Skip to Content

Tuesday, May 28th, 2024
خوێندکاران ( لەندەن) یان سوتاند بۆ کۆمەڵگەیەکی تر

خوێندکاران ( لەندەن) یان سوتاند بۆ کۆمەڵگەیەکی تر

Closed
by December 16, 2010 تایبەت

په‌یامنێری ده‌نگه‌کان
له‌نده‌ن

• لەندەن گڕی تێبەربوو، خۆپیشاندان لە 11 ی بەیانیەوە هەتاوەکو 1ی شەو بەردەوام بوو.
• خوێندکاران پەرلەمان و بینای وەزارەتی ئابوریان دەورەدا و پەنجەرە و دەرگاکانیان تێکشکاند و لە چواردەوری ئاگریان کردەوە.
• ماشێنی رۆلس رایزەکەی  شازادە چارلس و کەمیلای ژنی کە بە ڕێکەوت دەرکەوتنبوون ، کەوتە بەر بەرد و بۆیە و تفی خۆپیشاندەران.
• گەورەترین پێکدادانی نێوان خوێندکاران و هیزەکانی پۆلیس بوو لە ماوەی 40 ساڵی ڕابردودا.
پێنجشەمە پێشوو ، پەرلەمانی بەریتانیا بڕیاری زیادکردنی بڕی کرێی زانکۆ و پەیامنگاکانیان  بە کۆی دەنگ خستە جێبەجێکردنەوە، بە سەدان هەزار لە خوێندکارانی قوتابخانە و پەیمانگە و زانکۆکان ڕژانە سەر شەقامەکانی لەندەن بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتیەکانیان، کە پێکدادانێکی زێدە درێژخایەنی لێکەوتەوە و حکومەت و دام و دەزگاکانی ئەم وڵاتەی شۆک کرد.
خۆپیشاندانەکان لەلایەن یەکێتیەکانی خوێندکاران و بەگشتی لەلایەن رێکخراوە خوێندکارییەکانی باڵی چەپەوە رێکخرابوون، کە لە سۆسیالیستە شۆڕشگێر و خوێندکارە ئەنارکیستەکان پێکهاتبوون. سەرەتا خۆپیشاندانەکە بە ڕێپێوانی ئاشتیانە و بە هێمنانە دەستییان پێکرد و ، بەشێوەیەکی ئاسایی ئاراستەی وەرگرت بەرەو بینای پەرلەمان، بەڵام لەگەڵ رێکردنی  خوێندکاران بۆ بەردەم پەرلەمان ،  ئەو هەواڵە گەیشت کە یاساکە بە زۆرینەی 21 دەنگ بڕیاری جێبەجێکردنی دەرچووە، ئیدی خوێندکاران دەوری پەرلەمانیان گرتوو کەوتنە پێکدادان لەگەڵ هێزەکانی پۆلیس.
پێکدادانەکان لە کاتژمێر 1 ی دوا نیوەرڕۆ دەستیان پێکرد و لەگەڵ هەواڵی یەکەمین پێکدادان، خوێندکاران لە ناوچەکانی تری لەندەن و لە شار و شارۆچکەکانی تریش کەوتنە پێکدادان و پەلاماردانی دام و دەزگاکانی دەوڵەت، دواتر پێکدادانەکان لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە شێوەیەکی ئێجگار توندوتیژیان بەخۆیانەوە بینی وخوێندکارانیش لە بەرەی بەرگریدا بە هەرچییەک کە بەدەستیانەوە دەهات کەوتنە بەرگریکردنی توندوتیژانە.
بە دڵنیاییەوە  بریارەکەی پەرلەمان لێوان لێوە لە نایەکسانی، لە کاتێکدا تەماشای رێژەی دەنگدانی ئەندام پەرلەمانەکان دەکەین ئەمە بە ئاشکرا دەردەکەوێت. پارەی ساڵانەی هەر کۆرسێک لە زانکۆکان دەبێتە 9.000 پاوەند، ئەمە وا لە سیستەمی خوێندنی بەریتانیا دەکات کە ببێتە گرانترین سیستەم لە هەموو دنیادا، تەنانەت گرانتر لە سیستەمی خوێندنی باڵا لە ئەمریکا. هەروەها ئەو چەند ملیۆن خوێندکارەی کە لە خێزانە هەژارەکانن و لە پەیمانگاکان موچەی هەفتانەی 30 پاوەندیان پێدەدرێت ، ئەو موچەیەیان بە تەواوەتی نامێنیت ، کە مانای وایە ئەو خویندکارانە نەک ناتوانن بچنە زانکۆ، بەڵکو لە ڕووی ئابووریەوە تەنانەت ناتوانن بچنە پەیمانگاکانیش لە دوای تەواوکردنی خوێندنی دواناوەندی لە قوتابخانە.
سەرباری ئەمانە، لە %40 ی بودجەی خوێندن بۆ خوێندنی باڵا لە بەشەکانی زانستە هونەری و زانستە مرۆیەکان بە یەکجاری دەبردرێت، کە مانای وایە ئەو زانکۆیانەی کە تەنها بەشی زانستە مرۆیی و هونەریەکانیان هەیە، یان دەبێت زانکۆکانیان  دابخەن یاخود دەبێت ئەو بڕە پارەیەش کە بریاری لەسەردراوە دوجاران زیاد بکەن هەتاوەکو زانکۆکانیان دانەخەن. ئەو زانکۆیانەش لە وانەی تر زۆر زیاتر خوێندکارەکانیان لە خێزانە هەژارەکانن. ئەوەی شایەنی باسە سەرباری خوێندکاران و مامۆستا و فەرمانبەرانی زانکۆکان، توێژەرە سەربەخۆ سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی ئەم وڵاتە تێکرا ئەم بڕیارەی حکومەتیان بە “جەنگی چینایەتی و هێرشی ئایدۆلۆژی چینی فەرفانڕەوا بۆ سەر هەژاران” پێناسە کردووە.

داکیرکاریەکانی زانکۆکان و ئامانجەکانیان
ئەم خۆپیشاندانە دیارە لە دوای زنجیرەیەک خۆپیشاندانی ناوچەیی و نیشتمانییەوە بەرپابوون. وەک لە راپۆرتی پیشوومان روونمان کردەوە، زۆربەی زانکۆکانی بەریتانیا داگیر کرابوون چەند زانکۆیەکی ناوچەیی نەبێت کە داگیرکاری سومبولیان بەرێوە برد، بەڵام بە چەند رۆژێک بەر لەم خۆپیشاندانە، زۆرینەی زانکۆکان داگیرکاری بەردەوامیان خستە جێبەجێکردنەوە،  خوێندکارانی ئوکسفۆرد تەنانەت شارەوانییشیان داگیرکرد، دیاردەیەک کە تەنانەت کۆمێنتارەکانی حکومەت بە ” بە پراکتیکردنی کۆمەڵگەیەکی تر لە ناو کۆمەڵگەدا” دەیشوبهێنن.
وەک ئاماژەمان دا کە تێكرای یەکێتیە کرێکریەکان کۆکن لە سەر بەرگری، بۆیە هەمووان پێکەوە لە بەرەیەکی یەکگرتوودان. داگیرکاریەکان بەم شێوەیەن، خوێندکاران هۆڵەکانی وانە و ئۆفیسی بەرێوبەرەکان داگیر دەکەن، کلیلەکانی ئەم هۆڵانە لەگەڵ نەخشەی زانکۆکان لەلایەن یەکێتی ستافەکانی چاودێر و مامۆستاکانەوە وەدەست خوێندکاران دەکەون، و لەگەڵ داگیرکاریشدا بەڕێوەبردنی زانکۆکان دەکەوێتە سەر دەستی خوێندکارانەوە. میدیاکانی باڵی ڕاست داگیرکاریەکانیان بە “فیتی نەوەیەکی شێتی سۆسیالسیت” لە قەڵەم داوە، بەڵام ئەوەی کە من بە چاوی خۆم بینیومە ئەوەیە کە ئامانجی سەرەکییان بەڕێوەبردن و پراکتیکردنی کۆمەڵگەیەکی ترە بەبێ بەرێوەبەران، کە لە ڕاستیشدا کار دەکەن. بۆ نموونە چونکە یەکێتیە کرێکاریەکان یەکن، بەیانیان ئەو ژنە کرێکارانەی کە لە کاتژمێر 6 ی بەیانیەوە دەست بە پاککردنەوەی هۆڵەکان دەکەن، بۆ یەکمجار لە ژیانیاندا پشوویەکی درێژ دەدەن  چونکە خوێندکاران کەلوپەلەکانیان لێ دەستێنن و خۆیان هۆل و داڵانەکان پاکژ دەکەنەوە و خوانی بەیانیش ئامادە دەکەن، تەنانەت دەستەواژەکانیش گۆڕدراون لە داگیرکارییەوە کەس بەو ژنانە ناڵێت پاککەرەوەکان بەڵکو هەموان بە خوشک و برا بانگیان دەکەن، پاشان لە کاتی نانخواردنی نیوەڕۆدا ستافی چێشتخانەی زانکۆ و  کافیتریاکە و ئەوانەی کە ئەندامی یەکێتیە کرێکاریەکەیانن، خواردن بۆ خوێدنکارەکان ئامادە دەکەن و لەگەڵ هاتنی خواردنەکاندا بە چەپڵە رێزان و وتافە پڕ خرۆشەکانیان پێشوازیان لێ دەکەن، پاشان خوێندکارەکان کەلوپەلەکان دەشۆن ، لێرەدا باسی چەند سەد خوێندکارێک ناکەین، بەڵکو هەزاران، تەنها زانکۆی لیدس لە باکورۆ رۆژئاوای ئینگلتەرە کە زانکۆیەکی گچکۆکەیە لە چاو کەیمبریج و ئوکسفۆرددا، 6000 هەزار خوێندکار داگیریان کردووە. کەشو هەوایەکی تەواو سیاسی زانکۆکانی داپۆشیوە، لە زۆربەی زانکۆکان یەکێتی خوێندکارانی باڵی لیبرال و تەنانەت سۆسیال دیموکراتەکانیش هەڵوەشێندراونەتەوە و خوێندکاران یەکێتی خوێندکارانی سەربەخۆی خۆیان لە ژێر ناوەکانی خوێندکارانی سۆسیالیست، ئانارکیست یان دیموکراتخوازە شۆڕشگێرەکان پێكهێناوە. ئەوەی کە بەدی دەکرێت نەوەیەکە کە قەیرانی لێنەبڕاوەی سەرمایە پاڵی پێوە ناوە هەتاوەکو لە چوارچێوەی زانکۆکەیدا کۆمەڵگەیەک پراکتیک بکات کە ئەڵتەرناتیڤی سەرمایەدارییە.

میدیای ئەڵتەرناتیڤ
تێکڕای خۆپیشاندانەکان بەشێوەیەکی ئێجگار نێگەتیڤ لە میدیاکاندا وێنا کراون. وێنەی خوێندکارێك کە شەق لە پەنجەرەی بینای پارتی پارێزگاران دەدات لە خۆپیشاندانی یەکەمین لە ،11.11.2010 لەلایەن هەموو میدیاکانەوە کرایە وێنەی لاپەرەی یەکەم، هەرەوەها میدیاکانی پەخشیش زومی تەواوی کامێراکانیان لە سەر دەموچاوی خۆپیشاندەران  پەخش کرد. ئەو 63 خوێندکارەی کە لە یەکەمین خۆپیشانداندا دەستگیر کران، لە رێی وێنە و ڤیدیۆی میدیاکانەوە ناسرابوونەوە، بە واتایەکی تر دەکرێت بڵێین  کە میدیای باو وەک بریکاری پۆلیس و دەوڵەت کارەکانیان ڕاپەراند  لە بری ئەوەی هەواڵەکان وەک خۆی بگوێزنەوە. هەروەها لە کاتێکدا تەماشای ئەم خۆپیشاندانەی پێنجشەمەی رابردوو دەکەین، دەبینین هەموو میدیاکان لە چاپەمەنیەکانیەوە هەتاوەکو ماڵپەرە ئەلکترۆنی و تەلەفزیۆنیەکان تەنها هەواڵی لێدانی ئوتومۆبیلەکەی شازادەیان گەورەکرد و لاپەرەکانی یەکەمینیان پێ پڕ کردنەوە، پاساوێک بۆ گۆڕ بە گۆڕکردنی هەواڵەکە و ئەو پێکدادانە توندوتیژانەی لە نێوان خوێندکاران و پۆلیس و چاودێرانی دەزگاکانی ئاسایش روویاندا، ئاخر خوێندکاران لە 11 ی بەیانیەوە هەتاوەکو 1 ی شەو لە سەر ئەو شەقامانە بوون بەبێ خواردن بەبێ ئاو بەبێ هیچ پێداویستیەکی سەرەتایی، بەڵام هیچ لە میدیا سەرەکییەکان خوازیاری ئەوە نەبوون کە هەواڵەکان بگوازنەوە، سەرباری ئەمە هەنووکە نزیکەی 250 بۆ 300 خوێندکار دەستگیر کراون و 20 خوێنکدرایش وێنەکانیان لە روپەری رۆژنامە و گۆرەکانی میدیای باودا بڵاو بونەتەوە بۆ ئەوەی یان خۆیان تەسلیم بکەن یان خەڵکی زانیاریان لەسەر بدەن هەتاوەکو دەستگیر بکرێن، داگیرکاریەکانی زانکۆکان بەردەوامن و ئازادی بۆ گیراوەکانیش بۆتە داوای یەکەمی هەموو داگیرکاریەکان.
جێگای سەرنجە کە  ئەم کەمپینە پڕ کینەیەی میدیای باو کە بۆتە بریکاری دەسەڵات، لایەنپاڵی بە خوێندکارانەوە ناوە هەتاوەکو بە یارمەتی چاپەمەنی یەکێتیە کرێکاریەکان رۆژنامە و بڵاوکراوەی خۆیان چاپ بکەن. رۆژنامەی شٶڕش، گۆڤاری خوێندکارانی سۆسیالیست، گۆڤاری داگیرکاری ، لەگەڵ رۆژنامەی خوێندکار کرێکار، هەموویان لەلایەن خوێندکاران خۆیانەوە بەرهەمهێنراون، ئەم رۆژنامانە لە سەر خۆپیشاندان و کۆبونەوە و سیمینارەکانی ناوخۆ و دەرەوەی داگیرکاریەکان بە بێبەرامبەر دەدرێنە خوێنەران، بەڵام هەر کەسەوە لە گیرفانی خۆی بڕێک هاوکاری دەبەخشێت، ئەوەی چێگای خۆشحاڵیە بکە خەڵك و رای گشتی هاوخەمی و هاوسۆزییەکی تەواوایان بۆ دەردەبرن ، گۆڤا ر و رۆژنامەکان بە خۆشحاڵی دەم بە پێکەنین و وتافی پاڵپشتی لێیان وەردەگیردرێت لە ماوەی چەند خولەکێکدا رۆژنامەکان لە وێزتگەی شەمەندەنەفر و پاسەکان لە خوێندکاران وەردەگیردرێن و پاکەتی یارمەتیدانی دەستیان لەلایەن خەڵکەوە پڕ دەکرێت لە یارمەتی مادی بۆ خەباتەکەیان.  

رووی ڕاستەقینەی لیبڕالیزم و پوچی ئەوان بۆ رزگاری سەرمایە
ئەم هێرشانە تەنها بۆ سەر کەرتەکانی خوێندن نین لەم وڵاتە، بودجەی کەرتە گشتییەکان بڕیارە بە تەواوەتی ببردرێن، بودجەی شارەوانییەکان بڕیارە ببردرێن، هەر پارچە زەویەک یان هەر پێگەیەک کە بچوکترین کەرتی گشتی تیایدا بەکار بێت، بڕیارە بەتەواوەتی لەناو ببرێت.
بەپێی ئەو بڕیارانەی کە حکومەت پێشنیاری کردوون و بریرای زیادکردنی کرێش کە یەکەمینیانە چووە جێبەجێکردنەوە، نزیکەی یەک ملیۆن و نیو فەرمانبەر لە کار دەخرێن لە کەرتە گشتییەکاندا، ئەمە سەرباری ئەو ئەکادیمی و پرۆفیسۆر و مامۆستایانەی کە لە زاکۆکاندا وانە دەڵێنەوە.  لە کاتی پرۆسەی هەڵبژاردندا، پارتی لیبراڵ مژدەی ئەوەی بە گوێی خەڵکی بەریتانیا دەدا، کە دەستکاری خوێندن و کەرتە گشتییەکان ناکات، هەر ئەو گفتانەش بوون کە وایان کرد خەڵکی دەنگیان پێبدەن بەڵام وا ئێستا دژی هەموو پرەنسیبەکانیانی خۆیان بڕیارەکان دەخەنە جێبەجێکردنەوە، کردەیەکی سیاسی کە تێكڕای پرەنسیبەکانی لیبرالیزمی خۆرئاوا دەخاتە ژێر پرسیارەوە، چونکە ئەمە یەکەمین جارە لە مێژووی دیموکراسی بەریتانیدا ، لە دامەزنراندنیانەوە لە ساڵی  ەوە1988، نوێ- لیبرالەکان  هێزێکی وا گەورەیان هەبێت لە پەرلەماندا و ببنە بەشێک لە حکومەتی یەکگرتوو.  بە پێی ئاماری ئەو راپرسیانەی کە لە رۆژنامەکاندا کراون، پارتی لیبراڵ- دیموکرات هەنوکە تەنها 12% ی پاڵپشتی خەڵکی لێدەکرێت ، رێژەیەک کە زۆر زۆر کەمترە لەو رێژانەی پێشتر هەیان بوو پێش ئەوەی تەنانەت لە شارەوانیەکانیشدا پاڵپشتی سیاسییان هەبێت.
ئەوەی کە لە بەریتانیا روودەدات ئەمرۆ گەروەترین هێرشی ئایدۆلۆژی چینی فەرمانڕەوایە. لە ساڵی 2008 دوای داروخانی بانکەکان، لە بری ئەوەی بانکەکان تێکڕا خۆماڵی بکرێنەوە، حکومەت بە پارەی باجی خەڵك بانکەکانی رزگار کرد و ئێستاش لە ڕێگای ئەم هێرشانەوە دەیەوێت خەڵك ئەو باجە ئابوریە بدات. بە خەڵكی دەڵێن کە هەمووان لەم قەیرانەداین پێکەوە، لە بەرامبەریشدا ئەو لە %1 ی دانیشتوان کە کۆنترۆڵی تەواوی سەرمایەی ئەم وڵاتە دەکەن، 500 ملیۆن قازانج دەکەن ساڵانە، لە کاتێکدا ئەوان بەرپرسیارن لە داڕوخانی سیستەمەکە و ئەم قەیرانە ئابوریەی ئەم وڵاتە تێیکەوتووە ئەمڕۆ، ئەمە لایەنێکە کە تەنها ئیفلاسی نوێ – لیبرالیزم نیشاندەدات لە هەمبەر یەکسانی کۆمەڵایەتی و پاشگەزبوونەوەیە لە پرەنسیبەکانیان لە پێناو ڕزگارکردنی سیستەمێک کە ئەم قەیرانەی خوڵقاندووە و لیبڕالیزم و سیاسەتە پوچەکانیشیان بەشێکی لێنەبڕاوەن لێی.

ئەوەی کە  ئەم نارەزایەتی و خۆپیشاندان و داگیرکاریانە نیشانی دەدەن، ئەوەیە کە نەوەی نوێی هەژاران و زەحمەتکێشان چیدی لە وازی  سیاسەتی فەرمانرەوا رازی نین و هەستکردن بە نایەکسانی و هێرشی چینیاتیش بۆ سەریان گڕو تینی زیاتریان پێبەخشیون بۆ پراکتیککردنی کۆمەڵگیەک لە خۆیان بە هێزی خۆیان بەبێ بەڕێوەبەران.  تێکشکاندنی بتەکانی چواردەوری پەرلەمان و ئاگر بەردانە پەیکەری ئیمپریال فاشیستەکانی وەک وینستۆن چەرچلیش ، سەرەتای ئەو هۆشیارە وەردەدەخەن ، کە نەوەی نوێ لە بەرڕیتانیا پیرۆزی و مێژووی نووسراوی چینی فەرمانرەوا بە مێژووی خۆیان نازانن و لە هەنگاونانی سەرەتادان بۆ بنیاتنانی مێژووی راستەقینەی خۆیان، مێژووی راستەقینەی مرۆڤایەتی.

چەند ڤیدیۆیەک لە زنجیرە خۆپیشاندانەکان 

http://www.youtube.com/watch?v=M653oPDc_nY&feature=related
http://www.youtube.com/watch?v=pE3IEKWu4rA&feature=related
http://www.youtube.com/watch?v=DeBDrEXWwog
http://www.youtube.com/watch?v=bnO0pye54xA&feature=fvst
http://www.youtube.com/watch?v=1i_Hor3bN1s&feature=related
http://www.youtube.com/watch?v=KUzKh5bX0tg&feature=related

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.