Skip to Content

Tuesday, October 15th, 2024
ڕاوكردنى سۆزانیەكان…. عەزیز ڕەئووف

ڕاوكردنى سۆزانیەكان…. عەزیز ڕەئووف

Closed

.. سیگمۆن فرۆید(هەموو شارستانیەك لەسەر كارى زۆرەملىَ و نكۆڵیكردن لە غەریزەكان دادەمەزرێت)

                    
 گەڕان بەدواى سوزانیەكاندا لە شارى سلێمانى و دەستگیركردنیان لەلایەن هێزەكانى ئاسایشەوەو ناردنەوەیان بۆ باشور و ناوەڕاستى عیراق هەڵگرى لەسەروەستان تێڕامانە. زیادكردنى ئافرەتى لەشفرۆش لەدواى پرۆسەى ئازادى عیراقەوە بەشێوەیەكى فراوان تەشەنەى سەندووە. ئەمەش بەر لە هەر شت پەیوەندى بە دابەشبوونى چینەكانى كۆمەڵگەوە هەیە بەسەر هەژار و دەوڵەمەنددا، بەمەش زۆرێك لەو مێینانەى كە خاوەنى سەرمایەیەك نین كە پێى بژین، ڕەنگە ئاسانترین كارێك كە دەستى بدەنێ و هیچیشیان لىَ كەم نەكاتەوە مەسەلەى كارى سێكسیە بەرامبەر بە بڕێك پارە تا خۆیان و خانەوادەكەیانى پێ بژێنن.
 ڕووكردنە هەرێمى كوردستان بە لێشاو لەلایەن ئافرەتە لەشفرۆشەكانەوە بەر لە هەر شت وەئاگامان دەهێنێتەوە لە نەخۆشى كۆمەڵگەى كوردى و سەپرێس كردنى ئازادیەكانى گەنجان. من پێم وایە كۆمەڵگەى كوردى خۆى هەڵگرى كۆمەڵێك نەخۆشى دەروونی و كۆمەڵایەتی و جەستەییە.
 لە هەر كۆمەڵگەیەك گەر دیاردەى لەشفرۆشى تەشەنەى سەند، دەبێت بە كۆى ستراكچەرى سیاسى و كۆمەڵایەتى و ئابوورى ئەو كۆمەڵگەیەدا بچینەوە. سانا نیە ئافرەتێك لە كۆمەڵگەیەكى خێڵەكى و دینى وەك كۆمەڵگەى عیراق و كوردستان پەنا بۆ كارى لەشفرۆشى ببات گەر پاڵنەرێكى گەورە لە پشت ئەم بڕیارەوە نەبێت، كە ئەم پاڵنەرەش بێشك پاڵنەرى ئابوورى و ئەو فەزا نایەكسانیەیە كە لە دواى پرۆسەى ئازادى عیراقەوە لەم كۆمەڵگەیەدا وەك ڕۆژى ڕوون هەست پێدەكرێت.
 بەرپرسانى ئەم دەڤەرە ترسیان هەیە لەوەى كە ئەم ئافرەتە لەشفرۆشانە نەخۆشى ئایدز لە دەڤەرەكەماندا بڵاو دەكەنەوە، كە ئەمەش تەواو دروستە، بەڵام خۆ نەخۆشى كولێرا پەیوەندى بە ئافرەتە سۆزانیەكانەوە نیە، بەڵكو هەموومان دەزانین پەیوەندى بە نەخۆشى حكومەت خۆیەوە هەیە كە لە ماوەى هەڤدەساڵ دەسەڵات كەچى ناتوانىَ ئاوى پاك بۆ شارەكانى دابین بكات و لە نەخۆشى كولێرا دوورمان بخاتەوە.
 بازاڕى گەرمى ئافرەتە سوزانیەكان لە شارى سلێمانى وەئاگام دەهێنێتەوە لەوەى كە نەوەكانى ئەم دەڤەرە دەیانەوێت بە شێوەیەكى تر ئارەزووەكانى خۆیان دامرێننەوە. ئەوان باش دەزانن كە دەسەڵات لەم هەرێمە ناتوانىَ شوقە و پێداویستى ژیانیان بۆ دابین بكات، دەرئەنجام گەنجان ناتوانن زەواج بكەن، ئیدى بەهۆى تەقلیدى كۆمەڵگەى كوردى و سەپرێسكردنى ئازادیە تاكەكەسیەكان لەم دەڤەرە ، هیچ ڕێگەیەكى تر نیە بۆ دامركانەوەى ئارەزووە جەستەییەكان جگە لە جوتبوون لەگەڵ سوزانیەكاندا بۆ كاتێكى زۆر كەم.
 پشتكردنە زەواج و ڕووكردنە باوەشى سوزانیەكان بۆ كاتێكى زۆر كەم، بێشك سترەكچەرى كۆمەڵگەى كوردى دەگۆڕێت. ئیدى گەنجان وەك نەوەكانى پێشو بۆ دامركانەوەى ئارەزووە سێكسیەكانیان پەنا بۆ زەواج نابەن، ئەمەش دەستى دەبێت لە دەسكاریكردنى جۆرێك لە نۆرم و پایەى كۆمەڵایەتى بەجیاواز لە نەوەكانى پێشو بۆ گەیشتى نێرینەكان بە ڕەگەزى مێینە و دامركانەوەى ئارەزووە سێكسیەكانیان.
 نەوەى دواى ڕاپەڕین بەدبەختترین نەوەى كوردین بەوەى كە بە چاوى خۆیان ڕەفاهیەت و ژیانى خۆشى نەوەیەك دەبینن، بە چاوى خۆیان ڤێلا و كۆشكى بەرپرسەكان دەبنن، كە مەگەر خوا بزانێت لەودیو دیوارى كۆشكى بەرپرسەكانەوە چى دەگوزەرێت، كەچى چانسى ئەوەیان نیە ژوورێك شك بەرن و لەگەڵ مەعشوقەكانیاندا زەواج بكەن.
 گەنجى كورد گەر خاوەنى شوقە و ژوورى تاكەكەسى خۆیان بن و بە ئازادى مومارەسەى ژیان بكەن، هەرگیز پەنا نابەنە ئوتێلەكانى شار بۆ گەیشتن بە جەستەى ئافرەتە سوزانیەكان. ئاسایشى سلێمانى پێش ئەوەى ڕاوى ئافرەتە سوزانیەكان بكات، دەبێت ئیعتراف بكات بەوەى كە گەر فەزایەك هەبێت بۆ ئەوەى گەنجان بەشێوەیەكى تەندوست دەستیان بگاتە ژنان دەبێت واز لە بنادنانى شارى ئەڵمانى و شوقەى گرانبەها بێنێت و سەرگەرمى بنادنانى شوقەى هەرزانبەها بێت بۆ گەنجەكان، تاكو بتوانن زەواج بكەن و پشت لە گەڕان بكەن بەدواى ئافرەتى سوزانیدا.
 دەسەڵات لاى ئێمە بەر لەوەى لە نەخۆشى ئایدز بدرسێت، دەبێـت لە نەخۆشى گەندەڵى و مەحسوبیەت و بێدەنگى شەقامى كوردى و دۆڕانە گەورەكانى كایەى سیاسى بترسێت. كە بێشك نەخۆشى گەندەڵى و فەسادى ئیدارى و گوێنەگرتن لە خەڵك هیچ خراپتر نیە لە نەخۆشى ئایدز.
 ئاسایشى كوردى پێش ئەوەى لە ئافرەتە سوزانیەكان بترسێت، دەبێت لە بڵاوبوونەوەى نەخۆشى لە نێو گەنجەكاندا بترسێت. نەخۆشیەكانى لەمەڕ نەبوونى ئازادى و چانسى كار و شوێنى نیشتەجێبوون. دەسەڵاتى كوردى خاوەنى هیچ چانسێك نیە بۆ ڕەوانەوەى نەخۆشیەكانى نەوەكانى دواى ڕاپەڕین.
 دەسەڵات پێش ئەوەى ترسى هەبێت لە بڵاوبوونەوەى نەخۆشى لەلایەن ئافرەتە سوزانیەكانەوە، دەبێت ترسى لە نەخۆشیەكەى خودى خۆى هەبێت،كە بێشك لە ئایدز ترسناكترە.
 azizrauf2003@yahoo.com
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.