
ئایا وێنه‌ی راسته‌قینه‌ی مرۆڤ بوونی هه‌یه؟
ئایا وێنه‌ی راسته‌قینه‌ی مرۆڤ بوونی هه‌یه؟
خوێندنه‌وه‌ی رۆمانی (فه‌هره‌ست)ی عه‌تا محه‌مه‌د
ئارام سدیق
یه‌كێك له خاڵه تایبه‌تمه‌نده‌كانی ئه‌زموونی عه‌تا محه‌مه‌د، ئهزموونكردنو به‌كاربردنی شێوازی جۆراوجۆر‌و نوێی گێڕانه‌وه‌یه. به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌م نووسه‌ره به‌رده‌وام ده‌یه‌وێت رێگه‌ی نوێ بۆ گێڕانهوهكانیو چوونه نێو چیرۆك بدۆزێته‌وه، كه ئه‌مانه‌ش له‌لایه‌كه‌وه خزمه‌ت به رووه ئیستاتیكییه‌كه‌ی گێڕانه‌وه ده‌كه‌ن، له‌لایه‌كی تریشه‌وه ئه‌وه ده‌سه‌لمێنن، كه عه‌تا به ئاگاییه‌وه هه‌نگاوه‌كانی دهنێتو شوێن هه‌نگاوی چیرۆكنووسانی به‌ر له خۆی، یان هاوسه‌رده‌مه‌كانی نه‌كه‌وتووه، به‌ڵكو ده‌یه‌وێت له‌نێو ئه‌و فه‌زایه‌دا به رێگای خۆیدا بڕوات.
دیاره گرنگترین خاڵێك لای عه‌تا ئه‌وه‌یه كه به‌شێكی زۆر، یان ره‌نگه زیاده‌ڕه‌وی نه‌بێت بڵێین ته‌واوی ئه‌و رێگا‌و شێوازانه‌ی ئه‌م نووسه‌ره له گێڕانه‌وه‌دا به‌كاریبردووه، رێگای سهرنجڕاكێشو ئه‌زموونی سه‌ركه‌وتوون، له دنیای ئه‌ده‌بیشدا چه‌ند گرنگه نووسه‌ر رێگای نوێ بدۆزیته‌وه، ئه‌وه‌نده‌ش گرنگه ئه‌و رێگا نوێیه رێگایه‌كی شیاو بێ‌و بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی خوێنه‌ر هه‌ڵنه‌خه‌ڵه‌تێنێت، یان رێگاكه، تۆكمه‌یی له خۆیدا هه‌ڵگرتبێت و نه‌مری بۆ تێكسته‌كه به‌رجه‌سته بكات………