Skip to Content

Monday, September 16th, 2024
خودایه‌  ئه‌گه‌ر هاتی ته‌نیا وه‌ره‌

خودایه‌ ئه‌گه‌ر هاتی ته‌نیا وه‌ره‌

Closed
by December 8, 2010 ئەدەب

ئاوێزان نوری

خودایە..
رۆژی هەینی سەرێ بە لەماڵەکەم
ئەگەر هاتی بوخچەی قەدەرمت بیرنەچێ
تا بزانم چارەنوسم لە چ وەیشومێک پێچراوە
ئەگەر هاتی
کراسێکی تەفسیرم بۆ بکڕە
تا بیکەمە بەر خەونەکانی تەنیاییم
ئەگەر هاتی
قاوەیەک دەخۆینەوە و..
جا پێم بڵێ بەر نەفرەتی چی قەرەجێک کەوتوم
ئەگەر هاتی نوقڵێک بخەرە گیرفانی هەورەوە
تا بە شوێنت نەگریێ
سەڵاوێک لە (ئاو) بکە تا مان لە شۆڕبوونەوە
نەگرێ
ئامۆژگارییەکی (با) بکە
تا لە پشت پەنجەرە و دەرگا گوێ بۆ قسەکانمان هەڵنەخا
دەسێک بەسەری (خۆر)دا بێنە
تا شار پڕ بکات لە ئاسۆ
ئاوڕێک لە مانگ بدەوە
تا تریفە بڕژێنێتە نێو کوچە و شەقامەکان
خودایە
ئەگەر هاتی تەنیا وەرە و..
بەر لەوەی بێیت
تەماشای ئەدای نوێژەکانم بکە
خۆ من بە دەستنوێژی یەقینەوە
لەسەر بەرماڵی وجود سوژدەم بۆ بردی
ئاوڕێک لە وێردەکانم بدەرەوە
کە هێندەی ئاسمان باڵایان کردووە
پۆستەکە بکەرەوە و نامەکانم بخوێنەوە
ئەو زەرفانەی رەنگیان سورە حەرفەکانی (بۆمب)ی تیا شیتەڵ کراوەتەوە
حیکمەتی چەندین مێشکی پژاوی تیایە و..
دەست و قاچی قەدەری تیا پەڕیوە
ئەو زەرفانەی رەنگیان رەشە
بە چەند فاتحایەک مۆرکراوە و..
وێردی من و ئەوانی لەسەر خوێنراوە
خودایە ئەم هەینیە وەرە و
وەڵامی ئەو نامانەشم بە خەوێک بۆ بنێرە
منیش
 روخسەت لە پایز وەردەگرم و  
بۆ پێشوازیت لە بری گەڵا دەکەومە هەلەکەسەما
لە یاداشتنامەکەشمدا بۆ مێژوو دەنوسم
ئەمڕۆی هەینی کاتژمێر (تەریقەت و خولەکێک ئاوڕدانەوە)
خودا لەکاتی پشوی خۆی بە جانتایەک حیکمەت و..
بڕێک ئاشتی و..
ئاشکرا کردنی نهێنیەکانی (بوون)
سەری دا لە ماڵەکەم.

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.