به‌هرام شێمه‌ی هاڕونی وه‌ک نموونه! به‌شی یازده‌م
هه‌ر سه‌رۆک جاشێک ژیانی زۆرتر له هه‌زار کوردی له مردن پاراستووه، به‌هرام شێمه‌ی هاڕونی وه‌ک نموونه! به‌شی یازده‌م
1.12.2010 چوارشه‌ممه
ده‌رسیم دیبه‌گه‌یی
Darsim2006@hotmail.com
ئیبراهیمی شێخ نه‌سره‌دین به‌رزنجی سه‌رۆک جاشی فه‌وجی (102)ی جاشه سووکه‌کان که ئێستاکه سه‌ربه بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانی نه‌وشیروان مسته‌فایه، له روونکردنه‌وه‌یه‌کدا که له لاپه‌ڕه (17)ی رۆژنامه‌ی هاوڵاتی، ژماره (651)ی رۆژی چوارشه‌ممه، رێکه‌وتی (4.8.2010)دا، بڵاوکراوه‌ته‌وه، باسی ئه‌وه ده‌کات که هه‌ر سه‌رۆک جاشێکی فه‌وجه سووکه‌کانی سه‌دام و به‌عس توانیوێتی له سه‌روو هه‌زار کورد بپارێزێت له مردن و تیاچوون. سه‌ره‌تا ده‌مه‌وێت ئه‌وه بڵێم که ناوونیشانی ووتاره‌که‌م له لێدوانه‌که‌ی ئه‌و وه‌رگیراوه، پاشانیش ده‌مه‌وێت چه‌ند نموونه‌یه‌ک هه‌ڵبژێرم له‌و سه‌رۆک جاشانه‌ی سه‌دام که گوایه به قسه‌ی سه‌رۆک جاشی فه‌وجی ناوبراو ژیانی هه‌زار کوردیان پاراستووه، با بزانین قسه‌ی سه‌رۆک جاشی ناوبراو وا ده‌رده‌چێت یان نه‌ک پێچه‌وانه به‌ڵکو هه‌ندێک سه‌رۆک جاش به ده‌یان و سه‌دان هاووڵاتی و پێشمه‌رگه‌یان شه‌هیدکردووه!
پێویسته ئه‌وه بڵێم، سوپاسی هه‌موو ئه‌وانه ده‌که‌م که هه‌ر هه‌ڵه‌یه‌ک یان ناته‌واوییه‌ک له نووسینه‌کانمدا هه‌بێت، هه‌وڵی راستکردنه‌وه و پڕکردنه‌وه‌ی ناته‌واوییه‌کان ده‌ده‌ن، چونکه به‌دڵنیایی نامه‌وێت شتێک بنووسم که وانه‌بێت، ئه‌گه‌ر هه‌ر هه‌ڵه‌یه‌کیش له نووسینه‌کانمدا هه‌بێت به‌زووترین کات هه‌وڵی راستکردنه‌وه‌ی ده‌ده‌م، به‌ڵام کاتێک که هه‌ڵه‌یه‌کی بێ مه‌به‌ست رووده‌دات و خۆم پێم خۆش نییه، که‌چی که‌سانێکی پاشه‌ڵ پیس و گه‌وره بوو له ته‌وێڵه‌ی جاشایه‌تی بیانه‌وێت قسه‌ی ناشیرینم پێ بڵێن (که جاشی دۆڕاو هه‌ر جاشه له هه‌ر کوێیه‌ک بن)، ته‌نیا په‌ندێکی (ئاری)یان به نموونه بۆ دێنمه‌وه که ده‌ڵێت: (هیچ به‌رکه‌وتنێکی ئه‌و جۆره که‌سانه نامشکێنی، نه‌ک له‌به‌رئه‌وه‌ی له پۆڵا دروست کرابم، به‌ڵکو ئه‌وه‌ی که زامدارم ده‌کات، ئه‌وه‌نده ناهێنێ له‌پێناویدا بشکێم).
له به‌شی یازده‌مدا، به‌هرام محه‌مه‌د عه‌بدولڕه‌حمان محه‌مه‌د ناسراو به (به‌هرامی شێمه‌ی هاڕونی) وه‌کو نموونه دێنینه‌وه، که به‌مشێوه‌یه له په‌رتووکی (ئینسکلۆپیدیای تاوانبارانی ئه‌نفال و کوردۆسایدکردنی گه‌لی باشووری کوردستان)دا باسی کراوه.
سه‌رۆک جاشی فه‌وجی (11)ی جاشه سووکه‌کان، به‌هرام محه‌مه‌د عه‌بدولڕه‌حمان محه‌مه‌د ناسراو به (به‌هرامی شێمه‌ی هاڕونی).
شێخ محه‌مه‌د هاڕونی باوکی به‌هرام له ناوه‌ڕاستی ساڵی هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی رابردوودا له جاشایه‌تی و له شه‌ڕی ئێراق – ئێرانی به‌ناو قادسیه دۆڕاوه‌که‌ی سه‌دامی دیکتاتۆردا کوژرا.
فه‌وجی (11)ی جاشه سووکه‌کان به فه‌رمانده‌یی سه‌رۆک جاش به‌هرام محه‌مه‌د عه‌بدولڕه‌حمان محه‌مه‌د هاڕونی له هاوینی ساڵی (1986)دا دوو پێشمه‌رگه‌ی تێکۆشه‌ر و ماندوونه‌ناسی حزبی شیوعییان له گوندی هێله‌وه‌ی بناری زورگه‌زراو به‌ناوه‌کانی سه‌رکه‌وت خدر کاکیل و عادل شه‌به‌ک موسڵاوی شه‌هیدکرد.
له رێکه‌وتی (2.7.1986)دا، جاشه‌کانی فه‌وجی یازده‌ی به‌هرامی شێمه‌ی هاڕونی دوو کادیر و پێشمه‌رگه‌ی (ئاڵای شۆڕش)یان به‌ناوکانی سه‌دره‌دین ره‌زا حه‌سه‌ن قوڕشاغڵوویی ناسراو به نه‌به‌ز و مه‌هدی باپیر حه‌مه‌دئه‌مین ناسراو به رێباز له به‌ڕانه‌تی له گوندی (به‌رووشتر/به‌رحوشتر) ده‌ستگیرکردو راده‌ستی دائیره‌ی ئه‌منی هه‌ولێریان کردن. ئه‌و دوو پێشمه‌رگه‌یه‌ی ئاڵای شۆڕش له ئه‌منی کۆن به‌رامبه‌ر چایخانه‌ی بایز له حه‌وزه‌که له‌گه‌ڵ ئێمه بوون، دواتریش له ئه‌منه نوێکه له ژووری چوار ماوه‌یه‌ک به‌یه‌که‌وه بووین، به‌ر له‌وه‌ی من بگوازرێمه‌وه بۆ ژووری یه‌ک، ئه‌وان له ناوه‌ڕاستی مانگی یه‌کی ساڵی (1987)دا ره‌وانه‌ی دادگای به‌ناو شۆڕشی عه‌واد حه‌مه‌د به‌نده‌ری جه‌للاد له‌پێستی دادوه‌ردا کران، عه‌واد حه‌مه‌د به‌نده‌ر له رێکه‌وتی (21.1.1987)دا سزای له سێداره‌دانی به‌سه‌ردا سه‌پاندن و، دواتریش له رێکه‌وتی (29.12.1987)دا له ژووری سێداره‌ی به‌غدا له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌کی تری زۆر له کورد له سێداره‌دران و گه‌یشتنه کاروانه هه‌رگیز نه‌مر و سه‌ربه‌رزه‌که‌ی شه‌هیدانی رێگای رزگاری کورد و کوردستان.
فه‌وجی یازده به‌شداری ئه‌نفالی (8)ی کردووه – سه‌رچاوه: (سه‌رچاوه‌ی ژماره یه‌ک، به‌شی بیست و دوو، لاپه‌ڕه‌کانی (5220-5228).
به‌هرام محه‌مه‌د عه‌بدولڕه‌حمان محه‌مه‌د، سه‌رۆک جاشی فه‌وجی (11)ی جاشه سووکه‌کان، له‌لایه‌ن (دادگای باڵای تاوانه‌کانی ئێراق)ه‌وه، به‌هۆی به‌شداریکردنی له شاڵاوی ئه‌نفاله‌کاندا، فه‌رمانی ده‌ستگیرکردنی بۆ ده‌رچووه‌و، ژماره (308)ی له لیستی ناوی تاوانباره داواکراوه‌کان دراوه‌تێ. ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه ئه‌وڕۆکه هه‌ر هه‌موویان سه‌ربه پارتی دیموکراتی کوردستانن و پۆستی سه‌ربازی و ئه‌فسه‌ری ئاسایشیان هه‌یه.