
خه‌می منی مرۆڤ له (په‌رداخێك ژه‌هری سپی) دا
ڕۆمانێکی تازه‌ی کوردی: خه‌می منی مرۆڤ له (په‌رداخێك ژه‌هری سپی) دا
کاردۆخ ئیلیاس زاده
گابریل گاسیا مارکیزی چیرۆك و ڕۆمانوس و ڕۆژنامه‌نووسی کۆڵۆمبی که ساڵی 1982 خه‌ڵاتی نۆبڵی وه‌رگرت ده‌ڵێت: “نووسه‌ری ناودار که ده‌یه‌وێت به‌رده‌وام بێت له نووسین پێویسته به‌رده‌وام له بهرگریدابێت دژی ناوبانگ”.
بۆیه ده‌بینین لای ئێمه‌ی کورد بواره جۆراوجۆره‌کانی ژبان ته‌نانه‌ت ڕۆشنبیرێتیش مۆده‌و ده‌سه‌ڵات ده‌یسه‌پێنێت، ئه‌وه‌ی به‌خت یاوه‌ریی بێت و له‌گه‌مه سیاسییه‌کاندا شاره‌زا بێت دهیباتهوهو وته‌کانی به نموونه له‌ملاولا دههێنرینهوه ئه‌گه‌ر له بنه‌ره‌تیشدا هی خۆشی نه‌بن کاتێک تۆیه‌کی وردبین که هه‌ست به‌و ڕاستیانه ده‌که‌یت بێیته قسه‌و ڕاستییه‌کان ڕاشکاوانه بخه‌یته ڕوو ده‌که‌ویته به‌ر نه‌فرین و هێرشی ناڕه‌وا، ئه‌مه کێشه‌یه‌که بوعدی مه‌عریفی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ڕامیاریی و ئابووریی و که‌لتووریی هه‌یه و لێره‌وه ناسنامه‌ی ڕۆشنبیری ڕاسته‌قینه ون ده‌بێت و له جێیدا چه‌ند ئه‌لته‌رناتیفێکی بێ مه‌غزا جێی ده‌گرێته‌وه و لێره‌وه‌ش دابڕانێکی مه‌ترسیدار دێته دی له نێوان ڕه‌وتی ژیان و کۆمه‌ڵگاو ڕۆشنبیر.
زۆرن ئه‌وانه‌ی له زه‌مه‌نه‌که‌ی خۆیاندا نه‌ناسراو بوون و که‌چی دوای چه‌ند ده‌یه‌کی سه‌ده‌یه‌ك هوشیاریی میلله‌تان گه‌شتووه‌ته ئه‌و ئاسته‌ی که ناسنامه‌ی ڕاسته‌قینه و مافی ته‌واویان بۆ بگێڕنه‌وه له ئاستی نووسین و ڕچهشکاندنی زه‌مه‌نه‌که‌ی خۆیاندا، به‌ڵام دوای چی؟ پاش ئه‌وه‌ی که هه‌ڕه‌شه‌و کاره‌سات و برسێتی و کۆیله‌یه‌تی لاپه‌ڕه‌ی ژینی هه‌ڵوه‌راندن!.به چاو خشاندنێکی خێرای ده‌وروبه‌رمان و ئه‌زموونی جیهانییدا ده‌یان نموونه له‌م باره‌وه ده‌بینین و ده‌خوێنینه‌وه.
ڕۆمانی (په‌رداخێك ژه‌هری سپی) که ئه‌م مانگه که‌وته بازاڕه‌وه به ژماره سپاردنی 1854 ی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتی کتێبخانه گشتییه‌کان، له نووسینی ڕه‌ند محمد ناوێك، که نازانم ناوی خواستراوه یان نووسه‌رێکی نوێیه چونکه من زۆر ئه‌و ناوه‌م پێش چاونهکهوتووه، به‌ڵام گرنگترین هه‌ڵسه‌نگاندن ڕۆچوونه به پێچ و په‌نا هونه‌ریی و مه‌ودا فه‌لسه‌فی و ڕوئیاو پاشانیش ناوه‌ڕۆکی ڕۆمانه‌که‌دا، که ئه‌مه وامان لێ ده‌کات خوێندنه‌وه‌یه‌کی مهوزوعیانهترمان بۆی هه‌بێت و نه‌که‌وینه داوی ڕه‌ونه‌قی ناوه‌کانه‌وه، ئه‌مه‌ش دابڕانی ده‌قه له نووسه‌ره‌که‌ی.
ئه‌م ڕۆمانه هه‌رچه‌نده نزیکه‌ی 100لاپه‌ره‌یه‌کی مام ناوه‌ندییه به‌ڵام له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌یدا که‌مه‌ندکێشی هه‌ر پێنج به‌شه‌که‌ی کردم و تا ته‌واوم نه‌کرد وازم لێ نه‌هێنا. گه‌مه‌یه‌کی ته‌کنیکی و وشه‌کاریی وردی تیا کراوه‌و به شێوازێکی ته‌نانه‌ت هه‌ندێك جار گاڵته‌ئامێز ده‌مانگێڕێته‌وه بۆ 3 زه‌مه‌نی جیاواز:زه‌مه‌نی پێش ڕاپه‌ڕین و دوای ڕاپه‌ڕین و پاش پرۆسه‌ی ئازادی عێراق..له هه‌ر 3 پارچه‌که‌ی باشوور و ڕۆژهه‌ڵات و باکووری کوردستانه‌وه کاره‌کته‌ره‌کان تیایدا ونن، شێوازیی ڕیاڵیزمی و سوریالیی تیا به‌رجه‌سته بووه، هه‌ندێك جار زمانه‌که‌ی زۆر ناسك ئه‌بێته‌وه‌و نزیك ئه‌بێته‌وه له شێوازی هۆنراوه‌ی ئینتیباعیهوه، وتاره سیاسییه‌کانی ڕۆژو ڕووداوه خێراکانی ڕۆژگار کاردانه‌وه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆی هه‌یه له‌سه‌ر که‌سایه‌تییه جیاوازه‌کانی ناو ئه‌م ڕۆمانه ، ته‌نیا تاڵه موویه‌ك هه‌یه بۆ جیا کردنه‌وه له نێوان بابه‌ته جۆراوجۆره‌کانی ڕامیاریی و کۆمه‌ڵایه‌تی و مرۆیی و مێژوویی و ڕۆشنبیریی و هتد.. سیناریستێکی زیره‌ك ده‌توانێت چه‌ندان سیناریۆیی هه‌مه‌لایه‌ن و جیاواز له ههرلاپهڕهیهکدا جیا بکاته‌وه‌و کاری له‌سه‌ر بکات، خه‌مێکی گه‌وره چه‌ندان ورده خه‌می له خۆ گرتووه‌و هه‌مووشیان به ئاراسته‌یه‌کدا ده‌جوڵێن، له هیچ شوێنێکدا مانای ته‌واو چنگ ناخه‌یت و ناگه‌یته‌وه دوایی سه‌فه‌ره سه‌ره‌ڕۆکانی ناو ئه‌م ڕۆمانه، بۆیه کاتێك دوا په‌ره‌گراف ده‌خوێنیته‌وه هه‌ست ده‌که‌یت تازه ده‌ست ده‌که‌یته‌وه به خوێندنه‌وه‌ی، زۆر پرسیاریی تێدا هوروژێنراوه له دوتوێی ئاماژه جیاوازه‌کانی خه‌مه‌کانی مرۆڤی کورددا له‌هه‌ر شوێنێك بن، هه‌ر هۆی ئه‌م ئۆریجناڵیهشی بوو که تووشی ڕامان و هه‌ڵوێسته‌کردنی کردم و وای لێ کردم جارێکی تریش به وردتر بیخوێنمه‌وه، ڕاسته زۆر جار نه‌ك وته‌یه‌ك به‌ڵکو کتێبێك ژیان و ئاراسته‌ی مرۆڤ ده‌گۆڕێت ئه‌گه‌ر هه‌رچه‌ندێك مرۆڤ له مه‌یدانه‌کانی تردا که‌للـه ڕه‌ق و قایم بێت.ئێمه پێویستمان به ده‌نگی ڕه‌سه‌ن و ڕۆشنبیری خاوه‌ن هه‌ڵوێسته، داهاتووش سه‌نگی مه‌حه‌کی ئه‌مڕۆ و قۆناغه جیاوازه تیأڕهوهکانی ڕه‌وتی میلله‌تان و کۆمه‌ڵگاکانه. هیوادارم هه‌موو خوێنه‌رێکی جیددی کورد ئه‌م ڕۆمانه‌ی ده‌ست بکه‌وێت و به وردی بیخوێنێته‌وه و وه‌ك من له‌ده‌رگایه‌که‌وه بچێته ناوی و که‌چی له ده‌رگایه‌کی جیاوازه‌وه بێته ده‌ره‌وه. لێتان ناشارمه‌وه له‌گه‌ڵ به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی ڕۆمانه‌که‌دا وامزانی ڕۆمانێکی دڵدارییه به‌ڵام هه‌ر زوو ڕووداوه یه‌ك له دوای یه‌که‌کان و کاره‌ساته مرۆییه‌کان وقه‌یرانه تراژیدیاییهکان و که‌سایه‌تییه جیاوازه سه‌رنج راکێشه سلبی و ئیجابییه‌کانی ناوی مه‌لی خه‌یاڵی به‌ره‌و موعاناته هاو شێوه‌کانی گه‌نجی سته‌مدیده‌ی کورد ههڵفراندم و له کۆتاییدا منی خوێنه‌ر هه‌ستم کرد که زۆر نزیکه له گیانمه‌وه و گوتاری ناخم پێشکه‌ش ده‌کات.. له کۆتاییدا به‌م وشانه دوایی به به‌شی پێنجه‌م ده‌هێنێت و دووباره به‌رخۆدان ئه‌به‌خشێته‌وه به خودی دوای ئاکامی شکستییه‌کان و ده‌ڵێت:
“جارێکیان له‌و لێوارانهدا خۆت دۆزیه‌وه که هه‌موو ڕایان ده‌کـــرد، که‌س نه‌یده‌زانی بۆ کوێ ده‌چێت، وه‌یشومه‌ی فڕۆکه بۆرهکـــــــــان مه‌رگی په‌خش ئه‌کرده‌وه به‌سه‌ر کانی و مه‌زرا و پێدهشتهکــــــــان، قیژه‌ی مناڵ ده‌گه‌شته هه‌موو لایه‌ك، سه‌ر ته‌نوور و بهردهرگــــــای قوتابخانه و ناو بازاڕ‌و هه‌موو جێیه‌ك وه‌کو ڕۆژان جمــــــــــــهی نه‌ده‌هات، ئازا ئه‌و که‌سه‌یه ده‌م و لوتی بگرێت و بــــــــــــــــــهرهو به‌رزاییه‌کان دووردوور ڕابکات، جیهان له خه‌ونێکی قوڵـــدا بوو، سیناریسته‌کان خه‌ریك بوو ئاماژه‌ی کۆتایی فه‌سڵی یه‌که‌م بـــــــــه ئه‌کته‌ره موحتهریفه بێ به‌زه‌ییه‌کان بده‌ن له پڕێکدا کارهبـــــــــــــــا کوژایــــــهوه، شه‌وێكی یه‌ڵدا باڵێ کێشا به‌سه‌ر دیمه‌نه‌کانی ئــــــــه‌و تراژیدیایــــــــهداو جیلوه‌ی ئه‌ستێره‌کانیش له ئاسماندا به هیــــــــــچ جۆرێك نه‌ده‌هاته پێـــــش چاو. ئه‌و په‌پوولانه‌ی دوێنێ ئه‌و به‌هــــاره پڕ له لاله‌زار و گوڵاڵه و نێرگزهیان ڕازاندبووه‌وه و نه‌خشاند بــوو ئێـــستا بوونه‌ته تهرمێکــــــــــــــی تاڵانکراوی بێ گیان هه‌ر ئهڵـێی له‌ســــــــه‌ر گوڵه‌کان
خه‌ویان لێ که‌وتووه!
وزه‌ی مێردمنداڵێت له هاوارکردن و گوتنه‌وه‌ی دروشمــــــــــــــی خۆپیشاندانه یه‌ك لهدوایهکهکاندا بهکارخستبوو، که واتده‌زانی هـــه‌ر خۆت به ته‌نیا ئه‌توانیت ئه‌و په‌یکه‌ریی سته‌مانه بشکێنیت، ئه‌وه تاکه ڕێگاو باشترین جۆر‌و شێوازی ڕهفزکردنهوه بوو تا بتوانـــــــــــیت بارگه‌ی ڕقه پیرۆزه‌کانی ده‌روونتی پێ خاڵی بکه‌یته‌وه، بـــــــــهرهو دوندی ئازادیی و سه‌رفرازیی هه‌ڵکشێیت، ئێستـــــاش جارجــــــــار به‌ده‌م خه‌وه‌وه ئه‌ڕۆیت و ده‌ست به‌رز ئه‌که‌یته‌وه و هـــاوار ئه‌که‌یت:
ئێمه‌ین چینی چهوســاوه چه‌کوشه‌که‌ی ده‌ستی کاوه ”