ده‌نگ و ڕه‌نگی شاعیرانی پاییزه زوبان
گوزه‌رێکه به‌ناو چه‌ند ده‌قێکی شاعیران(دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی، قوبادی جه‌لیزاده، جه‌مال غه‌مبار، حه‌مه عومه‌ر عوسمان)
ده‌وه‌ن
( تا پاییز تارای زه‌ردی نه پۆشێ، زستان وه‌یشوومه‌ی سه‌ختی نه جۆشێ
وشک نه‌بێ پووشی ده‌شت و چیا و چۆڵ،نه یگرێ به‌فر لوتکه و شێو و دۆڵ)1
محه‌مه‌د ساڵه‌ح دیلان
له کاتی خوێندنه‌وه‌ی ده‌قی شیعردا،هیچمان له‌لای به‌شه‌کانی تری ژیانمان نین،به‌ڵکو هه‌موومان جهستهیهکیین له‌ناو دێڕه شیعرییهکانداو بهبێندهنگی دهخوێنینهوهو به‌ئاسته‌م گوێمان له ترپه‌ی دڵمانه(ئۆکتاڤیۆ پاث 2)ووته‌نی(ئه‌ڕی له ترپه ترپی پێڵوه‌کان زیاتر شتێکی تر هه‌یه؟)له هه‌موو ده‌قێکی زیندودا به‌تایبه‌تی ده‌قی شیعر،خه‌یاڵێک لهپهرتهوازبوون و مانا دروسته‌کاندا هه‌یه،که‌ده‌توانین له‌م دوو مانایه‌دا ڕه‌نگ و زمانه دروسته‌کانی ده‌ق و ماناکانی واتا و ئێستاتیکای ده‌ق و سیحره جوانه‌کانی ناوه‌وه‌ی ده‌قدا بیاندۆزینه‌وه،شیعر ئه‌و ده‌مانه ده‌بێته ده‌قی دروست،که بتوانێ له‌ناو ڕسته‌دا خه‌یاڵ و مانا بخوڵقێنێ،کاتێکیش خه‌یاڵ و مانا توانیان ستراکتوری وێنه و ناوه‌رۆک چێبکه‌ن،مانای وایه زمان له‌ناو ده‌قدا بوونی هه‌یه و وه‌کتریش ده‌توانین دیوه شاراوه‌کانی ناوه‌وه‌ی ده‌ق بدۆزینه‌وه‌و ڕاڤه‌ی جدیان له‌سه‌ر بکه‌ین.له‌ناو ئه‌و دێڕه شیعریانه‌ی کهدهیانخوێنینهوه،ئه‌وه ئێمه و خوێنه‌رین کڕو بێده‌نگ به‌ناو باخچه و گوڵه دێره‌کانا ده‌رۆین و ناتوانین تا دواهه‌مین ڕسته سه‌رهه‌ڵبڕین،شاعیریش له‌ته‌ک خۆی و شیعردا په‌لکێشمان ده‌که‌ن بۆناو گێڕانه‌وه‌ی(میتافۆر،زمان،وێنه) ئێمه‌ش زه‌مه‌ن و کات له‌ته‌ک خۆمان ده‌به‌ین بۆ دارستانی شیعر و له‌وێ جگه له دیوان و چه‌ند ڕسته‌یه‌ک هیچی دی به‌دی ناکه‌ین،خولاسه ئه‌وه ده‌قی سه‌نگینه به‌رده‌می زمانمان ده‌گرێت و ناهێڵێت جودا بینه‌وه له یه‌کتری،له‌م ساته‌دا شیعر وه‌ک موزیک وایه له‌گه‌ڵ کاته‌کانی ئێمه‌دا یه‌کده‌گرنه‌وه،یان وه‌ک ته‌ماشاکردنی تابلۆیه‌کی سه‌رنجڕاکێش ده‌چینه ناو دونیای ڕه‌نگ و هه‌ست ده‌که‌ین(موزیک، ڕه‌نگ،شیعر)یه‌ک ماڵیان هه‌یه،به‌ڵام له پۆشاک و خۆگۆڕیندا لێک جیا ده‌بنه‌وه،ئه‌و ڕۆحانه‌ی که عاشقی موزیکن زیاتر ئه‌م حاڵه‌ته ده‌یانگرێته‌وه،ئه‌وه‌ی ئاره‌زووی بێت گوێ لهموزیک بگرێت،دڵنیام هه‌میشه له‌ناو هه‌سته‌کانیدا شیعر و تابلۆ و ڕه‌نگ بوونی هه‌یه،نهێنی شیعری جوان له وه‌دایه که مانا‌و واتا له‌ناو ده‌قی شیعردا بخوڵقێنێ.ئه‌گه‌ر نا،پێچه‌وانه‌که‌ی ده‌بێته ئه‌ده‌ب نه‌ک شیعر.شیعریش دروستکردنه‌وه‌ی زمان و خه‌یاڵه ده‌کارێ گشت ڕووداوه‌کان له دێرێکی جوان و پڕ مانادا بگێڕێته‌وه،واته گێڕانه‌وه‌و جوڵه‌ی خه‌یاڵ ئه‌و ڕووداو مێژوویانه تۆمار ده‌کات که‌زه‌مه‌نێک به‌ر له‌ئێستا ڕوویانداوه.شاعیر هه‌م مێژوو ده‌نوسێته‌وه هه‌میش زمانی پاشه ڕۆژ به‌ره‌و نوێبوونه‌وه ده‌بات،ئه‌ز ده‌خوازم لێره‌وه به‌ره‌و خوار ببینه‌وه بۆناو ئه‌و ده‌قانه‌ی که‌هه‌میشه له‌سه‌رزاران میوانن و تۆسقاڵه زه‌ڕه‌یه‌ک لهههستهکانمان جودا نابنه‌وه (دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی)له دیوانی(من له شارێکی زۆر دوورم)زۆر به ساده‌یی و پڕمانا له قه‌سیده‌ی(زستان دێت)تابلۆیه‌کی تازه و گێڕانه‌وه‌یه‌کی تری زستانمان نیشان ده‌دات.
(زستان دێت)
(هه‌ست به هه‌ڵکردنی با ده‌که‌م
هاڕه‌ی شکانی گوڵدانێک دێته گوێم
هه‌ست ده‌که‌م
کتێبێک ده‌دڕێت
ئینجانه‌یه‌ک درز ده‌بات
دره‌ختێک ده‌وه‌رێت
گوێم لێیه
جۆلانه‌یه‌ک شه‌ق ده‌بات
باخێک ده‌مرێت
زستان دێت
شه‌ڵاڵ له ئاره‌قه
خۆی به ماڵدا ده‌کات و
چوار شانه …. کفت و شه‌که‌ت
له ژووری میوان داده‌نیشێت!)
وه‌رزه‌کانی ساڵ هه‌ر یه‌که‌یان خاوه‌نی ڕه‌نگ و موزیک و دیرۆکی تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه،هه‌ریه‌که‌یان به‌جۆرێک سروشت و ژیانی مرۆڤه‌کان جوانتر ده‌که‌ن،به‌گشتیش شاعیره‌کان ئاره‌زوویان له وه‌رزی پاییزه.وه‌رزی پاییز وهرزیكه تهژییهله(ڕه‌نگ،با،شیعر،گه‌ڵا،موزیک)زۆربه‌ی هه‌ره زۆری شاعیرانی کورد و بێگانه شیعری جوانیان بۆ پاییز نووسیوه‌و خۆیان و شیعره‌کانیان له ڕ‌نگی پاییز هاڵکێشاوهو تابلۆیه‌کیان بۆ پاییز نه‌خشاندووه،دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی له‌م چه‌ند دێره‌دا،نمایشێکی کۆتایی وه‌رزی پاییزمان نیشانده‌دات،دوا توڕه‌بوونی پاییزه و هاتنی وه‌رزی زستانه،شیعره‌کانی دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی،هه‌ر هه‌موویان کۆمه‌ڵێ ده‌قی(شانۆیی)ن سروشت و مرۆڤه‌کان پێکه‌وه خۆیان له‌ناو دێڕه شیعرییه‌کاندا نمایش ده‌که‌ن،قه‌سیده‌ی(زستان دێت)تابلۆیه‌کی جوانی کۆتایی وه‌رزی پاییزه،ئه‌م جۆره خه‌یاڵانه له تابلۆکانی(کلاودیا مۆنێ)ده‌چێت کاتێک که(با)چه‌تری خۆشه‌ویسته‌که‌ی ده‌فڕێنێ و سه‌راپا مرۆڤ و سروشت پڕ ده‌که‌ن له ڕه‌نگ،با،موزیک،شیعر. شاعیر قوبادی جه‌لیزاده،هه‌میشه گه‌ڕۆکێکی دونیایی سروشت و وه‌رزه‌کانی ساڵه،به‌رده‌وام وه‌ک وێنه‌کێشێ به ڕه‌نگی قه‌ڵه‌م، شیعر بۆ جوانی سروشت و پاکژی مرۆڤه‌کان ده‌نووسێ،دیوانی(خۆر له‌ناو په‌رداخێکی شکاودا)لێوان لێوه له ڕه‌نگی پاییز و زستان،چلووره‌ی وشه به‌سه‌ر گوێسه‌بانه‌ی شیعره‌وه تنۆک تنۆک بۆ ناو ڕه‌نگی شیعر داده‌بارێنێت.
شان و مل
( مانگ
به ده‌ست و په‌نجه‌ی تریفه
سه‌ر و پرچ و
شان و ملی
له به‌فر داده‌ته‌کێنێت )
ئاگردان
( به‌م نیوه شه‌وه، به‌فر
له په‌نجه‌ره و ده‌رگا ده‌دات،
گه‌ره‌کیه‌تی،
ده‌ست و په‌نجه‌ی ته‌زیوی
له‌به‌ر پشکۆی مه‌مکی ژنێکدا
گه‌رم بکاته‌وه)
قیژه
( له‌سه‌ر سووچی کۆڵانه‌که‌ماندا،
گوێم له زریکه‌ی ژنێ بوو.
که له په‌نجه‌ره‌وه سه‌یرم کرد،
ڕه‌شه‌با بووم
به قژ به‌فری ڕاده‌کێشا)
به‌کار هێنانی ئه‌م جۆره زمانه بۆ شیعر سه‌لیقه و هوشیاری زۆری ده‌وێت،واته زمان له شیعردا،دروستکردنی زمان و خه‌یاڵ و ڕه‌نگ و ئێستاتیکای خودی ده‌ق خۆیه‌تی،بێ ئه‌م که‌ره‌سانه‌ش شیعر دروست نابێت،هه‌میشه و به‌رده‌وام شیعر جه‌نگێکه له‌گه‌ڵ فیکردا،گه‌ر له‌ناو شیعردا فیکر ئاماده‌گی نه‌بێ،مانای وایه خاڵییه له جوڵه‌کانی ڕه‌نگ و موزیک و خایاڵ و زمان،شیعر له‌ناوه‌وه‌ی خۆیدا هه‌ڵگری ڕۆحێکی موزیکییه،به بێ ئه‌م ڕۆحه موزیکییه،ناتوانین ڕه‌نگ و بهرائهتهکانی سروشت مرۆڤ به‌دیبکه‌ین،جه‌نگی به‌رده‌وامی شاعیره‌کان،جه‌نگێکی مرۆڤدۆستانه بووه بۆ جوانکردنی ژیانی مرۆڤه‌کان و زیندووبوونه‌وه‌ی زمان و تێکه‌ڵکردنی کولتورهجیاوازهکان به گشت پێکهاته و مێژووی و جوگرافییه‌کانه‌وه.شیعر هیچ کات پێویستی به مه‌دح نییه،به‌ڵکو خۆی شیعر دوور که‌وتنه‌وه‌یه له زمانه‌کانی مه‌دح و ڕازیبووبن،هه‌مووکات شاعیره جیدییه‌کان مهراقێکیان هه‌یه،ده‌خوازن به‌شیعر(ژیان،مرۆڤ،نیشتیمان،ڕه‌نگ)به‌رنه ناو دڵی مرۆڤه‌کانه‌وه (جه‌مال غه‌مبار)له دیوانی(هه‌میشه با له‌وێ بین لای عیشق)له قه‌سیده‌ی(له‌پشت زه‌ریاکانه‌وه؛ گۆرانییه‌کی شکاو،وه‌ک دڵی من!)ده‌نوسێت :
(چل پایزی ته‌واوه، سه‌فه‌ری خۆم به کۆڵهوهو
ده‌ریا به ده‌ریا ده‌یگێڕم
چل پایزه،چرای خه‌یاڵات
له‌تاقه ماڵێکی بناری گۆیژه‌دا هه‌ڵده‌که‌م،
چل پایزه،دیوار لێم ده‌پرسێ”
ئه‌و ژنه دهریاوانات له کوێ جێهێشت،
ژنێ ئه‌و ده‌مه‌ی له‌گه‌ڵ ئاو جووت ده‌بوو
ده‌ریای پڕ ده‌کرد له عه‌تر و
ئاسمان له ماچ!
بمناسه‌وه،
قاسیدێکم له سه‌رابه‌وه هاتووم و،
ئاوێنه‌ی سه‌برم شکاوه‌و،
له زه‌ریاکان هه‌ڵاتووم و،
قیامه‌تی ته‌نیایی خۆم ده‌نووسمه‌وه)
سروشتی زمان و شیعری جه‌مال غه‌مبار،پڕه له نزای ئاشتبوونه‌وه‌ی ڕۆحه زویره‌کانی نیشتیمان،ئه‌و هه‌میشه له‌گه‌ڵ ڕۆحه سپییه‌کانی(مه‌حوی و مه‌ولانه)دا ئاڵوگۆڕی قسه و باس و پاڕانه‌وه‌ی تههاڕهتیان هه‌یه بۆ شیعر،سه‌ربرده‌ی ڕۆحه زیندووه‌کان به شیعر ده‌نووسنه‌وه،پێکه‌وه ده‌خوازن ڕووی په‌ڕه‌کانی مه‌عریفه و دیوی ناوه‌وه‌ی مرۆڤ له‌گه‌ڵ سرووشت ئاوێته بکه‌ن.جه‌مال غه‌مبار له‌به‌رده‌می ئاوێنه‌ی ژیان و ته‌مه‌نی غوربه‌تدا،به‌ده‌نگی به‌رز گۆرانی بۆ پایز و ته‌مه‌نی خۆی ده‌چڕێ،له‌سه‌فه‌ردایه و ده‌گه‌ڕێ به‌دووی ئه‌و شه‌وانه‌ی که ته‌مه‌نی خۆی و جوانی شیعری خسته ناو ڕووناکی چرایهکهوهو که‌چی جارێک له جاران(پایز)ئه‌و ژنه‌ی نه‌هێنایه‌وه بۆ(ئاو)بۆ ماڵه‌که‌ی گۆیژه،شیعر پرسیار له( غه‌مبار)و( غه‌مبار)یش پرسیار له شیعر ده‌کات،ئیدی لێره به‌دوا شیعر قیامه‌تی خودی( غه‌مبار) و پاییز ده‌نووسێته‌وه.
نیوه شه‌وێک له‌و دیو په‌نجه‌ره‌ی ته‌نیاییه‌وه،شاعیری پاییز زوبان(محه‌مه‌د عومه‌ر عوسمان)له‌گه‌ڵ ده‌نگی هه‌نسکی گریان و گڤه‌ی (با)دا گۆرانی بۆ خۆی و وه‌رزی پاییز و گه‌ڵا وه‌ریوه‌کانی ته‌مه‌نی پاییز ده‌چڕێ،ئه‌و وه‌ک مرۆڤێکی باڵابه‌رزی گهڵاپۆش،ده‌ستی ته‌مه‌ن به‌سه‌ر هه‌ڵوه‌رینی گه‌ڵاکانی پاییز و غه‌مه ئاڵتوونییه‌کانی خۆیدا ده‌هێنێ،لوتفێکی ئێجگار موقه‌ده‌سه مرۆڤێك بۆ گه‌ڵا وه‌ریوه‌کانی پاییز بگری،به‌ڵام چ گریانێک،گریان له‌سه‌ر تۆن و وه‌ته‌ره‌کانی( تار)ده‌ژه‌نێ،بۆ ته‌نیایی و پاییز و شه‌وی شه‌ڕی (با )له‌گه‌ڵ په‌نجه‌ره‌ی ته‌نیاو غه‌می میوانێکی تازه‌ی پاییز.دیوانی(له غوربه‌تا)زه‌ماوه‌ندی مردنێکه جودا له مردنی ئاسایی مرۆڤه‌کان،ئاوازێکه به ده‌نگ و ڕه‌نگی پاییز و گشت کورد زوبانێک ئاشنایه،حه‌مه عومه‌ر عوسمان،مایسترۆیه‌کی سه‌مفۆنیای پاییزه و ئه‌و ده‌زانێت وه‌رزی پاییز،به‌ته‌نیا هه‌ڵوه‌رینی گه‌ڵاکان نییه،به‌ڵکو ده‌نگ و ڕیتمی تازه و ڕه‌نگی تر له‌ته‌ک خۆیدا ده‌خوڵقێنێ،جودا له ده‌نگ و ڕه‌نگی وه‌رزه‌کانی تر.
( با )
( نیوه شه‌وێکی سارد و غه‌مناکه ..
پایز میوانه له ژووره‌که‌ما
هه‌ناسه‌ی ساردم ئه‌بێته ئه‌شک و
دێته خواره‌وه به باڵای ڕه‌شی په‌نجه‌ره‌که‌ما
*
هاوار و هاژه‌ی چه‌می ناڵینێک ..
ئه‌ڕژێته گۆمی مه‌نگی دڵه‌وه
ئارام و ئۆقره له گیانم ئه‌بڕێ ..
وه‌ک گه‌ڵای پایز به‌ده‌م چڵه‌وه
*
هاوار و هاژه‌ی چه‌می ناڵینێک ..
دێته گوێم ئه‌ڵێی ئاوازی تاره
نازانم کێیه به‌م نیوه شه‌وه تار ئه‌ژه‌نێت و
که‌شتی ئارامی کۆیله‌ی شه‌پۆلی ده‌ریای ئازاره ؟)
دواین وشه، شاعیرانی پاییزه زوبان،هێنده جوان ده‌نووسن مرۆڤ ناتوانێ له ئاستیاندا بێ ده‌نگ ببێت.!
————————
خێزگهکان :
1 – بارانی سلێمانی، به‌رهه‌می بڵاونه‌کراوه‌ی (محه‌مه‌د ساڵه‌ح دیلان) ئاماده‌کردنی(ئومێد ئاشنا)
2 – به‌ردی هه‌تاو (ئۆکتاڤیۆ پاث) وه‌رگێڕانی ( ئه‌حمه‌دی مه‌لا )