Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
رێزدار بێدەنگی

رێزدار بێدەنگی

Closed
by November 19, 2010 ئەدەب

 

گەلەو گەلەو گەلە .. ھەی ھەی لە پۆلیس  وعەبای دایکم، فشەفش و وڕێنەی سەرۆک و گوونی باوکم… چاوتان داخەن مرۆڤ لێرەوە تێپەڕی و با بۆخۆم تێرتێر گووی تاڵ و شیرینی پێ بخۆم، سەردەمی کولێرایە و لە کامۆش ئالۆز و نیگەرانترم، سەگ و گلۆپ و قالۆچە لە کاکافکاش راڕاتر و سەیرترم، گەلەگورگ و گەڕوگەل و گوون و گۆڕ و گلۆپ، پۆلیس و سیر و مۆپاسان و سەگ و سەرۆک، لە چیڕۆک چرووکم کرد نەبووم بە چیخۆف، من چیمداوە لە پۆلیس، لە خەونی شاعیر یا ھاژوھوژی سەرۆک، چیمداوە لە شفتە و شیعر، لە شەق و شیڕەشیڕ، لە شەقام و شەڕ و شێلم و شفتی و شیر…

منداڵ بووم بۆنی نووسینم لێدەھات، بەلام دەوروبەرەکەم خاوەن ئەو فەرھەنگە نەبوون بمکەن بە خەیام ببم بە سارتەر، ئەوڕۆ ھاوکارە فەرەنسییەکەم پێیگوتم لە بارەی ئازادییەوە زۆر سارتەرییت، منیش گوتم حەمەد کافری باپیرم لەگەل کاک سارتەری ئیماندار لە ئازادییدا خزمن و تێکەلن، بە ھەرحاڵ نەبووم بە تاگوور، نە لامای و نە ماندێلای بلند، بۆ بازیش ھەر مەپرسە و زۆریتریش، بۆ خۆشم جارجارەش فشەی بە گاڵتە دەکەم، نەبووم بە سەرۆکێک فشەکەر و راڕاو ھەزار روو و سووک و ھیچ و کەم و ریسوا و گالتەجاڕی گەل و دونیا..

منداڵ بووم دایکم بردمیە بازار ،ھێشتا دۆی دادەشم نەڕژاندبوو، ژیرەکان دەلێن منداڵ پێش خوداش دەکەوێ بەرلەوەی ببتە مرۆڤ، یا بە زمانی ئەمڕۆۆ دڕندەی پیرۆز، ھەست و نەست و ئەوسا چاویشم لە ئێستا جوانتر بوو، پۆلیسێکم دیت بە چەکەوە.. ئێستاش تێناگەم بۆ ھێندە ترسام و لە ترسان توند توند عەبای دایکمم راکێشا، دایکیشم لە شەرمان نەبادا عەباکەی لە سەری لادەم، ھەر ئەوەندەی پێکرا چەپەرۆکەکی لە سەرمدا و گوتی کوڕم ئەوە چیە شێت بووی؟ لە دوایدا زانی کە ترساوم لە چەک رەنگە لە یاسا قەرەقۆشییەکەی ئەوێ رۆژێش. زۆر سەیرە چۆن نەبووم بە مۆویت و ڤان کۆخ و گۆگان.. ئا لەو ساتەو کاتەدا تەمەنای ئەوەم دەکرد بچووک ببامەوە و گەڕابامەوە ناو گوونی بابم، بۆ خۆم ھەر ھەڵماتانێم بە جۆت گوونی بکردبایە.. ئایە دەزانن لە پاکیزەیی منداڵیی دۆڕان و بردنەوە نییە، ھەموو شتێک فشەیە و یارییە، دەشلێن کە مرۆڤ چووە ناو تەمەنەوە ئیتر فشەی بە خۆی و ژیانیش دێت، ئەمەیان زۆر راستە بە تێروانینیێکی تر، تۆ سەیری لای خۆمان بکە، ئەو سەرۆکە ئێکسپایەرانە چۆن فشەیان بە کۆمەڵگە دێ و تڕی خۆشیان پێناگیرێ، قوربەسەر میللەتم سەرۆکی وای ھەبێ دوژمنی ناوێ، رۆژانە ئەو گەلە سووکایەتی پێدەکرێ و گەلیش لە بری خۆپیشاندان و رابوون و راپەرین، گۆرانی گەلەو گەلە لە سەر ریتمی خێرا دەلێن، ئەرێ ھاوڕێ نیشتمان بۆتە شێتخانە یا من شێت بوومە شششێێێێێتتتتتتتتتتتت؟؟؟

(2)
چێرە بۆر.*
ماوەیەکە خولیای کەرتبوون بە مێشکمدا دێ و دەچێ.. خوا بە خێری بگێرێ و بۆ خاتری حەمە تۆرکە بە دووری بگری لێم.. لە چ دەور و زەمانێکدا شتی وا روویداوە؟ ،خۆت دابەشی دوو کەی، لە لەتبوونی خۆتدا کێ حەیرانت بی و لە مەستبوونیشدا شتی وا روو نادا.. خۆم باش دەزانم، دوازدە سالان، مەستی دوازدە عیلم بووم، بە عوزێر پێغەمبەر بە راستیمە و درۆش نازانم، دوا سوێندیشم بە چاوی چێرە بۆرەکەی عەیامی مندالییم.. رەنگە بڵێن ئەوە چییە ئەو برادەرەش لە دینی با و تۆفان و وەریندا چۆتە سەر باوەڕی غاندی نەمر؟ نە بابە نا من هەر کەرەکەی جارانم و دروشمیشم هەتا مردن بارهەلگر و لووشکەوەشەێن و زەڕینە..

با بێمەوە سەر باسەکەم ئەو مانگا بۆرە مانگا نەبوو پالەوانێک بوو بۆ خۆی… کە ئێواران گاڕان دەهاتەوە، من و مندالانی گەڕەک دەچووینە سەربان بۆ سەیری بەزمی مانگای بۆر.. پۆلیسێک، سەربازێک بە دیارکەوتبایە فلیمەکە دەستی پێدەکرد، یەک تەنگاو چێرە بۆر هێرشی بۆ دەبرد، بە دیتنی ئەو جۆرە جل و بەرگانە شێت و هار دەبوو، هەموو جارێکیش سەرکەوتن هەر بۆ مانگای بۆر بوو.. خاوەنەکەشی مامە شێخی دووڕوو و درۆزن بوو.. ئیدی پیاوانی گەرەک دەیانگوت یا شێخ تۆ ئەم هەموو دوعا و نوشتیانە بۆ خەلک دەنووسی دە دوعا و نوشتیەکیش بۆ مانگاکەت بنووسە و چارەی مانگاکەت بکە نەبادا تووشی بەلایەکی گەوەرە بێی.. ئەویش دەیگووت چچچچچچچ.. لەسەر ئاوازی سروودی نیشتمانی چیللی دا چ چ چ چیللی….، چچچچچ چچچچچ وایدەزانی گالتەی پێدەکەن، چونکە گوزەرانی ئەو لەسەر نوشتە و تەلەکەبازیی بوو.. خۆشی باوەڕی بەو بەزم و کارە دزێو و قێزەوونەکەی خۆی نەبوو.. بەلام بە راستی مانگا بۆر پالەوانێکی بە هەلوێست و بوێر بوو.. چونکە پۆلیس و سەربازەکان هی رژێمی داگیرکەری گۆڕبەگۆڕ بوون.. ئێستاش لە وەشت دەپاڕێمەوە نموونەی مانگا بۆرمان بۆ زیاد کا..

خۆتان دەزانن من کوێم دێشێ و بۆ حەیرانان دەلێم؛ گەر ببم بە دوو لەت، لەتێکم بچێتە پال مانگای بۆر.. ئێوەش لە مانگای بۆر گەیشتن پێویست بە دووبارەبوونەوە ناکا.. لەتێکیشم بچێتە پال نووسەران.. نەک نووسەری حیزبی حیز و لمووز بە گوو و هیچ لە بارنەبوو و دەربار… نووسەر وەک: سۆران و بەکر عەلی و سەردەشت، وەک دارا** و باز، وەک ئارام*** و نیرۆدا، وەک لۆرکا و پەشێو، وەک مارکیز و یەشار کەمال، وەک بەرزنجی**** ئارام و قوول کە دەلێ (ئازاری خەون و تەیر مەدە)، وەک هەمنگوای لە جەنگیشدا دەو بە پێکەنین بم.. پر لە ئەشق و لە جوانیی بم….
_______________________________
* چێل: مانگا – چێر.
** دارا ئەحمەد، نووسەری هەقبێژی کورد و مرۆڤایەتیی و سەرنووسەری ماڵپەڕی ئەمرۆ.
*** ئارام ئەحمەد عەلی، نووسەریکی پاک و هەقبێژێکی دەنگی ئۆپۆزیسیۆن و هۆشیار.
**** جەلال بەرزنجی هاورێم، ئارامترین شاعیر کە من بینیبێتم و لێیتێگەیشتبم.

(3)
کەری بەڕێز.

نە بۆ خۆشییه‌ و نە بۆ جوانیی بە تاقە شۆرتێکەوە*، لە ژوورەوە لێی دانیشتوومە و لە تەپلی سەرمەوە تا بنی پێم ئارەقەم لێدەچۆرێ، پاش وەرزشیش نییه‌ و وەرزشیش ناکەم.. تاکە وەرزشی من پیاسەیە لەگەڵ ئێوارەیەکی تەنها و تەنهایی خۆم.. بە کورتیەکەی فێنککەروەکەم پەکیکەووتوە و دەروێشیش نیم دەف بکوتم و پارەش وەکو حەی و وەیش نابتە میوانی خەونیشم، گۆرانیش نازانم تا مرۆڤ هەڵپه‌ڕێنم.. ده‌ هەڵپه‌رن ده‌ هەڵپه‌رن لەو ماڵه‌ خۆش و گەرمە. ئێرە بەهەشتە و فیرده‌وسی بلوورە، تژی لە مێیە و پر لە مەییە و لە شەرابی ترێشە.. شیعر و پانکەش عەیبی نییه‌ بۆ ئەو گەرما خۆشەی ئێرە.

لە کاتی نووسینی ئەو بابەتە بێ واتا و بێ سەلیقە مردووەشدا هەر لە تەرەزان دەچم، تەرەزانێکی قەلۆش.. قەلۆش و بۆش، ناتوانم بانگی ئاژەڵ و باڵندەکانیش بکەم، تەنها هەندێک خوو و رەوشتم دەچێتەوە سەر کەر.. هەندێکیش جیاواز لە کەر:

نە من مەلەوانی دەزانم نە ئەویش، به‌ڵام من گۆشت دەخۆم ئەو ناخوا،
دەزەرێ و دەزەڕم،
دەترێ و دەترم،
لووشکە داوێ و دەغەزرێ، هەڵدەچم و پەت دەپسێنم،
حەزی لە تۆپینی خۆیەتی تا زەرەر بە خاوەنەکەی بگات**، منیش ئەو ئاوێنانە هووردوخاش دەکەم کە سەروکەللەم بە کەر نیشان دەدەن…

کەڕەنای جەنگ لێدەدەم بۆ ئەو گوێیانەی گوێ لە کەر دەگرن و لووشکە لە مرۆڤ دەگرن.. رۆژ رۆژی منە و بەرانبەر پەنجەرە دادەنیشم زۆر به‌ رامبۆی ناو فیلمیش دەچم… ئەوەی ئێرەیی بە ژیانی من دەبا.. با بۆ خۆی چەقەنە لێبدا و قوون بادا.. هاورێیەکی سەرشێتم پێیگۆتم:

– دەزانی لێرە نێرینە لە مێینە باشتری بادەدا..
منیش گۆتم:  – توخوا؟

– ئەرێ بە خوا.

– هاورێکەم تۆ نازانێ مێژووی ئێمە بە چەقەنە دەست پێدەکا و هی ئەمڕۆشمان وەک رابردوو دەبتە تڕی ناو رانکێ و بەقوون بادان کۆتایی دێ.
– من وەکو تۆ باوەڕم بەو مێژووە حیزە نییه‌، به‌ڵام شتێک دەزانم چ بە چەقەنە بێ چ بە قوون بادان هەر دەبێ بمانکەنە خاوەن وڵات.

وەک دەڵێن: (خۆمان تێمان شکاوە) و لە خۆڕا نەیانگۆتیه‌: (کەرە مەمرە بەهارە)***، منیش لە شیعر و میعر دەپاڕێمەوە تا ژوورەکەم فێنک کا و لە ناو ئەو گیاوگۆڵه‌دا تۆزێ بگەوزم و بزەڕم و بتڕم و تڕتڕتڕتڕتڕتتتتتتتتتتتتتتتتتتتت تڕڕتتتتتتتتتتتتتتتتتتتڕتت رتت رتت.

* دەرپێ قوتە.
** پەندی کوردی.
*** ئەندام نیم لە حیزبی کەران، رێزم بۆ کەریش هەیە.

فةرهاد كةريم
Farhad4Hamad@yahoo.com

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.