هونه‌ری زمان له ڕۆمانی (سواره‌كان به قاچاغ بوكیان گواسته‌وه)…
هونه‌ری زمان له ڕۆمانی (سواره‌كان به قاچاغ بوكیان گواسته‌وه) ی
كاروان عومه‌ر كاكه سووردا
حه‌مه مه‌نتك
زمان بنیادی سه‌ره‌كیی هه‌موو ده‌قێكه، به شێوه‌یه‌ك زمان كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ده‌ق ده‌بێ كه ده‌توانرێت له ڕێگه‌یه‌وه ده‌قی زیندوو و نایاب له ده‌قی خراپ جیا بكه‌ینه‌وه. هه‌ر به هۆی زمانه‌وه‌یه‌وه ده‌تواندرێت پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ هونه‌ر و توخمه‌كانی تری ناو ده‌ق دروست بكرێت ، به‌تایبه‌تی توخم و هونه‌ره‌كانی گێڕانه‌وه. به هۆی زمانه‌وه ده‌تواندرێت جوانی و چێژێكی وا به خوێنه‌ر ببه‌خشین كه هه‌ست بكات له‌ناو فه‌زای ڕووداوه‌كانی ناو ده‌قه‌كه‌دایه، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات زیاتر له جارێك هه‌وڵی خوێندنه‌وه‌ی ده‌قه‌كه بدات. كه‌واته ئه‌ركی زمان دروستكردنی جوانی و به‌خشینی چێژه به شێوه‌یه‌كی هونه‌ریی به‌رز. بۆیه چ له‌تێكستی خۆماڵی و چ له‌وه‌رگێڕاندا كه ده‌یان ڕۆمان و چیڕۆك و شیعر به‌ناوه‌ڕۆك ده‌وڵه‌مه‌ندمان هه‌یه، لێ چونكه زمانیان ناته‌واوه و جوان نیین، خوێنه‌ر هیچ چێژێك له‌خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌قانه وه‌رناگرێت و زوو لێیان بێزار ده‌بێت و ته‌نانه‌ت كاریگه‌رییشیان ده‌بێت له‌سه‌ر هونه‌ره‌ركانی تری ناو ڕۆمانیش. بۆیه مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ زمان له لایه‌ن شاعیر و ڕۆماننوسه‌وه كارێكی زه‌حمه‌ته و به ڕاستی به‌رپرسیارییه‌تییه‌كی گه‌وره‌یه. ئێمه تانوكه‌ش له ئاست به‌رهه‌مه‌كانی مامۆستا(شوكر مسته‌فا) و (مه‌سعوود محه‌مه‌د) و (هه‌ژار موكریانی)دا سه‌راسیمه‌ین، هه‌موومان ده‌زانین ئه‌مه به هۆی جوانی و تۆكمه‌یی و پاراوه‌یی زمانه‌كه‌یانه‌وه‌یه.
هه‌رچه‌نده مامه‌ڵه‌كردن و به‌كارهێنانی زمان له شیعر و ڕۆمان جیاوازییه‌كی زۆری هه‌یه، چونكه ڕۆماننوس له‌ناو فه‌زای ڕۆماندا ئازادتره و به‌سه‌ر هونه‌ره‌كانی ڕۆماندا زاڵتره، هه‌روه‌ها مه‌وادی ئیشكردنی تێدا فراوانتره، بۆیه‌ش ئێستا له‌ناو ئه‌ده‌بی كوردیدا ئه‌وه‌نده ڕۆماننوسمان زۆر بووه كه مرۆڤ پێ ڕاناگات بیانخوێنێته‌وه، لێ چه‌ندیان كاریگه‌رییان هه‌یه و له‌لایه‌ن خوێنه‌ران و ڕه‌خنه‌گرانه‌وه خوێندنه‌وه‌یان بۆ ده‌كرێت (ئه‌گه‌ر خوێنه‌ر و ڕه‌خنه‌گرێكی جدیمان هه‌بێت). ئه‌مه‌ش كێماسی دروستكردووه له هه‌موو هونه‌ر و ته‌كنیكه‌كانی ڕۆمانی كوردی كه لاواز بووه له‌و ڕوانه‌وه. هه‌روه‌ها جیاوازیی نێوان زمانی گێرانه‌وه‌ی مێژوو و زمانی گێڕانه‌وه‌ی ڕۆمان ده‌زانین، لێ جاری وه‌ها هه‌یه ڕۆماننوس بۆ یاده‌وه‌ری و مێژووی خۆی ده‌گه‌ڕێته‌وه، به زمانی گێڕانه‌وه‌ی ڕۆمان بۆیه‌ش ئه‌م قسه‌یه ده‌كه‌م ، چونكه ئه‌م ڕۆمانه‌ی كه ئێمه خه‌ریكین له‌ڕووی زمانه‌وه لێی بكۆڵینه‌وه (سواره‌كان به‌قاچاغ بوكیان گواسته‌وه) ی (كاروان عومه‌ر كاكه‌سوور و دواڕۆژی كوڕی) هه‌ڵگری به‌شێكی زۆره له یاده‌وه‌ری و مێژووی ڕابردووی نوسه‌ر، لێ نوسه‌ر به شێوه‌یه‌كی هونه‌رییانه بۆی گه‌ڕاوه‌ته‌وه و ده‌گه‌ڵ یاده‌وه‌ری و خه‌یاڵی خۆیدا تێكه‌ڵاوی كردوون، ته‌نانه‌ت هه‌ست به بوونی بیركردنه‌وه و یاده‌وه‌ریی منداڵی (دواڕۆژ)ی كوڕی ده‌كه‌ین، كه له‌سه‌رێَكی تره‌وه كۆپیی یاده‌وه‌ری (كاراون)ه. بۆیه ڕۆماننوس له‌م ڕێگه‌یه‌وه ده هه‌وڵدابووه كه‌سه‌كان، شوێنه‌كان، بارودۆخی ئه‌و كاته، كه له یاده‌وه‌ریی ئه‌ودا هه‌بوونه زیندوو بكاته‌وه بۆیه كاروان به‌شێك له سه‌رده‌می ژیانی خۆی كردۆته هه‌وێنی ئه‌م ڕۆمانه، بۆ ئه‌مه‌ش زیاتر پشتی به‌هونه‌ری دیالۆگ و مه‌نه‌لۆگ به‌ستووه بۆ گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و ڕووداوانه، له لایه‌كی تر هه‌ست به بوونی دونیایه‌كی،یاخود فه‌زایه‌كی منداڵی به‌سه‌ر ڕۆمانه‌كه‌دا ده‌كه‌ین، ئه‌مه‌ش هاوبه‌شیی دواڕۆژی كوڕیمان بۆ ده‌سه‌لمێنێت له نوسینی ڕۆمانه‌كه‌دا.هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شمان بۆ ده‌رده‌خات كه ڕۆمان له‌ناو خودی واقیعدا سه‌ر ده‌ردێنێت هه‌تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی كه هه‌موو ڕووداوه‌كانی پشت به فانتازی ببه‌ستن.لێ مه‌به‌ستی ئێمه ئه‌وه نییه كه بڵێین ڕۆمان به‌گشتی و ئه‌م ڕۆمانه به‌تایبه‌تی گێڕانه‌وه‌یه‌كی سه‌دله‌سه‌دی واقیعه، نه‌خێر خه‌یاڵ و بیركردنه‌وه و فانتازیای ڕۆماننوس ده‌ورێكی كاریگه‌ر له بنیادنانی هونه‌ر و توخمه‌كانی ئه‌م رۆمانه‌دا ده‌بینن، زمانیش یه‌كێكه له‌و توخمانه كه فانتازیا و بیركردنه‌وه‌ی ناو ڕۆمانه‌كه‌ی پێ ده‌گێردرێته‌وه.
له‌لایه‌كی تر زمانی ڕۆمان و داستان جیاوازییان هه‌یه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زمانی داستان زیاتر زمانێكی شیعرئامێزه و له هه‌مان كاتیش‌دا ڕه‌گه‌زه‌كانی چیرۆكی تێدا به‌رجه‌سته ده‌بێت وه‌كوو جێكات(شوێن و كات)، ڕووداو…هتد. زمانی داستان زمانێكی په‌خشانی نییه بۆ نموونه ،ئه‌گه‌ر سه‌یری زمانی داستانی (مه‌م و زین) ی ئه‌حمه‌ی خانی بكه‌ین كۆمه‌ڵێك ڕێسا و یاسا ده‌بینین ” بۆ نووسینی داستان كۆمه‌ڵێك ڕێسا هه‌ن كه ده‌بێ شاعیر په‌یڕه‌ویان بكات. زمانی داستان له‌و ڕێسایانه به‌ده‌ر نییه و بۆ چۆنییه‌تی به‌كارهێنانی زمانیش كۆمه‌ڵێ ڕێسا دانراون ، كه‌واته ده‌بێ داستان پشت ببه‌ستێ به‌زمانێكی شیعری جیاواز و یه‌كگرتوو كه دابه‌كانی له تایبه‌تمه‌ندییه ڕه‌هاكانی فۆرمه‌وه وه‌ربگرێت” (1) كه‌واته كۆمه‌ڵێك یاسا هه‌ن كه ده‌بێ له به‌كارهێنانی زمان له‌ناو داستاندا په‌بڕه‌و بكرێن، لێ له‌ناو ڕۆماندا زمان زیاتر شێوه‌یه‌كی گێڕانه‌وه‌یی و په‌خشانی وه‌رده‌گرێت بۆ گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌كان، له ڕێگای زمانه‌وه ئێمه‌ی خوێنه‌ر به چۆنییه‌تیی گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌كانی ناو ڕۆمانه‌كه ئاشنا ده‌بین. له ڕێگای زمانه‌وه ده‌توانرێت دونیابینیی جیاواز دروست بكرێت. بۆیه زمان دونیایه‌كی جیاوازمان بۆ ده‌ئافرێنێ، وه‌كوو (نانی ڕووت) ی (مه‌حه‌مه‌د شوكور) كه گێڕانه‌وه‌ی یاده‌وه‌ری خۆیه‌تی، لێ له ڕێگای زمانه‌كه‌یه‌وه توانیوییه‌تی ئه‌و جوانی و چێژه‌مان پێببه‌خشێت. لێره‌وه‌یه لێزانی و هونه‌رمه‌ندیی ڕۆماننوس له گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌كاندا به‌دیارده‌كه‌وێت له ڕێگای زمانێك كه پڕ بێت له جوانی و سیحر. ڕه‌نگه هه‌مان ڕوودا و بیرۆكه كه‌سێكی تر توانای ئه‌وه‌ی نابێت به‌و شێوه هونه‌رییه بیگێڕێته‌وه. بۆیه به‌شێكی زۆری داهێنانی ڕۆمان ده‌كه‌وێته سه‌ر شێوه سیحراوی و هونه‌رییه‌كی زمان. له‌ناو ڕۆمانی كوردیدا (به‌ختیار عه‌لی) و (جه‌بار جه‌مال غه‌ریب) زۆر گرنگی به لایه‌نی زمان و فانتازیا ده‌ده‌ن كه بووه‌ته ناسنامه‌ی ئه‌وان، لێ ئه‌وان زۆربه‌ی هونه‌ره‌كانی تریان كردۆته قوربانیی زمان، واته له‌سه‌ر حیسابی توخم و ته‌كنیكه‌كانی تری ناو ڕۆمان.
له ڕۆمانی(سواره‌كان به‌قاچاغ بوكیان گواسته‌وه)ی (كاروان) و (دواڕۆژ)دا هه‌ست به زمانێك ده‌كه‌ین كه زیاتر سیمایه‌كی منداڵانه‌ی به‌خۆیه‌وه گرتووه، ئه‌مه‌ش بۆیه ئه‌وهایه، چونكه دونیایه‌كی منداڵی به‌سه‌ر ته‌واوی ڕۆمانه‌كه‌دا زاڵه و كه‌سایه‌تییه‌كانیش زیاتر له لاو و منداڵن، وه‌كوو پێشتریش باسم كرد به‌شێكی زۆری بۆ كاریگه‌ریی بیرۆكه و جیهانبینیی (دواڕۆژ) ی كوڕی له نووسینی ڕۆمانه‌كه‌دا ده‌گه‌ڕێته‌وه. هه‌روه‌ها زمانه‌كه‌ی تێكه‌ڵه‌یه‌كه له شێوه‌زاره‌كانی* زمانی كوردی كه زیاتر له زمانێكی ستاندارد له‌ناو فه‌زای ڕۆمانه‌كه‌دا ده‌كا. هه‌رچه‌نده زۆربه‌ی شوێنی ڕووداوه‌كان ناو شاری هه‌ولێر و ده‌وروبه‌ریه‌تی و كاره‌كته‌ره‌كانی خه‌ڵكی شاری هه‌ولێرن. ڕۆماننوس هه‌وڵی داوه جڵه‌وی خه‌یاڵیان بۆ شل بكات و ڕێگایان بدات به ئازادی گفتوگۆ بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له‌و ڕێگایه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی له‌و ڕێگایه‌وه به جوانترین و باشترین شێوه خۆێنه‌ر هه‌ست بكات ئه‌وه خۆیه‌تی ڕۆڵی تێدا ده‌بینێت. هه‌ر له سه‌ره‌تای ڕۆمانه‌كه‌دا له دیالۆگی نێوان سه‌نگه‌ر و غه‌یبزانه‌وه ده‌رگایه‌كی فراوانه بۆ چوونه ناو ڕووداوه‌كانی ڕۆمانه‌كه ده‌كاته‌وه له‌وێوه هه‌ست به زمانێكی هه‌رزه‌كارانه و منداڵانه‌ی سه‌نگه‌ری كه‌سایه‌تی سه‌ره‌كی ڕۆمانه‌كه ده‌كه‌ین . هه‌روه‌ها كاتێك ڕۆماننوس ڕێگا ده‌دات كه ئه‌و خه‌ڵكه‌ی دروستی كردوون به ده‌مودووی ڕاستی خۆیان بدوێن ئه‌وسا شێوازی گفتوگۆ و قسه‌كردنی كه‌سایه‌تییه‌كانمان بۆ به دیارده‌كه‌وێت و ده‌زانین هه‌ریه‌كێ له‌مانه سه‌ر به‌چ چین و توێژێكی ناو كۆمه‌ڵگان. ده‌توانین هه‌موو زانیارییه‌ك له‌م ڕێگایه‌وه به ده‌ست بهێنین چ له‌باره‌ی كه‌سایه‌تییه‌كان و شوێن و پایه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌وه. لێره‌وه‌یه گرنگیی زمانمان لای كه‌سایه‌تییه‌كان بۆ به دیارده‌كه‌وێت.
زمان له‌م ڕۆمانه‌دا به شێوه‌یه‌كی گشتی زمانێكی ساده و ڕه‌وانه، لێ ئه‌مه له سه‌ره‌تای ڕۆمانه‌كه‌دا وایه، دواتر له‌گه‌ڵ به‌ره‌وپێشچوونی ڕووداوه‌كانی ڕۆمانه‌كه‌دا زمانه‌كه‌شی ده‌گۆڕێت و ئاڵۆزتر ده‌بێ. بۆ نموونه له كاتی قسه و گفتوگۆكانی (دڵخواز)دا هه‌ست به زمانی فكر و ئایدیۆلۆژیا ده‌كه‌ین. من لێره‌دا نامه‌وێت باسی فكر و فه‌لسه‌فه بكه‌م، كه كاروان له‌م ڕۆمانه‌دا له چه‌ند شوێنێكدا ئیشی له سه‌ركردووه، لێ ئێمه زیاتر مه‌به‌ستمان له به‌كارهێنانی زمانه‌كه‌یه كه سه‌نگه‌ر زۆرجار له قسه‌كانی (دڵخواز) ناگات.” ناتوانم ئێستا پێت بڵێم، به‌ڵام ئا ئه‌وه‌ه جوانی گۆڕستان، سه‌نگه‌ر … وا نه‌زانی هێشتا ده‌توانم تێت بگه‌یه‌نم كه من بۆچی وێنه‌ی گۆڕستان كۆده‌كه‌مه‌وه” ئه‌م به‌كارهێنانی زمانی فیكره گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی كاراونی ڕۆماننوسه بۆ سه‌رده‌می لاویه‌تی خۆی كه ئه‌وكاته وه‌كوو زۆربه‌ی ڕۆشنبیر و نوسه‌رانی كورد له‌ژێركاریگه‌ری ئایدیۆلۆژیای ماركسیدا بووه، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات هه‌ست به‌فره‌ڕه‌هه‌ندیی زمان بكه‌ین، بۆیه ڕۆمانی نایاب ئه‌و ڕۆمانه‌یه كه زمانه‌كه‌ی له كۆمه‌ڵێك توخمی جیاوازی رۆشنبیری و كۆمه‌ڵایه‌تی پێكهاتبێ. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وشه و زاراوه‌ی دیالێكتیكه جیاوازه‌كانی زمانه‌كه‌ش له خۆ بگرێت، كه‌سایه‌تییه‌كانی ڕۆمانه‌كه هه‌ریه‌كه و له ئاستی بیركردنه‌وه و ڕۆشنبیری و ته‌مه‌نی جیاوازه‌وه بئاخڤن.
زمانی وه‌سفكردن له‌م ڕۆمانه‌دا ئاڵۆز نییه، هه‌رچه‌نده له زۆر شوێن هه‌ست به وشه‌ی زیاده ده‌كه‌ین له وه‌سفكردندا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وه‌سفكردن پێویستی به نه‌فه‌سدرێژی هه‌یه، لێ به‌گوێره‌ی وه‌سفكردنه‌كه ده‌بێت وشه به كاربهێنی. چونكه ئه‌گه‌ر وشه‌كان زیاد بۆ وه‌سفكردن به‌كارهات ئه‌وا كار ده‌كاته سه‌ر خوێنه‌ر و ، چونكه خوێنه‌ر پێویستی به كاتێكی زۆره بۆ خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمان بۆیه ئه‌گه‌ر هاتوو زمانه‌كه‌ی پوخت و پاراو بێت و دوور بێت له درێژدادڕی ئه‌وا خوێنه‌ر له‌و ماوه درێژه‌ی خوێدنه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك هه‌ست به بێزاری ناكات.
هه‌روه‌ك پێشتر هه‌ڵوێسته‌م له سه‌ركرد كه زمانی قسه‌كردنی كه‌سایه‌تییه‌كان، ژینگه و ڕاده‌ی ڕۆشنبیری و كه‌سایه‌تییان دیاری ده‌كات، له هه‌مان كاتدا زمان لێره‌دا شتێكی زۆر گرنگترمان بۆ به دیارده‌خات وه‌ك پێكهاته‌ی ده‌روونی كه‌سایه‌تییه‌كان. ئه‌مه‌ش له دیالۆگی ڕۆمانه‌كه زۆر دووباره بۆته‌وه جا چ له دیالۆگه ڕاسته‌وخۆكان، یان ناڕاسته‌وخۆكاندا بێت. وه‌ك له دیالۆگی لاپه‌ڕه(76)دا هاتووه له‌نێوان (سه‌نگه‌ر) و (شه‌ماڵ)دا سایكۆلۆجیای هه‌ردووكیانمان بۆ به دیار ده‌كه‌وێت، كه ده‌زانین (سه‌نگه‌ر) به باسكردنی خوشكه‌كانی له‌لایه‌ن (شه‌ماڵ)ی هاوڕێیه‌وه قه‌ڵس ئه‌بێت، دواڕۆژ و كاروان له‌وێ پێمان ده‌ڵێن كه (سه‌نگه‌ر) كاریگه‌ری كلتوری‌و دابونه‌ریتی دواكه‌وتووی ناو كۆمه‌ڵگای به‌سه‌ره‌وه ماوه:
” سه‌نگه‌ر ویستی خێرا چیرۆكێك هه‌ڵبه‌ستێت و ڕاستییه‌كه‌ی لێ بشارێته‌وه.، به‌ڵام هه‌رچه‌ندی كردی و كۆشای نه‌یتوانی چونكه ده‌یزانی (شه‌ماڵ) خی ئه‌وه نییه ئاوا به‌ئاسانی بیخه‌ڵه‌تێنێت بۆیه به‌شه‌رمه‌وه وتی:
– دایكم شووی كردۆته‌وه و دوو كچیشی هه‌یه.
– باشه بۆچی من تا ئێستا نه‌مزانیووه.
شله‌ژانه‌كه‌ی زیادی كرد.
– نازانم .. باوه‌ڕبكه نازانم من بۆچی زۆر شتی گرنگ هه‌یه له ژیانمدا بیرم ده‌چێت بۆ هاوڕێكانمیان باس بكه‌م.”
ئه‌گه‌ر سه‌یری دیالۆگه‌كه بكه‌ین هه‌ست به شڵه‌ژان و شه‌رمی (سه‌نگه‌ر) ده‌كه‌ین به‌رامبه‌ر پرسیاره‌كانی (شه‌ماڵ) و ده‌زانین له ڕووی ده‌روونییه‌وه چۆنه. هه‌روه‌سا ده‌زانین ڕۆماننوس له‌و سه‌رده‌م كه سه‌رده‌می منداڵیی خۆیه‌تی له‌ناو ڕۆمانه‌كه هه‌ڵگری چ ئایدیۆلۆژیایه‌كه و بیركردنه‌وه‌ی چۆن بووه.
گێڕانه‌وه له‌م ڕۆمانه‌دا گێڕانه‌وه‌یه‌كه له شێوه‌ی (ته‌وژمی ئاگایی) (التیار الوعی) كه گێڕه‌ره‌وه ڕووی ده‌می له بشنه‌وه(المخاگب)، وه‌ك له‌سه‌ره‌تای ڕۆمانه‌كه‌دا هاتووه ” له‌سه‌ری كۆڵانه ته‌سكه‌كه پێچ ده‌كه‌یته‌وه…ده‌ستی كوڕێكی هه‌رزه‌كار توند توند یاخه‌ت ده‌گرێت… لێزانانه به‌خێراییه‌كی سه‌یر چه‌قۆی ناو ده‌ستی ڕاستی ده‌خاته سه‌ر سنگت.” به‌پێچه‌وانه‌ی ڕای (سۆان ئازاد) كه نووسینه‌كه‌ی له (ڕه‌خنه‌ی چاو‌دێر) بڵاوكراوه‌ته‌وه به‌ناوی (به‌قاچاغڕۆیشتن به‌ره‌و سه‌رزه‌مینی خه‌یاڵ)، زمانی گێڕانه‌وه‌كه‌ی به زمانی دیالۆگ داناوه، ئه‌مه به‌شێكی ڕاسته، لێ له‌چه‌ندان شوێندا مه‌نه‌لۆگیش به كار هاتووه. ده‌زانم مه‌به‌ستی (سۆران) ئه‌وه‌یه كه گێڕانه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كه زیاتر درامییه، چونكه زۆر هونه‌ری دیالۆگی تێدا به كار هاتووه، لێ ئه‌م ڕۆمانه گێڕانه‌وه‌كه‌ی به زمانێكه كه جگه له هونه‌ری دیالۆگ به ته‌وژمی ئاگایی نوسراوه. واته لێره‌دا پێش (سه‌نگه‌ر) كه گێڕه‌ره‌وه و كه‌سایه‌تی سه‌ره‌كیی ناو ڕۆمانه‌كه‌یه، گێڕه‌ره‌وه‌یه‌كی تریش هه‌یه كه له‌سه‌ره‌تادا ده‌ست پێ ده‌كات، لێ وه‌ك گوتمان مه‌نلۆگی زۆریشی تێدایه وه‌ك له لاپه‌ڕه(20)دا هاتووه (سه‌نگه‌ر) له‌دڵی خۆیدا ده‌ڵێت:” دیناری سیحری… ئێستاش نازانم باوه‌ڕم كردووه یان نا” ئه‌مه‌ش خۆدواندنه.
” زمانی گێڕانه‌وه‌ی و وتووێژ به‌شێوه‌یه‌ك ده‌بێت دوور له زمانی ئاسایی و بازاڕی ناو كۆمه‌ڵ. پێویستیشه به‌شی گێڕانه‌وه‌ی زۆر پتر بێت له به‌شی دوانه‌كان(الحوار) ئابه‌مه‌ش له دراما جیاده‌بێته‌وه” ، لێ ئه‌وه‌ی كه بیروڕای من جیاده‌كاته‌وه له‌م ڕایه‌ی(عه‌بدوڵڵا سه‌راج) ئه‌وه‌یه كه زمانی ئاسایی و بازاڕییش زمانی ناو كۆمه‌ڵگان، تاكی ناو كۆمه‌ڵگاش قسه‌ی پێده‌كه‌ن. ناكرێت كه‌سێكی ڕۆشنبیر و خاوه‌نبڕوانامه قسه وه‌كوو نه‌خوێنده‌وارێك بكات، یان كه‌سێكی گوندنشیین و په‌روه‌رده‌ی ناوكه‌ژو كێوان بێت قسه‌كانی وه‌كوو كه‌سێكی خاوه‌نبڕونامه‌ی به‌رز بێت، به مانایه‌كی دیكه ڕۆماننوس ده‌بێ ڕه‌چاوی ئه‌و زه‌مینه و ژینگه‌یه بكات كه ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ی تێدا په‌روه‌رده بووه، بۆیه وشه و زامنی ناو بازاڕیش سه‌نگی خۆی هه‌یه و ته‌نانه‌ت بۆ زمانی ستاندارد سوودی لێ وه‌رده‌گیرێت.
دواڕۆژ و كاروان له‌م ڕۆمانه‌یاندا هه‌ندێك لایه‌نه نادیاره‌كانی ژیانی له ڕێگای زمانێكی ڕاست و ساده و ڕه‌وانه‌وه هه‌ڵداوه‌ته‌وه كه ئه‌مه‌ش كۆڵه‌كه‌یه‌كی گرنگی ڕۆمانه و ده‌توانین له‌م ڕێگه‌یه‌وه گه‌لێك نهێنی بدۆزینه‌وه كه پێشتر نه‌مانده‌زانین. وێڵبوونی (سه‌نگه‌ر) به دوای ئه‌و قسانه‌ی كه غه‌یبزانه‌كه بۆی كرد هه‌وڵدان و گه‌ڕانێكه كه كه‌سایه‌تیی سه‌ره‌كیی ڕۆمانه‌كه ده‌یدات بۆ دۆزینه‌وه‌ی نهێنییه‌كان كه به‌دیوێكی تردا كاروان خۆی بووه له‌و سه‌رده‌مه‌دا. هه‌ر له ڕێگای زمانه فانتازیه‌كه‌یه‌وه ڕۆماننوس ئه‌زموونی ژیانی خۆی تێكه‌ڵ به ڕۆمانه‌كه ده‌كات ئه‌وه‌ش بۆ زیاتر باوه‌ڕ پێهێنانی خوێنه‌ره. ئێمه له‌وه زیاتر نامانه‌وێ قسه بكه‌ین به‌تایبه‌تی له‌باره‌ی لایه‌نی زمان و فانتازیاوه ، چونكه (سۆران) پێشتر قسه‌ی لێوه‌كردووه.
سه‌رچاوه و په‌راوێزه‌كان:
1. بنیادی گێڕانه‌وه له داستانی (مه‌م و زینی) ئه‌حمه‌دی خانی و ڕۆمانی( شاره مۆسیقاره سپییه‌كان)ی به‌ختیار عه‌لیدا، سه‌نگه‌ر قادر شێخ محه‌مه‌د حاجی، ده‌زگای موكریان، هه‌ولێر،چاپی یه‌كه‌م،2009، ل 86.
• زۆرجار وشه‌ی(بنزاراروه) مان به‌رچاو ده‌كه‌وێ كه به لای منه‌وه ئه‌مه هه‌ڵه‌یه، چونكه ئه‌مه به مانای (كوڕی زاراوه، یان نه‌وه‌ی زاراوه) دێت، وشه‌ی(بن) وشه‌یه‌كی عه‌ره‌بییه به‌مانای (كوڕی فڵان) دێت، له‌ناو كوردیشدا وشه‌ی تر هه‌یه وه‌كوو(بنجوو) واته له‌نه‌وه‌ی جووه‌كانه. ئه‌م وشه‌یه له كتێبی (كورد پێویستی به یه‌ك زمانی نووسینی نیشتمانی هه‌یه) له نووسینی (هه‌ندرێن، كامیار سابیر)دا هاتووه، به‌ڕاستی كتێبێكه سوودی باشی ده‌بێت.
2. به‌ره‌و ئاستانه‌ی ڕۆمان و گۆشه‌نیگاكانی، عه‌بدوڵڵا سه‌راج، چاپخانه‌ی سه‌رده‌م، سلێمانی، 2007، ل11.