Skip to Content

Wednesday, April 24th, 2024
ئەنارکیزم، پەرتووکخانەی کوردی و سەرچاوەی ڕەخنەگرانی

ئەنارکیزم، پەرتووکخانەی کوردی و سەرچاوەی ڕەخنەگرانی

Closed
by November 23, 2010 گشتی

“ئانارکیسته‌کان به‌ راشکاوی رایده‌گه‌یه‌نن که‌ ئامانجیان : نه‌ تێکشکاندنی به‌رهه‌مهێنانی سه‌رمایه‌داری ، نه‌‌ بنیاتنانی ده‌وڵه‌تی حزب ، نه‌ حکومه‌تی کرێکاری ، نه‌ حکومه‌تی شوورایی و نه‌ پیاده‌کردنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی پڕۆلیتاریایه‌ . ئه‌وان له‌ یه‌ک قسه‌دا ئه‌وه‌ ده‌رده‌خه‌ن که‌ ئامانجیان : نه‌ گۆڕینی ده‌وڵه‌تی دیکتاتۆرییه‌ به‌ ده‌وڵه‌تی دیموکراسی و نه‌ گۆڕینی ده‌وڵه‌تی بۆرژوازییه‌ به‌ ده‌وڵه‌تی پڕۆلیتاری ، به‌ڵکو ئامانجیان له‌ناوبردنی ده‌وڵه‌ته‌ به‌ هه‌موو چه‌شنه‌کانییه‌وه‌ ، به‌ ده‌وڵه‌تی پڕۆلیتاریاشه‌وه‌ ، چونکه‌ پڕۆلیتاریا پێویستی به‌ سه‌روه‌رێتی له‌ کۆمه‌ڵدا نییه‌ .“

لێرەدا نووسەر بێویژدانییەکی گەورە بەرامبەر ئەنارکییەکان دەکات و جارێکی تر تێکستەکانی ڕێکخراوێکی داخراوی مارکسیستی هاوسەنگەری خۆی دەکاتە هی ئەنارکییەکان! بەشبەحاڵی خۆم ئەگەر نەك هەموو ئەنارکییەکان، تەنانەت یەك ئەنارکی لە سەراپای مێژووی هزریی ئەنارکیدا هەبوو کە بە ڕاشكاوی و ناڕاشکاوی وتبێتی، نووسیبێتی، بیریشی لێکردبێتەوە و نیازیشی هەبووبێت کە ئامانجی تێكنەشکاندنی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری بێت، ئەوا لەم ساتەوە من نەفرەت لە ئەنارکیزم دەکەم، هەوەك چۆن لە بۆلشەڤیزمی دەکەم، کە سەروەری چینایەتییان پاراست! دیسانەوە داوا لە نووسەر دەکەم، لە کوێدا دەتوانێت تاقە یەك ڕستە لە سەراپای ئەدەبیاتی ئەنارکیدا پەیدا بکات، کە پاڵپشتی ئەو بۆچوونەی بکات؟

بەڵام بە ڕاشکاوی دەلێین، دەوڵەت دەسکەلای هەر چین و پارتێك بێت، واتای بوونی پێداویستی سەرکوت و راگرتنی سەروەری دەگەیێنێت. لای ئەنارکییەکان سەرکوتگەر، سەرکوتگەرە چ کرێکار بێت یا بۆرژوا! چ ناسیونالیست بێت یا کۆمونیست! ئەگەر کۆتایی ئەو شۆڕشەی کە مارکسیستەکان پاگەندەی بۆ دەکەن، بە سۆشیالیزم دێت، ئیتر دەیانەوێت دەوڵەت بەسەر کێدا بکەن و کێ لەژێر سەرەنێزەی دیکتاتۆرییەکەیاندا ڕاگرن؛ کرێکاران یا بۆرجواکان؟ [8] ئەگەر بۆ ژێردەستەراگرتنی بۆرجواکانە، ئەوا خۆیان بەدرۆ دەخەنەوە و لە سۆشیالیزمدا بۆرجوا وەك کەسێکی مشەخۆر و دارای خاوەندارێتی کێڵگە و کارگەکان یا سیستەمێك دەبێت لە ئارادا نەمابێت. ئەگەر دەڵێن دەمێنێت، ئەوا قسەکردن لە سۆشیالیزم لە وەها کۆمەڵگەیەکدا، دەچێتە خانەی ئەفسانەبافییەوە. ئەگەر ئەم دوو ئەگەرش نەبن، ئەوا ئەگەری سێیەم قوتدەبێتەوە، ئەویش سەروەری و دیکتاتۆری کۆمونیستەکانە بەسەر کۆمەڵگە بەگشتی و چینە بەرهەمهێنەرەکان (کرێکاران و جوتیاران) بەتایبەتی، کە ژیان و بەردەوامی لەسەر شانیان دەوەستێت، ئەوەی کە بەکردەوە لە ماوەی ٧٠ ساڵی دەسەلاتی تاکپارتی و دیکتاتۆرییانەی بۆلشەڤیکەکاندا، لەسەر مژینی شیلەی ژیان و وردوخاشکردنی ئێسکەپەیکەری کرێکاران و جوتیاران، قەلای ئابووریی ناسیونالیستیی و تەلاری خەونە نەزۆکە وردەبۆرجوازییەکانیان هەڵچنی. خۆ ئەگەر ئەمەشیان نەبێت، ئەوا دوا ئەگەر تێکەڵکردنی ئابووری بەرنامەڕیژی ناوەندیی لەتەك بە فرەدەنگی ڕامیاریی (پلورالیزمی ڕامیاریی) و سیستەمی پارلەمانی دەمێنێتەوە.

من لە دەرکی وا لە سۆشیالیزم تووشی شۆك نابم، چونکە زۆرێك لە چەپەکانی کوردستان کە دەگەیشتنە وڵاتی سوید، پالیان لێدەدایەوە و دەیانوت خۆ ئەمە لەو سۆشیالیزمە زیاتر و باشترە، کە ئێمە دەیخوازین!

“ ئانارکیسته‌کان له‌م باری سه‌رنجه‌وه‌ هه‌ڵوێستیان له‌ شۆڕشی ئۆکتۆبه‌رو ده‌سه‌ڵاتی سۆڤیه‌تی و دیکتاتۆری پڕۆلیتاریاو به‌لشه‌فیزم وه‌رگرت . ئه‌وان وه‌ک لێنین ده‌ڵێت : له‌ ئه‌نجامی رقی مه‌شرووع و کاردانه‌وه‌یان به‌رامبه‌ر ریفۆرمیزم و ئۆپۆرتۆنیزمی ئینته‌رناسیۆناڵی دووه‌م به‌ره‌و هه‌ڵوێستی ئانارکیستی له‌ ده‌وڵه‌ت چوون و نه‌یانتوانی زه‌رووره‌تی دیکتاتۆرییه‌ت بۆ گواستنه‌وه‌ له‌ قۆناغی سه‌رمایه‌دارییه‌وه‌ بۆ کۆمۆنیزم قبووڵ بکه‌ن . „

ئەگەر لێنین بۆ پڕوپاگەندەی کۆڕە پارتییەکانی ناچار بوو، شێواندن لە مێژوودا بکات، ئەوا دەبوو نووسەر کە ڕۆژگاری پاش تێكشکانی بتەکانی لێنین و ستالین لەلایەن خەلکی هەژار و ڕۆژگاری بێسنووری دونیای ئینتەرنێت و زانیارییەکان، ئەو دەرفەتەیان بۆ ڕەخساندووە، بە دوای سەرچاوەدا بگەرێت، پەلەی نەکردایە و خۆی ماندوو بکردایە و سەرنجی دەقی مشتومڕی ئەنارکییەکان و مارکسیستەکانی ناو ئینتەرناسیونالی یەکەم و بەڵگەنامەکانی یەکەمین ئینتەرناسیونالی ئەنارکی بدایە، کە بەرامبەر بە کارل مارکس و پاشرەوانی دەلێن، بەدڵناییەوە دەوڵەتی سووری ئێوە، سەرکوتگەری دەگەیێنێتە ئەو شوێنەی کە بۆرجواکان نەیانتوانیوە و نەیانوێراوە دەستی بۆ بەرن! کاتێك ئەوان ئەو بۆچونانەیان دەربری نە پارتە سۆشیال- دێمۆکراتەکان هەبوون و نە ئینتەرناسیوناڵی سۆشیال-دێمۆکراتەکان  (دووەم) سەری هەلدابوو و نە پارتە سۆشیال-دێمۆکراتەکان بەهۆی جەنگی جیهانی یەکەمەوە بانگەوازی پشتگیری شەڕ و پاریزگاری نیشتمانی و بەشداری دەوڵەتیان دابوو!

“به‌کورتی دژایه‌تیکردنی ده‌وڵه‌ت و ته‌واوی دامه‌زراوه‌ مه‌ده‌نی و سه‌ربازییه‌کانی ده‌وڵه‌تی بۆرژوازی ، دیاره‌ به‌بێ ئاماده‌کردنی ئامرازه‌کانی و به‌بێ خه‌باتی سیاسیی شۆڕشگێڕانه‌ی پشتبه‌ستوو به‌ هه‌لومه‌رجه‌کانی ، گشت ئانارکیسته‌ کۆن و نوێیه‌کان له‌ یه‌ک خاڵدا یه‌کانگیر ده‌کات .„ ….. “ئانارکیسته‌کان بیانووی ره‌فزی سه‌روه‌رێتی پڕۆلیتاریا له‌ کۆمه‌ڵدا ده‌که‌نه‌ بنه‌مای چۆنایه‌تی تێڕوانینیان بۆ شۆڕشی ئه‌م چینه‌ ، به‌قسه‌ داوای شۆڕشێکی جیهانی ده‌که‌ن و به‌ کرده‌وه‌ ته‌واوی بارودۆخی شۆڕشگێڕانه‌ی بابه‌تی و خۆیی بۆ به‌رپاکردنی ئه‌م شۆڕشه‌و هه‌ڵگێڕانه‌وه‌ی جیهانی سه‌رمایه‌داری فه‌رامۆش ده‌که‌ن .“

دیسانەوە نووسەر لە کونوکەلەبەری تێکستەکانی گروپی کۆمونیستی ئینتەرناسیونالیستدا بۆ بیر و بۆچوونی ئەنارکی دەگەڕێت. ئەمە لە ڕاوەماسی ناو بیابان دەچێت!

بەڵێ ئەنارکییەکان لە تێڕوانینیانەوە بۆ شۆرش، وەك سەرەنجامێکی لۆجیکی بە وەها وێناکردنێك بۆ بنەماکانی کۆمەڵگەی داهاتوو دەگەن، هەلبەتە ئەمەش تەواو بەپێچەوانەی تێگەیشتنی نووسەرەوە. هەرواش مارکسیستەکان لە تێڕوانینی وردەبۆرجوازییانەوە بۆ خەبات و شۆڕش و سۆشیالیزم، بەو سەرەنجامە دەگەن، کە لە بری دیکتاتۆری پارتە بۆرجوازییەکان، دیکتاتۆری پارتە کۆمونیستەکان (مارکسیستەکان)، لە بری دەوڵەتی بۆرجوازی، دەوڵەتی سۆشیالیستی، کرێکاری، سۆڤیەتی (مارکسیستی) و لە بری زیندان و پۆلیس و لەشکر و سیخوڕی و سەرۆك و خانزادەکانی بۆرجوازی، زیندان و پۆلیس و لەشکر و سیخوڕی و سەرۆك و خانزادەکانی سۆشیالیستی، کرێکاری، سۆڤیەتی (مارکسیستی) دامەزرێننەوە، چونکە ئەوان وەك وردەبۆجوازییەکی خۆ بە فێرکار و فریادڕەسزانی چەوساوان، دەخوازن لە سەرەوەرا دونیا بگۆڕن و ناتوانن لە دەرەوەی دونیای چینایەتی وێنایەکی تر بۆ کۆمەڵگەی داهاتوو بکەن، هەروەك چۆن ئایینەکان ناتوانن وێنایەكی جیاواز لە وێنەی ئەو جێیانەی تیایاندا سەریاهەلداوە، وێنایەك بۆ بەهەشتی ئاسمانەکان بکەن، ئاواش مارکسیست لێنینیستەکان ناتوانن لە دەرەوەی دونیای سەروەری وێنای کۆمەڵگەیەکی بێسەروەر بکەن! هەنووکە دەکرێت بزانین کێ ئایدیالیست و کێ وردەبۆجوایە؟

“ستراتیژی بزووتنه‌وه‌ی کۆمۆنیستی له‌لای ئانارکیسته‌کانی ئه‌مڕۆ بریتی نییه‌ له‌ رزگارکردنی چینی کرێکار به‌و مانایه‌ی که‌ خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتی چینایه‌تی خۆی بێت ، به‌ڵکو رزگاری ئێجگاره‌کی وه‌ها ده‌خه‌نه‌ڕوو که‌ بنه‌مای چینایه‌تی چینی کرێکار تێکبشکێنرێت و له‌ ماهییه‌تی چینایه‌تی رزگاری بێت تا ماهییه‌تی مرۆڤانه‌ی بۆ بگه‌ڕێته‌وه‌ . به‌ڵام ئایا چۆن ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ له‌جیهانی ئه‌مڕۆدا روو ده‌دات و مه‌رجه‌کانی دابینده‌کرێت ؟ ئه‌وا هیچ وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌کی لۆژیکییان له‌ به‌رامبه‌ریدا نییه‌”

دیسانەوە ناچارم بلێـم، تەنیا لەبەر ئەوەی کە نووسەر ئایدیاکانی گروپی کۆمونیستی ئینتەرناسیونالیست بەسەر ئەنارکییەکانەوە کردووە بە ماڵ، ناچارم وەڵامی هەندێك ڕستە بدەمەوە، کە لە ڕاستیدا بە دروستی نازانم، کاتی خۆم بە خوێندنەوەیانەوە بە فێرۆ بدەم (مەبەست لەو ڕستانەیە کە نووسەر، بە بۆچوونی ئەنارکیستیان دەناسێنێت). ئەنارکییەکان تاکی ناو کۆمەڵن و بەوپێیەش خەباتی تێدا دەکەن و بەو پێییەش ئەرکیان لەسەر شانە و بەو پێیەش دەتوانن ڕزگارگەر بن، واتە تەنیا دەتوانن خەبات بۆ ڕزگاری خۆیان بکەن، ئەمەش دەکاتە هاوخەباتی هاوئاستانەی گشت تاکەکان، نە کەس رابەر و نە کەس گوێڕایەڵ، چونکە لای ئەنارکییەکان کەس ناتوانێت سۆپەرمانئاسا کەسی تر ڕزگار بکات و رزگاری هەموو کەسێك لە خودی ئەو کەسەوە دەستپێدەکات. لەبیرمان نەچێت، ڕزگاری چینی کرێکاریش وەك یەکێك لە چین و توێژە بندەستەکانی کۆمەڵگەی چینایەتی هەم لەسەر دەستی خۆی و هەم بە هاوخەباتی چین و توێژەکانی تر مەیسەر دەبێت.

 بە کورتی نە ئەنارکیستەکان سۆپەرمانن و نە چینی کرێکاریش ئەو بوونەوەرە ئەفسانەیە هیج لەباردانەبووەی ناو تێڕوانینە وردەبۆرژوازییانەکەی مارکسیزم-لێنینیزم، مێژووش ئەوەی سەلماند و لێرەدا پێویستمان بە مشتومڕ نییە. تەنیا ئەوە نەبێت لێرەدا بە پێویستی دەزانم، دووپاتی ئەوە بکەمەوە، کە کرێکاران و جوتیاران وەك چ وەك تاکی کۆمەڵگە و چ وەك چینی بەرهەمهێنەری کۆمەڵگە، وەك هەر تاکێکی تر و وەك چینیش توانای بیرکردنەوە و هوشیاربوونەوە و هەڵوێستوەرگرتنیان هەیە و هیچ پێویستیان بە وردەبۆرجوازی نییە، تاکو بە نێوی ئەوانەوە پارت ساز بکات و بە نێوی ئەوانە دیکتاتۆریەتی خۆی بسەپێنێت و هەر بە نێوی ئەوان خۆشیانەوە، سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانیان بکات و پێیان بڵێت، ئێوە بەرژەوەندی خۆتان نازانن و من پێشڕەوتانم و رابەریتان دەکەم!

ئەوەی پرۆسێسی خۆڕزگارکردن چۆن ڕودەدات، ئەوەیان پاپەندی خەباتی بەردەوام و ڕاستەوخۆی چەوساوانە، کە هەر یەکە لە شوێنی خۆیەوە و بە هاوپشتی یەکتری و بوونەپێداویستی ئەو گۆڕانە (ڕوخانی سەرمایەداری و بنیاتنانی کۆمەڵگەی سۆشیالیستی) لەلای زۆرینەی کۆمەڵگە دێتەدی، کە بەداخەوە هێشتا نەبووە و تەنیا خەونی کەمایەتییەکی شۆڕسگێڕە!

بەکورتی من ئاوای تێدەگەم، کە هەر لە گەڕەکەکەی ئێوەدا هێشتا گۆڕان و کۆمەڵگەی سۆشیالیستی نەبووەتە داخوازی هەمووان، هەر کات بووە داخوازی هەمووان، ئەوا چۆن هەنووکە خەڵك زۆر ئاسایی دەچنە پای جەنگەکان و خۆیان بۆ هیچ بە کوشت دەدەن (چونکە هێشتا بڕوایەکیان پێیان ماوە)، ئەوا سبەینێش هەروا بۆ ئامانجە سۆشیالیستییەکان دەجەنگن. ئەمەش دیسانەوە پاپەندی خەباتی هەریەکەمانە لە شوێنی ژیان و کاری خۆیەوە، تۆ لە ڕیزی خانەنشینانی گەرەك و مناڵەکەت لە ڕیزی خوێندکاران و هاوسەرەکەت لە ڕیزی ژنانی مامۆستا یا کرێکار و بێکار و بەو جۆرە هەموومان لە بەرەیەکی جەماوەری لە دەرەوەی کۆنترۆڵی پارت و دەسەڵات و دەستەبژێری دەسەڵاتخوازەوە. ئایا ئەمە نالۆجیکییە؟ ئەی لۆجیکی کامەیە، ئەوەیە کە لەجێی بەڵێنی کولیچەخواردن لە ئاسمان، ئێمەش بێن و بەڵێنی کولیچەخوادنیان لە سایەی سەروەری پارتەکاندا پێبدەین؟

“ئانارکیسته‌کانی سه‌رده‌م دژی مه‌ده‌نییه‌ت ده‌دوێن و ره‌فزی هه‌موو شێوه‌ داواکارییه‌کی خۆشگوزه‌رانی بۆ چینی کرێکار ده‌که‌ن ، گوایا سه‌رکه‌‌وتنی ( شۆڕشی کۆمۆنیستی ) و خه‌باتی چینایه‌تی کرێکاران له‌ سایه‌ی مه‌ده‌نییه‌ت و خۆشگوزه‌رانیدا هیچ ده‌ره‌تانێکی له‌به‌رده‌مدا نییه‌ . ده‌رباره‌ی شێوازی به‌رپاکردنی ( شۆڕشی کۆمۆنیستی ) و ( کۆمۆنه‌ی جیهانی ) یه‌که‌یان ، ئانارکیسته‌کان یه‌ک شێوازی یه‌کگرتوو پێشنیاز ناکه‌ن ، له‌لایه‌ک رسته‌ی شۆڕشگێڕانه‌ بۆ شۆڕشی توندوتیژ و سه‌وداکاری نه‌کردن و خۆبه‌ده‌سته‌وه‌نه‌دان هه‌ڵده‌بژێرن و ، له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌ قسه‌ له‌ شێوازی مانگرتنی گشتی و راگرتنی گشت ئامرازه‌کانی به‌رهه‌مهێنان ده‌که‌ن ، گوایا وه‌ک شێوازی هه‌ره‌ کاریگه‌ر که‌ سه‌رمایه‌داری کۆتایی پێبهێنێت . „

لێرەدا نووسەر دوو شتی تێکەڵکردووە؛ یەکەم بۆچوونەکانی گروپی کۆمونیستی ئینتەرناسیونالیست لەمەڕ کۆمەڵگەی هاوچەرخ، دووەم بۆچوونی تاکە سەنگەری سەرەکی خەباتی ئەنارکۆ-سەندیکالیستی. بێجگە لەوەی کە (ئەو گروپەی ئەو نموونەگیری بۆچوونەکانی کردوون) دەستەبژێرێکی گۆشەگیرن و باوەڕیان بەهیچ جۆرە خەباتێکی جەماوەری و ئابووریی نییە و لە بەرامبەریشدا ئەنارکییەکان لەپاڵ ڕەتکردنەوەی پارتایەتی و بەشداری دەسەلات و پارلەمان، تەنیا سەنگەرێك کە دروست و سروشتی و کەتواری دەبینن، سەنگەری خەباتی جەماوەری سەربەخۆ و راستەوخۆی چین و توێژەکانە. دەبوو نووسەر خۆی گومان و ناجۆری ئەو دوو شتەی لا دروست ببووایە، کە ئەو بە خۆی لەو تێکستانەدا کە وی لێی بوونەتە بۆچوونی ئەنارکی، تەنیا وشەیەك لە بارەی ڕەوایی خەباتی جەماوەری ڕاستەخۆ و سەربەخۆ و مانگرتنی گشتی و خەباتی ئابووریی کرێکارانەوە بەرچاو ناکەوێت و ئەو بە خۆی لە شوێنی تردا بەرچاوی کەوتوون و وەریگرتوون.

وەك وتم شۆڕش پێویستی بە ڕابەری و ڕاگەیاندنی لە لایەن دەستەبژێرێكەوە نییە، ئیتر ئەو دەستەبژێرە ئەنارکیست بێت یا مارکسیست، چونکە شۆرش بەخۆی درێژەی ژیانە و یەك تاکە سات لە ژیانی کۆمەلایەتیدا بەدی ناکرێت، کە ململانێ و بەرەنگاری و خەباتی تیدا نەکرێت. کۆمەڵگە بوونێکی زیندووە و هەردەم لە باری شۆرشدایە و ئەوەی شۆڕش هەندێك سات ئارام و لەسەر خۆ و هەندێك جار لە هەڵچوندایە، پەیوەندی بە هوشیاری و لێبڕانی تاکەکانەوە هەیە بۆ گۆڕین. ئەوەی نووسەر وەك هەر مارکسیستێك بە خاڵی دەستپێك و تەقینەوەی شۆڕشی دەزانێت، من بە خاڵی بەسەرەنجامگەیشتنی شۆرشی دەزانم، هەروەك جۆشخواردنی تواوەی مادەکانی ناو زەوی و ئامادەبوونی لە هەموو ساتێکدا، بەڵام ساتی تەقینەوە و دەرچوونی لە زەوییەوە وەك بورکان، بە گونجانی ئەو ڕووداوەوە پەیوستە، ئاواش شۆڕش و ڕاپەڕین، بوونی هەیە و بارە خۆیی و دەرەکییەکانی دیاری دەکەن، کە کەی دەتەقێتەوە. لێرەدا باری خۆیی بریتییە لە هوشیاربوونەوە و خۆرێکخستن و ڕادەی ئامادەیی تاك بۆ گۆڕین و باری دەرەکیش ڕەخسانی یەکگرتنی ئامادەیی کۆمەڵگە و لاوازی و قەیرانتێکەوتنی دژەکەیە.

کۆمونەی جیهانی، یەکشەوە پەیدانابێت و وەك پێشتر وتم،  لای ئەنارکییەکان هیچ کات شۆڕش دەستکردێکی ڕۆبۆتئاسای دەستەبژێرێك نییە، کە کەی خواستییان ڕایگردن و کەی خواستییان، بیخەنەگەڕ. هەروەك چۆن شەپۆلی لایەکی دەریا یا بەری ڕوبارێك لەسەر هەڵچوونی لایەکەی تر ناوەستن، بەڵام کارایی لەسەر یەکتر دادەنێن. ئاواش شۆرش ناوەستێت و ناتوانرێت تا هاتنی موحەمەدی مەهدی (یا گەڕانەوەی مەسیح)  ڕابگیردرێت، بەڵکو لە کوێدا گونجا و بووە پێویستی ڕوودەدات. لەم بارەوە نووسەر دەتوانێت سەرنجی کپی شۆڕش لە ئاڵمانی ١٩٣٦ و هەڵچوونی لە ئیسپانیای ١٩٣٦ بدات، هەرواش هەڵچوونی بزاڤی دەستبەسەرداگرتنی کارخانەکان و چاپخانە و هوتێڵ و چیشخانەکان لە ئەرژەنتین ٢٠٠١ بە دواوە و نەبوون و گواستنەوەی دەسەڵاتی پاشایانەی کاسترۆ بۆ (راوڵ)ی برای بدات! هەروا کە خەباتکاران لە ئەرژەنتین لەسەر هەڵچوونی شۆڕش لە ولاتەکانی دراوسێ و کیشوەرەکانی تر ناوەستن، هەرواش ئەنارکییەکان لە کوبا لەسەر هاتنی مەهدی شۆڕش ناوەستن و لە شوێنی کار و ژیانیاندا دژ بە دیکتاتۆری بێپەردەی کۆمونیستەکان خەبات دەکەن!

“ئانارکیسته‌کان – وه‌ک پێشتر ئاماژه‌یه‌کمان بۆ کرد – ریفۆرم له‌ به‌رنامه‌یاندا نییه‌و به‌ توندی دژی ریفۆرم هه‌ڵوێستیان وه‌رگرتووه‌ . ئامانجی پڕۆلیتاریا به‌لای ئه‌وانه‌وه‌ چاککردنی باری کۆمه‌ڵ نییه‌ . چاره‌سه‌رکردنی لایه‌نه‌ سه‌لبییه‌کانی مه‌ده‌نییه‌تی سه‌رده‌م بۆ ئه‌وان مه‌سه‌له‌یه‌ک نییه‌ خۆیانی پێوه‌ خه‌ریک بکه‌ن ، گوایا (شۆڕشی کۆمۆنیستی) یان ، ده‌بێت هه‌موو مه‌ده‌نییه‌تی هاوچه‌رخ سه‌رتاپا وردوخاش بکات . ئه‌وان به‌ پێچه‌وانه‌ی مارکسییه‌کانه‌وه‌ جیاوازی نێوان ریفۆرم و شۆڕش و ، نێوان ریفۆرم و ریفۆرمیزم ناکه‌ن و له‌ په‌یوه‌ندی نێوان ریفۆرم و شۆڕش خۆیان هه‌ڵه‌ ده‌که‌ن . ریفۆرمیزم به‌ ریفۆرم لێکده‌ده‌نه‌وه‌و یه‌کلایه‌نه‌ سه‌یری مه‌سه‌له‌ی چوونه‌پێشه‌وه‌ی مێژوو ده‌که‌ن . (لێنین) له‌سه‌رده‌می خۆیدا هه‌مان ئه‌م روانگه‌ ئانارکیستییه‌ی به‌رپه‌رچداوه‌ته‌وه‌ ، ئه‌وه‌ی به‌یانکردووه‌ که‌ مارکسییه‌کان دان به‌ ریفۆرمدا ده‌نێن له‌ پێناوی چاککردنی باری گوزه‌رانی کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشاندا ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌ ژێر سایه‌ی چینی بۆرژوازی باڵاده‌ستیشدا بێت ، به‌ڵام له‌ هه‌مان کاتیشدا دژی رێبازی ریفۆرمیستین ، ئه‌و رێبازه‌ی که‌ کرێکاران چه‌واشه‌ ده‌کات و له‌ چالاکی شۆڕشگێڕانه‌ دووریانده‌خاته‌وه‌و وه‌ک کۆیله‌ی کرێگرته‌ ده‌یانهێڵێته‌وه‌ . „

ڕاستە ئەنارکییەکان ڕیفۆرم ڕەتدەکەنەوە، بەڵام ئەو بۆچوونەی نووسەر باسی دەکات هەڵەیە و بۆچوونی ئەنارکییەکان نییە و بۆچوونی هەمان گروپە، کە لە نووسەر گۆڕاوە بە ئەنارکی. ئەنارکییەکان پێیانوایە بە هەلبژاردنی فلانە کەس یا فلانە پارت لە بری ئەوەی تر، لابردنی فلانە بەڕێوەبەر و دانانی ئەویتر تەنانەت ئەگەر ئەو فلانە کەس و پارت و بەڕێوەبەرە لە هەژارترین و چەوساوەترین چین و توێژی کۆمەڵگەش بێت. ئەنارکییەکان بیر لە گۆڕینی پەیوەندییەکان و پێکهاتەکان و بەرتەسکردنەوەی هەر ڕۆژەی دەسەلاتی دامودەزگە سەروو خەڵکییەکان و کۆمەڵاتیکردنەوەی بەرێوەبردنن، ئەمانەش تەنیا لە ڕێی خەباتی جەماوەرییەوە مەیسەر دەبن و لە دەرەوەی ئامادەیی و خۆخەباتی و خۆکارایی تاکەکان بوونیان نابێت و هەر هەوڵێك بۆ گۆڕان و شۆڕش لە دەرەوەی خەباتی ڕۆژانە و خۆجێی جەماوەرییەوە دەچێتە خانەی خەوبینین بە گەڕانەوەی مەسیح!
ئەگەر مەبەست لە ڕیفۆرم کرێی زیاتر و ماوەی کاری کەمتر و خانەنشینی زیاتر و دابینکردنی بیمەی دەرمانی و سەرپەنای گونجا و چاکردنی ڕێگەوبان و کەمکردنەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت و پێهاتە قوچکەییەکان و داگیرکردنی کارخانەکان بێت، ئەوا ئەنارکییەکان نەك دژی نین، بەڵکو لە ڕیزی هەرە پێشەوەی ڕراستگۆیانێكن لەتەك ئەو خەباتەدا، بەڵام ئەگەر ڕیفۆرم چوونە پارلەمان و هەڵبژرادنی سەرۆکی پارت و گۆڕینی بەرێوەبەر و چاوەڕوانی باشبوونی باری ژیان و گوزاران و ئاوەدانی ولات لە سایەی دەسەڵاتی پارتە ناسیونالیستەکان یا کۆمونیستەکاندا بێت، ئەوا ئەو ڕێفۆرمە بە دژی شۆرش و سۆشیالیزم دەزانین و لە بەرامبەردا بە درێژگەرەوەی تەمەنی چەوسانەوەی دەزانینن.

واژەی شارستانی (مەدەنییەت) هاوچەرخ وەك شارستانی کۆن هەڵگری هەردوو دیوەکەیەتی و بە دیوێکدا لەژێر کارایی خەبات و هوشیاربوونەوەی ناو ئەو خەباتەدا مرۆڤایەتی گەلێك سەرکەوتنی بەدەستهناوە و بەرەو ئاشنابوونەوە بە بوونە مرۆییەکەی خۆی کەمێك نزیكبووەتەوە، هاوکاتیش بەو ڕادەی کە سەروەران توانیویانە خۆشباوەڕی لای چەوساوان دروستبکەن و ناچار بە کۆیلەمانەوەمان بکەن، شارستانی هاوچەرخ دڕندەیی و کوشتوبری یەکتر و نامۆبوونی مرۆڤ بە خۆی بە هۆ و لە ژێر کارایی پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیا و جەنجاڵی زانیارییەکاندا بە لوتکەی گەیاندووە.

پێویستە ئەوەش بڵێم لە لێکدانەوەی واژەکانی (ڕیفۆرم و ڕیفۆرمیزم)دا تەنیا بە هەڵە نێوی ئێمەی نەخستووەتە لیستەوە، بەڵکو خەدرێکی زۆریشی لە گروپی ناوبراو (کە لای ئەو گۆڕاون بە ئەنارکی) کردووە، چونکە  تێگەیشتن لە ڕیفۆرم و ریفۆرمیزم هێندە ئاڵۆز و سەخت نییە، کە مرۆڤێکی ئاسایی لە واتاکەی  نەگات و لە ئاستیدا دۆشدابمێنیت. ڕیفۆرم وەك واژە بە واتای گۆڕینی شێوە، بار (فۆرم) و بە واتای ڕامیاری واتە گٶرانکاریی لە سیستەمی ئابووری و ڕامیاریی و کۆمەڵایەتی و دادوەری و تەنانەت بوارەکانی تریش، هەڵبەتە لەبیرمان نەچێت، “چاكسازی” وەك واژە یا لە کوردیدا شتێکی تر نەبووە یا بەمەبستەوە ئەو واژەیە دانراوە، ئەگەر لەتەك واژە ئینگلیزییەکەدا بەراوردی بکەین، ئەوا بە واتای (باشە) نایێت. چونکە کەمکردنەوەی موچەی خانەنشینان، بۆ دەوڵەت و سەرمایەداران چاکە و بۆ پیرەکان خراپە، زیادکردنی پشووی سالانە بۆ کرێکاران و فەرمانبەران، باشە و بۆ دەوڵەت و خاوەنکاران خراپە. وازهێنان لە وزەی ئەتۆمی و خەڵووز و چەکسازی و جەنگەکان بۆ خەڵکی و ژینگە و ئاژەڵان باشە و بە زیانی دەوڵەت و کۆمپانییەکان تەواو دەبێت. ئەگەر جەماوەری چینە بنەدەستەکان بۆ باشترکردنی ژیانیان خەبات بکەن، ئەوا ڕیفۆرم بە باری چاکەدا دەبێت و لەلایەن چەوساوانەوە بە خەبات بەسەر دەسەڵاتداراندا دەسەپێنرێت، ئەگەر چینە ژێردەستەکان یەکگرتوو و ئامادەی خەبات نەبن، ئەوا دەستەکەوتەکانیان لێدەسێندرێنەوە و ژیانیان خراپتر دەبێت و ڕیفۆرم بە باری خراپیدا لەلایەن دەسەلاتدارانەوە بە فریودان بەسەر چینە بندەستەکاندا دەسەپێنرێت. واتە ڕیفۆرم لە قازانجی چەوساوان لە سۆزداری و بەزەیی دەسەڵاتداران و سەرمایەدارانەوە ڕوونادات و هەموو باشتربوونێك لە ژیانی بێدەسەڵاتان و بەرهەمهێنەراندا پابەندی خەباتی جەماوەریی ڕێکخراوی خۆیانە و بەس، خەباتێکی ئاواش هیچ پێویستی بە میانجیگەری و شوانەیی دەستەبژێری ڕۆشنبیر و رامیار نییە!

هەروەها ڕیفۆرم بەو جۆرەی کە ڕامیارەکان (چ راست و چ چەپ) بە بەرهەمی بەشداری خۆیان لە پارلەمان و دەنگدان و هەڵبژرادن و سۆز و بەزەیی خۆیان و سەروەران و خاوەنکارانی دەزانن، ئەوا زیادکردنی کرێ و موچە و کەمکردنەوەی ماوەی کار و کرێی خانوو و نرخی شمەك و دابینکردنی بیمە کۆمەڵایەتی و دەرمانییەکان ناچنە خانەی ڕیفۆرمەوە، بەڵکو دەستکەوتی خەباتی جەماوەری و کۆمەڵایەتی چین و توێژە بندەستەکانن. بەڵگەش بۆ ئەمە ڕەوتی سەندنەوە و کەمکردنەوەی ئەو دەستکەوتانەیە لەلایەن نیئۆلیبراڵەکانەوە، کە دوو دەهەیە لە سەرتاسەری دونیادا بەڕێکەوتووە و لە بەرامبەریشیدا ڕۆژانە  دەبینن شەقامی شارەکانی دونیا بوونەتە گۆرەپانی ناڕەزایەتی بەرامبەر چاوچنۆکی بازارئازادەکەی نیئۆلیبرالیزم!

بەڵێ ئەنارکییەکان ئەو ڕیفۆرمە، کە پارتەکان مەبەستیانە، ڕەتدەکەنەوە و بە دژی شۆڕشی دەزانن، بەڵام ئەوە ڕۆشن بێت ڕیفۆرمکێك کە لێنین مەبەستییەتی، بەشداری پارلەمان و چەکوشکاری دەسەڵات و بزاوندنی سۆزی سەروەرانە و ڕیفۆرمێك کە ئەو گروپی کۆمونیستی ئینتەرناسیوناڵ مەبەستییەتی، خەباتی جەماوەریییە و ئەنارکییەکان دژی بۆچوونە ڕیفۆرمیستییەکانی لێنین و دژی گۆشەگیریی و دەستەبژێریی و ناجەماوەریبوونی ئەو گروپەن، باشترین بەڵگەش بزووتنەوەی داگیرکردنی کارخانەکانە لە ئەرژەنتین و خرۆشانەکانی یۆنان دژی لێسەندنەوەی دەستکەوتەکانە. بە ڕاستی دانانی ئەنارکیستەکان لەنیوان دوو جەمسەری لێنین و گروپ، کارێکی ناڕەوایە و وێنە و کورتە فیلمی هەواڵەکانی هەر ڕۆژە و شەکانەوەی ئاڵا ڕەش و ڕەش/ سوورەکان لە ڕیزی ناڕەزایەتییەکاندا باشترین وەڵام بەو ناڕەواییکردنەن.

هەژێن
بەشی چوارەم:

پەراوێز:

[8] التحرریة / البحث عن مجتمع المستقبل / کلمة تشکل کلمة خصام “الدولة”  ، دانییل گرین, ترجمة: جورج سعد، حداثة CNT- AIT ، ص٢١

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.