Skip to Content

Tuesday, April 23rd, 2024
لوتكەی چەقبەستنەوەی سیاسی…!

لوتكەی چەقبەستنەوەی سیاسی…!

Closed
by November 21, 2010 گشتی

 

بە دوای زیاتر لە ھەشت مانگ لە سیناریۆی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ،و پێكنەھێنانی حكومەت لە لایەن لیستی براوەوە ،و ھەوڵی ھەمو ھێزە ناوخۆیی و دەرەكی یەكان، لە ئاكامدا مەسعود بارزانی دەسپێشكەری یەكی كرد ،و بانگەوازی ھەمو سەرۆك و سەركردەی لیستە براوەكانی كرد بۆ بەستنی كۆبونەوەی لوتكە  لە رۆژی 8-11 لە شاری ھەولیر.
وە لە ئاكامدا  سەرانی لیستە براوەكان، لە ھەر سێ باڵە بۆرژواكانی ئیسلامی و ناسیونالیستی عەرەبی و كوردی، كە خۆیان لە لیستەكانی عراقیە بە سەرۆكایەتی عەلاوی،و لیستی دەوڵەتی یاسای مالكی ،و ھاوپەیمانی نیشتیمانی ئالحەكیم ،و لیستی ھاوپەیمانی كوردستانی ،نوێنەرانی رەوتی میلیشیای سەدر، بۆ یەكەم جار كوبونەوە بە مەبەستی تەوافق لەسەر پوستەكان تا بتوانن لە قەیرانی پێنەھاتنی حكومەت رزگاریان بێت و حكومەتی شەراكەی نیشتیمانی جێ مەبەستی خۆیان پێكبێنن.
ھەڵبەت ھەروەك لە دەزگاكانی راگەیاندنی خۆیان و ھەمو دەزگاكانی تریشەوە بلاوكرایەوە كە كۆبونەوەی یەكەم لە ھەولێر زیاتر  خیتابی سەرۆكەكان بوو، وە لە كۆتایی دا ھەرچۆنێك بوو ڕێككەوتن لەسەر كارنامەیەك تا كوبونەوەكانیان بەردەوام بێت بۆ پیكھێنانی حكومەت.بەڵام رۆژی دوایی كوبونەوەیەكی تریان لە سەری رەش لە ماڵی بازرانی ئەنجام دا بێ ئەوەی علاوی و ھاشمی بەشدار بن. بۆیە ناچار كۆبونەوەی لوتكەكانیان گویزایەوە  بۆ نوسینگەی بارزانی لە بەغدا.
 بە پیی ئەوەی راگەیاندەنكان بلاویان كردوتەوە دوای فشاری زۆری جۆراوجۆری ئەمریكاو ئێران و سعودیەو توركیا و سوریا و میسر و  ،دیارە ھەر یەك لە روانگەی بەرژەوەندی یەكانی خۆیانەوە، لە ئاكامدا ڕێككەوتنەوە لەسەر ھەمان تەوافقاتی تایەفی و قەومی بە كەمێك دەسكاری یەوە بۆ رازیكردنی لیستی عەلاوی . ئەمەیش  بە دوبارە دانانەوەی مالكی  بە سەرۆك وەزیران بۆ دەورەیەكی تر و تالەبانیش بە سەرۆك كۆمار،و پۆستی سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی ئەنجومەنی نیشتیمانی بۆ پرسە سیاسی یە چارەنوسسازەكانیش بدرێن بە سەرۆك و سەركردەكانی لیستی عەلاوی.
بەم شیوەیە بە رواڵەت وا دیارە كە ئاكامی ئەم دەسپێشخەری یەی بارزانی قەیران و تەنگژەی حكومەتیان كۆتایی پی ھێناوە. رۆژی  پینجشەممەش پەرلەمان كۆبۆوەو یەكەم دانیشتنی فەرمی ساز داو  رەسمی یەتیان دا لەم دووبارە دابەش كردنە تایەفی قەومی یە  .بەم شیوەیە ھەروەك چۆن بە ھەزارو یەك فیڵ و تەلەكەو لە خشتە بردن و وەعدەو وەعید خەڵكی عێراق و كوردستانیان راكێشایە بەردەم سندوقەكان و پەنجە موریان لی وەرگرتن ،و بی ئەوەی ھیچ ئیعتیباریك بو دەنگی ئەو خەڵكە دابنێنن، ئەوان ئێستا بە پیی بەرژەوەندی یەكانیان رێككدەكەون و بە ووتەی خۆیان حكومەتی شەراكەی نیشتیمانی بێك دێنن.دیارە پاش راگەیاندنی ئەم ریكەوتنەشیان خەڵكی دەرژیننە ناو شەقامەكانەوە بو سەما كردن و ھەڵپەرین لە پێناوی پیك ھێنانی حكومەت لە سایەی نەبونی لانی كەمی ئەمن و ئاسایش و بێكاری و ھەژاری رەھاو گەندەڵی و نەبونی ھیچ خزمەتگوزاری یەك و دەیان كێشەو گیروگرفت  تر.
ھەڵبەت تا ئەو جێگەیەی دەگەرێتەوە بە لیستی ھاوپەیمانی كوردستانی كە تێكەڵەیەكە لە ئەحزابی قەومی و ئیسلامی كورد ئەم دەسپێشكەری یێەی بارزانی رەنگە لە ئیستادا برێك كیرفی لیستەكەیان لە ئاستی ئەوانی تری عیراقدا بباتە سەر، بەوەی سەرانی لیستی كوردستانی جگە لەوەی توانیان تاڵەبانی دانێنەوە بە سەرۆكی عێراق ،ھاوكات وەرەقەیەكی نۆزدە خالییان  خستۆتە بەردەم لیستەكانی تر تا بۆیان جیبەجێ بكەن لە باری پیكھینانی حكومەتدا .ھاوكات ئەم دەسپێشخەری یەو سەركەوتنی ئاكامەكەی بۆ بارزانی دەسكەوتیكی گەورەترە لە بەرانبەر حزب و لایەن و لیستە كوردستانی یەكانی تر، بە تایبەت لە بەرامبەر ھاوپەیمانە ستراتیژ یەكەی خۆی كە تالەبانی و یەكێتی نییشتیمانی یە. وە بارزانی لیرەوە جێگەو رێگەی خوی لە ھەمو ئاستەكان زیاتر قایم دەكات و پۆزی زیاتر لێدەدات و ھەنگاوی سەركوتگەرانەی زیاتر دەنێت، چ بە ملھوری وسەركوتی ئاشكرا بێت، چ بە ھۆی دارشتنی یاساو بریاری كۆنەپەرستانەو دژی ھەمو مافو ئازادی یەكانی خەڵكی لە پێش ھەمویانەوە دژی ئازادی سیاسی و دەربرین.
بەلام تا ئەو جیگەیەی دەگەریتەوە بە ئاستی ئەوەی ئەمانە ناویان ناوە قەیرانی پیك ھێنانی حكومەت بە بروای سیاسی ئیمەو لە روانگەی بەرزەوەندی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی یەكانی خەڵكی كریكار و زەحمەكێش و ھەمو توێژە  ئازادیخوازەكانەوە، بە تایبەتی ژنان و لاوان و خویندكاران رۆشنبیرانی سكولاو ئازادیخوازەوە لە ئاستی عێراق و كوردستانیش ،  ئەم دەسپیشكەری یەی بارزانی وكوبونەوەی لوتكەی ھەولیر و تەنانەت پیكھینانی حكومەتی دلگیری خۆشیان، نەی قەیرانی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی قوڵ كۆتایی پی ناھێنێت  بەڵكو بە پیچەوانەوە ئیستا و ئاییندەش زیاتر ئەم تەنگژەو  قەیرانە قوڵترو قوڵتر دەكاتەوەو ئەم ھێزە كۆنەپەرستە تئیسلامی تایەفی و قەومیانە لەبەرانبەر یەكتر رادەگری . بەمەش ژیانی سەرجەم خەڵكی عێراق بە كوردستانیشەوە ، تایبەتی كرێكاران و زەحمەتكێشان، لە نائەمنی وھەژاری و بێكاری و ئاوارەیی ،چ لە ئاستی ناوەو چ بۆ دەرەوە، رادەگرێ .چونكە ئەوەی ھەشت مانگە دەبینرا لە گرفت و قەیرانی پیك نەھینانی حكومەتیدا لە بنەرەتدا بریتی یە لە قەرانێكی قوڵتر و ریشەدارتر كە خۆی لە قەیرانی سەرجەم پرۆسەی سیاسی و لە گرێژنە بردنی بنەماكانی دەوڵەت لە عێراقدا خوی دەبینێتەوە.
 ئەوە رۆشنە بە دوای روخانی ڕژێمی بەعس و داگیركردنی عێراق لە لایەن ئەمریكاو ھاوپەیمانەكانی یەوە، لە ئاستی ناوەوەو دەرەوەی عیراق،و روخانی كۆڵەكەكانی عێراق بە وینەی ووڵاتیك و ڕادەسكردنی دەسەڵاتی سیاسی بۆ دەستی كومەڵێ دەستەو تاقمی ملیشیایی ئیسلامی و قەومی و رەسمەتدان بەم دەستەو تاقمانەو و دەسەڵاتداركردنیان و بەم پیەش دارشتنی دەستوریكی دینی _تایەفی و قەومی لە سایەی داگیركاری و سرینەوەو پێناسەی مرۆڤەكان بە وینەی ھاووڵاتی ئازادو یەكسان لە رووی ئەرك و مافەوەو، تەنانەت دابەش كردنی ئەم وڵاتە لەسەر بنەمای فیدرالی قەومی، ئەمانە ئیتر ھۆكاری سەرەكین لەم قەیرانە قوڵەی دەوڵەت و حكومەت .بۆیە تا ئەو جیگەیەی ئەم ووڵاتە لە چوارچێوەی ئەم بارودۆخەدا بێت ئەوە ھەرگیز شایەدی یەك دەوڵەتی موتەعاریف و جیگیری سیاسی و یەك دەست نابین .بەمەش ھەرگیز لە چوارچیوەی ئەم نەخشە سیاسی یەی ئەمرودا كە بە ناوو پیی دەڵین عیراق ھەرگیز حكومەتیكی نورماڵ كە سەرجەم باڵەكانی بۆرژوازی لە خۆی بگرێت و ئەمن و ئاسایش و سەرجەم پیویستی یە سیاسی و كومەڵایەتی یەكانی پروسەی بەرھەمھینان دەستەبەر كات بەدی ناكریت.لە روویەكی تریشەوە كە بارودۆخ بەم شیوەیە بوو ئیتر ئەم دەوڵەت و حكومەتە ھەرگیز ناتوانیت سەرەتایی ترین ماف و ئازادی و پیویستی كان بۆ خەڵك دابین بكات.
بۆیە ئەگەر لە روانگەی بەرژەوەندی یەكانی چینی كرێكارو توێژە ستەمدیدەكانەوە سەرنجی ئەم دەسپێشخەری یەی بارزانی و سازدانی كۆبونەوەی لوتكەی ھەولێر و ئاكامەكانی،كە لە پێكھێنانی حكومەتی تایەفی و قەومی خۆی دەبینێتەوە،بدەین  ئەوە ھیچ نی یەو نابێتە ھۆكار بۆ دەرباز بوون لەو قەیرانە ھەمەلایەنەیەی تووشی ھاتوون .وە ئەم كۆبونەوەی لوتكەیە جگە لە چەقبەستنەوە لە ھەمان خاڵداو خولانەوە لە ھەمان بازنەی كۆندا زیاتر دەرناچێت كە چەند ساڵە خەلكی عێراق و كوردستان تووشی ھاتوون.

15-11-2010
موزەفەر عەبدوڵا
mozafar_as@yahoo.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.