
ته‌نهایی و ساته‌کانی به‌ر باران
ئه‌ستێره‌که دڵی شکا
خۆی سووتاند!
تۆ، که زویر بووی
ماڵئاواییت له هه‌موو یاده‌وه‌ریه‌کانت کرد!
وێنه‌ی ئه‌و ئه‌ستێره‌یه‌ت کێشا
که دڵی لێت شکابوو!
به‌س که خۆت زویر ببووی
یاده‌وه‌رییه‌کانت خسته ناو هه‌ورێکی
پڕ بارانه‌وه
نهتتنووسیهوه!
قوتویه‌کی خۆڵه‌مێشیت خسته ناو گیرفانهکانتهوه
هه‌رکاتێک ده‌چووی بۆ به‌ر باران
له هه‌ور ده‌پاڕایته‌وه
رووباری یاده‌وه‌ریت شار پڕ بکا
ئه‌ستێره‌که‌ت له ناو قوتویهکهوه په‌نا دابوو
که بارانه‌که ده‌بوو به رووبار
خۆڵه‌مێشی ره‌سمه‌کانت به ناو شاردا په‌رش ده‌کرد.
ته‌نهایی له ناو جومگه‌کانی ژیان
ره‌گی باڵاتر ده‌کرد.
له هه‌ور ده‌پاڕایته‌وه
به قه‌د په‌نجه‌ی منداڵێکی ساوا
خۆر له بنمیچی ئه‌و ئاسمانه‌وه
سه‌رده‌ربێنێ،
ته‌نهایی خۆتی پێ گه‌رم بکه‌یته‌وه!
هه‌ر کاتێک به‌ده‌م دانیشتی شه‌وانی که‌نار ده‌ریاوه
جانتایه‌کی بچکۆلانه‌ی شیعری هاوڕێکانت ده‌رده‌هێنا
له هه‌ور ده‌پاڕایته‌وه
هه‌رچی وشه‌ی ناسک هه‌یه له ناو دیوانه‌کانیاندا
ته‌ڕ بکاو لاسکه‌کانی به ناو بیرتدا
ههڵگهڕێنێ!
کاتێک سه‌فه‌ره‌که‌ت ته‌رزه ته‌زیوه‌کانی
به‌سه‌ر له‌ش و لاری ئه‌و شاره‌وه ده‌هاته خوار
له هه‌ور ده‌پاڕایته‌وه
به‌یانییه‌ک ته‌رمی ئه‌و ته‌نهاییه
له دوو تۆوی کتێبێک‌دا رانهکشێ
په‌نجه‌کانیش جارێکی تر
یاده‌وه‌رییه‌کانت نه‌نووسێته‌وه!
کاتێک زه‌وی به هه‌موو هێزییه‌وه کێشی ده‌کردی
له هه‌ور ده‌پاڕایته‌وه
وه‌ک ده‌نگی باران
به‌سه‌ر په‌نجه‌ره‌کاندا
نه‌تهێنێته خواره‌وه
نه‌بادا ئه‌مجاره‌ش
ئه‌ستێره‌یه‌کی دیکه دڵی بشکێ!
وێنه‌یه‌کی تر له ژووره‌که‌تدا خۆی هه‌ڵواسێ!
مێلبۆرن – ئوسترالیا
07/11/2010
شێروان خدر