Skip to Content

Wednesday, September 18th, 2024
په‌رله‌مانێكی كوڵه‌ دیكتاتۆرو مافی خۆپیشاندان

په‌رله‌مانێكی كوڵه‌ دیكتاتۆرو مافی خۆپیشاندان

Closed
by December 3, 2010 گشتی

ڕه‌نگه‌ له‌ ڕواڵه‌تدا تایتڵی ئه‌م نووسینه‌ بكرێت وه‌ك نموونه‌یه‌كی تیپیكی ئه‌و پاساوانه‌ی حزب و حكومه‌ته‌ پاساوانه‌كه‌ی بێته‌ به‌رچاو كه‌ پێویستیان به‌ وه‌لامدانه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌گرانی” زمانی زبر “نه‌بێت؛ ئاخر ده‌بێ ئه‌وه‌ چ “ویژدانێك” بێت په‌رله‌مانێك كه‌ (( به‌رهه‌می خوێنی شه‌هیدان ))ه‌ به‌ كوڵه‌ دۆیكتاتۆر ناوزه‌دكرێت. بریا كه‌سانێك كه‌ له‌ تووڕه‌یدا لێو ده‌كرۆژن و مشت گرێده‌ده‌ن له‌به‌رامبه‌ر زمان زبرانی نه‌یاردا هێنده‌ ئۆقره‌گر ده‌بوون تا كۆتای ئه‌م بابه‌ته‌ بیریان له‌تۆماركردنی هیچ سكالایه‌ك نه‌ده‌كرده‌وه‌، به‌دڵنیای دواتر ئاشنابوون به‌ سیمای نه‌یارانی واقعی خه‌لكی كوردستان كارێكی ئاسانتر ده‌بوو.
مه‌سه‌له‌كه‌ چیه‌ ؟
ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ حزبه‌ ده‌سه‌لاتداره‌كانی بزوتنه‌وه‌ی ناسیونالیستی كورد له‌ بیروڕای گشتیدا بۆ نیشاندانی دیكتاتۆر بوونی ڕژێمی به‌عس زیاتر له‌ هه‌رشتێك نمایشی ده‌كه‌ن، كاره‌ساتی ئه‌نفال وكیمیابارانی هه‌لًَه‌بجه‌یه‌. به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ ئه‌م دوو كاره‌ساته‌ زیاتر له‌ هه‌رشتێك كراونه‌ته‌ ئه‌و ڕیكلامانه‌ی كه‌ له‌مپه‌رێكی به‌رچاون له‌ قه‌تماغه‌ نه‌به‌ستنی زامه‌كانیان؛ مه‌به‌ست له‌ هه‌ڵدانه‌وه‌ی هه‌ر ڕۆژه‌ی ئه‌م زامانه‌ له‌لایه‌كه‌وه‌ هێشتنه‌وه‌ی ئه‌زیزانی ئه‌م كاره‌ساتانه‌ له‌باوه‌شی مۆتكه‌ی ئه‌و ڕابردوه‌دا، تا له‌پاڵ فه‌رامۆشكردنی ژیانی ئه‌مڕۆیاندا هه‌ر نه‌بێت چاوه‌ڕوانی قاپی ڕه‌حمه‌ت وعه‌داله‌تی ئه‌م حزبانه‌دا بمێنه‌وه‌. له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ له‌وه‌ش گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ماوه‌ی ده‌سه‌لاتداریه‌تی ئه‌م دوو حزبه‌دا ئه‌نفال و هه‌له‌بجه‌ ئه‌و دوو غه‌زێنه‌ به‌ به‌ره‌كه‌ت وپڕنعمه‌ته‌ بوون كه‌ گه‌وره‌ترین به‌هره‌به‌ردای سیاسی و ئابوریان لێكردوه‌ بۆ مانه‌وه‌ی ده‌سه‌لاتداریه‌تی خۆیان. به‌ڕێكه‌وت نیه‌ به‌ڕیز جه‌لال تاڵه‌بانی له‌مڕۆژانه‌دا له‌كۆنفرانسی سالانه‌ی ڕێكخراوی سۆسیال ئینته‌رناسیۆنالدا، به‌شێكی به‌رچاو له‌ وتارێك كه‌پێشه‌كه‌شیكرد تایبه‌ت بوو به‌ئاسه‌واری چه‌كی كیمیای وشالاوی ئه‌نفال وگۆڕی به‌كۆمه‌ڵ و دووپاتی نه‌بڕانه‌وه‌ی ئه‌م كاره‌ساتانه‌و ده‌ركه‌وتنی كاریكه‌ریه‌كانی كرده‌وه‌و سه‌رئه‌نجام داوا له‌ڕێكخراوه‌كانی ولاتانی ئه‌وروپا ده‌كات كه‌ یارمه‌تی عیراق بده‌ن و هانی كۆمپانیاكانی وه‌به‌رهێنان بده‌ن.
به‌لێ له‌ئیسته‌دا كه‌زیاتر له‌ 1200 كۆمپانیاكانی بیانی له‌ كوردستان نووسینگه‌یان هه‌یه‌، به‌لام پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئایا به‌رهه‌مه‌كه‌ی جگه‌ له‌زیادكردنی سه‌رمایه‌ی سه‌رمایه‌داران وبردنه‌سه‌ره‌وه‌ی ڕێژه‌ی ملیاردره‌كانی كوردستان زیاتر چ سوودێكی تری بۆ كه‌سوكاری ئه‌نفال كراوه‌كان و ئه‌زیزانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌یه‌ك هه‌بووه‌، كه‌ تا ئێسته‌ش رٍِۆژانه‌ سه‌رژمێری قوربانی كیمیاباران له‌ زیاده‌ بووندایه‌و سه‌دان كه‌س پاش دوو ده‌هه‌ تێپه‌ڕبوون به‌سه‌ر ده‌سه‌لاتداریه‌تی ئه‌م حزبانه‌دا له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی مه‌رگ و له‌ناوچووندان و تازه‌ پاش نزیك به‌ 20 سال له‌ ده‌سه‌لاتداریه‌تیان شانازی به‌ بریاری ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی 20 برینداری كیمیابارانی هه‌له‌بجه‌ ده‌كه‌ن بۆ ئیران.
ئایا به‌ڕاستی چاره‌سه‌ركردنی هه‌موو برینداره‌كانی كیمیابارانی هه‌له‌بجه‌ به‌باشترین شێو زیاتر له‌و بووجه‌ دیارنه‌ماوانه‌ی هه‌ریه‌ك له‌ وه‌زاره‌ته‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان یا به‌خشیه‌كانی سه‌ركۆماری عیراق بۆ سه‌رك هۆزو عه‌شیره‌و پیاوماقولانی دیواخانه‌كان ده‌ویت؟
ئایا به‌تۆماركردنی دوو كاره‌سات، به‌عس بووه‌ دیكتاتۆر ؟ بابگه‌رینه‌و لای به‌عسی دیكتاتۆر، پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئایا به‌ڕاستی ئه‌م دوو كاره‌ساته‌ یه‌ك شه‌وه‌ خولقان وبه‌عس ته‌نیا به‌هۆی ئه‌نجامدانیانه‌وه‌ بووه‌ رژیمیكی فاشیست و دیكتاتۆر ؟
ئه‌ی كه‌واته‌ ده‌سته‌واژه‌ی دیكتاتۆربوون له‌كه‌یه‌وه‌ ئاویزانی میژووی حزبی به‌عسه‌ بووه‌؟ ئه‌و دیكتاتۆریه‌ته‌ چۆن و له‌ چ پرۆسه‌یه‌كدا شكڵیگرت ؟ خستنه‌ رووی ئه‌م پرسیارانه‌ ره‌نگه‌ ئه‌و ره‌هه‌ندانه‌ بن كه‌له‌ مه‌به‌ستی باسه‌كه‌مان نزیك بكاته‌وه‌
ئاخر ناكرێ ڕژێمێك له‌ قۆناغێكدا به‌ ئامانجێكی سیاسی دیاریكراو كۆمه‌لێك “چاكسازی” له‌ چه‌شنی ( ته‌ئیممی نه‌وت و خۆیندن به‌خۆرای و 11ی ئازاری و ته‌نانه‌ت ده‌ورێكی كاراو به‌رچاویشی له‌ گه‌شپێدانی پیشه‌سازی و ئاوه‌دان كردنه‌وه‌ هێنانه‌ خواره‌وه‌ی ڕێژه‌ی بێكاری له‌ ئاستی عیراق گایاند به‌ كه‌مترین ریژه‌ خۆرهه‌لاتی ناوه‌راست… ) ئه‌نجامدابێت به‌لام له‌پڕو یه‌كشه‌وه‌ بێته‌ یه‌كێك له‌ دڕنده‌ترین و دكتاتۆرترین ڕژێمه‌كانی جیهان. سه‌یره‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ هه‌مان ڕژیمی دكتاتۆر له‌گه‌رمه‌ی شه‌ڕی ئیران وعیراقدا شه‌كروچاو كۆمه‌لیك خۆراك وپێداویستی له‌ ولاتانی تره‌وه‌ ده‌هێناو به‌ نرخێكی هه‌رزانتر به‌ خه‌لكی عیرقی ده‌فرۆشته‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ ته‌ویڵه‌وه‌ تا به‌سره‌ كیلۆی شه‌كر به‌ 150 فلسی ئه‌و سه‌رده‌م بوو. به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ له‌ 8 سال شه‌ڕی ئیران و عیراقدا كێشه‌یه‌ك به‌ناوی كێشه‌ی ئاو، كاره‌باو سووته‌مه‌نیه‌وه‌ نه‌بوو.  ڕه‌نگه‌ ئه‌م “پیاهه‌ڵدانه‌ی” گۆشه‌یه‌ك له‌ كارنامه‌ی به‌عس دڵی به‌رگریكه‌رانی حزب وحكومه‌ت خۆش بكات و بڵین ( ئه‌ها نه‌یارانی ئێمه‌ چۆن بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر ئه‌و په‌رله‌مانه‌ی كه‌ ده‌ستكه‌وتی خۆینی شه‌هیدانه‌، په‌نا بۆ ستایشی به‌عسدا ده‌به‌ن ). نا به‌ڕێزان ئه‌م كارته‌ ده‌مێكه‌ سووتاوه‌و وه‌ك گه‌لێك مه‌سه‌له‌ی دی به‌هه‌ڵه‌دا چوون. خه‌ڵكی كوردستان كارنامه‌ی نه‌یارانی ئێوه‌ ده‌ناسن. بۆیه‌ نه‌فاشیست بوونی به‌عس ده‌توانێ دیوی گه‌نده‌ڵی و چه‌وسانه‌وه‌كانی ئێوه‌ سپی بكاته‌وه‌و نه‌ كارنامه‌ ئامانجداره‌كانی به‌عس زه‌ره‌یه‌ك له‌ مه‌ترسی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی ئیستبدادیكی تر كه‌م بكاته‌وه‌. به‌لام سه‌یره‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ خه‌لكی كوردستان پاش تێپه‌ڕبوونی نزیك به‌ دوو ده‌هه‌ له‌ ده‌سه‌لاتداریه‌تیان، له‌ سایه‌ی ئازادی و دیموكراسی و مافی مرۆڤه‌دا تا ئه‌م ڕۆژانه‌ش به‌ده‌ست نه‌بوونی سووته‌مه‌نی وئاوكاره‌باوه‌ ڕه‌نج ده‌به‌ن و له‌م سالانه‌دا سه‌دان كه‌ستان له‌ گۆشه‌ی زیندانه‌كان به‌ تاوانی ناره‌زایه‌تی ده‌ربرین دژ به‌ نه‌بوونی ئه‌و پیداویستیه‌ سه‌ره‌تایانه‌ گرت و ئه‌شكه‌نجه‌دا. كارتان به‌شوێنێك گه‌یاند كه‌ ته‌نانه‌ت شه‌قامی شاره‌كانتان له‌خۆینی ئه‌و گه‌نجانه‌ هه‌لكێشا كه‌ خوازیاری نان وئازادی و كارو دامه‌زراندن بوون و ئه‌لهه‌ق ئیوه‌ش له‌ په‌نابردن بۆ چه‌مكه‌كانی (( تابوری پینجه‌م، ده‌ستی ده‌ره‌كی، ده‌ستی ڕه‌ش و سپی..)) كه‌متان نه‌هێناو توانیوتانه‌ له‌و ڕێگه‌وه‌ ته‌سكینیه‌كی دلی خۆتان بده‌نه‌وه‌. ئێوه‌ به‌لاتانه‌وه‌ گرنگ ئه‌وه‌یه‌ خه‌لكی كوردستان به‌هه‌ر نرخێك بێت به‌ ئه‌مه‌ك و به‌وه‌فابن بۆ حكومه‌ته‌ خۆماڵیه‌كه‌یان، ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت له‌جێگه‌ی سندان ژقنه‌موتیش بیت كێشه‌نیه‌، چونكه‌ وه‌ك ده‌لین گوشتی یه‌ك بخۆین ئێسقانی یه‌ك ناشكینین، به‌لێ وایه‌ چونكه‌ كه‌م گۆڕستان له‌ كوردستان له‌ئێسك وپروسكی قوربانیانی جه‌رگه‌ی شه‌ڕه‌كانی ناوخۆدا دروستكران.
لێتان حاڵی ده‌بین (( ئاخر دۆینی مه‌ترسی گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌عس بوو ئه‌مڕۆ چه‌ند به‌عسۆكه‌یه‌كیتر هه‌ڕه‌شه‌ له‌ چاره‌نووسی ماده‌ی 140و ته‌بای ڕیزه‌كانمان ده‌كه‌ن)) به‌لام هه‌قیقه‌ت ئه‌وه‌یه‌ كه‌خه‌لكی كوردستان له‌هه‌رشتیك زیاتر عاشقی ئازادی و به‌هاو حورمه‌تی خۆیانن بۆیه‌ مه‌حاڵه‌ ئه‌م قه‌وانه‌ سووانه‌ چیدی له‌و خۆشخه‌یالیه‌ی رابرودوا بیانهێلیته‌وه‌، مه‌گه‌ر ئێوه‌ ده‌نگ و زه‌نگی ئازادی ئازادی له‌ شه‌قامه‌كانی ئه‌مڕۆی كوردستاندا نابیستن ؟
به‌ڕیزان كارمه‌ندانی حزب له‌هۆلی په‌رله‌ماندا، هه‌قیقه‌ت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێوه‌ خۆتان باش په‌ی به‌و ڕاستیه‌ ده‌به‌ن كه‌ دیكتاتۆربوونی به‌عس به‌رهه‌می ڕه‌وه‌ندیكی ناسراوه‌و ئه‌و حزب و ڕژیمه‌ له‌گه‌ڵ دروست بوونی جنینی خۆیدا تۆی دیكتاتۆریه‌تی چاندبوو، ڕۆژو هه‌فته‌و مانگ و سال و قۆناغ به‌قوناغ له‌پال په‌ره‌پیدانی رۆژبه‌رۆژی قلشی قه‌ومیگه‌ری ونه‌ته‌وه‌په‌رستی و ده‌یان كاره‌ساتی تری له‌چه‌شنی بۆردمانی حه‌فتاكانی هه‌له‌بجه‌و قه‌لادزی و…كوشت وكوشتارو تعریب و تبعیس وتهجیرو شه‌ری ئیران وعیراق…به‌و رۆژگارانه‌ی ئه‌نجامدانی كاره‌ساتی ئه‌نفال و كیمیابارانی هه‌له‌بجه‌یان گه‌یاند. كه‌واته‌ سیمای دیكتاتۆربوونی به‌عس له‌و كاره‌ساتانه‌ی كۆتای ده‌هه‌ی 80كانه‌وه‌ ده‌ست پێناكات، به‌لكو ئه‌و ڕووداوانه‌ لوتكه‌ی فاشیست بوونی ئه‌و حكومه‌ته‌ بوو.
له‌ هه‌قیقه‌تدا پرۆسه‌ی دیكتاتۆربوونی ئه‌و رژێمه‌ له‌بێ به‌شكردنی خه‌لكی عیراق و كوردستان له‌ ماف و ئازادیه‌كانیان كرایه‌ ئه‌و سه‌ره‌تا مه‌ترسیداره‌ی كه‌ كارنامه‌ی ئه‌و ڕژێمیه‌ بگه‌یه‌نێت به‌ تۆماركردنی ئه‌نفال و كیمیاباران. هه‌ربۆیه‌ پرۆسه‌ی هه‌مان گه‌نده‌لی و سه‌ركوت و خولقاندنی دۆخی تۆقاندن وتیرۆری سه‌رده‌شت عوسمان و سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌و تۆماركردنی سكالانامه‌ له‌سه‌ر ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ رۆژنامه‌و گۆڤاره‌كانی كوردستان و به‌رته‌سك كردنه‌وه‌ی ئازدای بیرورا ده‌برین و …تا بریاره‌كانی ئه‌م ڕۆژانه‌تان له‌مه‌ر ئازادی خۆپیشاندان و به‌كرده‌وه‌ قه‌ده‌غكردنی وه‌ له‌ یه‌ك ووشه‌دا هه‌لپێچانی ماف و ئازادیه‌كانی خه‌لكی كوردستان زنجیره‌یه‌كی پیكه‌وه‌دراوی ئه‌و ئیستبداده‌ی ئه‌مرۆیه‌ كه‌ ده‌سه‌لاتیكی دیكتاتۆر به‌رهه‌م دینیت .
بۆیه‌ ئه‌م دۆخه‌ پێویستی به‌ تیاڕامان و هه‌لوێسته‌یه‌كی قول هه‌یه‌و ئه‌گه‌ر پێتان وابێت له‌ ڕیگه‌ی یاساو بێ به‌شكردنی خه‌لكی كوردستان له‌مافه‌كانیانه‌وه‌، وه‌یا تێكشكاندنی خۆپیشاندانه‌كانی دوێنیان بۆ به‌رگری له‌ ژیانیكی شایسته‌و ئینسانی مه‌حه‌كی سه‌ركه‌وتنی ئێوه‌بێت، مه‌خابن به‌هه‌له‌دا چوون ئه‌م هه‌نگاوانه‌ دووباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌مان پرۆسه‌ی شكلپیدانی دیكتاتۆربوونی به‌عسێكی تره‌ له‌ كودرستانداو ڕه‌نگه‌ سه‌رئه‌نجامه‌كه‌شی به‌رهه‌مێكی زیاتری نه‌بێت له‌وه‌ی كه‌ به‌عسی پێڕامالرا .
به‌ڕێزان به‌ڵی ڕاسته‌ ئێمه‌ دوێنی دۆرانمان له‌وشوێنه‌دا كه‌ نه‌مانتوانی چۆنایه‌تی و چه‌ندایه‌تی خۆپیشاندان و ناره‌زایه‌تیه‌كان فراوانتر كه‌ینه‌وه‌و به‌ئاراسته‌یه‌كیدا به‌رین كه‌ مه‌ترسیه‌كی واقعی له‌به‌رده‌م هێزو ده‌سه‌لاتاندا دروست بكات. به‌لام دڵنیابن ئێوه‌ دۆراوی سه‌ره‌كین كه‌ نه‌تانتوانی ڕیگه‌یه‌كی تر بكرنه‌ به‌ر كه‌مه‌ترسی گه‌شانه‌وه‌ی ژیله‌مۆی ئاگری ژیر ئه‌و خۆله‌میشه‌ جاریكتر سه‌رهه‌نه‌داته‌وه‌ كه‌ هه‌وێنی گه‌لێك گۆرانكاری مه‌زنه‌.
نا ببورن ئێوه‌ برتانه‌وه‌ له‌ كاتیكدا كه‌ له‌رۆژی كیمیابارانی هه‌له‌بجه‌دا به‌زه‌بری چه‌ك له‌م شاره‌دا رووبه‌روومان بوونه‌وه‌و جه‌سته‌ی گه‌نجانی شارتان له‌خۆین هه‌لكێشاو كورده‌كانتان به‌ گوراستانی مۆمێنتی هه‌له‌بجه‌ زیادكرد. ئێوه‌ برتانه‌وه‌ له‌كاتێكدا كه‌زۆربه‌ی زۆری په‌رله‌مانتاره‌كانتان چه‌پله‌یان بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی یاساو ریساكانی به‌عس لێداو مافی خۆپیشاندنتان به‌جۆرێك شه‌ته‌كدا كه‌ئه‌گه‌ر پێوانه‌كه‌ ئه‌و یاساو ریسایه‌ی ئێوه‌ بێت ره‌نگه‌ “مه‌حال” بیت جاریكیتر شه‌قام خۆپیشاندان و ناره‌زایه‌تی به‌خۆیه‌وه‌ ببینێت. ئه‌گه‌ر زه‌بروزه‌نگش مامانی راپه‌رین بێت، وه‌ی به‌حالی به‌رگریكه‌رانی ئه‌م یاساو ڕێسایانه‌.

ریبوار عارف
rebwar.arif@hotmail.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.