ژن كوژی نەریتی خەڵكی كوردستان نیە بەڵكو نەریتی ناسیونالیزم و ئیسلامی سیاسیە
سەردار عەبدوڵا حەمە
پاش ئەوەی ھەواڵی كوشتنی ‘ژیان”ی ٢١ ساڵە بە دەستی باوكە دڵڕەقە ٦٢ ساڵەكەی لە ووڵاتی سوێد بڵاو بوویەوە . بەشێك لە رۆژنامەو میدیاكانی ئەو ووڵاتە و تەنانەت بەشێك لە نوسەرانی كورد زمان لە ماڵپەرە كوردیەكاندا ھۆی دیاردەی ژن كوژیان گەڕاندەوە بۆ نەریت و كەڵتوری خەڵكی كوردستان . ڕاستیەكەی ئەمە نەك ھەر وانیە بەڵكو لە ھەمان كاتدا سڕینەوەی دەورو نەخشی دەسەڵاتدارانی ناسیونالیستی و ئیسلامی سیاسی و ئەم دوو رەوتە كۆمەڵایەتیەیە لە سەر كۆمەڵگای كوردستان. بەڵگەش بۆ ئەمە تا پێش بالادەستی ئەم دوو رەوتە بە سەر كۆمەڵگاوە ژن كوشتن لە ئارادا نەبوو گەرچی ئاستی نەخوێندەواری و ئاستی ھۆشیاریش نزم بووە و گەرچی كۆمەلگا ھێشتا لە ژێر چەپۆكی سیستەمی دەربەگایەتیش تەواو رزگاری نەبووبوو.
ئەوەی تا ئێستا زۆر بینراوە و بیستراوە لە ئەوروپا و جیھاندا زۆربەی ژن كوژەكان و قوربانیەیەكانی كوردزمان بوون ،بەڵام ئەمە ھێشتا ئەوە ناگەیەنێ كە ھۆی ئەم دیاردەیە نەریت و كەلتوری خەلكەكەیەتی . چەندین كەیسی تری لەو چەشنە بینراوە و بیستراوەلە خەلکی وولاتانی تری وەك ئێران و پاكستان و ئەفغانستان و سوماڵ و ووڵاتە عەرەبیەكان . بۆیە ئەمە ئەوە زیاتر دەسەلمێنێ كە ئیسلامی سیاسی و ناسیونالیزمی باڵا دەستی ئەم وڵاتانە كە چەندە نەخشیان ھەیە لە سەر بوونی ئەم دیاردەیە لەم ووڵاتانە.
لەم ڕۆژانەدا نەتەوەیەكگرتوەكان ئامارێكیان راگەیاند كە لە ھەر پێنج ژنێكی عێراقی ژنێك لە ژێر توندوتیژیدایە . مەبەست لەم توندو تیژیە كوشتن و لێدان و شەڕی نەفسی و نەبوونی سۆزو وە ھەروەھا دڵرەقیە لە بەرانبەر ژنان .
ئەم جۆرە ئامارانە سەرەرای ئەوەی تا چەندە راست و دەقیقن جاران تا پێش باڵادەستی ئەحزابی قەومی و دینی و میلییشیایی لە ئارادا نەبوون ، دیارە لە دەورانی حاكمیەتی بەعسیشدا ژنانێكی زۆر ھەر بە ئاشكرا لە لایەن دەوڵەتەوە كوژران بە ناوی حەملەی ئیمانیەوە ، بەڵام ئەم دیاردەیە لە پاش رووخانی بەعس و ھاتنی ئەمەریكاو سەپاندنی دەسەڵاتی تاقم ودەستە قەومی و دینیەكان بە سەر خەلكەوە زۆر لە جاران زیاتر بووەو واتە دیاردەی ژن كوشتن و توندوتیژی بەرانبەر ژنان لە ژێر دەسەڵاتی ئەم ھێزو تاقمە كۆنپەرستانەداڕوو لە سەر بووە . ئەمانە ھەموو بەڵگەن بۆ بوونی كاریگەری دەسەڵاتدارانی ئایینی و ناسیونالیستی بە سەر كۆمەڵگاوە.
لە كوردستان دا ،لەم رۆژانەدا ھەموو ھەواڵی ئازاد كردنی “ساڵە موەزلیمان ” بیست ، ئەم كەسە كە بە تاوانی كوشتنی دوو ژن لە كوردستاندا حوكم درابوو. لە بیرمە كاتی خۆی ژنی یەكەمی كوشت ئەم كەسە ئازادانە دەسورایەوە ژیانی خۆی دەكرد كاتێ ژنی دووەمی كوشت ، خەڵكی ئازادی خواز تەحەمولیان نەماو داوای دادگایی كردنی ئەم كەسەیان كرد ، لە ژێر فشاری خەلكدا ئەم كەسە دەسگیر كرا و حوكم دراو لەم رۆژاندا بە بریاری لێ بوردنی سەرۆكی ھەرێم لەگەڵ چەندین تاوانباری تر ئازاد كران. ئایا ئەمە ھۆ نیە بۆ زیاد بوونی كوشتنی ژنان و توندو تیژی لە سەر ژنان ؟ ئایا ئەمە ئەوە ناگەیەنێ كە ناسیونالیزمی كورد ھاندەرە بۆ زیاد بوونی ئەم دیاردەیە ؟ ئایا خەلكی نارەزایەتیان نیە لە سەر ئازاد كردنی ئەم كەسە ؟ ئایا ئەمە ئەوە ناگەیەنێ كە خەلكی كوردستان دژی ژن كوشتنن ؟وەڵامی ئەمانە ھەمووی بەڵێ یە ، ھەر تەنھا ئەمانە نموونە نین بۆ رۆڵی گرنگی ناسیونالیزم لە سەر زیاد بوونی دیاردەی ژن كوشتن و توندوتیژی لە سەر ژنان نموونە زۆرن لەوانە وەك بوونی یاسایەك بۆ فرە ژنی لە پەرلەمانی كوردستان ، بوونی یاسا لە سەر دەرنەچوونی ژنان لە یاساو نەریتی كوردەواری ، پێكەوە كاركردنی دەسەڵات و دین و جیا نەكردنەوەی دین لە دەوڵەت. ..ھتد .
رەوتی كوردایەتی و ئاینی ئیسلام سەرچاوەی سەرەكی چەوساندنەوەی ژنانن ، ژن لە لای ئەمانە زەعیفە و توانای بریاردانی نیە لە ھەموو شتیكدا دەبێ پیاو چ ئەگەر مێرد بێ یا باوك و براو مام وخاڵ بێ دەبێ باڵا دەست بن بە سەر ژیانیدا. ئەمە ھۆیە بۆ كوشتن و توندو تیژی دژی ژنان ،ئەگەر ھەر كەس ئیعترافەكەی باوكی “ژیان” ی ٢١ساڵەی بیستێ ئەم كاریگەریەی ئیسلام و ناسیونالیزم دەبێنێتەوە نموونەیەكی زیندووە بۆ واقیعی بوونی ئەم مەقولەیە بۆ نموونە كاتێ ئەڵێ : بۆیە ” ژیان” ی كچم كوشت چونكە ھیچ بە قسەی نەدەكردم بە رای خۆی دەجوڵایەوە. ھەر بۆیە تاوانبارانی كوشتنی ژنان پێش ئەوەی پیاوەكان بن ، ئیسلام و ناسیونالیزمە .
ئەو ووڵاتانەی كە ئیسلام و ناسیونالیزم باڵادەستن پێكەوە ،دیاردەی ژن كوشتن دیاردەیەكی بەرچاوە ، لەو ووڵاتانەش كە ئەم رەوتانەش باڵادەست نین ئەم دیاردەیە نیە یا ئەگەر ھەبێ تاوانباران و بكوژەكان لەو ووڵاتانەوە ھاتوون كە ئەم رەوتانەی تێدا حاكمە.
ئەگەرچی سەرمایەداری و سیستەمی چینایەتی سەرچاوەی سەرەكی ستەمە لە سەر ژنان بەڵام لە ھەر كۆمەڵەگەیەكدا ھێزی رادیكال و پێشكەوتوو خواز زۆرتر بێ لەوێدا مافی زیاتر بۆ ژنان بە دەست ھاتووە . لە وڵاتانێكی وەك چین و نەرویچ و سوێد ئەوروپاو كەنەداو ئەمەریكا و ئوسترالیا ژن كوشتن لە سەر ناموس لە لایەن باوك و مێردو براومام و خاڵەوە جێگای سەرسورمانەو وەك داستانەكانی دێو و دایناسۆڕ وایە.
خەڵكی كوردستانیش ھیچی كەمتر نیە لە خەلکی ئەم ووڵاتانە و خەڵكیكی سكولاریستە دژی كوشتن و توندو تیژی ژنانە ، قەلەشتی نێوان خەڵك و دەسەڵاتی ناسیونالیستی زۆر بە روونی دەبێنرێ لەم بارەوە . بۆ ئەم مەبەستەش چاو لە ھەڵوێست و نارەزایەتیەكانی خەڵك بكەن لە بەرانبەر كوشتنی ژنان و ئازاد كردنی بكوژانی ژنان و لە بەرانبەر دەخالەتی دین لە دەوڵەتدا و لە بەرانبەر یاسای فرە ژنی …ھتد ئەمە ئەوە نیشان دەدا كە خەڵكی كوردستان ھەڵگری نەریتی دژ بە ژن نین ئەوە ناسیونالیزم و ئیسلامی سیاسیە خاوەنی ئەسڵی ئەم دیاردە دژی ئینسانیەن.
رێگا بۆ دەرباز بوون ھەر ئەوەیە كە ژنان دەبێ خۆیان یەكگرتوو وە رێكخراو بكەن و جیا بن لەو دوو رەوتە ‘ناسیونالیزم ‘ و ” ئیسلامی سیاسی “و حیزب و تاقمەكانیان. وە ھەروەھا شان بەشانی ھێزە رادیكال و چەپ و كۆمۆنیست و ئازدیخوازەكان خوازیاری كۆمەڵگایەكی سكۆلاریست بن .
٢٨/١١/٢٠١٠