Skip to Content

Wednesday, September 11th, 2024
تیرۆركردنی دادوه‌ر نه‌جم تاڵه‌بانیو ره‌خنه‌یه‌ك له‌ راگه‌یاندنی كوردی

تیرۆركردنی دادوه‌ر نه‌جم تاڵه‌بانیو ره‌خنه‌یه‌ك له‌ راگه‌یاندنی كوردی

Closed
by October 31, 2010 گشتی

 
چل رۆژ به‌ر له‌ ئێستا دادوه‌ر نه‌جم تاڵه‌بانی ئه‌ندامی دادگای ته‌میزو ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ریو ئه‌ندامی لیژنه‌ی یاسایی ده‌سته‌ی ریشه‌كێشكردنی به‌عس له‌ لایه‌ن تیرۆرستانه‌وه‌ له‌ گه‌ڕه‌كی عه‌تیفیه‌ی شاری  به‌غداد له‌ ته‌مه‌نی 64 ساڵیدا له‌ ڕێگه‌ی به‌كارهێنانی ده‌مانچه‌ی بێده‌نگه‌وه‌ تیرۆركرا. به‌مه‌ش كوردو كه‌ركوك رۆڵه‌یه‌كی به‌ ئه‌زمون و دادوه‌رێكی دڵسۆزو كوردپه‌روه‌ریان له‌ ده‌ستدا.
هه‌ر چه‌نده‌ ئه‌ندامی هیچ حیزبێكی سیاسی نه‌بو، به‌ڵام له‌ هه‌ر پۆستێك بوبێت و له‌ هه‌ر كوێ‌ خزمه‌تی كردبێت جگه‌ له‌وه‌ی دادوه‌رێكی سه‌رڕاستو بوێرو جێگه‌ی رێزی خه‌ڵكی بو، ئه‌وا ئه‌وه‌نده‌ی بۆشی كرابێت خزمه‌تی نه‌ته‌وه‌كه‌ی  كردوه‌و هه‌میشه‌  كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌ی به‌ هی خۆی زانیوه‌.
كاتێك له‌ ساڵانی نه‌وه‌ده‌كاندا له‌ شاری خورماتو دادوه‌ربو له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و ناوچه‌یه‌ به‌شێكی زۆر له‌ كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوه‌كانی تێدا نیشته‌جێیبو، هه‌وڵی زۆری دابو له‌ روی یاسایه‌وه‌ كێشه‌و گرفته‌كانی خه‌ڵكی  كه‌سوكاری ئه‌نفال چاره‌سه‌ر بكات. ئه‌و كێشه‌ یاسایه‌ی له‌ ماوه‌ی رابردودا كه‌سوكارێكی ئه‌نفالكراوی گه‌رمیانی له‌ سه‌ر زیندانی كرا ئه‌و له‌وكاته‌دا ده‌یان نمونه‌ی له‌و جۆره‌ی ده‌چوه‌ به‌ر ده‌ستو بۆی چاره‌سه‌رده‌كردن، تاوه‌كو له‌ فه‌رمانگه‌كانی عێراقدا كاروباره‌كانیان بۆ رایبكرێت.
به‌ر له‌ چه‌ند ساڵێكیش كه‌ گوازرایه‌وه‌ بۆ به‌غدادو كرایه‌ ئه‌ندامی دادگای ته‌میز ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری، به‌ سه‌ر كه‌وتویی ئه‌م ئه‌ركه‌ی به‌رێوه‌ ده‌برد، ئه‌گه‌رچی  له‌ لایه‌ن خزمانو دۆستانیه‌وه‌ به‌رده‌وام پێیده‌وترا ژیانی تۆ له‌ به‌غداد له‌ مه‌ترسیدایه‌ یان خۆت بگوازه‌ره‌وه‌ یان ده‌ست له‌ كار بكێشه‌ره‌وه‌.
به‌ڵام ئه‌و ئه‌مه‌ی ره‌تده‌كرده‌وه‌و هه‌مو جار ده‌یوت ئه‌گه‌ر چی له‌ ئه‌مرۆدا كاركردن له‌ به‌غداد ململانێیه‌ له‌ گه‌ڵ مه‌رگدا، به‌ڵام بونی ئێمه‌ له‌و شوێنه‌دا بۆ خزمه‌تكردنی كورد گرنگه‌،چونكه‌ ئێمه‌ ده‌زانین به‌ غیابی كورد له‌و پۆستانه‌دا چۆن كاروباره‌كان به‌رێده‌كردێت و به‌ چی ئاراسته‌یه‌كدا ده‌برێت.
دادوه‌ر نه‌جم تاڵه‌بانی وه‌ك ئه‌ندامێكی  یاسایی ده‌سته‌ی ریشه‌كێشكردنی به‌عس كه‌ دواتر ناوه‌كه‌ی بوه‌ دادپه‌روه‌ریو یه‌كسانی رۆڵێكی به‌رچاوی هه‌بو له‌ ره‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌و باعسیانه‌ی كه‌ ده‌یاتنویست له‌ ڕێگه‌ی هه‌ ڵبژاردنه‌وه‌ بچنه‌ په‌رله‌مانو له‌وێوه‌وه‌ كار بۆ  هزره‌ شۆڤێنیه‌كانیان بكه‌ن.
دادوه‌ر نه‌جم تاڵه‌بانی زیاتر له‌ هه‌ر كه‌سێك هه‌ستی به‌  مه‌ترسی چونه‌ ئه‌و عه‌قڵێتانه‌ی كردبو بۆ ناو په‌رله‌مان چونكه‌ له‌ كاره‌ساتی ئه‌نفالدا حه‌فتاو سێ‌ كه‌سی بنه‌ماڵه‌كه‌ی به‌ ده‌ستی به‌عسیه‌كان بێسه‌رو شوێنكرابون.
بۆیه‌ لێنه‌گه‌را ئه‌وانه‌ی رۆژانێك له‌ داموده‌زگا جۆراوجۆرو داپڵۆسێنه‌ره‌كاندا كاریان كردوه‌و خه‌ڵكی عێراق و به‌ تایبه‌ت كوردیان ئازارده‌وه‌و چه‌وساندۆته‌وه‌و له‌ ناو بردوه‌ دوباره‌ ببنه‌وه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتدارو خاوه‌ن پۆستو پله‌ی ئیداری.
هه‌ڵوێستیكی دیكه‌ی دادوه‌ر نه‌جم تاڵه‌بانی كه‌ به‌ شانازیه‌وه‌ باس ده‌كرێت ئه‌وه‌یه‌  به‌ر له‌ ساڵی 2003كاتێك له‌ خورماتو یاخود شاری تكریت كاری دادوه‌ری كردوه‌ هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی ئیشوكاریان كه‌وتۆته‌ دادگاو خۆیان به‌ خزمی سه‌دام ناساندوه‌ ئه‌وا نه‌ك ئه‌مه‌ نه‌بوه‌ به‌ هۆی ئه‌وه‌ی كاره‌كانیان بۆ ئاسان بكات، به‌ڵكو له‌ ژوره‌كه‌ی خۆی ده‌ری كردونو وتوێتی دادوه‌ر ئه‌بێت ئه‌وه‌ندوه‌ بوێری هه‌بێت ملكه‌چی هیچ كه‌سێك نه‌بێتو كه‌سێتی به‌ هێزی دادوه‌ره‌ وا ده‌كات هیچ كه‌سێك نه‌توانێت ده‌ستبخاته‌ كاره‌كانیو و وایلێبكات كاری نایاسایی بكات.
هه‌روه‌ها له‌ ساڵانی هه‌شته‌كانیشدا كاتێك بریاری ئه‌وه‌ ده‌درێت بكرێت به‌ سه‌ر باز ره‌تیئه‌كاته‌وه‌و ده‌چێته‌ ناوچه‌ ئازادكراوه‌كان تاوه‌كو له‌ سه‌روبه‌ندی ئه‌نفالدا دوباره‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر كاره‌كه‌ی خۆیو ئه‌و  هه‌موو  ساڵ خزمه‌تكردنه‌ی له‌ سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی به‌عسدا نه‌بوه‌ هۆی ئه‌وه‌ی ته‌ناته‌ت یه‌ك واژۆش بۆ به‌عس بكات.
به‌ڵام زۆر به‌داخه‌وه‌ كاتێك  ئه‌م مرۆڤه‌ پاكو دڵسۆزو خه‌مخۆره‌ی كورد تیرۆرده‌كرێت ته‌نانه‌ت له‌ ڕاگه‌یاندنی كوردیدا نه‌ك هه‌ر گرنكی پێنادرێت به‌ڵكو وه‌ك هه‌ر روداو هه‌واڵێكی  ساده‌ش باس ناكرێت و جگه‌ له‌ یه‌ك دوو ته‌له‌فزیۆن كه‌ ئه‌ویش زۆر به‌ روكه‌شانه‌ ئاماژه‌یان به‌ تیرۆركردنه‌كه‌ی كرد ئیتر ئه‌وانی دی ئه‌وه‌یشیان نه‌كرد
له‌ كاتێكدا من بۆخۆم دوو كاتژمێر دوای تیرۆركردنه‌كه‌ی په‌یامنێری گه‌لی كوردستانم له‌ كه‌كوك له‌ روداوه‌كه‌ ئاگادار كرده‌وه‌و  ئێواره‌ی هه‌مان رۆژیش كه‌ ته‌رمه‌كه‌ی له‌ به‌غداوه‌ هێنرایه‌وه‌ كه‌ركوك “ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك و كه‌ناڵی ئاسمانی گه‌لی كوردستانو سپێده‌و كوردستانو په‌یامو كوردسات وكه‌ی ئێن ئێن”م ئاگادار كرده‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی روماڵی بكه‌ن، به‌ڵام جگه‌ له‌ كوردسات كه‌ وه‌ك هه‌واڵَێك بڵاوی كردبوه‌، ئیتر هه‌ر یه‌كه‌ له‌ كوردستان تیڤیو كه‌ناڵی سپێده‌و كوردساتیش ئه‌گه‌رچی ئاماده‌ی رێوڕه‌سمی ناشتنی ته‌رمه‌كه‌ی بون و وێنه‌یان گرتو زانیاری پێویستمان پێدان، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ بڵاویان نه‌كرده‌وه‌ هه‌ر یه‌ك له‌ كه‌ی ئێن ئێنو په‌یامو وگه‌لی كوردستانو كه‌ناڵی كه‌ركوكیش ئاماده‌ نه‌بون بێن ته‌ختیه‌یه‌ی بكه‌ن. “ته‌نها رۆژنامه‌ی كوردی كه‌ به‌ دواداچونێكی له‌ سه‌ر تیرۆركردنه‌كه‌ی كردوه‌ رۆژنامه‌ی روداو بو له‌ چه‌ند رۆژی رابردودا “
هه‌موو  ئه‌وانه‌ی ئه‌م دادوه‌ره‌یان ناسیبێت، ئه‌زانن كه‌چی مرۆڤێكی گه‌وره‌و به‌ نرخمان له‌ ده‌ستدا ،بۆیه‌  گله‌ییو ره‌خنه‌یه‌كی زۆر ئاراسته‌ی راگه‌یاندنی كوردی ده‌كه‌ین كه‌ له‌ تیرۆركردنی مرۆڤێكی ده‌گمه‌ندا زۆر خه‌مساردانه‌ مامه‌ڵه‌یانكرد.كه‌ تائێستاش من بۆ خۆم وه‌ك رۆژنامه‌نوسێك وه‌ڵامێكی دروستی ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی راگه‌یاندنه‌كانم لا نیه‌.
 به‌ڵام ئه‌توانم چه‌ند فاكته‌رێك له‌ خواره‌وه‌ بخه‌مه‌ روو كه‌ راموایه‌ وایانكرد راگه‌یاندنی كوردی به‌م شێوه‌یه‌ له‌ روداوی تیرۆركردنی دادوه‌رێكی ناسراوی كورد له‌ سه‌ر ئاستی عێراق بڕوانن.كه‌ ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌یه‌.
یه‌كه‌م:جێگه‌ی نیگه‌رانیه‌  كه‌ تا ئێستا راگه‌یاندنی بینراوی ئێمه‌ پاشكۆ یان چاولێگه‌ری راگه‌یاندنی عه‌ره‌بیه‌و ئه‌گه‌ر روداوێك له‌ راگه‌یاندنی عه‌ره‌بیدا گرنگی پێنه‌درا، ئیتر ئه‌وا ئه‌وانیش گرنگی پێناده‌ن،بۆ نمونه‌ چونكه‌ به‌رپرسی راگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی دادی عێراق هه‌واڵی تیرۆركردنی دادوه‌ر نه‌جم تاڵه‌بانی له‌ راگه‌یاندنه‌كان ده‌شارێته‌وه‌، به‌مه‌ش  جگه‌ له‌ یه‌ك دوو كه‌ناڵی ئاسمانی عه‌ره‌بی نه‌بێت ئیتر باس له‌ روداوی ئه‌م تیرۆركردنه‌ ناكرێت، ئه‌وا  راگه‌یاندنی بینراوی ئێمه‌ش گرنگی به‌م هه‌واڵه‌ ناده‌ن، به‌ڵام له‌ هه‌مان رۆژدا دادوه‌رێكی عه‌ره‌ب كه‌ له‌ شاری به‌غداد برینداركرا ئه‌بێته‌ جیگه‌ی بایه‌خی راگه‌یاندنی عه‌ره‌بی ئیتر  ته‌له‌فزیۆنه‌ كوردیه‌كانیش وه‌ك هه‌واڵێكی سه‌ره‌كی  له‌ چه‌ندین گه‌شتی هه‌واڵیاندا باسیان له‌ هه‌وڵی تیرۆركردنی ئه‌و دادوه‌ره‌ كرد.
 به‌ڵام ئاماده‌ نه‌بون باس له‌ تیرۆركردنی دادوه‌رێكی كورد بكه‌ن . زۆربه‌ی شریتی كه‌ناڵه‌ ئاسمانیه‌ كوردیه‌كان هه‌وڵی تیرۆركردنی سه‌رۆكی دادگای ته‌میزیان كردبو به‌ هه‌واڵ .
به‌ڵام ئاماده‌ نه‌بون به‌ یه‌ك وشه‌ش باس له‌ تیرۆركردنی ئه‌ندامێكی ئه‌و دادگایه‌ بكه‌ن كه‌ ئه‌گه‌ر تیرۆرنه‌كرایه‌ بڕیاربو چه‌ند رۆژێكی دیكه‌ بكرێت  به‌ جێگری سه‌رۆكی دادگای ته‌میز.
دووه‌م: دادوه‌ر نه‌جم تاڵه‌بانی كه‌سێكی بێلایه‌ن وسه‌ربه‌خۆ بو، بۆیه‌ كاتێكیش راگه‌یاندنه‌كانم له‌ روداوی تیرۆركردنه‌كه‌یو هێنانه‌وه‌ی روفاته‌كه‌ی بۆ كه‌ركوك  ئاگادار كرده‌وه‌ هیچ په‌رۆشیه‌كیان نه‌بو بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك حه‌دسێك مامه‌ڵه‌ی له‌ گه‌ڵدا بكه‌ن، دڵنیام ئه‌گه‌ر ئه‌ندامی یه‌كێك له‌ حیزبه‌كان بوایه‌ ئه‌وا چه‌ندین راپۆرتیان له‌ سه‌ر ئاماده‌ ده‌كرد.
سێیه‌م: كورد نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌ هه‌میشه‌ به‌ كه‌م سه‌یری خۆی ده‌كاتو كاتێك كه‌سێكیش له‌ پۆستێكی باڵای وڵاتدا له‌ ده‌ست  ئه‌دات وه‌ك روداوێكی دڵته‌زێن نایهه‌ژێنێتو زۆر به‌ ئاسایی وه‌ریده‌گرێت. له‌ كاتێكدا له‌ ناو گه‌ل ونه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌دا به‌م شێوه‌یه‌ له‌ مرۆڤه‌كانی خۆیان نارواننو كه‌سی خۆیان زۆر لا گه‌وره‌و به‌ به‌هایه‌.
چواره‌م: نه‌بونی كه‌ناڵێكی راگه‌یاندنێكی حكومیو نیشتمانی له‌ كوردستاندا كه‌ دوربێت له‌  هه‌موو ئایدۆلۆژیایه‌ك وله‌  مامه‌ڵه‌كردنیدا له‌ سه‌ر روداوه‌كان میزاجی حیزبیو كه‌سی رۆڵیان نه‌بێت له‌وه‌ی  كام روداو گه‌وره‌ بكرێتو كامه‌ش بچوك بكرێته‌وه‌.

 

هێمن كامیل
hemnkamil@gmail.com

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.