دەرزیئاژن …… هەڵۆ بەرزنجەیی
دەرزیئاژن
دەزگای چاپەمەنی رۆژهەڵات ـ هەولێر کوردستان
٢٠٠ لاپەڕە ساڵی ٢٠٠٩
هەڵۆ بەرزنجەیی
ئێمەی کورد… لە پانتایی رۆژهەڵاتدا هەر بوونێکی جوگرافیمان بەتەنیا نییە ، رۆژهەڵات مێژوو و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگ و سیاسەتی ئێمە پێکدێنێت . ئەم خەسڵەتانەش ناسنامەی تایبەتمەندێتی رۆژهەڵاتی ئێمە بەرجەستە دەکەن. هەر بۆیە رۆژهەڵات گەر هەڵکەوتێکی ناچاریش بێت ، وا بەسانایی ناتوانین بیسڕینەوە . ئێمە دەبێت شوێنگەی ناسنامەی خۆمانی تێدا بدۆزینەوە و هەوڵی چەسپاندن و قایمکردنی بدەین.
راستە… لە رۆژهەڵات هێشتا نەخشەی سیاسی و تابلۆی فەرهەنگی و ناسنامەی ئێمە وونە و نکۆڵی لێدەکرێت. رێگەی ئێمەی نادەن گوزارشت لە خودی خۆمان بکەین و رووبەرووی هەڕەشەی جۆراوجۆری نامرۆڤانە دەبینەوە.
ئێمەی کورد لەگەڵ ئەو هەموو خزمەتەی کردوومانە بە ناوچەکە و شارستانێتەکەی ، کەچی ئەوان!! لە پەراوێزیشدا جێگایەکمان بۆ تەرخان ناکەن . جاران دەوڵەتانی سەفەوی و عوسمانی و لە هەنووکەشدا دەسەڵاتدارانی ناوەندی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان تورکیا،ئێران، عێراق و سوریا بەرۆگری خێروبێری ناوچەکەن و رۆڵی سەلاحەدین و دەیان زانای وەک ئین خەلەکان و چەندین سیاسەتمەداری دیار و نووسەری وەک عەققاد و محەمەدی قازی و جۆرەها هونەرمەند و گۆرانی بێژ و کەسایەتی دیکەی هەڵکەوتووی شارستانێتی ئێران و ئیسلامی کە کورد رۆڵی بەرچاویان لە بەرهەمهێنانیدا هەبووە باس لێوە ناکرێت .
سەبارەت بەم بارودۆخە لە روانگەی منەوە ماکی سەرلەبەری ئەم هەموو کارەساتانە نەبوونی دەسەڵاتێکی سەربەخۆ و دەوڵەتێکی کوردییە، کە بتوانێت ناسنامەی کوردبوونی ئەو مێژووە بپارێزێت و داکۆکی لێبکات و بیکاتە جێی شانازی خۆی و کوردیش بە گەورەیی ئامادەگی خۆی لەو بەرهەمهێنانەدا نیشان بدات و بسەلمێنێت.
ئا لەم سۆنگەیەوەیە گەلێ جاران داکۆکی لە بەهاکانی رۆژهەڵات و کولتووری ئیسلامی بە سوودی ئەم دەسەڵاتە بێگانانە دەشکێتەوە و دەرئەنجام مرۆ لەناخەوەڕا تووشی دڵشکاوی و بێزاری و رەشبینی دەکات.!! جا بۆیەکا کورد ووتەنی : گەر گای کورد لەو گاڕانەدا نەبێ ، ئیدی دنیا بە کورد چی!!. ئێمە هەرچیمان کردووە دەق وەک ئەوە وایە کە دەوترێت خۆت بۆ بۆرە پیاو بەکوشت بدە ، دەڵێ بەدەردی خودا مرد.
ئیدی بۆ دەبێت هەر کورد سوورەی بەر لەشکر و کوچکی لە ئاگر گەرمتر بێت.؟؟ تا کەی خۆبەختکردن لە پێناوی شتەهایەکدا کە بەر و خێری بۆ نەتەوەکەم تێدا نەبێت؟؟؟ رستەیەک لەم پرسیارانە یەخە بە بیرکردنەوەی مرۆ دەگرێت و رەشمەی خەیاڵی لەدەست وەردەگرێت. بە تایبەت کە لە ئەمڕۆدا هێزە سیاسییە ئیسلامییەکان سەختر لە سێکۆلارەکان بە گژ هەر مانایەکی کوردبووندا دێنەوە.
دیوێکی دیکەی هاوکێشەی بوونی کورد بریتییە لەوەی ، رۆژئاوا هەر ئەو پانتاییە نییە کە جێی ئێمەی تێدا نییە و مانای خۆمانی تێدا رەنگ ناداتەوە و مێژوو و فەرهەنگ و سیاسەتی ریشاڵێکی بە ئێمەوە گرێ نەدراوە و نامانخوێنێتەوە ، بەڵکو ناوەندێکە بڕیاری دابەشکردن و بەخشینەوەی وڵاتی ئێمەی لێوە هەڵقوڵاوە و هێزێکە بەردەوام ئامادەگی هەیە لە پشت ئەو هەموو ماڵوێرانییەی بەسەر نەتەوەکەماندا بە درێژایی مێژوو هاتووە و تا ئێستاش کە دێت.
بەشێک لە وڵاتانی رۆژئاوا بە ئاشکرا دۆستایەتی و هاوکاریی داگیرکەرانی کوردستان دەکەن و بوونەتە سەرچاوەیەک سەرەکی گرنگ بۆ سووربوونی داگیرکەرانی کوردستان لەسەر کوشتنی کورد و سوتماککردنی کوردستان. تەلەفزیۆنیکی وەک رۆژتیڤی لە تورکیا و ئەڵمانیادا قەدەغەیە. ئەندام و دۆست و لایەنگرانی پ ک ک لەسەر داوای دەستگای میت و حکومەتی تورکی دەستگیر دەکرێن و دادگایی دەکرێن. وڵاتی نەمسا بکوژانی قاسملۆی وەک دیاری داوە بە ئێران و بە هەموویان دۆستی سەدام بوون و چەکی کیمیاوی و گازی ژاراویان دایە .
ئەم ناوەندە لە کاتێکدا کەمتر لە رۆژهەڵات خاوەنی شارستانێتییە ، بایی گەردیلەیەک هەستی مرۆیی و ویژدانی هانیان نادات بەدەنگ هانای کورد و گەلێ لە بندەستان و چەوساوانی دیکەی دنیاوە بێن.
ئەجیندای بیر و کاری ئەمانە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی خۆیان دارێژراوە و بەربەرییانە لەژێر پەردەی ئاڵوواڵادا پیادەی دەکەن. ئیدی چی و کێ و کوێ دەبێتە قوربانی و پێخوستی گەیشتن بە مەرامەکانیان باکیان لێی نییە. رۆژئاوا چاوچنۆکانە سەیری نەخشەی دنیا دەکات و لە هەر کونوقوژبنێ دەرک بە بەرژەوەندی و پێویستییەکی خۆیان بکەن ، بێشەرمانە هەرچی رێگای ناشەرعی هەیە دەیگرنە بەر و هەڵپەی بۆ دەکەن و دەیدزن و دەیڕووتێننەوە و داگیری دەکەن.
رۆژئاوا بە شێوازی جۆراوجۆر بێ پسان لە دژایەتی فەرهەنگ و ئایین و شارستانێتی و بەها کۆمەڵایەتییەکانی دیکەی رۆژهەڵات و گێتیدایە و ئەمەش بەپێی ئەو دروشمە بەڕێوە دەبەن کە دوژمنییان هەیە و مەترسییان لەسەرە.
خوێندنەوەی بە دیقەتی هەر دوو بەرەی ئەم هاوکێشەیە و دەستنیشانکردنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی لە میانەی ئەم دوو بەرداشەدا، پێویستی بە ئاوەزێکی ژیرانە و دەستاوێژێکی جددی و هەڵبژاردنی سەلامەترین و باشرین میتۆدی بیر و کار هەیە.
ئەم باسوخواستەی ئێمە قسەی لەسەرد دەکەین ، خۆشبەختانە لە بەرهەمە نوێکەی شاعیر و روناکبیری گەلەکەمان کاک فەرهاد شاکەلی بەناوی ” دەرزیئاژن ” بەرچاو دەکەوێت.. بەرهەمەکەی شاکەلی بە کۆمەڵێ وتاری جۆراوجۆر زۆر بە چڕی و بە زمانێکی پلە بەرزی زانستییانە و بە میتۆدێکی ئەکادیمی هاوچەرخ بەدەوری چەقی ئەم پرسە گرنگانەدا خول دەخۆن.
نووسەر… وەک خاوەن دیدێکی دەرەوەی بازنەی کلاسیکی رۆشنبیران ، لە پرس و بابەتگەلەکانی جیهانی کوردەواری و گەردوونی دەڕوانێ . ئەوەشی پتر لە پێویست ئیستێکمان لەسەرەڕێی بیروباوەڕەکانی شاکەلیدا لا دروست دەکات ، بایەخی هزری بۆچوونەکانی و راشکاوی گوزارە لێکردنی ئەو بابەتە هەستیارانەیە.
هەڵبەت خۆ بەستنەوەی نووسەر بە تێز و روانگەی ئیدوار سەعیدەوە ، دەشێ رەنگێکی دژە رۆژاوا بەکارەکانی ببەخشێ ، وەلێ بە ئاگایی تەواوەوە کار لەسەر پرسە گرنگانە دەکات.
لەم قەیرانەی ئێستای رۆشبیرانی کوردی تێکەوتووە، شاکەلی قسە لەسەر شێواندنی و تێکەڵاوکردنی چەمکی فکر و سیاسەت و رۆڵی نێگەتیڤانەی میدیای حیزبی و دەستگاکانی دیکەیان کە شوێنەواری ترسناک لەسەر پلەی ئازادی تاک و کۆمەڵ دادەنێن بە جددی دەکات. دیارە میدیای کوردی پشکی گەورەی بەرپرسێتییەکی مێژوویی بەرانبەر بەو ماڵوێرانی و گەڕەلاوژێیەی فەرهەنگ و زمان و رۆشنبیریی و هزر و مەعریفەی تێدایە بەردەکەوێت . ئەمەش بەواتای هەموو ئەو لەشکرە قەڵەم بەدەستە دێت کەوان لە پشت ئەم دەستگایانەوە. وەک دەبینین لە سێبەری ئەم دەستگا راگەیاندنانەدا چەندین بەناو رۆشنبیر و خاوەن قەڵەم خۆیان مەڵاس داوە و لەبەر دەستکەوتێکی کەسی و چڵکن قەڵەمەکانیان هەرزانفرۆش کردووە و بێشەرمانە و نابەرپرسانە ئامادەی داکۆکیکردنن لە دیاردەی ناشرین و هەق بە ناهەقکردن .
مامۆستا شاکەلی… پێیوایە کە پەیدابوونی ئاخاوتنێکی رووناکبیرانەی سەربەخۆ یەکێکە لە مەرجە هەرە بنەڕەتییەکانی دەرچوونی کۆمەڵگە لەو دەیان و سەدان قەیرانە سیاسی و دیپلۆماسی و ئابووری و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییانەی بەدەستیانەوە داماوین .
ئێمە هەموو لە کاریگەرێتی نەرێتی رۆڵی حیزب لەم سیاقەدا بە ئاگاین و رۆژانە بە بەرچاومانەوە دەیان و سەدان ناهەقی و ناراستی و ئەتککاری لەسەردەستی ئەمانەدا دەبینین و دەبیستین.
باشترین دەرفەت بۆ قوتارکردنی دەنگ و رەنگی ئەم دەسەڵاتە میدیاییە لەم مۆتەکەیە ، تاوەکو جڵەوی کارەکانی بکەوێتەوە سەر سکەی ئاسایی خۆی و بتوانێ رۆڵی سروشتی بگێڕێت ، بەخشینی ئازادییە پێی و کردنەوەی دەرگا و پەنجەرەی ئازادییە بە روویدا.
لای شاکەلی شاراوە نییە کە کاریگەرێتی رۆژاوا بە ئەندازەیەکە ، کە دەتوانێ یان دەیەوێت خۆی بکاتە داینەمۆی هەڵسوڕانی دنیا و جێ پەنجەشی بە سەرجەم بڕیار و رووداوەکانە دیار بێت. ئەمەیە وای لە نووسەر دەکات بە دڵتەنگی و گومانەوە بنووسێ:
<< ئەمڕۆ رۆژاوا نەک تەنیا بڕیاری ئەوە دەدات کە دەبێ مرۆڤایەتی چی بکات و چۆن بکات ، بەڵکە دەیەوێ بڕیاری ئەوەیش بدات کە مرۆڤایەتی چۆن بیر بکاتەوە>>. دیارە کاتێ تەنیا ناوەندێکی وەک رۆژاوا هەموو چارەنووسی مرۆڤایەتی بەدەستەوە بێت ، هەموو دەزانین بە چ رێگایەکدا دەمان بەن بەرەو کامە هەڵدێری هەزار بەهەزار. لە لایەکی دیکەشەوە ئەم ناوەندە چۆن خۆی دەکاتە کەڵەگا بەسەر دنیاوە و بە کامە شێوە زەوتی ئازادی مرۆیی دەکات و چ ئامانجێکی گڵاو ها لە ئەجندای بیر و کاریاندا.
مامۆستا شاکەلی بۆ ئەوەی بەسەر بەرەیەکدا ساغ نەبێتەوە و بەردەوام بێت لە دەمەتەقێی لەسەر ئەم دیاردانە ، بە روونی ئەم بۆچوونە دەردەبڕێت و دەنووسێ :
<< نە دژایەتیکردنی ئەمەریکا و رۆژاوا و نە هاودەردی لەگەڵ گەلانی ئیسلامی و رۆژهەڵاتدا ، نابێ بە مەعنای باوەڕی دینی یا خۆبەستنەوە بە بنەما و ئامۆژگارییەکانی ئیسلامەوە لێک بدرێنەوە. لە بەرەیەکدا کە بە شێوەیەکی زۆر روون بەرانبەر ئەمەریکا و رۆژاوا دروست بووە گەلانی رۆژهەڵاتی و ئیسلامی و ئەفریقایی و ئەمەریکای لاتینی هێزی سەرەکین>>.
نووسەر بە هۆشیارییەکی دیقەتدارەوە سەرنجمان بۆ خاڵێکی گەوهەری نووسینەکەی رادەکێشێت و لەگەڵ ئەو هەموو داکۆکیە لە ئیسلام و رۆژهەڵات بێ پەردە دەنووسێت:
<< ئەمە هەرگیز مەعنای ئەوە نییە کە ئێمە بێ دوودڵی هەموو شتێکی ئیسلام و موسڵمانانمان قەبووڵ بێت و بەرگریی لێ بکەین>> .
شاکەلی دروست هەستی بە ناجۆری و ناکۆکی زۆر لایەنی ئیسلام لەگەڵ سروستی ژیانی سەردەم و پلەی گەشەکردنی گۆڕانەکانی مرۆڤدا کردووە. لێرەدا بەتوندی دژی ئەوانە دەوەستێتەوە کە بۆ هەموو شتێک بۆ رەگوڕیشەی و سەرەتاکانی ئیسلامی بەر لە ١٥٠٠ ساڵ دەگەڕێنەوە. هەر لەم روانگەیەوە داوا لە بیریاران و رێبەرانی ئیسلام دەکات بە خۆیان و باوەڕەکانیاندا بچنەوە و بە جۆرێک ئیسلام پێشکەش بکەن کە بێتە چەترێک بۆ چەوساوە و بەشخوراو و بێدەسەڵاتانی دنیا… دیارە کورد لە پێشەنگی هەموویانەوە دێت. بەکورتی و کرمانجی داوای ریفۆرمێکی رادیکالانەی سەرتاسەری دەکات بۆ دەرچوون و رزگاربوون لەو بارە چەقبەستووە وشکهەڵاتوو و ناجۆرەی ئیسلام و موسڵمانی تێدایە. لێدانی ئەم زەنگەش وەک گەلێ لە بیریاران و شرۆڤەکارەکان باسی لێوە دەکەن باشترین دەرمانی ئەو دەرد و ناتەواوییانە کە ئیسلام پێوەی گرفتارە. لەم میانەشدا ئاماژە بە دەستەیەک لە بیریاران و ریفۆرمخوازانی دنیای خودی ئیسلام دەکات . لەوانە(( محەمەد ئەرکوونی جەزائیری ، ئانماری شیممەلی ئەڵمانی و سەید حوسەین نەسری ئێرانی و حامید ئالگاری ئینگلیز)).
ئیمڕۆ ئیسلامی سیاسی زۆر کوێرانە و هێشتا لەپشت چاویلکەی رەشەوە تەماشای جیهان و گەردوون دەکەن ، بۆیە ئەم داخوازی و بانگەوازانە بە کودەتا و کوفر و لادان دادەنێن و راستەوخۆ بە پلانی دوژمنانی ئیسلامییەوەی دەبەستنەوە. بەدرێژایی ئەو مێژووەی کە ئیسلام تێیدا راگەیەندراوە وردە هەوڵی چاکسازی هەبووە و لەلایەن بەرەی دەسەڵاتداری ئیسلامەوە بەربەرەکانی کراوە. مێژووی ئیسلامیش تژییە لەو نموونانە و خۆمان رۆژانە ئەو گرووپ و هێزانە دەبینین چ ماڵوێرانییەکیان لە پاکستان و ئەفغانستان و ئێران و عێراق و لوبنان و تا دەگاتە کوردستانەکەی ئێمە بەرپاکردووە و خوڵقاندووە. رەفتارەکانی قاعید و سەربازانی ئیسلام و ئەنسار و ئیسلام و بەدەم سەڵاواتەوە سەربڕینی مرۆڤ و خۆتەقاندنەوە لەبەردەم باخچەی ساوایان و بەکارهێنانی گیانلەبەرو مێردمنداڵ و ژن بۆ کاری خۆتەقاندنەوە. سڵاوات لە دیاری ئەتاتورک و خومەینی سەدامئاساکان بەشێکی گەوهەری ستراتیژی ئیسلامی سیاسییە. یەک خەون بە سەڵتەنەتی عوسمانی و ئەوی دی بەشاهەنشایی ئێران و هەر هەمووش بە خەلافەتی عروبە و ئیسلامەوە دەبینن . ئەم دەستەوتاقمانە سەرگەرمی رەتکردنەوە و دژایەتیکردنی هەر پێشکەوتن و داهێنانێکی باوەڕدانی رۆژاوایی یان جولەکە و مەزهەب و ئایینەکانی دیکەن. ئەمانە و زۆر شتی دیکە هەمووی مشتێ لەو خەرمانی هەڵە و گوناهو سەرلێشێواییەی موسڵمانان لە هەلومەرجی ئێستای دنیادا دەردەخات و دەسەلمێنێت.
دەرئەنجام کۆمەڵێ نەخۆشی و دیاردەی ناشایستە بە ئیسلامەوە نووساوەکە تەنیا ریفۆرمێک کە هەڵگری پەیامێکی لێبووردەیی و مرۆڤدۆستی و قەبوڵکەری ئایین و کەسانی دیکە بێت دەتوانێ بنەبڕیان بکات. بەڵام ئایا ئەوانەی نان و پیازی سیاسی و سەڵتەنەتی دەسەڵات بە ئیسلامەوە دەخۆن و ئیسلام بۆ خزمەتی تورکچێتی و فارسچێتی و عروبەچێتی بەکاردەبەن و لایان وایە لە گێتیدا ئاوەزێکی دیکە لەخۆیان بەولاوە نییە و ئیمڕۆ لەناو فەرهەنگی دواکەوتوویی دا نقووم بوون ، ئامادەی گۆڕان و ریفۆرم و پەسەندکردنی کەمکردنەوەی دەسەڵاتیان و کردنەوەی جێگایەک بۆ ئایین و رێبازی دیکە هەن؟؟؟؟؟
بۆ شاکەلی ئایین و ئایدۆلۆژیا و بیر و رێبازێک گرنگە کە پایەی مرۆڤی تێدا بەرز و خزمەتی راستی و بەها کۆمەڵایەتییە جوانەکان بکات. شەڕی گەورە و سەختیشی لێرەدا بەگژداچوونەوەی هەموو ئەوانەیە کە بەناوی شتەهایەکی پیرۆزەوە خراپە و تاوان ئەنجام دەدەن. شاکەلی لە تەک درێژەدان بە باسەکانی کاتێ دێتە سەر کارەساتی ١١ی سێپتەمبەر دەیەوێ تەمومژێکی گوماناوی بەدەوری رووداوەکەدا دروست بکات و ئەمەریکا و ئیسرائیل بە بکەری رووداوەکە دابنێت.
من لێرەدا لە بەراییەوە باوەڕم بەوە هەیە ئەم رووداوە خوێندنەوەی جیاوازی لەسەر هەیە ، وەلێ من ناتوانم هاوڕای نووسەر بم . خوێندنەوەی شاکەلی چەشنی ئەو بەرە بەرفراوان و بەدگومانانەی ئیمڕۆی جیهانی عەرەب و موسڵمانان دێتە بەرچاوان. کێ دەتوانێ نکۆڵی لە بەها و نرخی تاک لە رۆژاوادا بکات . شتێکی بەڵگەنەویست و زانراوە ئەم رۆژاوایە چەند و چۆن بە تەنگ تاکەکانیانەوە دێن، کاتێ لە هەر گۆشەیەکی ئەم گۆی زەوییەدا تەنگانەیان بێتە بەر. کوشتنی زیاتر لە ٣٠٠٠ هەزار کەس و هەڵمەتبردنە سەر شکۆ و دەسەڵات و سیمبۆڵی هەرە دیاری رۆژاوا هەرگیز ناچێتە ئەقڵەوە کارێکی لەم چەشنە لەسەردەستی ئەمەریکادا بەئەنجام گەێندرا بێت.
لە بەشێکی تری نووسینەکانیدا شاکەلی گلەیی توند لە راگەیاندنی کوردستان دەکات ، بەرانبەر بەو لاساییکردنەوە کوێرانە و سنگکوتانە نەزانانە بۆ هەر هەموو شتێکی رۆژاوا. لای وایە ئەوانەی رۆژاواپەرستی دەکەن و دەیانەوێ پوشوپەڵاشی ترادیسیۆنەکەیان بهێنن و لە جێی کرۆک و مۆرک و بەهای چەندین ساڵەمان قووتیان بکەنەوە، ئەوانە سەرچڵ و خرابەکارن. لەمەش زیاتر پێمان دەڵێ:<< میدیای کوردی لە رووی سیاسەتی فەرهەنگی و پەروەردەی فکری و دەستەبەرکردنی ئازادیی بیر و دەربڕینەوە ، هەر بەردەوامییەکی ئاوساو و خۆخەمڵاندووی راگەیاندنی سەردەمی بزوتنەوەی چەکداری و خەباتی شاخن>>.
نووسەر… دروست بۆ مەسەلەکە چووە ، ئیمڕۆ لە کوردستاندا ئەو قەیرانەی میدیای حیزبی بۆ سەرجەم کایەکانی فەرهەنگی و مەعریفی تاکی کوردی دروست کردووە ، زیانەکانی هێندەی ئەنفالێکی خۆکرد وایە . گەر تەنیا نموونەی سیستەمی خوێندنی ژێر دەسەڵاتی دوو حیزبەکە و بەکارهێنانی دوو شێوە زاراوەی جیا لە پرۆگرامی خوێندن و نەبوونی هیچ دەستگای ئەکادیمی و زانستی تەرخان بۆ پرسەکانی زمان و میژوو و ئەدەب و هونەر و چەندان بواری دیکە دەشێ بەڵگەی بەس بن بۆ ماڵوێرانیمان بەدەست ئەو دەستگایانەوە. سەرگەردانی کارکردن و بیرکردنەوە رووی لە گشت بوارێکی ژیانی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی کردووە و بارە سیاسییەکەش لە مێژە لە کێشە و گرفتەکانی خۆیدا داڕزاوە. ئیدی دەردی سەری لەو پنتەوە دەست پێدەکات کە ئازادی لە هەموو بوارەکاندا بۆ حیزب قۆرخکراوە و حیزبایەتی پاوانی هەر شتێکی کردووە و بۆتە پێوەرە بۆ هەر دیاردە و پێداویستییەک.
هەموو ئەو دەربڕینە ئایینئامێزانەی شاکەلی هێشتا پێمان ناڵێ شاکەلی نرخ بۆ رۆژاوا و ئەو هەموو دەستکەوتە زەبەلاحانەی بۆ مرۆڤایەتییان بەدەست هێناوە دانانێ. نەخێر نووسەر بە دەنگێکی زوڵاڵ و راشکاوانە دەڵێ :<< ناسینی رۆژاوا بۆ ئێمە زۆر گرنگە. رۆژاوا ئەمڕۆ ناوەندی فکر و تەکنەلۆژیا و زانست و سیاسەتیشە. ناوەندی جڵەوکێشی و بڕیاری سیاسیشە. لە زۆر بواردا پێشەنگ و سەرکردەی دنیای ئەمڕۆن>>.
نووسەر ژیرانە لەم دیاردەیە دەڕوانێت و بە هۆشیارییەکی زیتەوە گەرەکێتی ئەم بارە بە واقعی کوردستانەوە ببەستێتەوە . شاکەلی بە گومانەوە لەو هەموو گۆڕانە خێرا و بە پەلانەی روویان لە کوردستان کردووە دەڕوانێت. پێی وایە ئەم دیاردە رووکەش و دەستکردانە هیچ پەیوەندییان بە پێشکەوتنی هۆش و ئاوەزی مرۆڤی کوردەوە نییە . تا دەگاتە ئەوەی دەنووسێ:<< کە ئەمانە نەبووەتە هۆی فراوانبوونی رووبەری ئازادییەکانی کۆمەڵ و تاکەکەس>>.
دروست وایە تاکی کورد لە بەرهەمهێنانی ئەم داهێنانە تەکنەلۆژیانەدا بەشداری نییە و هیچ پەیوەستێکی بەم جیهانە سەراپاگیرەوە نییە. بەڵام ئایا تاکی کوردیش هەر نەیتوانیوە هەتا ئێستا سوود لە داهێنانی وەک کۆمپیوتەر و ئینتەرنێت و مۆبایل و دەستکەوتە تەکنەلۆژییەکانی دیکە بکات ؟ ئەمە پرسیارێکە بە دیار وەڵامەوە لەچاوەڕوانیدایە.
هەستکردن بەم راستییانە و گوزارەکردنیان بەو شێوەیە ، هێمای هۆشیاری و خوێندنەوەی واقعی سەردەمەکەیە و نکۆڵینەکردنە لە راستییە بەڵگەنەویستەکان. لێرەشەوەیە جارێکی دیکە نووسەر دێتەوە نێو باسی رۆژاوا و دەڵێ :<< گەلێ دەستگای فەرهەنگی و زانستی مرۆڤانە و خەڵکی ئاسایی هەیە لە رووی مرۆڤدۆستی و فەرهەنگدۆستی ئاشنای رۆژهەڵاتن و دەیانەوێ ئاشنا ببن>>.
هەڵوێستێکی دیکەی نووسەر قسەکردنێتی لەسەر سیاسەتی پاوانخوازی و داگیرکردن و شەڕهەڵگیرسێنانەی ئیمپەریالیزمی ئەمەریکی. بە تایبەت لەسەردەمی جۆرج بوشدا.
مەخابن لێرەدا شاکەلی دەیەوێت پێمان بڵێ ئەمەریکا شەڕفرۆشە و بەزۆردارەکی شەڕی عێراقی کردووە. پەردەی نیگەرانی و خەمێک بەسەر ئەم بۆچوونەی نووسەرەوە دیارە. من لەگەڵ شەڕدا نیم ، وەلێ شەڕی سەددام لە پێناوی ئاشتیدا بوو. سەدام و رژێم و دەوڵەتەکەی لەوەتەی دروستکراون سیمبۆڵی شەڕ و هەڕەشەن بۆ تێکڕای ناوچەکە .
وەکو دیکەش ئەو شەڕە لە دیدی کوردایەتییەوە داوایەکی نەتەوەیی بوو بۆ لێدان و لاوازکردن و داڕمانی دەسەڵاتێکی دڕندەی داگیرکەری کوردستان . ئەوە خەونێکی پیرۆزی ساڵەهای ساڵ بوو هاتە دی ، دەنا قەڵای بەعس و عروبەی سەددام نە بە کەس دەرووخا و نە لە راستیشدا کەس دەویست بیروخێنێت . لە کاتێکدا دەوڵەتی عێراق چەندین بەرنامەی وەک ئەنفال و هەڵەبجە و سوتماککردنی کوردستان لە ئەجندەیدا مابوو دەرهەق بە کورد پیادەی بکات. بۆ مێژووش دەبێت ئاماژە بەوە بکەین ئەنجومەنی ئاسایشیش چەندین بڕیاری دەرکرد و سەدام پێشێلی کردن ، ئەوجا شەڕ بەرپا بوو.
نووسەر لە شوێنێکی دیکەشدا بۆچوونەکانی لەسەر ئەو پەیوەندی و دۆستایەتییە و کاریگەریی ئەمەریکا لەسەر کوردستان بە نەرێتی دەردەبڕێت و گوناهێکی گەورە لەمل کوردایەتییەوە دەپێچێتەوە و دەنووسێ :<< کوردستانیش دەبێتە داردەستێکی بێنرخی رۆژاوا و دەبێتە پێگەیەک بۆ هێزە سەربازی و فەرهەنگی و ئابوورییەکانی رۆژاوا، بێ ئەوەی کورد خۆی هیچی بەر بکەوێت یا رێگەی بدرێت پرۆژە و پرۆگرامەکانی بە پێی بەرژەوەندی نەتەوایەتیی خۆی دابرێژێت و جێبەجێ بکات. فەرهەنگی هەزاران ساڵەی کورد لەناو دەبرێت و کورد دەبێتە نەتەوەیەکی بێفەرهەنگی بێناسنەمەی وەک ئەمڕۆی خەڵکی تورکیا>>.
ئەم بۆچوونانە تا ئەو شوێنە راستن کە پرۆژەیەکی ئەلتەرناتیف و بەرەنگاری بەرانبەر بە هەژموونی رۆژاوا بۆ کورد لە ئارادا بێت. دەنا مانای وایە کورد چوامشقی لە ماڵی خۆیدا دانیشێت بەدیار میهر و سۆزی جیهانی ئیسلامییەوە تا رەحمیان دەتلیسێتەوە و وەک هاوئاینێک قەبوڵمان دەکەن و دەمانکەنە برای خۆیان!!.
ئاخر بەرنامەی رۆژهەڵاتە فەرمانی تەفروتوناکردنی فەرهەنگی کوردی لە هەگبەدایە. ئەردۆغانە عوسمان بایدەمیری سەرۆکی شارەوانی ئامەد دەداتە دادگا لەبەر ئەوەی بە کوردی ئاخاوتنی داوە. خامنەیی و نەژادی و رەفسەنجانییە کەمانگیر و هاورێکانی لە سێدارە دەدەن لەبەرئەوەی کوردایەتی دەکەن. فارس و عەرەب و تورکە فەرهەنگیان تاڵان کردووین و ئەوەی پێیان قووتدرا کردوویانە بە هی خۆیان و ئەوی دیکەشی دەشێوێنن و بزردەکەن.
ئەم بۆچونەی کاک فەرهاد لەرووی سیاسییەوە وامان پێ دەڵێت کەوا ئێمە شەڕی رۆژاوا بکەین. جارێ کورد لە بارێکدا نییە شەڕی ئەمەریکا و سیاسەتەکانی بکات. لەسەر کورد ئەوە پێویستە سیاسەتێ پەیڕەو بکات بەرژەوەندی نەتەوەیی لە خۆ گرتبێت و بە ئامانجی رزگاریی و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی بگەیەنێ. بۆ گەشتن بەم مەرامە لە کێوە و چۆن هاوکاری دەکرێت لای مەبەست نەبێت و هاوئاینی و دراوسێیەتی و جوگرافیا رێگر نەبێت لەبەردەم ویستە سیاسییەکانیدا . بە واتایەکی دیکە کورد خۆی نەکاتە شمشێری بەگژداچوونەوەی رۆژاوا و قەڵغانی بەرەنگاری لە ئیسلام . دەنا هەرخەریکی خولانەوە لە دیرۆکی خۆماندا دەبین و هەرگیز ناتوانین لەو رۆڵەی لە مێژوودا بەسەرماندا سەپاوە دەرباز بین. ئێمە دەبێت بەرگریی لە سیاسەتی بەرژەوەندی خۆمان بکەین و بەس ، دەنا جارێکی دیکەش لە ژێر رەوڕەوەی رووداوەکانی مێژوودا دەفلیقێینەوە.
هەر ناوەند و دەسەڵاتێک ئەمەریکا ، ئەوروپا ، نەتەوە یەکگرتووەکان ،جیهانی ئیسلامی یان عەرەبی هەنگاوێ بەلای سوودی کوردایەتیدا هەڵنێن ، دەبێت کورد پێشوازی لێ بکات. لەو هەلومەرجەی کوردی تێدایە گەر تاکە پووشێک فریادڕەسی بێت ، گەرەکە دەستی بۆ درێژ بکات و نابێت لە هیچ لۆمە و گازندەییەک سڵ بکاتەوە. گەر کورد بە زۆرزانی و فڕوفێڵ و ماستاوکردنیش بێت و تەنانەت لەسەر حسابی هەندێ شتی کاتیش بێت ، بتوانێ قەناعەت بە هەر بەرەیەک رۆژاوا بە تایبەت بێنێت دەوڵەتێکی بۆ دروست بکات ئەو سیاسەتەی زۆر رەوا و پیرۆزە. بە کورتی و کرمانجی هەرگیزاو و هەرگیز لە سوودی کورد نییە لەم هەلومەرجەدا خۆی بخاتە خانە و سەنگەری دژە رۆژاواوە. هەڵبەت نەک بە هەر مەرج و نرخێک وــ ناشڵێـم سبەی بۆمان دروست دەکەن ! ـــ . تەپڵی بەتاڵ و دڕاویش ئەوەیە بێ هیچ لێکدانەوە و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییەکی نەتەوەیی خۆ بکەیتە قوربانی ئایین و ئایدۆلۆژیا و دروشمی برایەتی گەلان و خەونی زڕە هاوئایینی و هاومێژوویی و هاونیشتیمانی کورد و گەلانی رۆژهەڵات.
رۆژاوا چۆن چەمکەکانی تیرۆریزم و سیکۆلاریزم دەخوێنێتەوە بە چ دیدێک لێیان دەڕوانێت و چی بە ئەلقائیدە دەڵێ و چۆن بنلادنی پەروەردەکردووە، ئەمە لە زانیارییەکی گشتی بەولاوە ، نابێت وابەستە بێت بە بیرکردنەوە و هەڵوێست وەرگرتنمان دەرهەق بە رۆژاوا.
لێرەدا منیش دەبێت قسەیەک بۆدزەکەی رۆژاوا بکەم. خەباتی ئیرلەندە و باسکیش لە روانگەی رۆژاواوە هەر بە تیرۆریزم ناو دەبرێت. کەواتە مەسەلەی ئەو چەمکانە هەر بە ئیسلام و موسڵمانەوە پەیوەست نییە. بە باوەڕی من میتۆدەکانی کارکردنی هەڵگرانی ئیسلام بۆ بەرەنگاربوونەوەی رۆژاوا هەڵەن و لەگەڵ ئاستی گەشەکردن و بیرکردنەوەی مرۆڤایەتیدا ناگونجێن و میکانیزمێکە بێئەندازە نەگریس و خوێناوی و دڵڕەقانەیە و لەم سەردەمەدا شیاوی قەبوڵکردن نییە.
پاشان شاکەلی دەستنیشانی دوو مەرج و پێویستی هەستیار و گرنگ دەکات بۆ دەربازکردنی ژیانی سیاسی و فەرهەنگی لە کوردستان. ئالێرەدا شارەزایانە بەدوای چارەسەری لایەنێکی بایەخداری بە هەڵەداچوونی سیاسەتی کوردستاندا دەچێت و پێی وایە:
یەکەم … دامەزراندنی سیستەمێکی سیاسی و دیموکراتی. ئەم داخوازییە چەند روویەکی شارستانی هەیە بەو ئەندازەیەش مەحەکی فەراهەمکردنی هەلومەرجێکی سروشتی و شایستەی سەردەمە. دەکرێت دەستکەوتی گەورەتر لەسەر ئەم زەمینە بینا بکرێت و ئاسۆی ئاییندەشمان رۆشنتر بێت.
دووەم… فەرگەنگی ئازاد. هەڵبەتە ئەو داوایەی سەرێ نە پێکدێت و نە سەر دەگرێت ، گەر فەرهەنگێکی ئازاد و بیرکردنەوەیەکی ئازاد و هەڵسوکەوتی ئازادانە هاوشان و هاوکار و هاوداوای خاڵی یەکەم نەبێت.
نووسەر پێی وایە و دروستیشی پێکاوە کە رۆژاوا کار لەسەر دوژمنایەتی نانەوە لە نێو خودی ئیسلامییەکاندا و سوود وەرگرتن لە ناکۆکییەکانیان دەکات . بۆ نموونە رۆژاوا ناتوانێ ئیسلامی ئیندۆنیسیا و ئیران و میسر یا مەغریب وەک یەک فەرهەنگی هاوشێوە تەماشا بکات.. سیاسەتی رۆژاوا لە پرسەکانی دیموکراسی و ئازادی بیروباوەڕ و فشارهێنان بۆ دەوڵەت و سیستەمە نادیموکراتەکانی دنیا هەمان شێوازی گلەیی و گازندەکردنێتی لە جیهانی ئیسلامی و تەشەنەکردنی هەڕەشەکانی تیرۆریزم لەم دەڤەرەدا بووە .
سەرکۆنەکردنی سیستەمی نادیموکراتی لە روسیا و چین و کۆریای باکوور و گەلێ شوێنی دیکە هیچی کەمتر نەبووە لە بەرەنگاریکردنی ئەو هەڕەشانەی چەکی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ناوچەکە و جیهانی دروست کردووە.
دنیای ئیسلام بۆخۆی لە قەیران و سەرگەردانی و دواکەوتن و هەزار بەرەکیدا گلاوە. لە شارێکی وەک سلێمانیدا دەیان مزگەوت هەیە هەر یەکەی سەر بە لایەن و دەستەیەکن. وەهابی ، سەلەفی ، یەکگرتوو . کۆمەڵ و چەندانی دیکە. لە گەلێک لەم دەوڵەتانەدا دەرەتانی جموجوڵێکی ئازادانە بۆ ئەم گروپە ئیسلامخوازانە بەرچاو ناکەوێت. هەر وەک مامۆستا شاکەلی خۆیشی ئاماژەی پێداوە: << ئەو ئازادییەی موسڵمانێکی کورد لە وڵاتێکی وەک سوێددا هەیەتی لە کوردستانەکەی خۆیدا نییەتی>>. من چەند ناوێکی بۆ زیادەکەم و دەڵێم ئەوەی موسڵمانی عەرەب و تورک و ئەفغانی و پاکستانی لە لە پاریس و لەندەن و بەرلین و ئەمستەردام و نیۆرک هەیانە لە جەزایر و میسر و سوریا و ئەنقەرە و …هتد نییانە و ناشیان بێت.
سیاستی رۆژاوا هەر بەرانبەر بە ئیسلام و کۆمەلگەی موسڵمانان رەخنەئامێز و خۆپارێزی نییە. جا دەبێت بە ئاگابین و بەدەردی عەرەب نەچین هەر شتێک ئەمەریکا بیکات بە دژایەتی خۆمانی لەقەڵەم بدەین.
سامۆئیل هەنتینگتۆن کە شاکەلی بەرپەرچی تێزەکانی دەداتەوە باس لەدیاردەی کۆچبەرانی مەکسیکی بەرەو ئەمەریکا و مەترسییەکانیان دەکات. بەدرێژایی ١١٠٠کم سنووری نێوان مەکسیک و ئەمەریکا رۆژانە بەهەزاران مەکسیکی بە نایاسایی دەچنە ئەمەریکاوە. لەوێش رەوەندێکی تایبەت بەخۆیان دروست کردووە، جگە لە زمانی ئیسپانی تاقە ووشەیەک ئینگلیزی چییە نایزانن و نایانەوێت فێربن. ئەم گردەوەبوونەش سیمای کۆمەڵایەتی وڵاتەکەی بەرەو گۆڕین بردووە. نووسەر ئەمانە بە مەترسی لەسەر سیستەمەکەیان دادەنێت. ئێ خۆ مەکسیکییەکان موسڵمان نین و بگرە هاو ئاینی خۆیانن .
ئاشکرایە پەرۆشی مامۆستا شاکەلی قوڵ و دوورەبینانەیە و ئارەزوومەند نییە ئایندەیەکی خوێناوی رووبەرووی کورد بێتەوە. ئەمەش هەست و بیردنەوە و دڵسۆزی خۆی تێدا بەیان دەکات و لە شوێنێکی تری باسەکەیدا دەنووسێ : << دژایەتی هەڵوێستی وڵاتە موسڵمانەکان و خۆپارێزی لە دیاردە نەگونجاوەکانی ئیسلام ،گەرای پرۆگرامێکی سیاسی دڕندە لە کوردستاندا دادەنێ. سیاسەتی ئەنتی عەرەب و ئیسلامیزم دەبنە ماکی لەدایکبوونی فاشیزم لە کوردستاندا>>.
لە روانگەی منەوە شەڕی ئیسلام و عەرەب بە ئەرکی کورد نازانم و کورد لە هیچ سیاسەتێکی ئەنتیئامێز بەرانبەر بە هیچ گەل و کەمەنەتەوە و کولتوور و ئایین و مەزهەبێک سوود وەرناگرێت ، وەلێ بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتی داگیرکاری و ئیستیتانی بە ئەرکێکی خودایی و گەردوونی و سەرزەمینی و مۆڕاڵی هەر تاکێکی کورد دادەنێم. ئیسلامی عەرەب و تورک و فارس ئیمڕۆ پیادەی ئەو سیاسەتە دەکەن لە کوردستان و دەرهەق بە نەتەوەی کورد ، بۆیە دژایەتی ئەمانە مەزنترین شەرەفی خەبات لەخۆدەگرێت. هەق نییە کەسایەتییەکی وەک مامۆستا شاکەلی لە ئێستاوە ترس و خەمی لە دروستبوونی فاشیزمی کوردی هەبێت!! فاشیزم وا لەناو خوێنی ئەوانەی ئێمەیان بندەست کردووە و وڵاتمانیان سوتماککردووە و ئیش لەسەر ژینۆسایدمان دەکەن لەژێر پەردەی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و برایەتی گەلان و هاوسێیەتی میژوویی…
دواتر کێ دەڵێ کوردستان باشترین پێگەی بێلایەنی لە ناوچەکەدا نابێت و رۆڵی داهێنەرانە و گردەبڕ لە بڕیارە سیاسی و ئابوورییەکانی ناوچەکەدا بەرقەرار ناکات. شیاوی باسکردنە چارەسەربوونی پرسی نەتەوەیی کورد ، فاکتەرێکی بەهێز و چارەنووسسازی کەمبوونەوەی گرژی و ئالۆزییەکانی ناوچەکە و بەرقەراربوونی سەقامگیریی و دامەزراندنی بناغەی پتەوی ئاشتی و برایەتی و شارستانێتییە. ئەودەمەش چیتر مەترسی سەرهەڵدانی شۆفێنیزم و هیچ دیاردەیەکی دیکەی زیانبەخش هەڵنادات و هەموو بە ئارامی کامەرانی دەکارین لەو بستە زەوییەی خودادا ژیان بگوزەرێنین. هەڵبەت ئایندەی ئەم بابەتە و تاقیکرنەوەشی هەمووی وابەستەی ئاوەزێکی سیاسی حەکیمانەن و من بەدووری نابینم دەوڵەتی کوردی پێشەنگی ئەم مەیدانە بێت .
دواتر نووسەر دەڵێ : << بۆیە دژایەتی ئیسلام دەکرێت لە رووی جوگرافییەوە هەرەشە لە رۆژاوا دەکات و خاوەنی نەوتە>>. رۆژاوا وەک ناوەندێکی بەهێز و خاوەن داهێنانی پیشەسازی و تەکنەلۆژی هەردەم بەدووی بەرژەوەندی یەکانی خۆیدا وێڵە . ئەم تەقەلایەشی لە سنووری چاوچنۆکی و رووتانەوەوە تا دەگاتە مەرامی داگیرکاری وڵاتانی دیکە پەرەی سەندووە و ملی بە رەو سیاسەتی نامرۆڤایەتییەوە ناوە. لەگەڵ ئەمانەشدا ئەفغانستان خاوەنی نەوت نییە ،بەڵکو تالیبان تێیدا حاکم بوو کە رێگەی لە رادیۆکردنەوە و گوێ لەمۆسیقا گرتن و چوونە قوتابخانەی ژن دەگرت.
سەرئەنجام نووسەر دەگاتە ئاکامێک و پێمان دەڵێت :<< فەرهەنگی ئێمە فەرهەنگێکی ئێرانی و ئیسلامی و رۆژهاڵاتییە. وە بەراشکاوی پێمان دەڵێت : نابێ بەو فەرهەنگە نامۆ بین خۆمان و نەوەکانی ئایندەی لێ بێبەش بکەین>>.
هەڵبەت من لاریم لەم بۆچوون و پرنسیپ و خەسڵەتە بە هیچ جۆرێک نییە و کتومت لەگەڵ بۆچوونەکەی شاکەلیدا هاوبیرم. وەلێ لێرەدا مەرجێکی قورسم هەیە و پێموایە دەبێت هەر یەک لە ئێمە بایی هێندە خۆی بکاتە خاوەنی ئەم پێناسەیە و شەڕی لەسەر بکات ، کە هەبوون و بوونی نەتەوەکەی لەریزی ئەوانی دیکەدا بەرانبەر و هاوشان و یەکسان بێت. هەردوو فاکتی مێژوویی و جوگرافیایی نابێت هەرگیزاو و هەرگیز بێتە مایەی ئەوەی خۆمان لەبیر بچێتەوە ، دەنا هەر داکۆکییەک لەوەی ئێران وەک دەوڵەتێکی ئیسلامی ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی بەرانبەر بە ئیسرائیل و رۆژاوای نەگریس و شەرانگێز ، راستەوخۆ دەکاتە خزمەتی وەچەکانی کۆرش و پەهلەوی و خومەینی. هیچ بەدووری نازانم کوردستان یەکەم تاقیگە و شوێنی بەکارهێنانی ئەو ئەتۆمەی ئێران بێت. ئەمە تەنها وەک نموونە و گریمانەک دێنمەوە و لە واقعیشەوە زۆر دوور نییە. پوختەی قسە ئەوەیە ئێمە سەلاحەدینێکمان پێویستە کورد لەو مەینەتی و مەرگەساتە رزگار بکات ، با ئاڵا و شمشێری ئیسلامیشی بەدەستەوە بێت، نەک سەلاحەدینێک ئەحمەدی نەژادی و ئەردۆغان و دەوڵەتە داگیرکەرەکانیان لە رووخان قوتار بکات. ئەرکی رۆشنبیرانیشە بەشداریی لە دروستکردنی کەسایەتیی زەردەشت یان سەلاحەدینێکی رزگارکەردا بکەن.
دوا بەشی دەرزیئاژن لە دووتوێی ٤٣ لاپەڕەدا لە ژێر ناونیشانی رێنوێنی ناو و چەمکەکان ، مامۆستا شاکەلی بە چڕ و پوختی دەیان چەمک و ناوی کەسایەتی هزری و سیاسی و ئەدەبی کوردیی و بێگانەی لە شێوەی فەرهەنگۆکێدا پێناسەکردووە. ئەم میتۆدەش تایبەتمەندێتییەکی دیکەی شێوازی زانستییانە و مۆدێرنانەی ئەم بەرهەمە نیشان دەدات و کلیلی ئاسانکاریی چوونە نێو دنیای باسە فکرییەکان و پرۆفایلی کەسایەتییەکان دەداتە دەست خوێنەر.
بەر لە ماڵئاوایی ناساندنی ئەم بەرهەمەی کاک فەرهاد شاکەلی گەرەکمە جارێکی دیکەش جەخت لەسەر ئەو بنەما و خەسڵەتە رۆژهەڵاتییەی بوون و فەرهەنگ و شارستانیمان بکەمەوە. هیچ ناجۆرییەک لە نێوان من و برای نووسەردا هەست پێناکەم . وەلێ بەداخم کە سیاسەت لەو دەڤەرەدا بە گشتی داینەمۆی هەڵسوڕاندنی ئەم تایبەتمەندییانەیە . سیاسەتیش بەدەست هێزەوەیە و هێزیش خۆی لە دەوڵەتدا دەنوێنێ. کورد دەوڵەتی نییە بۆیە لە پەراوێزی باسەکانیشدا جێی نابێتەوە. هەر ئەم هۆکارەشە وای کردووە ، من پتر لە پێویست لە روانگەی سیاسییەوە هەڵسەنگاندن بۆ بابەتەکان بکەم.
بۆ خۆم دڵنیام لەوەی لە هەر دێڕ و ووشە و رستەیەکی شاکەلیدا پرسی مرۆڤ و ژیان ، ئازادی و رەهەندەکانی و بەها و کامەرانی بۆ خەڵک خۆی مەڵاس داوە. کوردایەتیش بە چەمکی فراوانی رۆشنبیرانە رەگەزێکی چەسپیو و ئامادەی بیر و بەرهەمەکانی نووسەرە. خاترجەمیشم لە خەم و پەرۆشی شاکەلی بۆ سەرجەم لایەنەکانی ژیانی ئادەمیزاد ، بەتایبەت لەو بەشەی گۆی زەویدا کە رووبەرووی هەڕەشە و مەترسی بۆتەوە.
وێڕای بوونی هەندێ سەرنج و بیروڕای جیاوازم لەسەر شتەکان، زۆر بەگەرمی دەستخۆشی لە مامۆستا شاکەلی و ئەو بەرهەمە نازدارەی دەکەم . بە هیوام لەرێگای ئەم جۆرە بەرهەمانەوە فەرهەنگ و رۆشنبیریمان دەوڵەمەنتر و سوودبەخشتر بکات. ئەم جۆرە باسانە دەرگای مشتومڕێکی گەرم دەخوڵقێنن و دەرفەت بە خوێندنەوەی جیاوازی باسە فکری و مەعریفییەکان دەدەن. جگەلەوەش کتێبخانەی کوردی زۆر پێویستی بەم جۆرە بەرهەمانە هەیە و تەنها لەم دەروازەیەشەوە ئاسۆی رۆشنترمان لەبەردەمدا واڵاتر دەبێت .
٢٠ـ١٠ـ ٢٠١٠ بەرلین