Skip to Content

Saturday, December 14th, 2024
جەرگم بۆ کوردان ژان دەکات !…صافيناز كاظم

جەرگم بۆ کوردان ژان دەکات !…صافيناز كاظم

Closed
by March 4, 2008 گشتی

و: محەمەدى مشیر….
ئەم دوژمنکارییەى تورکیا بۆ سەر کوردان کە ناوى دەنێن (( ئۆپەراسیۆنى لەشکرکێشى سوپاى تورکیا بۆ باکوورى عێراق)) تاوانێکى بێ پاساوە – ئەگەر پاساو بۆ تاوان هەبێت –  جەنابى سەرۆک وەزیرانى تورکیا باس لە چ مافێکى رەوا دەکات؟ ئەم قسە شێواوە چییە دەیکات کاتێ دەڵێ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانى جگە لە راوەدوونانى جەنگاوەرانى پارتى کرێکارانى کوردستان هیچ مەرامێکى دیکەیان نییە؟
تەماشاى ئەو وەڵامدانەوە سەیرەى حکومەتى عێراق بکەن کە پێى وایە ئەم کوشتوبڕە تەنها ((هەڕەشە لە پەیوەندیان لە گەڵ تورکیا دەکات)). ئەفەندم سنوورى عێراق دەبەزێنن و کوردەکان لە سەر خاکى خۆیاندا دەکوژن، ئەوان لە پەناى پارێزگارى ئێوەدا دەژین و ئەمەش تەنها بە هەڕەشەیەک دەزانن بۆ سەر پەیوەندیتان لە گەڵ تورکیادا؟
ئاى لەو سەبرگرتنەى کەمال کەرکوکى جێگرى سەرۆکى پەرلەمان لە هەرێمى کوردستان کاتێ هەڵوێستى حکومەتى عێراق بەرامبەر (( رووداوەکان)) تەنها بەوە وەسف دەکات کە ((سست))بووە!
من بە درێژایى ژیانم لەو ستەمە تێنەگەیشتم کە دەرهەق بە کوردان ئەنجامدەدرێت، لەم پارچەبوونە تێنەگەیشتم: کوردانى تورکیا، کوردانى ئێران ، کوردانى سوریا، کوردانى عێراق، ئەمە ماناى چییە و بۆچى؟ کاتێک دەوڵەتێک هەبوو موسڵمانانى لە ژێر ئاڵاى خیلافەتێک یا ئیمپراتۆرییەتێک یان شتى دیکە کۆدەکردەوە سنوورى نێوان ئەو وڵاتانە کراوەبوو، ئەمە لە سەردەم و کاتى خۆیدا بە هەموو کێشەکانییەوە شتێکى پەسندکراوبوو تا ئەوکاتەى سنوورەکان دەستنیشانکران و دەنگى نەتەوەکان بەرزبۆوە، ئەمە تورکە و ئەمە عەرەبە و ئەمە فارسە، باشە چۆن دەوڵەتی هەر یەک لەو نەتەوانە سنوورەکەى خۆى بەرفراوانتر کرد تاکو خاکى کوردان داگیربکەن و بکەنە هى خۆیان، بەمەش راناوەستاون بەڵکو دەکوژن و وێران دەکەن و سەرکوتدەکەن و دەڵێن ((لە دژى یاخیبووە جوداخوازەکان داکۆکى لە خۆمان دەکەین))!
خاکى کوردان یەکەیەکى بە یەکەوەچەسپاوە و گەلێکى لە سەر دەژى کە دەزانین دێرین و رەسەنە و ریشەى مێژوویى و کەڵچەر و زمان و ئایین و مەزهەبى خۆى هەیە و مافى خۆیەتى بڵێ نە تورکم و نە عەرەبم و نە فارسم، بەڵکو من کوردم!
کەواتە بە چ یاسایەک کورد بە جوداخواز تۆمەتباردەکرێت کاتێک هەوڵدەدات بە هەردوو شێوازى ئاشتیانە و بەرهەڵستکارى خاکى خۆى رزگاربکات و کەسانى بەزۆر پەرتەوازەکراوى خۆى لە سنوورى ئیدارەى چوار دەوڵەتى هاوسێ ، کە لە نێو خۆیاندا رێککەوتوون ئەم ستەمە ئاشکرایە لە گەلى ((کوردستان)) بکەن ، کۆبکاتەوە؟ ئایا هیچ ئایینێک لە گەڵ کورداندا کۆتان ناکاتەوە؟ ئایا هاوسێ نین؟ چۆن دەبێ مافى ئەوەتان هەبێت ئاڵاى شانازى و سەربەخۆیى خۆتان بەرزبکەنەوەو ئەوانیش ئەو مافەیان نەبێت؟
ببارە ئەى بەفر ببارە و رێبگرە لەو هێرشە ناپیرۆزە، چونکە تۆ فریادڕەسی خوداى بۆ ئەو گەلە ماف زەوتکراوە!

• خوێنەرى بەڕێز(قلبی مع الاکراد) ناونیشانى عەرەبى وتارەکەیە بەڵام لە ناوەڕۆکى وتارەکەدا هەست دەکەیت ئەو ژنە نووسەرە هەست بەرزە بە شێوەیەک هاودەنگى خۆى بۆ مافى کوردان رادەگەیەنێت کە مرۆ واهەست دەکات بۆکڕووز لە جەرگەوە دێ بۆیە ناونیشانەکەم دەقاندەق نەکردەکوردى.
• ێافیناز محمد کاڤم اێفهانى: نووسەرێکى میسرییە، لە ساڵی 1937 لە ئەسکەندەرییە لە دایکبووە، لە ساڵی 1959 لیسانسی لە بەشی رۆژنامەگەری لە زانکۆی قاهیرە بەدەستهێناوە، لە ساڵی 1966 ماستەری لە رەخنەی شانۆیی لە زانکۆى نیویۆرک بەدەستهێناوە، 11 کتێبى لە بوارى رەخنەى شانۆیى و سیاسەت و رۆشنبیرى و… هەیە، لەوەتەى 1976 ەوە بە شێوەیەکى رێکوپێک لە گۆڤارى مانگانەى(هیلال) دەنووسێ و هەفتانەش لە گۆڤارى ئەهرام دەنووسێ، لە ساڵى 1975 – 1980 وانەبێژى درامابووە لە کۆلێژى ئادابى زانکۆى مستنێریە ى عێراق .
• سەرچاوە marafea.org .

 

 

Previous
Next