
گه‌ر له بیرم بچن بیری مه‌رگم بێ
هه‌موو ساڵێک له ڕۆژی پانزه‌ی نۆڤه‌مبه‌ردا، له یادی به‌شکۆی ئێوه‌دا، له ماڵه سارد و سڕه‌که‌ی غه‌ریبیمدا سێ مۆم داده‌گیرسێنم و به دیارییانه‌وه، سه‌رتوێژی زامه‌کانم هه‌ڵده‌ده‌مه‌وه، له جیاتی دایه قه‌دری و میمی فه‌وزییه و دایه سهبیحهم هه‌رسێکتان به سۆزێکی گه‌رمییانی، ئه‌لاوێنمه‌وه. بیست و سێ ساڵ زۆر به خێرایی گوزه‌را، ئێستایش یادی ئه‌و ڕۆژه و هه‌واڵی به سۆی مه‌رگی ئێوه، وه‌کو خه‌وێکی ترسناک شه‌وانه له شیرینی خه‌ودا ڕامده‌چڵه‌کێنێت، له‌و ڕۆژه‌دا له ئێواره‌یه‌کی پایزی خه‌مناکی وه‌کو دڵه غه‌مگینه‌که‌ی دایکم، سێ پێشمه‌رگه‌ی بیر به‌رزی ده‌سته‌ی ڕێکخستنی 21 که‌رکووک و 25 خاڵخاڵان، سێ پێشمه‌رگه‌ی دڵسۆزی که‌رکووکه ئاواره‌که‌م ، کاک شوان حوسێنی لیژنه‌ی ته‌نسیق و کاک جمهور مسته‌فا و تاجی سه‌ره‌که‌م کاکه نه‌وزاد عوسمانم، کاتژمێر پێنجی ئێواره‌ی ڕۆژی 15/11/1987 له نێوان گۆپته‌په و سه‌رچناردا، به ده‌ستی چه‌په‌ڵی دوو جاشی خۆفرۆش، شه‌هیدکران، جاشه‌کانی هاوپیشه‌ی فه‌تاح به‌گ و قاسم ئاغا و خالیدی خوله سوور و کێ و کێ… به‌رامبه‌ر به بڕێک پاره له ناوجه‌رگه‌ی ناوچه ئازادکراوه‌کان شه‌هید کران. به گه‌یشتی ئه‌م جاشانه بۆ سه‌ربازگه‌ی ته‌قته‌ق، وه‌کو ده‌ستخۆشانه و گه‌یاندنی په‌یام، ناوچه‌کانی گۆپته‌په و ده‌ورووبه‌ری تۆپباران کران. ئێمه‌ی که‌س و کاری شه‌هیده‌کان وێڕای جه‌رگ سووتاوی و ئه‌و باره خه‌مه‌ی که پشتی دایکمان و مام حوسێن و مامه مسته‌فا و باوکمی چهماندبووهوه، له ترسی ئه‌م جاشانه که هاتبوونه‌وه شار، نه‌مانده‌وێرا له ماڵی خۆماندا ڕۆژ بکه‌ینه‌وه، ئێمه و هه‌زارانی وه‌کو خێزانه‌کانی ئێمه، له‌م کوردستانه پان و به‌رینه‌دا، برینداری ده‌ستی ئه‌م جاش و خۆفرۆشانهین که به‌و شێوه‌یه له شه‌قامه پانه‌که‌ی ئه‌مڕۆی کوردستاندا خۆیان ده‌که‌ن به هاوڕی و هاوخه‌باتمان. ئه‌و ڕێوییه ترسنۆکانه‌ی سه‌رده‌می سه‌ختی خه‌بات و چاوساغه‌کانی ڕژێمی به‌عس، کون و که‌له‌به‌ر و ئه‌شکه‌وتی کوردستان نه‌ما، به بارق و خهزرهجییهکانی نیشان نه‌ده‌ن، له ئه‌نفالدا، ئه‌وه‌ی به که‌ڵکی به‌کارهێنانیش نه‌هاتبایه، تاڵانییان کرد، ده‌ستییان له ته‌ڕ و وشک و پیر و گه‌نج نه‌پاراست، ئاخر هه‌ر ئێوه نه‌بوون پاره و چه‌کی خۆفرۆشی چاو و ویژدانتانی کوێر کردبوو، له هه‌موو هه‌ستێکی مرۆڤایه‌تی ته‌جریدی کردبوون!؟ ئه‌و ڕۆژانه‌ی منداڵی ئێمه‌تان بێ باوک کرد و جه‌رگی دایک و باوکمانتان سووتاند، له شار و شارۆچکه و موجهمهعهکاندا کچ و ژنی خه‌ڵکیتان داگیر کرد، هه‌رچی مرۆڤایه‌تی حه‌زی لێ نه‌ده‌کرد، له ئێوه‌ی ئێسک قورس ده‌وه‌شایه‌وه!؟ ئێستایش، له پاش ئه‌وه‌ی دڵی گه‌وره‌ی میلله‌ت به گه‌وره‌یی خۆی به‌خشینی، بارودۆخی ناله‌باری پاش ڕاپه‌ڕینه‌که‌ی به‌هاری 1991 هه‌لی بۆ ڕه‌خساندن و به عهفوویهک ده‌رگای کوردستانی بۆ کردنه‌وه، ئه‌مڕۆ هاتوون خه‌ریکن خۆتان ده‌که‌نه قاره‌مانی ئه‌و ڕۆژگاره و خه‌ریکن خه‌ڵک و مێژوو چه‌واشه ده‌که‌ن. لێره‌دا نه ئێمه‌ی که‌سوکاری قوربانییان و نه ئه‌و که‌سانه‌ی که له‌و ڕۆژگاره‌دا هه‌ر له دایکیش نه‌بوون، به‌ڵام ژیرانه مێژووی ڕاسته‌قینه‌ی ئێوه ده‌ناسنه‌وه و گوێگر و خوێنه‌ری مێژووه پڕ خیانهتهکانتانن، ڕێگه‌تان ناده‌ین ڕه‌ش و سپی تێکه‌ڵ به یه‌کتر بکه‌ن و کوردایه‌تیمان پێ بفرۆشنه‌وه و خۆتان بکه‌ن به هاوسه‌نگه‌رمان، دڵنیام ئێستایش وێنه‌ی خهڵاتکردنهکانی سه‌دامتان شاردۆته‌وه و شانازی پێوه ده‌که‌ن، هه‌موو خه‌ڵکی عێڕاق و کوردستانیش ده‌زانێت که ئه‌وه‌ی خزمه‌تێکی باشی حکومه‌تی به‌عسی نه‌کردبایه، خه‌ڵات نه‌ده‌کرا و له‌و سهڵتهنهتهدا نه‌ده‌ژیا که ئێوه‌ی تێدا ده‌ژییان، باشیش دڵنیا بن که‌س ئێره‌یی پێتان نه‌ده‌برد، چونکه هه‌موو که‌سێک ده‌یزانی ئه‌و سه‌ڵته‌نه‌ته‌ی ئێوه نرخی فرۆشتنی که‌رامه‌ت و ویژدانتان بوو به دوژمنانی میلله‌ت، ئه‌ی میلله‌ت فرۆشان ئه‌و سه‌رشۆڕییه هه‌ر قابیل به خۆتان بوو، یه‌ع له خۆتان و مێژووتان، ئه‌وه نییه خۆتان ئه‌ڵێن بێنرخترین و ترسنۆکترین که‌س له‌به‌رده‌م به‌رپرسانی به‌عس، جاش و موسته‌شار بوو، ئێمه ئه‌و ڕاستییه باش ده‌زانین، به‌عس هێنده‌ی له شهرمینهکانی کاک شوانه‌م و کاکه جمهورم و تۆڵه و تافان و ڕه‌وا و ڕه‌هێل و برا و خوشکه‌کانم و هاوڕێکانی ناوشارمان ده‌ترسا، سڵی له خۆتان و فه‌وجه سووک و سهلیمهکانتان نه‌ده‌کرده‌وه. گه‌رچی ئه‌مڕۆ له سایه‌ی ئه‌و حیزب و به‌رپرسانه‌ی به‌هۆی ماستاوه خهستهکهتانهوه، که گرتنه‌وه‌ی هه‌ر له ده‌ست و په‌نجه‌ی خۆتان ده‌وه‌شێته‌وه، له ناز و نیعمه‌تی ئازادی بێبهشتانییان نه‌کردووه، به‌ڵام بۆتان نییه خۆتان بکه‌ن به هاوڕێی ئێمه، حاشا له خۆتان و سێبه‌رتان و ئه‌و که‌سه‌ی که داڵده‌تان ده‌دات و پشتیوانتانه.
ئێوه‌ش ئه‌ی شه‌هیدانی کاروانی دوور و درێژی خه‌باتی ئازادی و سه‌ربه‌ستی خاکه داگیرکراوه‌که‌م، یادهکانتان له ڕه‌حیم ئاوا و ئیمام قاسم و ته‌په نه‌سڕدراوه‌ته‌وه، ڕووناکیتان له‌گه‌ڵ هه‌ڵهاتنی ڕۆژی که‌رکووکدا باڵ به‌سه‌ر شاردا ده‌کێشیت، دڵی منداڵه ئاواره و ڕه‌ش و ڕووت و برسییه‌کانی باوه‌گوڕگوڕ گه‌رم ده‌کاته‌وه، هاوڕێیانم، کاکه شوانه، کاکه جمهور، تاجی سه‌ره‌که‌م کاکه نه‌وزاد، بمبوورن که له یادی ئێوه‌دا دڵگه‌رم بووم و ناوی ئه‌و چهپهڵانهم تێکه‌ڵ به یاده‌که‌ی ئێوه کرد، حهدییان نییه ناوی ئێوه به‌سه‌ر زمانیاندا بێت، هه‌ڵه ده‌که‌ن خۆیان بکه‌ن به هاوسه‌نگه‌ری ئێوه.
یادتان به‌خێر عه‌زیزه‌کانم، هه‌رگیز فه‌رامۆشتان ناکه‌م، له‌م دووره‌وه گڵکۆکانتان ماچ ئه‌که‌م، زۆرتان بیر ئه‌که‌م، قوربانتان بم.
14/11/2010
ستۆکهۆڵم
runakshwani@yahoo.com