Skip to Content

Saturday, December 14th, 2024
نان، ئاو،سینه‌ما

نان، ئاو،سینه‌ما

Closed
by November 19, 2010 سینەما

 

نامه‌یه‌كی كراوه‌ بۆ وه‌زیری رۆشنبیری

جه‌نابی وه‌زیر سڵاو و رێز

دوای دووجار هاتن بۆ نوسینگه‌كه‌تان و دوای چه‌ندین نامه‌ی ره‌سمی بێوڵام، ئه‌م نامه‌ كراوه‌تان بۆ ده‌نێرم، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خۆم به‌ به‌رپرس ئه‌زانم به‌رامبه‌ر شه‌پۆلی فیلمسازی له‌ كوردستان, چیرۆكی فیلمی كوێستانی قه‌ندیل، ستافی فیلمی كوێستانی قه‌ندیل و بینه‌رانی كوێستانی قه‌ندیل.
به‌ ناوی خۆم و ستافی به‌رێوبه‌ری فیلم، له‌ چه‌ندین نامه‌دا روونمان كرده‌وه‌ بۆ به‌ڕێزتان كه‌ به‌ هۆی وه‌رزی پاییز و كورتی روناكی رۆژ، هێنانی چه‌ندین ئه‌كته‌ر له‌ ئێران و ئه‌ڵمانیا و ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم، زۆری لۆكه‌یشنه‌كان و درێژ خایه‌ن بوونی پرۆسه‌ی دوای به‌رهه‌مهێنان، فیلمه‌كه‌مان به‌ سیسته‌می دیجیتاڵ ئاماده‌ كردوه‌، به‌ڵام نه‌مانتوانیوه‌ كۆپی 35م.م ئه‌و فیلمه‌ ئاماده‌ بكه‌ین. ئه‌وه‌ ساڵ و نیوێكه‌ كێشه‌ی ئه‌و فیلمه‌ به‌ كراوه‌یی ماوه‌ته‌وه‌و پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنانی به‌ هه‌ڵپه‌سێردراوی ماوه‌ته‌وه‌. نه‌بوونی كۆپی 35م.م ی ئه‌و فیلمه‌ بۆته‌ به‌ربه‌ست له‌ به‌رامبه‌ر بڵاوبونه‌وه‌ی ناوخۆ و جیهانی كوێستانی قه‌ندیل و دواجار ره‌نج به‌ خه‌ساری مادی و مه‌عنه‌وی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و ستافی 140 كه‌سی فیلمه‌كه‌.
خۆم و ستافی به‌رێوبه‌ری به‌رهه‌م دوو جار سه‌ردانی وه‌زاره‌تمان كرد بۆ قسه‌ كردن ده‌رباره‌ی ورده‌كاریه‌كانی ته‌كنیكی فیلمه‌كه‌، به‌ڵام نه‌مانتوانی جه‌نابت ببینین.
ئێستا فیلمی كوێستانی قه‌ندیل له‌ چوار فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی 15 مین خولی فستیڤاڵی ئۆرێنسه‌له‌ ئیسپانیا و نۆیه‌مین فستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی چاوی سێیه‌م له‌ مۆمبای و چل ویه‌كه‌مین خولی فستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی هێندوستان( گه‌وره‌ترین فیستیڤاڵی هێندوستان) و له‌حه‌وته‌مین فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی دوبه‌ی وه‌رگیراوه‌. له‌ فیستیڤاڵی ئۆرێنسه‌ خه‌ڵاتی باشترین سیناریۆی  وه‌رگرتووه‌.
فیلمی سینه‌مایی كوێستانی قه‌ندیل باس له‌ كلتوری هاوبه‌شی گه‌لانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ره‌نجی هاوبه‌شی ئه‌م گه‌لانه‌ ده‌كات و نوسه‌ر و ده‌رهێنه‌ری ئه‌م فیلمه‌ وه‌ك هاووڵاتیه‌كیی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و وه‌ك كوردێك ، سێ ساڵ كاری بۆ كردوه‌ و ستافێكی 140 كه‌سی به‌ درێژایی چه‌ندین مانگ به‌ ئه‌نجامی گه‌یاندوه‌. (ئێمه‌ دووجار ئێوه‌مان بانگهێشت كرد  بۆ بینینی ئه‌م فیلمه‌، به‌ڵام ئێوه‌ ئه‌وكات و ئێستاش ئه‌م فیلمه‌تان نه‌بینیوه‌ بۆیه‌ باسی چیرۆكی فیلمه‌كه‌تان بۆ ئه‌كه‌م.)
جه‌نابی وه‌زیر راستتان بوێت ئێوه‌ یه‌كه‌م  وه‌زیری رۆشنبیرین كه‌ سینه‌ما ناناسن و یه‌كه‌م كۆمۆنیستن سینه‌ماتان خۆش ناوێت. ئه‌وه‌ی من بزانم لینین ئه‌ڵێ ” سینه‌ما بۆ ئیمه‌ گرینگترین هونه‌ره‌ “.
ستالینیش وه‌ك ئه‌وه‌ی باسی ئه‌كه‌ن، ورد و درشتی فیلمه‌ سینه‌ماییه‌كانی  وڵاته‌كه‌ی خۆی بینیوه‌ و كاتی پاڵاوتنه‌ خوێناویه‌كه‌شی وه‌ك ئه‌ڵێن ئه‌كته‌ره‌ پله‌ چوارو پێنجه‌كانیشی به‌ وردی ئه‌ناسی و ئه‌یزانی كامیان كۆمۆنیستی باش و كامیان خراپن!… و خراپه‌كانی ئه‌نارد بۆ سیبریا.
ئێمه‌ ئه‌مانه‌مان له‌ مێژووی سینه‌مای كۆمۆنیسته‌كانه‌ وه‌ خوێندۆته‌وه‌. مێژووی سینه‌ما به‌ وردی باسی ده‌وری پۆزه‌تیڤ ونیگه‌تیڤی ئه‌وان ده‌كات. ستایلی “مۆنتاژ”ی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت به‌رهه‌می ئه‌وانه‌ و دواجار وه‌ك میراتێكی جیهانی سینه‌ما بۆ سینه‌مای هه‌موو وڵاتان ماوه‌ته‌وه‌.
جه‌نابی وه‌زیر، من ته‌نیا به‌رپرسی بیرو بۆ چونی خۆم و كرداری خۆمم. له‌ سه‌ر كۆی پرۆسه‌ی پێش به‌رهه‌مهێنان و به‌رهه‌مهێنان – و دوای به‌رهه‌مهێنان به‌رپرسم. له‌ هه‌موو كه‌مكاری و هه‌موو هه‌ڵه‌یه‌كی خۆم و ستافه‌كه‌م  به‌رپرسم. ته‌نانه‌ت له‌ ئه‌خلاقی ستافه‌كه‌م ( له‌ رۆژانی به‌رهه‌م هێنانی ئه‌م فیلمه‌دا)  به‌رپرسم .
پێم وایه‌ ئێمه‌ له‌ به‌رێوبه‌رایه‌تی سینه‌مای سلێمانی به‌ شێوازێكی ئاكادمی و پرۆفیشناڵ كارمان كردوه‌ و ویستوومانه‌ ئه‌م ئاوه‌ به‌ خراپی نه‌ڕژێ و نه‌مانهێشتوه‌ به‌ خراپی بڕژێ.
جه‌نابی وه‌زیر دڵگرانم له‌وه‌ی لینین و ستالین كاتی بینینی فیلمه‌كانی وڵاتی خۆیان هه‌بوو به‌ڵام جه‌نابت ئه‌وكاته‌ت نیه‌، دڵگرانم له‌وه‌ی وه‌ك به‌رپرسێكی رۆشنبیری ئه‌م وڵاته‌ تا ئێستا فیلمی كوێستانی قه‌ندیلت نه‌بینیوه‌. (وه‌ك به‌رهه‌می وه‌زاره‌تی رۆشنبیری‌و به‌ریوه‌به‌رایه‌تی سینه‌مای سلێمانی), دڵگرانم له‌وه‌ی گوێ له‌ سینه‌ماكاران ناگری. دڵگرانم له‌وه‌ی نه‌بوویته‌ باوك و برا گه‌وره‌ی رۆحی سینه‌ماكاران. دڵگرانم له‌وه‌ی به‌ گه‌نده‌ڵیان ئه‌زانی… دڵگرانم له‌وه‌ی رێزیان لێ ناگری. دڵگرانم له‌وه‌ی هه‌واڵی بێ نازی فیلمه‌ كوردیه‌كان له‌ فیستیڤاڵه‌ جیهانیه‌كان ده‌خوێنمه‌وه‌.
جه‌نابی وه‌زیر كه‌س له‌ حه‌قیقه‌ت سه‌رتر نیه‌ و هه‌ركه‌س له‌ به‌رامبه‌ریا بوه‌ستێت چكۆله‌ ئه‌بێته‌وه‌.
حه‌قیقه‌تێك (لێره‌دا) ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ خاوه‌نی هه‌زارو یه‌ك چیرۆكی نه‌نوسراوو هه‌زارو یه‌ك روداوی تاڵ و شیرین و هه‌زارو یه‌ك كه‌سایه‌تی له‌ بیركراوو… هه‌زارو یه‌ك رۆمانی نه‌نوسراوو نیگاری نه‌كێشراوو، ته‌خته‌ی شانۆی به‌تاڵ و… هه‌زارویه‌ك ڕێحانه‌ی دوره‌ دێراوو سازی هه‌ڵپه‌سێرراوین. به‌رپرسین به‌رامبه‌ریان!
جه‌نابی وه‌زیر كات كورته‌… ته‌مه‌نی ئێوه‌ بۆ په‌نجاو ته‌مه‌نی من له‌ سی تێپه‌ڕیوه‌… دواجار ته‌نیا به‌ به‌رهه‌مه‌ داهێنه‌ره‌كانماندا ئه‌مانناسنه‌وه‌.
به‌رپرسی رۆشنبیری هه‌ر وڵاتێك ته‌نیا به‌ دیوانه‌ شیعر و رۆمانه‌ چاپكراوه‌كانی سه‌رده‌می ئه‌و و فیلمه‌ دروست كراوه‌كان و كۆنسێرت و پێشانگا باش و به‌رزه‌كان له‌كاتی به‌رپرسایه‌تی ئه‌ودا هه‌ڵده‌سه‌نگێنن.
چاكه‌ت و پانتۆڵه‌ ئوتوكراوه‌كان و بۆینباخه‌كانی ژوره‌ پڕجموجوڵه‌كان كاڵ ده‌بنه‌وه‌، میوانیه‌ پڕشكۆوباق وبریقه‌ داره‌كان كاڵ ده‌بنه‌وه‌، كورسیه‌كان كاڵ ده‌بنه‌وه‌… ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ به‌رهه‌می داهێنه‌رانه‌یه‌.
جه‌نابی وه‌زیر سنگی میلله‌تی ئێمه‌ پڕه‌ له‌ چیرۆك… ئێره‌ كانگای داستانه‌. سینه‌ما وه‌ك نان و ئاو و هه‌وا بۆ ئێمه‌ پێویسته‌…بۆ گێڕانه‌وه‌.
زه‌مانێك ئاره‌زوومان بوو مناڵه‌ مل باریكه‌كان سكیان تێر بێ، ده‌سته‌ زبر و قڵشاوه‌كان نه‌رم ببنه‌وه‌ وه‌ك په‌نیری تازه‌یان لێ بێ…
ئێستا ئه‌م مناڵانه‌ پێویستیان به‌ به‌رهه‌می فیكری هه‌یه‌… پێویسته‌ چه‌نده‌ سكیان تێر بێ و ملیان باریك نه‌بێ ئه‌وه‌نده‌یش بخوێننه‌وه‌ و ببینن. بچنه‌ هۆڵه‌كانی سینه‌ما، گه‌له‌ریه‌كان،… خۆیان بناسن و دنیا بناسن.
ده‌شتی رۆشنبیریمان تینوو بێ ئاوه‌. فه‌قیرحاڵی فكری به‌هه‌موو شوێنێكی كۆمه‌ڵگاكه‌مانه‌وه‌ دیاره‌.
هه‌ر لێرشه‌وه‌ گله‌یی له‌و براده‌ره‌ فیلمسازانه‌ ده‌كه‌م كه‌ له‌ كوردستان ئاوی سینه‌مایان ناشرین و خراپ رشت، ئه‌وان له‌پێناو دروستكردنی فیلمی خۆیاندا (وه‌ك ئه‌وه‌ی فیلمه‌كه‌یان یه‌كه‌م فیلم و ئاخرین فیلم بێت له‌ كوردستان) به‌ بێ له‌به‌رچاوگرتنی داهاتووی سینه‌ما له‌م وڵاته‌، یه‌كه‌م خشتیان به‌ خواری دانا و به‌ زیره‌كیه‌ك (كه‌ جیگای رێز نیه‌) ته‌نیا و ته‌نیا له‌ بیری خۆیاندا بوون و هیچ هه‌وڵێكیان بۆ به‌ سیسته‌م كردنی سینه‌ما له‌ كوردستان نه‌دا.
جه‌نابی وه‌زیر دواجار زه‌مان وه‌ك قازیه‌كی به‌ ئینساف له‌ هه‌موو كه‌س ده‌پرسێته‌وه‌ .
” نان ، ئاو ، رۆشنبیری! “
ئه‌بێ ئه‌م رسته‌یه‌ له‌سه‌ر ده‌رگای وه‌زاره‌ت نوسرابێت.
ئایا نوسراوه‌ ؟

ته‌ها كه‌ریمی
نوسه‌رو ده‌رهێنه‌ری كوێستانی قه‌ندیل

 

Previous
Next