیچ جوڵه‌یه‌ک دانه‌مێنێ، له چرکه ساتێکدا ببێ به دره‌خت، به ڕه‌شه‌با، به مناڵێکی شیره‌خۆره، دواتر به پیره‌ژنێک، دواتر به جه‌نگاوه‌رێک، به ڕه‌نگێک، کرمێک، فریشته‌یه‌ک…هتد. به گشتی ئه‌کته‌ری شانۆی کراوه ئه‌کته‌رێکی نوسه‌ره، به جه‌سته‌ی خۆی شانۆگه‌ریه‌که ده‌نوسێ، له هه‌مان کاتیش‌دا ده‌رهێنه‌ره. بۆیه نواندنی خۆکردو نواندن له شانۆی بێ تێکستی نوسراو ئه‌کته‌رێکی ده‌وێ به هه‌موو مانایه‌ک هونه‌رمه‌ندو شانۆکاربێ، واته له هه‌موو پێکهاته‌کانی شانۆدا شاره‌زاییه‌کی مه‌یدانی هه‌بێ. به‌شی سێهه‌م ته‌واو. دریژه‌ی هه‌یه..