سه‌رم له ئاست گه‌وره‌ییتدا هه‌میشه سه‌یری خوار ئه‌كا *
هه‌ندێ له دۆستان ماوه‌یه‌كه وازم لـێ ناهێنن و، هه‌ردوو پێیان پێ له كه‌وشێك كردووم كه هه‌ر ده‌بێت بابه‌تێك ده‌رباره‌ی (مه‌سعوود محه‌ممه‌د) بنووسم ، به ڕاستی بۆ منێكی له چاو ئه‌ودا نه‌خوێنده‌وار، ئه‌و داوایه كارێكی نهكردهنییه، له خوێنه‌ری ناشارمه‌وه، هه‌ر جارێك بمه‌وێت قه‌ڵه‌م به ده‌سته‌وه بگرم بۆ ئه‌وه‌ی شتێك له باره‌ی ئه‌و بیریاره‌وه بنووسم، هه‌م ده‌ستم و هه‌م قهڵهمهكهیشم ده‌كه‌ونه له‌رزه، ئاخر به بڕوای من و زۆرێك له من له پێشتر‌و لهبهرتریش كورد زانا‌و بیریاری وه‌ك ئه‌و پیاوه‌ی به خۆیه‌وه نه‌بینیوه، ڕاسته ئیبنو سه‌ڵاحی شاره‌زووری، ئیبنو قوته‌یبه‌ی دینه‌وه‌ریی، ئیبنو خه‌له‌كان… كوردن، ڕاسته ئه‌حمه‌د ئهمینو عه‌ققاد ڕهچهڵكیان ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر نه‌ته‌وه‌ی كورد، لــــێ ئه‌وان نه به كوردی نووسیویانه‌و نه باسی كوردیشیان كردووه، هه‌ر كه‌سیش به هه‌ر زوانێك بنووسێت، بهرههمو بیری له‌سه‌ر ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌ی به‌و زمانه ده‌په‌یڤێت حیساب دهكرێتو ڕاژه‌ی وی ده‌كات.
ئه‌گه‌ر باسی مه‌لای گه‌وره‌ی باوكی مه‌سعوودیش بكه‌ین، كه خۆی تا مردنیش هێنده پێی سه‌رسام بوو، نه‌یتوانی به ته‌واوی له ژێر سێبه‌ری هه‌یبه‌تی ئه‌و ده‌ربچێت، ده‌توانم بڵێم به‌راوردكردن له نێوان مه‌سعوود محهممهدو باوكی‌دا (مه‌لای گه‌وره) ده‌چێـته خانه‌ی (قیاس مع الفارق)ه‌وه، هه‌روه‌ك چۆن ناتوانین بڵێین گۆشتی به‌رخ خۆشتره یان پاقلاوا؟ به هه‌مان شێوه ناتوانین به‌راوردی نێوان ئه‌و دوو زاته بكه‌ین. مه‌لای گه‌وره زانایه‌كی ئایینی فره زل‌و شاره‌زا بووه، لـێ مه‌سعوود له ده‌ره‌وه‌ی سنووری مه‌نزوومه‌ی ئایین دا ئه‌سپی خۆی تاوداوه، ئه‌و ئایینیشی كردووه‌ته كه‌ره‌سته‌ی باس‌و له جوغزی ئه‌ودا نه‌ینووسیوه، له ده‌ره‌وه‌وه ته‌ماشای ئایینی كردووه وه‌ك كه سه‌یری نه‌ته‌وه‌و مێژوو . . .ی كردووه .
تۆ ئه‌گه‌ر بته‌وێت ده‌رباره‌ی كتێبێكی شه‌ش سه‌د لاپه‌ڕه‌یی (600) بنووسیت، خۆ ده‌بێت بایی سه‌د (100) لاپه‌ڕه زانیارییت پێ بێت، ئه‌ی نووسین له باره‌ی كه‌سێكی وه‌ك مه‌سعود محه‌مه‌ده‌وه كه هه‌ندێك به تاقانه فه‌یله‌سوفی كورد نێویان بردووه، چی له نووسه‌ر داوا ده‌كات؟
ئه‌وه‌ی لێره‌دا پیشان خوێنه‌ری ده‌ده‌م دوو لایه‌نه له لایه‌نه‌كانی نووسینی مه‌سعوود محه‌ممه‌د:
1/ ختوكه‌دانی مێشكی خوێنه‌ر.
2/ بزهخستنه سه‌ر لێوی خوێنه‌ر.
كاتێك ده‌چیته خزمه‌ت نووسینێكی ئه‌و زاته، مه‌حاڵه سێ لاپه‌ڕه‌ی بخوێنیته‌وه‌و هه‌ست به شتێكی تازه نه‌كه‌یت، ئه‌گه‌ر دوای سه‌عاتێك خوێندنه‌وه‌ی كتێبێكی ئه‌و هیچی نوێت نه‌بینییه‌وه، ئه‌وا به ئه‌سپایی كتێبه‌كه دابخه‌و له‌ولای خۆتییهوه دانێ، ئاخر ئه‌وه به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌یه هیچی لـێ تێنه‌گه‌یشتووی! ئه‌وه‌یش گرنگه بیزانیت، خوێنه‌ر نابێت بهزیهنێكی خاڵی‌و گیرفانێكی مه‌عریفی به‌تاڵه‌وه كتێبی مه‌سعوود محه‌ممه‌د بكاته‌وه‌و نییه‌تی خوێندنه‌وه‌ی لـێ بێنێت، نووسینه‌كانی ئه‌و نه بۆ كات به‌سه‌ربردن ده‌ست دهدهنو نه بۆ كۆڕ گه‌رمكردنیش ده‌شێن.
خوێنه‌ری كتێبی ئه‌و پیاوه، پێویسته پێش وه‌خت خۆی بۆ بیر‌و فه‌لسه‌فه یه‌كلایی كردبێته‌وه، ده‌بێت له‌و كه‌سانه بێت كه تامه‌زرۆی خۆماندووكردنن. مه‌سعوود محه‌ممه‌د له باره‌ی (موتهنهبیو عه‌بباس مه‌حموود عه‌ققاد)ه‌وه ده‌بێژێت: ” یبدێن من حیپ الناس ینتهی الناس” ( له‌وێوه كه بیری خه‌ڵكی عاده‌تی ده‌وه‌ستێت، ده‌ستپێ ده‌كه‌ن)، واته كۆتایی بیركردنه‌وه‌ی خه‌ڵك سه‌ره‌تای بیركردنه‌وه‌ی وانه، ئه‌و قسه‌یه گوتیارهكهیشی ده‌گرێته‌وه. مه‌سعوود محه‌ممه‌د كه به پێی گوته‌ی خۆی (له غه‌یری ئیمان به حه‌ق له ژێر كاریگه‌ریی كه‌سدا نه‌بووه)و ( زیاتر بیری كردووه‌ته‌وه له‌وه‌ی خویندبێتییهوه)، ( ئه‌گه‌ر له ژوورێكی سپی وه‌ك هێلكه‌دا دای بنیێت، سه‌دان لاپه‌ڕه‌ی له‌سه‌ر ده‌نووسێت) {نێوانی جووت كه‌وانه‌كان هه‌موو قسه‌ی وین، لـێ له‌به‌ر نه‌بوونی سه‌رچاوه‌كان له‌به‌ر ده‌ستدا، به پشتبه‌ستن به یادگه نووسراونه‌ته‌وه، داوای لێبوردن له ڕوحی مامۆستا مه‌سعوودو خوێنه‌ری به‌ڕێزیش ده‌كه‌م، ئه‌گه‌ر ده‌قه‌كان كهمو زۆرییهكیان تێدا كرا بێت}..
زاتێكی وا، ناكرێت قسه‌ی وه‌ك هی نووسه‌ری ساده بێت، ئه‌و چه‌ند بیری به بڕشته، به‌و ئه‌ندازه‌یه زمانیشی ساف‌و سفته، ئاخر ئه‌مڕۆكه له بازاڕی دونیای كوردییدا كه‌سانێكیان لـێ كردووین به فه‌یله‌سووف كه هێشتا فێری ئاخاوتن به زمانی خۆیان نه‌بوون، تا هه‌نووكه جیاوازیی له‌نێوان ده‌می ئێستا‌و كاتی ڕابردوودا ناكه‌ن، مرۆڤ كه زمانی دایكی نه‌زانێت، ناشێت لافی فه‌یله‌سووفبوون لـێ بدات!
مه‌سعوود محه‌ممه‌د سه‌رباری توانای له‌بننه‌هاتووی له بواری بیر‌و فه‌لسه‌فه‌دا، له ته‌نیشت شارهزاییو قاڵبوونییهوه له جیهانی ئه‌ده‌بی كوردی و عه‌ره‌بی و فارسیی دا، زانایه‌كی گه‌وره‌ی زمانه‌وانییش بوو، ئه‌و ڕه‌خنه‌ی له ڕێساكانی قه‌واعید (نه‌حو)ی عه‌ره‌بییش ده‌گرت، باسی زمانی كوردی هه‌ر مه‌كه.. ئه‌وه‌ی له ڕاستی ئم قسانه به گومانه ده‌توانێت بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر كتێبه‌كانی (چه‌ند حه‌شارگه‌یه‌كی ڕێزمانی كوردی)، (به‌ره‌و ڕاسته شه‌قامی ئاخاوتنی كوردی)، ( زاراوه‌سازی پێوانه)و (لسان الكرد)…
وه‌ك وتم ئه‌گه‌ر جڵه‌وی خامه شل كه‌م، به ئاسانی بۆم ناگێڕدرێته‌وه، ناچار (خانی) گوته‌نی زوو زوو ڕوو له قه‌ڵه‌م بكه‌م‌و بێژم:
ئه‌ی خامه تــهژی گه‌له‌ك درێژ كر
ئهڤــ نـــامه به‌سه ته پڕ قڕێژ كر
هه‌ر چه‌ند كه‌لام شوبهی دور بهت
بێ قه‌در دبه‌ت دمــاكـــو پڕ بهت
1. ختوكه‌دانی مێشك:
وه‌ك وتم مه‌سعوود محه‌ممه‌د موخاته‌به‌ی ئه‌قڵا ده‌كات، ئاوه‌ز له خه‌و هه‌ڵده‌ستێنێت، پرسیاری وا ده‌وروژێنێت ڕه‌نگه ڕۆشنبیری ئاسایی ئه‌گه‌ر سه‌د ساڵیش بژێت بیری بۆی نه‌چێت!
وتراوه نموونه‌هێنانه‌وه یارمه‌تی تێگه‌یشتن ده‌دات، ئێمه له‌م باسه‌دا نموونهكانمان به هه‌ڕه‌مه‌كی (randomly) هه‌ڵبژاردوو:
أ. له كتێبی (بۆ ئه‌میری حه‌سه‌ن پور له هه‌ر كوێیه‌ك بێت)دا، چاومان به نموونه‌گه‌لێك ده‌كه‌وێت كه مێشكی مرۆڤ ختووكه ده‌ده‌ن و، شتی وای فێرده‌كه‌ن كه هه‌رگیز له‌وه‌و پێش بیری لـێ نه‌كردبێته‌وه، لێره‌دا یه‌كێكیان دێنمه‌وه ئه‌ویش باسی كاریگه‌ریی ئایینه له‌سه‌ر ناخ‌و ده‌روونی خه‌ڵك، به‌جۆرێك هه‌رگیز به‌ربه‌ستی ماددی‌و ژێرخانی ئابووری ڕێگه‌ی ئه‌و ته‌ئسیره ناگرن‌و ناشتوانن بیگرن.
له لاپه‌ڕه‌كانی (86، 87، 88)دا ده‌ڵێت : ” به نمونه ده‌ڵێم ماره‌بڕینی ئافره‌تی كورد له 1300 ساڵه‌وه به پێی ده‌ستووراتی شه‌رعی ئیسلام‌و، به زۆریش له‌سه‌ر مه‌زهه‌بی شافیعی ده‌كرێ، چۆناو چۆنی به پێداویسته‌كانی فیودال وه یا سه‌رمایه‌دار وه‌یا پله‌ی ئابووری‌و هۆی به‌رهه‌م هێنان ده‌درێته‌وه؟ سه‌یریش له‌وه‌دایه كه تا ئێستا ماره‌بڕین له مزگه‌وت ته‌واو ده‌بێ، هه‌رچه‌ند له پێشه‌وه ئیزن نیكاحی له دادگای شه‌رعییه‌وه بۆ ده‌رده‌چێ . . خهڵقهكه بڕی به نیكاحی ڕه‌سمی ناشكێت، چونكه ماره‌و ته‌ڵاق به پێوه‌ندییه‌كی سه‌ر به ئایین دهزانێو حه‌ز ناكا ده‌سه‌ڵاتی دنیایی تێكه‌ڵا ببێ، ته‌نانه‌ت ماره‌یی بێ مه‌لا هه‌رگیز به هه‌ڕه‌شه‌ی فیوداڵیش نه‌سه‌لمێندراوه. له 1300 ساڵه‌وه كورد به‌ره‌و قیبله (بسم الله) له سه‌ربڕین دهكاتو تیغ به شوێنێكی دیاركراوی گه‌رده‌نی كوشتوودا ده‌هێنێت، ئه‌گه‌ر نا به مرداری داده‌نێت . . هه‌ر ئه‌و كورده كه هێنده ده‌ربه‌ستی مه‌رجه‌كانی مارهبڕینو سه‌ربڕینه، شایی ڕه‌شبه‌ڵه‌ك ده‌كات . . چه‌ندێكی بۆی بلوێ له مه‌یدانی زایه‌ند (جنس، sex)بێ وه‌یا له مه‌یدانه‌كانی دیكه‌ی دنیا بێت به قیلهشهرعان وه‌یا به‌بێ شه‌رعی پاته‌وپات ئارهزۆیه ناڕواكانی دابین ده‌كات، تۆ سه‌یری، ئه‌و دزه‌ی كه به‌رخی دزراوی له ده‌ست مردار ده‌بێته‌وه لێی ناخوا ، خۆ دزین حه‌رامتره له گۆشتی مردار. ڕه‌نگه كۆمه نه‌كا له دامركاندنی حه‌زی نێرانه‌ی ، وه‌یا مێیانه‌ی ، به‌ڵام به‌دوا ئه‌و حه‌زه‌دا نوێژی بێ ده‌سنوێژ وه یا بێ غه‌سل ناكات . . قسه‌ش له زوربه‌ی خه‌ڵقی لێره به پێشه‌وه‌ی سه‌رده‌می فیوداڵه نه‌ك تاكو ته‌را ، ئا ئه‌م دیاردانه كه هه‌موویان ژوورخانی به توێكڵاو چاوبهستهكێن پتر لایه‌نی مادییان تێدایه‌و كه‌متر زه‌نه‌ی نه‌فسن له ئهدهبو هونه‌ر، به‌و پێیه ده‌بێ ڕوونترو ئاشكراتر بكه‌ونه به‌ر فه‌رمانی فیودالیزمو كاپیتالیزمو هۆی به‌رهه‌م هێنانو ده‌ستووره ئابوورییه‌كان. چۆن؟ كوا؟ له كوێوه؟ “
ب. له كتێبی (په‌رژینی بێ ده‌نگی) لاپه‌ڕه (29)دا ده‌بێژێت : ” سۆفی ته‌ریقه‌ت به چاوی خۆی ببینێ كه بێ گومان دیتوویه‌تی، شێخه‌كه‌ی به به‌ر بێشهرعییهوه نیشتووه، زه‌ڕڕه‌یه‌ك له فێگرتنو كهف پژاندنی ده‌می (حاڵا)لێهاتنی كه‌م ناكاته‌وه، بگره له مه‌رته‌به‌ی شێخهكهو حورمه‌تی زیاد ده‌كات ، چونكه موریده‌كه لێی یه‌قینه خوای ئاسمانان ئه‌وه‌نده حورمه‌تی شێخی لایه هیچ بێشهرعییهك به بنی پێڵاویشییهوه نانووسێت. بیروباوه‌ڕ كه له ده‌روونی مرۆدا بوو به ئایینی نهقشبهستوو، ژوورووی تاقیكردنه‌وه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنی هۆشه‌كی تێههڵدهكشێ ، هه‌ر نه‌بێ ده‌بێ بایی بتپهرستیو مهیمونپهرستی بۆی تێ بخوێنیته‌وه …
ج. له (مرۆڤ و ده‌ورووبه‌ر) _به‌رگی یه‌كه‌م_دا باسی بڕیارێكی (ستالین) ده‌كات و دوایی به‌دواداچوونی بڕیاره‌كه دهكاتو ڕه‌خنه‌ی لـێ ده‌گرێت: ” له نموونه‌ی خۆ ده‌رهاوێشتنی فه‌رمانڕه‌وا له‌و بڕیاره‌ی به‌سه‌ر غه‌یری خۆیدا ده‌سه‌پێنێت، شتێكی كۆتایی ساڵانی چلهكانم بیر ده‌كه‌وێته‌وه كه (ستالین) له شێوه‌ی (ئه‌مر اداری) فهتوایێكی ده‌رچواند به‌سه‌ر زیرهكیو زهكای مرۆڤدا‌و بڕیاری دا پله‌ی زیره‌كی تاكهكَان له بنه‌ڕه‌تدا وه‌ك یه‌كه به‌ڵام جووداوازی چین‌و په‌روه‌رده‌بوون لێكیان دوور ده‌خاته‌وه ، له‌م فه‌توا سافیلكهیهدا كه چ پێوه‌ندیی به ڕاستیی‌و به به‌رژه‌وه‌ندی مرۆڤیشه‌وه نییه. هه‌ر ئه‌وه‌م مه‌به‌سته ئه‌گه‌ر خاوه‌نی فه‌تواكه بڕوای پێی هه‌بووبا ده‌بوو خێرا به خێرا واز له‌و ڕابهڕیهتییه زیده زه‌حمه‌ته بهێنێ كه به ئه‌ستۆی خۆیه‌وه گرتبوو، چونكه له سه‌ره‌تای ژیانی خۆیدا به هه‌ژاری ڕایبواردبوو و بۆی ڕێك نه‌كه‌وتبوو له ڕێی په‌روه‌رده‌بوونی تایبه‌تییه‌وه به پێی قسه‌كه‌ی خۆی، زیره‌كییه‌كه‌ی به‌ره‌و پێش بچێت، ئیتر بۆ ده‌بێ یه‌كێكی خواپێ‌داو و دڵسۆز نهدۆزیتهوهو ده‌سه‌ڵاتی ڕابه‌رایه‌تی‌و بهڕێوهبهراتیهكهی خۆی پێ نه‌دات؟ بێگومان هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی كه قسه‌ی وه‌ها دوور له واقیع ده‌كه‌ن هه‌رگیز به ته‌مانین قسه‌كان به‌سه‌ر خۆیان دا بهێنن . . .”
( به‌رگی یه‌كه‌م ، لاپه‌ڕه 56) .
ئه‌و نمونانه‌ی سه‌ره‌وه كه مشتێكن له خه‌روارێك، خوێنه‌ر به شێوه‌یه‌ك ده‌وروژێنن سه‌دان ده‌رگای داخراو له‌به‌رده‌م بیر‌و هۆشیدا ده‌خه‌نه سه‌ر گازهرای پشت، ئاخر ئه‌وه‌یه وا ده‌كات، كه‌سێك كه به‌خوێندنه‌وه‌ی نووسینی نووسه‌ری گه‌وره‌وه خه‌ریك ده‌بێت زووتر مێشكی ده‌كرێته‌وه‌و پێده‌گات.
2. خه‌نده خستنه سه‌ر لێوی خوێنه‌ر:
وه‌ك چۆن نمونههێنانهوه خوێندنه‌وه لای خوێنه‌ر ئاسان ده‌كات ، گێڕانه‌وه‌ی نوكته‌و قسه‌ی خۆشیش بابه‌ت ته‌ڕو شیرین ده‌كات. مه‌سعوود محه‌ممه‌د كه هه‌ر چی نووسینی هه‌یه، ئه‌وانه‌یشی وا باسی زمان‌و ئهدهبو ژیانی ئهدیبو ناوداران ده‌كه‌ن ، ده‌كرێت بخرێته چوار چێوه‌ی فیكر‌و فه‌لسه‌فه‌وه، وه‌ك ده‌زانن فه‌لسه‌فه‌یش وشك‌و گرانه، ده‌بینیت هیچ نووسینێكی له نوكته‌و نمونه‌ی پێكه‌نینهێن خاڵی نییه.
زۆر به په‌له چاوم به هه‌ندێ كتێبی دا كه له‌به‌رده‌ستمدان گێڕا‌و، یه‌ك دوو نمونه‌یه‌كم لـێ هه‌ڵبژاردن:
_ ” كابرایه‌كی هۆش كول (متخلف عقلیاً ــretarded ) ده‌یگووت مانگ به سوود تره له ڕۆژ چونكی مانگ شه‌وی تاریك ڕووناك ده‌كات ، هه‌ر چی ڕۆژه به‌سه‌ر ڕووناكی‌دا هه‌ڵدێت . . . ” ! (مرۆڤ و ده‌ورووبه‌ر ــ به‌رگی یه‌كه‌م، ل 99) .
_ ” من له‌و ساڵانه‌دا به تایبه‌تی له ساڵی 1959 (ڕابه‌ری) وه‌هام دیتوه بوو بووه فه‌رمانڕه‌وای ناوچه‌یێكی دوو هێنده‌ی قه‌زای كۆیێ، هه‌موو پاشخانی سهقافهتهكهی سهكندایهتی زێده پاشكه‌وتوو بێ حورمه‌ت بوو، ئه‌و په‌ڕی تێههڵكشینیشی له خوێنده‌واریدا ئه‌وه بوو بۆی ڕێك نه‌كه‌وتبوو فێری ئیمزا بێت . . . هه‌زار ڕه‌حمه‌ت له گۆڕی بێت، به ڕاستی ڕابه‌ر بوو!!!(مرۆڤ‌و ده‌ورووبه‌ر، به‌رگی یه‌كه‌م) .
_ ” مێژوو باسی جه‌ماعه‌تێكی كاروانیی سه‌رده‌می دڕنده‌یی مه‌غۆله‌كان ده‌كات، كه چۆن یه‌ك تاكه مه‌غۆلی تووشی كاروانه‌كه دێت‌و لێیان داوا ده‌كات له شوێنی خۆیان بووه‌ستن تا تیغیك په‌یدا ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ریان ببڕێت ئه‌وانیش هه‌موویان ده‌سته‌پاچه بۆی ڕاده‌وه‌ستن، به‌ڵام یه‌كێكیان به خۆی ده‌ڵێ خۆ ئێمه هه‌ر كوژراوین با من پێشده‌ستیی بكه‌م، ئیتر گاشه‌به‌ردێك له كابرای مه‌غۆلی دهداتو ده‌یكوژێت . . . ” (مرۆڤ‌و ده‌ورووبه‌ر، به‌رگی یه‌كه‌م ل 145) .
_ “. . . ده‌ڵین له شه‌ڕێكدا یه‌كێك له تۆپچییه‌كان به درێژایی هه‌راكه خامۆش مایه‌وه. دواتر سه‌رۆكه‌كه‌ی له شێوه‌ی محاكهمهدا لـێی پرسی بۆچی تۆپی نه‌ته‌قاند به‌ره‌و دوژمن، گوتی گه‌وره‌م سه‌دو یه‌ك سهبهبم به ده‌سته‌وه بوو . . یه‌كه‌میان ئه‌وه بوو كه دانه تۆپم نه‌بوو، دوه‌میان . . سه‌رۆكه‌كه گوتی ئه‌وانی دیكه لزومیان نییه . . ” . (بۆ ئه‌میری حه‌سه‌ن پور ل164) .
_ ” هه‌تا كۆڵیته مریشكێك دروست ده‌كرێ، قۆڵاو باسك بۆ بن ههنگڵا قوڕاوی ده‌بێت، كه‌چی له سه‌ری زمانه‌وه پوچه‌ڵا كردنی هه‌نده‌سه‌ی state impire هێنده‌ی دیشله‌مه‌ی شه‌كری قه‌ند به تام‌و له‌ززه‌ته . . ده‌ك ماڵی بێئینسافیم بڕمێت: دوعا له منه‌وه‌و بێئیسنافی له بێباكانهوه” . (په‌رژینی بێده‌نگی، چاپی یه‌كه‌م ، سوید 1996 ، ل 65)
_ ” له نێوان كوردان مه‌شوره: به حوشتریان گوت ملت خواره، گوتی به‌سه‌ده‌قه‌ت بم كوێم ڕاسته! ” . (سه‌رچاوه‌ی پێشوو ، ل 65) .
_ ” ده‌ڵێن له‌ناو شاری كوێران ده‌بێ ده‌ست بگری به چاوته‌وه! مه‌ته‌ڵه‌كه له مه‌عنادا ڕاسته، هه‌رچه‌ند ده‌ست به چاوه‌وه گرتن له ناو كوێران بێلزوومه، چونكه نابینن چاو زه‌قه یان قوپاو . . .” (سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل67) .
_ ” شێخ ڕه‌زا له به‌یتێكی توریكزمانی ئه‌مه‌ی گوتووه:
منعمك ڤرگهسنه یرحمك الله دینـــور
مفلسك عگسهسنه صیحه ناگاه دینور
(ده‌وڵه‌مه‌ند بای لـێ ببێته‌وه ده‌ڵێن یرحمك الله ، موفلیس بپشمێ ده‌ڵێن ئه‌و هاواره چ بوو ) (سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل68) .
له كۆتایی ئه‌م ورده قسانه‌وه یه‌ك شتم به‌لاوه گرنگه به خوێنه‌ری بگه‌یه‌نم ، هه‌روه‌خت ته‌ماشای نووسینێكی مه‌سعوود محه‌ممه‌د ده‌كه‌م ، به دهستخۆم نییه ئه‌و به‌یته شیعره‌ی (ئیقبالی لاهوریی)م بیرده‌كه‌وێته‌وه:
زیـان بینی ز سیری بوستـــانم
اگر جانت شهید جستجو نیست
میابم انچه هست اندر رگی گـل
بهار من گلسم رنگ و بو نیست
(ئه‌گه‌ر گیانت شه‌هیدی گه‌ڕان نییه، له پیاسه‌كردن به ناو گوڵستانی مندا زیانت به‌رده‌كه‌وێت، ئه‌وه‌ی من ده‌یخه‌مه ڕوو ڕه‌گی گوڵه، به‌هاری من ته‌لیسمی ڕهنگو بۆ نییه).
سه‌ر بۆ شكۆت داده‌نه‌وێنم تاقانه فه‌یله‌سوفه له‌بیركراوه بێنازه‌كه‌ی كورد . . ڕووحت شاد‌و جێگه‌ت به هه‌شت بێت . .
Hemnxurshid79@gmail.com
* ئه‌م بابه‌ته پێشتر له ژماره (3)ی گۆڤاری (ڕاز)دا بڵاوكراوه‌ته‌وه.
هێمن خورشید