
به‌شی ده‌یه‌م ….. مامۆستا موحسینی شۆڕشگێڕان وه‌ک نموونه
23.11.2010 سێشه‌ممه
ده‌رسیم دیبه‌گه‌یی
Darsim2006@hotmail.com
هه‌ر سه‌رۆک جاشێک ژیانی زۆرتر له هه‌زار کوردی له مردن پاراستووه، مامۆستا موحسینی شۆڕشگێڕان وه‌ک نموونه! به‌شی ده‌یه‌م
ئیبراهیمی شێخ نه‌سره‌دین به‌رزنجی سه‌رۆک جاشی فه‌وجی (102)ی جاشه سووکه‌کان که ئێستاکه سه‌ربه بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانی نه‌وشیروان مسته‌فایه، له روونکردنه‌وه‌یه‌کدا که له رۆژنامه‌ی هاوڵاتی، ژماره (651)ی رۆژی چوارشه‌ممه، رێکه‌وتی (4.8.2010)دا، که له لاپه‌ڕه (17)دا بڵاوکراوه‌ته‌وه، باسی ئه‌وه ده‌کات که هه‌ر سه‌رۆک جاشێکی سه‌دام و به‌عس توانیوێتی له سه‌روو هه‌زار کورد بپارێزێت له مردن و تیاچوون. سه‌ره‌تا ده‌مه‌وێت ئه‌وه بڵێم که ناوونیشانی ووتاره‌که‌م له لێدوانه‌که‌ی ئه‌و وه‌رگیراوه، پاشانیش ده‌مه‌وێت چه‌ند نموونه‌یه‌ک هه‌ڵبژێرم له‌و سه‌رۆک جاشانه‌ی سه‌دام که گوایه به قسه‌ی سه‌رۆک جاشی فه‌وجی ناوبراو ژیانی هه‌زار کوردیان پاراستووه، با بزانین قسه‌ی سه‌رۆک جاشی ناوبراو وا ده‌رده‌چێت یان نه‌ک پێچه‌وانه به‌ڵکو هه‌ندێک سه‌رۆک جاش به ده‌یان و سه‌دان هاووڵاتی و پێشمه‌رگه‌یان شه‌هیدکردووه!
پێویسته ئه‌وه بڵێم، سوپاسی هه‌موو ئه‌وانه ده‌که‌م که هه‌ر هه‌ڵه‌یه‌ک یان ناته‌واوییه‌ک له نووسینه‌کانمدا هه‌بێت، هه‌وڵی راستکردنه‌وه و پڕکردنه‌وه‌ی ناته‌واوییه‌کان ده‌ده‌ن، چونکه به‌دڵنیایی نامه‌وێت شتێک بنووسم که وانه‌بێت، ئه‌گه‌ر هه‌ر هه‌ڵه‌یه‌کیش له نووسینه‌کانمدا هه‌بێت به‌زووترین کات هه‌وڵی راستکردنه‌وه‌ی ده‌ده‌م، به‌ڵام کاتێک که هه‌ڵه‌یه‌کی بێ مه‌به‌ست رووده‌دات و خۆم پێم خۆش نییه، که‌چی که‌سانێکی پاشه‌ڵ پیس و گه‌وره بوو له ته‌وێڵه‌ی جاشایه‌تی بیانه‌وێت قسه‌ی ناشیرینم پێ بڵێن (که جاشی دۆڕاو هه‌ر جاشه له هه‌ر کوێیه‌ک بن)، ته‌نیا په‌ندێکی (ئاری)یان به نموونه بۆ دێنمه‌وه که ده‌ڵێت: (هیچ به‌رکه‌وتنێکی ئه‌و جۆره که‌سانه نامشکێنی، نه‌ک له‌به‌رئه‌وه‌ی له پۆڵا دروست کرابم، به‌ڵکو ئه‌وه‌ی که زامدارم ده‌کات، ئه‌وه‌نده ناهێنێ له‌پێناویدا بشکێم).
له به‌شی ده‌یه‌مدا، موحسین عه‌بدوڵڵای ناسراو به (مامۆستا موحسینی شۆڕشگێڕان) وه‌کو نموونه دێنینه‌وه، که به‌مشێوه‌یه له په‌رتووکی (ئینسکلۆپیدیای تاوانبارانی ئه‌نفال و کوردۆسایدکردنی گه‌لی باشووری کوردستان)دا باسی کراوه.
موحسین عه‌بدوڵڵا ناسراو به مامۆستا موحسینی شۆڕشگێڕان، فه‌رمانده‌ی مه‌فره‌زه‌ی تایبه‌ت. ناوبراو خه‌ڵکی گوندی گردهچاری بهڕهناتی بوو، پێشتر سه‌ربه رێکخستنه‌کانی هێلی گشتیی که یه‌کێک له باڵه‌کانی ناو یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو.
بۆ یه‌که‌م جار مامۆستا موحسین عه‌بدوڵڵام له به‌هاری ساڵی (1981)دا ناسی کاتێ که هاته سه‌ردانی شه‌هید جه‌میل ئه‌حمه‌د مه‌حمودی ئامۆزازام و شه‌هید ته‌حسینی برام له ژووری سێداره‌ی موسڵ، گوایه ده‌یه‌وێت به‌رله‌وه‌ی بڕوات و بچێته ریزی هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان، خواحافیزی له شه‌هیدان بکات.
مامۆستا موحسین عه‌بدوڵڵا له‌گه‌ڵ ده‌ستگیرکردنی برام، ئامۆزازام و کۆمه‌ڵێک هاوڕێی تری رێکخستنه‌کانی کۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی کوردستان فه‌رمانی گرتنی بۆ ده‌رچوو بوو، که‌چی هه‌ر له یه‌که‌م رۆژی یه‌کتر ناسینماندا دوای ئه‌وه‌ی خۆم گوێم لێ‌بوو قسه‌ی بۆ شه‌هید جه‌میل ده‌کرد که گوایه دوای گیرانی ئه‌وان خۆی شاردۆته‌وه به‌ڵام واسته‌یه‌کی زۆر گه‌وره‌ی بۆ کراوه و ئینجا خۆی راده‌ستی ئه‌منی به‌لده کردووه‌و ئه‌وانیش لێی خۆشبووینه، یه‌کسه‌ر گومانێکی زۆر که‌وته ناو دڵم و ده‌ستبه‌جێ به شه‌هیدان (جه‌میل و ته‌حسین)م گووت که مامۆستا موحسین جێگای گومانه و باوه‌ڕی پێنه‌که‌ن و هاتووه تاوه‌کو زانیاریتان لێ وه‌رگرێت و بیگه‌یه‌نێته ئه‌منی هه‌ولێر، که‌چی ئه‌وان ئه‌و قسانه‌ی منیان پێ‌ناخۆش بوو، به‌تایبه‌ت شه‌هید جه‌میل که لێشم توڕه‌بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی چۆن ده‌کرێت هاوڕێیه‌کی کۆمه‌ڵه تاوانبار بکه‌م به‌وه‌ی که پیاوی رژێمه.
دوای ئه‌و سه‌ردانه‌ی مامۆستا موحسین بۆ لای زیندانییانی ژووری سێداره‌ی موسڵ، شاری به‌جێهێشت و خۆی گه‌یانده ناو هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان. دوای یه‌کگرتنه‌وه‌ی هێلی گشتیی و بزووتنه‌وه‌ی سۆسیالیستی کوردستان و پێکهێنانی یه‌کێتیی شۆڕشگێڕانیی کوردستان له ئاکامی یه‌کگرتنه‌وه‌ی ئه‌و دوو باڵه‌دا، موحسین عه‌بدوڵڵای به‌ناو پێشمه‌رگه بوو به به‌رپرسی لقی هه‌ولێری یه‌کێتیی شۆڕشگێڕانیی کوردستانی ناو یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان و نازناوی شۆڕشگێڕانیی درایێ و بوو به مامۆستا موحسینی شۆڕشگێڕان.
له‌نێوان ساڵانی (1982-1985)دا به ده‌یان جار له‌گه‌ڵ مامۆستا موحسین له دۆڵی بالیسان و مورتکه تووشی یه‌کتر بووین، به‌ڵام هه‌رده‌م جێگای گومان بوو لای به‌نده و هه‌رگیز متمانه‌م پێی نه‌ده‌کرد و خۆم لێ لاده‌دا یان رووم نه‌ده‌دایێ و ماوه‌ی ئه‌وه‌م نه‌ده‌دا باسی سیاسه‌تم له‌گه‌ڵ بکات.
وه‌لێ کاتی گیرانم له رێکه‌وتی (2.3.1986)دا له مه‌نزومه‌ی ئیستخباراتی شیمالی، مامۆستا موحسین قسه‌ی زۆری له‌سه‌ر کردم لای موقه‌ده‌م فازڵی جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری مه‌نزومه‌ی ئیستخباراتی شیمالی و ئه‌فسه‌ری به‌رپرس له لێکۆڵینه‌وه‌م. مامۆستا موحسین به‌و قسانه‌ی که بۆ موقه‌ده‌م فازڵی ده‌کرد، ده‌یویست ئه‌و تاوانه‌ی که شه‌هیدان ته‌حسین و جه‌میل پێشتر له‌سه‌ری له‌سێداره درابوون بیخاته ئه‌ستۆی منیش و به‌ره‌و په‌تی سێداره‌م ببات، وه‌لێ سه‌رکه‌وتوو نه‌بوو. به‌ڵام به‌نده به‌قسه‌ی ئه‌و نه‌گیرابووم به‌ڵکو که‌سێکی تر منی به‌گرت دابوو که تا ئێستاکه له ژیاندا ماوه و له هه‌ولێر ده‌ژیت.
پێموایه موحسین عه‌بدوڵڵا له ساڵی (1981)دا ته‌نیا به‌ناو بووه پێشمه‌رگه و له راستیدا سه‌ربه به‌عس بووه، دواتریش کاتێ که له ناوه‌ڕاستی ساڵی (1985)دا هاته‌وه ناو رژێم و بوو به یه‌کێک له دڕنده‌ترین فه‌رمانده‌ی مه‌فره‌زه‌ی تایبه‌تی سه‌ربه مه‌نزومه‌ی ئیستخباراتی شیمالی.
مامۆستا موحسینی شۆڕشگێڕان، له رێکه‌وتی (1.4.1986)دا ئه‌و هه‌ڤاڵانه‌ی رێکخستنه‌کانی یه‌کێتیی شۆڕشگێڕانیی کوردستانی به‌گرتندا (مقداد بیلال حوسێن دزه‌یی ناسراو به حاکم رزگار، که خۆشبه‌ختانه توانی په‌نجه‌ره‌ی مه‌نزومه‌ی ئیستخباراتی شیمالی له هه‌ولێر بشکێنێت و رابکات، به‌ڵام به‌داخه‌وه له ناوه‌ڕاستی ساڵی (1987)دا له نزیک به‌ستۆڕه ده‌که‌وێته بۆسه‌ی جاشان و شه‌هید ده‌بێت. دیار محه‌مه‌د عه‌لی نانه‌که‌لی (حاکم دیار) که هیچ ئاوڕێکی لێ نه‌دراوه‌ته‌وه، جیهاد نوری تاهیر شێروانی و موزه‌فه‌ر که‌مال عه‌زیز خۆشناو بالیسانی)، که هه‌رسێکیان له کۆتایی مانگی چوار یان سه‌ره‌تای مانگی پێنجی ساڵی (1986)دا وه‌کو ئێمه گواسترانه‌وه بۆ ئه‌منی هه‌ولێر و هاتنه لای ئێمه له تاکژوورهکانی (إنفرادي) ئه‌منی هه‌ولێر و بۆ نزیکه‌ی ساڵێک به یه‌که‌وه بووین. دواتر ئه‌وان ئه‌و سێ هه‌ڤاڵه‌ی شۆڕشگێڕان له رێکه‌وتی (13.5.1987)دا ره‌وانه‌ی دادگای به‌ناو شۆڕشی عه‌واد به‌نده‌ر کران، که موزه‌فه‌ر خۆشناو سزای ده ساڵ زیندانی و هه‌ر یه‌ک له حاکم دیار محه‌مه‌د نانه‌که‌لی و جیهاد نوری شێروانی سزای هه‌تا هه‌تایه زیندانیکردنیان بۆ بڕدرایه‌وه، دواتر دووباره له ئه‌بوغرێب یه‌کمان گرته‌وه‌و، تا هه‌موومان پێکه‌وه له رێکه‌وتی (14.9.1988)دا ئازاد کراین. به‌ڵام به‌داخه‌وه موزه‌فه‌ر که‌مال عه‌زیز خۆشناو له ساڵی (2008)دا کۆچی دواییکرد به‌بێ ئه‌وه‌ی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاوڕێک له‌و قاره‌مانه‌ی زیندانه‌کانی به‌عس و سه‌ری ره‌ش و ئاکرێ بداته‌وه.
مامۆستا موحسینی شۆڕشگێڕان، له رێکه‌وتی (20.4.1986)دا کرێکارێکی ره‌نجده‌ر و کوردپه‌روه‌ری باوه‌ڕ پۆڵایین و به‌رز به‌قه‌د به‌رزایی چیای قه‌ره‌چوغ به‌ناوی سلێمان که‌ریم قادر خه‌ڵکی گوندی کورتاندرووی بناری چیای قه‌ره‌چوغ ناسراو به (سلێمان که‌بابچی) به‌گرتدا که سه‌ربه رێکخستنه‌کانی یه‌کێتیی شۆڕشگێڕانیی کوردستان بوو. له‌گه‌ڵ سلێمان که‌بابچی له زیندانی ئه‌منی هه‌ولێر به‌یه‌که‌وه بووین، که خزمه‌تێکی یه‌کجار زۆر‌و گه‌وره‌ی ته‌واوی زیندانییه‌کانی به‌بێ جیاوازی ده‌کرد. سلێمان که‌بابچی دواتر له رێکه‌وتی (21.7.1987)دا سزای زیندانیکردنی هه‌تا هه‌تایه‌ی له‌لایه‌ن عه‌واد به‌نده‌ره‌وه بۆ بڕدرایه‌وه و تاوه‌کو رۆژی ئازادبوونی له رێکه‌وتی (14.9.1988)دا له زیندانی ئه‌بوغرێب له شاری به‌غدا پێکه‌وه بووین.
موحسین عه‌بدوڵڵای فه‌رمانده‌ی مه‌فره‌زه‌ی تایبه‌تی سه‌ربه مه‌نزومه‌ی ئیستیخبارات، له رێکه‌وتی (24.9.1986)دا کۆمه‌ڵێ تێکۆشه‌ری تری له هه‌ڤاڵانی سه‌ربه رێکخستنه‌کانی یه‌کێتیی شۆڕشگێڕانیی کوردستانی له لایه‌ن مه‌نزومه‌ی ئیستخباراتی شیمالی به‌گرتدا، که ئه‌مانه بوون: (سیاد ئیبراهیم ناسراو به سواره خه‌ڵکی گوندی سفهییهی کاکه‌ییه‌کان، سدیق حوسێن گه‌زۆ که‌ڵه‌کی، عه‌بدولڕه‌حمان پیرداود که‌ڵه‌کی، که‌مال بایز ئیسماعیل دزه‌یی کاریتانی، برای ئه‌رسه‌لان بایزی ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان و جێگری سه‌رۆکی په‌رله‌مانی کوردستان و که‌سێکی تر به‌ناوی موحسین بایز خه‌ڵکی گوندی سفه‌یه). ئه‌و پێنج هه‌ڤاڵه‌ی سه‌ره‌وه دوای ئه‌وه‌ی مامۆستا موحسینی شۆڕشگێڕان بهگرتیدان، هه‌موویان پێکه‌وه له رێکه‌وتی (2.2.1987)دا له به‌ناو (دادگای شۆڕش)دا فه‌رمانی له سێداره دانیان بۆ ده‌رچوو، دواتر له رێکه‌وتی (18.11.1987)دا له به‌غدا له سێداره دران.
موحسین عه‌بدوڵڵای سه‌ربه مه‌نزومه‌ی ئیستخبارات، له رێکه‌وتی (16.5.1989)دا نه‌سروڵڵا نوره‌دین نه‌جمه‌دین سوورچی به‌تاوانی ئه‌ندامی حزبی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی سه‌ربه قادر عه‌زیز و ئه‌لقه‌ی په‌یوه‌ندی نێوان فڕۆکه‌وان لیوا موحسین هه‌مزه حه‌سه‌ن دزه‌یی و سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان له موسڵ به‌گرتدا، که یه‌کسه‌ر بردیان بۆ ئیستخباراتی گشتیی به‌غدا و دوای ئازار و ئه‌شکه‌نجه‌یه‌کی زۆر له رێکه‌وتی (12.3.1990)دا له‌گه‌ڵ لیوای فڕۆکه‌وان موحسین هه‌مزه حه‌سه‌ن دزه‌یی خه‌ڵکی گوندی سۆربه‌ش که (41) رۆژ به‌ر له نه‌سره‌دین سوورچی هه‌ر مامۆستا موحسین عه‌بدوڵڵای شۆڕشگێڕان به‌گرتی دابوو، له دادگای به‌ناو شۆڕشی عه‌واد حه‌مه‌د به‌نده‌ری جه‌للاددا سزای له سێداره‌دانیان بۆ بڕدرایه‌وه. به‌ڵام خۆشبه‌ختانه به‌خت یاوه‌ریان بوو و دوای (42) شه‌و و رۆژی پڕ له ژیانی بۆنی خوێن و مه‌رگی ژووری سێداره، هه‌ردووکیان له رێکه‌وتی (22.4.1990)دا سزای مه‌رگیان بۆ کرا به زیندانی هه‌تا هه‌تایه و بۆ به‌شی سزا تایبه‌تییه‌کان (قسم الأحکام الخاصة)ی ئه‌بوغرێب گواسترانه‌وه. پاشان له رێکه‌وتی (22.12.1991)دا هه‌ردووکیان پێکه‌وه ئازاد کران و گه‌ڕانه‌وه کوردستان. ئه‌وه‌ی پێویسته بگوترێت ئه‌وه‌یه که مامۆستا موحسین، حه‌سه‌ن رواندزی خاوه‌نی چێشتخانه‌ی زانکۆ له هه‌ولێر و که‌سێکی تر به‌ناوی دڵشاد محه‌مه‌د که دوای راپه‌ڕین روویکرده موسڵ و به‌غدا و له دوای رووخانی سه‌دامیش هه‌ر له به‌غدا بوو، شایه‌د بووینه به‌سه‌ر هه‌ریه‌ک له نه‌سروڵڵا سوورچی و لیوای فڕۆکه‌وان موحسین هه‌مزه دزه‌یی. نه‌سروڵڵا نوره‌دین نه‌جمه‌دین سوورچی، ئێستاکه ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی حزبی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستان – باڵی قادر عه‌زیزه و به‌رپرسی مه‌کته‌بی راگه‌یاندنی حزبی ناوبراوه.
مامۆستا موحسین له ساڵی (1988)دا دوو برای ئاشووری خه‌ڵکی هه‌رمۆته‌ی کۆیه‌ی به‌ناوه‌کانی سه‌لیم ههرمۆتی و سه‌باح ههرمۆتی برا بچووکی به‌گرتدا، که دواتر سه‌لیم ههرمۆتی سزای له سێداره‌دانی بۆ ده‌رچوو له‌لایه‌ن عه‌واد حه‌مه‌د به‌نده‌ر و سه‌باحی برایشی سزای زیندانیکردنی هه‌تا هه‌تایه‌ی بۆ ده‌رچوو. سه‌لیم ههرمۆتی دواتر له سێداره دراو گه‌یشته کاروانه هه‌میشه زیندووه‌که و هه‌رگیز نه‌مرانی کورد و کوردستان، وه‌لێ سه‌باح ههرمۆتی بۆماوه‌ی (7) ساڵ له زیندانی فاشییه‌کاندا مایه‌وه و له کۆتایی ساڵی (1995)دا ئازادکرا، چونکه هه‌ر لێبووردنێک بۆ کورد بهاتبایه ئه‌وی نه‌ده‌گرته‌وه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که خۆی و شه‌هید سه‌لیم ههرمۆتی برای سه‌ربه رێکخستنه‌کانی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان بووینه.
مامۆستا موحسین عه‌بدوڵڵا دوای راپه‌ڕین بۆماوه‌ی چه‌ند رۆژێک چووه ناو یه‌کێک له حزبه کوردستانییه‌کان، که‌چی دوای کۆچڕه‌وه‌که‌ی (31.3.1991) په‌نای برده به‌ر رژێمی به‌عس له شاری موسڵ تا له ساڵی (1993)دا له‌وێ له‌لایه‌ن یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان کوژرا. براکانی مامۆستا موحسین و نه‌وه‌کانیان ئێستاکه له هه‌ولێر سه‌ربه یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستانن.
تێبینی: تاوانه‌کانی مامۆستا موحسینی شۆڕشگێڕان زۆر له‌وه زۆرترن که لێره‌دا نووسراون، بۆیه داوا له هه‌موو ئه‌و که‌سانه ده‌که‌م که قوربانی ده‌ستی ئه‌و تاوانباره‌ن یان خزم و که‌سیان به‌ده‌ستی ناوبراو شه‌هید کراوه، به‌هۆی ئه‌و ئیمێیڵهوه (darsim2006@hotmail.com) راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندیم پێوه بکه‌ن و پێشه‌کی سوپاسیان ده‌که‌م.