Skip to Content

Tuesday, October 15th, 2024
خه‌باتی کرێکارانی کوردستان له‌به‌ده‌ستهێنانی مافه‌کانیاندا

خه‌باتی کرێکارانی کوردستان له‌به‌ده‌ستهێنانی مافه‌کانیاندا

Closed
by November 4, 2010 گشتی

 

ئه‌مڕۆ ئابووری کورستان له‌چاو ساڵانی ڕابردوودا گۆڕانکاری زۆری به‌سه‌رداهاتووه‌، دابه‌شبوونی که‌رته‌کانی سه‌رمایه ‌له‌ڕوانگه‌ی گه‌شه‌کردن و سه‌نته‌رالیزم بوونی چینی سه‌رمایه‌داری و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و به‌سه‌ر بازاڕداله‌ لایه‌ک و هاوبه‌شی و هاوکاری سه‌رجه‌م کۆمپانیاکانی جیهانی سه‌رمایه‌داری له‌هه‌موو بواره‌کانی پیشه‌سازی و بازرگانی و ئابووریدا جێگاو نه‌خشێکی تری به‌چینی سه‌رمایه‌داری کوردستان به‌خشیوه‌. قه‌واره‌ی وه‌به‌رهێنان و تێکڕای هه‌نارده‌و هاورده‌ی به‌رهه‌مه‌کان و هێنانی ده‌ستی کاری کرێکارانی بیانی بۆ کوردستان، نیشانه‌ی بوژانه‌وه‌و پێشکه‌وتنی باری ئابووری سه‌رمایه‌داری یه‌.

له‌گه‌ڵ که‌ڵه‌که‌ی زیاتری سه‌رمایه‌شدا، هێشتا چینی کرێکار له‌ژێر باری چه‌وسانه‌وه‌ی زیاتری هه‌لومه‌رجی خراپی کار و کرێی که‌م و گرانیدا گوزه‌ران به‌سه‌رده‌به‌ن. له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌ کرێکاران بۆ پارێزگاری له‌به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیان پێویستیان به‌ڕێخراوبوون و ‌یه‌کگرتووی زیاتر هه‌یه ‌له‌پێناو به‌دیهێنانی یاسایه‌کی کاری شۆڕشگێڕانه‌دا، به‌وپێیه‌ی کرێکاران زۆرینه‌ی کۆمه‌ڵگه ‌پێکده‌هێنن، که‌واته ‌یاسای کاری پێشکه‌وتوانه‌ش له‌گره‌وی هاتنه‌مه‌یدان و نیشاندانی هێزی چینی کرێکاردایه‌.

کاتێ ڕێکخراو و سه‌ندیکا کرێکاریه‌کان یه‌کگرتوو به‌هێز و پته‌وبن، ئه‌وکات یاسای کاریش له‌به‌رژه‌وه‌ندی کرێکاران خۆی ده‌سه‌پینێ، وه ‌به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه ‌ئه‌گه‌ر چینی کرێکار په‌رته‌وازه ‌و به‌ش به‌ش بوون ئه‌وا بۆرژوازی به‌ئاسانی مل به‌داخوازیه ‌کرێکاریه‌کان نادات و یاسای کاری کرێکاری بۆ به‌دیهێنانی مافه‌کانیان  جێبه‌جێناکرێت.

 ده‌بێ کرێکارانی کوردستان خۆیان له‌خه‌یاڵاتی قه‌ومی و دینی ڕزگار بکه‌ن، چونکه ‌بۆرژوازی خۆیشی بڕوای به‌و خه‌یاڵاتانه‌نیه‌و وا‌بیرناکاته‌وه و ‌ته‌نیا ‌بۆ کۆیله‌کردن و زیاتر چه‌وسانه‌وه‌ی کرێکاران به‌کاریده‌هێنێ و سوودی ‌لێوه‌رده‌گرێ‌، ئه‌گینا  بۆرژوازی به‌کرده‌وه ‌سه‌لماندوویه‌تی ‌که ‌خۆشی ئه‌و خۆش باوه‌ڕیه‌ی نیه‌‌. گومانی تێدانیه ئه‌مڕۆ بیروباوه‌ڕی کۆنه‌په‌رستانه ‌جێگه‌ی ئاسۆی کۆمۆنیستی و سۆسیالیستی له‌زه‌ینی زۆربه‌ی کرێکاراندا داگیرکردووه‌. سه‌ندیکاو ڕێکخراوه ‌کرێکاریه ‌کارتۆنی و ده‌ستکردنه‌کانی حیزبه‌کانی بۆرژوازی کوردی ده‌نگ و خه‌باتی جه‌ماوه‌ری کرێکارانی کپ و خامۆشکردووه‌، ئه‌مه‌سه‌ره‌ڕای سه‌رکوتی هه‌ر ناڕه‌زایه‌تیه‌کی کرێکاری و جه‌ماوه‌ری به‌توندوترین شێوه‌.  

  ئاماده‌یی سیاسیانه‌ی چینی کرێکار به‌ڕووی ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوازیدا زامنی به‌دیهێنانی ئامانجه‌کانی چینی کرێکاره ‌له‌دادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی و یه‌کسانیدا. بۆرژوازی له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی چینه‌که‌یدا بوونی ناکۆکی چینایه‌تی و چه‌وسانه‌وه‌ی کرێکاران ڕه‌تده‌کاته‌وه‌. خه‌باتی کرێکاران بۆ یاسای کارێکی پێشکه‌وتوو پێویستی به تێکۆشان و ‌هه‌وڵدانی سه‌رجه‌م کرێکاران هه‌یه‌، پێویسته‌کرێکاران خۆیان ئه‌و ڕچه‌یه‌بشکێنن وه‌ڵام به‌چه‌وسانه‌وه‌و زوڵمی ئێستا و ڕابردوو بده‌نه‌وه‌.

   ده‌کرێت بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی کرێکاری له‌ڕێی ڕابه‌رایه‌تیه‌کی چالاکه‌وه ‌بێته‌مه‌یدان، به‌سوود وه‌رگرتن له‌ئه‌زموونی خه‌باتی کرێکاری ئاگایی و وشیاری چینانیه‌تی یه‌کگرتوانه‌ی ‌به‌رێته‌سه‌ر. ئیتر کاتی ئه‌وه‌هاتووه ‌کرێکارانی کوردستان ناو ونیشانێکی نوێیان هه‌بێت و هێز و تواناییه‌کان بخه‌نه‌گه‌ڕ تاکو بزووتنه‌وه‌که‌یان له‌گه‌شه‌و پێشکه‌وتندابێت. چونکه ‌بارودۆخی کرێکاران له‌سایه‌ی ئه‌م نه‌زمه‌ی کۆمه‌ڵگه به‌ڕێوه‌ده‌بات‌، چ له‌که‌رتی تایبه‌ت یان گشتیدا، کرێکارانی له‌بێمافی و ناهه‌مواری و ژیانێکی پڕ زه‌حمه‌تدا ڕاگرتووه‌، له‌ناچالاکی ئه‌م هێزه‌دایه ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوازی کوردی هێرش و په‌لاماره‌کانی بۆسه‌ر ئازادی گشتی و مافه‌کانی کرێکاران چڕکردۆته‌وه‌‌.

   ژێرخانی ئابووری کوردستان فشه‌ڵه‌و زیاتر له‌سه‌ر فرۆشتنی نه‌وت ڕاوه‌ستاوه‌جگه‌له‌وه ‌هه‌نارده‌یه‌کی تری نیه‌و به‌رهه‌مهێنانی ناوخۆشی زۆرکه‌مه‌و قازانجی نه‌وتیش ته‌نیا بۆ گیرفانی سه‌رمایه‌دارانی ده‌سه‌ڵاتداره‌. که‌لوپه‌ل و پێداویستیه ‌بنه‌ڕه‌تیه‌‌کانی خه‌ڵک هه‌ر له‌ده‌ره‌وه ‌هاورده ‌ده‌کرێت و له‌ڕووی کشتوکاڵ و پیشه‌سازیشه‌وه‌ ته‌وا ولاواز و دواکه‌وتووه‌. ئه‌مه‌ش ‌وایکردووه ‌کرێکاران ببنه‌قوربانی ده‌ستی سه‌رمایه‌داری و بێکاری و هه‌ژاریش ڕۆژ له‌دوایی ڕۆژ به‌ربڵاوتر ببێت.

  پاشه‌کشه‌ی کرێکاران له‌خه‌باتیاندا بۆ چنگه‌وتنی مافه‌کانیان کاریگه‌ری له‌سه‌ر دۆخی ئازادیه‌کانی تریش داناوه‌، هه‌رکات کرێکاران قورسایی و هێزو توانای یه‌کگرتوانه‌یان له‌کۆمه‌ڵگه‌دا هه‌بوو، ئه‌وا گشت توێژه ‌به‌شخوراوه‌کانی تریش ئازادییان به‌هێزی کرێکارانه‌وه ‌گرێده‌ده‌ن. ڕێژه‌ی کرێی کرێکاران له‌چاو ئاستی گوزه‌راندا زۆر که‌مه‌، کرێکارانی که‌رتی گشتی و تایبه‌تی به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ ژیانی سه‌رمایه‌داراندا له‌دۆخێکی ته‌واو هه‌ژاریدا گوزه‌ران به‌سه‌ر ده‌به‌ن، ئه‌مه‌سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ژنانی کرێکار له‌ژێر فشاری کاری ناوماڵ و ده‌ره‌وه‌دا ئازار ده‌چێژن.

  به‌ئاسانی چه‌وسانه‌وه‌ی کرێکاران هه‌ست پێده‌کرێ و ده‌نگی ناڕازی و بێزاریان ڕۆژانه ‌ده‌گاته ‌گوێمان، به‌ڵام په‌رت په‌رت بوونی هێزی ناڕه‌زایه‌تی و خۆ ڕێکنه‌خستن و نه‌بوونی ئامڕازێکی سه‌ربه‌خۆی کرێکاری دوور له‌ده‌ست تێوه‌ردانی حیزبه‌کانی ده‌سه‌ڵاتدار ئه‌وه‌نده‌ی تر ئه‌رکی کرێکارانی گران و سه‌ختکردووه‌. سه‌رمایه‌دارانی ده‌سه‌ڵاتدار ڕێگرن له‌وه‌ی کرێکاران ڕێکخراوێکی سه‌ربه‌خۆیان هه‌بێت و ئه‌وانه‌ش که‌به‌ناوی سه‌ندیکای کرێکارانه‌وه ‌هه‌ن‌، ته‌نیا خزمه‌ت به‌سیاسه‌ته‌کانی ده‌سه‌ڵات ده‌که‌ن.

ئه‌مڕۆ له‌کوردستاندا کرێکاران و کارمه‌ندانی که‌رته‌کانی گشتی به‌ده‌ست بێمافی و که‌می کرێوه ‌ده‌ناڵێنن. دامه‌زراندیان مۆر و پشتگیری حیزبه‌کانی ده‌وێت، ده‌بێت له‌پاڵ کاره‌کانیاندا هاوکاری حیزبه‌کانی ده‌سه‌ڵات بن ئه‌گینا له‌کاره‌کانیان دوور ده‌خرێنه‌وه ‌یان ناتوانن هیچ ئیمتیازات و لێپرسراویه‌ک به‌ده‌ست بێنن. له‌که‌رتی تایبه‌تیشدا کرێکاران له‌دۆخێکی ناله‌باردا ژیان به‌سه‌رده‌به‌ن و هیچ مافێکیان نی یه‌و به‌ئاره‌زووی سه‌رمایه‌داران داده‌نرێن و ده‌رده‌کرێن، کاری تاقه‌ت پڕوکێن وسه‌ختیان پێده‌کرێت، بێ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات خۆی به‌به‌رپرسیاری ئه‌و دۆخه‌بزانێت.

  له‌که‌رتی تایبه‌ت و گشتیدا به‌شێوه‌یه‌کی ترسناک کرێکاران له‌ژێرچه‌وسانه‌وه‌دان ‌و په‌یوه‌ندیه‌کانی کارکردن له‌م پڕۆسه‌ی دابه‌شکردن و به‌رهه‌مهێناندا توندتربوونه‌وه‌ی ململانێ چینایه‌تیه‌کانه‌‌، کرێکاران ڕۆژ له‌دوای ڕۆژ هه‌ژارتر ده‌بن و مافه‌کانیان که‌مترده‌بێته‌وه‌، له‌ولاشه‌وه‌سه‌رمایه‌داران باڵه‌خانه‌کانیان به‌رزتر و سامانه‌کانیان زیاتر ده‌بێت.

له‌م کێبڕکێه‌دا که‌رتی گشتی که ‌له‌لایه‌ن بازرگانانی ده‌سه‌ڵاتداره‌وه ‌ده‌برێته‌پێش و ده‌ستیان ‌به‌سه‌ر هه‌موو که‌ناڵه‌کانی بازرگانی ئاوه‌دانکردنه‌وه گرتووه ‌و کۆمپانیاکانیان خسۆته‌گه‌ڕ بۆ بردنی قازانجی زیاتر، کرێکارانیش مافه‌ئینسانی و مه‌ده‌نیه‌کانیان لێ زه‌وتکراوه‌.‌ ئه‌وه‌ی له‌هه‌مووی دیارتره ‌ئه‌و حیزبانه‌ی له‌په‌رله‌ماندا  به‌ناوی ‌ئۆپۆزسیۆنیشه‌وه به‌شدارن، ‌هیچ قسه‌یه‌کیان له‌بارودۆخی کرێکاران نیه‌و بگره ‌ئه‌مانه‌و دامو ده‌زگا ده‌وڵه‌تیان به‌رپرسیاری یه‌که‌من له‌م نادادپه‌روه‌ریه ‌چینایه‌تیه‌دا‌.

  ئیتر ئاشکرایه ‌بوونی ده‌سه‌ڵات ته‌نیا بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی بۆرژوازی کوردیه ‌و کرێکاران جگه ‌له‌کوێره‌وه‌ری زیاتر چاوه‌ڕوانی هیچ شتێکی تریان لێناکه‌ن. بۆیه‌ده‌بێ کرێکاران به‌یه‌کگرتوویی ڕیزه‌کانیان فشار بخه‌نه‌سه‌ر سه‌رمایه‌داران و یاساکانی کاری کرێکاری و داخوازیه ‌ڕه‌واکانیان له‌ڕێی خه‌باتی شارستانی و شۆڕشگێڕانه‌وه ‌به‌ده‌ستبێنن.     

 

‏02‏/11‏/2010

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.