به‌راتی مردن…. عومه‌ری حاجی ده‌ربه‌ندی
ده‌رگا ئاوریشمیه‌کانی چاوت بخه سه‌ر پشت
خونچه‌ی لێوت بکه‌ره‌وه
شه‌تڵه نیگایه‌کم
تامم له تامی برژانگه‌کانت خۆشتره
شاباڵه‌کانی بینینم لێ که‌وتووه
ده‌سته‌کانم به مناره‌ی هه‌ورێکه‌وه
له دوای دوعا به‌جێ ماوه
هاتووم….
له‌سه‌ر شا چڵی ناسکیت
هێلانه‌یه‌ك له په‌ڕی ماچ چێ بکه‌م
به مردوویش قبوڵــــــم که
با له تابووتی تهنهایتدا ڕاکشێم
ته‌نها دهسکێك له سێپهڕهی عه‌شق و
تهڵانێك ته‌مه‌نم مـــــــــاوه
به‌ڵك و پایز له وه‌رزه‌کانی دڵی تۆدا
له‌ودیوه‌وه په‌یڤه‌کانی هه‌ڵوه‌رین بخوێنێته‌وه‌و
ئه‌م فرمێسکه تهڕانهم
له‌سه‌ر تهلهزمه به‌رده‌کانی پێکه‌نین ههڵخات
هاتووم….
سێوی گوناهه‌کانت له چه‌می لێوما بشۆمه‌وه‌و
پاڵتۆی حهسهناتهکانم
ههڵکێشمه باڵێ بێ ده‌ست نوێژت
تا به پێی خۆت و
به گۆچانی باڵاڵوکی شیعره‌وه
بڕۆیته به‌هه‌شتی عه‌شق
ئه‌ی پیرۆزترین کڵێسا‌ی میهرو سه‌عاده‌ت
گواره‌ی زه‌نگه‌کانت بکه‌ره گوێم
با وه‌ك قهلهندهرێك
سه‌ر بکه‌م به دوا ماڵێ خه‌ونه‌کانما
به‌ڵك و له سوچێکی ڕۆحتا
مۆمێکی نیوه‌گیانم به پێوه بوه‌ستن و
کونه تاریکه‌کانی شمشاڵی به‌ختم
پڕبنهوه له نوور و ئاوازی گوڵ‌چنین
به‌ڵك وله نێو دڕکهزێی تۆڕهیتدا
کارژی ژانه ئهستورهکانم فڕێ ده‌م
ئیتر ئه‌مه
دوا لیمۆی ترسی تهنهایمه
ئه‌مه بنبۆڵێ ترێی ئێوارانی غوربهتیمه
ئه‌مه دوا مه‌ڵۆی قاچ بڕاوی ده‌می داسی زه‌مه‌نه
ئه‌مه دوا چرکه‌ی ئاوابوونی خۆره
له گوڵۆبهڕۆژهکانی هیوام
یان له وه‌ردی ته‌مه‌نتدا
بمکه باخێکی چڕ له خۆشه‌ویستی و
له شوڵی ده‌ستی عه‌زابه‌کانی ته‌نهایی
پهرژینێکم بۆ بکه
یان
له ده‌فته‌ری یادگاری دڵتا
وه‌ك په‌پووله
به‌سه‌ر لاشه‌ی ئه‌م به‌رواره‌دا پانم که‌ره‌وه
با له‌م به‌راتی مردنا
رۆحمت بده‌مێ و
له ته‌نیشت ئازارهکانتهوه
حهشــرکرێم
عومه‌ری حاجی ده‌ربه‌ندی
ئه‌ڵمانیا/نۆیس…10.1.2008