
پاپی فاتیکان و کێشه‌کانی ئیسلام
عدنان کریم / سدنی
دیسه‌مبه‌ری 2010
کێشه زۆروزه‌به‌نده‌کانی ئاینی ئیسلام ده‌مێکه بوونه‌ته مایه‌ی مشت‌ومڕ و باسی گه‌رم له هه‌موو ناوه‌نده سیاسی و فکری و ئه‌کادیمی و ته‌نانه‌ت ئاینیه‌کانی جیهان و به‌تایبه‌تی جیهانی ڕۆژئاوادا. هه‌رچی جیهانی ئیسلامیه ئه‌وه که‌متر هه‌ڵوێسته له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته جهنجاڵئامێز و پڕ دهردهسهرانه ئه‌کات. ڕه‌نگ بێ هۆیه‌که‌ی بگه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و بنبه‌سته فکریه درێژخایه‌نه‌ی جیهانی ئیسلام تیا ئه‌ژی. ئاشکراشه که ده‌مێکه جیهانی ئیسلامی له‌کاروانی به‌رهه‌مهێنانی که‌له‌پووری فکری و مه‌عریفیدا شه‌له‌ل بووه.
تازه‌ترین بابه‌ت له‌و باره‌وه چه‌ند هه‌ڵوێسته‌یه‌کی پاپی فاتیکان جۆن بهنهدیکتۆسی شانزهههمه.
پاپ له زنجیره ووتارێکدا که له دووتوێی کتێبێک‌دا بڵاوکراوه‌ته‌وه به‌ناوی : (( تیشکی سه‌رزه‌وی : پاپا ، که‌نیسه و نیشانه‌کانی سه‌رده‌م )) تازه‌ترین هه‌ڵوێستی خۆی له‌مه‌ڕ ئیسلام و کێشه‌کانیه‌وه بڵاوکردۆته‌وه که جێی تێڕامانن.
له‌و پیاچونهوهیهدا که من له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته له‌به‌رده‌ستمدایه پاپ ئاوادهڵێت : (( پێویسته ئیسلام هه‌ڵوێستی خۆی له 2 بواردا ڕۆشن بکاته‌وه که بریتین له په‌یوه‌ندی ئیسلام و تووندوتیژی Violence و هه‌روه‌ها مه‌سه‌له‌ی مافی مرۆڤ له‌بواری گۆڕینی ئایندا که ئیسلامیه‌کان له گفتوگۆکانیاندا به زه‌حمه‌ت دانی پیا ئه‌نێن )).
بۆ ڕوونکردنه‌وه‌ی زیاتری قسه‌کانی پاپ ئه‌ڵێ : ((دیالۆگ له‌گه‌ڵ موسڵمانه‌کاندا پێویستی به‌وه‌یه له پێشدا یه‌کسان چاو له‌یه‌ک بکه‌ین )) ئه‌وه‌ش وا له ده‌سه‌ڵاتدارانی جیهانی ئیسلامی ئه‌خوازێت که : (( ئازادی بیروباوه‌ڕ و ویژدان بۆ هه‌مووان بچه‌سپێنرێت و زامن بکرێت . ئه‌بێ هه‌موو که‌س ئازاد بێت که بیروباوه‌ڕی خۆی به ئاشکرا ده‌ربڕێت به‌ڵام که‌س ناتوانێ ئه‌و ڕاستیه بشارێته‌وه که یاسای ئیسلامی له زۆربه‌ی وڵاتانی ئیسلامی‌دا ، وه‌ک سعودیه ، ڕێ به مه‌سیحیه‌کان نادات که ڕێ و ڕسمی ئاینی خۆیان پیاده بکه‌ن )).
له‌درێژه‌ی قسه‌کانیدا پاپ پێداگری ئه‌کا له‌سه‌ر پێویستی ڕیزگرتن له ئازادی دینداری به ئاشکرا یا به نهێنی و ئازادی ویژدان و خوازیاره که قووڵتر پشت ببه‌سترێت به تێگه‌یشتن له‌به‌هاکانی ڕێزگرتن له ژیان و یه‌کپارچه‌یی مافه‌کانی مرۆڤ وه‌کوو چاولێکردنی یه‌کسان له ژن و پیاو و ڕێزدانان بۆ که‌رامه‌تیان )).
من هیچ گومانێکم نیه له‌وه‌ی که ڕه‌گی فه‌لسه‌فی ئیسلام و مه‌سیحیه‌ت یه‌ک شته واته پایه‌کانی جیهان بینی مه‌سیحیه‌ت و ئیسلام یه‌ک شتن. گومانم له‌وه‌ش نیه که پاپ له‌ڕوانگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی که‌نیسه و مه‌سیحیه‌ته‌وه ڕه‌خنه له ئاینی ئیسلام ئه‌گرێت، به‌ڵام سه‌رباری ئه‌وانه جیاوازی ئیسلام و مه‌سیحیه‌ت و ڕۆڵێک که هه‌ریه‌که‌یان له بواری که‌لتوور و پانتایی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و فکری هاوچه‌رخدا ئه‌یگێرن به‌قه‌د ئاسمان وڕێسمانه.
دیسانه‌وه ئه‌بێ ئه‌وه‌شمان لا ڕوون بێت که ڕیشه‌ی ئه‌و جیاوازیانه چین : ئایا جیاوازین له ناوه‌ڕۆکی ئیسلام و مه‌سیحیه‌تدا ؟ من پێم وانیه جیاوازیه‌که ئه‌وه بێت به‌ڵکوو ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ چه‌ند شتری تر .
یه‌که‌م :ئاینی مه‌سیحی له زۆربه‌ی ووڵاتانی ڕۆژئاوادا ، له پرۆسه‌یه‌کی مێژوویی درێژی پڕ له ئاڵوگۆڕدا ، پاشه‌کشه‌ی گه‌وره‌ی به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه و ڕۆڵی زۆر به‌رته‌سک بۆته‌وه و له کونجێکی کۆمه‌ڵدا قه‌تیسی خواردوه ( گه‌رچی له 20 ساڵی ڕابووردوودا له‌وێش جۆرێک لهبووژانهوهی ئاینی له‌ئارادایه که جێی ئه‌م باسه نیه ) .
پرۆسه‌ی جیایی ئاین له ده‌وڵه‌ت ، به‌ئه‌ندازه و شێوه‌ی جۆراوجۆر، پرۆسه‌یه‌که زۆربه‌ی ووڵاتانی ڕۆژئاوا له 200-00 3 ساڵی ڕابووردوودا تێپه‌ڕیان کردووه.
به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌م پرۆسه‌یه له مێژووی جیهانی ئیسلامدا زۆر به‌ده‌گمه‌ن ده‌ستیشی درواوهتێ چ جای به‌سه‌ره‌نجام گه‌یشتبێت.
دووه‌م: مه‌سیحیه‌تی هاوچه‌رخ ئه‌سیری ده‌قه ووشکههڵاتوهکانی ناو ئه‌نجیل نیه، له‌کاتێکدا ئیسلام نه‌ک هه‌ر دیلی ده‌قه پیرۆزه‌کانه به‌ڵکوو له 1990 به‌دواوه پاکتاوی شوێنه‌واری ئه‌و تۆزه ڕیفۆرمانهش کرا که له دوای جه‌نگی جیهانی دووه‌مه‌وه هه‌ندێ ووڵاتی وه‌کوو میسر و سوریا و عێراقی گرته‌وه.
دیاره ده‌قی پیرۆزی ئاینی لای مه‌سیحیه‌تیش بایه‌خ و گرنگی خۆی هه‌یه به‌ڵام سه‌ره‌نجام ئه‌وه ته‌فسیره که دوا بڕیار ئه‌دات نه‌ک ده‌ق و زۆربه‌ی کاتیش میانڕه‌وی به‌رهه‌م دێنێت نه‌ک تووندڕه‌وی. واته ئه‌وه بارودۆخ و ئاستی پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵایه‌تی و ڕۆشنبیری کۆمه‌ڵگاکانی ڕۆژئاوایه که که‌نیسه ناچار ئه‌کا که نه‌توانێ به‌ده‌قی هه‌زاران ساڵه‌وه بێته مه‌یدانی دواندنی عه‌قڵی ئینسانی مۆدرین.
له کاتێکدا دووباره‌کردنه‌وه‌ی ده‌قی ئینجیل که‌نیسه ئه‌خاته ئیحراجێکی گه‌وره‌وه چونکه گوێگرێکی بۆ ناهێڵێته‌وه له ڕۆژئاوادا بۆیه مه‌قاماتی ئاینی کهنیسی ناچار ئه‌کات که له‌هه‌وڵدابن ته‌فسیرێکی مۆدرین بۆ ده‌ق بکه‌ن ، له جیهانی ئیسلامدا به پێچه‌وانه‌وه ته‌نانه‌ت مه‌قاماتی ئیسلامی میانڕه‌ویش له‌ژێر گوشاری ڕای گشتی خه‌ڵک وفه‌رهه‌نگی باو وبه‌هێزی ناو خه‌ڵکدان بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ ده‌قه‌کان یا بۆ تووندترین ته‌فسیر بۆ ده‌قه‌کان.
ئه‌و جیاوازیه بایه‌خی زۆری هه‌یه وسهرچاوی زۆربه‌ی جیاوازیه‌کانی ڕۆژئاوا و جیهانی ئیسلامن له‌م بواره‌دا.
سێیه‌م :بارودۆخی کۆمه‌ڵگای ڕۆژئاوا ڕێگه به مه‌سیحیه‌ت نادات ده‌ستوه‌رداته ژیانی خه‌ڵکه‌وه و ڕێکخستنی ئه‌و بواره مۆنۆپۆل کراوه بۆ یاسا وهزعیهکان له‌کاتێکدا هه‌مان بارودۆخی کۆمه‌ڵایه‌تیی ووڵاتانی ئیسلام نشین خۆی ده‌ستی ئیسلام و مه‌قاماتی ئاینی ڕائه‌کێشێت بۆ ده‌ستێوه‌ردان له ووردترین لایه‌نی ژیانی نه‌ک ته‌نها کۆمه‌ڵ به‌ڵکوو تاک تاکی ئینسانه‌کانیش. هه‌ر له‌جۆری قژداهێنانی ئینسانی هاوچه‌رخه‌وه تا شێوازی پێکه‌وه نوستنی نێرومێ ( دیاره ژن وپیاو !!) تا جۆری نانخواردن و سفرهڕازانهوه ، ئه‌وه چ جای ڕێکخستنی ڕایه‌ڵ و پۆی کۆمه‌ڵایه‌تی ، هه‌موویان نه‌ک مه‌یدانی ته‌راتێنکردنی ئیسلام و مه‌قاماتی ئاینین ، به‌ڵکوو مرۆڤی هاوچه‌رخی ئه‌و کۆمه‌ڵگایانه داوای فتوا و بڕیار له‌و مه‌رجه‌ع و مهقاماتانه ئه‌که‌ن.
له‌به‌رانبه‌ردا مه‌سیحیه‌ت به‌پێچه‌وانه‌وه زاتی ئه‌وه ناکات زیاد پێههڵبڕێت ئه‌گینا تووشی لێپرسینه‌وه‌ی تووند ئه‌بێته‌وه.
به‌ڵام له‌جیهانی ئیسلامی‌دا نه‌ک ئه‌و ڕۆڵه به ئیسلام ڕه‌وا بینراوه بگره زۆربه‌ی ڕژیمه ده‌سه‌ڵاتداره‌کانیش که پێکهاته‌یه‌کی ئیسلامیشیان نیه ، له سباقێکی که‌م وێنه‌دان بۆ ئیسلامیزه‌کردنی سه‌رخانی کۆمه‌ڵ و که‌لتووری ڕۆژانه‌ی خه‌ڵک.
هۆی ئه‌وه چیه ؟ جگه له‌وه‌ی که ئیسلام وڕهواجی که‌ڵچه‌ری ئیسلامی له ووڵاتانه‌دا خه‌ڵک دوورئه‌خه‌نه‌وه له بیرکردنه‌وه له گۆڕینی ڕژیمه ده‌سه‌ڵاتداره‌کان و گیانی داواکاری له‌ناویاندا ئهمرێنن و سه‌رقاڵیان ئه‌که‌ن به ڕێ و ڕه‌سمی ئیسلامی له بواری خه‌و و خواردن و شێوازی شه‌رعی جلوبه‌رگ و فه‌رهه‌نگی حه‌ڵاڵ و حه‌رام وته‌فسیری خه‌وو شتی بێبایه‌خی له‌وبابه‌تانه و به‌وه‌ش گه‌لێکی ده‌سته‌پاچه و چه‌ککراو له‌ڕووی سیاسیه‌وه به‌رهه‌م دێنن که له‌قازانجی ئه‌و ڕژیمانهیه، ئه‌و ڕژیمانه خۆشیان ئه‌زانن که ئیسلام چ کانگایه‌کی به‌هێز و سیحرێکی گه‌وره‌ی هه‌یه بۆ به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی ئه‌و بارودۆخه سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریه‌ی که به‌قازانجی نوخبه‌ی ده‌سه‌ڵاتداره.
ئه‌وه وای له سه‌دام حسین کردبوو که له شه‌ڕی کوه‌یت به‌دواوه ، به‌خوێندنه‌وه‌یه‌کی وردی میزاجی فه‌رهه‌نگی خه‌ڵکی عیێراق ، زۆرترین سوود له ئیسلام ببینێت و به‌ناوی ( الحملة الایمانیة ) ه‌وه سه‌رتاپای فه‌زای کۆمه‌ڵی عیراق ئیسلامیزه بکات و دیاره ئه‌و که‌مپه‌ینه که‌م سوودیش نه‌بوو بۆ مانه‌وه‌ی ڕژیمی ناوبراو.
له‌تورکیای هاوچه‌رخیشدا حیزبی داد و گه‌شه‌ی تورکیا به‌سه‌رۆکایه‌تی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان ، نه‌ک به‌شێوازی دیکتاتۆری به‌ڵکوو له‌ڕێێ ڕیفراندۆمێکی جه‌ماوه‌ریه‌وه ، شه‌رعیه‌تی ئه‌وه وه‌رئه‌گرێت که ئیسلام بکات به چه‌ترێک به‌سه‌ر سه‌ری 80 ملیۆن خه‌ڵکی ئه‌و ووڵاته‌وه که ناوبانگی بهوهدهرکردووه که گوایه قه‌ڵای ئیسلامی میانڕه‌وه.
به‌پێی گشت ئه‌وانه‌ی پێشوو ئه‌توانم به گه‌ڕانه‌وه بۆ تازه‌ترین هه‌ڵوێسته‌کانی پاپ جۆن بهنهدیکتۆسی شانزه‌هه‌م ، به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌وه بڵێم که وه‌ڵامی ئیسلام و مه‌رجه‌عه ئیسلامه‌کان هه‌ر له‌پێشه‌وه بۆ هه‌ردوو پرسیاره‌که‌ی چی ده‌بێت: ئه‌وان به پێداگرتن له‌سه‌ر ده‌قه پیرۆزه‌کانی ئاینی ئیسلام پێیان وایه نه‌ک هه‌ر ئیسلام ته‌نها نوێنه‌ر و بهرجهستهکهرهوه زه‌مانه‌تی هه‌موو ئازادیه‌کانه به‌ڵکوو ، له‌سایه‌ی ڕه‌واج و بووژانه‌وه‌یه‌کی ئیسلامی که جیهانی ئیسلام و له دڵی ئه‌وانیشدا جیهانی عه‌ره‌ب به‌خۆوه‌ی ده‌بینێت ، ئه‌بێ دوا قسه‌ش له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه هه‌ر هی ئیسلام بێت.