مه‌لا كرێكار ساحیرێك كه بڕوای به سیحر نییه!
له‌وه‌تی ناوی كرێكارم بیستووه، به ده‌ست خۆم نییه پێی سه‌رسامم، یه‌كه‌م كه‌ڕه‌ت ئه‌و ناوه‌م به‌ر گوێ كه‌وت، هه‌ڵه نه‌بم ساڵی 1993بوو، ئه‌و كاتی شه‌ڕی یه‌كه‌می نێوان بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی‌و یه‌كێتی نیشتمانی تازه هه‌ڵگیرسابوو، وه‌ختێك قه‌ڵا ڕه‌شه‌كه‌ی كه‌لار (باره‌گای ئه‌وسای بزوتنه‌وه‌و ئێستای ئاساییش)، دوای جه‌نگێكی چه‌ند ڕۆژه چۆڵكراو، چه‌كدارانی بزوتنه‌وه هه‌ندێكیان كوژران‌و هه‌ندێكیان ده‌ستگیركران‌و هه‌ندێكیشیان ڕایان‌كرد. خه‌ڵكی ڕه‌شۆك وه‌ك عاده‌تی هه‌میشه‌یی، په‌لاماری میراتی خه‌لیفه‌یان دا. خزمێكی منیش كه به ته‌مه‌ن چه‌ند ساڵێك له خۆم گه‌وره‌تر بوو، له‌و نێوه‌نده‌دا به‌شێك له‌و میراته‌ی ده‌سگیر ببوو، به‌شه میراتییه‌كه‌ی ئه‌م ته‌نیا كاسێتێكی ده‌نگی بوو، هێنایه‌وه ماڵه‌وه. ئه‌و كات نه سه‌ته‌لایت هه‌بوو نه مۆبایل، خه‌ڵكی خواخوایان بوو شتێكی تازه ببینن‌و ببیستن، ڕادیۆ و ڕیكۆرده‌ر(موسه‌ججه‌ل)یش هه‌میشه له زۆربه‌ی ماڵان‌دا له ئارادابوون. وه‌ختێك كاسێته‌كه‌ی هێنابووه‌وه، خزمان له ده‌وری كۆببوونه‌وه تا بزانن چییه؟ بڕوا ناكه‌م كه‌س چاوه‌ڕێ بووبێت گۆرانییه‌كی فه‌رید ئه‌تره‌ش یان عه‌لی مه‌ردان بووبێت! چون هه‌مووان ده‌یانزانی له ده‌نگی كه‌و بترازێت، (هه‌موو ده‌نگێكی به جۆش‌و خرۆش)، له لای بزوتنه‌وه‌ی ئه‌و كات حه‌رام بوو، چ جای گۆرانی . .!
مرۆڤ به سروشتی خۆی حه‌زی لێیه بزانێت ئه‌وه‌ی له به‌رده‌ستیدایه چییه؟ به مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی بزانن ئه‌و كاسێته چییه‌و باس له چی ده‌كات؟ هه‌موان له ده‌وری ته‌سجیله شڕێك كۆببوونه‌وه. . دیار بوو وشه‌كانی ئه‌و پیاوه‌ی له‌و كاسێته‌وه ئاڕاسته‌ی كۆڕی گوێ‌گران كرابوو سه‌رنجی هه‌مووانی به لای خۆیدا ڕاكێشابوو، بۆیه له ناو‌و ناونیشانیان پرسیبوو، داخۆ ئه‌م پیاوه قسه‌زانه كێ بێت‌و ئیشی چی بێت؟!
پێده‌چێت یه‌كێكی له‌وان هۆشیارتر له مه‌جلیسه‌كه‌دا بووبێت‌و پێی وتبن: ئه‌مه كرێكاره‌و ئه‌ندامێكی باڵای ناو بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامییه! من هه‌ر ئه‌وه‌نده ده‌زانم ناوی ئه‌و كرێكاره به كۆڵاندا بڵاوبووه‌وه‌و، به‌ر گوێی بنووسی ئه‌م دێڕانه‌ش كه‌وت . .
من ئه‌و كات له پۆلی یه‌كه‌می ناوه‌ندییدا بووم . .
ده‌ڵێن كرێكار له سه‌رده‌می گه‌نجێتییدا ڕه‌وتی چه‌پی خۆشویستووه‌و له‌گه‌ڵیاندا بووه، بۆیه ئه‌و نازناوه‌ی هه‌ڵبژاردووه، لـێ خۆی نكوولی له‌وه ده‌كات . وه‌ختێك له نه‌وه‌ده‌كاندا پرسیاری ئه‌وه‌ی لـێ ده‌كرێت له وه‌ڵامدا ده‌بێژێت: هیچ كات شیوعی نه‌بوومه، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به گه‌نجێتی كرێكارییم كردووه، ئه‌و ناوه‌م هه‌ڵبژاردووه. (كاسێتی ده‌نگیی) .
كریكار كاتی خۆی به (فاتح كرێكار)و له‌م دواییه‌شدا به (مه‌لا كرێكار) ناوبانگی ڕۆیشتووه، گوایه (عه‌بدوڵڵا عه‌زام) _ یه‌كێك له ڕێبه‌رانی به ڕه‌چه‌ڵه‌ك فه‌ڵه‌ستینیی خه‌باتی چه‌كداری ئه‌فغان، دژ به سوپای سۆڤییه‌ت له هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا_ ئه‌و ناوه‌ی لـێ ناوه‌و وتوویه‌تی له سه‌ر ده‌ستی تۆ كوردستان فه‌تح (ئازاد!) ده‌كرێت!
چ فاتح كرێكار‌و چ مه‌لا كرێكار، هیچ كامیان ناوی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌و پیاوه نین، ناوی بێ پێشگرو پاشگری ئه‌و: نه‌جمه‌ددینه! ئیسلامییه‌كان هه‌میشه حه‌ز ده‌كه‌ن ناوی ئایینی‌و به‌تایبه‌تی عه‌ره‌بی له خۆیان‌و مناڵه‌كانیان بنێن، سه‌یر له‌وه‌دایه مه‌لا نه‌جمه‌ددین، قایل نییه ئه‌ستێره‌ی دین بێت‌و كرێكاریه‌تی پێ باشتره!
له دونیای كوردیدا‌و به‌تایبه‌ت له جیهانی سه‌ربازی‌و دیبلۆماسییدا، ئه‌وه باوه كه‌سایه‌تییه‌كان ناوی خۆیان له ژێر عه‌بای نازناوێكدا بشارنه‌وه، ئێوه دڵنیان ناوی ڕاسته‌قینه‌ی (مام جه‌لال) جه‌لاله؟! هه‌ندێك ده‌ڵێن ناوی خۆی نییه! سه‌یرم لـێ دێت (جه‌لال) نه ناوێكی خۆشه‌و نه‌یش كوردییه، ئه‌گه‌ر ڕاسته‌و جه‌لال ناوی ڕاسته‌قینه‌ی نییه، ده‌بێ چ پاڵی به (مام)ه‌وه نابێت ئه‌و ناوه دوای خۆی بخات؟!
ده‌ڵێن قسه قسه ده‌هێنێت، جارێكیان له ماڵێكدا دانیشتبووین، ده‌مه‌ته‌قێ گه‌رم بوو، كه‌س نۆره‌ی به كه‌س نه‌ده‌دا بۆ قسه‌كردن، له‌پڕ باسی كه‌سانی زیره‌ك هاته پێشه‌وه، یه‌كێك هه‌ر له خۆیه‌وه وتی: به خوا هه‌رچی بڵێن ناچێ به گوێم‌دا، كورد ته‌نیا دوو كه‌سی زانا‌و به‌توانای تێدایه: یه‌كه‌میان مه‌لا كرێكار‌و دووه‌میان مه‌لا به‌ختیار! به ده‌ست خۆم نه‌بوو له قاقای پێكه‌نینمدا. . ئاخر ئه‌و دوو ناوه كوجا مه‌رحه‌با؟! به‌ختیار عه‌لی له شیعرێكیدا باسی قه‌یماغی پێغه‌مبه‌رانه ده‌كات ، (حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن) ڕه‌خنه‌ی لێده‌گرێت‌و به گاڵته‌پێكردنه‌وه ئێژێت : “به (قه‌یماغ)و (پێغه‌مبه‌ر)دا” (مه‌یمون)و (مێزه‌ر)م بیرده‌كه‌وێته‌وه . وای بۆ ده‌چم ئه‌و براده‌ره‌ی ئێمه‌ش هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێشگری هه‌ر دوو ناوه‌كه مه‌لایه‌و، دواپیته‌كانی ناوی دووه‌می هه‌ردووكیشیان (یار)ه وای گوتبێت، ده‌نا هیچ خاڵێكی هاوبه‌ش ئه‌و دوو زاته كۆ ناكاته‌وه!
بیلموناسه‌به، ده‌ڵێن گوایه ناوی ڕاسته‌قینه‌ی مه‌لا به‌ختیار (حیكمه‌ت)ه، هه‌ربۆیه جاران له‌سه‌ر فه‌لسه‌فه ده‌ینووسی و ئیستاش له هه‌موو بۆنه‌یه‌كدا وتارێكی بێ ئارگیومێنت به گوێی گوێگراندا ده‌دات! ئاخر حه‌زی له خۆیه‌تی! (حیكمه‌ت: فه‌لسه‌فه، فه‌یله‌سوف: حُب الحكمه) . .
ده‌وترێت مامه ڕیشه‌یش ناوی (نجم ا‌لدین) بووه، ئه‌گه‌ر وا بێت، به دوو خاڵ له‌گه‌ڵ مه‌لاكرێكاردا یه‌كده‌گرێته‌وه:
یه‌كه‌م: هه‌ردووكیان ناویان نجم الدینه .
دووه‌م: هه‌ردووكیان ڕیشیان هه‌بووه‌و هه‌یه.
به‌ڵام به هه‌زارو یه‌ك خاڵیش له یه‌ك جیاده‌كرێنه‌وه، دیارترینیان:
ریشی ئه‌و، ڕیشێكی نه‌ته‌وایه‌تی بووه‌و هی ئه‌م ئیسلامییه. هه‌روه‌ها:
ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌كی به فێڵ كوژراوه‌و چه‌ند ساڵ جارێك نه‌بێت _ئه‌ویش ته‌نیا له كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا_ ده‌نا كه‌س ناوی نابات ، كه‌چی ئه‌م تیرۆریستێكی هه‌ڵاتووه _به پێی قسه‌ی میدیای زاڵی كوردی_ و ڕۆژ نییه ناوی، چاوپێكه‌وتنی یاخود وێنه‌یه‌كی له رووپه‌ڕی سایتێ، گۆڤارێ یا ڕۆژنامه‌یه‌كی كوردییدا چاومان ڕۆشننه‌كاته‌وه!!
ئه‌گه‌ر له مه‌لا كرێكار بپرسیت چیت هه‌یه شانازی پێوه بكه‌یت؟ دڵنیام بێ دوودڵی ده‌بێژێت: دینی خوا‌و خۆشه‌ویستیی پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی!
وه‌لێ به لای منه‌وه، شتێك كرێكار هه‌قبێت شانازی پێوه بكات ره‌وانبێژییه‌كه‌یه‌تی . ئاخر ئه‌و ده‌توانێت كام پرسیاره‌ی به خه‌یاڵی پیتوڵترین ڕۆژنامه‌نووسدا دێت وه‌ڵام بداته‌وه هه‌روه‌ك چۆن تۆ موویه‌كی درێژ له ناو جامێك ماستدا ده‌رده‌هێنیت! كه پرسیاری ئاراسته ده‌كرێت وا دێته‌گۆ، پرسیاركه‌ر ئه‌وق ده‌كات، زمانی كڵۆم ده‌دات، چاوی ئه‌بڵه‌ق‌و گه‌روویشی وشك ده‌كات، ئاخر هه‌ر ئه‌وه بوو، وای له (فیصل قاسم)ی پێشكه‌شكاری به‌رنامه‌ی (الاتجاه المعاكس) كرد، بیری بچێت خه‌ریكی پێشكه‌شكردنی به‌رنامه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆیه‌و بێ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی به باسه‌كه‌وه هه‌بێت لێی بپرسێت!! به ڕاست تۆ ئه‌و عه‌ره‌بییه له كوێوه فێربوویت؟!_من ئه‌و به‌رنامه‌یه‌م نه‌بینیوه‌و له خه‌ڵكم بیستووه، نازانم ئه‌و قسه‌یه تا چه‌ند ڕاسته!_. كرێكارێكی كورد، با ده‌رچووی كۆلێژی ئادابی عه‌ره‌بییش بێت‌و ژیانی له‌گه‌ڵ قورئان‌و فه‌رمووده‌و زمانی عه‌ره‌بییدا به‌سه‌ر بردبێت، وه‌لـێ سه‌ره‌ڕای هێشتاش به لاتانه‌وه سه‌یر نییه كارێك بكات، فه‌یصه‌ڵ قاسمێك كه هه‌ر دێته‌گۆ گوێگر‌و بینه‌ر وا سه‌رنج ڕاده‌كێشێت ئه‌گه‌ر چه‌قۆیان به ده‌سته‌وه بێت، وه‌ختێك ده‌زانن خوێن به په‌نجه‌یاندا دێته‌خواره‌وه وا كه‌مه‌ندكێش بكات پرسیارێكی ئاوهای لێبكات؟!_ هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و پرسیاره‌ی لێیكردبێت_!
ئه‌گه‌ر راست بێت عه‌لی باپیر گوتبێتی: ” كرێكار وه‌ستای قسان‌و كڵۆڵی ده‌ستانه”. من حه‌قی پێده‌ده‌م . .
ئاخر با پیاو به ویژدانه‌وه قسه‌بكات، ئه‌و دوو به‌ڕێزه له كۆتایی هه‌شتاكاندا دوو ئه‌ندامی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی تازه ڕاگه‌یه‌نراو بوون، به‌یه‌كه‌وه ده‌ستیان به خه‌بات كردووه، دوای ڕاپه‌ڕینیش هه‌ر به‌یه‌كه‌وه بوون ، چ له بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامییداو چ له بزوتنه‌وه‌ی یه‌كبووندا، ئه‌گه‌ر كرێكار به وتاره ئاگرینه‌كانی شه‌ڕی براكوژیی نێوان بزوتنه‌وه‌و یه‌كێتی جۆش دابێت، ئه‌وا عه‌لی باپیر به پلان‌و به كردار له‌و شه‌ڕه‌دا به‌شداربووه، ئه‌گه‌ر كرێكار تا كۆتایی نه‌وه‌ده‌كان _ئه‌وپه‌ڕی پۆستی باڵای_ ئه‌ندامیه‌تیی ئیحتییاتی مه‌كته‌بی سیاسی حیزب بووبێت، ئه‌وا عه‌لی باپیر هه‌ر له كۆنه‌وه، ده‌سته ڕاستی مه‌لا عوسمان‌و پاشانیش جێگری (بیلفیعل)و (بیلقووه)ی مه‌لا عه‌لی بووه .
كه‌چی ئه‌گه‌ر چاوێك به پێگه‌و جێگه‌ی ئێستای ئه‌و دوو زاته‌دا بگێڕیت، به ئاسانی بۆت ده‌رده‌كه‌وێت ئاسمان‌و ڕێسمانیان نێوانه:
عه‌لی باپیر ئێستا گه‌وره‌و ڕیشسپی و _خۆیان گووته‌نی_ (ئه‌میر)ی پارتێكی ئیسلامیی گه‌وره‌یه، كه ئه‌گه‌ر سێیه‌م حیزب نه‌بێت، ئه‌وا به دڵنیاییه‌وه چواره‌م حیزبی جه‌ماوه‌ریی سه‌ر ساحه‌ی سیاسی كوردستانه .
باپیر دوای ئه‌وه‌ی 22 مانگی له زیندانه‌كانی سوپای ئه‌مریكادا _له عێراق_ به‌سه‌ر برد، كاتێك گه‌ڕایه‌وه هێنده خه‌ڵك له پێشوازییدا كۆببوونه‌وه، ده‌تگوت ئێستا شۆڕشێك به‌رپا ده‌بێت! حیزبه‌كه‌ی ئه‌و ئێستا له په‌رله‌مانی كوردستان‌و عێڕاقیشدا به‌شداره‌و، له حكومه‌تی عێراقدا ئه‌ندام په‌رله‌مان‌و له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیشدا وه‌زیری هه‌یه!
پارته‌كه‌ی ئه‌و له زۆربه‌ی شار‌و شارۆچكه‌كانی سنووری هه‌ولێرو سلێمانییدا، بنكه‌و باره‌گای هه‌یه .
حیزبه‌كه‌ی عه‌لی باپیر هه‌ر به رۆژنامه‌و رادیۆ‌و ته‌له‌فزیۆنه‌وه نه‌وه‌ستا، كه‌ناڵێكی ئاسمانییشی ڕاگه‌یاندو ڕۆژانه په‌یامی خۆی ئاراسته‌ی دۆست‌و دوژمنانی ده‌كات . .
ئه‌گه‌ر له كاره شه‌خسییه‌كانی ئه‌و پیاوه‌ش وردبینه‌وه، دیسان هه‌ست به سه‌ركه‌وتوویی ئه‌و ده‌كه‌ین: له بواری نووسیندا نزیكه‌ی په‌نجا كتێبی نووسیوه‌و یه‌ك دوو ده‌زگای بڵاوكردنه‌وه، شه‌وو ڕۆژ خه‌ریكی بڵاوكردنه‌وه‌ی نووسین‌و ته‌نانه‌ت گوتار‌و موحازه‌ره‌كانی ئه‌ون! ئه‌مڕۆ له پرسه‌یه‌كدا قسه‌یه‌ك ده‌كات، دوو سبه‌ی ده‌بینی كراوه‌ته نامیلكه‌یه‌ك و به ده‌ستی كۆمه‌ڵێك گه‌نجه‌وه‌یه، وه‌خته له سه‌ری ده‌بێته شه‌ڕیان! ماوه‌یه‌ك نه‌مده‌وێرا ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتییش بخوێنمه‌وه ، ئاخر یه‌ك دوو لاپه‌ڕه‌ی ئه‌ویشی لێ گرتبووین! مانگی چه‌ند كۆڕ‌و سیمینارێك ده‌به‌ستێت، لێ دڵنیا نیم ئێستا وتاری هه‌ینی ده‌خوێنێته‌وه یان نا؟! (وا بووه ئه‌ندامی پارله‌مانی عێراقیش له‌م خوله‌ی دواییادا).
ئه‌ی كرێكار؟!
وه‌ختێك كرێكار لاوانی بۆ په‌ڕاندنی سه‌ری _خۆی گۆته‌نی_ شاعیری خوێڕی، هان ده‌دا، كاتێك ئه‌و دژی مامۆستای ناوه‌ندییه‌كی سلێمانی كه له‌چكی له سه‌ر كچه قوتابییه‌كی قوتابخانه‌یه‌ك كردبووه‌وه، ده‌دواو په‌نجه‌ی شایه‌تومانی به‌رز ده‌كرده‌وه، كێ تاقه‌تی گوێگرتنی له قسه‌ی عه‌لی باپیر هه‌بوو؟! كێ له ده‌وری ئه‌م خڕده‌بووه‌وه؟!
به‌ڵام ئێستا كرێكار خوا خوایه‌تی بڵاوكراوه‌یه‌ك له ڕێگای (پاڵتاك)ه‌وه پرسیارێكی ئاراسته بكات‌و ئه‌ویش به شێوازێكی خۆی ئاسایی گا به توڕه‌بوون و به‌رزكردنه‌وه‌ی تۆنی ده‌نگی و گا به ساتیر وه‌ڵامی بداته‌وه، ئێستا كرێكار نه‌ك هه‌ر خۆی ، به‌ڵكو سی دی و وتاره‌كانیشی له كوردستاندا نیمچه قاچاخن!
خوا له قورئاندا ده‌فه‌رموێت: [وتلك اڵایَّامُ نداوِلُها بَینَ النَّاس] ، جاران له ترسی ئه‌وه‌ی به‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی كرێكار نه‌كه‌ون، هه‌ندێجاریش بێئه‌وه‌ی كرێكار ناوی له ڕسته‌یه‌كیشدا به‌كارهێنابێتن، زۆر كه‌س مافی نیشته‌جێبوونی ڕۆژئاوایان به نسیب بوو، كه‌چی ئێستا كرێكار هه‌ر به زه‌بری ئه‌و وڵاته ڕۆژئاواییانه دوور نییه ڕووبه‌ڕووی كۆچی پێچه‌وانه ببكرێَته‌وه!
كرێكار ئێستا نه‌ك هه‌ر حیزبێكی نییه، نه‌ك هه‌ر خه‌ڵك چه‌پڵه‌ی بۆ لێناده‌ن و به باڵایدا هه‌ڵناده‌ن، به‌ڵكو ته‌نانه‌ت له وڵاتێكی دیموكراسیی وه‌ك نه‌رویژدا هه‌میشه _وه‌ك خۆی له چاوپێكه‌وتنێكی ڕۆژنامه‌وانییدا دركاندویه‌تی_ ڕه‌فتارو گوفتاری له ژێر چاودێریدایه . .
ئه‌گه‌ر سه‌یری به‌رنامه‌ی نووسینیشی بكه‌ین، ئه‌و پیاوه هێنده زمانی گوفتاری درێژه هه‌ر به قه‌د ئه‌وه‌و زیاتریش خامه‌ی كرداری كورته . .
ئه‌و له هه‌موو ته‌مه‌نیدا بڕوا ناكه‌م شه‌ش كتێبی نوسیبێت، ئه‌وه‌ی من بزانم (ژانی بوون)و دواییش (ژانی مان) كه شیعر بوون ، له‌گه‌ڵ وه‌رگێڕانی (معالم فی الگریق)ی (سید قوتب)دا كه له‌ژێر ناوی (مه‌شخه‌ڵی ڕێ)دا بڵاوكراوه‌ته‌وه، وا بزانم كتێبێكیشی ده‌رباره‌ی ژیانی خۆی به زمانی نه‌رویژی نووسیوه . .
حه‌ز ده‌كه‌م بڵێم من ئێستاش‌و له هه‌ركوێشدا ببیستم وتارێكی كرێكار هه‌یه، هه‌وڵده‌ده‌م به‌ده‌ستی بخه‌م‌و گوێی لێ بگرم، ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی چێژ له ڕه‌وانبێژی‌و توانای ده‌ربڕین‌و زانیاریگه‌لێك كه قه‌ت له‌وه‌و پێش گوێم لـێ نه‌بووه ببینم .
ئاخر ئه‌و كه باسی بابه‌تێك ده‌كات، گوێگر ده‌حه‌په‌سێت. كه ناوی نووسه‌رو بیریار‌و فه‌یله‌سوف‌و ساڵی شه‌ڕو مێژووی ڕووداو. . . ده‌بات وا هه‌ستده‌كه‌یت ئه‌م پیاوه هه‌موو عومری به‌س به له‌به‌ركردنی ئه‌و شتانه‌وه به‌سه‌ربردووه .
به‌ڵام ڕاستییه‌ك هه‌یه، ناتوانم بیشارمه‌وه، من له زۆرێك له‌و داتا‌و ژمارانه‌ی ده‌یانڵێت به گومانم، نایشتوانم ئه‌و گومانه‌م بسه‌لمێنم، ده‌ترسم وه‌ك مه‌لا نه‌سره‌ددین پێم بڵێت: ئه‌گه‌ر باوه‌ڕ ناكه‌یت ئه‌ستێره‌ی ئاسمان ئه‌وه‌نده‌یه كه من ده‌یڵێم، فه‌رموو بڕۆ خۆت بیانژمێره!
من جاران‌و ئێستاش به كرێكار سه‌رسام بووم، وه‌لـێ نه ساڵێ، نه مانگێ، نه ڕۆژێك و نه‌یش چركه‌یه‌ك لایه‌نگری كرێكار نه‌بووم، ئاخر ده‌ترسام ئه‌مڕۆ ببم به لایه‌نگری قسه‌یه‌كی‌و سبه‌ینێ خۆی لێی په‌شیمان بێته‌وه، له دوا وتاری دا كه له ساڵی له2001 مزگه‌وتی جیهاد پێشكه‌شیكرد، كارێكی به خۆیان (مه‌به‌ستم بزوتنه‌وه‌ی یه‌كبوونه)و هه‌موو ئیسلامییه‌كان كرد، زریان به كه‌شتیی نێو ده‌ریای ڕۆژێكی تۆفانی نه‌كردبێت، كه‌چی وه‌ك بیستم دوایی له زۆرێك له‌و قسانه‌ی كردبوونی په‌شیمان ببووه‌وه‌و حاشای له هه‌ندێكیشیان كردبوو، وتبووی: من ئه‌و قسانه‌م نه‌كردووه‌و به ده‌ممه‌وه هه‌ڵیده‌به‌ستن؟! (نازانم ئه‌م قسه‌یه‌یشی ڕاسته، یان نه‌یارانی بۆیان هه‌ڵبه‌ستووه؟!) .
ئه‌مڕۆ عه‌لی باپیر له ناو ده‌خوات‌و له په‌ڕ ده‌خه‌وێت، گا له‌گه‌ڵ بارزانی‌و گا له‌ته‌ك تاڵه‌بانیدا كۆده‌بێته‌وه، ئه‌مڕۆ له تارانه‌و دوو سبه‌ی له ڕیاز . . به كه‌یفی خۆی ده‌دوێت‌و ده‌ئاخافێت، داوای لابردنی سروودی ئه‌ی ڕه‌قیب ده‌كات ، له په‌رله‌مانیشدا ئاماده نییه خوله‌كێك بۆ گیانی شه‌هیدانی كوردستان ڕابووه‌ستێت، كه‌چی كه‌س له گوڵ كاڵتری پێ ناڵێت‌و كه‌س ناوێرێت پێی بڵێت: قوربان پشتی چاوت دوو برۆی ڕه‌شی تێكئاڵاوی پێوه‌یه! كه‌چی كرێكار له ژوورێكدا له‌و نه‌رویژه دووره ده‌سته سارد‌و سڕه‌دا گیری خواردووه‌و خۆی گووته‌نی (ڕۆژانه 17سه‌عات به‌سه‌ر كۆمپیوته‌ره‌وه داده‌نیشێت‌و به ناو پێگه ئه‌لیكترۆنییه‌كاندا دێت و ده‌چێت، جارجاریش شیعرێك بۆ په‌رله‌مان‌و حكومه‌تی هه‌رێم ده‌نووسێت)، هه‌ڵبه‌ت ئێستا شتێكی تریشی زیادی كردووه، زۆربه‌ی كات گوته‌و قسه‌كانی خۆی له ڕێگه‌ی پاڵتاكه‌وه ئاراسته‌ی هه‌وادارو نه‌یارانیشی ده‌كات‌و به‌م دواییانه ده‌ستیشی دژی عه‌لی باپیر‌و هاوسه‌نگه‌رانی قه‌ڵه‌می گرتووه‌و بابه‌ته‌كانی له ڕێگه‌ی (رێگا)وه دێنه سه‌ر رێگه‌ی دیده‌و ئاوه‌زمان!
له دوا هه‌ڵبژاردنی پارله‌مانی كوردستانیشدا خه‌ڵكی بۆ ده‌نگدان به لیسته‌كه‌ی نه‌وشیروان موسته‌فا هانده‌داتو باس له فه‌لسه‌فه‌ی دیمۆكراسیش ده‌كات.. هه‌ندێجاریش به ده‌نگێكی به‌سۆز سروود‌و گۆرانیی ئایینی ده‌چڕێت!
ئایا كرێكار ناهه‌قیه‌تی ڕه‌خنه ئاراسته‌ی عه‌لی باپیر بكات، كه وه‌ك وتم تا دوێنێ هاوخه‌بات‌و هاوپێگه‌و ڕێگه بوون، كه‌چی ئێستا ئه‌م سواره‌و ئه‌و پیاده؟!
من نازانم چی پاڵی پێوه‌نام ده‌ست بۆ نووسینی ئه‌م بابه‌ته ببه‌م، وه‌لـێ ئه‌وه ده‌زانم نه ساڵێك (بزوتنه‌وه) بووم و نه سه‌عاتێكیش (كۆمه‌ڵ)، نه قه‌ت لایه‌نگری كرێكار بووم‌و نه‌یش هه‌واداری عه‌لی باپیر. . كه‌س خراپ تێنه‌گات (یه‌كگرتوو)ش نیم!!
ئه‌رێ ئێوه ده‌زانن من له‌م باسه‌دا، لایه‌نگری كرێكار بووم یا دژی ؟ (مه‌دح)ی ویم كرد یان (هه‌جو)؟ خۆم نازانم! هێنده ده‌زانم ڕقم له‌و پیاوه نییه، كێیش ڕقی لێیه‌تی یان خۆشی ده‌وێت كه‌یفی خۆیه‌تی‌و ده‌ستیم نه‌گرتووه. گرنگ ئه‌وه‌یه دوای خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته، هه‌ستبكه‌یت بابه‌تێكی خۆشت خوێندووه‌ته‌وه . .
• ئه‌م بابه‌ته پێشتر له شوێنی تر بڵاوكراوه‌ته‌وه .
• ئیمه‌یلی نووسه‌ر: hemnxurshid79@gmail.com
هێمن خورشید