Skip to Content

Wednesday, April 24th, 2024
پەرلەمانی كوردستان و، كەڵكەڵەی ڕامكردنی مرۆڤی كورد !..

پەرلەمانی كوردستان و، كەڵكەڵەی ڕامكردنی مرۆڤی كورد !..

Closed
by November 25, 2010 گشتی

 

 پەرلەمانی كوردستان لەم دو دەیەی تەمەنی رابردوی خۆیدا، تەنێ‌ بووەتە خانەی داتاشینی یاساو، دەركردنی یاسا، یانی بەبەراورد لەگەڵ دامەزراوە هاوشێوەكانی لەسەر ئاستی دنیا، ڕەنگە تۆماری پێوانەیی تێپەڕاندبێ‌!، بۆیە ئەگەر تا ئێرە ئەم دامەزراوە گەلییەی كورد نەخرابێتە كتێبی ( گینس )ەوە، وەك سەدانجاری تر، بەدڵنیاییەوە كوردو پەرلەمانەكەیشی غەدری لێكراوە!..
 بەهەمە حاڵ، ئاشكرایە، بەبێ‌ بوونی دەستور، بون و نەبوونی یاسا، شتێكی بەمانا لەخۆشبەختی و بەدبەختی هیچ كۆمەڵگەیەك نەگۆرێ‌، بگرە دەسەڵاتە جیانەكراوەكانی دەسەڵاتی جێبەجێكاریش ( حكومەت ) لەكۆنترۆڵكردنی زیاتری كۆمەڵگەدا، لەسنورداركردنی بێپەروای رەهەندە جیاكانی ئازادی و ژیانكردندا، رەهاتر دەكات، بەمەیش مەعلومە كێشەو ئاریشەكانی وڵات و هاوڵاتی، زیاد دەكەن و، خودی دامەزراوە دادوەریەكانیش لەجێی بەجێگەیاندنی ئەركی رۆژانە، بەراڤەكاری یاساییەوە سەرقاڵ دەكات، لێرەیشەوە ڕۆتین وەك دەردێكی كوشندە، سات لەدوای سات بەربینیی خەڵك دەگرێ‌.
 دیارە لەباری بابەتییەوە، ئیشی پەرلەمان، تەنێ‌ هەر دەركردنی یاسا نییە، بەقەد ئەوەی دەبێ‌ ئەو دامەزراوەیەكی چاودێر بێ‌ و، بەدواداچوون بكات، لێ‌ ڕەنگە لەئێستادا لەهەر ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان بپرسی دەركردنی یاسا یان چاودێری و، بەدواداچوونی دامەزراوەیەكی كارگێری وڵاتەكەت بەلاوە ئاسایی ترە، وڵامێكی بەجێت دەست نەكەوێ‌، ئاخر خۆ باركردنی حكومەتێكی خاوەن بانێك و دو هەوا، یان هەر حكومەتێكی تر بەهەموو شتێ‌، هەروا سادە نییە، ئایا تۆ هیچ حكومەتێكی لەهەناودا دو لەت و، لەئەدای كاركردنا فرە میزاج شك ئەبەی هەموو شتێكی پێبكری، تا لەهەموو شتێك بەرپرس و بار بكرێ‌؟ ئایا حكومەتێكی وەها هێشتا خۆیپێ‌ بەیاسا یەكنەخرابێ‌ و، ڕێكنەخرابی، ڕەواو شیاوە لەهەموو دانیشتنێكی نوێیدا، پەرلەمانەكەی یاسا گەلێكی نوێی بەملدا بدات؟!.. ئاخر پەرلەمانی كوردستان هیچ دانیشتنێك نییە حكومەتەكەی یاسا رێژ نەكات، باشە تۆ بڵێی ئەم پەرلەمانە دواجار بیەوێ‌ ملی حكومەتەكەی لەژێر باری ئەم هەموو كێشەو بێشە بێشومارەوە دەركێشێ‌، یان ملشكاوی بكات؟!..ئایا كۆنكرێتكردنی كێڵگەی سیاسی و كۆمەڵایەتی بەیاسا رێژكردنێكی وەها بێباكانەو، دور لەلۆژیكێك، كۆمەڵگە بەرەو كرانەوەو، گەشە یا بەرەو داخران و، پاشەكشێ‌ دەبات؟!..
 بێگومان وڵامەكان هەرچییەك بن، یاسا لەوەها دۆخێكی بێزەماندا، یەكسانە بەئەوپەڕی دەسەڵات، وەها فەزڵێكیش لەغیابی دەستوردا، ئەوەندەی هێمایە بەرەو سەركوتكاری، هەڵەیە چاوەڕوانی كرانەوەو، گەشەی كۆمەڵایەتی و سیاسی لێبكەی و، تەمای بونیادنانی كۆمەڵگەیەكی ئارام و ژیانكردنێكی مەدەنیانەی لەسەر هەڵبچنی، ئاخر حكومەتێك هەموو رۆژی لەیاسا كەڵبدرێ‌ و، بەیاسا ئاوسبكرێ‌، حەتمەن وەچەیەكی ناجێگرو نائاسایی دەخاتەوە، یانی ئەمانی سیاسی و كۆمەڵایەتی، ژیانكردنێكی تەژی لەژیانی لێناكەوێتەوە، بۆیە هاوڵاتی مافی خۆیەتی لەوەها دۆخێكدا هەموو شتەكان بخاتە ژێر پرسیارەوەو، هەموو شتێكیش وەخەتای حكومەت ببینێ‌، ئەی ئەوە نییە خودی پەڕلەمان حكومەتی لەوەها دنیابینییەك لێورێژ كردووە!، لەوەیش بەو لاوە، دەمەوێ‌ بڵێم، ئەم تێكەڵكارییە لەیاسارێژكردنی حكومەت، مەبەست و بێمەبەست، دواجار بەتێكشكاندنی ئەم حكومەتە تەواو دەبێ‌ و، ئەمەیش پەیامێكی ترسناك و ئاڵۆز دەرئەخات و، بۆ ئەوەیە زەمینە بۆ گێرانەوەی ئیمپراتۆرو، سەڵتەنەتی تاك رەهەند خۆشبكرێ‌، بەپێچەوانەوە هیچ مانایەكی تری نییە، ئەگینا لەجێی ئەم بەندو باوكارییەی حكومەت و كۆمەڵگە، دەبوایە پەرلەمان ئیش بۆ هەیمەنپێكردنەوەی ئیرادەی خۆی لەچاودێریكردن بۆ جێبەجیكردنی یاساكان بكات، نەك كەڵەكەكردنی یاساگەلێكی چاودێر یپێنەكراو بەسەر دامەزراوەی جێبەجێكاردا، هەموومان دەزانین پەرلەمانی ئاكتیڤ ئەوەیە زۆر ترین چاودێریبكات، ئەوەیە چاودێری حكومەت بكات و، لەنزیكیشەوە لەخواست و چاوەڕوانییەكانی خەڵكی بكۆڵێتەوەو، بەدواداچوونیان بۆ بكات، ئەوەیە بەجورئەتەوە لەسەر ژێرخان و سەرخانی وڵات، لەسەر ماف و ئازادییە جیاكان، بۆ پێشێلكاری و، نا بەرابەرییەكان، بەدواداچوون بكات و لێیانبكۆڵێتەوە، پێویستە وەك مافی تاك تاكەی ئەندامەكانی خۆی لەدابینكردنی ئۆتۆمبێلی شاهانەو، بەرزكردنەوەی موچەو، بەئاسمانا بردنی باڵەخانەو، رازاندنەوەی ڤیللاكانیان، ئاوایش بەشوێن گێرانەوەی مافی تاك تاكەی هاوڵاتیانەوە بێ‌، پێویستە لەوە زیاتر لەخوێنی بەناهەق ڕژاوی ئەم هەموو كوڕِو كچە دلێرانەی دوێنی بەناهەق شەهیدكران و ئەتكیان پێكرا، خەمساردو بێدەنگ نەبێ‌، پێویستە لەوە زیاتر لەئاستی تاوانبارانی جەنگ و، گەندەكاران خۆپارێزو شەرمنانە دەرنەكەوێ‌، شەرمە پەرلەمانت هەبێ‌ و ئەنفالچییەكانیش تەراتێن لەوڵاتەتدا بكەن، شەرمە پەرلەمانت هەبێ‌ و بەبەرچاوی هەموو دنیاو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشەوە خەڵك لەسەر ئازادی بیرو ڕا، بكوژری و بڕفێنرێ‌، داری برایەتی بەزۆر سەپێنراو هیچی بۆ كورد لێ‌ سەوز نەبوو، شەرمە پەرلەمان درێژكراوەی هەمان ئەو سیاسەتە بێت، 18 ساڵە خاوەنی پەرلەمانین، لەو ماوەیەدا سێجار هەلی زێرین بووە بەپێشهات، كەچی ئەم دامەزراوەیە یەك جاریش نەیوێرا باسی سەربەخۆیی بكات، تا ئاوایش خەمساردو شەرمنبن، دوبارە بوونەوەی ئەزموونی شێخ سەعیدی پیران لەپێشە، ئەمانیش كاتێ‌ داوای مافی كوردیان كرد، هاوپەیمانەكانی دوێنێیان لەروخاندنی دەوڵەتی عوسمانی، وەك برا عەرەبە بەزۆر سەپێنراوەكانی دوێنی هاوخەبات و ئەمڕۆی ئێمە، خۆیان ببونەوە ئیمپراتۆر.
 لێ‌، لەجێی هەموو ئەمانە فراكسیۆنبازی، بینایی لیڵكردون، كاریگەری ئەم هەژموونە روتە، بۆ دەمكوتكردنی یەكتری و، گەرمكردن و بەڕمێنكردنەوەی بازاڕی سیاسی و حزبی، وایلێكردون بۆ بنێشتجوینیش یاسا دەربكەن!..تۆ ببینە چ گەمەیەكی سەیر دەگوزەرێ‌، پەرلەمانێك خۆی هەڵبژێردراوی گەل و خەڵكی سەر شەقامە، كەچی بەیاسا رێی هاتنە سەر شەقام لەوان دەگرێ‌!، پەرلەمانێك ئەو یاسایەی پێجێبەجێناكرێ‌ كە تایبەت بەپاسەوانیكردنی خۆی، یاساش بۆ پارێزگاریكردن لەخەڵك و حكومەت دەرئەكات!، پەرلەمانی هەموو دنیا چاودێرە بەسەر حكومەتەكەیەوە، ئەوەی ئێمە هەموو رۆژێ‌ یاسایەكی نوێی بۆ جێبەجێكردن بۆ دەردەكاو بۆیشی دەپۆشی!، تا دوێنێ‌ دانیشتنەكانی پەرلەمان وەك باقی دامەزراوە هاوشێوەكانیان لەدنیادا، كراوە بوون، ئەمرۆ ئەمەیشیان لەبینایی خەڵكی ستاندەوە، پەرلەمانی ئێمە هێشتا مەیلی بەكۆیلەكردنی ڕەگەزی بەرینەداوەو، ژنیش تیایدا ئەندامن!..
  بەدەركردنی ئەم هەموو یاسایە رەنگە پێمان بڵێن ئێمە لەگەڵ ئەوەداین هەموو شتێ‌ بەیاسا ریكبخرێ‌، ئەمە وەك مەیل شتێكی جوانە، بەڵام ئەوەتا بەژێر ئەو یاسایانەوە ژن نییە لەم وڵاتەدا بێ‌ واژوی بەخێوكار! بتوانێ‌ سەفەرێكی دەروەی ولات بكات، یان دەڵێن ئەم هەموو یاسا دەركردنە هۆكارەكەی ئەوەیە ئێمە لەسفرەوە دەبێ‌ دەستپێبكەین، لەسفریشەوە یانی ئێمە هێشتا خاوەنی هیچ نین، من پێم وایە هەنێ‌ داخ لەدڵ نەبێ‌ كەس باوەڕ بەوە ناكات كوردستان جەنگڵستانەو، پێویستی بەوەها یاسا رێژ كردنێك هەیە!..
 پوختەی باس، دەمانگەیەنێتە ئەو باوەڕەی، پەرلەمانی كوردستان لەجەوهەردا كەڵكەڵەی ڕامكردنی مرۆڤی كورد لەسەریایەتی و، دەیەوێ‌ دواجار هەر تاكێكی كورد، لەناو چەقێك بۆ راپەراندنی كاروباری دەستە جەمعی كۆ بكاتەوە، بەو مانایەی بیركردنەوەو، ڕوانگەی كەمینەی دەسەڵاتدار، بسەپێنێتە سەر بیركردنەوەو، روانگەبینی زۆرینەی خەڵك و، بازاڕ، ئەمەیش دروست ئەو دەرئەنجامەیە 19 ساڵە بەشێك لەسیاسیەكانی وڵاتی ئێمە خەونی پێوە دەبینن. 

ئەرسەلان مەحمود

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.